سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا و چەند سەرنجێک

سەرەتا:
ڕێکەوتی ٢٣ی ئابی ٢٠١٧، مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەردانی هەر یەک لە بەغدا و هەولێری کرد. لە نێوه‌ندی سەردانەکەیدا چاوی بە هەر یەک لە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی دەزگه‌ی یاسادانان و وەزیری دەرەوەی عێراق کەوت. لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی وەک: ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی تەلەعفەر و تورکمانەکانی کەرکووک و بەشداری حەشدی شەعبی لەو ئۆپەراسیۆنە و ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و کێشەی ئاوی نێوان عێراق و تورکیا باسی لێوە کرا.

دواتر لە هەولێر سەردانی هەر یەک لە سەرۆکی هەرێم و حزبە سیاسییەکانی بەجیا کرد و، لەبارەی چەند پرسێکه‌وه‌ گفتوگۆیان کرد، بەتایبەت مەسەلەی ڕیفراندۆم و ئاسایشی هەرێمی و وزە. مەولوود چاوشئۆغلۆ لە دوای بوون بە وەزیری دەرەوە، ئەمە یەکەم جارە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات. پێدەچێت بەشێک لە بنەما و ڕەگەزەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ئێستادا گۆڕانی بەسەردا هاتبێت و، مەولوود چاوشئۆغلۆیش ڕۆڵێک لەو گۆڕانکارییانەدا ببینێت.  

لە نێوان ئەحمەد داودئۆغلۆ و مەولوود چاوشئۆغلۆدا

یەکێک لە داڕێژەرانی بەرنامە و سیاسەت و ستراتیژییەکانی حزبی داد و گەشەپێدان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، ئەحمەد داودئۆغلۆ بوو، بەتایبەت لە مەسەلەی سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی هەرێمی. ئەحمەد داودئۆغلۆ بەشێک لە نەخۆشی و کێشە مێژوویی و میراتییەکانی تورکیای تیۆریزە کردبوو و چوارچێوەیەکی تیۆری و ئەکادیمیی بۆ داڕشتبوون و چارەسەریشی بۆ دانابوون؛ بەتایبەت لە پرسی گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات و شێوازی پەیوەندیکردن بە کۆمەڵگەی ئەوروپی و پێگەی تورکیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

بۆچوونێک هەیە پێی وایە کە تورکیا و "ئاکپارتی" لە دوای پەراوێزخستنی ئەحمەد داودئۆغلۆ و پاسیڤکردنی، پاشەکشێیەکی زۆری کردووە و لە زۆرینەی پڕەنیسپ و ڕەگەزەکانی سیاسەتی دەرەوەی دوور کەوتۆتەوە؛ بەو پێیەی ئەحمەد داودئۆغلۆ وەک تیۆریستێک تەنیا خۆی دەتوانێت دونیابینی و تیۆرییەکانی لە چوارچێوەی وەزارەتی دەرەوەدا جێبەجێ بکات و وەک خۆی بیانخوێنێتەوە و، کاره‌کتەرەکانی تری هاوشێوەی بیناڵی یڵدرم و مەولوود چاوشئۆغلۆ ناتوانن لە جێبەجێکردنی پڕەنسیپ و بەکارهێنانی چوارچێوەکان وەک خۆی ڕۆڵی خۆیان ببینن و، لە ڕووی پاشخانی فکری و سیاسییشەوە هەژار و بێدەسەڵاتن.  

ئامانجی سەردانەکە:

- عێراق و پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، وەزیری دەرەوەی عێراق بەڵێنی ئەوەی بە وەزیری دەرەوەی تورکیا داوە کە لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە هاوکاریان بێت و، دەستپێشخەری بکەن و ڕێگەیان پێ نەدەن بێنە نێو خاکی عێراق و سەروەریی ئەو وڵاتە ببەزێنن؛ یان ڕێگە نەدەن عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێکانی نێوان هێز و لایەنەکانی دەرەوەی عێراق.

ئەم بۆچوونانە دەری دەخات کە تورکیا بەلایەوە گرنگە کە پەکەکە هیچ ئامادەیییەکی لەنێو خاکی عێراق و بەتایبەتیش شنگاڵ و ناوچەکانی دەوروبەری نەبێت. تورکیا پەکەکە بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی هەرێمیی ناوچەکە دەزانێت و، زیاتریش لەوە دەترسێت كه‌ هەم عێراق و هەمیش ئێران پەکەکە وەک کارتێکی گوشار لە دژی بەکار بێنن و هیچ ڕۆڵێک بۆ تورکیا لە عێراق نەهێڵنەوە و، لەناویشیدا مووسڵ، کە تورکیا زیاتر بە جوگرافیا و حەوشەی پشتەوەی خۆی دادەنێت و سوننەکانی عێراق بە ئەڵقەیەکی نەپچڕاو لە جەمسەربەندیی سوننە هەژمار دەکات.

- ئۆپەراسیۆنی تەلەعفەر و حەشدی شەعبی

تورکیا پێداگری لەسەر گرەنتیی پاراستنی تورکمانەکانی تەلەعفەر دەکات وەک گرووپێکی ئیتنی و خاوەن ناسنامه‌یه‌كی تایبەت و، بەردەوام گوشار دەکات بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراقی بیانپارێزێت و ڕێز لە ماف و تایبەتمەندییەکانیان بگرێت و وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و لە چنگی هێرشەکانی داعش دووریان بخاتەوە. سەردانەکەی مەولوود چاوشئۆغلۆ، هاوکات بوو له‌گه‌ڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی تەلەعفەر. ئەمە ئەوە دەردەخات کە تورکیا لە شێوازی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچەیە نیگەرانە و، لە بەرامبەر بەشداربوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی هه‌ستیاره‌ و، ئەو هێزە بە مەترسی بۆ دانیشتووانی تەلەعفەر و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دیمۆگرافییان دەزانێت.

- تورکیا و ڕیفراندۆم

وا دەردەکەوێت ئانکارا دژی بڕیاری ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان بێت و، چەند جارێک و لە ڕێگەی چەند کەناڵێکی سیاسی و جومگەی سیاسییەوە ئەم دژایەتییەیان ڕاگەیاندووە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەیشدا جۆری کاردانەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیای دوای ڕیفراندۆمیان، ڕانەگەیاندووە! لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ لای سەرۆکی هەرێم، باسی پرسی ڕیفراندۆم کراوە و مەولوود چاوشئۆغلۆ جەختی لەسەر گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا کردۆتەوە و، لە بەرامبەریشدا سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بۆ بێئومێدی و بێمتمانەیی کردووە لە بەرامبەر بەغدا و، پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیریی ناوچەکەیە. دەکرێت وا لێکی بدەینەوە کە تورکیا ترسێکی گەورەی لە دەرچوونی هەرێمی کوردستان لە عێراق هەیە لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

١- مەسەلەی ئاسایش و جیۆپۆلیتیک

سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی لە ڕۆژاوای کوردستان و، بەمەیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان چیتر لە ڕووی جیۆپۆلیتیکی و ئابوورییەوە پێویستیی بە تورکیا نامێنێت، یان دەبێت بە هێزێک لە ئاو و دەریا و له‌ بازاڕی وزە نزیک دەبێتەوە و، بەمەیش پێگەی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی و جیۆستراتیژیی زۆر بەرزتر دەبێتەوە و، دەبێت بە هێزێکی کاریگەری هەرێمی و، قووڵاییی ستراتیژی بۆ هەموو پارچەکانی تری کوردستان دروست دەکات. ئەم دیدە بۆ تورکیا جێگەی نیگەرانییە و، دەبێتە هۆی دابەزاندنی پێگەی جیۆپۆلیتیکی و سیاسیی تورکیا.

٢- تورکمانەکانی عێراق، ستراتیژ و ناسنامه‌  

تورکمانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە لای تورکیاوە گرنگن. وەک گرووپێکی ئیتنیکیی جیاواز لە کورد و عەرەب سەیریان دەکات و هەژماریان دەکات. مەبەستی تورکیا زیاتر لەو تێڕوانین و  سیاسەتە، وەبەرهێنانی سیاسی و بەستنەوەی بەشێکی جوگرافیای عێراقە بە تورکیاوە لە ڕێگەی تورکمانەکانەوە. تورکیا زیاتر پاساوێکی مێژوویییانەی بۆ مەسەلەی تورکمانەکانی عێراق هەیە، بەڵام بۆ مەبەستێکی ستراتیژی کاریان لەسەر دەکات و گرنگییان پێ دەدات و، دەیەوێت لە ڕووی دیمۆگرافییەوە فراوان بن و گەشە بکەن و لە ڕووی سیاسییەوە ئامادەیی و بەشداریی کارایان لەنێو جومگە جیاوازەکانی حکومڕانی و سێکتەری سەربازی لە عێراق هەبێت و، سەرەڕای ئەوەی ببن بە خاوەن ئابووری و سەرمایەی گەورە و سەربەخۆ. ئەم هەوڵانەی تورکیا زیاتر بۆ هاتنە نێو عێراقە لە ڕێگەی تورکمانەکان و ڕێگرتنێکی تەواوە لە بەئێرانیکردن و ڕۆڵی سیاسیی ئێران لە داهاتوودا. بەڵام تورکیا وای دەبینێت کە پڕۆژەی سەربەخۆییی کوردستان ئەم خەونەی تورکیا کاڵ دەکاتەوە و ڕێگەی هاتنەژوورەوەی بۆ نێو عێراقی بەسەردا دادەخات و، تورکمانەکان هەم وەک ناسنامه‌، هەمیش وەک ستراتیژی تێک دەشکێن و پارچەپارچە دەبن.

دوا سەرنج:

سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت. تورکیا دەیەوێت گرەنتیی ئەوە لە حکوومەتی عێراق وەربگرێت کە شوێن بۆ پەکەکە نەکاتەوە و وەک کارتێکی گوشار لە دژی تورکیا بۆ تەواوکردنی هیچ پڕۆژەیەکی ئێرانی بەکاری نەهێنێت. لە لایەکی ترەوە، دەیەوێت عێراق سیاسەتێكی تایبەت و گونجاوی لە بەرامبەر تورکمانەکانی عێراقدا هەبێت و، لە پڕۆسەی ئازادکردنی ناوچە تورکماننشینەکانیش ڕێگە بە بەشداریی حەشدی شەعبی نەدرێت، جگە لە سوپای عێراقی. لە بەرامبەر هەولێریشدا، ترسی لەوە هەیە پڕۆسەی ڕیفراندۆم ببێتە ئامرازێکی ستراتیژی و ناوەندێکی کاریگەر بۆ پارچەکانی تری کوردستان و، تورکیا لە هەموو هاوکێشەکان بکرێتە دەرەوە و پێگە سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەکەی لاواز بێت، یان هەرێمی کوردستان زیاتر لە ڕۆژاوای کوردستان نزیک بێتەوە؛ بەم هۆیەوەیش تورکیا هاوسەنگیی هێزی ناوخۆیی و هەرێمیی خۆی لەدەست بدات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples