پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر
یەکێتیی ئەوروپا بەرەو کام مۆدێڵ!
یەکێک لە کێشە یاسایی و سیاسییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە دوای دروستبوون و داڕشتنییەوە بەپێی ڕێککەوتننامەی ماستریخت لە ساڵی ١٩٩٣دا، کێشەی پێکهاتە و پەیکەری ڕێکخستن و دامەزراوە سەروونەتەوەیی و نیشتمانییەکان و پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ئەندام و دامەزراوە جیاجیاکانی یەکێتیی ئەوروپایە بەگشتی. بە جۆرێک یەکێتیی ئەوروپا زیاتر وەک فۆڕمێکی تایبەت لە نێوان مۆدێڵ و سیستهمی فیدڕاڵیزم و کۆنفیدڕاڵیزم دەردەکەوێت، بەتایبەت لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە و ستڕاتیژ و بنەما سیاسییەکانی ئەو یەکێتییە لە بەرامبەر وڵاتانی تر و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان و ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان. لە ئێستادا ناڕوونی و ململانێیەک هەیە لە نێوان سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و کار و بەرنامەی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا خۆی؛ بەتایبەت لەسەر پرسی کۆچبەران و پرسی ئابووری و ڤیزا و ...، بەشێک لە وڵاتانی ئەندام نایانەوێت وا بەئاسانی دەسەڵاتە نیشتمانی و نەتەوەیییەکانی خۆیان لەدەست بدەن و خۆیان ڕادەستی دەسەڵاتێکی سەروو-نەتەوەیی و دامەزراوەی سیاسی و یاساییی بان-نەتەوەیی بکەن. ئەم ململانێیە کۆڵەگە سەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپای لاواز کردووە و لە گرنگی و بایەخ و سەروەرێتیی دەزگه جیاوازەکانی ئەم یەکێتییەی کەم کردۆتەوە؛ تەنانەت بەشێک لە وڵاتانی ئەندام، هاوشێوەی بریتانیا بیریان لە چوونەدەرەوە لەو یەكێتییەدا کردۆتەوە.
بریتانیا و کێشەی ناسنامە
بریتانیا یەکێکە لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، ئەکتەرێکی گرنگی ناو ئەو یەکێتییەیش بووە لە ڕابردوودا؛ بەڵام بەردەوام لە ململانێدا بووە لەگەڵ ئەم یەکێتییە و ململانێکەیش زیاتر پەیوەندیی بە پرسی ناسنامەوە هەبووە. هەم نوخبەی سیاسیی بریتانی و هەمیش زۆرینەی شەقامی بریتانی، پێیان وایە بریتانیا لە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا باشتر دەتوانێت ببێت بە خاوەن ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و دیپلۆماسیی خۆی! چونکە بریتانیا بە هۆی یەکێتیی ئەوروپاوە تواناکانی لە زۆربەی کایەکاندا سنووردار کراوە و ناچار کراوە پابەند بێت بە کۆمەڵێک ڕێسا و یاسا و نۆرم و پێوەری یەکێتیی ئەوروپا کە نە لە بەرژەوەندیی بریتانیادایە وەک دەوڵەت، نە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی فرەڕەنگ و فرەپێکهاتەی بریتانیادایە. حزبی کرێکارانی بریتانیا کە بە "حزبی لەیبە" (Labor Party) ناسراوە، یەکێکە لەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە زۆر بەڕژدی کار بۆ ئەوە دەکات بریتانیا لە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بێت و وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و جیاواز لە وڵاتانی تری ئەوروپا مامەڵە بکات و سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی دابڕێژێت، بەتایبەت بۆ پرسە ئابوورییەکان و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران و هتد. هەموو ئەم پرسانە گوزارشت لەوە دەکەن کە بریتانیا نایەوێت ناسنامەی سیاسی و سیمبولی و میراتە مێژوویییەکەی خۆی تێکەڵ بە ناسنامەی ئەوروپییەکان بکات و ڕۆڵە مێژوویییەکەی وەک ئیمپڕاتۆربوون و زلهێزبوون لەدەست بدات و بتوێتەوە!
فەڕەنسا وەک شوێنگرەوەی بریتانیا
لە دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا کە وا بڕیارە لە ساڵی ٢٠١٩دا کۆتاییی پێ بهێنرێت، فەڕەنسا یەکێکە لەو ئەکتەر و هێزانەی نێو ئەو یەکێتییە، زۆر بەڕژدی هەوڵ دەدات کە شوێنی بریتانیا بگرێتەوە و ڕۆڵی ئەو وڵاتە بگێڕێت و کاریگەری و قوڕسایی و کارنامەکانی خۆی وەک دەوڵەت تێکەڵ بە بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بکات. فەڕەنسا هەم ئەندامی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە و هەمیش ئەندامی گرووپی جی ٢٠ و جی ٨ و کۆمەڵێک ناوەند و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دیكهیە، بۆیە پێی وایە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لەو یەکێتییەدا بگێڕێت و هاوکات ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە کە بریتانیا لە دوای چوونەدەرەوەی لەناو یەکێتییەکەدا دروستی دەکات.
فەڕەنسا لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە زیاتر ڕۆڵێکی سیمبولی و کەلتووری و فەرهەنگی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەبینی و، بەشێک لە ڕۆڵ و پێگە و هێژموونە سیاسییەکەی لەدەست دابوو. لە ئێستادا دەیەوێت لە چوارچێوە و لە ڕێگەی یەکێتیی ئەوروپاوە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ گۆرەپانی نێودەوڵەتی و ببێت بە خاوەن بڕیار و ئەکتەری ژمارە یەک لە زۆربەی شوێن و جوگرافیا جیاوازەکانی دونیادا! بەمەیش چوونەدەرەوەی بریتانیا بە هەڵ و دەرفەتێکی زێڕین دەزانێت بۆ دووبارە گەڕانەوەی بۆ نێو شانۆی سیاسیی نێودەوڵەتی، چونکە بەشێک لە توێژەرانی سیاسی وای دەبینن، کە بریتانیا لە دوای چوونەدەرەوەی لە یەکێتیی ئەوروپا زیاتر خەریکی کێشە ناوخۆیییەکانی خۆی دەبێت و کەمتر لە ناوەندی بڕیاری نێودەوڵەتی بەشداری دەکات و ڕۆڵ دەبینێت، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا و عێراق و باکووری ئەفریقا بە شێویەکی گشتی.
سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و ململانێ لەسەر ناسنامە
یەکێک لەو پرسانەی کە مشتومڕێکی زۆری لە نێوان ئەندامانی یەکێتییەکەدا لە ڕابردوودا دروست کردبوو، پرسی ناسنامەی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە بوو! بەشێکی ئەو مشتومڕەیش لە نێوان وڵاتانی بریتانیا و فەڕەنسادا بووە. ئەم دوو هێزە لەسەر کۆمەڵێک بنەمای گشتی و بەها و هێڵی گشتی، وەک دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، ڕێزگرتن لە پێکهاتە ئایینی، نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، ئازادییە تاکەکەسییەکان، ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی و پێکەوەژیان و سیكۆلاریزم و...) هاوڕا بوونە و وەک بەشێک لە ناسنامەی یەکێتیی ئەوروپا و سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپایش دانیان پێدا ناوە، بەڵام لەسەر کۆمەڵێک پرسی تری تایبەت بە سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە و وڵاتانی دەورووبەر، بۆچوونی جیاواز و ستڕاتیژی جیاوازیان هەبووە. بریتانیا دەیەوێت سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کەمتر تیشک بخاتە سەر کێشەکانی ئێران و کێشەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی؛ لە کاتێکدا فەڕەنسا زیاتر پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە یەکێتیی ئەوروپا پەیوەندییەکی باش و پتەوی لەگەڵ ئێران و دامەزراوە ئابووری و کۆمپانیاکانیدا هەبێت. بۆ پرسی بەئەندامبوونی تورکیایش لە یەکێتیی ئەوروپا بە هەمان شێوە بۆچوونیان جیاوازە؛ فەڕەنسا ترسێکی گەورەی لە ئیسلام و تورکیا هەیە وەک هێزێکی ئیسلامی و پێی وایە تورکیا ناتوانێت لەگەڵ بەهاکانی شارستانییەتی ڕۆژاوا و مەسیحییەت و ڕەگەزەکانی مۆدێرنەی ڕۆژاوا هەڵبکات؛ پێچەوانەی بریتانیا کە تا ڕاددەیەک نەمترە بۆ ئەو پرسە و، پێی وایە تێکەڵبوونی شارستانییەتی ئیسلامی و مەسیحییەت و کۆمەڵگەی ڕۆژاوا هیچ ترس و پێکدادانێک بە دوای خۆیدا ناهێنێت.