ڕیفراندۆم و ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا

سەرەتا:
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٧/٦/٢٠١٧، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت و بە بەشداریی زۆرینەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ڕەزامەندیی سەرجەم لایەن و بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، ڕێکەوتی ٢٥/٩/٢٠١٧ بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بڕیاردان بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان دیاری کرا. هەر لە کۆبوونەوەکە ڕێککارەکانی چۆنێتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە گفتوگۆی لەسەر کرا و لیژنەی پێویستی بۆ دەستنیشان کرا.

هەر لەو کاتەوە زۆرینەی وڵاتانی دونیا و لەوانە ئەمریکا و بریتانیا و ئەندامە هەمیشەیی و ناهەمیشەیییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هەرێمی، وەک ئێران و تورکیا و، لەولاوەیش حکوومەتی ناوەندیی بەغدا لە دژی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی وەستانەوە. بەڵام لە هەموویان دژتر هێزێکی هەرێمیی وەک تورکیایە کە بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەکات كه‌ نابێت ڕیفراندۆمه‌کە بكرێت، بە بیانووی ئەوەی ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە.
چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕەهەندەکانی:

مێژووی سەرهەڵدانی چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییی جەنگی جیهانیی دووەم. چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی، بە دیاردەیەکی نوێ و تازە دادەنرێت وەک یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتی. ئەم بوارە پەیوەندییەکی تەواوی بە  ئامانجە نیشتیمانییەکانه‌وه‌ هەیە لە ڕووی مانەوە و بوون و قەوارەی دەوڵەت و پاراستنی چوارچێوەکانی دەوڵەت؛ بە جۆرێک هەندێک پێیان وایە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بریتییە لە پاراستنی بەهاکان.

کایە و چەمکی ئاسایش لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکارییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت دوای ئەوەی چەمکی ئاسایش فراوان کرا و، بە کۆمەڵێک یەکەی تر و بواری تر بەسترایەوە. پێشتر دیدێکی کلاسیکییانە هەبوو بۆ کایەی ئاسایش، بەتایبەت لە کاتی جەنگی سارددا ئەم چەمکە وەک بەشێک لە ستراتیژیی سەربازی و مەسەلەی بەرگری و مانەوەی دەوڵەت سەیر دەکرا. بەڵام دواتر خوێندنەوەی نوێ بۆ بابەتی ئاسایش کرا و بە کۆمەڵێک ڕەهەند و بواری ترەوە پەیوەست کرا لەوانە: پێکهاتەی نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی، کەلتووری، ژینگە و... لە هەمووی گرنگتر مرۆڤ و ئاسایشی مرۆیی، بوونە دوو یەکەی تر و بە ئاسایشی نەتەوەیییەوە گرێ درانەوە.

قوتابخانەی کۆپنهاگن و چەمکی ئاسایش:

قوتابخانەی کۆپنهاگن خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ چەمکی ئاسایش دەکات و هەر دوو مانا فراوان و قووڵەکەی لەخۆ دەگرێت. ئەم قوتابخانەیە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە یەکەی ئاسایش تەنیا لە دەوڵەتدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو یەکەکانی تری وەک نەتەوە و نەژاد و پێکهاتە مەزهەبی و کەلتووری و گرووپە جیاوازەکانی تریش لەخۆ دەگرێت و، ناسنامە و شوناس، بە جەوهەر و دڵی ئاسایشی نەتەوەیی دادەنێت؛ چونکە کۆمەڵگە، یان نەتەوە ئەو کاتە بوونی دەبێت کە ناسنامەیەکی هاوبەشی بۆ هەمووان بەرهەم هێنابێت. ئەگەر ئەو ناسنامە هاوبەشە ئامادەییی نەمێنێت، ئەوا کۆی کایەکانی کۆمەڵگەیش هەرەس دێنێت و لەناو دەچێت.

تورکیا لە ڕوانگەی ئەم قوتابخانەیەوە ڕیفراندۆم بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتەکەی دادەنێت و، وا هەست دەکات کۆمەڵگەی تورکی ڕووبەڕووی ڕووخان و پێکدادان و پارچەپارچەبوون دەبێتەوە. تورکیا وڵاتێکی فرەکەلتوور و فرەنەتەوە و فرەزمانە، بەڵام نەیتوانیوە ناسنامەیەکی هاوبەش بۆ گرووپەکانی تر، بەتایبەت کورد و عەلەوییەکان، دروست بکات و یەک ناسنامەی هاوبەش بۆ هەمووان بەرهەم بێنێت. لە بری ئەوە، نەتەوەی تورکی باڵادەست کردووە و، کردوویەتی بە هێزێکی باڵا بەسەر ئەوانی ترەوە و بەمەیش بەردەوام لە کەوتن و داتەپینی ئەم هێزە باڵایە دەترسێت و، وا هەست دەکات هەر جووڵەیەکی دەرەکی لە لایەن کوردەکانی پارچەکانی ترەوە، دەبێتە ڕووخانی کۆی چوارچێوەکانی دەوڵەتی تورکی و ناسنامەی تورکیزم.

ڕیفراندۆم و هەڵوێستی تورکیا:

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر و ١٠ خولەک کۆ بوونەوە. لە دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەک لەبارەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بڵاو کرایەوە کە تیایدا هاتووە: "ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بەڕێوە بچێت، نایاسایییە و قبووڵی ناکەین." هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەبێت گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکات و بەگوێرەی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن.

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا، حکوومەتی تورکیایش لەبارەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان کۆ بوویەوە و "بەکر بۆزداغ"، گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، ڕای گەیاند: "لە کۆبوونەوەی حکوومەت بەوردی قسەمان لەسەر ڕیفراندۆم کرد و، ئەم ڕیفراندۆمه‌ نایاسایییە و قبووڵی ناکەین و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا."

هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر ڕیفراندۆمی هەرێم هەڵوێستێکی نە زۆر ڕەق و نە زۆر نەرمە. ئەمە مانای وایە ئەردۆغان و ئاکپارتی، ناتوانن ڕاستەوخۆ پشتگیری بکەن و نایشتوانن دژیشی بوەستنەوە (دژوەستانەوە بەو مانایەی سزای ئابووری و سیاسی بەکار بێنێت). دەشێت هۆکاری ئەمە، ترس بێت لە نەژادپەرستەکانی کۆمەڵگەی تورکی و کەمالیستە توندڕەوەکان و نەبوونی متمانەیەکی تەواو بە دامەزراوەی سەربازی، بەتایبەت دوای دەستگیرکردنی دوو کارمەندەکەی دەزگه‌ی هەواڵگریی تورکیا/میت لە لایەن پەکەکەوە لە شارۆچکەی دوکان و ڕفاندنیان بۆ قەندیل. ئەردۆغان هێشتا نەیتوانیوە سوپای تورکیا و دەزگه‌ سەربازی و هەواڵگرییەکانی تر کۆنتڕۆڵ بکات وەک ئەوەی خۆی دەیەوێت، تا باشتر بڕیارەکان بدات. دەکرێت هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان تەنیا لە ئاستی بڵاوکراوە بمێنێتەوە و هیچ سزایەکی کردارەکیی لێ نەکەوێتەوە.

- هەرێمی کوردستان وەک بازاڕ

قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان ساڵ دوای ساڵ بەرز دەبێتەوە و تورکیا وەک بازاڕێکی گەورە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی، لە هەرێم دەڕوانێت و پشتی پێ دەبەستێت. تورکیا ساڵانە بە بەهای نزیکەی ٨ ملیار دۆلار بەرهەم و کاڵا هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکات، لەگەڵ عێراقیش ئەو ڕێژەیە دەگاتە ٤ ملیار دۆلار و، هاتنی کاڵا و کەلوپەلەکانیش بۆ عێراق لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە و، دەکرێت بڵێین هەرێم تڕانزێتی نێوان بەغدا و ئانکارایە بۆ مامەڵە ئابووری و بازرگانییەکان.

هەرێمی کوردستان دوای ئەڵمانیا، دووەم هاوردەکاری کاڵا و بەرهەمەکانی تورکیایە، لە کاتێکدا خەریکە پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و، لەولاوەیش ئەگەر تورکیا بیر لە داخستنی سنوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکاتەوە زیانێکی زۆری بەردەکەوێت و بێبازاڕ دەمێنێتەوە.

- یەکگرتنی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان

لە لایەکی ترەوە، تورکیا وا هەست دەکات سزادانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە ببێتە هۆی نزیکبوونەوە و یەکگرتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان، کە لە ڕوانگەی تورکیاوە مەترسییەکە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتەکەی زۆر زیاتر و گەورەتر دەبێت و، لە ڕووی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلیتیکییەوەیش تورکیا بچووک دەبێتەوە و تواناکانی سنوردار دەبێت و بەرژەوەندییە باڵاکانی لەدەست دەچێت.

سەرەڕای ئەوەی تورکیا لە ڕووی ناوخۆیییەوە گوشاری لایەنە ناوخۆیییەکان، بەتایبەت کوردانی باکووری دەکەوێتە سەر و ڕووبەڕووی ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی زیاتر دەبێتەوە. لە هەمووی کاریگەرتر، یەکگرتنی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان، جووڵەکانی تورکیا لە سووریا دەوەستێنێت و هێندەی تر بێڕۆڵ و پەراوێزی دەخات و، بەمەیش تورکیا لە داهاتووی سووریادا هیچ کاریگەرییەکی نامێنێت.

دوا سەرنج:

دوای دیاریکردنی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان لە لایەن زۆرینەی هێز و حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، تورکیا هەر زوو دەستی بە لێدوان و دژایەتیکردنی پڕۆسەکە کرد و، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نابێت ڕیفراندۆمه‌کە ئەنجام بدرێت. لە دوایین هەڵوێستیدا هەر یەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا و ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا، جارێکی تر دژایەتیی خۆیان بۆ پڕۆسەکە دووپات کردەوە و هەموو دژایەتییەکانیش دەبەستێتەوە بە چەمکی ئاسایش و تێکچوونی ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتەکە.

بەو پێیەی تورکیا وڵاتێکی تاکنەتەوە و تاکزمان و تاکئاڵا و تاکناسنامه‌یە و، تەنیا گرووپێکی دیاریکراو کە تورکە، بەسەر هەموو گرووپەکانی تردا زاڵ کراوە و هیچ ناسنامه‌یه‌کی هاوبەش و هاووڵاتیبوون هەموو پێکهاتەکان بەیەکەوە نابەستێتەوە و هەستێکی هاوبەشی بۆ دروست نەکردوون، بۆیە تورکیا بە هۆی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانەوە هەست بە کەوتنی ئەو تاکناسنامه‌یییە و باڵابوونەی تورکیزم دەکات و، نایەوێت پایەکانی دەوڵەتی کەمالیزم و تۆرانیزم لاواز بێت و بکەوێت.

پێناچێت تورکیا بتوانێت هیچ سزایەکی ئابووری بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت، ئەگەر سزای ئابوورییش بسەپێنێت ئەوا کاتی دەوێت؛ چونکە تورکیا خۆی زەرەمەندی یەکەم دەبێت و، هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە کارت و بژاردەیەکی لەبەردەستە بۆ تێپەڕاندن و زاڵبوون بەسەر هەر سزا و بڕیارێک کە تورکیا لە دژی دەری بکات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples