سەرەتا:
کۆریای باکوور ناوی فەرمیی کۆماری دیموکراتی گەلی کۆریا (Democratic People’s republic of Korea)یە و پایتەختەکەی "پیۆنگ یانگ"ە و دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا و بەشێکە لە نیمچەدوورگەی کۆریا. لەگەڵ هەر یەک لە ڕووسیا و چین و کۆریای باشوور دراوسێیە. ژمارەی دانیشتووانەکەی بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤، (٢٥,٠٢٦,٥٨٨) کەسە. ئیمپراتۆرییهتی ژاپۆن لە ساڵی ١٩١٠دا کۆریای داگیر کرد تا ساڵی ١٩٤٥، واتە بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاری ئیمپراتۆرییهتی ژاپۆندا بووە. دواتر بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای جەنگی ناوخۆی کۆریا کە لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٥٣ی خایاند، ئەم وڵاتە بەپێی هێڵی پانیی جوگرافیی ٣٨ بۆ دوو بەش دابەش كرا : کۆریای باکوور و کۆریای باشوور. باکوور کەوتە ژێر هێژموونیی یەکێتیی سۆڤیەت و، باشووریش کەوتە ژێر هێژموونیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. "کیم جۆنگ ئون"، لە دوای باوک و باپیرییەوە سێیەمین کەسە کە سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی دەکات لە ڕێگەی سیستهمێکی تۆتالیتاریی تاکحزبییەوە کە حزبی کۆمۆنیستی کۆریای باکوور، یان حزبی کرێکارانی کۆریایە کە لە ساڵی ١٩٤٦دا لەژێر چاودێریی یەکێتیی سۆڤیەت دامەزرا.
کۆریای باکوور و بۆمبی هایدرۆجینی:
ڕۆژی یەکشەممە ٣/٩/٢٠١٧ تەلەڤزیۆنی فەرمیی کۆریای باکوور هەواڵی تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی وڵاتەکەی بە جیهان ڕاگەیاند، کە بووە شەشەمین تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئەو وڵاتە لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا. تاقیکردنەوەی مووشەکە هایدرۆجینییەکە بوومەلەرزەیشی بەدوای خۆیدا هێنا. کۆریای باکوور لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، لە سهروبهندی تاقیکردنەوەی مووشەکی کیشوەربڕی تازە پێشکەوتوودا، بۆمبێکی هایدرۆجینیی تاقی کردووەتەوە.
یۆکیا ئەمانۆ، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕای گەیاند: "تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی ئەمڕۆی کۆماری گەلی کۆریا زۆر جێگەی داخە و، ئەم تاقیکردنەوەیە لە دوای دوو تاقیکردنەوەی دیکەی ئەمساڵدا، شەشەمین تاقیکردنەوەیە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە. ئەمەیش مانای فەرامۆشکردن و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە."
چوارچێوەی تیۆری (Theoretical framework) :
لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی جیهانیدا چەند تیۆرییهك بۆ خوێندنەوەی ململانێ و سروشت و شێوازی ململانێکان هەن. یەکێک لەم تیۆرییانە، "ڕیاڵیزم"ە. ئەم تیۆرییە زیاتر لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە لە لایەن کۆمەڵێک تیۆریستی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانهوه لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ مەسەلەی ململانێ لە نێوان ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ کرا. ئەم تیۆرییە تیشک دەخاتە سەر بەکارهێنانی هێز بۆ هاوسەنگیی هێز لە نێوان دەوڵەتاندا. لێرەدا تەنیا دەوڵەت یەکەیەکی سەرەکییە و هەوڵی باڵانسی هێز دەدات. دەکرێت بەشێک لە ململانێ و تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەتۆمی لە لایەن کۆریای باکوورەوە، ببەستینەوە بە مەسەلەی هاوسەنگیی هێز لە بەرامبەر ئەمریکادا؛ بەو پێیەی ئەمریکا تا ئێستا خۆی بە هێزێکی باڵا و لە سەرەوەی هەڕەمی سیستهمی نێودەوڵەتیدا دادەنێت.
دوورگەی گوام و سەرەتای جەنگێکی تازە:
گوام دوورگەیەکی ستراتیژییە و دەکەوێتە ڕۆژاوای "زەریای هێمن"ەوە، بەڵام پەیوەستە بە ئەمریکاوە و، زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە ڕەچەڵەک ئەمریکین و، ئەوانەیشی کە لە دوورگەکە لەدایک دەبن، بە هاووڵاتیی ئەمریکی هەژمار دەکرێن. لە ڕووی ناوخۆیییەوە سیستهمێکی حکومڕانیی تایبەت بە خۆیان هەیە. ڕووبەری دوورگەکە ٥٤١ کم چوارگۆشە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ١٦٣ هەزار کەسە. ئەگەری ئەوە هەیە بەتەواوەتی وێران بێت ئەگەر مووشەکە ناوەکییەکانی کۆریای باکووری بەربکەوێت. جیا لەمە، ئەم دوورگەیە ناوەند و سەنتەرێکی گرنگ و سەربازیی ئەمریکایە و کۆمەڵێک سەرباز و کەرەستەی سەربازی و چەکی ئەتۆمیی ئەمریکا لەو دوورگەیەدا دانراوە. ئەمریکا ترسی ئەوەی هەیە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا ئەو دوورگە سەربازییەی لەدەست بچێت، کە پێگەیەکی یەکجار گرنگی هەیە و لە جەنگی جیهانیی دووەمیشدا لە لایەن ئەمریکاوە لە دژی نەیارانیدا بەکار هێنراوە.
دۆناڵد ترامپ هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆریای باکوور گوتی: "نابێت کۆریای باکوور مەترسی بۆ سەر ئەمریکا دروست بکات، چونکە وەڵاممان دەبێت و کۆریای باکوور ڕووبەڕووی ئاگر و تووڕەیی دەبێتەوە، بە جۆرێک کە پێشتر جیهان نەیبینیوە." ئەمریکا ئەم دوورگەیەی بەلاوە یهكجار گرنگە و، بە قووڵاییی ستراتیژیی وڵاتەکەی خۆی دەزانێت. ئەگەری مووشەکبارانکردنی ئەم دوورگەیە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە ئێستادا لەم دوورگەیە لە ڕووی سەربازییەوە لە ئامادەباشیدایە بۆ بەرەنگاربوونەوە و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی لەناکاو، دەکرێت ببێت بە جەنگێکی ئەتۆمیی وێرانکەر.
هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە کۆی دەنگ سزای نوێیان بەسەر کۆریای باکووردا سەپاند. بەپێی سزاکان ئاستی هەناردەی کۆریای باکوور، بە بڕی سێ ملیار دۆلار کەم دەبێتەوە. دواتر کۆریای باکوور بەیاننامەیەکی ناڕەزاییی دەرکرد و بەپێی بەیاننامەکە سوپای کۆریای باکوور پلانی هاوێشتنی چوار مووشەک ئامادە دەکات و، ناوەڕاستی ئەو مانگەیش ڕادەستی کیم جۆنگ ئونی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر دوورگەی گوام کە بنکەی سەربازیی "ئەندرسن"ی ئەمریکیی لێیە و فڕۆکەکانی لەم دوورگەیەوە بەرەو ناوچەکانی نیمچەدوورگەی کۆریا هەڵدەفڕن.
توانای ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوە:
لە ئەگەری هەر گورزێکی سەربازی لە لایەن کۆریای باکوورەوە، ئەمریکا سوود لە کۆمەڵێک تەکنەلۆژیی سەربازی و فڕۆکە وەردەگرێت. یەکێک لەوانە فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژیی "بی -١بی"یە کە یەکێکە لە خێراترین جۆرەکانی فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و لە ئێستادا لە ئامادەباشییەکی تەواودایە بۆ وەڵامدانەوەی مووشەکە بالیستییەکانی کۆریا و ڕێگەنەدان بە پێکانی ئامانجەکانیان. ئەم فڕۆکەیە لە توانایدایه بە ئاستی ١.٢ لە سەرووی خێراییی دەنگەوە بجووڵێت و، لە هەمان کاتدا توانای بەرزبوونەوەی بۆ ٩١٤٤م هەیە و توانای هەڵگرتنی ٢٤٠٠٠ کگمی هەیە و جیا لەوەی دەتوانێت ٢٤ مووشەکی کرووز هەڵبگرێت. ئەم تەکنەلۆژییە، پێشتر لە کردە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هەر یەک لە عێراق، سووریا، لیبیا و ئەفغانستان بەکار هێنراوە و ئامانجی خۆی پێکاوە.
هەڕەشەیەک بۆ سەر تەواوی جیهان:
ناکۆکییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆریای باکوور، پێی ناوەتە قۆناغێکی تازە و مەترسیدارەوە و، دوور نییە جیهان ڕووبەڕووی جەنگێکی ئەتۆمی بکاتەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی دەزگهی هەواڵگریی ئەمریکا، کۆریای باکوور توانیویەتی جۆرێک لە کڵاوەی ئەتۆمی دروست بکات کە لە مووشەکەکاندا بەکار دەهێنرێت و، بەمەیش ئاست و ڕەگەزی هێزی کۆریای باکوور بەرز دەکاتەوە. لە بەرامبەریشدا ترامپ هەڕەشەی توند و ئاگرین دەکات. لە لایەکی ترەوە، تاوەکوو ئێستا چەند هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە کۆریای باکوور دەستگیر و دەستبەسەر کراون. دواترینیان گەنجێک بوو دوای ئازادکردن و گەیشتنەوەی بە ئەمریکا گیانی لەدەست دا و، تا ئێستایش سێ هاووڵاتیی تری ئەمریکی لە زیندانەکانی کۆریای باکوور ماونەتەوە.
دەزگه هەواڵگری و نهێنییەکانی ئەمریکا، پێشبینی دەکەن کۆریای باکوور خاوەنی ٦٠ چەکی ئەتۆمی بێت؛ ئەمەیش نیگەرانییەکانی ئەمریکای زیاتر کردووە و، ژمارەیەک شارەزای ئەمریکییش لەو بڕوایەدان کە کۆریای باکوور زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا پەرەی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی داوە. جیا لەمانە بەرپرسانی ئەمریکی ئاشكرایان کردووە کە پیۆنگ یانگ، زۆر بەخێرایی پەرەی بە بەرنامەی دروستکردنی مووشەکی کیشوەربڕ داوە و، ئەگەر تەواو بێت دەتوانێت ئەمریکا بپێکێت!
کاردانەوە و بژاردەکانی ئەمریکا:
تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی پرسی تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی کۆریای باکوور بەپەلە کۆ بووەوە و، دواتریش دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕای گەیاند: "هەڕەشەکانی کۆریای باکوور بۆ سەر ئەمریکا بەردەوامن و، تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکایش تاووتوێی هێرشکردنە سەر کۆریای باکووری کردووە."
ئەمریکا پاڵپشت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاکوو ئێستا چەندین سزای بەسەر کۆریای باکووردا سەپاندووە و، تا دێیش گوشارەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاتر دەکات، بەڵام ئەم گوشار و سیاسەتەی ئەمریکا نەیتوانیوە کۆریای باکوور لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بوەستێنێت و بەڵکوو تا دێت سەرکێشییەکانی کۆریای باکوور زیاتر دەبن. بۆ ئەم مەبەستە، ئەمریکا کۆمەڵێک بژاردە و سیناریۆی بۆ سنووردارکردن و بەرەنگاربوونەوەی کۆریای باکوور داڕشتووە لەوانە:
یەکەم: وەشاندنی گورزی سەربازی لە کۆریای باکوور وەک سیناریۆیەکی لاواز
یەکێک لە بژاردەکانی ئەمریکا و ترامپ، کاردانەوەی سەربازییە بەرامبەر سەرکێشییەکانی کۆریا. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لقی ئەمریکای پەیمانگهی نێودەوڵەتیی توێژینەوە ستراتیژییەکان، پێی وایە کە بژاردەی سەربازی بۆ لێدانی کۆریای باکوور دوور و ئەستەمە، چونکە ئەم بژاردەیە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی جیهانی و بەرفراوان.
دووەم: گوشاری سەربازی
یەکێکی تر لە سیناریۆکان چڕکردنەوەی گوشارە سەربازییەکانە لەسەر کۆریای باکوور و، ئەمەیش هەر لە سەرەتای تەنگژەکەوە هەنگاوی بۆ نراوە و، دەکرێت لە داهاتوودا گوشارەکان زیاتریش بن. دۆناڵد ترامپ لەگەڵ هاوتاکەی، مون جای ئان لە کۆریای باشوور، ڕێک کەوتن لەسەر بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی کۆریای باشوور و بەهێزکردن و پتەوکردنی سیستهمی بەرگریی مووشەکیی کۆریای باشوور بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی کۆریای باکوور.
سێیەم: سزا ئابوورییەکان
یەکێک لە بژاردەکانی تر، سزا ئابوورییەکانە لە لایەن ئەمریکاوە. دۆناڵد ترامپ لە تویتێکدا ئاشکرای کرد کە لە پاڵ هەموو بژاردەکانی ترەوە، ئەمریکا بیر لە تاووتوێکردنی ئەگەری کۆتاییهێنان بە سەرجەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی کۆریای باکوور دەکات لەگەڵ هەر وڵاتێکدا. هاوکات وەزیری خەزێنەی ئەمریکا لیستێک سزای نوێی ئابووریی ئاشکرا کرد، کە بڕیارە ترامپ بۆ سزای ئابووری بۆ سەر کۆریای باکوور واژووی لەسەر بکات؛ بەتایبەت هەماهەنگیی ئەمریکا لەگەڵ چین بۆ ئەم مەبەستە، چونکە ڕێژەی ٩٠%ی هەناردەی کۆریای باکوور بۆ چین دەڕوات.
هەڵوێست و کاردانەوەی وڵاتانی جیهان
- یەکێتیی ئەوروپا
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا، دۆناڵد توسک، ئاماژهی بهوه كرد كه پاش ئەنجامدانی دوایین تاقیكردنهوه ئهتۆمییهكهی كۆریای باكوور، یهكێتیی ئەوروپا ئامادهیه سزاكانی سهر ئهو وڵاته زیاد بكات و، باسی لهوهیش كرد كه كۆریای باكوور به شێوهیهكی ئاشكرا یاسای نێودهوڵهتی و بڕیارهكانی ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتیی پێشێل كردووه.
- ڕووسیا
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا، ڕای گەیاند سزاکان بۆ سەر کۆریای باکوور هیچ کاریگەری و سوودێکی نابێت، چونکە ئەوان ئامادەن گیا بخۆن بەڵام دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەیان نەبن. سەرۆکی ڕووسیا پێی وایە، ئەم قەیرانە دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت و، گفتوگۆی دیپلۆماسی، تاکە ڕێگەی چارەسەرە.
- چین
چین پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە هەر دوو لا، پێویستە هەنگاو و هەڵوێستە شەڕانگێزەکانی خۆیان ڕابگرن. واتە ئەمریکا مانۆڕ و جووڵە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور ڕابگرێت و، لە بەرامبەریشدا کۆریای باکوور بەرنامەی پەرەپێدانی سیستهمی مووشەکی ئەتۆمی بوەستێنێت.
- فەڕەنسا و ئەڵمانیا
گوتەبێژی حکوومەتی فەڕەنسا، کریستۆف کاستانێر، داوای لە لایەنەکان کردووە کە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و هەوڵی کەمکردنەوە و ئارامکردنەوەی تەنگژە و مەترسییەکان بدەن. هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیایش، مارتن شایفر، ڕای گەیاند کە پێویستە کۆریای باکوور و ئەمریکا، بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ و هیچ بڕیارێکی بەپەلە نەدەن.
- بریتانیا
بریتانیا وەک دۆست و هاوپەیمانێکی نزیک و دێرینی ئەمریکا، لەگەڵ هیچ بژاردەیەکی سەربازیدا نییە و بەکارهێنانی هێز بە چارەسەر نازانێت. بۆریس جۆنسن، وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕای گەیاند: "بێ گومان ئێمە بژاردەی سەربازی بە باش نازانین و، گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان باشترین چارەسەرە."
- کۆریای باشوور
موون جای ئین، سەرۆکی کۆریای باشوور گوتی: "ئێمە هۆشداریی توند دەدەین ئەگەر کۆریای باکوور لەسەر ئەم کار و کردەوانەی بەردەوام بێت، لە بواری سەربازییەوە خۆمان تۆکمەتر دەکەین و، دووبارە داوا لە کۆریای باکوور دەکەین واز لە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکەی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دیالۆگ."
- ژاپۆن
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆنیش ڕای گەیاند: "تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور بێڕێزییە بەرامبەر یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان و، دەبێتە هۆی زیاتربوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان و ئێمە هەر هەنگاوێک دەگرینە بەر بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵکی خۆمان و، بۆ ئەم مەبەستەیش داوای کۆبوونەوەی بەپەلەیش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین."
سووریا و دابەشبوونەوەی هێز:
پێدەچێت ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور، لە ڕووی کردارییەوە وڵاتانی جیهان بکات بە دوو بەرەوە. ڕووسیا و چین و چەند وڵاتێکی تر لە بەرەیەک و، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و کۆریای باشوور و ژاپۆن لە بەرەیەکی تر. ئەم دۆخە تا ڕاددەیەکی زۆر کاریگەریی لەسەر ناوچە پڕ لە ململانێکانی تری جیهان، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا، دەبێت. ئەگەری ئەوە هەیە ململانێکان لە سووریا لە نێوان هێزە نێودەوڵەتییەکاندا، بە هۆی ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور چڕتر ببنەوە و، دووبارە ڕەگەزەکانی هێز دابەش بکرێتەوە و سروشتی ململانێکان لەسەر جیۆپۆڵیتیک و جوگرافیای سیاسی و هاوسەنگیی هێز گۆڕانیان بەسەردا بێت؛ بەو پێیەی ڕووسیا و ئێران تا ئێستا جەمسەرێکی کاریگەری نێو گۆڕەپانی سووریان و، ئێران لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ کۆریای باکوور لە دژی سیاسەتەکانی ئەمریکا.
دوا سەرنج:
دوای تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی کۆریای باکوور لە هەفتەی ڕابردوودا، ئەمە بوو بە شەشەمین تاقیکردنەوەی لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا. چاودێران پێیان وایە کۆریای باکوور زۆر بەخێرایی و زۆر زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا، پەرەی بە توانا سەربازی و مووشەکییەکانی خۆی داوە؛ ئەمەیش ترس و نیگەرانیی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و بەشێکی وڵاتانی ئاسیای لێ کەوتەوە. لە دوای ئەوەی کۆریای باکوور ئاشکرای کرد کە بەنیازە هێرش بکاتە سەر دوورگەی گوام وەک جوگرافیایەکی هەرە ستراتیژی و سەربازیی ئەمریکی لە ڕۆژاوای زەریای هێمندا، ئەمریکا هێزەکانی خۆی خستە ئامادەباشییەوە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و هێرشێک لە لایەن کیم جۆنگ ئونەوە، بەڵام لە ئێستادا بەدوور دەزانرێت کە هێرشی سەربازیی ڕووبەڕوو ڕوو بدات و، زیاتر ململانێکە بۆ هاوسەنگیی هێزە و، پێدەچێت ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لە ڕێگەی سزا ئابوورییەکانەوە گوشار بخەنە سەر کۆریای باکوور و، جووڵەکانی سنووردار بکەن.