گەڕانەوە و ڕۆڵی ڕووسیا

سەرەتا:
لاوازبوون و بێهێزبوونی ئەوروپا و شەکەتی و ماندووبوونی ئەمەریکا، ڕێگه‌یان بۆ ڕووسیا خۆش کردووە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵ بگێڕێت و یارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی خۆی بکات. ڕووسیا ڕۆژ دوای ڕۆژ لە ڕۆڵگێڕان لەو ناوچەیەدا (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای ناوەڕاست و تا ڕاددەیەک قەوقاز) کاریگەرتر دەبێت. ڕووسیا لە هەموو زەمان و کاتێکدا، چ لە سەردەمی "قەیسەر"، چ لە سەردەمی سۆڤیەت و چ لە سەردەمی ئێستای "پووتین"دا، هەموو ئەو ناوچە و هەرێمانەی بە قووڵاییی ستراتیژیی خۆی زانیوە و دەزانێت. بەم پێیە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەکی جیۆپۆلیتیکی و جیۆسیاسیی زۆری بۆ ڕووسیا هەیە و، ئەوەی کە ئەو گرنگییەیشی زیاتر کردووە ئەو هێڵە کەلتووری و ئایینی و مێژوویییانەن کە ئاسیای ناوەند و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووسیا، بە یەکتر دەبەستێتەوە. ئایینی ئیسلام وەک ناسنامه‌یه‌ك، ئایینێکی هاوبەشە لە نێوان پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەند و هەندێک لە کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو، وەک چیچان، داغستان و تورکمانستان. سەرباری ئەمە، سامانی سروشتی و نەوت و گاز هاوبەشییەکی تری نێوان ڕووسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەرامبەر ئەو ناوچەیەدا هەیە.  

ڕووسیای پووتین و گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی:

لە دوای "بەهاری عەرەبی"یەوە، ڕووسیا بەقووڵی هاتۆتە نێو سووریاوە و، ئەو وڵاتەیش بە قووڵاییی ستراتیژیی خۆی لە ململانێی لەگەڵ ئەمەریکا و هاوبەشەکانی، دادەنێت. ڕۆڵی ڕووسیا هەر بە تەنیا لە سووریادا نییە، بەڵکوو لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ بونیادنانی هێز و فراوانخوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەیشدایە لەگەڵ ئەمەریکادا. بەمەیش پووتین وەک جەمسەرێکی سەرەکی لە داڕشتنی سیاسەتی وڵاتەکەی، خاوەن ستراتیژییەتێکی تۆکمە و فرەلایەنە. زۆر لێزان و کارامەیە لە هونەری دروستکردن و بەرهەمهێنانی هێز؛ ئەمەیش ڕێگه‌ی بۆ گەڕانەوە و هەستانەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش و ئاسان کردووە.

ڕووسیای ئەمڕۆ خۆی وەک هێزێکی بریندار و غەدرلێکراو و پەراوێزخراو دەبینێت و، بەداوی ئەوەدا دەگەڕێت کە چۆن هەڵبستێتەوە و داکۆکی لە خۆی و ناسنامه‌ی مانەوەی خۆی بکات. یەکێک لەو ئامرازانەی کە ئەم ئامانجە بۆ ڕووسیا فەراهەم دەکات، تەکنەلۆژی و پیشەسازیی چەک و سەربازییە. کۆمپانیاکانی چەک لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی کەرەستە سەربازییەکانەوە، هەم چەک و تەکنەلۆژیی سەربازیی نوێ بەرهەم دێنن وەک ڕێگه‌یەک بۆ داڕشتنەوەی هێز، هەمیش دەبن بە سەرچاوەی داهات و، دەبن بە بەشێک لە بووژانەوەی کەرتی ئابووریی وڵاتەکەیان.

وا دەردەکەوێت کە پووتین مەیلی ئەوەی هەبێت بە شێوەیەکی پلانڕێژكراو بۆ مەسەلەی بەشداریکردن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی سیسته‌می سیاسی نێودەوڵەتی، بەرەنگاری ئەمەریکا ببێتەوە. زۆرینەی ئەگەرەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە سیسته‌می نێودەوڵەتی، لە تاکجەمسەرییەوە بەرەو فرەجەمسەری دەچێت؛ دیارە ڕووسیا دەیەوێت، لە داهاتوودا ببێتە جەمسەرێکی سەرەکی لەنێو سیسته‌مەکەدا. چونکە توانا و بەشدارییە سیاسییەکانی پووتین تەنیا لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، بەڵکوو دەستوەردانی ئەم وڵاتە، گەیشتۆتە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەگشتی و، ئۆکرانیا و جۆرجیا و بیلاڕووسیا بەتایبەتی؛ جیا لەمە ڕێگەگرتن لە فراوانبوون و هێژموونیی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

ڕەگەزەکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:

ڕووسیا لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیه‌تەوە، بوو بە هێزێکی پەراوێزخراو و تێکشکاو و، لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا پاشەکشەیەکی زۆری کرد. ڕووسیا تا دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپته‌مبەر خەریکی بونیادنان و ڕێکخستنەوەی ناوەخۆی خۆی بوو. لە دوای بەهاری عەرەبییەوە، توانیی سیاسەتی دەرەوەی خۆی دابڕێژێتەوە و وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار جارێکی تر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دەربکەوێتەوە. سیاسەتی دەرەوەی ئێستای ڕووسیا لەسەر کۆمەڵێک ڕەگەز و بنەما داڕێژراوەتەوە و کار دەکات. دەکرێت بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیای سەردەمی پووتین بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەم شێوەیە ناو ببەین:

١- ڕەوایەتیدان بە قەیران

کێشە نییە ئەگەر قەیران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، بە مەرجێک ئەو قەیرانە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نەوت و گاز؛ چونکە ئەم پڕۆسەیە بە سوود و قازانجێکی گەورە بۆ ڕووسیا دەشکێتەوە.
٢- ڕێگریکردن لە توندڕەویی ئایینی، یان ئیسلامی

نابێت وڵاتێک، یان هیزێکی دینیی سوننیی توندڕەو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بێت، چونکە دەبێتە هۆکاری پەلهاوێشتن و مەترسی بۆ ناو قووڵاییی ڕووسیا، یان بەهێزکردنی هێزە جوداخوازە موسڵمانەکانی ناو ڕووسیا.

٣- وەبەرهێنانی سیاسی لە قەیرانەکاندا

 سوودبینین لە ناسەقامگیری و قەیرانەکاندا، یان دروستکردنی ناسەقامگیری و قەیران لەو ناوچانەدا بۆ ڕاکێشانی هێزی دۆست و دروستکردنی بەرەی دۆست و کۆکردنەوەی هێز لە بەرامبەر هێزە نەیارەکانی تردا؛ یان دروستکردنی بەرەیەک لە موسڵمانانی دۆست و هاوپەیمان، کە تا ئێستا خۆی لە بەره‌ی شیعەدا دەبینێتەوە.

باشووری کوردستان و ڕووسیا

ڕووسیا، باشووری کوردستان بە قووڵاییی ستراتیژیی خۆی دەزانێت لەبەر چەند هۆکارێک:
١- ڕووسیا هەوڵی ئەوە دەدات کە لە کەرتی سامانی سروشتیی هەرێمی کوردستان بەشداری بکات و ڕۆڵی هەبێت، بە ئامانجی ئەوەی بەشێک لە داڕێژەری سیاسەتی وزەی هەرێمی کوردستان بێت و ڕێگە نەدات سیاسەتی وزەی هەرێم، بەتەواوی ببێت بە بەشێک لە ڕۆژاوا، یان بە ئەوروپاوە ببەسترێتەوە و کارتی وزەی ڕووسیا لە بەرامبەر ئەوروپا لاواز بکات؛ یان هەوڵی ئەوە بدات ببێت بە ناوەند و بازاڕێک بۆ فرەسەرچاوەکردنی بازاڕی کڕیارەکانی. ڕێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیای "ڕۆسنەفت"ی ڕووسی، کە کۆمپانیایەکی حکوومی و دەوڵەتییە، لەمساڵدا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەم خواستەی ڕووسیا.

٢- ڕووسیا دەیەوێت کوردستان ببێت بە بەشێک لە بەرەی دۆسته‌كانی و، لە نەیارەکانی دووری بخاتەوە.
٣- ئەگەر سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان نەبێتە هۆی لاوازکردن و بێزارکردنی بەرەی دۆستانی ڕووسیا، کە زیاتر خۆی لە شیعەکان دەبینێتەوە، ئەوا ڕووسیا پشتیوانی و پاڵپشتیی دەکات.

ڕووسیا لە نێوان ئێران و تورکیادا

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو پڕۆژەی مەزهەبی و جیۆپۆلیتیکی، زیاتر دەردەکەون و پاڵپشتییان دەکرێت، ئەوانیش: پڕۆژەی "هیلالی شیعی" و ئەو هێڵە سیاسی و جیۆسیاسی و مەزهه‌بییەی، کە لە تارانەوە دەست پێ دەکات و لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست کۆتایی دێت، کە زیاتر هێڵێکی ئاسۆیییە و دەیەوێت بە هەرێمی کوردستاندا تێ پەڕێت. لە هەمان کاتدا "هیلالی سوننی" یان ئەو هێڵە ستوونییەی کە تورکیا دەیەوێت لە ئانكاراوە تا کەنداو بیکێشێت و دایبڕێژێت.   

دیدێک هەیە پێی وایە ئەم سەدەیە، سەدەی هەستانەوەی ڕووسیا وەک هێزێکی نێودەوڵەتی و گەورە و، شیعە وەک هێزێکی هەرێمی و ناوچەیی دەبێت و، هەردووکیشیان وەک "ناوەند و ڕۆخ/پەراوێز" بەیەکەوە دەبن و بەیەکەوە کار دەکەن. لەم نێوانه‌دا، پێدەچێت ڕووسیا زیاتر لە پڕۆژە و هێڵی مەزهەبی شیعەوە نزیک بێت و زیاتر هەوڵی مانەوە و کارکردن لەگەڵ ئەم هێزەدا بدات، بە هۆی ئەوەی شیعە لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە زاڵترە بەسەر سوننەدا و، ئێران یان شیعە، هێزێکی دژەئەمەریکییە و خاوەن چەکی ئەتۆم و چەند ڕەگەزێکی تری بەهێزی هێزە و، بەئاسانیش دەتوانێت بگات بە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست و، لەوێیشه‌وه‌ بە باشووری ئەوروپا بگات. ئەم نزیکبوونەوەیەی ڕووسیا و ئێران، پێدەچێت بیانکات بە دوو ئەکتەری تەواوکەر لەنێو سیسته‌می هەرێمی و نێودەوڵەتیدا و، ڕۆڵ و پێگەیەکی تری سیاسی و ستراتیژییان پێ ببەخشێتەوە.  

دوا سەرنج:

ڕووسیا هێزێکی گەورە و حساببۆکراوە لە مێژوودا، ئەگەرچی ئەم هێزە بەپێی قۆناغە مێژوویییەکان، ئاستی بەهێزی و ڕۆڵی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیاسەتی جیهانیدا هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە. ڕۆژگارێک ئیمپڕاتۆرێکی گەورە بووە. دواتر لە سەردەمی سۆڤیەتدا لە شێوەی بلۆکێکی ئایدیۆلۆژی، خۆی ڕێک خستۆتەوە تا ڕووخانی. لە دوای جەنگی ساردیشه‌وه‌ بچووک بۆتەوە و هیچ ڕۆڵێکی سیاسیی نەبووە، تا ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و ئاڵۆزییەکانی سووریا. لە ئێستادا بە فۆڕمێکی تر و بە ئەجێندایەکی تر بە سەرۆکایەتیی پووتین، دەیەوێت هەستێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و، ململانێکان بەڕێوە ببات و ڕووبەڕووی هێزە نەیارەکانی ببێتەوە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا دوو جوگرافیای زۆر هەستیار و جێی بایەخن بۆ ڕووسیا و، سووریا یەکەمین خاڵی گەڕانەوە و دەستوەردانی ڕووسیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دوای جەنگی ساردەوە. سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا چاوی بڕیوەتە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەستوەردانی لە هەر یەک لە جۆرجیا و ئۆکرانیا و بیلاڕووسیادا کردووە. ئەگەری ئەوە هەیە ڕووسیا بلۆکی شیعی و ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەهێزکردنی پێگە و هێز و درێژکردنەوەی هێژموونیی سیاسی و ئابووریی خۆی و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانیدا بەکار بێنیت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples