سەرەتا:
فەڕەنسا بڕیاری داوە چەند سەربازێکی وڵاتەکەی بنێرێت بۆ سووریا و، بەشدارییەکی سەربازی لە ململانێکانی سووریادا بکات و لە دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیاییشەوە لە لایەن ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە، فەڕەنسا هاوشانی بریتانیا و ئەمریکا، لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی سەربازی و ناوەندی توێژینەوەی سووریا بەشدار بوو. گەڕانەوەی فەڕەنسا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناویشیدا بۆ سووریا، کۆمەڵێک ڕەهەند و مانای سیاسی و دیپلۆماسیی هەیە. بەشێک لە توێژەرانی سیاسی پێیان وایە، کە لە دوای دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، فەڕەنسا دەیەوێت ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە و ڕۆڵی بریتانیا لەناو یەکێتییەکەدا ببینێت و، ببێت بە ئەکتەرێکی سەرەکی، بەتایبەت لە مەسەلەی دروستکردنی بڕیار و سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە. بەشێکی تر پێیان وایە، کە سیسته‌می نێودەوڵەتی بەرەو فرەجەمسەری/Multi-Polarism دەچێت و، ئەمریکا دەیەوێت ڕۆڵ بە فەڕەنسا بدات و بیکات بە ئەکتەرێک لەناو سیسته‌مەکە لە بەرامبەر ئەکتەرەکانی تردا و، سووریایش بە جوگرافیایەکی گونجاو و لەبار دەزانێت، چونکە فەڕەنسا لە ڕابردوودا بەشێک بووە لە بەرهەمهێنانی سووریا وەک یەکەیەکی سیاسی و جوگرافی و پەیکەر و دەسەڵاتە سیاسییەکەی و، باشتر دەتوانێت بونیادە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی بخوێنێتەوە.
جیهان بەرەو فرەجەمسەری
لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ٢٠١٨ی کۆڕبەندی داڤۆس، کە ساڵانە لە لایەن نزیکەی هەزار توێژەر و پسپۆڕی جیاوازەوە ئامادە دەکرێت، باس لە کۆمەڵێک کێشە و گۆڕانی نێودەوڵەتی دەکات و، یەکێک لەوانەیش گۆڕانی سیسته‌م و پەیکەری نێودەوڵەتییە لە تاکجەمسەرییەوە بۆ فرەجەمسەری و کۆتاییهاتن بە جەمسەرە تەقلیدییەکە. یەکێک لەو هێزانەی کە کاندیدە بۆ بوون بە بەشێک لە جەمسەرەکانی نێو سیسته‌مەکە، فەڕەنسایە. لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتەوە، فەڕەنسا ڕۆڵێکی زۆر سیمبولی و زیاتر فەرهەنگیی لە دونیادا دەگێڕا و، تەنانەت لەناو یەکێتیی ئەوروپایش، بەڵام لە دوای بەهاری عەرەبی و دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، فەڕەنسا هەوڵی داوە پێگە لەناو سیسته‌می نێودەوڵەتی بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە و، بەشدارییەکی کارای لە گۆڕەپان و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هە‌بێت.
ڕۆڵپێدان بە فەڕەنسا لە لایەن ئەمریکاوە
لە دوای دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، بۆشایییەکی سیاسی و دیپلۆماسی دروست بووە و، فەڕەنسا هەوڵ دەدات ئەم بۆشایییەی نێو یەکێتیی ئەوروپا پڕ بکاتەوە و، دەیەوێت ببێت بە جێگرەوەی بریتانیا و ببێت بە ئەکتەرێکی سەرەکی شان بە شانی ئەڵمانیا لە یەکێتییەکە و، دووبارە پێگەی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ خۆی دابڕێژێتەوە. لە لایەکی ترەوە ئەمریکایش خوازیارە فەڕەنسا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕۆڵی هە‌بێت و بەشدار بێت، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناویشیدا سووریا؛ چونکە فەڕەنسا جیا لەوەی ئەندامی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، ڕۆڵێکی مێژووییشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، بەپێی ئەوەی سووریا کۆڵۆنیی فەڕەنسا بووە و بە جوگرافیایەکی فەڕەنسی دادەنرێت و، فەڕەنسا باشتر دەتوانێت بونیادە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوورە سیاسییەکەی بخوێنێتەوە.
ڕەنگە ئەم خواستەی ئەمریکا چەندین هۆکاری تریش لەخۆ بگرێت، لەوانە: ترس لە گەڕانەوەی ڕووسیا لە ڕێگەی سووریاوە و دروستکردنی هێژموون لە سووریا و بەستنەوەی بە بلۆکی ڕووسیا-ئێران-چین، هەروەک چۆن ڕووسیا لە دروستکردنی هێژموون لە ئۆکرانیا و دابڕینی کریمیا و لکاندنی بە خۆیەوە سەرکەوتوو بوو و ڕێگەی نەدا ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکەوێتە ژێر ڕکێفی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپاوە، بە هەمان شێوەیش ڕووسیا دەیەوێت سووریا بکات بە سه‌ربازگه‌یه‌كی ڕووسی و ڕێگە نەدات هیچ هێزێکی ئەوروپی ڕۆڵی تێدا هە‌بێت. پێدەچێت ئەم سیناریۆیە بۆ ئەمریکا مایەی قبووڵکردن نەبێت و فەڕەنسایش بە باشترین ئەکتەر دەزانێت بۆ پێدانی ڕۆڵ و گەڕاندنەوەی بۆ سووریا، تا نەهێڵێت ڕووسیا لەوە زیاتر پەل بهاوێت و پێگەی خۆی قایم بکات. لە لایەکی ترەوە بۆچوونێک هەیە کە پێی وایە ئەمریکا لە ڕێگەی گوشار و بەشداریی فەڕەنساوە، دەیەوێت ڕووسیا ناچار بکات بە پاشەکشەی پڕۆژەی هیلالی شیعی و کشانەوەی ئێران لە سووریا و لوبنان و درزخستنە نێو بلۆکی ڕووسیا و ئێرانەوە.
فەڕەنسا و تورکیا
له دوای کۆتاییهاتنی جه‌نگی سارده‌وه، فەڕه‌نسا تا ئاستێك جووڵه سیاسییه‌كانی له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا له‌ده‌ست داوه. فەڕه‌نسا ڕاسته ئه‌ندامی هه‌میشه‌ییی ئەنجومەنی ئاسایشه و یه‌كێكه له ڕاگره‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، به‌ڵام له دوای ڕووخانی سۆڤیه‌ته‌وه، هه‌وڵی داوه ڕۆڵێكی کەلتووری و فه‌رهه‌نگی له دونیادا بگێڕێت. به‌و مانایه‌ی زیاتر له‌ڕێی زمان و یارمه‌تیی مرۆیی و میراته فكرییه‌كه‌یه‌وه ڕۆڵی هە‌بێت، نه‌ك وه‌ك هێز و سه‌رباز و سوپا.
فەڕه‌نسا و توركیا دووانه‌یه‌كی دژبه‌یه‌كن. دیاره ئه‌م دوو هێزه دوو ستراتیژی و دوو دونیابینیی جیاواز به‌ڕێوه‌یان ده‌بات و ده‌یانجووڵێنێت. فەڕه‌نسا یه‌كێكه له‌و بكه‌رانه‌ی، نایه‌وێت توركیا وه‌ك ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا ئامادەییی هە‌بێت، بەو پاساوەی کە پرسی لائیسیتێ (بێلایەنیی دەوڵەت لە بەرامبەر ئاییندا) وه‌ك بنه‌مایه‌كی گه‌وره‌ی كۆماری (جمهوورییه‌ت) له‌گه‌ڵ میراته ئاینییه‌كه‌ی توركیا ناگونجێت و ناتوانن به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن. پێشتر ساركۆزی به‌گاڵته‌وه ده‌یگوت: "ئه‌گه‌ر توركیا ببێت به ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و منیش مامۆستا بم و یه‌كێك له قوتابییه فەڕه‌نسییه‌كانم پرسیاری ئه‌وه‌م لێ بكات كه سنووری یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ كێیه؟ ده‌بێت بڵێم ئێران و سووریا و عێراق." ئەمە ئەوە دەردەخات کە فەڕەنسا توركیا وه‌ك ئه‌كته‌رێكی جیاواز ده‌بینێت؛ جیاواز له ڕووی جوگرافیای سیاسی، کەلتووری سیاسی، میراتی فكری و ئایینی و بیركردنه‌وه‌ی سیاسی.
فەڕه‌نسای ئه‌مڕۆ هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه و ڕۆڵگێران ده‌دات. ڕۆڵگێڕان له سووریا، دیاره زیاتر پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه سووریا جوگرافیایه‌كی بێ نەزمە و له دۆخی ئه‌نارشیزمدایه؛ بۆیه فەڕه‌نسا باشتر ده‌توانێت ڕۆڵی تێدا بگێڕێت و هێز و باڵای پێ به‌رهه‌م بێنێته‌وه. ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت وڵاته گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا له سووریادا هاوبه‌ش بكات، به‌تایبه‌ت فەڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا، چونكه ئه‌مانه دوو هێزی دژه-توركین و باشتر ده‌توانن توركیا ده‌وره بده‌ن. لەولاوەیش ئه‌ردۆغان نایه‌وێت فەڕه‌نسا ڕۆڵ ببینێت و ئه‌ركه‌كان دابه‌ش بكاته‌وه. ڕه‌نگه ئه‌مه پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌بێت كه فەڕه‌نسا له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا پاڵ به توركیاوه بنێت بۆ ناوه‌وه‌ی خۆی، نه‌ك ده‌ره‌وه.
ئه‌مریكا پێده‌چێت له‌م سێ ساڵه‌ی داهاتوودا زیاتر بە کۆریای باکوورەوە سەرقاڵ بێت و، سیناریۆیەکەیش بەم شێوەیەیه کە ئه‌مریكا چه‌ندی له كۆریای باكووره‌وه نزیك بێت، ئه‌وه‌نده ئێران لاوازتر ده‌رده‌كه‌وێت و ڕووسیایش بۆ ئه‌وروپییه‌كان، به‌تایبه‌ت فەڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا، جێ بهێڵێت. ڕووسیا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا ئێستا، له ڕووی دیپلۆماسییه‌وه له یه‌كتر دوور ده‌كه‌ونه‌وه. پێده‌چێت ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه له سووریا به فەڕه‌نسا دراوه، بەم شێوەیە بێت:
یه‌كه‌م: توركیا و ڕووسیا له یه‌كتر داببڕێنێت و ڕێگە نەدات ئەوەندە لە یەکتر نزیک ببنەوە، یان نه‌هێڵێت توركیا سیسته‌می به‌رگریی S500ی دژه‌مووشه‌كی ڕووسی بكڕێت. توركیا و ئێرانیش ببن به دووانه‌یه‌كی پڕ له ته‌نگژه و ململانێ، لە بری هاریکار و هاوبەش.
دووه‌م: یه‌كێتیی ئه‌وروپا به ڕابه‌رایه‌تیی فەڕه‌نسا، مۆدێڵێكی نوێی پەیوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیادا دابڕێژێت كه زیاتر ماندووكردنی توركیا و بێبه‌شكردنی توركیا بێت له جوگرافیای سیاسی و داهاتووی سیاسیی سووریا.
دەرهاوێشتەکان:
فەڕەنسا لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و دروستبوونی سیسته‌می تاکجەمسەری و ڕێکخستنی نوێی جیهانی، پێگە و ڕۆڵی لاواز بووبوو. دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و بەئامانجگرتنی فەڕەنسا و دروستبوونی هەڕەشە لەسەر سیسته‌مە ئاسایشییەکەی، جارێکی تر دەرفەتی بۆ فەڕەنسا ڕەخساندەوە ڕۆڵ ببینێت و، بگەڕێتەوە بۆ گۆرەپانی نێودەوڵەتی. لە دوای دەرچوونی بریتانیایش فەڕەنسا خوازیارە ئەو بۆشایییەی بریتانیا لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەوروپا پڕ بکاتەوە و ببێت بە هێزێکی کاریگەر و بڕیاردەر.
ئەمریکایش لەولاوە دەیەوێت فەڕەنسا لە ڕێگەی سووریاوە ببووژێنێتەوە و ڕۆڵی سیاسی و سەربازیی نوێی پێ بدات. ئەمەیش زیاتر بە هۆی ئەوەی سووریا جوگرافیایەکی فەڕەنسییە و، دەکرێت لە ڕێگەی فەڕەنسایشەوە جووڵە سیاسی و سەربازییەکانی هەم ڕووسیا و هەمیش ئێران سنووردار و کەم بکرێنەوە. دەکرێت تورکیایش لە سووریا لە جووڵە بخرێت، بە هۆی ئەوەی فەڕەنسا ئەکتەرێکی پلە یەکە لە یارمەتیدان و کۆمەککردنی سەربازیی کوردانی ڕۆژاڤا و، بەمەیش تورکیا بەربەستی بۆ دروست دەبێت لە لاوازکردن، یان دابڕینی هەر جوگرافیایەکی نێو خاکی سووریا بە پاساوی هەبوونی کورد لە باکووری سووریادا.