سەرەتا:
لە دوای بەهاری عەرەبی و پەڕینەوەی شۆڕشەکە بۆ سووریا، ڕۆژاوای کوردستان دەبێت بە ستاتۆیەکی تایبەت و هێزێکی نزیک لە ئەمریکا و، ڕۆڵێکی کارا و بەرچاویشی دەبێت لە تێکشکاندنی داعش لە سووریادا. هەر لەو کاتەوە یەکێک لە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بێهێزکردن و بێڕۆڵکردنی ڕۆژاوای کوردستان و هێزەکانی پەیەدە و یەپەگە دەبێت؛ بەو پێیەی کە تورکیا ئەم هێزە بە درێژکراوەی پەکەکە و بە مەترسییەکی گەورەیشیان دادەنێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوییی وڵاتەکەی.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠-١-٢٠١٨، سەرەڕای تۆپبارانی چڕ، سوپای تورکیا بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانییەوە بۆردوومانی بنکە و بارەگاکانی یەپەگە لە "هەرێمی عەفرین"ی سەر بە ڕۆژاوای کوردستان دەکات و تا ئێستایش بەردەوامە و، پێدەچێت گۆڕانکاری لە هاوکێشەی هێز و دووبارە دابەشکردنەوەی ڕۆڵ و هاوپەیمانێتیی نێوان هێزەکان بێنێتە کایەوە.
چوارچێوەی تیۆری:
یەکێک لەو تیۆرییانەی کە سیاسەتی نێودەوڵەتیی پێ دەخوێنرێتەوە و شرۆڤە دەکرێت، تیۆریی ڕیاڵیزمە. هەوڵ دەدەین لە ڕوانگەی تیۆریی ڕیاڵیزمەوە دۆخی ڕۆژاوای کوردستان و سیاسەتی نێودەوڵەتی شرۆڤە بکەین و ڕەفتاری هەر یەک لە ئەکتەرەکان دیاری بکەین.
ئەم تیۆرییە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هەمیشە سیستهمی نێودەوڵەتی لە دۆخی پاشاگەردانی و "ئەنارشیزم"دایە و هیچ دەسەڵات و، حکوومەتێکی بان-دەوڵەتی و نێودەوڵەتی نییە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان ڕێک بخات و، نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە ئەو ئەرک و ڕۆڵە ببینێت. لەم نێوەندەیشدا بە هۆی نەبوونی دەزگهیەکی نێودەوڵەتییەوە قەیرانی ئاسایش دروست دەبێت؛ بەمەیش هەموو ئەکتەرەکان هەوڵ دەدەن خۆیان پڕچەک بکەن تا وڵاتێکی تر داگیریان نەکات و بمێننەوە و بچووک نەبنەوە و لەناو نەچن. لەژێر بنەما و ڕەگەزەکانی ئەم تیۆرییەدا، دەکرێت بڵێین ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوو دەدات نەبوونی حکوومەتێکی نێودەوڵەتی و بڕیاربەدەستە و، بەمەیش هەموو ئەکتەرەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە هەوڵی هێژموون و مانەوە و مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆیان دەدەن.
سیاسەتی دەرەوەی تورکیا:
بەدیهێنانی ئاسایشی نەتەوەیی و پارێزگاریکردن لە یەکێتیی دەوڵەت بەگشتی، ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی تورکیایە؛ جا بە دیاریکردنی سەرچاوەی هەڕەشەکان بێت کە ڕووبەڕووی یەکپارچەییی دەوڵەت دەبێتەوە و لە ناوخۆی وڵاتدا گەماڕۆی دەدەن، یان بە هەڕەشەی دەرەکی بێت لە ژینگەی دەرەوە. تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا هەمیشە تیشک دەخاتە سەر پاراستنی دۆخی ناوخۆیی و سنوور و سیستهمە سیاسییەکەی، چونکە ترسێکی زۆری لە ئاڕاستەکانی دابەشبوون هەیە لە لایەن بەشێک لە پێکهاتە ئیتنی و جیاوازەکانی وەک کورد، عەرەب، ئەرمەن و یۆنانییەکان؛ بەڵام ترسە سەرەکی و گەورەکەی لە کوردە. سەرەڕای ئەمانەیش، تورکیا هەوڵ دەدات پێگەیەکی هەرێمی لە ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی بەدەست بهێنێت.
کێشەی کورد لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا پێگەیەکی بەرچاوی هەیە و بە جۆرێک بەشێک لەو ناڕەحەتی و گومانەی تورکیا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، خۆی لە ڕەهەندێکی نەتەوەییدا دەبینێتەوە، چونکە کورد گەورەترین گرووپی ئیتنی لە تورکیا پێک دێنێت کە هێشتا مافە بنەڕەتی و سیاسییەکانی پێ نەدراوە. سەرباری ئەوەی لە ئاستی ناوخۆدا کورد بووەتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ لاوازکردنی سیستهمی سیاسیی تورکیا، کە دوژمنە دەرەکییەکانیشی وەک کارتی گوشار بۆ لاوازکردنی پێگە سیاسییەکەی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئەو وڵاتە بەکاری دێنن.
تورکیا و مەسەلەی کورد لە سووریا:
تورکیا لە دوای بەهاری عەرەبییەوە هەمیشە کوردانی سووریای بە سەرچاوەیەکی سەرەکی زانیوە بۆ سەر دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، بەو پێیەی کە هێزەکانی پەیەدە و یەپەگە کە ئەکتەری سەرەکیی ڕۆژاوای کوردستانن بە درێژکراوە و بەشێکی سەرەکی لە "پەکەکە" دادەنێت و هەموو هەوڵێک دەدات تا کورد هیچ پێگەیەکی سیاسی و یاسایی و ستراتیژی و نێودەوڵەتیی نەبێت و پەراوێز بخرێت. لە لایەکی ترەوە تورکیا، بەتایبەت ئاکەپە وەک حزبی دەسەڵاتدار، وا هەست دەکات نزیکبوونەوەی ئەمریکا و پەیەدە، بێڕۆڵکردنی تورکیایە لە سووریا و دواجاریش لەناو خودی تورکیادا. ئەمە جگە لەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سوپای سووریا، ڕێک کەوتوون لەسەر دابەشکردنی بەشێک لە یەکەکانی سوپای سووریا لەسەر سنوور بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگەنەدان بە فڕۆکەکانی تورکیا کە بەسەر ئاسمانی عەفریندا بسووڕێنەوە و بەمەیش تورکیا ٨٠% سەرچاوەی هێرشبردن لەدەست دەدات و تەواو لە سووریادا بێڕۆڵ و لاواز دەبێت.
ئۆپەراسیۆنەکەی سەر عەفرین و ئامانجەکانی:
تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ سەر عەفرین چەند ئامانجێکی ستراتیژی و جیۆسیاسیی هەیە لەوانە:
- لاوازبوونی پەیەدە لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە باکووری سووریا، یەکسانە بە سەقامگیری و ئارامی لە ناوخۆی تورکیادا.
- پچڕاندنی پەیوەندی لە نێوان کوردانی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان و پچڕاندنی پەیوەندی لە نێوان خودی کانتۆنەکان لە باکووری سووریادا.
- نەگەیشتنی کورد بە ئاو و دەروازەی جیۆپۆلیتیکی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستدا.
- ئەزموونی خۆڕێکخستنی کورد و مۆدێڵی کانتۆنەکان لە سووریا، بەتایبەت لە ڕووی سەربازی و مەدەنییەوە، کوردانی باکوور و تەنانەت باشووریش دەستکراوەتر دەکات و، بەمەیش قوڕسایی و گوشارەکان بۆ سەر تورکیا زیاتر دەبن.
- لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە کوردانی ڕۆژاوا چەندی پاڵپشتیی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپایان هەبێت، ئەوەندە تورکیا زیاتر ناچار دەبێت سیاسەتی دەرەوە و ناوەوەی خۆی دابڕێژێتەوە و لە بەرژەوەندیی کورددا دەستکاری بکات.
گەڕانەوە و هەستانەوەی ڕووسیا لە ڕێگەی سووریاوە:
لە دوای "بەهاری عەرەبی"یەوە، ڕووسیا بەقووڵی هاتۆتە نێو سووریاوە و، ئەو وڵاتەیش بە قووڵاییی ستراتیژیی خۆی لە ململانێی لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشەکانی، دادەنێت. ڕۆڵی ڕووسیا هەر بەتەنیا لە سووریادا نییە، بەڵکوو لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ بونیادنانی هێز و فراوانخوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ لە ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەیشدایە لەگەڵ ئەمریکادا. بەمەیش پووتین وەک جەمسەرێکی سەرەکی لە داڕشتنی سیاسەتی وڵاتەکەی، خاوەن ستراتیژییەتێکی تۆکمە و فرەلایەنە. زۆر لێزان و کارامەیە لە هونەری دروستکردن و بەرهەمهێنانی هێز؛ ئەمەیش ڕێگهی بۆ گەڕانەوە و هەستانەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش و ئاسان کردووە.
ڕووسیای ئەمڕۆ خۆی وەک هێزێکی بریندار و غەدرلێکراو و پەراوێزخراو دەبینێت و، بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە چۆن هەڵبستێتەوە و داکۆکی لە خۆی و ناسنامهی مانەوەی خۆی بکات. یەکێک لەو ئامرازانەی کە ئەم ئامانجە بۆ ڕووسیا فەراهەم دەکات، تەکنەلۆژی و پیشەسازیی چەک و سەربازییە. کۆمپانیاکانی چەک لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی کەرەستە سەربازییەکانەوە، هەم چەک و تەکنەلۆژیی سەربازیی نوێ بەرهەم دێنن وەک ڕێگهیەک بۆ داڕشتنەوەی هێز، هەمیش دەبن بە سەرچاوەی داهات و، دەبن بە بەشێک لە بووژانەوەی کەرتی ئابووریی وڵاتەکەیان.
ڕۆژی دووشەمه ١٩ی شوباتی ٢٠١٨، لە کۆنگرەی "فالدای" بۆ وڵاتانی دراوسێی ڕووسیا، سێرجی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا بەتایبەتی ڕاگەیاند و، دووپاتی کردەوە کە لەگەڵ یەکپارچەییی خاکی سووریا و پێدانی مافی کوردەکانە لەو وڵاتەدا و، هاوکات ئەوەیشی دووپات کردەوە کە ئەمریکا دەیەوێت ئەوەی لە عێراق ئەنجامی داوە لە سووریا دووبارەی بکاتەوە و، ئەمەیش یاریکردنە بە ئاگر.
وا دەردەکەوێت کە پووتین مەیلی ئەوەی هەبێت بە شێوەیەکی پلانڕێژكراو بۆ مەسەلەی بەشداریکردن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی سیستهمی سیاسیی نێودەوڵەتی، بەرەنگاری ئەمریکا ببێتەوە. زۆرینەی ئەگەرەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە سیستهمی نێودەوڵەتی، لە تاکجەمسەرییەوە بەرەو فرەجەمسەری دەچێت؛ دیارە ڕووسیا دەیەوێت، لە داهاتوودا ببێتە جەمسەرێکی سەرەکی لەنێو سیستهمەکەدا. چونکە توانا و بەشدارییە سیاسییەکانی پووتین تەنیا لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، بەڵکوو دەستوەردانی ئەم وڵاتە، گەیشتۆتە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەگشتی و، ئۆکرانیا و جۆرجیا و بیلاڕووسیا بەتایبەتی؛ جیا لەمە ڕێگەگرتن لە فراوانبوون و هێژموونیی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.
ئەمریکا و عەفرین:
لە پاڵ پڕۆژە و ستراتیژیی ڕووسی لە سووریا، پڕۆژەیەکی تر هەیە کە ئەمریکا خاوەندارێتیی دەکات و، لەناویشیدا پاڵپشتیی هێزەکانی یەپەگە دەکات کە تورکیا وەک مەترسی و هێزی نەیار دەیانبینێت. بەڵام عەفرین بە هۆی ئەوەی ڕاوێژکار و هێز و سەربازی ئەمریکیی تێدا نییە، تورکیا دەیەوێت لە دەرفەتێکی خێرادا بچێتە ناوییەوە و بەربەست بۆ ئەمریکا دروست بکات و ناچاری بکات چیتر لە یارمەتیدانی یەپەگە بەردەوام نەبێت و ململانێکە درێژ و فراوان بکات و، ڕووسیا و ئێرانیش تێوە بگلێنێت. لە لایەکی ترەوە ئەمریکا تا ئێستا نەچۆتە ژێر داواکارییەکانی تورکیاوە، بەتایبەت لە مەسەلەی ڕاگرتنی یارمەتی و پاڵپشتییەکانی بۆ هێزێکی کوردی وەک یەپەگە. ئەمریکا هەر لە سەرەتای هاتنی داعشەوە یەپەگەی وەک هێزێکی شەڕکەری ناوچەکە و سووریا هەژمار کردووە و کۆمەکی سەربازیی زۆری پێ داوە و، تا ئێستایش ئەم هێزە بە ئەکتەرێکی سەرەکی و نزیک لە خۆی لە سووریادا دادەنێت؛ لە بەرامبەریشدا تورکیا وا هەست دەکات ئەم پلانەی ئەمریکا لە ڕووی ستراتیژییەوە زیانی زۆری پێ دەگەیەنێت و دواجاریش تورکیا ڕووبەڕووی دابەشبوونێکی سیاسی و جوگرافی دەکاتەوە.
دەرەنجام:
لە دوای بەهاری عەرەبییەوە، سووریا بووە بە یەکەیەکی ئاڵۆز و، هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت هێژموونی سیاسی و سەربازیی خۆیان تێدا بسەپێنن. ئۆپەراسیۆنی "چلە زەیتوون" بۆ سەر عەفرین لە لایەن تورکیاوە دۆخی سووریای هێندەی تر ئاڵۆزتر کردووە و دووبارە بەرژەوەندیی نێوان ئەکتەرەکانی داڕشتۆتەوە و، بەمەیش ڕەگەزەکانی هێز لە نێوانیاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. تورکیا لە دوای مانگێک لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەیەوە هێشتا نەیتوانیوە ئامانجەکانی بپێکێت و نەیتوانیوە بچێتە نێو عەفرینەوە؛ ئەمە لە کاتێکدا هێشتا ئەمریکا دەستبەرداری یەپەگە نەبووە و ڕێککەوتنیش ئەنجام دراوە لە نێوان سوپاکەی بەشار ئەسەد و یەپەگە بۆ ڕێگریکردن لە هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بۆ عەفرین.
پێدەچێت ململانێی نێوان هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیییەکانی سووریا قووڵتر بێتەوە و زیاتر بخایەنێت، بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی نێودەوڵەتی بۆ یەکلاکردنەوە و چارەسەرکردنی ململانێکان و ئەو دوو کارنامە سیاسی و سەربازییەی کە ڕووسیا و ئەمریکا لە سووریادا و لەناویشیدا عەفرین، کاری لەسەر دەکەن و دای دەڕێژن.