تورکیای سەردەمی سیستهمی سەرۆکایەتی
پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر
(پەسەندکردنی یاسای باری نائاسایی بە ناوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە)
باری نائاسایی چییە؟
یاسای باری نائاسایی کاتێک جێبەجێ دەکرێت، کە مەترسی لەسەر ئاسایش و ئارامیی وڵاتەکە هەیە و، دەکرێت بەسەر تەواوی وڵات یان ناوچەیەکی دیاریکراو جێبەجێ بکرێت. یاساکە دەتوانێت هەندێک دەسەڵات لە یاسادانان و جێبەجێکردن وەربگرێتەوە. باری نائاسایی، ئازادی و جموجۆڵی تاک سنووردار دەکات و هاووڵاتیان لە مافە تاکەکەسییەکان بێبەش دەکات. لە دەستووری زۆربەی وڵاتاندا ئەو یاسایە جێگەی کراوەتەوە و کاری پێ دەکرێت، بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێیەم و لەناویشیدا وڵاتانی عەرەبی. لە کاتی کارەساتی سروشتی و مرۆیی و جەنگ کاری پێ دەکرێت و ماوەکەی درێژ دەکرێتەوە و؛ هەندێک جاریش بۆ چەندین ساڵ و بە درێژاییی ماوەی حوکمڕانیی حزبێک یان سەرۆکێک بەردەوام دەبێت.
حزبی داد و گەشەپێدان/ئاکەپە پڕۆژەیاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردبوو و، مانگی ڕابردوویش پەرلەمان پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد. لە پڕۆژەکەدا زۆرینەی بڕیار و ڕێنمایییە نائاسایی و نایاسایییەکانی ئەم دوو ساڵەی ڕابردووی دوای کودەتاکەی تێدا دەکرێن بە یاسا؛ ئەمەیش بە دووەمین هەنگاو لە دوای دەرچوونی بڕیارنامەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ گۆڕینی سیستهمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، دادەنرێت.
ناوەڕۆکی یاساکە:
بەپێی یاساکە والی و پارێزگاری پارێزگهکان و یەکە کارگێڕی و خۆجێیەکان ئەگەر هەستیان بەوە کرد کەسێک یان گرووپێک دەبنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵات، دەتوانن بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ ڕێ لە دەرچوون و چوونەناوەوەیان بۆ پارێزگه و ناوچەکەیان بگرن و، بە بیانووی ناڕەحەتکردن یاخود شێواندنی ئارامییش، ڕێ لە هاتوچۆی ئۆتۆمبێڵ بگرن. لە لایەکی ترەوە، بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان و کۆبوونەوەی جەماوەری و ڕێپێوان و چالاکییە مەدەنییەکانی تر یاساکە دەسەڵاتی داوەتە یەکە کارگێڕییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستوەردان لە زۆربەی بوارەکانی ژیان و ماف و ئازادییە تاکەکەسی و مافە مەدەنی و سیاسییەکان.
لە هەمان کاتدا یاساکە تیشکی خستۆته سەر خاڵێک و، ئاماژەی بەوە داوە کە سەرباز و پلەدارەکان و تەنانەت فەرمانبەری مەدەنییش لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و دامەزراوەی سوپا بە هەموو پێکهاتە و بەشەکانی و وەزارەتی بەرگری و... دوای ئەوەی بە تاوانێک تۆمەتبار دەکرێن و ئەگەر تۆمەتەکەیشیان بەسەردا نەسەپێت و یەکلانە بێتەوە، ئەوا ڕێگەیان پێ نادرێت بگەڕێنەوە بۆ سەر کار و لە پیشەکەیان دوور دەخرێنەوە و کۆتایی بە ڕاژەکانیان دەهێنرێت.
جگە لەمانەیش ئەو کەس و لایەنانەی کە بە تۆمەتی تێکدان و شێواندنی ئاسایشی نەتەوەیی و مەترسی بۆ سەر دەزگهکانی دەوڵەت دەستبەسەر دەکرێن، لە ٣ ساڵی داهاتوودا ماوەی دەستبەسەرکردنیان ٤٨ کاتژمێر دەبێت و؛ ئەو کەسانەیشی کە بە هۆکاری جیا و هۆکاری کۆمەڵایەتییەوە دەستبەسەر دەکرێن، ماوەکەیان نابێت لە ٤ ڕۆژ زیاتر بێت و ماوەی دەستبەسەرییش تەنیا دوو جار درێژ دەکرێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا، هەر کۆبوونەوە و ڕێپێوان و خۆپیشاندانێک ببێتە هۆی پەکخستنی ژیانی ئاساییی خەڵک، ڕێگەی پێ نادرێت و؛ هەموو ئەو کۆبوونەوانەیشی کە لە شوێنی کراوەدا ئەنجام دەدرێن، دەبێت شەوانە و لە کاتی پشوودانی خەڵک بوەستێنرێت و کۆتاییی پێ بهێنرێت و، تەنیا ئەو کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییانە دەتوانرێت ٢٤ کاتژمێر درێژەی پێ بدرێت کە لە شوێنی داخراو و هۆڵەکاندا ئەنجام دەدرێن و لە دەرەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکانن.
مەبەست و ئامانجی یاساکە
حزبی داد وگەشەپێدان/ئاکەپە، لەناویشیدا ئەردۆغان، دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە درێژە بە باری نائاسایی بدات و هەموو ئەو ئەکتەرانەیشی کە بە مەترسی بۆ سەر سیستهمی سیاسیی وڵات و چوارچێوەی ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە، بەتایبەت هەر یەک لە ئەکتەرەکانی وەک: هێڵی خزمەت/فەتحوڵڵا گولەن، پەکەکە و ئەوانەی کە هەوڵی کودەتا دەدەن. بەڵام ئەم جارە چوارچێوەیەکی یاساییی بۆ پڕۆسەکە دروست کردووە و بە ناو و بەرگێکی ترەوە ڕووبەڕووی ئەو ئەکتەرانە دەبێتەوە، چونکە لە ڕابردوودا و لە نێوهندی باری نائاساییدا هەڵمەتێکی فراوان لە لایەن دەسەڵاتی تورکیاوە لە دژی دەزگهکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و بەشێک لە کوردەکان ئەنجام دران و لە ماوەی دوو ساڵدا ٨٠ هەزار هاووڵاتی دەستگیر کران و زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسی دیکەیش لە کارەکانیان بە بیانووی جۆراوجۆرهوه دوور خرانەوە. "فاتیمە کورتولان"، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی "هەدەپە"یش لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بە هۆی یاسای دژەتیرۆرەوە باری نائاسایی لە تورکیا جێگیر کراوە و بەردەوامیی دەبێت.
دەکرێت بەگشتی دوو ئامانجی سەرەکی لەو یاسایەدا دەستنیشان بکەین:
یەکەم: تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە پەیام بنێرێت! بەتایبەت پەیامێک بۆ دەرەوەی خۆی! لەناویشیدا وڵاتانی ڕۆژاوا و یەکێتیی ئەوروپا و دەزگهکانی تایبەت بە چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ لە یەکێتیی ئەوروپا، بۆ ئەوەی وا پیشانی بدات کە باری نائاسایی لە تورکیا هەڵگیراوە و، دەسەڵاتی تورکی ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت و، تورکیای سەردەمی سیستهمی سەرۆکایەتی، خۆی لەگەڵ پێوەر و بەهاکانی یەکێتیی ئەوروپا دەگونجێنێت و، لە ڕێگەی یاساوە ڕووبەڕووی پرسی تیرۆر دەبێتەوە؛ بەتایبەت تورکیا دەیەوێت زیاتر وا پیشانی بدات کە یاساکە بۆ مەسەلەی ڕووبەڕووبوونەوی تیرۆر و توندڕەویی ئایینی و ئەندامانی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ترە کە لەو چوار ساڵەی دواییدا بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر یەکێتیی ئەوروپا بەگشتی و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەلجیکاش بەتایبەتی.
دووەم: ناوچە کوردییەکان ئەم جارە بە ناوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە بەتەواوی گەمارۆ دەدرێن و جووڵە و ژێرخانی ئابووریی تێدا دەوەستێنرێت؛ ئەمەیش دەبێتە هۆکارێک بۆ چۆڵبوونی ئەم ناوچەیە و کۆچکردنی دانیشتووانەکەی بۆ شارە تورکییەکانی وەک: ئانكارا، ئەستەنبۆڵ و ئیزمیر و، ئەو ناوچانەی کە ژێرخانی ئابووری و جووڵەی بازرگانی و هەلی کاری تێدا زۆر و بەهێزە. بەمەیش دانیشتووانی ناوچە کوردییەکان ڕووبەڕووی دۆخی لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی و یادەوەریی نەتەوەیی دەبنەوە و، دواجاریش ڕووبەڕووی بەتورککردن دەبنەوە، بەڵام بە هێزی نەرم و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنی یاسایی. لە لایەکی ترەوە، ئەم یاسایە دۆخێک دروست دەکات کە هەر ناوچەیەک یان پارێزگهیەک جووڵەی مەدەنی و یان هەر جۆرە ناڕەزایەتیدەربڕینێکی بۆ سەر دەسەڵات تیدا بێت، دەستبەجێ دەتوانرێت کپ بکرێت و کۆتاییی پێ بهێنرێت و خۆپیشاندەران و چالاکانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر بکرێن! بەتایبەت ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاكه بیانی و دەزگه نێودەوڵەتییانەی کە لە تورکیا کار دەکەن و بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن.