ڕیفراندۆم و داهاتووی عێراق

سەرەتا:
ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان لە ٢٥/٩/٢٠١٧ و سەرکەوتنی دەنگی "بەڵێ" بە ڕێژەی ٩٢%، مشتومڕێکی زۆر و بێئەندازەی لە لایەن ئەکتەرە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانه‌وه‌ بەدوای خۆیدا هێنا. حکوومەتی بەغدا، وەک یەکێک لەو ئەکتەرانە، هەر لە سەرەتاوە دژی پڕۆسەکە وەستایەوە و، دواتریش هەر یەک لە پەڕلەمان و دادگه‌ی فیدڕاڵیی عێراق دژایەتیی خۆیان بۆ پڕۆسەکە دەربڕی و بە نایاسایی ناویان برد.

 فۆرمی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە دوای ٢٠٠٣وە بەگوێرەی دەستووری هەمیشەییی عێراق، لە "دیفاکتۆ"وە بوو بە "دیجۆر" لە چوارچێوەی سیسته‌می فیدڕاڵیدا و، هەرێمی کوردستانیش، بوو بە هەرێمێکی دانپێدانراو و دەستووری وەک بەشێک لە دەوڵەتی کۆماری فیدڕاڵی عێراقی دیموکرات. لە ١٤ ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێ پەڕیوە و کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەز و تەنگەژەی تێ کەوتووە، تا دواجار گەیشتە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە دەوڵەتی عێراق و کۆتاییهێنان بە فۆرمی فیدڕاڵیزم و، پرسی کوردیش، بوو بە ئاڵۆزترین پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕیفراندۆم و دونیایەکی نوێ بۆ کورد

ڕیفراندۆم ڕووداوێکی سیاسیی گەورە بوو بۆ دونیای کوردی؛ بۆ مێژووی هاوچەرخی ئێمە. ڕووداوی سیاسی، یەکێکە لە ئاڵۆزترین و سەختترین چەمکەکانی نێو فکری سیاسی و فەلسەفەی سیاسی. ڕووداو لێرەدا واتە چۆن چوارچێوە و کاتێک دیاری دەکەیت و دواتر گشت، یان خەڵک کۆ دەکەیتەوە بڕیار لەسەر دۆخێک دەدەیت بۆ لەدایکبوونی دۆخێکی تر و دونیایەکی تر. ئەم دۆخە زۆر جار پێی دەگوترێت پیشەسازیی دروستکردنی ڕووداوی سیاسی لە ڕێگەی خودی ڕووداوەوە.
"دۆڵۆز" هەموو ڕووداوێکی سیاسی دەکات بە دوو بەشەوە: "ڤێرجواڵ" و "ئاکچواڵ". ڤێرجواڵ واتە ئەو هەستەی کە گشت، یان خەڵک پێش ڕووداوەکە هەیەتی و، دواتر دەچێتە قۆناغی ئاکچواڵ و دەبێت بە خودی ڕووداوەکە. ئێمە ئێستا لە دونیای ئاكچواڵ و کاریگەرییەکانی دوای ڕووداوەکەداین و دەژین.

لە دوای جەنگی ساردەوە کوردانی باشوور دووەمین جارە بەم شێوەیە ڕووداو بخوڵقێنن و کەیسی کورد لە سنوورە لۆکاڵییەکان ببەنە دەرەوە و، بیکەن بە ماددەیەکی نێودەوڵەتی. جاری یەکەم کۆڕەوەکە بوو؛ ئەو کاتەی کورد دۆخی شاری بەجێ هێشت و لەسەر سنوورەکان مایەوە و، بوو بە هێزێکی گڵۆباڵی تەنیا و، چووە نێو دەزگه‌ نێودەوڵەتییەکان و میدیا نێودەوڵەتییەکانەوە. ئەم جارەیش ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بۆ خەڵك و بۆچوونی خەڵک، کە دەیانەوێت لە ڕووی سیاسییەوە چۆن بژین و چۆن ڕێک بخرێن!  

سیناریۆی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق:

- نە جەنگ، نە گەماڕۆ و ئابڵووقە:

بۆچوونێک هەیە پێی وایە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە دۆخێک تێ دەپەڕێت، نە گەماڕۆی لێ دەکەوێتەوە و نە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و پێکدادان. دیارە ئەم سیناریۆیە زیاتر پاساوی ئامادەییی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەکتەرە نا- دەوڵەتییەکانی وەک کۆمپانیا گەورەکانی هاوشێوەی "شیڤرۆن"، "ئیکسۆن مۆبیل"، "تۆتال" و "ڕۆسنەفت"ی جیهانی دێنێتەوە لە کوردستاندا، کە کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی جیهانی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتاندا هەیە و، بەشێکی دانەبڕاون لە بەڕێوەبردنی جیهان و سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیهانی. ڕاستە ئەم ئەکتەرانە دەوڵەتی نین بەڵام هاوشێوەی دەوڵەت خاوەن بڕیارن و تەنانەت سنوور و سەروەریی وڵاتانیش دەبڕن و، بوونەتە بەشێک و ناوەندێکی سەربەخۆی بڕیاری سیاسی لە جیهاندا.

 - سیناریۆی مۆدێڵی کیوبیکی:

کەنەدا وڵاتێکی فیدڕاڵ و فرەپێکهاتە و فرەکەلتوورە و لە چەندین هەرێمی جیاواز پێک دێت. کیوبیک یەکێکە لە هەرێمەکانی ئەو وڵاتە و خاوەن تایبەتمەندیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خۆیەتی و زۆرینەی دانیشتووانەکەیشی بە زمانی فەڕەنسی گفتوگۆ دەکەن. لە ڕابردوودا هەرێمی کیوبیک بە مەبەستی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە کەنەدا، دوو جار ڕیفراندۆمی ئەنجام داوە. یەکەم ڕیفراندۆم لە ساڵی ١٩٨٠ بوو و، دووەمیش لە ساڵی ١٩٩٥ و، لە هەر دوو ڕیفراندۆمه‌کە دەنگی پێویست بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی بەدەست نەهێنرا و، دواجار ئەو هەرێمە لەگەڵ کەنەدا مایەوە و لە ڕووی نێودەوڵەتییشەوە پشتگیرییەکی ئەوتۆی نەبوو.

ئەم سیناریۆیە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هەرێمی کوردستانیش وەک کیوبیک لە ڕووی نەتەوە، مێژوو، زمان، فەرهەنگ و تەنانەت جوگرافیایش لە عێراق جیاوازە و، سەرکەوتوویش بووە لە ڕیفراندۆمه‌کەیدا بەڵام بە هۆی نەبوونی پشتگیریی نێودەوڵەتی و ڕازینەبوونی بەغدا بە پڕۆسەکە، ڕەنگە سەخت بێت کە بتوانێت سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت و، دەبێت بە فۆڕمێکی تر لەگەڵ بەغدادا بمێنێتەوە.

- سیناریۆی باشووری سوودان:

زۆربەی وڵاتانی دونیا کاتێک لە وڵاتێکی تر جیا بوونەتەوە، بە پڕۆسە و کۆمەڵێک ڕێککاری یاسایی و سیاسیی تایبەتدا تێ پەڕیون و لە ڕێگەی گفتوگۆوە مەرجەکانی جیابوونەوە و سەربەخۆیییان لەسەر مەسەلەکانی سنوور، دراو، وڵاتینامە و سەروەری داڕشتووە و، ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە. یەکێک لەو وڵاتانە باشووری سوودانە، کاتێک بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ناوەند، یان دەوڵەتی دایک لە سوودان جیا دەبێتەوە. ئەم سیناریۆیە بژاردە و خواستی هەرێمی کوردستانە، بەڵام پێناچێت بەغدا لە ئێستادا بەم بژاردەیە ڕازی بێت و گفتوگۆی لەبارەوە بکات و ڕێگە بە سەربەخۆیی و دەوڵەتێکی تازە لەدایکبوودا بدات.

- سیناریۆی کۆنفیدڕاڵیزم:

ئەم سیناریۆیە وەک پڕۆژەیەک لێی دەڕوانرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی بانگەشەی ئەوەیان کرد کە گوایە فەڕەنسا وەک ناوەندگیرێک  لە هەوڵدایە کار بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بکات و هەرێمی کوردستان و عێراق وەک دوو قەوارەی سەربەخۆ لە ڕێگەی مۆدێڵی کۆنفیدڕاڵیزمەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتردا ڕێک بخەن و مامەڵە بکەن، بەڵام ئەم پڕۆسەیە وا ئاسان نییە و لە لایەن عێراقەوە وا بەئاسانی لە ئێستادا پێشوازیی لێ ناکرێت.
لە ئەگەری جێبەجێکردنی کۆنفیدڕاڵیزم، دەبێت دەستووری عێراق بگۆڕدرێت و، بەغدا و هەولێر ئەوکات، دەبن بە دوو یەکەی تەواو سەربەخۆ و لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەیەکەوە لەسەر چەند مەسەلەیەکی وەک سیسته‌می بەرگری، یان پەیوەندییەکانی دەرەوە، یان سیسته‌می دارایی ڕێک دەکەون و مامەڵە دەکەن.

ئەم بژاردەیە بۆ هەرێم دەرفەتێکی باشە و تواناکانی هەرێم بەرزتر دەکاتەوە و باشتر بۆ قۆناغی داهاتوو و سەربەخۆییی یەکجارەکی ئامادەی دەکات. لە هەمان کاتدا نوخبەی سیاسیی عێراقی شیعی، پێناچێت بەڕژدی کار بۆ ئەم پڕۆژەیە بکات چونکە تا ئێستایش بەشێکی زۆری ئەو نوخبە سیاسی و عەقڵە سیاسییەی کە بەغدا بەڕێوە دەبات، بڕوای بە فیدڕاڵیزم و نا-ناوەندێتی و سەربەخۆییی هەرێمەکان نییە و، لەگەڵ پڕەنسیپەکانی فیدڕاڵیزمدا نین.

دەرەنجام:
هەرێمی کوردستان دوای ١٤ ساڵ مانەوە لەگەڵ عێراق بەپێی دەستوور و مۆدێڵی فیدڕاڵیزم و، دوای کەڵەکەبوونی چەندین کێشە و قەیرانی وەک کێشەی دارایی، خاک، بەرگری، سامانە سروشتییەکان و شکستهێنانی دیموکراسیی تەوافقی، لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆمی بۆ جیابوونەوە لە عێراق و سەربەخۆیی ئەنجام دا و، ڕێژەیەکی بەرزی دەنگدەران دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.

لە ئێستادا کۆمەڵێک بژاردە و سیناریۆ بۆ داهاتووی عێراق له‌ ئارادان. پێناچێت هیچ بژاردەیەکی سەربازی و پێکدادان لە نێوان بەغدا و هەرێمدا ڕوو بدات. ئەوەی زیاتر باسی لێوە دەکرێت و پێداگریی لەسەر دەکرێت، گفتوگۆ و دانوستانە بۆ ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە کێشە و قەیرانەکان؛ لەگەڵ ئەمەیشدا هەرێمی کوردستان لە قۆناغ و کات و ساتێکدایە، پێناچێت بگەڕێتەوە قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و فیدڕاڵیزم و، حکوومەتی بەغدایش پێداگری لەسەر یەکپارچەیی و پاراستنی سەروەریی عێراق دەکات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples