نزیکبوونەوەی تورکیا و ڕووسیا

مێژووی پەیوەندییەکانی  تورکیا-ڕووسیا

ڕووسیا و تورکیا خاوەن پەیوەندییەکی مێژوویی و قووڵن لەگەڵ یەکتردا. لە کاتی جیاواز و بە فۆڕمی جیاواز و بە ئەکتەری جیاوازەوە ئەو پەیوەندییانە لەسەر ئاستەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ئامادەییی هەبووە و هەندەسەیەکی سیاسیی گەورە پەیوەندییەکانیانی ئاڕاستە کردووە و بەڕێوە بردووە؛ هەر لە سەردەمی ئیمپڕاتۆرییه‌تی عوسمانی و تزارەوە تا جەنگی سارد و سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت و دونیای دوای جەنگی سارد و ڕووسیای ئێستا. پەیوەندییەکان کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی بەرژەوەندی و دۆخ و ململانێکانی جیهان و ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و سروشتێکی تایبەت و بنەمایەکی تایبەتی وەرگرتووە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠دا و لە سەردەمی پێش حکومڕانیی ئاکپارتی/حزبی داد و گەشەپێدان، پەیوەندیی ئابووریی نێوان تورکیا و ڕووسیا ساڵانە ٤ ملیار دۆلار بووە و، لە ساڵی ٢٠١٣دا گەیشتۆتە ٣٢ ملیار دۆلار و، بەمەیش ڕووسیا، بووە بە دووەم وڵاتی هاوبەشی ئابووریی تورکیا.
٢٤ی نۆڤه‌مبەری ٢٠١٥، فڕۆکەیەکی ڕووسی لە جۆری سیخۆی ٢٤ لە لایەن تورکیاوە لە سنووری نێوان تورکیا-سووریا خرایە خوارەوە؛ بەمەیش پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا ئاڵۆزیی تێ کەوت و بەرەو خراپی چوو. دۆسیەی سووریای دوای بەهاری عەرەبی، بەردەوام یەکێک بووە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا و، هەر یەکەیان دونیابینیی جیاواز و بەرنامەی سیاسیی جیاوازی بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سووریا هەبووە. ئەم دوو جیهانبینییە سیاسییە جیاوازە، ئاست و شێوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەی بەرەو خراپی برد. لە ئۆگەستی ٢٠١٦دا ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەردانی ڕووسیا دەکات و لە سان پێتێرزبورگ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆ دەبێتەوە. سەردانەکە لەسەر ئاستێکی باڵای دیپلۆماسی بەڕێوە چوو و گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی تا ڕاددەیەک خاو کردەوە. ئەردۆغان و پووتین لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ١٢ خاڵ ڕێک کەوتن کە گرنگترینی، دۆسیەی وزە و گازی سروشتی بوو. بەپێی ڕێککەوتنەکە ڕووسیا ده‌بووایه‌ پەرە بە پڕۆسەی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا بدات لە ڕێگەی جوگرافیا و خاکی تورکیاوە؛ بۆ ئەم مەبەستەیش هێڵی بۆڕیی نوێی گازی سروشتی بەناو خاکی تورکیادا ڕابکێشێت بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا و باشووری ئەوروپا. جیا لەوەی کۆمیتەیەکی باڵا بۆ گەشەپێدانی کەرتی ئابووری بەگشتی لە نێوان هەر دوو وڵاتدا پێک بهێنرێت لەگەڵ پێکهێنانی لووتکەی ڕووسیا-تورکیا-ئازەربایجان بۆ هەماهەنگیی زیاتری کەرتی وزە.

 چوارچێوەی تیۆری:

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو ئەکتەری نێودەوڵەتی، دەکرێت لە ڕوانگەی یەکێک لە تیۆرییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان خوێندنەوە و شرۆڤەی بۆ بکەین و مانا و ڕەهەندە جیاوازەکانی پەیوەندییەکە باشتر دەربخەین. یەکێک لەو تیۆرییانە تیۆریی لیبڕاڵیزم و پشتبه‌ستن به ‌یه‌كتر.

- تیۆریی لیبڕاڵیزم و پشتبه‌ستن بە یەکتر و هاریکاریی ئابووری:

ئەم تیۆرییە پێداگری لەسەر پرسی ئابووری و هاوکاری و مامەڵەی بازرگانیی ئازاد و سەرمایەداریی بازاڕ دەکات، وەک ئامرازێک بۆ هێنانەدیی ئاشتی و خۆشگوزەرانیی نێوان ئەکتەرەکان. لەم ڕوانگەوەی کە هیچ ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی ناتوانێت بەتەنیا پشت بە خۆی ببەستێت و بەردەوام بێت و، هەموو پێداویستییە سیاسی و ئابووری و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی دابین بکات؛ بۆیە لەگەڵ ئەکتەر، یان چەند ئەکتەرێکی تردا پشت بە یەکتر دەبەستن و تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا دروست دەکەن بە مەبەست و ئامانجی خۆشگوزەرانی و ئاسایش و ئارامیی زیاتر. تورکیا و ڕووسیا لەم گۆشەیەوە، هەوڵ دەدەن لە یەکتر نزیک ببنەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر فراوان بکەن و، ببن بە دوو هاوپەیمانی یەکتر ئەگەر بە شێوەیەکی ستراتیژییش نەبێت. لە لایەکی ترەوە تورکیا و ڕووسیا مەبەستیانە جۆرێک لە هاوسەنگیی هێز و هاوسەنگیی سیاسی لە بەرامبەر ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا دروست بکەن و، بوار نەدەن سیسته‌می هه‌رێمیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا بەتایبەتی، زیان بە پێگەی ستراتیژییان بگەیەنێت.

ڕۆڵی وزە و هێڵی تورکیش ستریم لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ڕووسیا:

تورکیش ستریم یارمەتیی تورکیا دەدات سەرچاوەکانی دابینکردنی گازی سروشتی، هەمەجۆر و فرەجۆر بکات و، بەتەنیا لە دەرچەیەکی دیاریکراو و تایبەتدا گازی سروشتی هاوردە نەکات. بەمەیش دەتوانێت باشتر بەسەر یارییە سیاسی و ئابوورییەکاندا زاڵ ببێت و کارتی جیاواز جیاوازی بەرامبەر ئەکتەرە سیاسییەکان هەبێت و، بەسەر ئەم بەها و بنەمایانەی کە سیسته‌می هەرێمی ناوچەکە نمایندەی دەکات، زاڵ بێت. بۆ ڕووسیایش ستراتیژییەتێکی نوێ دەبێت؛ دەتوانێت ڕێڕەوی هەناردەکردنی گازی سروشتیی بەرهەمهاتووی، بە هۆیەوە لە باکووری ئەوروپاوە بگۆڕێت بۆ باشووری ئەوروپا لە ڕێگەی تورکیاوە. ئەمەیش هێـمایەکی سیاسیی گەورە بۆ ڕووسیا لە مەسەلەی وزە و دروستکردنی گوشاری سیاسی، گازی سروشتی و داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان و هاوسەنگیی هێز بەرامبەر ڕۆژاوادا دێنێتە کایەوە.

تورکیا گازی سروشتی بە ڕێژەی ٩٩% لە دەرەوە هاوردە دەکات کە ساڵانە دەکاتە ٦٠ ملیار مەتر سێجا و، لەم ڕێژەیەیش ٦٠% لە ڕووسیایە. تورکیا بەردەوام پێویستیی بە وزەیە و، پێویستیی بە بڕێکی زۆری گازی سروشتییە. بەردەوام بە دوای هاوپەیمان و بکەرێکی بە وزە دەوڵەمەند و زەنگیندا دەگەڕێت. تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەیدا، ڕژدە لەسەر ئەوەی دۆستێکی هەبێت خاوەن وزە و سەرچاوەی سروشتی بێت و لە ڕووی جوگرافییشەوە لێیەوە نزیک بێت. ڕووسیایش بە دوای کڕیار و دۆستێکی سیاسی و خاوەن هێژمووندا دەگەڕێت؛ ئەکتەرێکی خاوەن جیۆپۆلیتیکێکی دەوڵەمەند کە لە بەشێکی ئەوروپای نزیک بکاتەوە و دەستی پێ بگات. ڕووسیا هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەوروپا یەکێک لە کڕیارە بەردەوامەکانی بێت. ئەوروپا جەمسەرێکی مەزنی بڕیاری سیاسیی ئەمڕۆی جیهانە و، ڕووسیایش بە هۆی کارتی وزەوە مەبەستییەتی بەشێک لەو بڕیارانەی ئەوروپا سنووردار و بێڕۆڵ بکات، بەتایبەت کاتێک ئەوروپا وەک هێزێکی ڕکابەر و ململانێکار لەگەڵ ڕووسیادا دەجووڵێته‌وه‌. تورکیا دەتوانێت باشووری ئەوروپا و ڕووسیا ڕاستەوخۆ بە یەکتر ببەستێتەوە و وەک وڵاتێکی ڕێڕەو/تڕانزێت ڕۆڵی هەبێت لە مامەڵە ئابوورییەکانی نێوانیاندا. لەم نێوەندەدا، تورکیا و ڕووسیا بە هۆی مەسەلەی وزە و هاوسەنگیی هێز و بازاڕ و دروستکردنی گوشارەوە، دەتوانن قۆناغێکی نوێ و خولێکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان بە ڕەگەز و بەرژەوەندیی نوێوە دابڕێژن و، ببن بە هاوپەیمانێکی سیاسی و بلۆکێکی سیاسی لە ناوچەکەدا.

پلانی "ڕووسیا لە بری یەکێتیی ئەوروپا" لە لایەن تورکیاوە

 لە دوای نیو سەدە زیاتر لە هەوڵی تورکیا بۆ بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەمڕۆ پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-یەکێتیی ئەوروپا لە خراپترین ئاست و قۆناغدایە. لە ٢٠١٧دا یەکێتیی ئەوروپا پڕۆسەی بەئەندامبوونی تورکیا ڕادەگرێت و، لە بەرامبەریشدا ئەردۆغان ئەڵمانیا تاوانبار دەکات و بە زیندووکردنەوەی نازیزم ناوی دەبات. دیارە تورکیا ماندوو بووە بە هۆی چاوەڕوانییەکانی لە بەردەم یەکێتیی ئەوروپا و ئەو پاکێجە زۆرەی چاکسازی کە یەکێتیی ئەوروپا بەسەریدا سەپاندووە، بەتایبەت چاکسازییەکانی بواری حکومڕانی و مافەکانی مرۆڤ و مافی پێکهاتەکان و ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی و هتد. لەم ڕوانگەیەوە تورکیا دەیەوێت ڕووسیا وەک پلان Bی لە بری یەکێتیی ئەوروپا بەکار بێنێت و، بیکات بە جێگرەوەی یەکێتیی ئەوروپا؛ بۆ ئەوەی چیتر ملکەچی داخوازی و ڕیفۆرمەکانی ئەو یەکێتییە نەبێت و لەژێر چەتری سیاسەت و ستراتیژییە گشتییەکانی ئەوروپا و ڕۆژاوا بەگشتی دەربچێت.

هەرێمی کوردستان له‌نێو هاوکێشەکەدا:

لە ئێستادا بەشێک لە کۆمپانیا ڕووسییەکان لە هەرێمی کوردستان، خەریکی کارکردنن لە بواری نەوت و گازی سروشتیدا و، ساڵی پاریش حکوومەتی هەرێم ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆسنەفت، کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی ڕووسیا، واژوو کردووە. ڕووسیا لە دوای ڕووخانی بەعسەوە، هەمیشە چاوی لەوە بووە لە عێراق و لەناویشیدا لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هەبێت، تا بتوانێت لە ڕێگەی مەسەلەی ئابوورییەوە هێژموونی و کاریگەری بۆ خۆی دروست بکات و، بیکات بە جوگرافیایەکی نیمچە ڕووسی! لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە لە ئاستێکی باشدا نییە و، تورکیا هەرێمی کوردستان بە پارچەپارچەکردنی خاکی عێراق و پێشێلکردنی دەستوور تاوانبار دەکات.

دەکرێت نزیکبوونەوەی ڕووسیا و تورکیا کاریگەریی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا هەبێت؛ بەو پێیەی تورکیا پێویستیی بە هەرێمی کوردستانە وەک بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی لە لایەک و، کڕینی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستانیش لە لایەکی ترەوە. تەنانەت دەکرێت تورکیا جارێکی تر لەژێر گوشاری ڕووسیاوە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بکات لە حکوومەتی داهاتووی عێراق، بەتایبەت لە ئێستادا تورکیا هەست بە بێهێزی و لاوازیی سوننەکان دەکات لە عێراق و، تێ دەگات کە بە هۆی پەراوێزخستنی سوننەکانی عێراق لە پڕۆسەی حکومڕانییەوە، دەبێت هەرێمی کوردستان وەک جێگرەوەیەک بۆ هاوسەنگکردنی هێز لە عێراقدا بەکا ربهێنرێت و دووبارە ڕۆڵی پێ ببەخشرێتەوە تا پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا و تورکیا بەردەوام بێت.

دەرەنجام:
نزیکبوونەوەی ڕووسیا و تورکیا، پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە. ئەم دوو دەوڵەتە دەیانەوێت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی و بە شێوازێکی تەکتیکییش بێت پەیوەندییەکانیان پەرە پێ بدەن، بەتایبەت لە بواری سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە. دەکرێت ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه‌ كاتی و سنووردار بێت. توركیا و ڕووسیا ناتوانن تاسه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ لەگەڵ یەکتردا بمێننه‌وه‌ و پەیوەندییەکانیان پەرە پێ بدەن، گۆڕانکارییە سیاسییه‌كانی ناوخۆی توركیا و كاریگه‌ریی ئه‌كته‌ره‌ نادەوڵەتییەکانی تری ناوچەکە هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان له‌ نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیادا دادەڕێژێتەوە و، بەمەیش ئەم پەیوەندییەی نێوان ڕووسیا و تورکیا ئەگەری هەیە لەبار ببرێت و تێک بچێت. ولە لایەکی ترەوە‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی توركیا له‌ ڕۆژاوا و یەکێتیی ئەوروپا و نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ ڕووسیا، ئاسایشی وزە وه‌كوو كارتێكی گوشار ده‌كه‌وێته‌‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆیان و، سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا نایه‌وێت جارێكی تر بكه‌وێته‌ په‌راوێزی هاوكێشه‌ هەرێمییەکان، به‌تایبه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دوورکەوتنەوەی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples