نەجات عەلی ساڵح/ دكتۆرا لە ستراتیژی و ئاسایشی نەتەوەیی
ڕاستییەکەی، هاتنى پاپا بۆ عێراق ئه‌گه‌رچى سه‌ردانێكى ئایینى بوو به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا ڕه‌هه‌ندى سیاسی، ئابوورى و ئاسایشیى هه‌بوو كه په‌یوه‌ندیى به هاوكێشه و ململانێیە ناوخۆیی، هه‌رێمى و سه‌رووهه‌رێمییەكانەوە هه‌یه. دۆخى عێراقیش ڕۆژ به ڕۆژ ئاڵۆزتر ده‌بێت و دابه‌شبوون و لێكترازانى پێكهاته‌كان له‌سه‌ر ئاستى ئایینى، مه‌زهه‌بی و ئیتنى قووڵتر ده‌بێته‌وه و دۆخێكى مه‌ترسیداری لێ كەوتۆتەوە. لەم نووسینەدا ئامانجمان ئەوەیە كە ئەم سەردانەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئاسایشی كۆمەڵگەیییەوە شرۆڤە بكەین؛ بۆ ئەم مەبەستەیش هەوڵ دەدەین وه‌ڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە كە ئەم سەردانە ئایا دەتوانێت دۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی و بەتایبەتی كۆمەڵگەییی عێراق بگۆڕێت و ئامانجەكانی بهێنیتە دی؟ لە لایەكی تریشەوە ئامانج و پەیامەكانی ئەم سەردانە و، هەروەها لێكەوتەكانی دەیخەینە ڕوو.
پاپا له‌م سه‌ردانه‌یدا بۆ عێراق و‌یستى په‌یامێك بدات به كریستیانه‌كان، كه پاپا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پشتیوانی‌یان لێ ده‌كه‌ن، چونكه كریستیانه‌كان به درێژاییی مێژووى ده‌وڵه‌تى عێراق له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراقه‌وه ڕووبه‌ڕووى جیاكارى و چه‌وساندنه‌وه هاتوون و به‌هۆى ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ى ده‌سه‌ڵات لەهەمبەر كریستانییەكان ئەنجامی داوە، هه‌میشه هه‌ستیان به نامۆیی كردووه له عێراق. سه‌ڕه‌ڕاى باڵاده‌ستی و هەبوونی هه‌ژموونى ڕۆژاوا له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌ت له عێراق، به‌ڵام پرسی په‌راوێزخستن و چه‌وساندنه‌وه‌ى كریستیانه‌كان به‌شێك بووه له‌و ستراتیژییه‌ته‌ى بۆ سڕینه‌وه‌ى ناسنامه‌كانى تر و له‌ناویشیاندا ناسنامە و پێكهاتەی كریسیتانه‌كان گیراوه‌ته به‌ر.
یەكەم: سه‌ردانى پاپا لە ئاستى ناوخۆیی
له ڕوانگه‌ى قوتابخانەى كۆپنهاگن و بەتایبەتی دوو بیرمەندی به‌ناوبانگی قوتابخانەكه "بارى بۆزان" و "ئۆلێ ویڤه‌ر"، لێكترزانى ناوخۆیی له نێوان گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ها ناسنامه جیاوازه‌كان، ده‌بنه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ڕاسته‌قینه له‌سه‌ر ئاستى نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌یه‌كى عه‌قڵانى له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونى پێكهاته‌كاندا نه‌كات، چونكە له‌وانه‌یه له ئایینده‌دا ململانێكان پێكدادانى ناوخۆییی لێ بكه‌وێته‌وه؛ وه‌ك ئه‌وه‌ى كە له عێراق ڕووی دا و تا ئێستایش ئه‌م دۆخه به‌رده‌وامه. حاشاهەڵنەگرە به درێژاییی مێژوو كەمینە و پێكهاته جیاوازه‌كان له‌لایه‌ن زۆرینه‌ى عه‌ره‌بی موسڵمانه‌وه هه‌وڵى سه‌ركوتكردن و سڕینه‌وه‌ى ناسنامه‌یان دراوه؛ هه‌ندێك جار له‌لایه‌ن عه‌ڕه‌بی سوننه و هه‌ندێك جار له‌لایه‌ن عه‌ڕه‌بی شیعەوە و ته‌نانه‌ت خۆیشیان، واتە شیعە و سوننە، هەوڵی سەركوت و سڕینەوەی یەكتریان داوە.
راستییەكەی، په‌یامى سەرەكیی پاپا پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه بوو بۆ گه‌لانى عێراق، بەڵام پێچه‌وانه‌ى ئه‌و دۆخه‌یه كه له عێراقدا بوونى هه‌یه. هه‌رچه‌نده له‌وانه‌یه به‌هۆى سه‌ردانى پاپاوه سه‌رنجى میدیاكانى جیهان، هه‌روه‌ها ڕاى گشتیى جیهانی زیاتر سەرنجی خستبێتە سه‌ر عێراق، به‌ڵام پێده‌چێت په‌یامى پاپا بۆ چاره‌سه‌ركردنى ململانێ ناوخۆیییه‌كان هیچ ده‌ره‌نجامێكى نه‌بێت، چونكه بینیمان هه‌وڵه‌كانى ئه‌مریكا بۆ به‌دیموكراسیكردنى عێراق و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌ڵكوو دواى ئازادكردنى عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكا، عێراقى ڕۆژ به ڕۆژ خزانده ناو جه‌نگێكى ناوخۆیی و، گرژى و ناكۆكیى هه‌رێمیى زیاترى لێ كه‌وته‌وه. بۆیه هه‌وڵى پاپا بۆ ڕزگاركردنى كریستیانه‌كانیش له عێراق ئەستەمە سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه كەلتوور و نەریت و عه‌قڵییه‌تێك له عێراقدا زاڵ و حاكمه كه لە بنەڕەتدا باوه‌ڕى به پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه نییه. لە لایەكی تریشەوە، هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق پێشوازییه‌كى گه‌رمیان له پاپا كرد و وه‌ك ڕووداوێكى مێژووییش بۆ عێراق لێك درایه‌وه، به‌تایبه‌ت دیداره‌كه‌ى لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەكان "ئایه‌توڵڵا سیستانى" كه زۆر سه‌رنجڕاكێش بوو و بووە هۆی ئەوەی كە زۆر له چاودێرانى سیاسی پێیان وابێت ئه‌م دیداره ده‌بێته فاكته‌رێك بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌ى پێكهاته‌كان، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستى ئایینى، به‌ڵام ڕاستییەكی تاڵ هه‌یه لە عێراق، كە به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی پێشبینییەكان دیدارى پاپا و سیستانى هیچ له دۆخى عێراق ناگۆڕێ و ته‌نیا له چوارچێوه‌ى ڕووداو و هه‌واڵێكى میدیاییدا ده‌مێنێته‌وه، چونكه هیچ میكانیزمێك دیارى نه‌كراوه كه له‌مه‌ودوا چۆن كار له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیى پێكهاته‌كان بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ى نیشتمانى بكرێت. هەر بۆیە وەكوو نمایش و بانگەشەیەكی ڕاگەیاندن و ئایینی دەمێنیتەوە.
لێرەدا ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه بگوترێت ئەوەیە كە، هه‌موو پێكهاته‌كان ته‌نانه‌ت گرووپه توندڕه‌وه‌كانى شیعه، وه‌كوو "حركة النجباء"، "كتائب حزب الله" و "سرايا أولياء الدم"، "عصائب أهل الحق"، "ربع الله" و "أصحاب الكهف" و...، هه‌وڵ ده‌ده‌ن وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر ئه‌م سه‌ردانه‌ى پاپا بكه‌ن و وەكوو سەركەوتنێك بۆ شیعەكان بۆ بانگەشە و له به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان به‌كارى بێنن. له لایه‌كى تر، به‌پێی چه‌مكى ئاسایشى كۆمه‌ڵگه‌یی (societal security)، ده‌وڵه‌ت ده‌بێت كار له‌سه‌ر پاراستنى ناسنامه(identity) ی گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكات و، ئەم ناسنامە و پێكهاتە یاخود گرووپە كۆمەڵایەتییانە بە شێوەیەكی كرداری و ڕاستەقینە له پڕۆسه‌ى سیاسی‌دا به‌شدار بن؛ به شێوازێك كه به‌شێك بن لە سیسته‌مى سیاسیی پێكهاته و ناسنامه جیاوازه‌كان و بەم پێیەیش خۆیان ببن به سه‌رچاوه‌ى ئاسایش. به‌ڵام له ئێستا و لە ڕابردوودا لە عێراق ڕژێم و سیسته‌مى سیاسیی زاڵ، گرووپ و ناسنامه جیاوازه‌كانی له‌سه‌ر ئاستى ئایینى و ئیتنى و مه‌زهه‌بی به هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایشى ڕژێم و ده‌وڵه‌ت زانیوە و ده‌زانێت؛ ئه‌مه‌یش له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانى پاپا بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كان هاوتەریب و تەبا نییە.
جگە لەمانەیش، هەرچەندە ناكرێت ڕۆڵی ئایین لە كۆمەڵگە و سیاسەتدا نادیدە بگرین، بەڵام عێراق داموده‌زگه و دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی و مۆدێرنی له‌رزۆكى هه‌یه و ناتوانێ ڕووبه‌ڕووى سیاسه‌تى تائیفه‌گه‌رى (sectarianism) بێته‌وه. بۆیه ده‌كرێت بڵێین تەنانەت سه‌ردانه‌كه‌ى پاپا بۆ لاى ئایەتۆڵڵا سیستانى، هه‌ندەی تر ڕۆڵی ناوه‌ند و دامه‌زراوه ئایینیه‌كانی له عێراق به‌رزتر كرده‌وه كه ئه‌مه‌یش له به‌رژه‌وه‌ندیى پرۆسه‌ى یەكانگیریی كۆمەڵایەتی و ئینتیما و وەفاداری بۆ نەتەوە و دەوڵەت و پرۆسەی هاووڵاتیبوون و بەدامه‌زراوه‌ییكردن و بەدیموكراسیكردن و سه‌روه‌ریى یاسادا نییه و، بگرە ئاماژه‌یه‌كیشه كه دامه‌زراوه ئایینیه‌كان ڕۆڵى سه‌ره‌كییان هه‌یه له به‌ڕێوه‌بردنى ده‌سه‌ڵات له عێراقدا.
بۆیه ئه‌م سه‌ردانه‌ى پاپا و په‌یامه‌كه‌ى-سه‌ره‌ڕاى لایه‌نه باشه‌كانى كه له ڕواڵه‌تدا په‌یامێكی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێ بووه- ئیشكاڵییه‌تى گه‌وره‌ى تێدایه. بۆیە ئەم سەردانە ته‌نیا له ڕووى تیۆرییه‌وه ده‌توانێت خزمه‌ت به چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م دۆخه بكات له عێراق و، ته‌نانه‌ت بۆ كریستیانه‌كانیش شتێكی ئەوتۆی لێ ناكەوێتەوە، چونكە واقعى سیاسیی ئێستای عێراق پێمان ده‌ڵێت كه كێشه‌كانى ئەم دەوڵەتە، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیی، له‌وه قووڵتر و ئاڵۆزتره كه به سه‌ردانێكى پاپا یان په‌یامێك بتوانرێ چاره‌سه‌ر بكرێت.
دووەم: سه‌ردانى پاپا لە ئاستى ده‌ره‌وه
فاكته‌رى ده‌ره‌كى، هه‌میشه ڕۆڵێكى دیار و به‌رچاوى هه‌بووه له ململانێ و هاوكێشه ناوخۆیییه‌كانى عێراق و بەم پێیەیش به‌رده‌وام هێزه سەرووهەرێمی و هه‌رێمایەتییه‌كان ده‌ستێوه‌ردانیان له كاروباری ناوخۆییی عێراقدا كردووه و هه‌ژموون و نفووزێكى به‌هێزیان هه‌یه و تەنانەت عێراقیان كردۆته گۆڕه‌پانێك بۆ جه‌نگى بەنوێنەرایەتی یاخود Proxy war. بۆ نموونە ئه‌مریكا به‌هۆى بوون و ئاماده‌ییی بنكه سه‌ربازییه‌كانى و نفووز و دەسەڵاته سیاسی، ئابوورى و دیپلۆماسییه‌كانى، لایه‌نێكى سه‌ره‌كیى ئه‌م ململانێیەیە له‌نێو هاوكێشه ئاسایشی و جیۆسیاسییە هه‌رێمایەتی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كاندا؛ له لایه‌كى تریشەوە ئێران و سعوودیا و توركیا و ئیسڕائیل، له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى هه‌وڵ ده‌ده‌ن پرسه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمایەتیدا له‌وانه‌یه سه‌ردانى پاپا هه‌وڵێك بێت بۆ ئه‌وه‌ى مه‌رجه‌عییه‌تى نه‌جه‌ف له نفووز و كاریگەریی ده‌سه‌ڵاتى ویلایەتی فەقیھ و مه‌رجه‌عییه‌تى قوم دوور بخاته‌وه، به‌ڵام به‌هۆى هه‌ژموونى سیاسی، سه‌ربازى، ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى و كه‌لتووریى كۆماری ئیسلامی لە عێراق، مه‌رجه‌عییه‌تى نەجەف ناتوانێ بەتەواوی خۆى له هه‌ژموون و نفووزى ئێران ڕزگار بكات. بۆیه پێده‌چێت دواى سه‌ردانه‌كه‌ى پاپا، دۆخه‌كه وه‌كوو خۆى لێ بێته‌وه و ململانێكان له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیی و هه‌رێمایەتی بەردەوام بێت و، هه‌روه‌ها پێكدادانه‌كان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه و هێرشه‌كانى گرووپه توندڕه‌وه‌كانى وه‌كوو ڕابردوو و بگرە زیاتریش پەرە بسێنێت و به‌رده‌وام ده‌بن (كە ئەمەیشمان له ڕۆژی پاش كۆتاییهاتنی سەردانی پاپا لە بەغدا بینی!).
هه‌رچه‌نده وه‌ڵامه‌كانى سه‌رۆك بایدن و ئیداره‌كه‌ى بۆ هێرشه‌كانى ئه‌م دوایییه‌ى گرووپه توندڕه‌وه‌كان بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا خوێندنه‌وه‌ى جیاوازى بۆ ده‌كرێت، به‌و مانایه‌ى كه وه‌ڵامى ئه‌مریكا له ئاستى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌دا نییه كه گرووپه توندڕه‌وه‌كان ده‌یكه‌نه سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا و هاوپەیمانەكانی و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه. به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك ئه‌و ڕاستییه ده‌زانن كە بەگشتی دیموكراته‌كان بژارده‌ى دیپلۆماسی له ئه‌وله‌وییه‌تى سیاسه‌تى ده‌رەوه‌یاندایە و زۆر جاریش به هێزى سه‌ربازى پشتیوانی‌یان له هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانیان كردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان؛ بۆیە ده‌كرێت سه‌ردانه‌كه‌ى پاپاش یه‌كێك له‌و هه‌وڵه دیپلۆماسییانه بێت كه ئیداره‌ى بایدن دەیدات بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسه ئاسایشییه‌كانى ناوچه‌كه بەگشتی و عێراق بەتایبەتی. هه‌روه‌ها ئەگەری ئەوە بەهێزە، ئەمریكا و ئیدارەی بایدن بیه‌وێت ئەم سەردانە وه‌كوو چه‌كێك له به‌رامبه‌ر ئێران و گرووپه توندڕه‌وه‌كانى سه‌ر به ئێران به‌كار بێنێت و بیه‌وێت به‌م شێوه‌یه پشتیوانى له حكوومه‌تى كازمى و دامه‌زراوه‌كانى بكات. به‌ڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە حكوومه‌ته‌كه‌ى كازمى له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیی زۆر لاوازه و، ناتوانێت هیچ هه‌نگاوێكی ئەوتۆ و یەكلاییكه‌رەوە بهاوێژێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژه‌یه‌ى كه پاپا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، به‌تایبه‌ت ڕۆژاوا هه‌یه‌تى بۆ عێراق.
سێیەم: سه‌ردانى پاپا بۆ هه‌رێمى كوردستان
ئه‌گه‌رچى هه‌رێمى كوردستان به‌شێكه له ده‌وڵه‌تى عێراق به‌ڵام دۆخى هه‌رێم له ڕووى سیاسی و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تییەوە جیاوازه، به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به پێكهاته و ناسنامه جیاوازه‌كان و بە دانپێدانانی خودی پێكهاتەكان و وڵاتانی ڕۆژاوایی پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه و له ئاستێكی شیاو و جێگەی قبووڵ و باشدایه. هه‌رچه‌نده هه‌رێمى كوردستانیش به‌هۆى هاوكێشه و ململانێ ناوخۆیی و هه‌رێمایەتی و سه‌رووهه‌رێمایەتییە‌كانه‌وه زۆر جار ڕووبه‌ڕووى كێشه‌ى سه‌ختى سیاسی و سه‌ربازى و ئابوورى بۆته‌وه، به‌ڵام هه‌ر توانیویه‌تى تا ڕاددەیەكی گونجاو سه‌قامگیرییەكی ڕێژەیی دروست بكات، به‌تایبه‌ت بۆ كریستیانه‌كان.
بۆیه هیچ شاراوە نییە كە بەها و كەلتووری پێكەوەژیان و ئاشتیخوازانەی كۆمەڵگەی كوردستان و هەوڵەكانی حكوومه‌ت بۆ پاراستنى كریستیانه‌كان له هه‌رێمى كوردستان فاكته‌رێكى گرنگه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنانى له‌سه‌ر بكات، چ لە ڕووى ئاسایشی و سیاسی و دیپلۆماسییه‌وه و چ لە ڕووی كەلتووری و ئایینی و كۆمەڵگەیییەوە. هه‌رچه‌نده له ڕووى ئاسایشى كۆمه‌ڵگه‌یییه‌وه ئه‌م ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى پێكهاته و ناسنامه جیاوازه‌كان، به‌تایبه‌ت له ڕووى ئایینییه‌وه تەواو و به‌س نییه، به‌ڵكوو هێشتا ده‌بێت زیاتر گرنگى به پاراستنى ناسنامه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بدرێت.
بۆ نموونە پێویستە پێكهاتەكان و بەتایبەتی كریستیانەكان بە شێوەیەكی كاریگەر و كرداری، به‌شدار بن له پڕۆسه‌ى سیاسی و پاراستنى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ییی هەرێمی كوردستان، چونكه له هه‌رێمى كوردستانیش زۆر جار ده‌ستێوه‌ردانه هه‌رێمییه‌كان كاریگه‌ریى ئەرێنیی نه‌بووه و تەنانەت هه‌ندێ جاریش بۆته خاڵى لاوازى هه‌رێم. بۆیه بۆ پاراستنى ئاشتى و سه‌قامگیرى و ئاسایشی كۆمەڵگەیی، ده‌بێت پێكهاته‌كان له هه‌رێمى كوردستان ببنە سه‌رچاوه‌ى ئاسایش و هێز بۆ هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمی كوردستان بتوانێت ڕووبه‌ڕووى هه‌ر ئاڵینگارییه‌ك و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بێته‌وه، چ له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیی یان ده‌ره‌وه.
سه‌باره‌ت به سه‌ردانى پاپا و په‌یامى پاپا، بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم ڕوون بووه‌وه كه سیاسەتی هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ کریستیانەکان و پێکهاتە ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تا ئاستێکی باش سەرکەوتوو بووە و، بۆتە جێی متمانەی ڕۆژاوایییەکان بە گشتی ڤاتیکانیش بە تایبەتی، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت بەهاوسەنگی، گرنگیى زیاتر به كریستیانه‌كان و ته‌واوى پێكهاته‌كان بدات و، خاڵی گرنگ ئەوەیە كە له‌سه‌ر ئاستى سیاسەتی ناوخۆییش ئه‌م پێكه‌وه‌ژیانه ڕنگ بداتەوە و ببێت به نۆرم و به‌هایه‌كی سیاسی-كۆمەڵگەیی كه بتوانێت ته‌واوى لایه‌نه سیاسییه‌كان له چوارچێوه‌ى ستراتیژییه‌تێكى نیشتمانیدا كۆ بكاته‌وه.
كۆبەند
سه‌ردانه‌كه‌ى پاپای ڤاتیكان بە شێوەیەكی گشتی له ڕووى تیۆرى و میدیایییه‌وه گرنگییه‌كى زۆرى هەبوو، به‌تایبه‌ت بۆ كریستیانه‌كان، به‌ڵام وێنای ڕاستییە تاڵەكە ئەوەیە كە عێراق به‌هۆى بارودۆخى سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تى، كۆمەڵگەیی و تەنانەت كه‌لتوورى و مێژوویییه‌كه‌ی، ناتوانێت چاوه‌ڕوانى هیچ گۆڕانكارییه‌كى بنەڕەتیی لێ بكرێت، چونكه كێشه‌كانى عێراق ڕه‌گ و ڕیشه‌ى قووڵی مێژوویییان هه‌یه. له لایه‌كى تریشەوە، به‌هۆى باڵاده‌ستیى زۆرینه‌ى عه‌ره‌بی موسڵمان، به‌تایبه‌ت زۆرینه‌ى شیعه و ده‌ستێوه‌ردانى وڵاتانى هه‌رێمى له كاروباری ناوخۆییی عێراق، هیچ له دۆخى پێكهاته‌كان ناگۆڕدرێت و تەنانەت به‌هۆى پێكدادانى به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه‌كان له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیی و هه‌رێمایەتی و سه‌رووهه‌رێمییەوە دۆخه‌كه خراپتر ده‌كات. بۆیه پرسی دیموكراسی و بەدیموكراسیكردن له عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر له پاشه‌كشه‌دایه و ئه‌وه‌ى هەیشە زیاتر حوكمێكی تائیفییه كه بە لۆژیكی زۆرینە و كەمینە ڕەفتار دەكات و له ڕێگه‌ى هه‌ژموون و نفووزی خۆى ده‌یه‌وێت ته‌واوى جومگه‌كانى ده‌سه‌ڵات له عێراق كۆنتڕۆڵ بكات و بەم پێیە پێكهاته و ناسنامه جیاوازه‌كان بخاته ژێر ڕكێفى خۆى و درێژه به پرۆسه‌ى په‌راوێزخستن و سڕینه‌وه‌ى ناسنامه‌كانى تر بدات. وه‌ك چۆن لە ڕابردوویشدا، ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له دواى یه‌كه‌كانى عێراق هەمان سیاسەتیان بە ئاراستەی ناسنامەی پێچەوانە پەیڕەو كردووە.
بۆیه سه‌باره‌ت به پرسی دیموكراسییەوە، پێشبینی دەكرێت ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق ڕووبه‌ڕووى گوشاره‌كانى ئیداره‌ى بایدن ببنه‌وه؛ هه‌رچه‌نده له ئێستادا سه‌رنجى ئه‌مریكا له ڕووى ئابوورییه‌وه زیاتر له‌سه‌ر چین و له ڕووى سه‌ربازییەوە لەسەر پەلهاوێشتن و سیاسەت و ستراتیژیی ڕووسیایە، هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ره هه‌رێمایه‌تییەكانی وه‌كوو كۆریاى باكوور و ئێرانیش به هه‌ڕه‌شه ده‌زانن له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه ئاسایشییه‌كانى ئه‌مریكا. بۆیه له ئێستادا عێراق له ئه‌وله‌وییه‌تى پرسه ئاسایشییه‌كانى ئه‌مریكادا نییه. هه‌رچه‌نده ئیداره‌ى بایدن ڕای گه‌یاندووه كه عێراق پێگه‌یه‌كى گرنگى هه‌یه له ستراتیژییه‌تى ئه‌مریكا له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە عێراق لە چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژیی ئەمریكا لە هەمبەر ئێران و بەپێچەوانەكەی بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریكا گرنگیی هەیە. سه‌باره‌ت به هه‌رێمى كوردستانیش گرنگیدان به پرسی دیموكراسی و ڕێزگرتن له پێكهاته جیاوازه‌كان و پاراستنى ناسنامه‌یان و، هەروەها ڕێكخستنه‌وه‌ى ناوماڵى هه‌رێم دەتوانێت ببێتە ده‌ستپێكی بەهێز بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى جۆ بایدن و ڕاكێشانی سەرنجی كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تی بۆ هەردوو بەها و نۆرمی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و سازانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان.