لە بری پێشەکی:
(هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی)
ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە هاوینی ٢٠١٥دا لە نێوان وڵاتانی پێنج کۆ یەک و ئێران واژوو کرا. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕێکەوتی ٨/٥/٢٠١٨ کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند و هێمای بەوە کرد، کە پێویستە هەڵسوکەوتە پیسەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕابگیرێت و توندترین سزایش بەسەر ئێراندا دەسەپێنن و سزاکە ئەو وڵاتانەیش دەگرێتەوە کە دەستیان لەگەڵ ئێران تێکەڵ کردووە و یارمەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەدەن. هاوکات ئاماژەی بەوەیش کرد کە ڕێککەوتننامەکە نەیتوانی ببێتە هۆی سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئێران، بەڵکوو بووە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و پەشێویی زیاتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە و پشتیوانی لە ڕێکخراو و هێزە تیرۆریستییەکان. بەشێک لە سزاکان بانکی ناوەندیی ئێران و بانکی بیلادی ئیسلامی کە بارەگاکەی لە عێراقە و، چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکی تر دەگرێتەوە.
ئێران دوای ڕێککەوتننامەکە
بۆچوونێک هەیە پێی وایە ئێران چەندی گوشاری دەرەکی و نێودەوڵەتیی بکەوێتە سەر، بەتایبەت ئەگەر گوشارەکە لە لایەن ئەمریکاوە بێت، ئێران زیاتر دێتە دەرەوەی خۆی و قەیران و ئاڵۆزییەکان هەناردەی جوگرافیای دەرەوەی خۆی دەکات، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە ئێران بە ناوچەی هێژموون و ستڕاتیژیی خۆی دادەنێت و لە چوارچێوەی پڕۆژەی هیلالی شیعیدان (عێراق، لوبنان، سووریا و بەشێکی یەمەن). بەمەیش پێدەچێت ئێران بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ململانێیە لەگەڵ ئەمریکا زیاتر عێراق وەک ڕووبەر و دەوڵەت هەڵبژێرێت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، بەتایبەت:
یەکەم: ئەمریکا هێشتا لە عێراق ئامادەییی هەیە و، بە قووڵاییی ستڕاتیژیی خۆی دەزانێت لە ناوچەکە و، نایەوێت عێراق بەتەواوی ببێت بە مەعهسکەرێکی ڕووسی-ئێرانی. ئێرانیش بە هۆی هێژموون و هێزە پاشکۆ و هاوبەش و سەرمایە مەزهەبی و مێژوویی و جوگرافیاکەیەوە، دەیەوێت ڕووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە و ململانێکانی لەگەڵدا بەڕێوە ببات، بەتایبەت لە ئێستادا قۆناغی دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێیە لە عێراق و، ئێران هەوڵ دەدات پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت و حکومڕانی ئاڵۆز بکات و ئەمریکا ماندوو و بێڕۆڵ بکات.
دووەم: لە ڕێگەی عێراقەوە باشتر بگات بە سووریا و، لەوێیشەوە لە ڕێگەی بلۆکی ڕووسیا-سووریاوە گوشار بۆ سەر ئەمریکا دروست بكات و کۆریدۆرێکی جیۆپۆلیتیکیش بدۆزێتەوە تا ئێران لە ڕووی جیۆسیاسی و جیۆستڕاتیژییەوە نەخنکێت و بەردەوام بێت لە بەڕێوەبردنی ململانێکان، چونکە ئێران، (عێراق، سووریا و لوبنان) بە ئەڵقەیەکی گرنگی نێو ئەو کۆریدۆرە جیۆئابووری و سیاسییەی خۆی دادەنێت؛ لە کاتی قەیران و گوشاری دەرەکی بۆ سەری، پەنای بۆ دەبات و بەکاری دێنێت. لە دوای سەپاندنی سزاکانیش لە لایەن ئەمریکاوە "حەسەن ڕۆحانی"، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران ڕای گەیاند: "ئەگەر ئەمریکا سزای قوڕس بسەپێنێت، دەبێت بە شێوەیەک پەشیمان ببنەوە کە هەرگیز لە مێژوودا ڕووی نەدابێت و، بەرەنگاری بڕیارەکانی ترامپ دەبینەوە."
داهاتووی عێراق و ڕۆڵی ئێران
لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەرایییەکانی هەڵبژاردنەکەی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ی عێراق، کە هاوپەیمانیی سائیرون بە سەرکردایەتیی سەدر ٥٤ کورسیی بەدەست هێناوە و، هاوپەیمانیی فەتح بە سەرکردایەتیی هادی عامری ٤٧ کورسیی بەدەست هێناوە و، هاوپەیمانیی نەسر بە سەرکردایەتیی عەبادی ٤٢ کورسیی بەدەست هێناوە و، پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی ئاییندەی ئاڵۆز کردووە. "قاسم سولەیمانی" بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا دەکات و هەوڵ دەدات هەر چۆنێک بێت، لە نێوان هادی عامری و عەبادی و بەشێک لە پێکهاتەکانی تر حکوومەتێک پێک بهێنرێت و سەدر لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت دوور بخەنەوە. بەڵام ئەمە تەنیا هەوڵێکە؛ دەکرێت کۆمەڵێک سیناریۆی جیاواز هەبن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی ئاییندەی عێراق و ڕۆڵی ئێران لەو حکوومەتە:
سیناریۆی یەکەم:
دروستبوونی حکوومەتێکی نزیک لە ئێران
یەکێک لە بژاردە بەهێزەکان دروستبوونی حکوومەتێکە کە بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵ و هێژموونی ئێراندا بێت و، ئێرانیش لە ڕێگەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ یەکخستنی لیستی مالکی و فەتح و عەبادی و، دواتریش بەشێک لە حزبەکانی ناو هاوپەیمانییەکانی تر بێنە ناو ئەو قەوارە گەورەیە و، حکوومەتێک بەبێ سەدرییەکان پێك بهێنن. کێشەی ئەم جارەی ئێران لە عێراق، سوننە و کوردەکان نین لە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێدا، بەڵکوو کێشەکە لە نێوان خودی نێوماڵی شیعەدایە. تا ئێستا عەبادی ئەم سیناریۆیەی ڕەت کردۆتەوە و ڕای گەیاندووە، کە ناچێتە ناو هیچ هاوپەیمانێتییهكی مەزهەبیی شیعی، یان سوننییەوە.
سیناریۆی دووەم:
دروستبوونی حکوومەتێکی نزیک لە ئەمریکا
ئەمریکا خوازیار بوو لیستەکەی عەبادی زۆرینە بێت و عەبادی خۆیشی دەستپێشخەریی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتەکە بکات و زۆرینەی لایەنەکان بەشداریی پێ بکات. عەبادی بە هۆی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئێران و سعوودیا و نەچوونەژێرباری ئێران بەتەواوی و سەرکەوتنی بەسەر داعش و پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراق و چەند هۆکارێکی تر، ئەمریکا مەبەستێتی بۆ چوار ساڵی داهاتوویش بیهێڵێتەوە و دەرفەتی حکومڕانیی پێ ببەخشێتەوە. بەتایبەت ئەمریکا وا هەست دەکات لە ڕێگەی عەبادییەوە دەتوانێت جۆرێک ڕێگری لە هێژموونی ئێران لە عێراق و جۆرێک لە سەقامگیری لە عێراقدا دروست بکات. بەڵام ئەم سیناریۆیە لاوازە، چونکە هەم عەبادی زۆرینە نییە و هەمیش ئێران ڕێگەی پێ ناداتەوە بەتەنیا ڕابەرایەتیی پڕۆسەی حکومڕانیی داهاتووی عێراق بکات.
سیناریۆی سێیەم:
دروستبوونی حکوومەتێکی تەکنۆکڕات و دوور لە ئێران
لیستی سائیرون کە سەدرییەکان و شیوعییەکان لەخۆ دەگرێت، براوەی ئەم هەڵبژاردنەن و زۆرینەن. مەرجەکانی سەدر بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ، گێڕانەوەی بڕیاری سیاسی بۆ عێراقییەکان و دوورخستنەوەی هێژموونی تارانە لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی مەسەلەی گەندەڵییە. ئەمریکاش وای دەبینێت کە بردنەوەی سەدر لە هەڵبژاردن سزادانی ئێران و شکستپێهێنانی ئێرانە، چونکە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی موقتەدا سەدر لە مەرجەعە ئایینییەکانی تر، لێدوانە توندەکانییهتی دژ بە خودی ئەمریکا و ئێران. سەدر وەک کاراکتەرێکی دژ بە ویلایەتی فەقیهە و وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی خۆی دەردەخات و، زیاتر تیشک دەخاتە سەر عێراقیبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوانەیشدا نەیتوانیوە متمانەی سوننەکان بەدەست بهێنێت تا بتوانێت بەبێ حسابکردن بۆ ئێران و ئەمریکا حکوومەتی داهاتوو پێک بهێنێت؛ چونکە سەدر دەیەوێت سیاسەتێکی هاوسەنگ لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی پەیڕەو بکات و، عێراق بەتەواوی لە پاشکۆیەتی و هێژموونی ئێران ڕزگار بکات.
بەشداریی کورد لە بەغدا
(هەڕەشە و دەرفەتەکان)
پڕۆسەی سیاسی لە عێراق پڕۆسەیەکی فرەڕەهەند و گشتگیرە و، دەبێت لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی و بەشداریپێکردنی زۆرینەی لایەن و پێکهاتە و هێزەکانەوە بەڕێوە بچێت. یەکێک لەو پێکهاتە سەرەکییانە بەشداریی کوردە و، بەمەیش لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقەوە کورد ئەم جارە لە مەسەلەی بەشداریکردنی لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا چەندین هەڕەشە و دەرفەتی لە بەردەمدایە.
هەڕەشەکان
یەکەم:
ئەگەر کورد نەتوانێت یەکگوتار و یەکهەڵوێست و یەکدەنگ بێت و بەپەرتەوازەیی و هەر یەکە بەجیا بچێتە بەغدا و هەر یەکە بکەوێتە ژێر کاریگەریی هێزێکی جیاوازی بەغداوە و پێکهێنانی حکوومەتیش زۆر بخایەنێت و وڵاتانی هەرێمی و ناوچەکە دەستوەردانی زیاتر بکەن و هیچ گرەنتییەک نەبێت بۆ جێبەجێکردنی داواکانی کورد لە عێراق.
دووەم:
حکوومەتێکی زۆرینە بە سەرکردایەتیی لایەنێکی شیعی پێک بهێنرێت و، حەشدی شەعبی وەک هێزێکی میلیشیا بەکار بهێنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەموو جومگەکانی حکومڕانی و داهات و سامانی سروشتی لە عێراق و سەپاندنی مەرج و سزای زیاتر بەسەر هەرێمی کوردستان.
دەرفەتەکان
یەکەم:
یەکێک لە دەرفەتەکان بۆ کورد هاوسەنگکردنەوەی هێز و گەڕانەوەی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی بەشداریکردنی لە حکوومەتی داهاتووی عێراقەوە، بەڵام بەو مەرجەی کورد لە بەغدا یەکگرتوو و یەکبەرنامە بێت و، یەک داخوازیی سیاسی و ئابووری و سەربازیی هەبێت و، پێداگری لەسەر ئەوە بکات کە لەنێو جومگە جیاوازەکانی حکومڕانی لە بەغدادا ڕۆڵێکی ڕاستەقینەی پێ بدرێت.
دووەم:
بە هۆی پەرتبوون و دابەشبوونی ئەم جارەی شیعەکان، دروستبوونی حکوومەتێکی بەهێز و سەنتڕاڵ زەحمەت و سەخت بووە، چونکە بەهێزیی شیعەکان و پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز لە بەغدا، دەبێتە مایەی لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و سەپاندنی مەرجی زیاتر؛ لەو لاوەیش بە هۆی دابەشبوونی شیعەکانەوە ئەمریکا دووبارە پەنا بۆ کورد دەباتەوە بۆ بەشداریپێکردنی لە بەغدا و، لە لایەکی ترەوەیش بە هۆی هاتنی چەند کاراکتەرێکی ئەمریکیی دژەئێرانی بۆ ناو سەنتەری دروستکردنی بڕیار لە ئەمریکا، بەتایبەت پۆمپیۆ و جۆن بۆڵتۆن، وا دەکات کورد ڕۆڵێکی سیاسیی پێ بدرێتەوە.
دوا سەرنج:
لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا، ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوە و پەرچەکرداری لە ناوچەکە کردووە. پێدەچێت کاردانەوەی ئێران لەو ناوچە و وڵاتانە بێت کە ئەمریکا بە ناوچەی هێژموون و مەعهسکەری خۆی دەزانێت، بەتایبەت عێراق. ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی عێراق و سووریا و لوبنانەوە هێز و بەها سیاسییەکان لەگەڵ ئەمریکادا دابەش بکاتەوە و بەڕێوە ببات. عێراق لە داهاتوودا دەبێت بە قووڵاییی ستڕاتیژیی ململانێی نێوان ئەم دوو هێزە و، هەر یەکەیان هەوڵ دەدات حکوومەت و دامەزراوەی سیاسی و کۆی پڕۆسەی سیاسی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ڕێگە بە هێژموون و خۆسەپاندنی دونیابینی و بەرنامەی سیاسی و جیۆسیاسیی یەکتر نەدەن.
لە ئێستادا عێراق لە قۆناغی دوای هەڵبژاردندایە (Post-election stage) و پێگە و قەبارەی هێزە سیاسییەکان گۆڕاون و هەر یەک لە ئەمریکا و ئێرانیش لە هەوڵی ئەوەدان حکوومەتێکی نوێ بە بەشداریی کورد پێک بهێنرێت کە هیچ مەترسییەکی بۆ پێگەی ستڕاتیژی و بەرژەوەندییەکانی ئەوان نەبێت و، بەشداریی کوردیش لە حکوومەتی داهاتووی عێراق چەندین هەڕەشە و دەرفەت (Challenges & Opportunity) لەخۆ دەگرێت و، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە قۆناغێکی جیاواز و نوێ دەبێت بۆ کورد.