نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر. پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
پێشەكی
دوای شكستھێنانی ھاوپەیمانیی سێقۆڵیی نێوان "پارتی"، "ھاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان" بە سەرۆكایەتیی حەلبووسی و، "تەیاری سەدری" بۆ پێكھێنانی حكوومەتی زۆرینە، لە گۆڕانێكی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراودا، پارتی و ھاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان لە 25ی سێپتەمبەری 2022 ھاوپەیمانێتییهكی نوێیان لەگەڵ "چوارچێوەی ھەماھەنگی" ڕاگەیاند كە بە ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت ناسراوە. ئەو ھاوپەیمانێتییهیش دواتر توانی لە 27ی ئۆكتۆبەری 2022 حكوومەت دروست بكات و "سوودانی" وەك سەرۆكوەزێران دەستبەكار بێت.
یەكێك لە خاڵە ھەرە گرنگەكانی ڕێككەوتنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی حكوومەتی سوودانی، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بووە بە گوێرەی دەستوور. بەگشتی داواكارییەكانی كورد كە لە ڕێككەوتنەكەدا دەقنووس كراون، بریتین لە: دەركردنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان بە ڕێككەوتن لەگەڵ كورد، ناردنی شایستە دارایییەكانی ھەرێم، داڕشتنەوەی یاسای بوودجەی 2023 (بە شێوەیەك مافی ھەرێم پارێزراو بێت)، پراكتیزەكردنی ڕێككەوتنی شەنگاڵ، ماددهی 140ی دەستوور، دەركردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی و گەڕانەوەی بارەگاكانی حزبە كوردییەكان بۆ كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان. ھەرچەندە ئەوه نزیكەی 4 مانگ دەرباز بووە بەسەر تەمەنی حكوومەتی نوێدا، بەڵام ھێشتا ھیچ ھەنگاوێك نەھاوێژراوە بە ئاراستەی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد و تەنانەت داواكارییەكانی سوننەكانیش. ڕاستییەکەی، زۆر كێشە و گرفت ھەن لە بەردەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی بەغدا و ھەولێر و چارەسەكردنی كێشەكان وەك ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و، ئاسان نییە.
ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی ھەولێر و بەغدا
یەكەم، یەكێك لەو گرفتانەی كە ڕێگرە لە بەردەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا، پەیوەندیی بە ڕوانگە و سیاسەتی لایەنەكانی "چوارچێوەی ھەماھەنگی"یەوە ھەیە، كە حكوومەتیان پێك ھێناوە. ئەو لایەنە شيعانەی كە ڕێككەوتنیان لەگەڵ كراوە، باوەڕیان بە دیموكراسییەت، دەستوور و پرۆسەی سیاسی نییە و ھەموو ھەوڵەكانیان بەو ئاراستەیەدایه كە جومگە گرنگەكانی دەسەڵات لە عێراقدا قۆرخ بكەن. واتە زۆربەی لایەنەكانی كاریگەری ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی كە دیارترینیان بریتین لە نووری مالیكی، ھادی عامری، حەكیم و خەزعەلی و گرووپە میلیشیاكان، ئەجێندایەكی دژە-ھەرێم پراكتیزە دەكەن و لە ڕابردوویشدا ڕوڵی سەرەكییان گێڕاوە لە دژایەتیكردنی قەوارەی ھەرێم. لێرەدا، ھێز و نییەتی خۆسەپاندن، بەناوەندیكردنی دەسەڵاتەكان و بەپاشكۆكردنی ھەرێم، یەكێكە لە سیاسەتە گرنگەكانی گرووپەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی. بۆیە ئەمە یەكێكە لەو ئاستەنگانەی، ڕیگرە لە بەردەم چارەسەری كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا و جێبەجێكردنی ڕێككەتنی ئیدارەی دەوڵەت؛ چونكە ئەمانە كاریگەریی زۆر گەورەیان ھەیە لەسەر بڕیارەكانی حكوومەت بەرامبەر ھەرێم.
دووەم، لاوازیی پێگەی سیاسی و جەماوەریی خودی سوودانی، ھۆكارێكی دیكەیە كە گرفتە لە بەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا. ھەرچەندە تاكوو ئێستا دیار نییە ئایا خودی سوودانی نییەتی ئەوەی ھەیە كە كێشەكان لەگەڵ ھەرێم چارەسەر بكات یان ئەوەی دەڵێت تەنیا پڕوپاگەندەیە بۆ ڕای گشتی. گریمان سوودانی نییەتی باشی ھەیە و دەیەوێت كێشەكان چارەسەر بكات؛ بەڵام لەسەر ئەرزی واقع، بێ پاڵپشتیی لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، ناتوانێت ئەو ھەنگاوە بھاوێژێت لەبەر زۆر ھۆكار:
یەكەم، وەك ئاماژەمان پێ كرد، سوودانی كاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگییە و بە پاڵپشتیی ئەوان ئەو پۆستەی وەرگرتووە و بەبێ ئەو ھێزانە ناتوانێت ھەنگاوێكی مەزن بۆ چارەسەری كێشەكانی ھەولێر و بەغدا بھاوێژێت.
دووەم، سەرۆكی حكوومەت لەناو شەقامی شيعەی عێراقی و لەناو پەرلەماندا پێگەیەكی بەھێزی نییە و لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان تەنیا یەك كورسیی بەدەست ھێناوە و دوای كشانەوەی سەدریش، تەنیا 3 ئەندام پەرلەمانی ھەیە. كەواتە سوودانی ئەگەر نییەتی چارەسەركردنی كێشەكانیشی ھەبێت لە دەرەوەی ڕەزامەندیی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ئەوە بۆی ناچێتە سەر؛ چونكە نە ئەو پێگەیەی ھەیە و نە لەناو پەرلەمان ئەو ژمارە كورسییەی ھەیە بتوانێت بەبێ لایەنی شيعەكان ھەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان بدات لەگەڵ ھەرێم.
سێیەم، لە ھەر ھەنگاوێكدا بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ ھەرێم، ئەگەر چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕازی نەبن، سوودانی ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە: لە لایەك لەوانەیە لە پەرلەمان متمانەی لێ وەر بگیرێتهوه؛ لە لایەكی تریشەوە، دەكرێت دادگەی دەستووری له دژی ئهو بەكار بھێنرێت بە بیانووی پابەندنەبوون بە بڕیارەكانی دادگەی دەستووری.
چوارەم، دادگەی دەستووری، ڕێگرییهكی گهورهی دیكهیه له بەردەم چارەسەری كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا و تەنانەت پرۆسەی دیموكراسی لە عێراقدا. لایەنە شيعەكان بە ھاندانی ڕاستەوخۆی ئێران لە ساڵی 2021 توانییان لە ڕێی گەمەیەكی سیاسییەوە، یاسای دادگهی فیدراڵی ههموار بكەنەوە؛ بە شێوەیەك میكانیزمی دهركردنی بڕیار تێیدا، بەتەواوەتی كەوتە ژێر كاریگەری و ھەژموونی لایەنە شیعەكانەوە. بۆیه، له دوای ههمواركردنی یاسای دادگهى باڵای فیدراڵی، ئێران و لایەنە شیعەكان توانییان ئهم دادگهیە وەك ئامرازێكی گرنگ دژی نەیار و لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەكار بھێنن. ئێستا دادگەی فیدراڵی، بووەته ئامرازێكی ھەرە كاریگەری یاسایی بۆ لێدان لە نەیارەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئێران لە عێراقدا.
لەم چوارچێوەیهدا، لە دیارترین بڕیاری دادگەی دەستووری دژی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی، بریتی بووە لە ڕێگەگرتن لەوەی ھاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشمانی، حكوومەتی زۆرینە دروست بكات. داگەكە جەختی لەسەر ئەوە كرد كە بۆ تەواوكردنی نیسابی یاسایی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندام پەرلەمانهكان لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا ئامادە بن؛ لە كاتێكدا ھیچ بەندێكی دەستووری نییە بەئاشكرا باسی ئەوە بكات. ئەوەی ھەیە ئەوەیە: ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە گەڕی یەكەم، دوو لەسەر سێی دەنگەكانی پێویستە؛ ئەگەر كەس دەنگی پێویستی نەھێنا، ئەوا بە زۆرینە سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت. بەڵام دیارە، ئەو بڕیاره لەژێر كاریگەریی چوارچێوەی ھەماھەنگیدا دراوە بۆ ئەوەی ڕێگە لە سەدر و ھاوپەیمانەكانی بگیرێت حكوومەت پێك بھێنن. شایانی باسە، بەپێی ھەندێك لەسەرچاوەكان، پێش بڕیاری دادگە، نووری مالیكی، فەرماندەی سوپای قودس و، ههروهها فایهق زێدان، لە كۆبوونەوەیەكی نھێنیدا ئەو بڕیارەیان دابوو.
بە ھەمان ئاراستەیش، دادگهى باڵای فیدراڵی له 15ی شوباتی ساڵی 2022 بڕیارێكی دژی ھەرێمی كوردستان دەركرد و ههناردهكردنی نهوت و گازی لهلایهن ههرێمی كوردستانهوه بە نادهستووری لە قەڵەم دا. ھەروەھا ھەموو گرێبهسته نهوتییهكانی ههرێمی كوردستانی، كه لهگهڵ كۆمپانیا نهوتییهكانی جیهان واژووی كردووە، بە نادهستووری ناساند. لە بڕیارێكی دیكەدا لە 25ی كانوونی دووەمی 2023دا دادگه جەختی كردهوه لەسەر نادهستووریبوونی ناردنی شایسته دارایییهكانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان لهلایهن حكوومهتی عێراقهوه. ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ڕێككەوتنی ئیدارەی دەوڵەت و لە بەرنامەی حكوومەتدا باسی ئەوە كراوە كە، دەبێت شایسته دارایییهكانی ھەرێم ڕەوانە بكرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو لایەنەی كە سكاڵایان لە دژی ھەرێم تۆمار كرد، نزیكن لە چوارچێوەی ھەماھەنگی، بەتایبەتیش گرووپەكانی سەر بە ئێران. كەواتە ئێستا پرسی چارەسەری كێشەكان تەنیا لە دەستی ھەردوو حكوومەتی ھەولێر و بەغدا نییە، بەڵكوو دادگەی دەستوورییش ھاتۆتە ناو بابەتەكەوه و زۆربەی بڕیارەكانیشی دژی ھەرێمی كوردستانە و، گرفتەكی گەورەیە لە بەردەم چارەسەری كێشەكان.
پێنجەم، ئێران ڕۆڵێكی زۆر خراپ دەگێڕێت لە گرژبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا و، ئاستەنگدروستكردن بۆ ئەوەی لایەنەكان نەگەنە چارەسەر. ئێران كاریگەریی زۆر گەورە و مەزنی ھەیە لەسەر ھێزە سیاسییەكانی عێراق و بەتایبەتیش ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی. ئێران ئامانجی ئەوەیە عێراق- بە ھەرێمی كوردستانیشەوە- لەناو بازنەی بەرژەوەندییەكانیدا سیاسەت بكەن. لەم ڕووەوە، ئێران لەگەڵ ئەوە نییە ھەرێمێكی بەھێز و یەكگرتوو ھەبێت و، بەردەوام ھەوڵ دەدات لە ڕێگەی ھاوپەیمانەكانییهوه پێگەكەی لاواز بكات. ئێران ڕۆڵی سەرەكیی گێڕاوە لە ھاندانی گرووپە میلیشیاكان بۆ ھێرشكردنە سەر كوردستان لە دوای ڕیفراندۆم. دروستبوونی ناكۆكی له نێوان ھێزە سیاسییەكانی ھەرێمیش، بەشێكی زۆری دەستی ئێرانی تێدایە. ھەروەھا، ئێستایش ئێران ڕوڵێكی مەزن دەگێڕێت لەوەی سەبارەت پرسی بوودجە و پرسی نەوت و گاز و پرسەكانی دیكەیش، بەغدا لەگەڵ ھەرێم ڕێككەوتن نەكات.
شەشەم، ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، ھۆكارێكی دیكەیە بۆ لاوازبوونی پێگەی ھەرێم و، بووتە ئاستەنگ لە بەردەم چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا. ئێستا كورد بە دوو ئەجێندای جیاوازەوە لە بەغدا سیاسەت دەكات: لە لە لایەك، پارتی پاڵپشتیی حكوومەتی ھەرێم دەكات؛ یەكێتییش-ئەگەر بەئاشكراش نەبێت- لەژێرەوە لەگەڵ بەھێزبوونی پەیوەندییەكانی بەغدا و ھەولێر نییە، چونكە پێی وایە ئەمە دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی پێگەی پارتی لە كوردستان. تەنانەت سەبارەت به سیاسەتی نەوت و گاز لە ھەرێم، ئەجێندای یەكێتی زۆر جیاوازە لەگەڵ سیاسەتی فەرمیی حكوومەتی ھەرێم. یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە مەلەفی نەوت و گاز ڕادەستی بەغدا بكرێت. تەنانەت یەكێتی لەژێر گوشاری ئێراندا، ڕێگە نادات وەبەرھێنان لە كەرتی گاز بكرێت، كە زۆرینەی سەرچاوەكان لە "زۆنی سەوز"ە. بۆیە، یەكێتی بەڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، لەگەڵ ئەو گوشارانەیە كە لە بەغداوە ئاراستەی ھەرێم دەكرێن. تەنانەت ھەندێك لە سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن، كە یەكێتی زۆر ھەوڵ دەدات بەغدا وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ زۆنی سەوزدا بكات لە دەرەوەی قەوارەی ھەرێم!
بژاردەكانی بەردەم ھەرێم بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سوودانی
لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە، ھەرێمی كوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی سوودانیدا بكات؟ یاخود بژاردەكانی بەردەم ھەرێم كامانەن بۆ ھەڵسوكەوتكردن لەگەڵ بەغدا؟ ڕاستییەکەی، حكوومەتی ھەرێم دەتوانێت لە زۆر ڕێگەیەوە گوشار لەسەر حكوومەتی سوودانی و لایەنە شيعەكان دروست بكەت. بەڵام لەبیرمان نەچێت، كە پێگەی ھەرێم ئەوەندە بەھێز نییە كە بتوانێت بەتەنیا و بەدەر لە فاكتەرەكانی دیكە كاریگەریی زۆر گەورە لەسەر بەغدا دروست بكات؛ بەتایبەت دابەشبوونی ھێزە سیاسییەكانی ھەرێم، نەبوونی سیاسەتێكی یەكگرتوو بەرامبەر بەغدا و تەنانەت ھاوسۆزبوونی ھەندێك لایەن لەگەڵ سیاسەتی بەغدا، پێگەی ھەرێمی کوردستانی لاواز كردووە.
بژاردەی یەكەم بۆ ھەرێمی كوردستان ئەوەیە، ھەوڵ بدات لە ڕێگەی سیاسی، دیپلۆماسی و گوشاردروستكردن، كار لەسەر چارەسەری كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی سوودانیدا بكات. ڕاستە بەشێكی زۆری ھێزە سیاسییەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەربەست و تەگەرە دەخەنە بەردەم ئاساییبوونەی پەیوەندییەكانی ھەرێم و بەغدا، بەڵام حكوومەتی سوودانی، بە گوێرەی ڕێككەوتنێك لە نێوان كورد و سوننە و چوارچێوەی ھەماھەنگی پێك ھاتووە. دەبێت كورد و سوننەیش پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بكەن و داوا لە سوودانی و ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بكەن، پابەند بن بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی ڕێككەوتنهكە. ئەم سیاسەتە دەبێت بەردەوام بێت، تا ئەو كاتەی بەتەواوەتی ڕوون دەبێتەوە كە ئایا سوودانی و ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕێز لە ڕێككەوتنەكە دەگرن یاخود تەنیا دەیانەوێت كات بكوژن بۆ بەھێزیكردنی پێگەكەیان. بێ گومان ئەمەیش پێویستی بە كاتی زیاترە بۆ ئەوەی ئەو ھاوكێشەیە بەتەواوەتی ڕوون دەبێتەوە.
دووەم، ھەندێك لە سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن گوایە پارتی بیر لەوە دەكاتهوه لە حكوومەت بكشێتەوە بەھۆی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی دژی ناردنی شایستە دارایییەكانی ھەرێم. وەك باسمان كرد، ھێشتا جارێ كات ماوە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی ڕوون دەبێتەوە ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕێز لە ڕێككەوتنەكە دەگرن یاخود نا. ھەرچەندە باوەڕ ناكەم لە پرسە ستراتیژییەكاندا چوارچێوەی ھەماھەنگی سازش بۆ ھەرێم بكات و، لە زۆر بابەتیشدا باسی ئەوەمان كردووە. بەڵام تازە حكوومەت پێك ھاتووە. بۆیە لەم قۆناغەدا، نابێت پارتی بیر لە كشانەوە لە بەغدا بكاتەوە؛ چونكە ئەمە ھیچ كاریگەرییەكی نابێت لەسەر حكوومەتی سوودانی و بەپێچەوانەوە، زیان لە بەرژەوەندییەكانی ھەرێم دەدات لە بەر زۆر ھۆكار: یەكەم، كشانەوەی پارتی ھیچ كاریگەرییهكی نابێت لەسەر ڕووخاندنی حكوومەتی سوودانی. دووەم، ھێزە سیاسییەكانی ھەرێم یەكگرتوو نین و ئەگەر پرسی كشانەوە بێتە ئاراوە، ئەوا بەدڵنیایییەوە تەنیا پارتی دەكشێتەوە و یەكێتی نەك ھەر ناكشێتەوە، بەڵكوو زیاتر پێگەی خۆی لە بەغدا بەھێز دەكات و ئەوكاتیش ئێران و چوارچێوەی ھەماھەنگی، یەكێتی دەكەن به دەمڕاستی ھەرێم لە بەغدا.
سێیەم، كشانەوەی پارتی دەبێتە ھۆی چۆڵكردنی مەیدانەكە بۆ نەیارەكان و ئەو ھێز و لایانانەی كە دژی ھەرێم كار دەكەن و، بەو شێوەیەیش لەناو دامەزراوە سیاسی و یاسایییەكاندا زیاتر گوشار لەسەر ھەرێم دروست دەبێت. بەدەر لەمەیش، ئەوكات پارتی دەرفەتی مانۆڕ و گەمەی سیاسی لە بەغدا لەدەست دەدات و ھەمووی دەكەوێتە دەست نەیارەكان. ئەوەی بەسەر تەیاری سەدردا ھات، بەھۆی بڕیاری ھەڵەی سەدرهوه بوو؛ ھەمان سیناریۆ چاوەڕێی ھەرێمیش دەكات. چوارەم، كاتێك باسی ئەوە دەكەیت لە پڕۆسهی سیاسی یان حكوومەت دەكشێیتەوە، دەبێت بەرنامە، پلان و بەدیلێكی ترت ھەبێت یان "پلانی B"ت ھەبێت؟ پرسیار ئەوەیە: ئایا لە كاتی كشانەوە، ھیچ بەدیل یان ئەلتەرناتیڤێكی تر ھەیە پەنای بۆ ببەیت؟ بێ گومان ئەگەر بەبێ پلان و بەرنامە یان ھەبوونی ھیچ كارتێكی بەھێز بكشێیتەوە، ئەوكات تۆ دواتر تەنیا وەك ڕەوتی سەدر، ڕۆڵی تەماشاكردنت بۆ دەمێنێتهوه! ئەمەیش لە ڕووی گەمەی سیاسییەوە شتیكی باش نییە.
چوارەم، لە حاڵەتێكدا كشانەوە، دەكرێت وەك ئەلتەرناتیڤ سەیر بكرێت، ئەگەر ھات و ماوەی تەواو بە حكوومەتی سوودانی درا، بەڵام پابەند نەبوو بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانهوه؛ بە مەرجێك ئەو فاكتەرانەی لەگەڵ بێت. ئهگهر پارتی یان ھەرێم لەگەڵ نەیارەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، بەتایبەت ھاوپەیمانیی سەروەریی سوننەكان و سەدر، ھەماھەنگی و یەكدەنگی دروست بكات، ئەوكات بێ گومان چارەنووسی حكوومەتی سوودانی دەكەوێتە بەردەم ھەڵوەشانەوە؛ بەتایبەت ئەگەر پارتی و سوننەكان بكشێنەوە، تا ڕاددەیەك حكوومەت شەرعییەتی نامێنێت. ھەروەھا نابێت ئەمریكا دژی ئهو ههنگاوه بێت؛ واته پێویسته پاڵپشتیی ئەو ھەنگاوە بكات. لە لایەكی تریشەوە لەسەر ئاستی ناوخۆییی ھەرێم، دەبێت پارتی ھەوڵ بدات ھەموو یان زۆربەی ھێزە كوردییەكان لەو كشانەوهیەدا تێدا بەشدار بن، بۆ ئەوەی كاریگەریی خۆی ھەبێت. بەڵام لە ھەموو حاڵەتیكدا، دەبێت پرسی كشانەوە دوایین كارت بێت و كاتێك بەكار بھێنرێت، كە دڵنیا بن لهوهی، ئەو حكوومەتە بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ ھەرێم، ھیچ ھەنگاوێك ناھاوێژێت.
پێنجەم، جەختكردن لەسەر دەركردنی یاسای دادگەی فیدراڵی، بەپێی دەستوور، بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەكارھێنانی ئەم دەزگهیە دژی ھەرێم، بگیرێت. ھەروەھا، جەختكردن لەسەر دەركردنی یاسای نەوت و گاز، بەو شێوەیەی لە دەستووردا ئاماژە پێ كراوە. بە دەرچوونی ئەو یاسایە بەشێكی گرنگ لە كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن. بەڵام دەركردنی ئەو یاسایە زۆر ئاسان نییە و، چاوەڕێ دەكرێت كێشەی گەورە بۆ دەرچوونی یاساكە دروست بكرێت. بەغدا ھەموو ھەوڵێك دەدات ئەو مافە لە ھەرێم وەربگرێتهوه. دادگەی دەستوورییش، كراوە بە ئەكتەرێكی یاساییی كاریگەر بۆ لێدان لەو مافە دەستوورییەی ھەرێم. ھەروەھا مەترسیی ئەوەیش ھەیە، تەنانەت لە پەرلەمانیش یاساكە دەربچێت و، لە ڕێگەی دادگەی دەستوورییهوه ھەموو ڕێككەوتنەكانی بەغدا و ھەولێر ھەڵوەشێنرێنهوه.
شەشەم، ھەوڵدان بۆ ئەوەی ھەرێم پەیوەندیی ھاوسەنگ و ئاسایی لەگەڵ ئێران دروست بكات و دڵنیایی بداتە ئەو وڵاتە كە نابێتە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییی ئێران. چونكە، وەك باسمان كرد، ئێران كاریگەرییەكی زۆر گەورەی ھەیە لەسەر ئاراستەی سیاسەتەكانی بەغدا بەرامبەر ھەرێم. بەڵام، لهگهڵ ئەوەیشدا، دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین؛ ئێران و ھەرێم لە زۆر خاڵ و بابەتدا، بەتایبەت سهبارهت بە ناوچە جێناكۆكەكان، پرسی شهنگاڵ، پرسی نەوت و گاز و، پەیوەندییە دەرەكییەكان، سیاسەت و ستراتیژیی ھاودژیان ھەیە. بۆیە، ڕاگرنتی ھاوسەنگی لەگەڵ ئێران كارێكی سەختە و، دەبێت بەوریایییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. بە ھەمان ئاراستەیش، دەبێت ھەرێم ھانی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات ڕۆڵی خۆیان ببینن لە چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا، یان دروستكردنی گوشار بۆ ئەوەی بەغدا پابەندی دەستوور بێت؛ بەتایبەتی ئەمریكا ئەكتەرێكی گرنگە لە عێراقدا و دەتوانێت گوشار دروست بكات.