تورکیا بەرەو قۆناغێکی نوێ - بەشی دووەم

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دوای هەڵبژاردنەکەی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨

(لە سفر کێشەوە بۆ پڕ کێشە)

ئەحمەد داودئۆغلۆ لە کتێبەکەیدا "قووڵاییی ستراتیژی و پێگەی تورکیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا"، پێی وایە تورکیا لە ڕابردوودا یاریکەرێکی گەورەی نێودەوڵەتی بووە بەڵام خۆی هەستی پێ نەکردووە کە خاوەنی دەمار و ماسووڵکەی بەهێز و گەدەیەکی لاوازە و، لەگەڵ ئەوەیشدا دڵی کێشەی هەیە و مێشکیشی مامناوەندە. دەکرێت بڵێین تورکیا زیاتر کێشەی ئابووریی هەبووە، بەوەی ئابوورییەکەی لاواز بووە، بەڵام ژێرخانی سوپا و سەربازیی بەهێز بووە بەپێی ئەوەی ئەندامی ناتۆیە. ئەحمەد داودئۆغلۆ وەک ئەندازیاری سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە دوای ٢٠٠٢وە تا ٢٠١٤، پێی وا بووە کە تورکیا لە ڕێگەی سفرکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا دەتوانێت کۆنتڕۆڵی خاڵە لاوازەکانی خۆی بکات و، تورکیا وەک تیروکەوانێک چەندەی بۆ ڕۆژهەڵات و دونیای ئیسلامی ڕابکێشرێت، ئەوەندە بەخێرایی بەرەو ڕۆژاوا دەچێت؛ بە مانای ئەوەی تورکیا بە گەڕانەوە بۆ جیهانی ئیسلامی، دەتوانێت خێراتر بەرەو یەکێتیی ئەوروپاش بڕوات و ببێت بە ئەندام لەو یەکێتییەدا.

ئەم بیرۆکە و ستراتیژ و سیاسەتانەی ئەحمەد داودئۆغلۆ لە ئێستادا هیچ بەها و نرخێکی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا نەماوە و، لە دوای ئەم هەڵبژاردنەوە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بە جۆرێکی تر دادەڕێژرێتەوە؛ بە جۆرێک کە ئەردۆغان وەک سەرۆکێکی خاوەن دەسەڵاتێکی ڕەها زۆرترین ڕۆڵی تێدا دەبێت و ئەکتەری سەرەکی دەبێت لە داڕشتنی؛ هەر لە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا تا دەگاتە بەها و ئامرازەکانی! پێدەچێت ئەردۆغان پێچەوانەی ئەحمەد داودئۆغلۆ لە بری سفرکردنەوەی کێشەکان، تورکیا بکات بە خاوەن زۆرترین کێشە لەگەڵ ئەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییه‌كان و تەنانەت وڵاتانی دراوسێیش، بەتایبەت سووریا کە ئەردۆغان بەردەوام کوردەکانی سووریا بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر یەکگرتووییی خۆی دەبینێت و لەگەڵ سووریا و ڕژێمەکەی ئەسەدیش لە کێشەدایە کە زیاتر ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیی هەیە و، پێناچێت تورکیا لەگەڵ سووریا ببن بە دوو ئەکتەری بێکێشە لە ماوەیەکی نزیکدا.

ئەردۆغان کەناڵە سیاسییه‌كان، دەزگه‌ هەواڵگرییه‌كان، هێزی چەکدار، سوپا، ناوەندی دیپلۆماسی و ڕاگەیاندنەکەی بۆ دروستکردنی ناسنامەیەکی تایبەت لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا بەکار دێنێت! ناسنامەیەک کە گوزارشتە لە خواست و خەونێکی تایبەتی ئەردۆغان کە بە پلەیەک بریتییە لە زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانیزمی نوێ و گەڕانەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆرییەت و زیندووکردنەوەی سیسته‌می سوڵتانیزم. لە ڕووی جیۆپۆلیتیکەوە دەیەوێت لەسەرخۆ هێژموونی تورکیا بەسەر وڵاتانی تری ناوچەکە باڵادەست بکات، بەتایبەت ئەو جوگرافیا و وڵاتانەی کە پێشتر بەشێك بوونە لە دەوڵەتی عوسمانی و لەناو هەناوی ئیمپراتۆرییەکەدا بوونە و، تورکیا هێشتا چاوی لێیە وەک ناوەندێک بە خۆیەوەی ببەستێتەوە! بۆ ئەم مەبەستەیش بەرەو کەنداو پەل دەهاوێژێت! بنکەی دەریایی لە قەتەڕ دادەمەزرێنێت و لە ڕێگەی هێزی نه‌رم و کاڵا و بەرهەمی ئابووری و سینەما و دراما و زمان و کەلتوور و فەرهەنگ و دابینکردنی کۆرسی خوێندن بەخۆڕایی لە وڵاتەکەی پەیامی خۆی دەنێرێت و سەرنجی وڵاتانی ناوچەکەی پێ ڕادەکێشێت. تورکیا چالاکییەکانی گواستۆتەوە وڵاتێکی وەک سۆماڵ و باکووری ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز و بەڵکان وەک سەرەتایەک بۆ دەستنیشانکردنی سنووری جوگرافیی خەونەکانی و زیندووکردنەوەی مۆدێڵی عوسمانیزمی نوێ!

سەرەتا ئەحمەد داودئۆغلۆ سیاسەتی دەرەوەی تورکیای لەسەر بنەمای "ستراتیژییەتی سەرە سێگۆشە" (ستراتیژییەتی سێگۆشە) داڕشت؛ وەک گوزارشتێک بۆ ئاشتبوونەوەی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەکتەرە ناوخۆیییەکانی. ئەم سیاسەتە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی وەستابوو و سێ ئامانجی سەرەکییشی هەبوو:

١- ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەکتەرە ناوخۆیییەکان، بەتایبەت چارەسەرکردنی کێشەی کورد.

٢- شەرعییەتی ناوچەیی

٣- هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ جیهانی ڕۆژاوا (ئەوروپا و ئەمریکا)

ئەم ستراتیژە لە دوای بەهاری عەرەبییەوە لە لایەن ئەردۆغانەوە پاشەکشەی پێ کرا و، تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە ستراتیژێکی تر نزیک بۆتەوە کە زیاتر بە "سیاسەتی مریشکی سەربڕدراو" ناو دەبرێت؛ ئەمەیش وەک هێمایەک بۆ ئەو سیاسەتە سەرلێشواوەی کە ئەردۆغان ئاڕاستەی دەکات، یان وەک مریشکێکی تازە سەربڕدراو کە بەخێرایی بە چواردەوری خۆیدا پەل دەهاوێژێت! بەمەیش ئەردۆغان تورکیا لە ئەکتەرێکی سفر کێشەوە بەرەو ئەکتەرێکی پڕ لە کێشە و ململانێ دەبات!

تورکیا ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر گرێدراو و وابەستەی ڕووسیا دەبێت و لە ئەمریکا و بلۆکی ڕۆژاوا دوور دەکەوێتەوە. لە عێراقیش ناتوانێت هیچ ڕۆڵێکی وا بگێڕێت و، ئێران باڵادەست و خاوەن بڕیارە! لەو لاوەیش تورکیا پاڵپشتیی قەتەر دەکات لە دژی بلۆکی سوننە بە سەرکردایەتیی سعوودیا، کە ئیدارەکەی ترامپ پاڵپشتیی دەکات! ئەم مۆدێڵەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا کە ئەردۆغان لە ئێستادا ئەندازیارییەتی و پایەکانی بۆ دادەڕێژێت، هیچ بنەمایەکی لۆژیکی و زانستیی نییە و تەنیا لەسەر بنەمای تووڕەیی و هەڵچوون داڕێژراوە و، پێناچێت هیچ ئەنجامێکی سیاسی و ستراتیژیی بۆ تورکیا و ئەردۆغان هەبێت!

ئاک پارتی (ئاكه‌په‌) و پۆست-ئیسلامیزم

بەشێک لە توێژەران پێیان وایە حزبی داد و گەشەپێدان، حزب و هێزێکی پۆست-ئیسلامیزمانەیە و بە هۆی تێکەڵکردنی بەشێک لە بنەماکانی مۆدێرنە و ئیسلامی موحافیزکار (كۆنه‌پارێز) و کارکردن لەسەر پرسە ئابوورییەکانی وەک: چارەسەرکردنی ڕێژەی هەڵاوسان، بێکاری و بەرزکردنەوەی داهاتی ساڵانەی تاک و...، توانیویەتی مۆدێڵی حزبی ئیسلامیی کلاسیک و تەقلیدی تێ پەڕێنێت و تا ماوەیەکی زۆر لە دەسەڵات بمێنێتەوە و ئەردۆغانیش ڕۆڵی سەرەکی لەم پڕۆسەیەدا ببینێت! ئەم حزبە وەک هێزێکی ڕەگ ئیسلام و موحافیزکار تا ڕاددەیەکی زۆر دوور کەوتۆتەوە لە پرسیارە قووڵەکانی نێو شەریعەت و سیواک و گەڕانەوە بۆ کەلەپووری سیاسیی ئیسلامی و ئەو پرسە تاکەکەسییانەی کە ئیسلام قسەی خۆی لەبارەیەوە دەکات! بەڵکوو تیشکی سەرەکیی خستۆتە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت وەک چوارچێوەیەکی سیاسی و مۆدێرن و پڕۆژەی ئابووری و چۆنێتیی گەشەپێدانی ئابووری و بەرەوپێشبردنی ژێرخانی وڵاتەکە.

بەشێک لەوانەی دەنگیان بەو حزبە داوە، سەر بە ئایدیۆلۆژی و ئایین و مەزهەب و هێڵی فکریی جیاوازن و تەنیا لەسەر بنەمای پڕۆژە و بەرنامە ئابوورییەکە دەنگیان پێ داوە و، دەکرێت ئەم هەوڵەیش بە تێپەڕاندنی ئیسلامی سیاسیی تەقلیدی دابنێین کە زۆربەی حزبە سیاسییە ئیسلامییەکانی جیهانی عەرەبی کاری لەسەر دەکەن. لەناو خودی تورکیاش حزبێکی ئیسلامیی وەک "حزبی سەعادەت" بە هۆی ئەو مۆدێلە کلاسیکەی کە کاری لەسەر دەکات نەیتوانی ڕێژەیەکی گونجاو لە دەنگەکان بهێنێت و ببێتە جێگەی هیوا و متمانەی دەنگدەرانی ئەو وڵاتە!

ئەردۆغان و خەونی مانەوەی تا ٢٠٢٨

ئەردۆغان هەوڵی ئەوە دەدات زۆرترین ماوە لە دەسەڵات بمێنێتەوە و خۆی ئەکتەری پلە یەک و لە سەرەوەی هەڕەمی بڕیاردان بێت لە تورکیادا؛ تەنانەت لە کەمال ئەتاتورکی دامەزرێنەری کۆماری تورکیاش زیاتر لە دەسەڵات بمێنێتەوە! ئەردۆغان ١٥ ساڵە حوکمڕانی تورکیایە و لەو ماوەیەدا و تا پێش بەهاری عەرەبییش سیاسەتی نزیکبوونەوەی لە یەکێتیی ئەوروپا پەیڕەو کردووە و کاری لەسەر پرسی ئابووری و دیموکراسیی کردووە بەڵام دوای ئەوە ئەردۆغان هەوڵی تاکڕەوی و خۆسەپاندن و تێکدانی پەیوەندییە دەرەکییەکانی تورکیای داوە؛ تەنانەت چەندین هاوڕێی خۆی ناچاری وازهێنان کردووە و چەندینیشی دوور خستۆتەوە! سەرەڕای ئەوەی ئەردۆغان لە باری نائاساییدا هەڵبژاردنەکەی ئەنجام داوە و سیسته‌مەکەیش بەرەو سەرۆکایەتی دەچێت و زۆرینەی دەسەڵاتەکان لای خۆی گل دەداتەوە!

تا ئێستا چەندین سیاسەتمەداری کورد و چالاکوانی مەدەنی و ئەندامانی بزووتنەوەی گویلەنی خستۆتە زیندانەوە و گوشارێکی زۆریشی خستۆتە سەر سەندیکا و یەکێتییە پیشەیییەکانی وەک سەندیکای پارێزەران و ڕۆژنامەنووسان. بەگوێرەی دەستوور و هەموارەکانی نیسانی ٢٠١٧یش لە ڕووی سیاسییەوە پەرلەمان وەک دەزگه‌ و دامەزراوەیەکی چاودێری، ناتوانێت لێپێچینەوە لە ئەردۆغان بکات چونکە ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە و تەنیا گەل لە دوای پێنج ساڵەوە دەتوانێت متمانە و شەرعییەتی پێ بداتەوە یاخود لێی بستێنێتەوە! ئەردۆغان بۆ مانەوەی لە دەسەڵات تا ساڵی ٢٠٢٨ و کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکانیش لە دەستی خۆیدا، هەموو ڕێگه‌یەک بەکار دێنێت.

تورکیا وەک زیندانێکی گەورە

لە دوای هەوڵی کودەتاکەی تەمووزی ٢٠١٦وە ئەردۆغان دەستی بە ڕەشبگیری و دەستگیرکردنی زۆرینەی ئەو کەس و ڕێکخراوانە کرد بە بیانووی هەوڵدانیان بۆ کودەتا و پەیوەندییان بە گویلەنی کۆنە دۆستی؛ سەرەڕای دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی حزبی دیموکراسی و گەلان، سەڵاحەددین دەمیرتاش و، بەشێکی زۆر لە ئەندام و پەرلەمانتارانی ئەو حزبە بە بیانووی هەبوونی پەیوەندییان بە پەکەکەوە؛ بە جۆرێک لە ئێستادا ٤٠ هەزار کەس لە زیندانە بە تۆمەتی بەشداری لە کودەتا سەرنەکەوتووەکەی تەمووزی ٢٠١٦دا و، ١٠٠ هەزار فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و، ١٢ هەزار ڕۆژنامەوان زیندانی کراون و، ١١ هەزار مامۆستا لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە! بەگشتی تورکیا ئەمڕۆ بووە بە زیندانێکی گەورە بۆ هەموو ئەوانەی کە ڕەخنە لە ئەردۆغان و تورکیا و دەسەڵاتەکەی دەگرن و بە جۆرێک لە جۆرەکان لەو شێوە سیاسەتکردن و دەسەڵاتەی ئەردۆغان ناڕازین. پێدەچێت لە داهاتوودا بە هۆی زیاتربوونی دەسەڵاتەکانی ئەردۆغان و بەهێزبوونی پێگە سیاسی و دیپلۆماسییەکەی، ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بێت و هیچ دەنگێکی ناڕازی لە تورکیا جێگەی نەبێتەوە! بەتایبەت ئەوانەی کە لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنن و بەردەوام ڕەخنە لە دەسەڵات و تەسککردنەوەی ڕووبەری ئازادییەکانی ڕادەربڕین و ئازادییە تاکەکەسییەکان و، هه‌روه‌ها لە پێشێلکردنی مافی پێکهاتە و گرووپە نەتەوەیییەکانی تر دەگرن و کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دیموکراسی و ئاشتی لە وڵاتەکەدا دەکەن.

دوا سەرنج:

هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ قۆناغێکی نوێ بوو لە مێژووی هاوچەرخی سیاسیی تورکیادا؛ چونکە هەم سەرۆک ڕاستەوخۆ بۆ ماوەی پێنج ساڵ و هەمیش ئەندامانی دەزگه‌ی یاسادانانی تورکیا هەڵبژێردران و، سیسته‌مە سیاسییەکەیش لە پەرلەمانییەوە بەرەو سەرۆکایەتی دەچێت. بەمەیش زۆرینەی دەسەڵاتەکان دەگوازرێتەوە بۆ سەرۆککۆمار و، بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکتر و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری بەتەواوی کاڵ دەبێتەوە! ئەردۆغان دەیەوێت تا ١٠ ساڵی تر لە لووتکەی دەسەڵات بمێنێتەوە و هەموو خواست و هیوا سیاسییەکانی بهێنێتە دی و ئەکتەرێکی بەهێز بێت لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا.

یەکێک لەو خەونانەی کە ئەردۆغان هەوڵی بۆ دەدات، مەسەلەی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و دروستکردنی مۆدێڵێکی نوێیە بە ناوی عوسمانیزمی نوێ لە ناوچەکەدا. ئاک پارتی و ئەردۆغان ڕاستە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا توانیویانە حوکمڕانیی تورکیا بکەن و بە هەر نرخێک بێت لە دەسەڵات بمێننەوە و خۆیان وەک مۆدێڵێکی پۆست-ئیسلامیزمانە پیشان بدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا تورکیا لە ڕووی ناوخۆیی و دەرەکییەوە لە کۆمەڵێک کێشە و قەیرانی گەورەدایە! هێشتا پرسی کورد بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و پڕۆسەی ئاشتی وەستێنراوە! هێشتا بە سەدان هەزار کەس لە هاوسەرۆکی حزبەوە تا دەگاتە ئەندامی پەرلەمان و ڕۆژنامەنووس و دادوەر و مامۆستای زانکۆ بە بیانووی جۆراوجۆر زیندانی کراون!

تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەیدا لەگەڵ زۆرینەی ئەکتەرەکان لە کێشەدایە؛ هەر لە ئەمریکاوە تا دەگاتە یەکێتیی ئەوروپا و قوبڕس و ئەرمەنستان و سعوودیا و سووریا و عێراق و وڵاتانی تری دراوسێ! دوای زیاتربوونی دەسەڵاتەکانی ئەردۆغان، پێدەچێت کێشە دەرەکییەکانی ئەو وڵاتە زیاتر بن و ئەردۆغان خۆی بەتەواوی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لەسەر کۆمەڵێک بنەما، جیاواز لەو بنەمایانەی کە پێشتر سیاسەتی دەرەوەی تورکیای لەسەر داڕێژرابوو، دابڕێژێت! تورکیا بە هەموو ماناکان چیتر وەک تورکیای سەردەمی کەمالیزم نابێت و لەمەودوا سەردەمی تورکیای عوسمانیزمی نوێ دەست پێ دەکات کە ئەردۆغان ڕۆڵێکی هەرە سەرەکی و بنەڕەتیی تێدا دەگێڕێت.

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples