لووتکەی G20  و دەرەنجامەکانی

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

گرووپیG20  چییە؟

کۆڕبەند یان کۆمەڵەیەکی نێودەوڵەتییە و پێک هاتووە لە ٢٠ وڵاتی ئەندام کە خاوەن گەورەترین ئابووریی جیهانن و ساڵانە بە مەبەستی تاوتوێکردنی کێشە و پرسە نێودەوڵەتییەکان کۆ دەبنەوە. وڵاتانی ئەندام لە G20 بۆ دوو گرووپ دابەش کراون: گرووپی یەکەم کە بە هەشت وڵاتە پیشەسازییە گەورەکەی جیهان ناسراون بریتین لە: ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئیتاڵیا و ژاپۆن؛ گرووپی دووەمیش کە بە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو ناسراون و پێک دێن لە: چین، هندوستان، بڕازیل، ئارژانتین، تورکیا، کۆریای باشوور، ئەفریقای باشوور، مێكزیكۆ، ئوستراڵیا، ئیندۆنیزیا و سعوودیا. ئەم گرووپە وەک کاردانەوەیەک لە ساڵی ١٩٩٩دا لە بەرامبەر قەیرانە دارایییەکانی کۆتایییەکانی سەدەی بیستەمدا پێک هات و یەکەمین کۆبوونەوەیشی لە "بەرلین"ی پایتەختی ئەڵمانیا ئەنجام دا. ئامانجی ئەم گرووپە، دۆزینەوەی میکانیزمە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسە نێودەوڵەتییەکان. ئەم گرووپە تا ساڵی ٢٠٠٨ تەنیا لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەی، کۆبوونەوەکانی ئەنجام دەدا، بەڵام دواتر شێوازی کۆبوونەوەکانی گۆڕی بۆ لووتکە و سەرۆکی وڵاتانی ئەندام بەشداریی تێدا دەکەن. ئەم گرووپە نوێنەرایەتیی زیاتر لە ٦٦%ی دانیشتووانی جیهان دەکات و لە ٧٥% چالاکیی بازرگانیی جیهانیش بەدەست ئەم ٢٠ وڵاتەی ئەندامانی ئەم گرووپەوەیە، کە بەرپرسن لە ٨٥%ی بەرهەمە جیاوازەکانی جیهان.

جیاوازیی G20 و G8 و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF)

کۆمەڵەی هەشت (یان G8) لە ساڵی ١٩٧٦ دامەزراوە و سەرەتا لە حەوت وڵات پێک دەهات و دواتر لە ساڵی ١٩٩٨دا ڕووسیایش بوو بە ئەندام و بوون بە هەشت وڵات. ئەم گرووپە ئەو هەشت وڵاتە لەخۆ دەگرێت کە خاوەن گەورەترین ئابووریی پیشەسازیی جیهانن، وەک ئەمریکا، بریتانیا، فەڕەنسا، ڕووسیا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئیتاڵیا و ژاپۆن؛ کاری ئەم گرووپە بریتییە لە هەماهەنگیی نێوان وڵاتەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان و بەربەستە ئابوورییەکان بەڵام کارەکانی گرووپی ٢٠ فراوانترن، بە هۆی ئەوەی کە گرنگی هەم بە وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکان و هەمیش بە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان دەدات. لە لایەکی ترەوە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) لە ساڵی ١٩٤٥دا دامەزراوە و ١٨٩ وڵات ئەندامن تیایدا و، کار دەکات بۆ هاریکاری لە بواری نەختینەیی و زامنکردنی سەقامگیریی دارایی و ئاسانکاریی بازرگانیی جیهانی و گەشەی ئابووریی جیهانی و کەمکردنەوەی هەژاری لە جیهاندا. هاوکات سەرۆکی ئەم دامەزراوەیە ساڵانە لە کۆبوونەوەکانی G20دا بەشدار دەبێت.

ڕۆژی هەینی (٣٠/١١/٢٠١٨) لە "بۆینس ئایرس"ی پایتەختی ئارژانتین لووتکەی G20 دەستی بە کارەکانی کرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو. لە کۆبووونەوەکانی لووتکەکەدا پرسەکانی پەرەپێدانی بازرگانی، ئاسایش و ئاشتی و پرسە ئابوورییەکانی تر تاوتوێ کران. لە دەستپێکی لووتکەکەیشدا "ماوریسیۆ ماکری"، سەرۆکی ئارژانتین ڕای گەیاند: "لەم لووتکەیەدا بابەتەکانی وەک ئاییندەی کار، ژێرخانی ئابووریی کەرتی تایبەت و داهاتووی خۆراک و پرسی کەشوهەوا و بازرگانیی نێودەوڵەتی تاوتوێ دەکەین."

پرسی گازی سروشتی

کۆبوونەوەکانی G8  نەیتوانیوە وەک پێویست چارەسەری هەموو گرفتە ئابوورییەکان بکات بەگشتی؛ چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکانی لووتکەی G20 بەشێک لەو کێشانە لە ڕێگەی چەند ڕێککەوتنێکەوە چارەسەر بکات و یەکێک لەو ڕێککەوتنانەیش لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیایە لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمی و پرسی گازی سروشتیی نێوانیان و، هەروەها ڕێککەوتنی ئەمریکا و چینە لەسەر پرسە بازرگانییەکان. لە مانگی ڕابردوودا لە دوای سەردانەکەی وەزیری وزەی ئەمریکا بۆ بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و کۆبوونەوی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی وزەی هەر یەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و ڕووسیا چەند ڕێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە کە دواتر ڕووسیا و ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی لووتکەی G20 ڕێککەوتنی گشتییان لەسەر کرد بۆ هەناردەکردنی گازی سروشتیی وڵاتەکانیان بۆ ئەوروپا و ڕێککەوتن لەسەر نرخ و بڕەکەی! ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خاوەن یەدەگێکی گەورەی گازی سروشتییە لە جیهاندا و بۆ ئەم مەبەستەیش چاوی لە بازاڕی ئەوروپایە تا ئەو گازە سروشتییەی خۆی لێ ساغ بکاتەوە و ئەوروپا بەگشتی بکات بە یەکێک لە کڕیارە سەرەکییەکانی خۆی؛ لە کاتێکدا بازاڕی ئەوروپا بەگشتی کڕیاری ژمارە یەکی گازە سروشتییەکەی ڕووسیان.

بەپێی دوایین ئامارەکان، خواست لەسەر گازی سروشتی لە جیهاندا بەگشتی و لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپادا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبوونە؛ چونکە گازی سروشتی بە بەراورد لەگەڵ نەوتدا ئەوەندە کاریگەریی لەسەر پیسبوونی ژینگەدا نییە و هاوڕێ و دۆستی ژینگەیە و کۆمەڵگەی ئەوروپییش بەگشتی کۆمەڵگەیەکی پیشەسازییە و خاوەن کۆمپانیا و کارخانەی گەورەی پیشەسازییە جۆربەجۆرەکانە و، بەمەیش پێویستی بە بڕێکی زۆر لە گازی سروشتییە! ڕووسیا بە هۆی نزیکی لە ڕووی جوگرافییەوە لە ئەوروپا و، ئاسانی لە گواستنەوەی لە کاتێکی کەم و دیاریکراو و هەرزانی لە نرخەکەی کە سێ ئەوەندە هەرزانترە لە نرخی گازی سروشتیی ئەمریکا، توانیویەتی کڕیارێکی زۆر بۆ گازە سروشتییەکەی لە ئەوروپادا پەیدا بکات و ئەمریکایش ئەمە بە لاوازبوونی پێگەی جیۆسیاسی و جیۆستراتیژی و جیۆئیکۆنۆمیی خۆی دەزانێت لە ئەوروپادا و، ترسی ئەوەی هەیە کە ڕووسیا بە هۆی گازە سروشتییەکەیەوە، ببێت بە هێزێکی زاڵ و کاریگەر لە ئەوروپادا.

ئەمریکا دەیەوێت بە هۆی ڕێککەوتنییەوە لەگەڵ ڕووسیادا لەسەر دیاریکردنی نرخێکی جێگیر بۆ ئەو گازە سروشتییەی کە هەناردەی ئەوروپای دەکەن، جۆرێک لە هاوسەنگیی هێز بۆ پاراستنی پێگە جیۆسیاسی و جیۆئابوورییەکەی دروست بکات. هەرێمی کوردستانیش وەک خاوەن بڕێک لە گازی سروشتی، یەکێک لەو ئەکتەرانە دەبێت؛ دەکرێت لە پرسی هەناردەکردنی گازە سروشتییەکەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، سوود لەو ڕێککەوتنەی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا وەربگرێت.

دەرەنجام
لووتکەی G20 ساڵانە لە ڕێگەی کۆبوونەوەکانی وەک ناوەندێکی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیی گەورە، لە یەکلاکردنەوەی کۆمەڵێک پرسی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسیدا ڕۆڵ دەبینێت؛ بەو پێیەی کە هەم هێزە پیشەسازییە گەورەکانی دونیا و هەمیش هێزە تازە پێگەیشتووەکان لەم لووتکەیە بەشدار دەبن و لەسەر بەشێک لە پرسە گەرمەکانی دونیایش ڕێک دەکەون. لە کۆبوونەوەکانی لووتکەی G20ی ئەمساڵدا ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر پرسی گازی سروشتی و شێوازی هەناردەکردنی بۆ وڵاتانی ئەوروپا ڕێک کەوتوونە و، ئەمەیش چەندین ڕەهەندی جیۆسیاسی و جیۆئابووریی بۆ هەر دوو وڵات دەبێت، بەتایبەت بۆ ئەمریکا کە زیاتر دەیەوێت ڕۆڵ و کاریگەریی ڕووسیا لە وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، کەم بکاتەوە و ڕێگە نەدات ڕووسیا بەشێک لە ئەوروپا بکات بە حەوشەی پشتەوەی خۆی و، لە لایەکی ترەوەیش ئەمریکا ترسی لە هەستانەوە و گەڕانەوەی ڕووسیا هەیە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، بەتایبەت گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples