تورکیا بەرەو قۆناغێکی نوێ - بەشی یەکەم
بۆچی قۆناغێکی نوێ؟ (لە کەمالیزمەوە بۆ عوسمانیزمی نوێ) تورکیای هاوچەرخ لە سەرەتای دروستبوون و داڕشتنەوەیدا لە ڕێگەی سیستهمی پەرلەمانییەوە بەڕێوە براوە و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگەی تورکیی پێ ڕێک خراوە و، لەسەر بنەمای ئەم سیستهمەیش پایەکانی دەسەڵاتی سیاسی و بەها سیاسییەکان دابەش کراوەتەوە. گۆڕین و دەستکاریکردنی ئەم سیستهمە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی لە لایەن ئەردۆغانەوە وەک دوو سیستهمی تەواو لە یەکتر جیاواز، تورکیا دەباتە قۆناغێکی نوێوە و، لە ڕێگەی سیستهمێکی سیاسیی نوێیشهوه بەڕێوە دەبردرێت، جیاواز لەو سیستهمەی کە نزیکەی سەد ساڵە تورکیای پێ بەڕێوە دەبردرێت؛ بە جۆرێک کە سەرۆکی وڵات دەکات بە کەسی یەکەمی ناو سیستهمەکە و سەنتەری بڕیار و، زۆرینەی دەسەڵاتەکانیشی بۆ دەگوازێتەوە و، بەمەیش سەرۆک کۆنتڕۆڵی زۆرینەی کەناڵ و جومگە جیاوازەکانی حکومڕانیی وڵاتەکە دەکات و دامەزراوەکانی تری ناو سیستهمەکە (دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەری) بێهێز و لاواز و بێڕۆڵ دەکات. دەکرێت بڵێین ئەم هەڵبژاردنە وەرچەرخانێکی نوێیە و، قۆناغی سیستهمی کەمالیزم کۆتاییی پێ دێت و قۆناغی ئەردۆغان و عوسمانیزمی نوێ و زیندووکردنەوەی بەشێک لە کەلەپووری عوسمانیزم دەست پێ دەکات. چوارچێوەی تیۆری سیستهمی سیاسی، کۆمەڵە بنەما و ڕەگەزێکی یاسایی، دەستووری و سیاسین بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە و کایە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی. هەر یەکەیەکی سیاسی/دەوڵەت، لە ڕێگەی دەستوور و پەیمانە کۆمەڵایەتییەکەیەوە ڕێک دەخرێت. شێوازی حکومڕانی و شێوەی دەوڵەت و پڕەنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و شێوازی پەیوەندییەکانیان دیاری دەکات. پێکهاتە و پەیکەری پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکات. پێکهاتە و پەیکەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن (سەرۆککۆمار و ئەنجومەنی وەزیران) بەپێی جۆری سیستهمەکە دیاری دەکات. پێکهاتەی دەسەڵاتی دادوەری ڕێک دەخات و دیاری دەکات. ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان و ماف و ئەرکی هاووڵاتی و، بە شێوەیەکی گشتی ئازادییەکانی ڕادەربڕین، قسەکردن و ڕۆژنامەوانی دادەڕێژێت و ڕێکیان دەخات. "ڕۆبێرت داڵ" پێی وایە سیستهمی سیاسی، پێکهاتەی هەمیشەییی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە؛ بە جۆرێک کە هێز و دەسەڵات لەخۆ دەگرێت و سیستهمی سیاسی خاوەن هێژموونە و لەسەر بنەمای هێز و سزایش بونیاد نراوە. "ماکس ڤێبەر"یش پێی وایە سیستهمی سیاسی، ئەو سیستهمەیە کە لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی کردارییەوە گەرەنتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکات لە شوێنێکی دیاریکراودا و، بە شێوەیەکی هەمیشەییش بە هۆی دەزگه و دامەزراوەیەکی بەڕێوەبردنی هەمیشەیییەوە. پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە ئەم هەڵبژاردنە، دەبوو لە وادەی ئاساییی خۆی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا ئەنجام بدرابایە، بەڵام وادەکەی گۆڕا و بوو بە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨. لەم هەڵبژاردنەدا سیستهمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە دەگۆڕدرێت بۆ سەرۆکایەتی و، دەستکارییەکانی دەستوور کە لە ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ دا ڕاپرسیی بۆ کرا، دەکەونە بواری جێەجێکردنەوە و، سەرۆککۆمار دەبێت بە ناوەندی بڕیارەکانی ئەو وڵاتە. پەرلەمانی تورکیا کە بە "ئەنجومەنی گەورەی نەتەوەییی تورکیا" ناودێر دەکرێت، ژمارەی ئەندامەکانی لەم خولەوە، لە ٥٥٠ ئەندامهوه دەبێت بە ٦٠٠ ئەندام. تورکیا لە ٨١ پارێزگه پێک دێت و بەسەر ٨٧ بازنەی هەڵبژاردندا دابەش کراوە، بەڵام هەر یەک لە پارێزگهکانی "ئیستەنبۆڵ" و "ئانكارا" سێ بازنەی هەڵبژاردنن و، "ئیزمیر" و "بۆرسا"یش دوو بازنەی هەڵبژاردنن. هەر بازنەیەکی هەڵبژاردنیش پێشوەختە ژمارەی کورسییەکانی بۆ دابین کراوە. پارێزگهکانی: ئامەد، وان، شڕناخ، هەکاری، ماردین، موش، ئاگری، بینگۆل، باتمان، بەتليس، ئيغدير، قارس، تونجهلى، سێرت و شانلى ئۆرفه، زۆرینەی کوردنشینە و، پێكهوه 77 كورسييان بەر دەکەوێت، جگە لە دەنگدەرێکی زۆری کورد لە ئیستەنبۆڵ و ئانكارا و چەند پارێزگهیەکی تردا کە تەنیا ئیستەنبۆڵ نزیکەی ملیۆن و نیوێک دەنگدەری کوردی تێدا دەژی. زیاتر لە ٥٩ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانی هەیە و لە ٩ی مانگەوە هەڵبژاردنی دەرەوەی تورکیا دەستی پێ کردووە و تا ١٧ی مانگ پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت. هەر حزبێکی سیاسی بۆ ئەوەی بچێتە پەرلەمان، دەبێت لە ١٠%ی دەنگەکان زیاتر بێنێت. ئهگهر ههر حزبێک بهربهستى 10% تێ نهپهڕێنێت، ئهوا دهنگهكانى ئهو ليسته له ههر بازنهيهكى ههڵبژاردندا، بهگوێرهى ڕێژهيان له ههر بازنهيهكدا، بهسهر ليسته سهركهوتووهكاندا دابهش دهبێت. بهم شێوهيه ئهگەر هەدەپە بهربهستى 10% نهبڕێ، ئهوا دهنگهكانى زیاتر بۆ هاوپهيمانيى گهل، واته بۆ حزبی داد و گەشەپێدان دهچێت، چونكه ئهو حزبە ڕكابهرى ههدهپه بووه له ناوچه كوردییەکاندا؛ بەمەیش ئەردۆغان ههموو ههوڵێك دهدا تا هەدەپە و حزبە بچووکەکانی تر بەربەستەکە تێ نەپەڕێنن. پێکهاتە و پەیکەر و ئەرکی سەرۆککۆمار ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا، دەیەوێت لە ڕێگەی گۆڕینی سیستهمی سیاسیی وڵاتەکەیەوە، زۆرینەی دەسەڵاتەکان لای خۆی گڵ بداتەوە و هێژموونییهکی گەورە بەسەر زۆرینەی دامەزراوە و ناوەندەکانی بڕیار لە تورکیادا دروست بکات و، هیچ دەزگهیەکی چاودێرییش نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات. بە شێوەیەکی کردارەکی، پڕەنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان نەهێڵێت و دەسەڵاتی یاسادانان/ پەرلەمانێکی بێهێز، دەسەڵاتێکی دادوەریی بێهێز و سەرۆککۆمارێکی زۆر بەهێز دابڕێژێت و دروست بکات. دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار ١- سەرۆککۆمار لە هەمان کاتیشدا دەتوانێت سەرۆکی حزبهکەی بێت؛ پێشتر سەرۆککۆمار، دەبوو هێمای یەکپارچەیی و نیشتمانبوونی وڵاتەکەی بوایە و، دەبوو سەرۆکی هیچ حزبێكی سیاسی نەبوایە. ٢- سەرۆککۆمار دەتوانێت باری نائاسایی (باری تەنگەتاو) ڕابگەیەنێت. ٣- سەرۆککۆمار تەنیا دەتوانێت بۆ دوو خول سەرۆککۆمار بێت؛ هەر خولێکیش ٥ ساڵ دەبێت. ٤- ئەو هێز و لایەنەی کە پاڵێوراو بۆ سەرۆککۆمار دەپاڵێوێت، دەبێت بە لایەنی کەمەوە ٥%ی کۆی دەنگەکانی وڵات بەدەست بهێنێت، یان ١٠٠ هەزار دەنگدەر دەنگی پێ بدەن. ٥- ئەو پاڵێوراوەی کە لە هەڵبژاردندا لە ٥٠%ی دەنگەکان زیاتر بێنێت، بە سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت. ٧- سەرۆککۆمار جێگرانی سەرۆککۆمار و وەزیرەکان دادەمەزرێنێت و کۆتایی بە ئەرکەکانیشیان دێنێت. ٩- ئەنجومەنی وەزیران هەڵدەوەشێتەوە و، ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەژێر دەستوور و یاساکان لە لایەن سەرۆککۆمارەوە بەڕێوە دەبردرێت. ١٠- سەرۆککۆمار دەتوانێت بۆ گۆڕانکاریی یاسایی لە دەستوور، پڕۆژە پێشکەشی گەل بکات بۆ دەنگدان و ڕاپرسی لەسەری. ١١- جێگرانی سەرۆککۆمار و وەزیرەکان، لە نێوان ئەو کەسانەی کە توانیویانە ببنە پەرلەمانتار، لە لایەن سەرۆککۆمارەوە دیاری دەکرێن و دەست لە کاری پەرلەمانتارییش دەکێشنەوە. هەڵبژاردنی پێشوەختە و هۆکارەکانی لە ١٨ی مانگی نیسانی ٢٠١٨دا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕێکەوتی ٢٤ی مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی دیاری کرد و، بەمەیش کۆمەڵێک لێکدانەوەی جیاواز و دژبەیەک بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە کرا، بەتایبەت مەسەلەی دابەشبوون و پەرتەوازەبوونی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەم وڵاتە و بەهەلزانینی ئەردۆغان بۆ زاڵبوون و سەرکەوتن بەسەریان و گۆڕینی سیستهمی سیاسیی وڵاتەکەی بەخێرایی، تا پڕۆسەی گۆڕینەکە دوا نەکەوێت و، لە داهاتوودا کێشەی گەورەی بۆ دروست نەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەردۆغان ئەم هەڵبژاردنە بە دەرچەیەکی دەستووری و یاسایی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسیی خۆی و نوێکردنەوەی شەرعییەتی فەرمانڕەوایییەکەی دەزانێت. بەگشتی دەکرێت چەند هۆکارێک بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی تورکیا دیاری بکەین: ١- تورکیا لە دوای هەوڵی کودەتاکەی هاوینی٢٠١٦، بووە بە زیندانێکی گەورە بۆ پەرلەمانتاران، ئەندامی حزبە سیاسییەکان، چالاکوانان، ڕۆژنامەوانان، ئەندامانی بزووتنەوەی خزمەت، مامۆستایانی زانکۆ و هەموو ئەوانەی کە دژ بە دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان قسە دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و، ئەمەیش بۆتە هۆی بێزاریی شەقامی تورکی و بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزاییی زیاتر و ڕەخنەی وڵاتە گەورەکانی وەک ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دونیا و بەرتەسککردنەوەی مەسەلەی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ئازادیی ڕادەربڕین و قسەکردن و، تا ئێستا تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ڕۆژنامەنووسی بە تۆمەتی جیاجیاوە زیندانی کردووە. ٢- لە دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین و داگیرکردنی عەفرین لە لایەن تورکیاوە، ئەردۆغان وا هەست دەکات کە پێگە جەماوەرییەکەی بەرز بۆتەوە و باشتر دەتوانێت سەرنجی دەنگدەر و بەشێک لە هێز و گرووپە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تورکیا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، بەتایبەت دەنگی نەتەوەپەرست و نەژادپەرستەکانی تورکیا؛ بە هۆی ئەوەی کە ئەم گرووپە خوازیاری ئەوەن کە تورکیا هەوڵی گەیشتن بە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئیمپڕاتۆرییهتی عوسمانی بدات و بیکاتەوە بە بەشێک لە تورکیای ئێستا، بەتایبەت ڕۆژاوای کوردستان و حەلەب و مووسڵ و تەنانەت کەرکووکیش. ئەردۆغان دەیەوێت ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازی و لەشكرکێشییە، بگۆڕێت بۆ دەستکەوتی سیاسیی گەورە و، لە ڕێگەیەوە تەمەنی سیاسیی خۆی پێ درێژ بکاتەوە. ٣- لە لایەکی ترەوە بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و خراپبوونی دۆخی ئابووریی تورکیا، بەتایبەت دابەزینی بەهای لیرە لە بەرامبەر دۆلار و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و هەڵاوسان و قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیا و مەسەلەی داکشان و دابەزینی داهاتی تاک و داتەپینی ئابووریی تورکیا، بەگشتی ترسێکی زۆری لای ئەردۆغان و حزبی داد و گەشەپێدان دروست کردووە بۆ پەنابردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و خۆدەربازکردن لەو دۆخە ئابوورییە نالەبارەی تورکیا. هەڵبژاردنێک و دوو بەرە لە ئێستادا دوو هاوپەیمانی، یان بەرەی جیاواز و دژبەیەک لەم هەڵبژاردنەدا دروست بوونە. هەر هاوپەیمانییەک نوێنەرایەتی و نمایندەی بەشێکی کۆمەڵگەی تورکی و خواست و داواکاری و بەرژەوەندییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەکات و لەسەر کۆمەڵێک بنەمای سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، خۆی ڕێک خستووە و دەیەوێت کێبڕکێ بکات و ململانێکان بەڕێوە ببات. یەکەم: هاوپەیمانیی گەل ئەم هاوپەیمانێتییە هەر یەک لە حزبی داد وگەشەپێدان/حزبی حاکم وەک حزبێکی ڕەگ-ئیسلام و، بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا/مەهەپە وەک حزبێکی نەتەوەپەرست لەخۆ دەگرێت و ئەم هاویەیمانییە کار لەسەر بنەماکانی ناسیۆنالیزمی تورکی و ئیسلامی سیاسی و کۆنزێرڤەتیزم دەکات و، ئەردۆغانیش لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەم هاوپهیمانییهیه. دووەم: هاوپەیمانیی نەتەوە ئەم هاوپەیمانییە هەر یەک لە حزبی گەلی کۆماری/جەهەپە کە میراتگری حزبەکەی ئەتاتورکە و لە ئێستادا "کەمال کڵچدار ئۆغلۆ" سەرکردایەتیی دەکات و، ئیی پارتی بە ڕابەرایەتیی "میڕاڵ ئاکشینەر" کە لە حزبی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا/مەهەپە جیا بۆتەوە و خۆی بە حزبێکی میانڕەوی ناسیۆنالیزم دادەنێت و، حزبی دەپەپە و حزبی سەعادەت بە سەرۆکایەتیی "تەمار قەرەمۆلا ئۆغلۆ" کە حزبێکە خۆی بە میراتگری کەلەپووری سیاسی-ئیسلامی-تورکی و، باوکی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا، نەجمەدین ئەربەکان، دادەنێت. سەرەڕای ئەمانە خاڵی لاوازی ئەم هاوپەیمانییە، ڕێکنەکەوتنە لەسەر کاندیدێكی هاوبەش بە هۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە بۆ ڕکابەری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەردۆغان، بەڵکوو هەر یەکە کاندیدێکی خۆی هەیە و ئەمەیش دەرفەتی زیاتر بە ئەردۆغان دەدات بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکەدا. بۆچوونێکی تر هەیە ئەمە بە خاڵێکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن دادەنێت بۆ پەکخستن و سەرنەکەوتنی ئەردۆغان، چونکە پێیان وایە ئۆپۆزیسیۆن پشت بە دابەشکردن و پەرتکردنی دەنگەکانی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکە دەبەستێت، تا نەهێڵن ئەردۆغان "نیوە کۆ یەک" بهێنێت و دواتر لە خولی دووەم لەسەر کاندیدێک ڕێک بکەون و زۆرینەی دەنگەکان بۆ خۆیان ببەن. |