سەرەتا:
دوای ٥٨ ڕۆژ لە شەڕکردن و بەرەنگاربوونەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل/یەپەگە وەک بەشێک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەرامبەر سوپای تورکیا و هاوبەشەکانی، دواجار سوپای تورکیا وەک دووەمین هێزی نێو ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی/ناتۆ، توانییان ڕۆژی ١٨ی مارسی ٢٠١٨ بچنە ناوەندی شاری عەفرین و دەست بەسەر شارەکەدا بگرن. دواتر بەکر بۆزداغ، جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا ڕای گەیاند: "سوپای تورکیا دەستی بەسەر زۆربەی ئەو چەکانەدا گرتووە کە لە لایەن ئەمریکاوە بە یەکینەکانی پاراستنی گەل/یەپەگە دراوە و، لە عەفرین ئیدارەیەکی نوێ پێک دەهێنین."
دواتر سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "ویستیان له ناوخۆ هێرشی تیرۆریستیمان بكهنه سهر، بهڵام نهیانتوانی؛ دواتر له دهرهوهی سنوورهكانمان هێرشیان كرد." پێشتریش بەرپرسە باڵاکانی تورکیا چەندین جار ئەوەیان دووپات کردۆتەوە کە ئامادەییی کورد لە سووریا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا و، چەندین جار تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە کە چەک و یارمەتیی سەربازی بە کوردانی سووریا نەدەن و پەیوەندیی سیاسی و سەربازییان لەگەڵدا دروست نەکەن.
ئاسایش چییە؟
چەمکی ئاسایش چەمکێکی فراوان و ئاڵۆزە و، سەدان پێناسە و ڕاڤە و لێکدانەوەی جیاوازجیاوازی بۆ کراوە. ئینسكلۆپێدیای بریتانی، "ئاسایش" بە پاراستنی گەل و ڕەگەزەکانی لە مەترسییە دەرەکییەکان پێناسە دەكات. "هێنری كیسنجەر"ی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكایش پێی وایە، هەموو ئەو هەڵسوكەوت و ڕەفتارانەی، كه كۆمەڵگه بۆ پاراستنی خۆی لە مانەوە و بچووکنەبوونەوە دەیانكات، جەوهەر و کرۆکی ئاسایشە. له ڕوانگهیهكی دیكهوه چەمکی ئاسایش بریتییە لە ئاسایشی تاك و كۆمەڵەكان لە مەترسی و هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، وەك: كوشتن، دزی، دەستدرێژی، سەركوتكردن و مەترسی و هێرشی سەربازی. لە لایەکی ترەوە ئاسایش کۆمەڵێک پایە و بازنەی هەیە، لەوانە: بازنەی مرۆیی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی.
تیۆرییەکانی ئاسایش:
لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کۆمەڵێک تیۆریی جۆراوجۆر بۆ شیکردنەوەی چەمکی ئاسایش و ڕەهەند و مانا جیاواز و کارلێکەکانی هەن. بۆ بەرچاوڕوونی و شیکردنەوەی زیاتری چەمکی ئاسایش، تیشک دەخەینە سەر چەند تیۆرییهکی ئاسایش:
- تیۆریی ڕیاڵیزم
ئەم تیۆرییە یەکێکە لە تیۆرییە باوەکان بۆ شیکردنەوەی چەمکی ئاسایش و ڕەگەزەکانی و ڕەفتاری دەوڵەت و شێوازی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییی یەکە سیاسییەکان لە بەرامبەر یەکەکانی تردا. ڕیاڵیستهکان وای دەبینن کە مرۆڤ بە سروشت خۆویست و شەڕانگێزە و، مرۆڤهكان یان خەڵک وەک ڕەگەزێک لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بەردەوام هەوڵی ململانێی بەدەستهێنانی هێزی زیاتر و ئاسایشی زیاتر دەدەن.
ڕیاڵیستەکان دەوڵەت بە ئەکتەرێکی سەرەکی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دادەنێن و، ئەو سیستهمە نێودەوڵەتییەیش هەر لە چرکەساتی دروستبوونییەوە لە ڕێککەوتننامەی وێستفاڵیا لە ساڵی ١٦٤٨دا، نەیتوانیوە هیچ دەسەڵات یان ناوەندێکی سەروو-دەوڵەتی بونیاد بنێت، تا دۆخی نێودەوڵەتی لە پاشاگەردانی ڕزگار بکات و ئاسایش بۆ ئەکتەرەکانی تر بەرهەم بێنێتەوە و، بەمەیش حکوومەتەکان خۆیان ئەرکی بەدەستهێنانی ئاسایشیان خستە ئەستۆی خۆیان. لە ڕوانگەی ئەم تیۆرییەوە، تورکیا عەفرین بە ئەکتەرێکی سەرەکی دانانێت، چونکە دەوڵەت نییە؛ بەڵکوو بە هەڕەشەیەکی سەرەکییشی دادەنێت بۆ سەر کیانەکەی و، بەمەیش لە ڕێگەی هێزەوە دەیەوێت ئەم هەڕەشەیە نەهێڵێت.
- تیۆریی لیبڕاڵیزم
لیبڕاڵهکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک چەمکی ترەوە، دونیابینییەکی تریان بۆ مەسەلەی ئاسایش هەیە. ئەو قوتابخانەیە لە ڕێگەی بازرگانیی ئازاد، ئاشتیی جیهانی، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، پڕۆسەی جیهانگیری و نۆڕم و بەها جیهانییەکان، ئاسایش و ڕەهەندەکانی ئاسایش شی دەکاتەوە. لیبڕاڵیستەکان پێیان وایە کە سیاسەتی ناوخۆی یەکە سیاسییەکان/دەوڵەت، کاریگەریی لەسەر ڕەفتار و سیاسەت و ستراتیژە باڵاکانی دەوڵەت هەیە و، لەناویشیدا مەسەلەی ئاسایش و ڕێگهکانی فراوانکردنی ئاسایشی دەوڵەتەکە. جیا لەمانە، وای بۆ دەچن کە پشتپێكبەستنی ئابووری و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و پشتبەستن بە ڕێسا و بەهاکان، کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی و گرنگن بۆ بەدەستهێنانی ئاسایشی زیاتر و دڵنیاییی زیاتر لە سیستهمی نێودەوڵەتیدا.
- تیۆریی کۆنستڕاکتیڤیزم
ئەم تیۆرییە جیاواز لە تیۆرییەکانی تر، پەنجە دەخاتە سەر لایەنێکی تری ئاسایش و پێیان وایە، کە ئاسایش لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتییانەدا دروست بووە. کۆنستڕاکتیڤیستەکان بە ڕاددەیەکی زۆر تیشک دەخەنە سەر ناسنامە و، بە ناوەندێکی باڵا و کاریگەریشی لە بەدیهێنانی ئاسایشدا دادەنێن و، ناسنامە لە دەستنیشانکردنی چوارچێوە و ناسینی ئەکتەرە سیاسییەکان بە یەکتر، بە یارمەتیدەرێکی سەرەکی دەبینن.
لە لایەکی ترەوە ئەم تیۆرییە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بوونی کەلتوور و ناسنامەی جیاواز و، لەناویشیدا مەزهەبی جیاواز، ململانێی ئەکتەرەکانی لێ کەوتۆتەوە و بەردەوام ئەم ئەکتەرانە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ململانێ و هاوسەنگیی هێزەوە بەرگری لەم ناسنامە تایبەتەی خۆیان بکەن و پارێزگاریی لێ بکەن؛ تا زیاتر بمێننەوە و بازنەکانی ئاسایشیان فراوانتر بکەن.
عەفرین و ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا
مەبەستی سەرەکیی تورکیا بۆ چوونە نێو عەفرین، مەسەلەی ئاسایشە! تورکیا وا هەست دەکات ئامادەییی کورد لە "ڕۆژاڤا" بنەما و پایەکانی ئاسایش و مانەوەی تێک دەشکێنێت؛ پێچەوانەی قوتابخانەی "کۆپنهاگن"، کە پێی وایە دەرفەتدان بە فرەیی و ناسنامە جیاوازەکان ئاسایشی زیاتر بەرهەم دێنێتەوە. بەشێک لە توێژەرانیش وای بۆ دەچن کە تورکیا هەموو ڕۆژاڤایش کۆنتڕۆڵ بکات، هێشتا ناتوانێت ئاسایش بۆ ناوخۆی خۆی بەرهەم بێنێت بەڵکوو ڕووبەڕووی دۆخی نائارامی و بەنائاسایشکردن (De-securitization)دەبێتەوە.
پێشتر تورکیا بەڕژدی کاری لەسەر ستراتیژییەتی هێزی نەرم/Soft Power دەکرد، وەک ڕێگهیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییی خۆی و بەدەستهێنانی دڵنیاییی زیاتر. تاکوو پێش دەستپێکردنی بەهاری عەرەبی، تورکیا کاری لەسەر مۆدێڵی بەیەکەوەگونجاندنی ئیسلامی میانڕەو و دیموکراسی دەکرد و، جیا لە ئەکتەرەکانی تری وەک "سعوودیا" و "ئێران"، تورکیا هەوڵی بەکارهێنانی کەرەستە کەلتورییەکانی خۆی دەدا وەک بەشێک لە نەرمەهێز بۆ دروستکردنی ئاسایش و دڵنیاییی زیاتر بۆ وڵاتەکەی، بەڵام لە دوای بەهاری عەرەبییەوە ئەم ئامرازەی تورکیا گۆڕا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی، وەک بەشێک لە هێزی ڕەق/Hard Power.
سەرۆککۆماری تورکیا لە ڕابردوودا ئەوەی ڕاگەیاندووە: "كە عەفرین تەنیا دەستپێكە؛ ئەمڕۆ لە عەفرینین، سبەی لە منبج دەبین و ڕۆژی دواتریش لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات." منبج و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات ناوچەی دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەمریكایە. بەشێك لە ستراتیژیی ئەمریكا بۆ سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە، ئەو ناوچانە وەكوو بنكەی دەسەڵات و هێژموونیی خۆی لە سووریا بەكار بهێنێ و، تورکیایش ئەم ناوچانە بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتەکەی دەبینێت و، کورد، بەتایبەت کوردانی ڕۆژاڤا، بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سنوور و چوارچێوە سیاسییەکەی دادەنێت. پێدەچێت تورکیا خواستی ئەوەی هەبێت لە "شنگاڵ"یش ئامادە بێت. تورکیا وا هەست دەکات شنگاڵ قەندیلی دووەمە و، دەیەوێت دەرگهیەک بدۆزێتەوە تا لە عێراق ئامادەییی هەبێت و نەهێڵێت سوننەکان لەوە لاوازتر بن.
لە دوای ٢٠٠٢وە حزبی داد و گەشەپێدان کاری لەسەر پڕەنسیپی "نەهێشتنی كێشە لەگەڵ دراوسێكان" دەكرد و، ئەمەیش توركیای کردبوو بە هێزێک، کە لە زۆربەی كێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی نێوبژیوان بگێڕێت. بەڵام لە دوای بەهاری عەرەبییەوە، توركیا سیاسەتی دەستێوەردانی لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكەی گرتۆتە بەر؛ كەم وڵاتی ناوچەكە و تەنانەت هاوپەیمانە لەمێژینەكانی هەیە كە توركیا كێشەی لەگەڵیدا نەبێت. سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ئێستادا لە کێشە و قەیراندایە- کێشە لەگەڵ عێراق، سووریا، ئێران، یۆنان، قوبرس، سعوودیا، جۆرجیا، هۆڵەندا، یەکێتیی ئەوروپا و ئەرمەنستان. لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکوەزیرانی تورکیا چۆتە ئازەربایجان تا کێشەی "ناگۆرنۆ-قهرهباغ" (Nagorno-Karabakh) لەگەڵ ئەرمەنستان زیندوو بکاتەوە.
ئەو هەرێمە پێشتر پێی دەگوترا "کوردستانی سوور"؛ لە دوای ڕووخانی سۆڤیەتەوە بە ئەرمەنستانەوە لکێنرا و، تورکیا لە ئێستادا بە هاوکاریی دەسەڵات و حکوومەتی ئازەربایجان، دەیەوێت قەیرانێکی تر بۆ خۆی دروست بکات. تورکیا لە ناوەوە و دەرەوە لە کێشەدایە! کێشەکان فرەڕەهەند و قووڵ و مێژوویین. کێشەکان جیۆپۆلیتیکی و جیۆسیاسیین و، بۆچوونێک هەیە پێی وایە ئەم کێشانە تورکیا دەکات بە تێکەڵەیەک لە سووریا و عێراق و، بەتەواوی ئاسایشی ناوخۆیی و چوارچێوەی دەوڵەتەکەی دەخاتە مەترسییەوە.
دەرەنجام:
هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین و داگیرکردنی، چەندین ڕەهەند و مانای سیاسی، سەربازی و ستراتیژیی هەیە و یەکێک لەو ڕەهەندانەیش ئاسایشی نەتەوەیییە. تورکیا وا هەست دەکات دروستبوونی هەر ستاتۆ و کیانێکی سیاسیی کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان، دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر تورکیا و سیستهمە ئەمنییەکەی و، ئەمەیش بۆتە هۆی ئەوەی کە تورکیا کانتۆنەکانی ڕۆژاوای کوردستان، بەتایبەت عەفرین، بە هەڕەشەی پلە یەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتەکەی دابنێت؛ ئەمەیش بە هۆی پێگەی جیۆپۆلیتیکی و جیۆسیاسیی عەفرین و نزیکی لە ئاو و دەریا و لە سنوورەکانی باکووری کوردستان.
تورکیا لە دوای عەفرینەوە کار بۆ ئەوە دەکات، کانتۆنەکانی تر و منبج و ڕۆژهەڵاتی فوڕاتیش لەبن دەستی کورد دەربهێنێت، چونکە وای دادەنێت لاوازبوونی کورد لە سووریا واتە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسیی زیاتر بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و تورکیا بەگشتی و، بەپێچەوانەوەیش بەهێزبوونی کوردانی ڕۆژاڤا دەبێتە هۆی تێکچوونی دۆخ و ئاسایشی ناوخۆی تورکیا و کاڵبوونەوەی سەروەری و سنوورە سیاسییەکەی.