بیلاڕووسیا؛ دەرگه‌یەک بۆ سنووردارکردنی ڕووسیا

پێشەکی:
کۆماری بیلاڕووسیا دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە؛ لە باکووری ڕۆژهەڵات هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیادا، لە باشوورەوە لەگەڵ ئۆکراینا، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ پۆڵەندا، لە باکووری ڕۆژاوایش لەگەڵ لیتوانیا و لاتیڤیا. مینسک پایتەختەکەیەتی و ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە نزیکەی ٩ ملیۆن و نیو دەبێت و، بیلاڕووسی و ڕووسی، زمانی فەرمیی وڵاتەکەن. ڕووبەرەکەی ٢٠٧، ٥٩٥ کم دووجایە. زۆرینەی دانیشتووانەکەی بیلاڕووسییە و، ڕووسی و ئۆکراینی و پۆڵەندیش لەو وڵاتەدا دەژین. سیسته‌می وڵاتەکە سەرۆکایەتییە و، ئەلیکسەندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی وڵاتەکەیە. بیلاڕووسیا یەکێک بووە لە کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و،  لە ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆییی خۆی لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو وەرگرتووە.

ڕووسیای فیدڕاڵ وەک حەوشەی پشتەوەی خۆی لە کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو دەڕوانێت.
لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتەوە ڕووسیای فیدڕاڵ دوای خۆڕێکخستنەوە و خۆدامەزراندنەوەی بە دید و ستراتیژێکی تر هاتەوە نێو گۆڕەپانی ململانێکان؛ بەتایبەت دوای هاتنی پووتین بۆ دەسەڵات و چالاکبوونەوەی ڕووسیا لە سیاسەتی دەرەوە و بەشداریی نێودەوڵەتی. ڕووسیای فیدڕاڵ، ڕاستە ناسنامه‌یه‌کی لیبڕاڵ و سەرمایەدارانەی هەیە بەڵام لە ڕووی جیۆسیاسییەوە وەک بەرەیەکی گەورەی ناو ململانێ نێودەوڵەتییەکان خۆی پیشان دەدات و مامه‌ڵه‌ دەکات.

ڕووسیای فیدڕاڵ تا ئێستایش کۆمارە جیابووەکانی سۆڤیەتی پێشوو، بە ڕووبەرێکی جوگرافیی گرنگ و بە حەوشەی پشتەوەی خۆی دادەنێت و، نایەوێت ڕۆژاوا و یەکێتیی ئەوروپا هێژموونی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و سەربازیی خۆیانی تێدا دروست بکەن و فراوان بکەن. خۆی بە ناوەندێک دادەنێت بۆ ڕێکخستن و ئاراستەکردنی ئەم کۆمارانە و پاراستنیان لە سیاسەتەکانی ئەوروپا و ئەمریکا. پێگەی جیۆپۆلیتیکی و ستراتیژیی ئەم کۆمارانە وای لە هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا و چین و یەکێتیی ئەوروپا و ڕووسیا کردووە، کێبڕکێی سیاسی و سەربازیی خۆیانی لەسەر بکەن و، لە وڵاتێکی وەک بیلاڕووسیا نزیک ببنەوە.

کێشەکانی نێوان ڕووسیا و بیلاڕووسیا

 لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕووسیای فیدڕاڵ کێشەی لەگەڵ بەشێک لە کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتدا هەبووە. لە ٢٠٠٨ لەگەڵ جۆرجیا و لە ٢٠١٤ لەگەڵ ئۆکراینا. لە ئێستایشدا کێشەی لەگەڵ بیلاڕووسیادا هەیە؛ بە جۆرێک كه‌ تەنگژەکان خەریکە بگاتە ئاستی قەیرانێکی هەرێمی.
لە ساڵی ٢٠١٦ دا وڵاتانی ئەوروپا مینسکی پایتەختی بیلاڕووسیایان دیاری کرد وەک ناوەندێك بۆ کۆبوونەوە و یەکتربینینی سەرکردەکانی ڕووسیای فیدڕاڵ و ئۆکراینا و وڵاتانی تری جیهان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان. ئەم دۆخە بیلاڕووسیای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژاوا نزیک کردەوە و لە پەراوێزبوون ڕزگاری کرد. لۆکاشینکۆی سەرۆکی وڵاتەکە، توانیی وەبەرهێنان لەم گرنگیپێدانەی وڵاتانی ڕۆژاوادا بکات و زیاتر لێیان نزیک ببێتەوە؛ بەمەیش لە ماوەیەکی کەمدا وڵاتانی ڕۆژاوا گەماڕۆ ئابووری و سزا ئابوورییەکانی سەر بیلاڕووسیایان هەڵگرت. 
ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیای فیدڕاڵ و بیلاڕووسیا لەسەر نرخی نەوت و گازی سروشتی، بەشێکی تری ناکۆکییەکانە. ڕووسیا دەیەوێت وەک سەنتەر و ناوەندێک مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی نەوت و گازی سروشتی بیلاڕووسیادا بکات و ئاگاداری هەموو وردەکاری و زانیارییەکانی نەوتی بیلاڕووسیا بێت لە کاتی هەناردەکردنی بۆ وڵاتانی ئەوروپا. ئەم جۆرە ناوەندبوونەی ڕووسیا، بۆ بیلاڕووسیا مانای بێهێزکردن و بەپاشكۆکردنی بیلاڕووسیایە لە سیاسەتی دەرەوەدا.
لە لایەکی ترەوە ئەمریکا و ڕووسیای فیدڕاڵ، پێشبڕکێ لەسەر ئەوە دەکەن کە سیسته‌می دژەمووشەکی خۆیان لەسەر خاکی بیلاڕووسیادا جێگیر بکەن. دیارە ئەم دوو زلهێزە، لە گرنگیی جیۆپۆلیتیکی بیلاڕووسیا تێ گەیشتوون و، دەیانەوێت بە هەر ڕێگه‌ و شێوەیەک بێت لە ڕێگەی بیلاڕووسیاوە هێژموونیی یەکتر سنووردار بکەن.

 سیناریۆکانی ململانێکانی نێوان ڕووسیا و بیلاڕووسیا

  • ماندووکردنی ڕووسیا لە ڕێگەی بیلاڕووسیاوە

ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات سیسته‌می دژەمووشەکی هاوشێوەی پۆڵەندا لە بیلاڕووسیادا جێگیر بکات تاکوو جموجۆڵ و هێژموونیی ڕووسیا سنووردار بکات و زیاتر سەرقاڵ و ماندووی بکات؛ هەروەک چۆن بە هۆی قەیرانی ئۆکراینا و جۆرجیاوە ڕووسیا ڕووبەڕووی ماندووبوون و شەکەتی بووەوە و، پێدەچێت کردنەوەی بەرەی نوێ و ناوچەی ململانێی نوێ لە بەرامبەر ڕووسیادا تاکتیکێکی تری وڵاتانی ڕۆژاوا بێت بۆ زیاتر ماندووکردن و بێهێزکردنی ڕووسیا، تا نەتوانێت ئەو هەموو قەیرانە لەو هەموو ناوچە جیاوازانە بەڕێوە ببات و، پاشەکشە بکات.

  • پاشەکشێی ڕووسیا لە سووریا بە هۆی بیلاڕووسیاوە

ڕووسیا لە دوای جەنگی سارد و لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتەوە، یەکەم جارە هەستێتەوە و لە دەرەوەی جوگرافیای خۆی دەستوەردان بکات و لە جوگرافیایەکی وەک سووریا ململانێکان لەگەڵ زلهیزێکی وەک ئەمریکا بەڕێوە ببات و هاوسەنگیی هێز بپارێزێت. پووتین لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی داڕشتەوە و، جارێکی تر ڕووسیای گەڕاندەوە نێو گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و بەشداریکردن لە کێشە نێودەوڵەتییەکاندا.
دۆسییەی سووریا دەرفەتێکی گەورەی بە ڕووسیا دا، بۆ خۆپیشاندان و دووبارە خۆدەرخستنەوەی لە بەرامبەر هێزەکانی تردا. ڕووسیا دەیەوێت جارێکی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا ململانێ لەسەر جیۆپۆلیتیک، هێژموونیی سیاسی، پێگەی دیپلۆماسی و سەربازیدا بکات و هاوبەشێکی سەرەکی بێت لە دووبارە داڕشتنەوەی هەر یەکەیەکی سیاسی و داڕشتنەوەی هەر ڕووبەرێکی جوگرافی. ئەم خواستەی ڕووسیا لە سووریادا زۆر بەئاشکرا و ڕوونی دیارە و، زیاتر لە ٥ ساڵە توانیویەتی درێژە بەو ململانێیە بدات و بە هاوبەشی لەگەڵ ئێراندا بەرەیەکی دژە-ئەمریکییانە و دژە-ڕۆژاوایییانەیان پێک هێناوە و، خۆیان بە بەشێک لە بڕیاردەری سووریا و ناوەندی بڕیاری سووریا و ناوچەکە دادەنێن.

ئەم هەستانەوەیەی ڕووسیا، بۆ ئەمریکا جێگەی نیگەرانییە و وڵاتانی ڕۆژاوایش لە دەرفەت و هەڵێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی ڕووسیا لە جووڵە بخەن و بەشێک لەو توانا سەربازی و دیپلۆماسییانەی کە لە سووریا بەکاری دێنێت، لێ بستێننەوە و سنوورداری بکەن.
بیلاڕووسیا باشترین دەرگه‌یە بۆ ئەوەی وڵاتانی ڕۆژاوا لە ڕێگەیەوە پاشەکشە بە ڕووسیا بکەن لە سووریادا، لەبەر دوو هۆکار:

١- بیلاڕووسیا لە ڕووی جوگرافی و جیۆستراتیژییەوە بۆ ڕووسیا گرنگە و سنوورێکی جوگرافیی هاوبەشی لەگەڵدا هەیە. مێژووی هاوبەش و زمانی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە و، ڕووسیا زۆرینەی کۆمارەکانی پێشووی یەکێتیی سوڤیەت بە حەوشەی پشتەوەی خۆی دادەنێت و، قبووڵ ناکات ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا دەستوەردان لەو کۆمارانەدا بکەن. لە ڕووی جیۆستراتیژییەوە، ئامادەییی ئەمریکا لەو کۆمارانە زیانێکی گەورەی بۆ ڕووسیا دەبێت و، دەبێتە دیوارێکی گەورە بۆ پەکخستنی ڕووسیا چونکە زۆرینەی ئەو کۆمارانە، بەتایبەت بیلاڕووسیا، خاوەن سامان و سەرچاوەی سروشتیی وەک نەوت و گازی سروشتی و پێگەی جیۆپۆلیتیکین. نزیکبوونەوەی ئەمریکا و ڕۆژاوا لە بیلاڕووسیا، ترس بۆ ڕووسیا دروست دەکات و، بەمەیش ڕووسیا ناچار دەکات لە سووریا بێهێزتر دەرکەوێت و زیاتر تواناکانی لە بیلاڕووسیا بەکار بێنێت، بۆ ئەوەی بیلاڕووسیای لەدەست دەرنەچێت؛ چونکە لە ڕووی جوگرافییەوە بیلاڕووسیا نزیکترە و گرنگترە لە سووریا.

٢- کۆنتڕۆڵکردنی بیلاڕووسیا لە لایەن وڵاتانی ڕۆژاواوە، واتە کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتانی بەڵتیک و ئاسیای ناوەڕاست تا ڕاددەیەک؛ چونکە ئەم وڵاتانە هەموویان پێشتر کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بوونە و، هەموویان لە لایەن مۆسکۆوە بەڕێوە دەبردران و ڕەسمی سیاسەتی دەرەکییان بۆ دەکرا. گۆڕانی ئەم هاوکێشەیە، مەترسییەکی یەکجار گەورە لەسەر بچووککردنەوە و دەورەدانی ڕووسیا و پەراوێزخستنی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دروست دەکات.  

دەرەنجام:
پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و بیلاڕووسیا لەوپەڕی خراپی و نائارامیدایە. بەشێك لە هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکان، پەیوەستە بە پرسەکانی نەوت و گازی سروشتی و سیاسەتەکانی ڕووسیا؛ بەشەکەی تری پەیوەستە بە سیاسەتەکانی ڕۆژاوا و ستراتیژیی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی ڕووسیا لە سووریا لە ڕێگەی بیلاڕووسیا و دەستوەردان لە ناوچە ستراتیژییەکانی نزیک ڕووسیا. بیلاڕووسیا وەک کۆمارێکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، بۆ ڕووسیا جێگەی بایەخە و، وڵاتانی ڕۆژاوایش چاوییان تێ بڕیوە وەک ناوچەیەکی جیۆسیاسی بۆ ئەوەی لە ڕۆژاوای نزیک بکەنەوە و، لە داهاتوودا بیکەن بە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و؛ بەمەیش چیتر ڕێگە نەدەن ڕووسیا وا بەئاسانی لە دەرەوەی جوگرافیای خۆی و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریادا خاوەن بڕیار و پێگەی سیاسیی خۆی بێت و، خۆی بکات بە یاریکەر و ئەکتەر لە داڕشتنەوەی یەکە سیاسییەکان و بەڕێوەبردنی ململانێکان لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوادا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples