ڕوانگەی حكوومەتی سوودانی له‌ ھەمبەر ھەرێمی كوردستان

د. نەوزاد هێتوتی،  دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر. پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

پیشەكی

لە 25ی سێپتەمبەری 2022 ھاوپەیمانێتییه‌كی گرنگ بە ناوی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و كورد و سوننەكان بۆ پێكھینانی حكوومەت دروست بوو. لە یەكەم ھەنگاودا ئەو ھاوپەیمانێتییە توانی لە 27ی سێپتەمبەری 2022 له‌ ڕێگەی پەرلەمانەوە بە نزیکەی 222 دەنگ، دووبارە متمانە بە حەلبووسی بدات وەك سەرۆكی پەرلەمان و، پرسی دەستلەكاركشانەوەی ڕەت كردەوە. ھەروەھا لە 13ی ئۆكتۆبەری 2022 توانرا بە تەواوكردنی نیساب (ڕێژه‌)ی یاسایی، سەرۆككومار ھەڵبژێردرێت و، لە 27ی ئۆكتۆبەری 2022 پەرلەمان متمانەی بە كابینەكەی محه‌مه‌د شیاع سوودانی بەخشی.

ئالنگارییه‌كانیی بەردەم كابینەكەی سوودانی

بێ گومان ئالنگاریی زۆر لە بەردەم حكوومەتەكەی سوودانیدا ھەن و، زۆر ئاسان نییە بەسەریاندا زاڵ بێت؛ یەكەم ئالنگاری بریتییە لە چۆنێتیی مامەڵەكرددن لەگەڵ ڕەوتی سەدر. وەك ئاشكرایە سەدر گەورەرترین براوەی ھەڵبژاردنەكان و بلۆكی ناو پەرلەمانی بووە، كە بەھۆی بێھیوابوون لە دروستكردنی حكوومەت، لە پەرلەمان كشایەوە و ئێستایش ھەموو ھێزەكەی لە شەقامە. سەدر ھەر لە سەرەتادا لەگەڵ ئەوەدا نەبووە كە سوودانی پۆستی سەرۆكوەزیران وەربگرێت و زۆر بەتوندی دژی وەستایه‌وە و بە پیاوی مالیكی ناوزەدی دەكات. بۆیە یەكێك لە كێشەكانی بەردەم سوودانی، چۆنێتیی مامەڵكردنە لەگەڵ سەدر. ڕاستە لەو ماوەیەی كە  حكوومەتی سوودانی دروست بووە و سەدر بێدەنگیی ھەڵبژاردووە، بەڵام پێ ناچێت ئەو بێدەنگییە  تا سەر بەرده‌وام بێت و ئەگەری زۆر ھەیە ڕەوتی سەدر دووبارە دەست بە خۆپیشاندانەكان بكەنەوە بۆ ڕووخاندنی حكوومەتەكەی سوودانی. بێ گومان بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو نەدات، دەبێت سوودانی سیاسەتێكی زۆر پراگماتیكییانە پراكتیزە بكات و ھاوسەنگی لە نێوان ھەردوو گرووپی دژبەری ناو شیعە ڕابگرێت و، ئەمەیش تا ڕاددەیەك سەختە؛ بەتایبەت لە لایەك، مالیكی و گرووپەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی زۆر دژی سەدرن و ھانی حكوومەت دەدەن زیاتر كار بكات بۆ پەراوێزخستنی ڕەوتەكەی. لە لایەكی تریشەوە، ئەگەر سوودانی سیاسەتێكی توند له‌ ھەمبەر سەدر بگرێتە بەر، دووبارە خۆپیشاندانەكان دەست پێ دەكەنه‌وه‌ و ھەوڵی ڕووخاندنی حكوومەتەكەی دەدات.

ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە سوودانی نەتوانێت ئەو ھاوسەنگییە ڕابگرێت. بەتایبەت سوودانی لە دووەم كۆبوونەوەیدا دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی حكوومەت، لە 2ی نۆڤەمبەری 2022 بڕیاری دا بە ھەڵوەشاندنی ھەموو ئەو بڕیار و فەرمانانەی كە حكوومەتی كازمی لە ڕێكەوتی 8ی ئۆكتۆبەری 2021 تاكوو كاتی كۆتاییھاتنی حكوومەتەكەی لە 1ی ئۆكتۆبەری 2022 دەركردووە. ئەو بڕیارەی سوودانی زیاتر لە 169 كەسایەتیی گەورە، لەوانە بەرپرسی سیاسی، سەربازی، ئیداری و حكوومی، پارێزگار، بەڕێوەبەر و ڕاوێژكار دەگرێتەوە كە بەشی ھەره‌ زۆریان سەر بە "تەیاری سەدری"ن؛ ھەروەھا نزیكن لە حكوومەتی كازمی و ئەمریكا. سوودانی بۆ پاساوھێنانەوە بۆ بڕیارەكانی، باسی ئەوه‌ی كرد ئەو بڕیارانە سیاسی نین، بەڵكوو بۆ جێبەجیكردنی بڕیاری دادگه‌ی دەستوورییە كە حكوومەتی كازمیی بە كاربەڕێكەر داناوە و ئەو بڕیارانەی حكوومەتی كازمی داویه‌تی، دژی دەستوور و بڕیاری دادگه‌ بووە. بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە ئەم بڕیارانە بۆ زیاتر پەراوێزخستنی ڕەوتی سەدر بێت و ھەندێك پێیان وایە  بڕیارەكانی سوودانی، بە جۆرێك لە كوده‌تای سیاسی و ئیداری بەسەر دامەزراوەكانی عێراق و حكوومەتی كازمیدا دادەنرێت و، تۆڵەكردنەوەیە لە تەیاری سەدری، حكوومەت و تەنانەت بەرژەوەندیی ئەمریكاش دەخاتە مەترسییەوە.

ئالنگاریی دووەم، بریتییە لە ناڕەزاییی تشرینییەكان دژی حكوومەتەكەی سوودانی. "بزووتنەوەی تشرینییەكان" دژی حكوومەتی سوودانین و، ناڕازین لە پێكھێنانی حكوومەت لەلایەن ھێزەكانی سەر بە ئێرانەوە؛ بەتایبەت كاتێك لە ئۆكتۆبەری 2019 لە عێراق خۆپیشاندانەكان دەستی پێ كرد، زیاتر دژی دەسته‌بژێری تەقلیدیی شيعەكان بووە كه‌ لە دوای 2003 ھاتنە سەر دەسەڵات. واتە ئامانجی سەرەكیی خۆپیشاندانەكان، بەتایبەت لە ناوچە شیعەنشینەکان بە پلەی یەکەم بریتی بووە لە چاکردنی بارودۆخی ئابووریی هاووڵاتیان، فەراهەمکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان و دامەزراندنیان، نەهێشتنی گەندەڵی، دابینکردنی خزمەتگوزاریی بنەڕەتی (لەوانە ئاو و کارەبا)، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی سیاسی، ئابووری و ئیداری. خاڵێکی گرنگی ئەم خۆپیشاندانانە ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ دژی دەستێوەردانەكانی ئێران بوون و داوای دەرچوونی ئێرانیان ده‌كرد له‌ عێراق. بۆیە ھەڵبژاردنی پێشوەختەیش بۆ ئەوە بووە جۆرێك لە گۆڕانكاری ڕوو بدات. بەڵام ئەوەی ئێستا ده‌بینرێت، دووبارە ھێزە تەقلیدییە شيعەكان گەڕانەوە سەر دەسەڵات و ئەمەیش ئەگەری ئەنجامدانی ھەر گۆڕانكارییەك لە عێراق زۆر سەخت دەكات. بۆیە ئەگەری دەستپێكردنەوه‌ی خۆپیشاندانی تشرینییەكان و دروستبوونی ھاوپەیمانی لەگەڵ سەدر و لایەنەكانی تر بۆ ڕووخاندنی حكوومەتەكەی سوودانی، زۆر بەھێزە.

سێیەم، چۆنێتیی مامەڵكردن لەگەڵ ئەمریكا، یەكێكی ترە لە ئالنگارییەكانی بەردەم حكوومەتی سوودانی. ئەمریكا ئەكتەرێكی كاریگەر و گەورەیە لە عێراقدا و كاریگەریی گەورەی ھەیە لەسەر  كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. ئێستا ئەمریكا نیگەرانە یان ترسی لە حكوومەتی سوودانی ھەیە كە سیاسەتێك پراكتیزە بكات لە بەرژەوەندیی ئێران بێت یان بكەوێتە ژێر كاریگەریی سیاسەت و ئەجێندای ئێران؛ بەتایبەت كه‌ ئەو ھێزە شیعانەی پاڵپشتیی حكوومەتەكەی دەكەن سەر بە ئێرانن. دواكارییەكانی ئەمریكاش لەم حكوومەتە زۆر دیارن، لەوانە: پاراستنی سەروەری و سیادەی عێراق، كۆنترۆڵكردنی میلیشيا شيعەكان، دژایەتیكردنی گەندەڵی و دروستكردنی پەیوەندیی ھاوسەنگ لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ. بەڵام بۆ حكوومەتی سوودانی سەختە ئەو ھەنگاوانە بھاوێژێت؛ بەپێچەوانەوە، ئەگەری زۆر ھەیە لەم حكوومەتەدا پێگەی گرووپە میلیشیاكان بەھێزتر ببێت. ئێران پێگەكەی بەھێزتر بكات. لەوانەیە ھێزەكانی نزیك لە ئێران، ھانی سوودانی بدەن زیاتر عێراق ڕاكێشێتە ناو بەرەی دژەئەمریكا لە عێراق و ناوچەكەدا. بێ گومان ھەنگاوەكانی داھاتووی سوودانی دیاری دەكەن بە چ ئاراستەیەك مامەڵه‌ دەكات. بەڵام لە ئەگەری نزیكبوونەوە لە ئێران، ئەوا پێ دەچێت ڕووبەڕووی گوشاری توندی ئەمریكا ببێته‌وه‌ و تەنانەت لە خراپترین حاڵەتیشدا لەوانەیە حكوومەتی سوودانی ڕووبەڕووی سەپاندنی  گەمارۆی ئابووری ببێته‌وه‌.  

چوارەم، ئالنگارییەكی تری بەردەم سوودانی ئەوەیە كە ئایا سوودانی درێژە بە سیاسەتی ھاوسەنگكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەكان دەدات، یان لەژێر كاریگه‌ریی ئێران و ھێزە میلیشیاكاندا ئاراستەیەكی پێچەوانەی سیاسەتی كازمی پراكتیزە دەكات؟ لە سەردەمی كازمی تا ڕاددەیەك عێراق سیاسەتی ھاوسەنگكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی پراكتیزە كردووە و زیاتر لە دەوڵەتە عەرەبییەكان نزیك بووه‌تەوە. لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی لەوانە سعوودیا، ئیمارات، ئوردن، میسردا كۆمه‌ڵێك ڕێككەوتن و تێگەیشتنی واژۆ كردووە، بەتایبەت لە بوارەكانی ئابووری، سیاسی، وزە و كارەبا. بێ گومان ئەمەیش بەدڵی ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئێران نەبووە و كاتی خۆیشی گوشاریان زۆر لەسەر كازمی دروست كرد بۆ ئەوەی واز لەو سیاسەتە بھێنێت. بۆیە دیار نییە ئایا سوودانی له‌ژێر گوشاری ئێران و ھاوپەیمانەكانیدا واز لە سیاسەتی كرانەوە بەڕووی دەوڵەتانی عەرەبی دەھێنێت یان درێژە بە سیاسەتی كازمی دەدات بۆ ھاوسەنگكردنی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە.

سیاسەتی كورتمەودای حكوومەتی سوودانی بەرامبەر ھەرێم

پێش ڕاگەیاندنی حكوومەتی نوێی عێراق، ڕێككەوتنێكی گرنگ لە نێوان كورد، سوننەكان و ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ناوی "ھاوپەیمانیی ئیدارەدانی دەوڵەت" واژۆ كرا، كە خاڵی زۆری تێدا بووە سەبارەت ھەرێم و، دواتر بووە یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی بەرنامەی وه‌زاریی حكوومەتی سوودانی. لە گرنگترین خاڵەكانی ئەو ڕێككەوتننامەیە، بریتی بووە لە یەكلاكردنەوەی پرسی گاز و نەوت لە ماوەی 6 مانگدا لە دوای دروستكردنی حكوومەت، بە ڕێككەوتن لەگەڵ كورد، مافی ھەرێم له‌ یاسای بوودجەی 2023 پارێزراو بێت، جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال، كاراكردنەوەی مادده‌ی 140ی دەستوور، كاركردن بۆ دەركردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی و چەند پرسێكی تر.

بەڵام دیسان پرسیاری گرنگ لێرەدا ئه‌مانه‌ن: ئایا ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ دەبێت؟ ئایا حكوومەتەكەی سوودانی پابەند دەبێت به‌ بەڵینەكانی له‌ ھەمبەر كورد؟ تاچەند چوارچێوەی ھەماھەنگی پابەند دەبێت بەو خاڵانەی كە لەگەڵ كورد ڕێككەوتنی لەسەر كراوە؟ لێرەدا دەبێت لە دوو ئاستدا شرۆڤەی سیاسەتی سوودانی بكەین به‌رامبه‌ر ھەرێم: ئاستی كورتمەودا و ئاستی دوورمەودا. لە ئێستادا چوارچێوەی ھەماھەنگی و حكوومەتەكەی سوودانی نایانەوێت ھیچ كێشەیەك لەگەڵ ھەرێم دروست بكەن. لەم ڕوانگەیەوە، دەكرێ بڵێین كە لە كورتمەودادا سیاسەتی سوودانی بە ئاراستەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان دەبێت لەگەڵ ھەرێم. واتە حكوومەتی سوودانی بەو شێوەیە سیاسەت دەكات گرژییەكانی لەگەڵ ھەرێم كەم بكاته‌وه‌، بۆ ئەوەی كێشە بۆ حكوومەتەكەی دروست نەبێت. بەڵام ئەم ئاساییبوونەوەیه‌ بەو مانایە نییە حكوومەتی بەغدا پابەند ده‌بێت بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا؛ بەڵكوو ھەوڵ دەدات دەستیدەستی بە كێشەكان بكات و بە شێوەی جۆراوجۆر خۆی لە چارەسەری ڕاستەقینەی كێشە ھەستیارەكان بدزێتەوە.

كەواتە لە باشترین حاڵەتدا سوودانی ھەوڵ دەدات گرژییەكان لەگەڵ ھەرێم كەم بكاته‌وه‌ و گوشارەكان ڕابگرێت. لەوانەیە  لە ھەندێك پرسدا ھەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان بدات، بۆ نموونە: ڕەوانەكردنی ھەندێك پارە بۆ ھەرێم و یان دەركردنی  یاسای بوودجە، بە شێوەیەك كوردیش ڕۆڵی تێدا ھەبێت، كردنەوەی بارەگای پارتی لە ناوچە جێناكۆكەكان، كشانەوەی بەشێك لە ھێزەكان لە شنگال بە شێوەیەكی ڕواڵەتی.

ئەوەی وا دەكات لە كورتمەودادا، حكوومەتی سوودانی ھەندێك سازش بۆ ھەرێم بكات خۆی لە زۆر فاكتەردا دەبینێتەوە كە بەكورتی ئەمانەن: یەكەم، چوارچێوەی ھەماھەنگی و حكوومەتەكەی وەك جاران پێگەیان له‌ناو شەقامی شيعەدا نەماوە و شەرعییەتی جەماوه‌رییان زۆر لاواز بووە. دووەم، ھەبوونی ڕكابەری بەھێز لە ناوماڵی شیعە دژی چوارچێوەی ھەماھەنگی و حكوومەتەكەی سوودانی، ھۆكارێكی ترە كە ھانی حكوومەتی نوێ ده‌دات خۆی لە كورد و سوننە نزیك بكاتەوە. ئەمە لە لایەك دەتوانێت تەمەنی حكوومەتەكە درێژ بكات و لە لایەكی تریشەوە دەتوانێ بەرامبەر گوشارەكانی سەدر و تشرینییەكان خۆی زیاتر ڕابگرێ.

سێیەم، ناسەقامگیری و خۆپیشاندانەكانی ئێران بووه‌تە ھۆكارێك بۆ زیاتر لاوازبوونی پێگەی جەماوه‌ریی ئێران و ئەگەری داڕووخانی ڕژێمی ئێرانیش ھەیە. بێ گومان ئەمە كاریگەریی كردۆته‌ سەر ھێزە ھاوپەیمانەكانی ئێرانیش لە عێراقدا؛ بەتایبەت ترسیان ھەیە ھەمان سیناریۆ لە عێراق دژی ئەو ھێزانە دووبارە ببێته‌وه‌، بەتایبەت لەناو شەقامی شیعەدا. چوارەم، ھۆكاری ھەرە سەرەكیی سازشكردنی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ كورد و سوننەكان بۆ پێكھێنانی حكوومەت، ئەوە بووە بتوانن پێگەی خۆیان بەھێزتر بكەن و جومگە گرنگەكانی دەسەڵات لە عێراقدا كۆنترۆڵ بكەن و زیاتر كار بكەن بۆ بەھێزكردنی دەوڵەتی قووڵ لە عێراقدا. بێ گومان ئەمەیش  پێویستی بە كات ھەیە. بۆیە ئەوان لە كورتمەودادا ھەموو ھەوڵێك دەدەن كورد و سوننەكان ڕازی بكەن و، ڕاگرتنی ئەو دوو پێكھاتەیە گرنگە بۆ مانەوەی خۆیان بە ھێزكردنی پێگەكەیان.

ڕوانگەی دوورمەودای حكوومەتی سوودانی بۆ پرسەكانی ھەرێم

لە ئاستی دوورمەودا چاوەڕێی ئەوە ناكرێت گۆڕانكارییەكی گەورە لە سیاسەتی حكوومەتی سوودانی بەرامبەر ھەرێم ڕوو بدات، یاخود ئەم حكوومەتە خاڵە گرنگەكانی ڕێككەوتنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی ده‌وڵه‌ت جێبەجێ بكات؛ بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە پرسی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان، یان پرسی نەوت و گاز و جێبەجێكردنی ناوەرۆكی ڕێككەوتننامەی شنگال و، دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵییه‌وه‌ ھەیە. واتە نابێت چاوەڕێی ئەوە بكەین كە حكوومەتی سوودانی دەبێتە فریادڕەسی دەستووری و پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا. لێرەدا، لەوانەیە ئەو پرسیارە بێتە پێش: بۆچی چاوەڕێی ئەوە ناكرێت سوودانی ھەنگاوی گەورە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بھاوێژێت؟ یاخود بۆچی ئەوەندە ڕەشبینین بەرامبەر ھەنگاوەكانی داھاتووی حكوومەتی سوودانی؟ 

وەك لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ كرد، تەنانەت ئەگەر خودی سوودانی كەسێكی باش بێت و نییەتی ئەوەی ھەبێت كێشەكان لەگەڵ ھەرێم چارەسەر بكات، ئەوا تەگەره‌ی زۆر دەخرێتە بەردەمی و، ناتوانێت ئەو ھەنگاوانە بھاوێژێ. دیارە سوودانی كاندیدی ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگییە و ئەو حكوومەتە ڕەنگدانەوەی سیاسەتەكانی ئەو ھێزانە دەبێت و، ناچارە بەرنامە و سیاسەتەكانیان پراكتیزە بكات. بۆیە لە ڕوانگەی ستراتیژی و دوورمەداوە، سەختە باوەڕ بكەین كە ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا دەكەن. لێرەدا ھۆكارەكان زۆرن بۆ ئەوەی بگەینە ئەو دەرەنجامە:

یەكەم، زۆربەی گرووپەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی باوەڕیان بە دەستوور و پرۆسەی سیاسی نییە و ھەموو سیاسەت و بەرنامەیان كاركردنە بۆ بەھێزكردنی پێگەكەیان لە بەغدا. دووەم، ھێزە شيعەكان، بەتایبەت ھێزەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، زۆر بەتوندی دژی سیسته‌می فیدراڵی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانن؛ بەتایبەت دژی ئەوەن كە ھەرێم دەسەڵاتی دەستووریی خۆی پراكتیزە بكات، یان لە بواری نەوت و گاز دەسەڵاتی ھەبێت. ئەوان پێیان وایە دەبێت ئەوەی پەیوەندیی به‌ نەوت و گازەوە ھەیە، لەلایەن بەغداوە كۆنترۆڵ بكرێت. ئەمە بۆ ئەوەی لە لایەك بتوانن لە ڕووی ئابوورییەوە ڕێگە لە پێشكەوتنی ھەرێم بگرن؛ لە لایەكی تریشەوە بتوانن بەردەوام پرسی نەوت و گاز وەك كارتی گوشار دژی ھەرێم بەكار بھێنن.

سێیەم، ھەرێم ئەزموونێكی دیاری لەگەڵ سەركردەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەیە. زۆربەی ئەوانەی لە دوای 2003 لە عێراق دەسەڵاتدار بوونە، سەر بە چوارچێوەی ھەماھەنگی بوونە. ئەوانە بە درێژاییی 18 ساڵ ھیچ ھەنگاوێكیان بە ئاراستەی پراكتیزەكردنی دەستوور یان چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ ھەرێم نەھاوێشتووە، بەڵكوو لە كاتی لاوازیدا بەڵێنیان داوە و لە كاتی بەھێزییشدا زۆر بەتوندی دژایەتیی ھەرێمیان كردووە و تەنانەت كاریان كردووە بۆ ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی كیانی ھەرێمی كوردستان. چوارەم، ئێران ڕۆڵێكی زۆر گرنگ دەگێڕێت لەوەی ھێزە ھاوپەیمانەكانی بە چ ئاراستەیەك سیاسەت بكەن. بۆیە سیاسەتی ئێران ئەوەیە لە بەغدا "دەوڵەتی قووڵ" دروست بكرێت؛ ھێزەكانی حەشد زیاتر بەھێز بن و تەنانەت ببنە بەدیلی سوپای عێراق؛ لە ناوچە جێناناكۆكەكان لە كەركووك و شنگال زیاتر پێگەیان بەھێز بكەن، چونكە ناوچەی ستراتیژین و خاڵی پەڕینەوەی ئێرانە بۆ سووریا و لوبنان. بویە بە ھیچ شێوەیەك لەم ناوچانەدا سازش بۆ كورد و سوننەكان ناكەن بەتایبەت لە كەركوك و دەڤەری شنگال.

تەنانەت ئێستا مەترسیی ئەوە ھەیە ئێران لە چەند ڕێگەیەكه‌وە كار بكات بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا تێك بدات: لە لایەك ئێران ماوەیەكە دەستی كردووە بە بۆردوومانكردنی ھەرێمی كوردستان لە ڕێگەی درۆن (فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان) و مووشەكەوە. ئەمە لە لایەك مەبەستیەتی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی كوردستان تێك بدات؛ لە لایەكی تریشەوە، ئەو پەیوەندییە ئاسایییەی كە ئێستا لە نێوان بەغدا و ھەولێر ھەیە، تێكی بدات؛ بەتایبەت لەژێر گوشاری ئێراندا، حكوومەته‌كه‌ی سوودانی ناتوانێ بەرامبەر پێشێلكارییەكانی ئێران لە ھەرێمدا، كاردانەوەی توندی ھەبێت. لە لایەكی دیكه‌یشەوە، لەوانەیە ئێران لە ڕێگەی ھاوپەیمانەكانی لە ھەرێم، ھەوڵی دروستكردنی ناكۆكیی زیاتر بدات له‌ نێوان ھێزە كوردییه‌كان؛ بەتایبەت پێ دەچێت ئەو ناكۆكییانەی ئێستا لە ھەرێم ھەیە، دەستی ئێرانی تێدا بێت و مەبەستی بێت ھەرێم بەرەو دابەشبوون و دووئیداره‌یی ببات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples