سعوودیا و ئێران؛ وەک دوو هێزی ڕکابەر

سەرەتا:
ئێران و سعوودیا وەک میراتگری دوو مەزهەبی جیاوازی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەک دوو هێزی هەرێمیی جیاواز، بەردەوام لە ململانێ و کێبڕکێدان و، هەر یەکەیشیان ئەوی تر بە مەترسی و هەڕەشەی ترسناک دادەنێت بۆ سەر یەکتر و، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ هاوسەنگیی هێز و بەرزکردنەوەی توانای سەربازی و دەستبەسەرداگرتنی ڕووبەرە جیۆپۆلیتیکییەکانی یەکتر و ڕێگرتن لە فراوانخوازییەکانی یەکتر. بەتایبەت لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە، ئەم دوو هێزە ڕکابەرە لە جەنگێکی ساردی ڕاستەوخۆدان و تا ڕاددەیەک ململانێکە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتییشی وەرگرتووە و قووڵتر و تۆختر بۆتەوە، بەتایبەت لە دوای بەهاری عەرەبی و مەسەلەی سووریا و هاتنی داعش بۆ عێراق و کۆتاییهاتنی لە لایەن هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانەوە.

ئەم دوو وڵاتە لەسەر چەندین پرس ناکۆکییان هەیە و دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی تری ناوچەکە وەردەدەن، بەتایبەت لە یەمەن، سووریا، لوبنان و عێراق. سعوودیا ئێران بەوە تۆمه‌تبار دەکات کە پشتگیریی ڕاستەوخۆی حووسییەکان لە یەمەن، حزبوڵڵا لە لوبنان، بەشار ئەسەد لە سووریا و، حەشدی شەعبی لە عێراق دەکات و بە سەرچاوەی گرژییەکانی ناوچەکەی دادەنێت. ئێرانیش سعوودیا بە هاریکاریی گرووپ و لایەنی جیاواز لەو وڵاتانە تۆمەتبار دەکات و، پێی وایە سعوودیا یارمەتیدەری جێبەجێکردنی سیاسەت و ستراتیژییەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیلە لە ناوچەکەدا.
چوارچێوەی تیۆری

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە سروشتی ململانێکانی نێوان ئێران و سعوودیا و کارلێک و دەرهاوێشتەکانی، هەوڵ دەدەین لە ڕوانگەی بیرۆکە و تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە سروشتی ململانێکانی نێوان ئەکتەر و جەنگ و پێکدادانەکان و کێبڕکێی نێوان ئێران و سعوودیا بخوێنینەوە:

- تیۆریی کۆنستراکتیڤیزم

ئەم تیۆرییە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بوونی کەلتوور و ناسنامەی جیاواز و، لەناویشیدا مەزهەبی جیاواز، ململانێی ئەکتەرەکانی لێ کەوتۆتەوە و بەردەوام ئەم ئەکتەرانە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ململانێ و هاوسەنگیی هێزەوە بەرگری لەم ناسنامە تایبەتەی خۆیان بکەن و پارێزگاریی لێ بکەن، تا زیاتر بمێننەوە و تەمەنی هێژموونیی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازی و فەرهەنگیی خۆیانی پێ درێژ بکەنەوە. ئەم تیۆرییە پێی وایە ئایدیا و ناسنامە و کەلتوورە جیاوازەکان ڕۆڵی ئاڕاستەکەری سیاسەت و پەیوەندییەکان و جۆری ململانێکان دەبینن و، ڕەهەندە ستراتیژی و هێڵە گشتییەکانی دیاری دەکەن. لە چوارچێوەی ئەم تیۆرییەوە هۆکاری بەشێکی ململانێکانی نێوان ئێران و سعوودیا جیاوازیی مەزهەبییە و، هەر یەکەیان بە هۆی ئەو جیاوازییە مەزهەبییەوە ئەوی تریان بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر خۆی و هێژموونی و پێکهاتە سیاسی و سەربازی و جوگرافییەکەی دەزانێت.

- بیرۆکەی جەنگە نوێیەکان

"ماری کاڵدۆر" وەک پڕۆفیسۆرێکی بریتانی لە بواری حوكمڕانیی جیهانی، بیرۆکە و تیۆرییه‌کی تایبەت و خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ جەنگ و مۆدێڵی جەنگ و ململانێکان داهێنا. کاڵدۆر پێداگری لەسەر جیاوازیی نێوان جەنگ و ململانێ کۆن و نوێیه‌کاندا دەکات، بەتایبەت لە ڕووی ئەکتەر و میتۆد و ستراتیژیی بەڕێوەبردنی ڕووبەڕووبوونەوەکان و شێوازی پارەدارکردنیان. ناوەڕۆکی ئەم بیرۆکەیە باس لەوە دەکات، کە جەنگ و ململانێ نوێیەکان تەنیا لە لایەن سوپا و هێزی فەرمیی دەوڵەتانەوە ئەنجام نادرێن بەڵکوو کۆمەڵێک ئەکتەری تر(دەوڵەتی و نا-دەوڵەتی)، وەک هێزە جیهادی و میلیشیا و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانیشەوە بەڕێوە دەبردرێن. لە لایەکی ترەوە، باس لەوە دەکات کە هۆکاری بەشێکی جەنگە نوێیەکان بە هۆی ناسنامه‌کانەوە سەر هەڵدەدەن و، سەرەڕای ئەوەی لە مۆدێڵی جەنگە نوێیەکاندا تەنیا سەرباز و سوپای فەرمی ناکرێنە ئامانج بەڵکوو خەڵکی سڤیڵیش دەکرێنە ئامانج و هەوڵ بۆ فراوانکردنی ڕووبەری جیۆپۆلیتیکی و گۆڕینی دیمۆگرافیا و دەستکاریکردنی دانیشتووانەوە دەدرێت، بەتایبەت ئەو گرووپانەی کە ناسنامه‌یه‌کی جیاوازتریان هەیە. جگە لەمانەیش، ململانێکان جەنگی بەنوێنەرایەتی یان لەبری(Proxy war) یش لەخۆ دەگرێت؛ ئەمەیش بەئاشکرا لە ململانێکانی نێوان ئێران و سعوودیا هەستی پێ دەکرێت و، هەر یەکەیان بۆ درێژەدان بە جەنگ و ململانێکە، هێزی تری مەزهەبیی لە وڵاتانی تر دروست کردووە.

سعوودیا و ڕیفۆرمی ناوخۆیی

لە چەند مانگی ڕابردوودا "شا سەلمان"، پاشای سعوودیا، کۆمیسیۆنێکی تایبەت بە "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی"ی پێک هێنا و، "محه‌ممه‌د بن سەلمان"ی کوڕ و جێنشینی خۆی، وەک بەرپرسی کۆمیسیۆنەکە دەستنیشان کرد. محه‌ممه‌د بن سەلمان لە ماوەیەکی کەمدا فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ زیاتر لە (٢٠٠) شازادە، وەزیر و کۆنە وەزیر و بەرپرسی سعوودیا دەرکرد و، قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵاتیشی لەسەر هەموو ئەندامانی خێزانی شاهانە دانا. ڕووداوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەدەن کە سعوودیا لە هەموو حاڵەتێکدا لە ڕووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگییشەوە لە بەردەم قۆناغێکی نوێدایە و، ئەم قۆناغە تازەیەیش بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سیسته‌می حوكمڕانی وەک فۆڕمێکی ناوخۆیی بۆ خۆڕێکخستنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و بەهێزکردنی سعوودیایە. ئەمەیش بۆتە هۆی ئەوەی کە محه‌ممه‌د بن سەلمان وەک کاراکتەرێکی نوێ و گەنج، ئەرکی بەڕێوەبردن و ئاڕاستەکردنی سعوودیای نوێی لە ڕێگەی بەرنامەیەکی چاکسازیی تایبەته‌وه‌، کە بە "ڕوانینی سعوودیا ٢٠٣٠" (Saudi Vision 2030) ناسراوە، پێ بسپێردرێت.

ڕەهەندێکی تری بەرنامە چاکسازییەکە، ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پیادەکردنی مۆدێڵی ئیسلامی میانڕەوە لە لایەن سعوودیاوە. بەمەیش لە مانگی ڕابردوودا کۆنسێرتێکی میوزیک لە پارێزگه‌ی جەدە بۆ هونەرمەندێکی گەورەی وەک "یانی" ساز دەکرێت و، بۆ یەکەم جاریش کچ و کوڕی سعوودیا ڕێگەیان پێ دەدرێت لەم کۆنسێرتە بەشدار بن و، بۆ چەند ساتێک چێژ لە میوزیکی ڕۆژاوایی وەربگرن و، بڕیاریشە لە ساڵی داهاتوودا چەند هۆڵێکی سینەما و شانۆ لە سعوودیا بکرێتەوە وەک هێمایەک بۆ کرانەوەی کەلتووری و فەرهەنگی و هەنگاونان بەرەو مۆدێڵی ئیسلامی میانڕەو؛ کە تا ڕاددەیەک ڕێگە بە کراوەیی و پرس و چێژە کەسییەکان دەدات. هەر لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا پۆلیسی ئایینی و ئه‌خلاقیی سعوودیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتەکانی کەم کراوەتەوە و، دواتریش بڕیار درا ئەم پۆلیسە بهێنرێتە ژێر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی سعوودیا کە پێشتر ئەو هێزە لەژێر چاودێریی "دەستەی ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە" کاریان دەکرد کە ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی شای سعوودیادا بوو.

سیسته‌می سیاسی و كۆمەڵایەتیی سعوودیا بە یەكێك لە كۆنزێرڤاتیڤترین و داخراوترین سیسته‌مەكانی جیهان دادەنرێت. شازادەی جێنشین بە ڕۆژنامەی "گاردیەن"ی بریتانیی ڕاگەیاندووە كە سعوودیا دەگەڕێنێتەوە بۆ "ئیسلامێكی میانڕەو". بە بۆچوونی بن سەلمان، ئەوەی لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ڕووی داوە شتێكی "سعوودی" نەبووە. سعوودیا پێویستی بە لێكدانەوەیەكی دیكەیە بۆ ئیسلام.

هێژموونیی ئێران لە ڕێگەی شیعەکانی کەنداو و وڵاتانی تر

لە ماوەی ڕابردوو و بەدیاریکراویش لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و کۆتاییهاتنی داعش لە عێراقدا، ئێران هێژموونییه‌کی بێئەندازەی دروست کردووە و بۆتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر سعوودیا، بەتایبەت لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە، کە ئێران خەریکی تەواوکردنی پڕۆژە مێژوویییەکەیەتی کە بە "هیلالی شیعی" دەناسرێت؛ بەمەیش سعوودیای تووشی ترس و دڵەڕاوکێ و گومانێکی بەردەوام کردووە.

عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیا، لە نێوه‌ندی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی، ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئێراندا دەستەوەستان ناوەستێت و، بێدەنگبوون لەو دەستدرێژییانەیش، کە ئێران لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانییەوە ئەنجامی دەدات، وای کردووە پایتەختی هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی ئارام نەبێت. شیعەکانی کەنداو ئامرازێکی تری سیاسی و دیپلۆماسی و مەزهەبین بەدەست ئێرانەوە بۆ گوشارخستنە سەر سعوودیا و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و مەزهەبیی سعوودیا، بەتایبەت لە وڵاتانی قەتەر، ئیمارات، کوێت و بەحرێن؛ کە ئێران هەوڵ دەدات گرووپە شیعەکانی ئەم وڵاتانە بجووڵێنێت و لە ڕێگەیانەوە هێژموونیی سعوودیا کەم بکاتەوە، بەتایبەت ئەو گرووپە شیعییانەی كه‌ لەو چوار وڵاتەدا لە دەرەوەی دەسەڵاتن و بە هۆی سیاسەتی مەزهەبییەوە پەراوێز خراون.

- سووریا

سووریا یەکەیەکی ترە، کە ئێران لە دوای بەهاری عەرەبییەوە بە کۆڵەگەیەکی سەرەکیی مانەوە و ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد لە بەرامبەر نەیاران و هێزە سونییەکانی ناوچەکە دادەنرێت. سووریا بۆ ئێران قووڵایییەکی ستراتیژیی هەیە و، لە ڕووی جوگرافیای سیاسی و مەزهەبییەوە ئێران دەتوانێت لە ڕێگەی سووریاوە بگات بە دەریا و، ڕووبەری ئاوی و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی بەیەکەوە بگەیەنێت؛ بەمەیش سعوودیا بێڕۆڵ و بێهێز دەکات و جووڵە سیاسییەکانی سنووردار دەکات.

- لوبنان

ئێران لە ڕێگەی حزبوڵڵاوە توانیویەتی کۆنتڕۆڵی زۆرینەی جومگەکانی حوكمڕانی لەو وڵاتەدا بکات و، هێزە سونییەکانی لوبنان، کە زیاتر لە سعوودیاوە نزیکن و ئاڕاستە دەکرێن، بێهێز و لاواز بکات. لە مانگی ڕابردوودا سەرۆکوەزیرانی لوبنان، "سەعد حەریری، کە نوێنەرایەتیی سوننەکانی ئەو وڵاتە دەکات، بە پاساوی دەستوەردان و ڕۆڵی ئێران لە وڵاتەکەی، لە سعوودیاوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند؛ کە دواتر پاشگەز بووەوە، بەو مەرجەی ئێران واز لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی بهێنێت. لە لایەکی ترەوە خالید ئەحمەد خەلیفە، وەزیری دەرەوەی بەحرێن، لە کۆبوونەوەکەدا ڕای گەیاند لوبنان لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی حزبوڵڵادایە و، ئەوەیش هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییی عەرەب. وەزیری دەرەوەی بەحرێن ئاماژەی بەوە کرد حزبوڵڵا لە عێراق و سووریا و یەمەنیش بوونی هەیە و، حکوومەتی ئێرانی تۆمەتبارە بەوەی، دەیەوێت وڵاتەکانیان بڕووخێنێت و کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات؛ بۆیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، سڵ لە هیچ شتیک ناکاتەوە.

- عێراق

بۆچوونێک هەیە پێی وایە ئێران سوودمەندی سەرەکی بووە لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا، چونکە ئەمریکا لە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق شکستی هێنا و، ئێرانیش لە ئەنجامی ئەمەدا توانیی پڕۆژە تایبەت و ستراتیژییەکانی خۆی لە عێراق، بەتایبەتیش لە ناوچە شیعەنشینەکان جێبەجێ بکات و، ببێت بە ئەکتەرێکی سەرەکی و، ڕۆڵی دیاری لە یەکلاکردنەوە و ئاڕاستەکردنی قەیران و کێشە سیاسییەکانی عێراقدا هەبێت. ئێران لە عێراق، زیاتر مەبەستی بوو پڕۆژەکانی ئەمریکا لاواز بکات و کۆسپیان بۆ دروست بکات و کاراکتەرە سیاسییە عێراقییەکان ناچار بکەن گوشار بۆ ئەمریکا ببەن تا عێراق جێ بهێڵن، بەتایبەت لە ڕێگەی بریکار و هێزە هاوسۆزەکانی. لە لایەکی ترەوە ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بوو بۆ پێکهاتەی شیعە، تا بتوانن بە شێوەیەکی یەکگرتوو بەشداری لە حکوومەت بکەن و سەرجەم جومگەکانی حوکمڕانی بۆ خۆیان قۆرخ بکەن و هێزە سوننی و کوردییەکان پەراوێز بخەن.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە ٢٠٠٣دا، عێراق یەکەم وڵاتی عەرەبی بووە کە لە لایەن پێکهاتەی شیعەوە بەڕێوە ببردرێت؛ دوای ڕووخانی فەرمانڕەواییی فاتیمییەکان لە میسر لە ساڵی (١١٧١). ئەمە دەرفەتێکی مێژوویی بوو بۆ ئێران، تا لە ڕێیەوە بێتە ناو عێراق، بەتایبەتیش بە هۆی بۆشایری ئەمنی و هەڵوەشاندنەوەی سوپای بەعسەوە و، دواتریش بە هۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ٢٠١١دا. دوای داگیرکردنی بەشێکی خاکی عێراقیش لە لایەن داعشەوە، بە فەتوایەکی مەرجەمی باڵای شیعەکان "عەلی سیستانی"، "حەشدی شەعبی" دروست دەبێت وەک هێزێکی شیعی و، هێندەی تر ئێران هێژموونیی خۆی بەسەر عێراق و دامەزراوە سیاسی و سەربازییەکانیدا دەسەپەنێت، بەمەیش هێزە سوننییەکان زیاتر پەراوێز دەخرێن و ڕۆڵی سعوودیایش جارێکی تر سنووردار دەکرێت.

- یەمەن

کاتێک بەهاری عەرەبی، "یەمەن"یش دەگرێتەوە، ئێران حووسییەکانی یەمەن، کە گرووپێکی گەورەی شیعەی ئەو وڵاتەن، هان دەدات و ئاڕاستەیان دەکات بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست و بیانکات بە گوشار و هەڕەشە بۆ سەر سعوودیا، بەتایبەت یەمەن لە ڕووی جوگرافییەوە هاوسنوورە لەگەڵ سعوودیا و هەرگۆڕانکارییەک لە سیسته‌می سیاسی، کاریگەریی بۆ سەر سعوودیا دەبێت. دوای تێکچوونی پەیوەندیی نێوان حووسییەکان و هێزەکانی سەر بە حزبی کۆنگرەی گشتیی گەلی یەمەن کە "عەلی عەبدوڵڵا ساڵح" سەرکردایەتیی دەکرد، لە ڕۆژی شەشەمی شەڕ و پێکدادانەکان حووسییەکان توانییان عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بکوژن کە لە لایەن سعوودیاوە لە دژی ئێران پاڵپشتی دەکرا. دواتریش "حەسەن ڕۆحانی" لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند كه‌:  "ئێران دوو شتی لە سعوودیا دەوێت: وازهێنان لە پەیوەندی لەگەڵ زایۆنیزم/ئیسڕائیل و، وەستاندنی بۆردوومانەکانی سەر حووسییەکان لە یەمەن."

ململانێکانی ئێران و سعوودیا و داهاتووی عێراق

ڕەنگە ئێران لە هەموو وڵاتانی تر ستراتیژی و پلانی ڕوونتری لە عێراقدا هەبێت، بەتایبەت دوای کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق و نزیکبوونەوەی لە هەڵبژاردن و دووبارە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ. یەکێک لە ستراتیژییەکانی ئێران لە عێراق، پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراق و ڕێگریکردنە لە دابەشبوون؛ ئەمەیش بەڕوونی لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧دا بینرا. ئێران ترسی لەوە هەبوو بە جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان، سوننەکانی عێراقیش جیا ببنەوە و، عێراق لە سووریا داببڕێت و، بەمەیش سعوودیا بەئاسانی دەتوانێت پڕۆژەی "هیلالی شیعی" لەبار ببات و کۆتاییی پێ بێنێت.

لە لایەکی ترەوە ئێران کار بۆ ئەوە دەکات لە دوای داعشەوە خاکی عێراق بکات بە ڕێرەوێکی سەرەکی بۆ گرێدانی ناوچەکانی ناو پلانە ستراتیژییەکەی لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە عێراق بە سووریاوە دەبەستێتەوە لە ڕێگەی هێزێکی وەک حەشدی شەعبییەوە و، لە ئێستایشدا چەند ناوچەیەکی سنووری نێوان عێراق و سووریا لە لایەن میلیشیا شیعەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و دانیشتووانی سوننەمەزهەبی ناوچەکە ڕاگواستراون، تا ناوچەیەکی تەواو شیعەنشین دروست بێت و، ببێت بە دەروازەیەکی کراوە بۆ ئەوەی بەئاسانی بگات بە سووریا تاکوو چەکی قوڕس و پێداویستیی سەربازی بەناو سووریادا بۆ حزبوڵڵا لە دژی سعوودیا و ئیسڕائیل بنێرێت. لە لایەکی ترەوەیش سعوودیا هەوڵ دەدات سوننەکانی عێراق ڕێک بخاتەوە بۆ ئەوەی وەک هێزێکی کاریگەر دەربکەون و، لە هەڵبژاردنەکان بەشدار بن و لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا ڕۆڵیان هەبێت و ڕێگە بە ئێران نەدەن هەموو جومگەکانی حوكمڕانی لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە دەست بەسەردا بگرن. لەم نێوەندەیشدا هەم ئێران و هەم سعوودیایش هەوڵ دەدەن کورد وەک هێزێکی سەرەکی لە پڕۆسەی داهاتووی عێراقدا بە لای خۆیاندا ڕابکێشن تا بەرامبەر یەکتر کاریگەرتر دەربکەون و باڵانسی هێزی خۆیانی پێ بکەن.

توانا سەربازییەکانی ئێران و سعوودیا

ئەم دوو وڵاتە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان توانا و هێزی سەربازییان لە دژی یەکتر بەرز بکەنەوە، وەک بنەمایەک بۆ هاوسەنگیی هێز لە نێوانیان و دروستکردنی دڵنیایی و ئاسایشی زیاتر لە بەرامبەر یەکتردا. ئێران لە ڕووی سەربازییەوە لە ئاستی جیهان لە پلەی ٢٣یەم دێت و، سعوودیایش بە پلەی ٢٨. لە ڕووی چەندێتی و ژمارەی سەربازەوە ئێران بە هێز و گرووپە پڕۆکسی/نوێنەرەکانیشییەوە ٤٦ ملیۆن سەربازە و، سعوودیایش ١٥ ملیۆن. ئێران خاوەن ١٦٥٨ تانکە و سعوویایش ١٢١٠. لە ڕووی هێزی دەریایییەوە ئێران خاوەنی ٣٩٧ کەشتیی دەریایییە بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە کاتێکدا سعوودیا تا ئێستا بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٣ خاوەنی ٥٥ کەشتیی دەریایییە. ئێران خاوەن ٣٢ ژێردەریایییە و سعوودیا تا ئێستا ژێردەریاییی نییە.

لە ڕووی هێزی ئاسمانیشەوە ئێران خاوەن ٤٧١ فڕۆکەی جەنگییە و سعوودیاش ٦٧٥ و ئێران خاوەن ١٣٧ فڕۆکەی شەڕکەر و سعوودیا ١٥٥ و ئێران خاوەن ١١٩ فڕۆکەی هێرشبەر و سعوودیا خاوەن ٢٣٦ و لە لایەکی ترەوە ئێران خاوەن ٣١٩ فڕۆکەخانەیە و سعوودیا خاوەن ٢١٩ فڕۆکەخانە. لەگەڵ ئەمانەیشدا ئێران لە ڕووی مووشەکەوە چوارەمین وڵاتە و لە دوای هەر یەک لە "ئەمریکا"، "ڕووسیا" و "چین"ەوە دێت و بەردەوامیش لە هەوڵی ئەوەدایە توانای پێکانی مووشەکەکانی باشتر و دوورتر بکات، یەکێک لەو مووشەکانەی جۆری بالیستیی عاشوورایە، کە مەوداکەی دەگاتە ٢٥٠٠ کم. لە بواری ئەتۆمییشەوە ئێران خاوەن بەرنامەیەکی ئەتۆمی و ژمارەیەک وێستگەی ئەتۆمییە کە بەناوبانگترینیان "وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر"ە لە کاتێکدا سعوودیا تا ئێستا خاوەن هیچ پڕۆگرامێکی ئەتۆمی نییە.

دەرەنجام:
ئێران و سعوودیا دوو هێزی هەرێمیی کاریگەرن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەر دوو هێزیش لە ململانێ و کێبڕکێدان لەگەڵ یەکتر بۆ پارێزگاریکردن لە ناسنامە مەزهەبییەکەی خۆیان و فراوانکردنی بازنەی هێژموونیی خۆیان. بۆ ئەم مەبەستەیش هەموو هێز و توانا سەربازییەکانیان بەکار دێنن و، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی هێزە پڕۆکسییەکانیانەوە لە دەرەوەی جوگرافیای خۆیشیان درێژە بەو ململانێیە بدەن، بەتایبەت لە دوای هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی و لەناویشیدا لە عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان. لە ئێستایشدا لە دوای کۆتاییهاتنی داعش، ئێران دەیەوێت بەرنامە ستراتیژییەکانی خۆی بە سوودوەرگرتن لە گۆڕینی دیمۆگڕافیا و جیۆپۆلیتیکی عێراق و بەستنەوەی بە سووریا جێبەجێ بکات و، بگات بە دەریای سپیی ناوەڕاست و سعوودیا بەتەواوی گەماڕۆ بدات. لە بەرامبەریشدا سعوودیا دەیەوێت لە ڕێگەی چاکسازی لە سیسته‌می حوكمڕانییەوە دووبارە بنەماکانی هێزی وڵاتەکەی دابڕێژێتەوە و نۆژەن بکاتەوە و ڕووبەڕووی ئێران و هاوبەشەکانی ببێتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples