چین وەک ڕکابەری ئەمریکا  


پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

سەرەتا
"یەک پشتێن، یەک ڕێگه‌" کە بە ڕێگه‌ی "ئاوریشمی نوێ"یش ناسراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی چین و، پڕۆژەکە هەر دوو ڕێگه‌ی وشکانی و ئاوی لەخۆ دەگرێت بۆ گرێدان و بەستنەوەی چین بە زۆربەی وڵات و ناوچە بازرگانییەکانی جیهانەوە بە مەبەستی دۆزینەی بازاڕی تازە بۆ کاڵا و بەرهەمە چینییەکان و سەپاندنی هێژموونی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری لە جیهاندا، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە ئەمریکا تێیدا خاوەن بڕیارە و بە ناوچەی هێژموونی خۆی دادەنێت! چین لەم دوایییەدا دەستی بە جموجۆڵێکی خێرا کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ هەر لە بەخشینی کۆمەک و یارمەتیی دارایی بەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بوونەتەوە، تا دەگاتە بەشداریپێکردنی کۆمپانیاکانی لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت وڵاتێکی وەک ئێران کە چین زیاتر هەوڵ دەدات سوود لە نەوت و گازە سروشتییەکەی وەربگرێت.

چوارچێوەی تیۆری

بۆ تێگەیشتن لە ململانێی نێوان ئەمریکا وەک هێزێکی ڕۆژاوایی و خاوەن بونیاد و بنەمای تایبەت بە خۆی و، چین وەک هێزێکی ڕۆژهەڵاتی، هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی چوارچێوەیەکی تیۆرییه‌وه‌ شێوە و جۆر و ڕەهەندەکانی ململانێکە شی بکەینەوە و لەناوەڕۆکەکەی بگەین! یەکێک لەو تیۆرییانەی کە دەکرێت سوودی لێ وەربگرین، تیۆریی "ناوەند و پەراوێزە"، یان دابەشکردنی گۆی زەوییە بەسەر هەر دوو نیوەگۆی باکوور و باشووردا. "ویلی براندت" لە ڕێگەی ئەم تیۆرییەوە، هەوڵ دەدات جیهان بۆ دوو بەشی تەواو لە یەکتر جیاواز دابەش و پۆڵێن بکات و، هێڵێکی لە نەخشەی ئابووریی جیهاندا کێشاوە کە وڵاتانی گۆی زەوی دەکات بە دوو بەشەوە: بەشی سەرەوە/باکوور بە ڕەنگی شین دیاری کراوە؛ بەشی خوارەوە/باشووریش بە ڕەنگی سوور دیاری کراوە!

 ویلی براندت ئەم دابەشبوونە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٠ بەکار دێنێت کە ئەوکات ڕاوێژکاری ئەڵمانیای ڕۆژاوا  بووە و هاوکات سەرۆکی حزبی سۆسیال دیمۆکراتیش بووە. ئەم تیۆریستە وڵاتانی باکوور کە بریتین له‌ ئەوروپا، ئەمریکا، کەنەدا، ئوستڕاڵیا، ژاپۆن و کۆریا، بە وڵاتانی ناوەند و سەنتەری سیسته‌مەکە ناو دەبات و سیسته‌مە ئابوورییەکەیان سەرمایەدارییە؛ لە بەرامبەریشدا نیوەگۆی باشوور کە بریتین له‌ بەشێکی ئاسیا و لەناویشیدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی عەرەبی، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین، بە وڵاتانی پەراوێز و خاوەن سیسته‌مێکی ئابووریی وابەستە و پاشکۆ ناو دەبات. لێرەوە چین وەک بەشێک لە نیوەگۆی باشوور و، ئەمریکایش وەک بەشێک لە نیوەگۆی باکوور دەردەکەون و ململانێ لەسەر پێگە و ناسنامە و بازاڕ و پێگەی ئابووری و جیۆپۆلیتیکی و هێژموونیان لە دونیادا دەکەن.

لاوازبوونی بنەماکانی "ڕێکخستنی نوێی جیهانی"

لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتەوە، ئەمریکا وەک هێزی زاڵ و باڵادەست دەردەکەوێت! سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتییش لە دووجەمسەرییەوە بوو بە تاکجەمسەری! ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بنەماکانی "ڕێکخستنی نوێی جیهانی" دووبارە سیسته‌مە نێودەوڵەتییەکەی داڕشتەوە و بوو بە ئەکتەری سەرەکیی نێو سیسته‌مەکە. چین ئەمڕۆ دەیەوێت بنەماکانی ئەو سیسته‌مە لاواز بکات و هاوشانی ئەمریکا، ببێت بە ئەکتەرێکی نوێ لەناو سیسته‌مەکەدا و بەمەیش هەوڵی فراوانخوازی دەدات لە سەرتاسەری جیهاندا. ئەمریکا باش لەو مەبەستەی چین تێ گەیشتووە و ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەیان بە فۆرمێکی نوێی جەنگ و ململانێکان کردووە بە ناوی "جەنگی ساردی نوێ" و، "چین"یش وەک هێزێکی ئابووری و تەکنەلۆژیی گەورە، بە هەڕەشەیەکی سەرەکی بۆ سەر خودی ئەمریکا و سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتی دادەنێت!

پێشتریش چەندین بەرپرسی تری ئەمریکی ئاماژەیان بەو مەترسی و ڕۆڵەی چین کردووە لە بەرامبەر ئەمریکا و چوارچێوەی دەوڵەت و ئاسایش و پێگەی ئەمریکا. لە ڕاپۆرتی ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکایشدا دۆناڵد ترامپ باس لە قۆناغێکی نوێی ململانێی نێوان ئەکتەرەکان دەکات و؛ بەمەیش هەر یەک لە چین و ڕووسیا بەوە تاوانبار دەکات، کە دەیانەوێت ڕەگەزەکانی ڕێکخستنی نوێی جیهانی دەستکاری بکەن و بیگۆڕن و ڕکابەریی ئەمریکا بکەن. هەستانەوە و زیندووبوونەوەی دوو هێزی وەک ڕووسیا و چین، دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێز و گۆڕینی باڵانس و پایەکانی هێز لە دونیادا؛ چونکە ئەم دوو هێزە هەم هەوڵی هێژموونی سیاسی و ئابووری دەدەن و هەمیش دەیانەوێت ببن بە ئەکتەر و بڕیاردەری بنەڕەتی لە شانۆی سیاسیی نێودەوڵەتیدا.

هەڕەشەکانی بەردەم چین

چین زۆر بەڕژدی کار بۆ ئەوە دەکات ڕۆڵێکی سەرەکی لە سیسته‌می نێودەوڵەتی و لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بگێڕێت بەڵام یەکێک لە هەڕەشەکانی بەردەمی، داخراوبوونی سیسته‌مە سیاسییە ناوخۆیییەکەیەتی! سیسته‌می سیاسیی چین، ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو سەرکوتکردن و تۆتالیتاریزم و دەسەڵاتی تاکەکەسی و داخراوبوون دەچێت. لە ڕووی ئازادییە سیاسییه‌كان و مافە مەدەنی و بنەڕەتییەکانه‌وه‌، چین لە پاشەکشەدایە و ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆری ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆتەوە. مەسەلەی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان بەتەواوی لە چین پشتگوێ خراوە و هیچ خواستێکیش بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەپێدانی سیاسی لەو وڵاتەدا له‌ ئارادا نییە.

لە لایەکی ترەوە یەکێک لە گرفتە کۆمەڵایەتییە ناوخۆیییەکانی بەردەم چین، نزمیی ڕێژەی ئافرەت و ناهاوسەنگیی نێوان نێر و مێیە؛ ئەمەیش بە هۆی ئەو بڕیارەی کە لە ساڵی ١٩٧٩دا دراوە بەوەی کە هەر خێزانێک دەبێت تەنیا یەک منداڵی هەبێت و، بەمەیش قەیرانی ڕێژەی ئافرەتی دروست کرد و لە ئێستادا چین پێویستی بە ٦٠ ملیۆن ئافرەتە بۆ هاوسەنگیی نێوان ژن و پیاو و داڕشتنەوەی سیسته‌مە کۆمەڵایەتییەکەی و دووبارە وەبەرهێنان لە توانای مرۆییی کۆمەڵگەکەی. هەرچەند ساڵی ٢٠١٥، چین کۆتاییی بە یاسا و بڕیاری سنووردانان بۆ منداڵبوون و لەدایکبوونی یەک منداڵ هێنا بۆ هەر خێزانێک، بەڵام کاتەکە زۆر درەنگە بۆ ڕزگارکردنی چین لەم قەیران و ناهاوسەنگییە جێندەری و کۆمەڵایەتییەی و، ئەمەیش دەبێت بە هەڕەشەیەک بۆ سەر کۆی سیسته‌می سیاسی و کۆمەڵایەتیی چین و کاریگەریی خراپی لەسەر سیاسەتی دەرەوە و ناسنامەی چین لە جیهاندا دەبێت.
دەرفەتەکانی بەردەم چین

چین لاوازبوونی پایەکانی سیسته‌می نوێی جیهانی (New World Order) بە دەرفەتێکی زێڕین دادەنێت بۆ ئەوەی بتوانێت هاوشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ببێت بە ناوەند و سەنتەری بڕیار لە جیهاندا. باڕاک ئۆباما و چەندین بەرپرسی تری ئەمریکی لە کات و شوێنی جیاوازدا ئەوەیان درکاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر ناتوانێت بەتەنیا ڕابەرایەتیی جیهان و بەرگری لە بنەما سەرەکییەکانی ڕێکخستنی نوێی جیهانی بکات و، دەبێت سیسته‌مە نێودەوڵەتییەکە لە تاکجەمسەرییەوە بەرەو دووجەمسەری یان فرەجەمسەری هەنگاو بنێت.   

بۆ ئەم مەبەستە، چین چەند هەنگاوێکی ناوە، بەتایبەت لە ئێستادا یه‌كێكه‌ له‌ پێشڕه‌وه‌كانی جیهان له‌ كه‌رتی ته‌كنه‌لۆژیی پێشكه‌وتوو و به‌هێزكردنی توانای سه‌ربازيی وڵاته‌كه‌ و داهێنانی چەندین کەرەستەی سەربازیی نوێ؛ هەر لە کەشتیی جەنگییەوە تا دەگاتە فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتوو و بۆمبی هایدرۆجینی و تەنانەت چەکی ئەتۆمییش. هەرچەندە لە ئێستادا خەرجیی سەربازیی وڵاتی چین کەمترە لە خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بە هۆی گەشەی خێرای ئابووریی چینەوە توانیویەتی کەرتی سەربازیی وڵاتەکەی بەرەو پێشەوە ببات و بیگەیەنێتە ئاستێک تا ململانێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای پێ بکات و فۆرمێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دروست بکات.

دەرەنجام:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای قەیرانە دارایییەکەی ساڵی ٢٠٠٨، ڕووبەڕووی قەیران و لەرزینی پایەکانی سیسته‌می سەرمایەداری و بنەماکانی لیبڕاڵیزم بۆتەوە. چین ئەو قەیرانەی بە هەل زانی و وەبەرهێنانی بە بڕی ملیاران دۆلار لە شوێنە جیاوازەکانی دونیادا دەست پێکرد بۆ سەپاندنی هێژموون و ناسنامە سیاسی و ئابوورییەکەی؛ سەرەڕای ئەوەی چین دەیەوێت هاوشێوەی دامەزراوە دارایی و ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانی وەک سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی نێودەوڵەتی، ڕۆڵ ببینێت و کۆمەک پێشکەش بە وڵاتان بکات، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەرچەند لە ئێستادا ئەگەری پێکدادانی سەربازیی نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەرێکی دوورە بەڵام چین سەرەڕای هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی، بەردەوام هەوڵ دەدات ببێت بە ڕکابەری سەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ململانێکانی لەگەڵدا بەڕێوە ببات تا لە سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتیدا پێگە و هێژموون بەدەست بهێنێت و دواتریش سیسته‌مەکە لە تاکجەمسەرییەوە بگۆڕێت بۆ دوو یان فرەجەمسەری و ببێت بە ئەکتەرێکی سەرەکی لە ڕووداو و بڕیارەکانی جیهاندا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples