ئەلێکسەندەر دووگین و تیۆریی چوارەم

دەستپێک:
ئەلێکسەندەر دووگین کێیە؟

ئەلێکسەندەر گلیڤیچ دووگین لە ٧ی جانیوەری ساڵی ١٩٦٢ لەدایک بووە و، باوکی، جەنەڕاڵی دەزگه‌ی هەواڵگریی ڕووسیا بووە. لە پەیمانگه‌ی مۆسکۆ بۆ فڕۆکەوانی دەستی بە خوێندن کردووە، بەڵام لەبەر هەندێ هۆکاری سیاسی نەیتوانیوە خوێندنەکەی تەواو بکات. دواتر لە بەشی بەڵگەنامەی دەزگه‌ی هەواڵگریی یەکێتیی سۆڤیەت (کەی جی بی) کار دەکات و، ئەمەیش سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی تایبەت لەبارەی فاشیزم و ئۆڕاسیا وەک یەکەیەکی جیۆسیاسی. دواتر لە فەلسەفە دەخوێنێت و بڕوانامەی دکتۆرا لەو بوارە و، دکتۆرایەکیشی لە زانستە سیاسییەکان پێ دەبەخشرێت. لە ساڵی ١٩٩٣ دوای بەشداریکردنی لە بزووتنەوە جەماوەرییەکەی دژ بە "بۆریس یەڵسن"، سەرۆکی ئەوکاتی ڕووسیا، حزبێکی ناسیۆنالیستی دادەمەزرێنێ و پشتگیریی ئەمریکا و بەهاکانی لیبڕاڵیزم و ڕۆژاوا دەکات و، دواتر دوای هاتنەسەرکاری "ڤلادیمیر پووتین" واز لە کاری حزبایەتی دەهێنێت و دەبێت بە ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی دۆمای ڕووسیا و وەک سەرۆکی سەنتەری جیۆسیاسی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەستبەکار دەبێت.

لە دوای ٢٠٠١ەوە حزبی ئوڕاسیا بە هاوکاری و پاڵپشتیی پووتین دادەمەزرێنێت و کار بۆ ئەوە دەکات کە ئیمپڕاتۆرییه‌تی ڕووسیا بونیاد بنێتەوە و دووبارە پایەکانی بۆ دابڕێژێتەوە؛ هاوکات بە سندووقە ڕەشەکەی پووتین و عەقڵە گەورەکەی ڕووسیا و پووتین و مەترسیدارترین پیاوی دونیا دادەنرێت.  
تیۆریی چوارەم و بنەماکانی ئوڕاسیاگەرایی

یەکێک لەو پرسیارانەی کە دووگینی سەرقاڵ کردووە، پرسی ڕووخانی ئیمپڕاتۆرییه‌تی ڕووسیایە لە ماوەی ٧٤ ساڵدا و لە دوو جاری جیاوازدا لە سەدەی بیستەمدا؛ جارێکیان لە ١٩١٧ و دواجاریش لە ١٩٩١دا. دووگین پێی وایە دەبێت ڕووسیا ببێتەوە بە ئیمپراتۆرییه‌تێك لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا بە ناسنامەیەکی نوێوە، جیاواز لە ناسنامەی ڕۆژاوا و بەهاکانی لیبڕاڵیزم و، دەبێت ئیمپڕاتۆره‌کە ئیمپراتۆرییه‌كه‌ بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا لەخۆ بگرێت جگە لە بریتانیا و ژاپۆن. بە شێوەیەکی گشتی ئەم دیدە دەگەڕێتەوە بۆ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفیی ١٩١٧، بەتایبەت بۆ ئەوانەی بەردەوام پرسیاری شکستی ئیمپراتۆرییه‌تی قەیسەرییان دەکرد. دووگین لە بۆچوونەکانیدا زیاد لە پێویست ڕەخنە لە لیبڕاڵیزم دەگرێت و دژی حکوومەتە لیبڕاڵەکانی دونیایە و زیاتر پێداگری لەسەر دروستبوونی ڕووسیایەکی بەهێز دەکات کە کەنیسە وەک دامەزراوەیەکی ئایینی و، سوپا و "کریملین"یش وەک دوو دامەزراوەی سەربازی و سیاسی ڕۆڵی خۆیان تێدا بگێڕن و لە ڕێگەی میراتی ئۆرسۆدۆکسییەوە ڕووسیای نوێ ببووژێنرێتەوە. ئەم بۆچوونەی دووگین دەمانباتەوە بۆ تێزی "پێکدادانی شارستانییەتەکان"ی ساموێل هانتینگتۆن و مەسەلەی بەیەکدادانی مەسیحییەت و ئیسلام و کەنیسە و مزگەوت و بەریەککەوتنیان لەگەڵ یەکتردا.

 پڕۆژەی ئوڕاسیا و تێپەڕاندنی کۆمۆنیزم، فاشیزم و لیبڕاڵیزم

لە سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتی قەیسەردا زیاتر لە ٢٥٠ نەتەوە و ئایین و زمانی جیاواز هەبوونە و، لە ئێستایشدا لە ڕێگەی پڕۆژەی ئوڕاسیاوە دەیەوێت ١٩٤ گرووپی نەتەوەییی جیاواز و نەتەوە و زمانی جیاواز دووبارە بەیەکتر ببەستێتەوە و چانسێکی نوێیان لە چوارچێوەی ڕێکخستن و یەکێتییەکی نوێدا پێ بدات؛ بە جۆرێک کە کۆمارەکانی پێشووی سۆڤیەتیش لەخۆ بگرێت. دووگین بە سوودوەرگرتن لە بنەما و تێزە جیۆپۆلیتیکییەکانی جۆن ماکندەر و کارل شمیس، قوتابخانەیەکی نوێی جیۆپۆلیتیکی دادەمەزرێنێت کە زیاتر بە قوتابخانەی نیۆئوڕاسیاگەرایی دەناسرێت و ڕەخنە لە بەجیهانیکردنی ڕووسیا دەگرێت و خوازیاری دروستکردنی ناسنامه‌یه‌کە بۆ ڕووسیا کە جیاواز بێت لە ناسنامه‌ی ڕۆژاوا و، دووگین نیوئوڕاسیاگەرایی بە فەلسەفە و ڕێبازێکی نوێی جیۆسیاسی دادەنێت و بۆ سێ ئاستی جیاوازیش دابەشی دەکات:
 ١- لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جیهان فرەجەمسەر دەبێت و، ئوڕاسیا دەبێت بە یەکێک لە ناوەندە کاریگەرەکان.
٢- لەسەر ئاستی هەرێمایەتی: زۆرینەی وڵاتانی دەوروبەر و کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو لەخۆ دەگرێت و ڕێکخستنێکی سیاسیی سەروونەتەوەیییانە دەبێت.
٣- لەسەر ئاستی ناوخۆ: گەل و بونیادە سیاسییەکەی کۆمەڵگە، دەبێت بە بەهایەکی سیاسیی گەورە و، هیچ گرووپێکی نەتەوەیی یان ئایینیی تر بەسەر ئەوی تردا زاڵ نابێت.

دووگین لە ڕێگەی "تیۆریی چوارەم"ەوە دژی هەر سێ تیۆریی "کۆمۆنیزم"، "فاشیزم" و "لیبڕاڵیزم" دەوەستێتەوە و بە تیۆریی تۆتالیتار و سەرکوتکەر ناویان دەبات و، پێی وایە ئەم سێ تیۆرییە لە ڕووی کردارییەوە شکستیان هێناوە، بەڵام دەکرێت ڕووسیا لە ڕێگەی تیۆریی چوارەمەوە وەک ئیمپراتۆرییه‌تێك دەربکەوێت چونکە ڕووسیا هەم کۆمۆنیزم و هەمیش لیبڕاڵیزمی تاقی کردۆتەوە و ئێستا کاتی تاقیکردنەوەی تیۆریی چوارەمە تا دووبارە ڕووسیا بکاتەوە بە ئیمپڕاتۆر و جەمسەرێکی نوێ لەسەر بنەمای ئوڕاسیایەکی فراوان لە سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتیدا. سەرەڕای ئەمانەیش دووگین پێی وایە کە کۆی کایەکانی نێو کۆمەڵگەی ڕووسی لە قۆناغی پێش مۆدێرنەیە و، مۆدێرنەی ئەوروپا ناتوانێت هیچ پەیوەندی و پێکەوه‌گونجان و نزیکبوونەوەیەک لەگەڵ دونیای ڕووسیدا دروست بکات، تەنانەت لەگەڵ دەستەبژێری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتەیشدا.

دووگین؛ سندووقە ڕەشەکەی پووتین

دووگین کاراکتەرێکی گەورە و بزوێنەرێکی سەرەکیی بڕیار و سیاسەتەکانی ڤلادیمیر پووتینە؛ بەتایبەت لە خواستی فراوانخوازی و گەڕاندنەوەی هێژموون بۆ ڕووسیا و خەونی گەڕانەوە بۆ ئیمپڕاتۆربوون و، ئەم خواستەیش لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئوڕاسیای میتافیزیکی دووگین و ڕەفتارەکانی پووتین بۆ دامەزراندنی ڕێکخستنێکی ئابووریی ئوڕاسیاییی گەورە، بە جۆرێک بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە و ئۆکڕانیا و ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لەخۆ بگرێت. ئەم دوو کاراکتەرە هەردووکیان دژە-ڕۆژاوایین و کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی بنەما و نۆرمەکانی ڕۆژاوا و لیبڕاڵیزم دەکەن و بەرگری لە بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییە کۆنسێرڤەتیزمەکان دەکەن و، کار دەکەن بۆ لەدایکبوونی جەمسەرێکی نوێ لە دونیادا.

کورد و پڕۆژەی ئوڕاسیاگەرایی

لە ڕوانگەی ئەلێکسەندەر دووگینەوە کورد بکەر و ئەکتەرێکی پێش مۆدێرنەی ناوچەکەیە و بەرهەمی مۆدێرنەی ڕۆژاوا نییە. دووگین وای بۆ دەچێت کە ڕۆژاوا وەک هێزێکی مۆدێرن کاریگەریی لەسەر داڕشتنەوە و بەرهەمهێنانەوەی کورد نەبووە و، کورد چوارچێوەیەکی نەژادیی فراوان و سەربەخۆیە و، دەبێت کورد لە ڕێگەی ناسنامەیەکی تایبەتەوە خۆی لەگەڵ بنەماکانی پڕۆژەی ئوڕاسیاگەرایی بگونجێنێت و، لە جیهانی ڕۆژاوا و لیبڕاڵیزم و جیهانگیری دوور بکەونەوە. لەگەڵ ئەوانەیشدا لەسەر ئاستی دەوڵەت و سەربەخۆیی، دووگین باسی هیچ جۆرە دەوڵەتێکی کوردی ناکات و تەنیا لەسەر ئاستی داننان بە زمان و فەرهەنگ و کەلتوور و هەندێک مافی سیاسیی دیاریکراو کورد لە ناوچەکە دەناسێنێت و، ئەو وڵاتانەیشی کە کورد کێشەی لەگەڵیاندا هەیە، لەوانە عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران، لەناو پڕۆژەی ئوڕاسیادا ئەکتەری سەرەکین و دۆستی ڕووسیان. بەمەیش ناهاوسەنگییەک دروست دەبێت و پێناچێت ڕۆڵێکی گەورە لەو پڕۆژەیە بە کورد وەک ئەکتەرێکی سەرەکی بدرێت، چونکە ڕووسیا لە ئاست و چوارچێوەی بەڕێوەبردنی ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکادا لە کورد دەڕوانێت، نەک هێزێکی ستراتیژی.

دەستبەرداربوونی کورد لە ڕۆژاوا و ئەمریکا و لیبڕاڵیزم و چەمکی دەوڵەت-نەتەوە و کورتکردنەوەی کورد تەنیا لە نەتەوەیەکی خاوەن خاک و جوگرافیا، هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیە و کورد بێناسنامە دەکات لە دونیادا و، بژاردەیەکی ناعەقڵانییە. چونکە دیموکراسیی لیبڕاڵی تا ئێستا باشترین بژاردەی عەقڵانییە بۆ کورد بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە و خۆپێناسەکردنەوەی؛ نابێت کورد ببێتە قوربانیی ململانێ جیۆپۆلیتیکی و جیۆسیاسییەکانی نێوان ڕۆژاوا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و پڕۆژەی ئوڕاسیا بە سەرکردایەتیی ڕووسیا. لەگەڵ ئەوەیشدا پڕۆژەی ئوڕاسیاگەرایی هەوڵێکی ئیجابییانەیە بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی ناسنامەییی نیشتمانیی نوێ؛ بە جۆرێک لایەنە نەرێنییەکانی جیهانگیری و لیبڕاڵیزمی ڕۆژاوا چارەسەر بکات و جۆرێک لە دیموکراسی و پێکەوەگونجان و پڕۆژەی نیشتمانسازی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. لە لایەکی ترەوە دووگین پێی وایە زەڵکاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قازانجی کوردە، بەتایبەت ئەگەر سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتی لە تاکجەمسەرییەوە بەرەو فرەجەمسەری بڕوات و زلهێزی تری نێودەوڵەتی بێتە نێو سیسته‌مەکەوە.  

دواسەرنج:
ئەلێکسەندەر دووگین یەکێکە لە بیرمەند و فەیلەسووفە هاوچەرخەکانی ڕووسیا و بە مێشک و عەقڵی سیاسی و ستڕاتیژیی پووتین دادەنرێت و بەشی زۆری سیاسەتەکانی ڤلادیمیر پووتین لە تیۆری و بۆچوونەکانی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت. دووگین خاوەنی پڕۆژەی داڕشتنەوە و زیندووکردنەوەی ئوڕاسیایە کە زیاتر پڕۆژەیەکی دژەئەمریکی و ڕۆژاوایییە؛ ئەمەیش وەک دەرکەوتەیەک بۆ لەدایکبوون و پێکهێنانی جەمسەرێکی نوێ لە بەرامبەر ڕۆژاوا و ئەمریکادا و کۆتاییهێنان بە سیسته‌می تاکجەمسەری.

لە ڕووی تیۆرییەوە خۆی بە خاوەنی "تیۆریی چوارەم" لە سیاسەتدا دادەنێت و هاوکات ئەم تیۆرییە یەکێکە لە ناونیشانی یەکێک لە په‌رتووكه‌ بەناوبانگەکانیشی. دووگین پێی وایە لە دەرەنجامی شکستی هەر سێ تیۆریی فاشیزمی ئەوروپی و لیبڕاڵیزمی ڕۆژاوایی و کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی، پڕۆژەی ئوڕاسیا دێتە کایەوە، وەک هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی پڕۆژەی لیبڕاڵیزمی ئەمریکی و ئەتڵەسی لە ڕێگەی جیۆپۆلیتیکێکی نوێوه‌.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples