تورکیا و قەیرانی دارایی

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

دەستپێک
تورکیا وڵاتێکی هەرێمیی کاریگەری ناوچەکەیە و پردێکی سەرەکیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوایشە. ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووه‌مەوە بە هۆی پێگەی جیۆسیاسی و جیۆستڕاتیژی و جیۆپۆلیتیکی تورکیاوە، هەر زوو تورکیای کردە یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی خۆی و دواتریش تورکیا بوو بە ئەندامی ناتۆ و بوو بە بەشێک لە سیسته‌می بەرگریی ڕۆژاوا. لە دوای جەنگی جیهانیی دووه‌مه‌وە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە بە هۆی کۆمەڵێک ڕووداوی سیاسی و دیپلۆماسیی ناوچەکە؛ بەتایبەت داگیرکردنی قوبڕسی باکوور لە لایەن تورکیاوە لە ساڵی ١٩٧٤ و ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەسەر پرسی سووریا و دواترینیشیان دەستگیرکردنی قەشەیەکی ئەمریکیی دانیشتووی تورکیا، کە بووە هۆی سەپاندنی کۆمەڵێک سزا بەسەر تورکیا؛ ئه‌مەیش تورکیای ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و دۆخێكی خراپی ئابووری و دابەزینی نرخی دراو کردەوە. تورکیا لە ئێستادا هەوڵ دەدات ڕێگەچارە بۆ قەیران و داتەپینە دارایی و ئابوورییەکەی بدۆزێتەوە، بەتایبەت حزبی داد و گەشەپێدان هەوڵ دەدات هەرچۆنێک بێت ئەو دۆخە سیاسییەی ئێستای تورکیا و قەیرانە دارایییەکەی، کاریگەری نەخاتە سەر کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگەکانی و لاوازبوونی ئەردۆغان لە تورکیادا.

 ئابووریی تورکیا دوای ساڵی ٢٠١٢ و بەهاری عەرەبی

دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن حزبی داد و گەشەپێدانەوە لە ٢٠٠٢دا، ئابووریی تورکیا بووژانەوە و گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. تورکیا یەکێکە لە هێزە ئابوورییە گەشەسەندووەکانی دونیا و ئەندامی گرووپی G20ە و ئەم گرووپەیش لە ٩٠%ی ئابووریی جیهان و ٨٠%ی بازرگانیی جیهان پێک دێنن و، ئەمەیش پێگەیەکی بەهێز و کاریگەری بە تورکیا بەخشیوە. تورکیا لە سەردەمی داد و گەشەپێداندا ئابوورییەکەی بە ڕاددەیەکی بەرچاو گەشەی دەکرد، بەتایبەت لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٦ گەشەکردنی ئابووریی ساڵانەی، لە ڕێژەی ٧.٥% نزیک بووەوە. کەرتی تایبەت و بانکی ناوەندیی تورکیا وەک دوو دامەزراوە و سێکتەری ئابووری، ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لە بەرەوپێشبردنی ئابووریی تورکیا و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و هەڵاوسان هەبوو. لە دوای ٢٠١٢وە بە هۆی کۆمەڵێک ڕووداوی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی، هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەمیش لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوخۆیی، ئابووریی تورکیا ڕووبەڕووی لاوازبوون و بێهێزبوون و پووکانەوە بووەوە و تا ساتەوەختی کودەتاکە و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا بوو بە قەیران و، بەمەیش کۆمەڵێک لێکەوتەی نەرێنیی لێ کەوتەوە.

هۆکارەکانی دابەزینی بەهای لیرە و قەیرانی داراییی تورکیا

ململانێکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا، یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی قەیرانی داراییی تورکیا و دابەزینی بەهای دراوەکەی. ئەمریکا یەکێکە لە هێزە ئابوورییە گەورەکانی جیهان و، ململانێ لەگەڵ ئەمریکا دەرەنجام و ئاکامی خراپی لێ دەکەوێتەوە. پاشەکشەی تورکیا لە مەسەلەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و زیندانیکردنی خەڵکی سڤیل و تێکچوونی دۆخی ئەمنی، هۆکاری تری قەیرانی دارایییەکەی تورکیان. قەیرانی داراییی تورکیا، بەگشتی خۆی دەبینێتەوە لە دابەزینی بەهای دراو لە بەرامبەر دراوە بیانییەکانی تر لە ماوەیەکی کەم و، بەمەیش توانای هێزی کڕینی کاڵای دەرەکی کەم دەبێتەوە؛ بەتایبەت وڵاتێکی وەک تورکیا کە ڕۆژانە پێویستی بە کڕینی ڕێژەیەکی زۆری گازی سروشتی و نەوت هەیە لە وڵاتانی دەرەوە، دابەزینی بەهای دراوەکەی، قوڕساییی زیاتر دەخاتە سەر بوودجەی گشتیی ئەو وڵاتە و، لە نێوان داهاتی گشتی و خەرجییە گشتییەکاندا لاسەنگی دروست دەکات. لە لایەکی ترەوە جووڵەی وەبەرهێنان و سەرمایە کەم دەبێتەوە و دەوەستێت؛ بەمەیش کەرتی تایبەت لاواز و ناچالاک دەبێت و دواجاریش دەبێتە هۆی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری. سەرەڕای ئەوەی تورکیا لە ئێستادا قەرزێکی زۆری دەرەکیی لەسەرە و پێناچێت لە ماوەیەکی کورتدا بتوانێت ئەو قەرزە دەرەکییانەی بداتەوە، بەمەیش پێشبینی دەکرێت هاوشێوەی میسر، ئەندۆنیسیا و ئارژانتین، تورکیا ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت و ناهەموار ببێتەوە.

هۆکاری بنەڕەتیی قەیرانی دارایی و ئابووریی تورکیا، کودەتا شکسخواردووەکەی شەوی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ بوو کە دواتر بووە هۆی ڕاگەیاندنی یاسای باری نائاسایی و لەژێر ئەم یاسایەیشدا حکوومەتی تورکیا سەدان هەزار کەسی خستە بەندیخانەکانەوە، بەتایبەت ڕۆژنامەوانان و نووسەر و هونەرمەند و تەنانەت بازرگانیش بە پاساوی هەوڵی کودەتا و؛ سەدان هەزار کەسی تریشی لە کار و پیشەکانیان دوور خستەوە، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە گولەن و هێڵی خزمەت بوون و ئەم پڕۆسەیەیش بازنەی ئازادییە تاکەکەسی و ئازادییە بنەڕەتییەکانی تەسک کردەوە و دواجاریش بووە هۆی ئەوەی کە چینی دەوڵەمەند و خواپێداو و چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگەی تورکی بڕواتە دەرەوە و سەرمایەکەیش لەگەڵ خۆیدا بباتە دەرەوە؛ ئەمەیش پڕۆسەی وەبەرهێنانی لە تورکیادا بەتەواوی لاواز کرد.

لە لایەکی ترەوەیش، بڕی سەرمایەی بیانی بە هۆی تێکچوونی باری ئەمنییەوە لە تورکیا کەم بووەوە و، وەبەرهێنانی بیانی پاشەکشەی کرد و وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵ تورکیادا کەم کردەوە. جگە لەوەی ئەمریکا گومرگی خستە سەر چەند کاڵایەکی تورکی وەک ئەلەمنیۆم بە ڕێژەی ٢٠% و پۆڵا ٥٠% کە بەهای ساڵانەی دەکاتە ٥.١١ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا؛ ئەمەیش ئابووریی تورکیای بەیەکجاری دوچاری لاوازبوون و داتەپین و قەیران کردەوە. هۆکارێکی تری قەیرانی دارایی و ئابووریی تورکیا، لاوازبوون و پاشەکشەی کەرتی تایبەتی تورکیایە بە هۆی بێمتمانەیی بە دەسەڵات و حکوومەت و تێکچوونی باری ئەمنی و سەربەخۆنەبوونی بانکی ناوەندی و سیسته‌می بانکی تورکی و دامەزراوە دارایییەکانی بەگشتی. جگە لەوەی لە ئێستادا تورکیا ٤٣٠ ملیار دۆلار قەرزارە و، ئەمەیش قەیرانە دارایی و ئابوورییەکەی تورکیای هێندەی تر سەختتر کردووە.

دەرەنجام
تورکیا بە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا بەگشتی دوچاری دۆخێکی ئابووری و داراییی سەخت بۆتەوە و بەهای دراوەکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و، ئەمەیش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و بێکاری و نەخۆشییە ئابوورییەکانی تر! تورکیا بۆ ئەم مەبەستە، دەبێت کۆمەڵێک ڕێوشوێن و ئامراز بۆ دەرچوون لەو قەیرانە بەکار بهێنێت و، یەکێکیش لەو ڕێگه‌یانە پەنابردنە بۆ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و پابەندبوونە بە بنەما و مەرج و بەرنامە چاکسازییەکەی. لە لایەکی ترەوە تورکیا دەبێت بەڕژدی کار بۆ ئەوە بکات ڕێژەی سوودی بانکی بەرز بکاتەوە تا بەهای لیرەی تورکی بەرز ببێتەوە و، دواجاریش ببێتە کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵاوسان. سەرەڕای ئەوەی دەبێت تورکیا سیاسەتی دارایی و بانکیی خۆی جارێکی تر دابڕێژێتەوە و بنەماکانی دەستکاری بکات، بۆ ئەوەی بانکەکانی نەکەونە ژێر کاریگەریی دراوی دۆلارەوە و کۆمپانیاکانیش مایەپووچ نەبن. لە هەمووی گرنگتر، لە ڕووی سیاسییەوە دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەر یەک لە ئەمریکا و ئەوڕوپا ئاسایی بکاتەوە و، لە ڕووی ناوخۆیییەوەیش دۆخی مافەکانی مرۆڤ و مەسەلەی دیموکراسی بەرەو پێشەوە ببات تا دۆخی ئەمنی سەقامگیر بێت و متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی بەدەست بهێنێتەوە و قەرزە دەرەکییەکانیشی لە ماوەیەکی دیاریکراو و کەمدا بداتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples