هەرێمی کوردستان لە نێوان هێزی نەرم و هێزی ڕەقدا

د. نەجات عەلی ساڵح، دکتۆرا لە ستراتیژی و ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

بەگشتی هێز، بە کرۆک و بابەتی سەرەکیی سیاسەت دادەندرێت و، بەم پێیەیش لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە دروستکردنی کاریگەری و گەیشتن بە ئامانجەکان، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. هەرچەندە پێناسەیەکی گشتگیر و یەکگرتوو نییە بۆ چەمکی هێز، بەڵام زانایان و شارەزایان، هاوڕان لەسەر پۆلێنکردنی هێز لەسەر چەند جۆریک؛ بۆ نموونە لە سەرەتای نەودەکان، بیرمەندی ئەمریکی و مامۆستای زانكۆ لە زانكۆی هارڤارد، جۆزێف نای (Joseph S. Nye)، بۆ یەکەم جار چەمکی "هێزی نەرم"ی هێنایه‌ ناو ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، چەمکی "هێز"ی دابەش کردە سەر هێزی ڕەق (hard power) و هێزی نەرم (soft power). جۆزێف نای پێی وا بوو لە دوای جەنگی سارد، ئەمریکا تەنیا بە ئامرازی هێزی ڕەق ناتوانێ لەسەر ئاستی جیهان پێگە و باڵادەستیی خۆی بپارێزی، بەڵکوو لە پاڵ هێزی ڕەق، پێویستی بە هێزی نەرمیش هەیە. دواتر باس لە چەمکی هێزی زیرەک (smart power) کرا کە بریتییە لە تێکەڵکردن و هاوسەنگکردنی هێزی ڕەق و هێزی نەرم لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کە ئەکتەرێک بەکاری دێنێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کە دەیەوێت.

لە ئێستادا هەندێک لە دەوڵەتان سەرچاوەیەکی دارایی و ئابووریی زۆریان تەرخان کردووە بۆ سەرجاوەکانی هێزی نەرم. لە لایەکی تره‌وه‌ پرۆسەی بەجیهانیبوون، پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و زانیاری و کرانەوەی جیهان، گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەر ڕەفتاری دەوڵەتان هێنا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان؛ تەنانەت هەڵوێستی زۆر لە تیۆریسیەنەکانیشی گۆڕی سەبارەت بە پەیوەندیی ئەکتەرەکان لە سیستەمی نێودەوڵەتی. بۆ نموونە، ڕیالیستەکان تەنیا دەوڵەتیان بە ئەکتەری سەرەکی و فەرمی دەناسی، بەڵام دواتر ڕووداوەکانی ١١ی سێپته‌مبەری ساڵی ٢٠٠١، ئەو ڕاستییەی دەرخست کە دەوڵەت تاکە ئەکتەر نییە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، بەڵکوو ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانیش ڕۆڵیان هەیە. ئەم ڕوانگەیەیش زیاتر لیبرالەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین کاریگەرییەکانی هێزی نەرم و هێزی ڕەق لەسەر هەرێمی کوردستان بخەینە ڕوو و خوێندنەوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە بۆ سەرچاوەکانی هێزی نەرمی هەرێمی کوردستان بکەین و وەڵامی ئەو پرسیارەیش بدەینەوە  کە، ئایا هەرێمی کوردستان کام لەم دوو هێزە وەکوو ئامراز لە پەیوەندییەکانی بەکار بێنێت، باشتر دەتوانێت بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی دەستەبەر و ئاسایشی خۆی بپاریزێت؟

هەرێمی کوردستان و هێزی ڕەق

بە شێوەیەکی گشتی، هێزی ڕەق یان سەخت، بریتییە لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و ئابووری کە لەلایەن دەڵەتانەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکار دێت. بەکارهێنانی هێزی ڕەق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، چونکە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و  سزا ئابوورییەکان، هەمیشە بژاردەیەکی لەپێشینە بووە لە ڕابردوودا کە دەوڵەتان پەنایان بۆ بردووە. لە دوای دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە، دەوڵەتان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان زیاتر سەرنجیان لەسەر هێزی ڕەق بووە. بەتایبەت ڕیالیستەکان بۆ پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بەردەوام هەوڵی بەدەستهینانی هێزی زیاتریان داوە و بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە و ململانێکانیان، پشتیان بە هێزی سەربازی بەستووە.

لەم چوارچێوەیەدا، "کورد"یش یادەوەرییەکی پڕ لە کارەسات یان تراژیدیای هەیە لەگەڵ هێزی ڕەق و، دەوڵەتانی داگیرکەریش هەمیشە بە هێزی ڕەق (کە بریتی بووە لە هێزی سەربازی و گەمارۆی ئابووری) ڕەفتاریان لەگەڵ پرسی کورددا کردووە. تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش مامەڵەیەکی ڕیالیستانەیان لەگەڵ پرسی کورددا کردووە. تا ئێستایش هێزی ڕەق کاریگەریی بەرچاوی هەیە بۆ چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان. هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئەو ڕاستییەی دووپات کردەوە کە هێزی سەربازی و گەمارۆ ئابوورییەکان هێشتا بژاردەیەکی سەرەکی و لەپێشینەیە کە دەوڵەتان پەنای بۆ دەبەن. هەروەها چونکە کورد سەروەریی سیاسی و دەوڵەتی سەربەخۆی نەبووە، نەیتوانیوە هێزێکی سەربازی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی هەبێ؛ هەروەها لە ڕووی ئابوورییشەوە نەیتوانیوە ئابوورییەکی فرەڕەهەند، پێشکەوتوو، بەهێز و سەربەخۆی هەبێت.

هەرچەندە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە بەرامبەر ئەو هێرشە سەربازییانەی کراوەتە سەر کورد لە ڕابردوودا و، سەرەڕای نابەرامبەریی توانا و کەره‌ستە سەربازییەکان پێشمەرگە توانیویەتی لە بەرامبەر دوژمنەکانی بجەنگێت و بەرگری بکات و هەرێمی کوردستان لە پەلامار و هێرشە سەربازییەکان بپارێزێت. لە لایەکی ترەوە، لە دوای جەنگی سارد سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتیدا هات، بۆ نموونە دەرچوونی بڕیاری ژمارە ٦٨٨ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها داننان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان لە دەستووری نوێی عێراق، بەڵام هێشتا بژاردەی سەربازی و سزای ئابووری، یەکێکە لە بژاردە هەرە لەپێشەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و هێرشەکانی سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەروەها بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان لە پاش ساڵی ٢٠١٤ وەک سزای ئابووری، بەڵگەن کە دەسەڵاتدارانی عێراق هێشتا باوەڕیان بە بەکارهێنانی هێزی ڕەق هەیە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان وەکوو ئامرازێک بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان. جگە لەمانەیش، هێرشەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان و بەتایبەتی داعش، لە ڕووی سەربازییەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگیی هێزی سەربازی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەرجەستە دەکات.

هەرێمی کوردستان و هێزی نەرم

هەرچەندە پێناسەیەکی یەکگرتوو نییە بۆ هێزی نەرم، بەڵام زانایان و شارەزایانی سیاسی، هاوڕان کە هێزی نەرم بریتییە لە توانای دەوڵەت بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێک کە خۆی دەیەوێت؛ ئەویش بە سەرنجڕاکێشان و قایلکردنی لایەنی بەرامبەر، بەبێ بەکارهێنانی ئامرازی زۆرەملێ و ناچارکردن؛ هەروها پێیان وایە کەلتوور، بەهای سیاسی و دامەزراوەکان، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە بەرهەمهێنانی هێزی نەرم و بەکارهێنانی لەسەر ئاستی دەرەوە. زانای ئەمریکی، ساموێل هانتینگتۆن (Samuel P. Huntington)، پێی وایە هێزی نەرم بەبێ هێزی ڕەق ناتوانێ کاریگەری دروست بکات. هەرچەندە دەوڵەتان بەهۆی فاکتەری مێژوو، جوگرافیا، سەرچاوەی سروشتی، ژمارە و پێکهاتەی دانیشتووان و کەلتوور جیاوازییان هەیە لە سەرچاوەکانی هێزی نەرم، بەڵام دامەزراوەکانی وەک، پەرلەمان، حکوومەت، حزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، کۆمپانیاکان، میدیا، هەروەها ڕەوایەتیی دەسەڵات و شێوازی ڕەفتارکردنی لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە، کاریگەریی هەیە لەسەر توانای هەر ئەکتەرێک لە بەرهەمهێنانی هێزی نەرم.

بۆ نموونە دەوڵەتێکی وەک قەتەر لە ئێستادا سەرنجێکی زۆری خستۆتە سەر هێزی نەرم؛ میواندارێتیی قەتەر لە یارییەکانی مۆندیاڵ، خاوەندارێتیی کەناڵەکانی جەزیرە بە زمانی جیاواز، هەروەها نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و تالیبان و تەنانەت  ئەمریکا و ئێران، وای کردووە کە پێگەی قەتەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک هێزێکی گەورە کە خاوەن هێزی نەرمە، لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکاندا ڕۆڵ و کاریگەریی هەبێت.

بەم پێیەیش، ئەگەرچی ماوەیەکی زۆرە ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکان گرنگی به‌ هێزی نەرم دەده‌ن، به‌ڵام هێشتا لای هەندێ کەس و لایەن ڕوون نییە. لە ئێستادا دەوڵەتانی زلێهز و تەنانەت تا دەگاتە دەوڵەتانی ئاسایی، بەشێکی زۆریان لە پاڵ هێزی ڕەق گرنگی بە هێزی نەرم دەدەن، چونکە پێیان وایە تەنیا لە ڕێگەی هێزی ڕەق کێشەکان یەکلایی ناکرێنەوە. بۆ نموونە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و ئەفغانستان نەک چارەسەری کێشە ئاسایشییەکانی نەکرد، بەڵکوو کێشە ئاسایشییەکانی لە ناوچەکە قووڵتر کردەوە و چەندان کێشەی نا-ئاسایشیی تری بەدوای خۆیدا هێنا؛ هەروەها هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، جیهانی خستۆتە بەردەم چەندان ئاڵنگاریی گەورەوە کە چارەسەرەکەی لە کۆتاییدا سەربازی نییە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام ئەکتەرێکی دیاری نێو هاوکێشە و پەیوەندییە نێۆدەوڵەتییەکانە و، دەکرێت لە ڕێگەی دامەزراوەکانییه‌وه‌ گرنگییەکی زیاتر بە هێزی نەرم بدات. کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لە ڕووی مێژوویییەوە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووە لە نێوان پێکهاتە و ناسنامە جیاوازەکان و، لە کاتی قەیران و جەنگەکاندا توانیویەتی پێشوازییەکی بێوێنە لە پەنابەر و ئاوارەکان بکات و تەنانەت مامەڵەیەکی مرۆڤدۆستانە لەگەڵ نەیار و دوژمنەکانیدا بکات.

ڕووداوەکانی پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و هەڵوێست و ڕەفتاری گەلی کوردستان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە سوپای عێراق خۆیان دایە دەست خەڵک و پێشمەرگە، هەروەها هەرێمی کوردستان بووە نەوایەکی ئارام لە عێراقی پاش ٢٠٠٣ بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە هەڵاتووی جەنگی تائیفی بوون لە عێراق و، پاشان لە جەنگی دژی داعش و ئاوارەبوونی چەند ملیۆن کەس و حەوانەوەیان لە هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ڕووداو یان کاردانەوەیەکی نەرێنی و بێزارکەر لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانه‌وه‌- لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لەژێر گوشاری گەمارۆی ئابووریی بەغدا و، هەروەها هێرشی داعشدا بوو-، ئەو ڕاستییەی زیاتر سەلماند کە هەرێمی کوردستان خاوەن کەلتوور و بەهای بەرزی شارستانییانەی داننان بە فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و، هەروەها پێکەوەهەڵکردن یاخود تۆلێرانسە.

لە لایەکی تریشەوە، هاوکارییەکانی ئەم دوایییەی هاووڵاتیان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و باکوور و ڕۆژاوای کوردستان، دەکرێت سەرچاوەیەک و شێوازێکی نوێ بێت لە هێزی نەرم کە هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیدا بەکاری بێنێت. هەر بۆیە دەکرێت و پێویستیشە هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی دارایی و ئابووریی باش بخاتە خزمەت بەرهەمهێنانی هێزی نەرم لە کوردستان؛ هەرچەندە هێزی نەرم کاتی زیاتری پێویستە بۆ بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی و، کاریگەرییەکانیشی ناڕاستەوخۆیە و کاتی زیاتری دەوێت، هەروەها سەرچاوەکانی زیاتر مەعنەوی یان واتایین. بۆیە نابێت تەنیا هاوکارییە ئابووری و دارایییەکان بێت، کە بە شێوازیکی ماددی هەستیان پێ دەکرێت و بەرجەستەیە.

لەم نێوه‌یشدا، هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەریکی نادەوڵەتی دەتوانێ سوودێکی گەورە ببینێ لە بەکارهێنانی هێزی نەرم، چونکە ئەزموونی ڕابردوو ئەو ڕاستییەی دەرخست کە دەوڵەتی عێراق ڕێگری دەکات کە هەرێمی کوردستان دەستی بە چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیی پێشکەوتوو بگات. تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لە ڕووی سەربازییەوە، بەهۆی ئەوەی کە کوردستان خاوەن سەروەری نییە و بەم پێیەیش دەوڵەت نییە، لە ڕێگەی بەغداوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکات. بۆیە گرنگیدان بە سەرچاوەکانی هێزی نەرم و بەکارهێنانی، وا دەکات هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی زیاتری هەبێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها لە چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکان لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە. جگە لەمانەیش هەرێمی کوردستان کەلتوورێکی دەوڵەمەندی هەیە لە ڕووی پێکەوەهەڵکردن، فرەیی، لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، بۆیە دەکرێت لێبووردەیی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، ڕێزگرتن و داننان بە فرەیی لە نێوان پێکهاتە و ناسنامە جیاوازەکان، ببێتە سەرچاوەیەکی گەورەی هێزی نەرم بۆ هەرێمی کوردستان. جگە لەمانەیش، هەرێمی کوردستان لە ڕووی بەرهەمە ڕۆشنبیری و کەلتوورییەکان، وەکوو ئەدەب، سینەما، شانۆ، کتێب و مۆسیقا و...، دەتوانێت پەرە بە هێزی نەرمی خۆی بدات؛ بەو پێیەی کە پاشخانێکی مەعریفیی بەهێزی هەیە، بەڵام کاری لەسەر نەکراوە یان وەکوو پێویست سوودی لێ وەرنەگیراوه‌. لە لایەکی تریشەوە، فاکتەرە ئایینی و مەزهەبییەکان و پێکەوەژیانی ئەو ناسنامە و پێکهاتانە لە هەرێمی کوردستان، سیمایەکی جوان و شارستانییانەی کورد و هەرێمی کوردستان بەگشتی نیشان دەدات، کە پێویستە وەبەرهێنانی زیاتری لەسەر بکرێت؛ چونکە ناوچەکە بەوە ناسراوە کە هەوڵی سڕینەوەی جیاوازییەکان دەدەن و، توندوتیژی سیمای زاڵی کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیەیه‌، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەمە بەپێچەوانەیە.

کۆبەند

نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، هۆکارێکی سەرەکی و کۆسپێکی گەورەیە لە بەردەم هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەنی سەرچاوەکانی هێز لە ناوچەکەدا؛ چونکە عێراق و دەوڵەتانی هەرێمی، بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان بە هەڕەشە دەزانن لەسەر بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانیان؛ لە ئێستاشدا حکوومەتی عێراق بە هەموو شێوازێک ڕێگری دەکات لە پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تەکنەلۆژیا و کەرەستەی سەربازیی نوێ. بۆیە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەبێت لە یەک کاتدا سەرنجی لەسەر  هەردوو لە چەشنەکانی هێزی ڕەق و هێزی نەرم بێت، چونکە گرنگیدان تەنیا بە هێزی سەربازی یان هێزی نەرم، بەس نییە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لەو هەڕەشانەی لە ناوچەکەدا لە ئارادان؛ چونکە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ناتوانێت چەکی قورس و پێشکەوتووی وەک فڕۆکە، تانک و مووشەکی دوورهاوێژی هەبێت.

بۆیە دەکرێت چەکی بەرگری دژی ئەو چەکانەی هەڕەشەن لە ناوچەکەدا دەستەبەر بکات و مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی لە ڕووی سەربازییشەوە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات. هەروەها لە ڕووی ئابوورییەوە، پێویسته‌ گرنگی بە ئابوورییەکی فرەڕەهەند و خۆبژێو بدات، بۆ ئەوەی گوشارە ئابوورییەکان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نەکات. هەروەها وا باشترە لەتەک گرنگیدان بە هێزی سەربازی و ئابووری، گرنگی بە هێزی نەرم بدات. گرنگیدان بە پرسی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، سەروەریی یاسا، دادپەروەری، یەکسانی، بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، پەرەپێدانی کەلتووری، بەهێزکردنی میدیای نیشتمانی و دروستکردنی ڕای گشتیی نەتەوەیی وا دەکات، ئەم پرسانە ببن بە ئامرازێک کە هەرێمی کوردستان وەکوو هێزی نەرم لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەکاریان بێنێ، بۆ کاریگەریدروستکردن لەسەر لایەنی بەرامبەر و گۆڕینی ڕەفتاریان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان. لەم چوارچێوەیەیشدا، هەڵگرتنی گوتارێکی نەرم و سەردەمییانە و هاوکاریی ئابووری یان خێرخوازی بۆ لێقەوماوان، ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێ لە بەکارهێنانی هێزی نەرم بۆ هەرێمی کوردستان.

بۆیە گرنگە لە ڕێگەی گوتارێکی سەردەمییانە و پەیوەندییەکانییه‌وه‌ کاریگەری لە ڕای گشتیی دەوڵەتانی هەرێمایەتی و تەنانەت ڕۆژاوایی بکات، کە دەرفەت لەبارترە بۆ هێزی نەرم و، وا بکات ڕای گشتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بگۆڕێت، بەتایبەتی لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی هەرێمی؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ئەم جۆرە هێز و سیاسەتە سەرنجڕاکێش دەبێت و هەرێمی کوردستان دوور دەخاتەوە لە پێکدادانی سەربازی و گەمارۆی ئابووری؛ چونکە واقعی نێودەوڵەتی و هاوسەنگیی هێز ئەوەمان پێ دەڵێت، کە بۆ هەرێمی کوردستان بارگرژی و پێکدادانی سەربازی، پێویستە دوایین بژاردە بێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples