تورکیای سەردەمی سیسته‌می سەرۆکایەتی

تورکیای سەردەمی سیسته‌می سەرۆکایەتی

  
پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

(بڕیارنامەی یەکەم)

داڕشتنەوەی دامەزراوەی سەربازی

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٥ی تەممووزی ٢٠١٨، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چەند بڕیارنامەیەکی دەرکرد و لە ڕۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاو بووەوە! یەکەمین بڕیار بریتی بوو لە لکاندنی سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا بە وەزارەتی بەرگری و، بووە بەشێک لە پێکهاتەی ئەو وەزارەتە و، ئەمەیش وەک هێمایەک بۆ بچووککردنەوەی پەیکەر و پێکهاتەی سوپا و دامەزراوەی سەربازی لەو وڵاتەدا و کەمکردنەوە و سنووردارکردنی دەسەڵاتی جەنەڕاڵ و پلەدارەکان لەناو کایەی سوپادا.

دووەم بڕیارنامە، گۆڕانکاری بوو لە ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی سەربازی و، هەر یەک لە وەزیری گەنجینە و دارایی لەگەڵ وەزیری پەروەردە، بوونە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە.  پێشتر ئەندامانی ئەنجومەنی سەربازی لە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، جێگرانی سەرۆکوەزیران، وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگری، وەزیری داد، وەزیری دەرەوە، سوپاسالار، جێگری سوپاسالار، فەرماندەی هەر یەک لە هێزی دەریایی، ئاسمانی و وشکانی و فەرماندەی هێزی تایبەت و جەندرمەی لەخۆ دەگرت.

پێشتر تێکەڵاوی و ئاڵۆزییەک لە نێوان دامەزراوەی سەربازیی تورکیا و دامەزراوە مەدەنییەکان هەبوو، بە هۆی کودەتا سەربازییەکانی ڕابردوو و دانانی سەرباز و جەنەڕاڵەکان وەک پارێزەر و ڕاگری سیسته‌می سێکیۆلاریزم! پێشتر دامەزراوەی سەربازی و کەسی یەکەمی ناو هەڕەمی سوپا وەک کەسی یەکەمی ناو سیسته‌مەکە دەبینرا و، خودی ئەنجومەنەکەیش هێژموونی تەواوی بەسەر جومگە و کەناڵە سیاسی و مەدەنییەکانییەوە هەبوو. لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا دامەزراوەی سەربازیی تورکیا و جەنەڕاڵەکانی، چوار کودەتای سەربازییان ئەنجام داوە و دەسەڵاتی مەدەنیی ئەو وڵاتەیان پەک خستووە. هەر کاتێک هەستیان بە مەترسییەک کردبێت بۆ سەر بنەماکانی کەمالیزم، بە بیانووی پاراستنی ئەو بنەمایانە کودەتایان بەسەر دەسەڵاتدا کردووە و سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانیان یان دوور خستۆتەوە یان لەسێدارەیان داون، بەتایبەت لەو کاتانەی کە هێزە ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتە گەشەیان کردووە و گەیشتوونە بە دەسەڵات. یەکەمین نموونەیش بۆ ئەم دۆخە، کودەتاکەی جەنەڕاڵ "جەمال گۆرسێل"ی سوپاسالار و بەشێک لە ئەفسەر و قوتابیانی کۆلێژی سەربازی بوو بەسەر "عەدنان مەندەرس"ی سەرۆکی حزبی دیموکرات و سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا لە ساڵی ١٩٦٠ و دواتریش لەسێدارەدانی!

دروشمی سەرەکیی کودەتاکە بریتی بوو لە "گەڕانەوە بۆ بنەما ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکانی سیسته‌می کەمالی-کۆماری لە تورکیادا" کە لە لایەن حکوومەتەکەی "عەدنان مەندەرس" ڕووبەڕووی هەڕەشە و لاوازکردن ببووه‌وە.

ئەردۆغان دەیەوێت لەمەودوا لە ڕێگەی کۆکردنەوەی زۆرینەی دەسەڵاتەکان، لەناویشیدا دەسەڵاتی سەربازی لەدەست سەرۆککۆمار وەک کەسی یەکەمی وڵات خۆی بسەپێنێت و، ئەو ترس و دوودڵی و گومانەی دەسەڵاتی سەربازی و سوپا و جەنەڕاڵەکان لەسەر سیسته‌مە سەرۆکایەتییەکەی لا ببات و تا هیچ کاتێک و هیچ کەسێک لەناو سوپادا بە بیانووی بەرگریکردن لە بنەماکانی کەمالیزم کودەتا بەسەر ئەردۆغان و دەسەڵات و سیسته‌مەکەیدا نەکات.

بەپێی سیسته‌مە نوێیەکە (سیسته‌می سەرۆکایەتی)، ئەردۆغان خۆی وەزیرەکان دادەنێت و خۆیشی دەتوانێت لایان بدات. لکاندنی سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا بە وەزارەتی بەرگری و دروستکردنی بیرۆکراتییەتێکی نوێی سەربازی، پلەبەندی و پەیکەرێکی نوێیە؛ بە جۆرێک هەموو ئەندامانی سوپا بە پلەدار و بێپلەوە ناچار دەکات بە فەرمانەکانی وەزیری بەرگری وڵاتەکەی و؛ سنووردارکردنی جموجۆڵ و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانیان و دواجاریش وەزیری بەرگری لەژێر چاودێریی سەرۆککۆماردا دەبێت و سەرۆککۆمار دای دەنێت و خۆیشی هەر کاتێک بیەوێت لای دەبات و تەواوی فەرمانەکانیشی بەسەر دامەزراوە و دەستەبژێری سەربازی و جەنەڕاڵەکاندا جێبەجێ دەکات و دەیکات بە دەزگه‌یەکی تەواو گوێڕایەڵ و بێڕۆڵ و بێکاریگەری لە کایەی سیاسی و هەموو تایبەتمەندییەکانی سوپایەکی بەهێز و پڕمەترسیی لێ دەستێنێتەوە. سەرەڕای ئەمەیش لەنێو ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی سەربازیی تورکیا هەر یەک لە وەزیری گەنجینە و دارایی و وەزیری پەروەردە وەک دوو دەزگه‌ی مەدەنی ڕۆڵیان دەبێت و، بەمەیش ئەردۆغان دەیەوێت بەتەواوی کایەی سەربازی لە تورکیادا بەمەدەنی بکات و لە دەزگه‌یەکی خاوەن بڕیاری گەورە، بکات بە دەزگه‌یەکی مەدەنیی بێبڕیار و بێکاریگەری لەناو سیسته‌مە سیاسییەکەیدا.  

مەبەستەکانی ئەردۆغان لە بڕیارنامەکە

یەکەم: سوپا بە جۆرێک بچووک و لاواز بکات، بۆ ئەوەی ببێت بە بەشێک لە حکوومەت نەک هێزێکی سەرووی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دامودەزگە دەستووری و یاسایییەکانی نێو پەیکەری حکومڕانیی وڵاتەکەی و نەهێشتنی حکوومەتی سێبەر، یان دەوڵەت لەناو دەوڵەت. سەرەڕای ئەوەیش ئەردۆغان دەیەوێت پەیامێک بۆ یەکێتیی ئەوروپا بنێرێت کە چاکسازی لە کەرتی سەربازیدا کردووە و ئێستا تورکیا خاوەن سوپایەکی پیشەیییە و بێلایەنە و هیچ ڕۆڵێکی نییە لە پڕۆسەی سیاسیدا و، ئەمەیش وەک یەکێک لە داواکارییەکانی یەکێتیی ئەوروپا کە دەمێکە وەک پێوەر و مەرجێک بەسەر تورکیای سەپاندووە تا لەو یه‌كێتییه‌ وەک ئەندام قبووڵ بکرێت.

دووەم: ئەردۆغان مەبەستێتی پەیامێک بگەیەنێت بە هەموو ئەو هێزە سیاسی و ڕێکخراوە شاراوانەی نێو سوپا و دەرەوەی سوپا و، هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی هاوشێوەی "ئەرگەنەکۆنەکان" و جەنەڕاڵە خانەنشینەکان و ڕێکخراوی فەتۆ (هێڵی خزمەت) و ئەوانەی کە پیلان و بەرنامەی کودەتایان لە خەیاڵدا ماوە و، بیانەوێت بژاردەی سەربازی بۆ لابردن و لاوازکردنی ئەردۆغان و دەسەڵات و سیسته‌مە سیاسییەکەی بەکار بێنن! ئەم جارە سوپا بە شێوەیەک دەسەڵات و بڕیار و پێگەکەی کەم کراوتەوە، هیچ دەرفەتێکی بۆ بچووکترین جووڵە لە بەرامبەر دەزگه مەدەنییەکاندا بۆ نەهێڵراوەتەوە!

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples