نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
پێشەكی
لە 14 ئایاری 2023 پرۆسەی ھەڵبژاردن لە توركیا بەڕێوە چوو و چەندان ھاوپەیمانی و حزبی سیاسی بەشدارییان تێدا كرد. لەو ھەڵبژاردنەدا ململانێیەكی توند ھەبووە لە نێوان لایەنەكاندا لەسەر دەستەبەركردنی زۆرترین كورسیی پەرلەمان و بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆككۆماری. دیارە لەو هەڵبژاردنەدا ململانێ لە نێوان دوو بەرە و ھاوپەیمانیی بەھێز و دژبەیەك ھەبووە: ھاوپەیمانیی یەكەم بریتییە لە ھاوپەیمانیی میللەت (National Alliance)؛ ئەم ھاوپەیمانییە بە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و مێزی شەشقۆڵی ناسراون و، كاندیدەكەیان بۆ سەرۆككۆمار "کەمال کلیچدارئۆغلو"، سەرۆكی حزبی جەھەپە (CHP)یە. لە بەرامبەردا ھاوپەیمانییهكی تری بەھێز ھەیە كە بریتییە لە ھاوپەیمانیی گەل یان كۆمار (People Alliance ) و كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان"ە.
شایانی باسە ھاوپەیمانیی كۆمار لە ھەڵبژاردنەكانی 14 ئایاردا توانیی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان، واتە لە كۆی 600 كورسیی پەرلەمان، 322 كورسییان دەستەبەر بكەن. ھەروەھا سەبارەت به پۆستی سەرۆككۆماری، ڕاستە ھیچ لایەنێك سەركەتوو نەبووە و ھەڵبژاردن چووە گەڕی دووەمەوە و بڕیارە لە 28ی ئایاردا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەردۆغان بە ڕێژهی 49.5 زۆرترین دەنگی ھێناوە و لە خولی دووەمدا شانسێكی زۆر بەھێزی ھەیە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بباتەوە. لە بەرامبەردا بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و ھاوپەیمانیی میللەت تووشی شكستی گەورە ھاتوون؛ لە لایەك نەیانتوانی لە پەرلەمان دەنگێکی زۆر بەدەست بھێنن؛ بەپێی ئهنجامی ھەڵبژاردنەكان، نزیكەی 213 كورسییان بەدەست ھێناوە؛ واتە بوونەتە كەمینە لەناو پەرلەماندا و كاریگەریی گەورەیان نابێت لەسەر بڕیارەكانی. لە لایەكی تریشەوە، سەبارەت پۆستی سەرۆككۆماری، کەمال کلیچدارئۆغلو ڕێژەی 44.9% دەنگەكانی دەستەبەر كردووە و، ئەمەیش وا دەكات دەرچوونی لە گەڕی دووەم زۆر قورس بێت ئەگەر نەڵیێن مەحاڵە.
سیاسەتی دەرەوەی توركیا لە نێوان كلیچدارئۆغلو و ئەردۆغاندا
سەبارەت سیاسەتی دەرەوەی توركیا، سیاسەتی ھەر یەكە له کلیچدارئۆغلو و ئەردۆغان جیاواز دەبێت. سیاسەتی ھاوپەیمانیی میللەت بە سەرۆكایەتیی کلیچدارئۆغلو، زیاتر بەوە ناسراوە كە جەختكردنە لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە و وازھێنان لە سیاسەتی دەستێوەردان لە كاروباری دەوڵەتانی ناوچەكە. بەتایبەت ھاوپەیمانیی میللەت زیاتر باوەڕی بەوە ھەیە ھەماھەنگی و ھاوكاری لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكەدا ھەبێت. کلیچدارئۆغلو و حزبەكەی كەمتر باوەڕیان بە گەمەی ئایینی و تائیفی ھەیە و لە ڕوانگەیەكی ئیسلامگەرایی یان عوسمانگەرایییەوە سەیری سیاسەتی دەرەوە ناكهن و، زۆر باوەڕیان بە پاوانخوازی نییە لە دەرهوەی سنوورەكانی توركیا و، پابەندن بە پڕهنسیپەكانی گشتیی سیاسەتی ئەتاتورك لەسەر ئاستی دەرەكی. ئەمەیش بەو مانایە دێت كە کلیچدارئۆغلو و حزبەكەی ھەوڵ دەدەن دەستێوەردانە سەربازییەكان لە ناوچەكەدا كەم بكەنەوە و، كەمتر گرنگی بە پاوانخوازیی توركیا دەدەن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی عەرەبیدا. لەم ڕووەوە، کلیچدارئۆغلو زیاتر ھەوڵ دەدات ڕوو لە ئەوروپا و ئەمریكا بكات و، خۆی نەخزێنێتە ناو قەیران و كێشەكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
بە ھەمان ئاراستەیش، سیاسەتی سفركردنەوەی كێشەكان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە، زیاتر دەچێتە پێشەوە و کلیچدارئۆغلو ھەوڵ دەدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە ئاسایی بكاتەوە، بەتایبەت لەگەڵ سووریا، دەوڵەتانی عەرەبی، ئەرمەنستان، یۆنان و ئیسرائیل و، تەنانەت ئەگەری زۆر ھەیە توركیا ھێزەكانی خۆی لە زۆر ناوچە بكشێنێتەوە. لە ململانێی نێوان زلھێزەكاندا کلیچدارئۆغلو زیاتر لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریكا و ھاوپەیمانیی ناتۆدا سیاسەت دەكات. ئەمەیش واتە كەمتر گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕووسیا دهدات یان ئەو پەیوەندییەی کە لە سەردەمی ئەردۆغاندا ھەبووە، وەك جاران نامێنێت. بەتایبەت کلیچدارئۆغلو پابەند دەبێت بە سیاسەتی ناتۆ؛ ههروهها ههوڵ دهدات بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوه ناو بەرنامەی بەدەستھێنانی فڕۆكەی F35ی ئەمریكا و، دەستبەرداری تەكنۆلۆژیای سەربازیی ڕووسیا بێت. ھەروەھا ڕێگە بە سوید دەدات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ. بە ھەمان شێوەیش، ھەوڵ دەدات زیاتر لە یەكێتیی ئەوروپا نزیك ببێتەوە و كار بكات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا و لەوانەیشە، زیاتر پاڵپشتیی ئۆكراینا بكات. ھەروەھا پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانی دەكات بەرامبەر بە چین و، وەك سەردەمی ئەردۆغان پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە گەرم نابن؛ لە سەردەمی ئەردۆغان پەیوەندییەكانی چین و توركیا بەرەوپێش چوون و توركیا لە ساڵی 2015 چووهتە ناو پڕۆژەی پشتێن و ڕێگه.
لە لایەكی تریشەوە بە دەرچوونی ئەردۆغان، ئەو سیاسەتەی كە ئێستا لە ناوچەكەدا ھەیە، بەردەوام دەبێت؛ واتە سیاسەتی چوون بەرەو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دووركەوتنەوە لە ڕۆژاوا بەھێزتر دەبێت. پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا لە ھەڵبەز و دابەزینی بەردەوامدا دەبن. توركیا زیاتر كار دەكات بۆ بەھێزكردن و زیندووكردنەوەی خەونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ناوچەكەدا؛ بەڵام بە شێوەیەكی جیاوازتر و زیاتر لە ڕێگەی ھێزی ئابووری و ھێزی نەرمەوە دەبێت. ھەروەھا، دەستێوهردانە سەربازییەكانی توركیا لە ناوچەكەدا بەردەوام دەبن. پێ دەچێت گرژییەكانی لەگەڵ یۆنان، دوورگەی قوبرس و ئەرمەنستان بەردەوام بن. لە لایەكی تریشەوە، ئەردۆغان ھەوڵ دەدات پەیوەندییەكانی لەگەڵ جیھانی عەرەبی و ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە. دیارە توركیا پەیوەندییهكی زۆر باشی لەگەڵ ڕووسیا و چیندا ھەیە و، چاوەڕێ دەكرێت پەرە بەو پەیوەندییانە بدرێت. بەگشتی ئەردۆغان لە سیاسەتی دەرەوەی توركیادا زیاتر بەسەربەخۆیی كار دەكات.
باكووری كوردستان لە نێوان کلیچدارئۆغلو و ئەردۆغاندا
لە ڕاستیدا ھیچ كام لە ھاوپەیمانیی میللەت و ھاوپەیمانیی كۆمار شتێكی نوێیان پێ نییە بۆ كورد لە باكوور. كوردەكان كە بڕیاریان دا پاڵپشتیی کلیچدارئۆغلو بكەن، سەبارەت داواكارییەكانیان ھیچ ڕێككەوتنێكیان لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆندا نەكردووە. واتە بەخۆڕایی و بەبێ ھیچ ڕێككەوتنێك خۆیان بەسەر ئەو بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا یەكلا كردەوە. ئەوەی باس كراوە ئەوە بووە، كە ئەگەر ھاوپەیمانیی میللەت دەربچن، لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤدا سەڵاح دەمیرتاش ئازاد دەكەن، ھەروەھا سەرۆكشارەوانییەكان دەگەڕێنە سەر كاری خۆیان. بەدەر لەمە ھیچ شتێكی تر باسی نەكراوە. لێرەدا بەڕاستیش پرسیار ئەوەیە كە ئەگەر داواكارییەكانی ھەدەپ ھەر لە سەرەتادا ئەوە بوایە كە سەرۆكەكەیان زیندانی نەكرێت یان سەرۆكشارەوانییەكان لەسەر كار لا نەدرێن، ئایا ھیچ پێویستیی بەو ھەموو دژایەتیكردنەی ئاكپارتی و ئەردۆغان هەبوو؟ بێ گومان ئەگەر ھەدەپ ھەر لە سەرەتادا سیاسەتێكی میانڕەویان پراكتیزە بكردایە، لەوانەبوو ئەردۆغان بەو شێوەی ئێستا مامەڵەیان لەگەڵ نەكردبا.
دیارە مەبەستم ئەوە نییە كە ھەدەپ نەدەبوو پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن بكات، بەڵكوو زیاتر مەبەستم ئەوەیە كە دەبوایە بەڕوون و ئاشكرا باسی داواكارییەكانی بكردایە لەگەڵ ھەر دوو لایەن و، ئەگەر ھیچ لایەنێك ئامادە نەبوایه داواكارییەكانیان پەسەند بكات یان ھەندێك گهرهنتی بدات، ھیچ پێویستی بەوە نەدەكرد كە لایەنداریی بكات. ھاوپەیمانیی میللەت، سەر بە ئۆپۆزیسیۆن، باسی ئەوە دەكەن گوایە لەبەر ڕای گشتیی توركیا و دەنگدەرەكانی، ناوێرن باسی داواكارییەكانی كورد بكەن، چونكە زۆربەیان دژی ئەو ئاراستەیەن یان دەنگەكانیان كەم دەبێت. جا دیسان پرسیا ئەوەیە: ئەگەر ھێشتا ئۆپۆزیسیۆنن و لەبەر ڕای گشتی و دەنگدەرەكانیان ناوێرن باسی كورد بكەن، ئەی چۆن كاتێك گەیشتنە دەسەڵات لەبەر دەنگدەری خۆیان و دەسەڵاتەكەیان باسی ئەو پرسە دەكەن، یان كورد ڕازی دەكەن؟
بێ گومان ئەم سیاسەتەی ھهدەپ بە ئەگەری زۆرەوە لێكەوتەی خراپی دەبێت لەسەر پێگەیان و پرسی كورد لە باكوور؛ بەتایبەت كه ئێستا ھاوپەیمانیی كۆمار- كە سەر بە ئەردۆغانە- زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانیان بەدەست ھێناوە و ئۆپۆزیسیۆن بۆتە كەمینە و ناتوانن لە پەرلەمان ھیچ شتێك بكەن و بەشێكی زۆری ئەو بەڵێنانەی بە دەنگەرەكانیان دراون (بەتایبەت سەبارەت گۆڕینی سیستهمی سیاسی)، پووچهڵ بوونەتەوە. لەمەیش گرنگتر، لە پۆستی سەرۆككۆماریش ئەردۆغان بە ڕێژەیەكی بەرچاو لەپێشەوەیە. ڕاستە ھەڵبژاردنەكه چۆتە گەڕی دووەم، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە لە 28ی مانگ ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی ئەردۆغان یەكلا دەبێتەوە. واتە تا 5 ساڵی تر لە توركیا ھەر ئاكپارتی و ھاپەیمانەكانی دەسەڵاتدارن.
بێ گومان لەم گەمەیهدا ھەدەپ و كوردی باكوور بەگشتی لە زۆر ڕووەوە زیانیان بەردەكەوێت.
ڕوانگەی کلیچدارئۆغلو و ئەردۆغان سەبارەت قەیرانی سووریا و پرسی كورد
سەبارەت سیاسەتی دەرەكی و بەتایبەت ھەڵویستی ھەردوو كاندید سەبارەت بە سووریا و پرسی كورد لە ڕۆژاوا، ئەگەر کەمال کلیچدارئۆغلو ببێتە سەرۆككۆمار، بە ئەگەری زۆرەوە گۆڕانكاریی گەورە لە سیاسەتی توركیا بەرامبەر سووریا ڕوو دەدات. گومانی تێدا نییە بەشێكی گەورەی ئەو گۆڕانكارییە بەر پرسی كورد دەكەوێت لە ڕۆژاوا. كەواتە پرسیار ئەوەیە: بە بردنەوەی كلیچدارئۆغلو و كەوتنی ئەردۆغان یان بەپێچەوانەوە بە دەرچوونی ئەردۆغان، توركیا چۆن مامەڵە لەگەڵ قەیرانی سووریادا دەكات؟ ھەڵویستی توركیا بەرامبەر ڕژێمی ئەسەد چی دەبێت؟ توركیا چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی كورد دەكات؟ ئایا بە دەرچوونی کلیچدارئۆغلو گوشارەكان لەسەر كورد زیاتر دەبن یان كەمتر؟
بەگشتی ھێڵە گشتییەكانی سیاسەتی کلیچدارئۆغلو بەرامبەر سووریا خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمریكا و ڕووسیا، کلیچدارئۆغلو بە ئەگەری زۆرەوە زیاتر گوشار دروست دەكات بۆ ئەوەی ئەمریكا واز لە پاڵپشتیكردنی كورد و ھێزەكانی ھەسەدە بھێنێت. لەمەیش گرنگتر، لەوانەیە ئەمریكا زیاتر گوێ لە کلیچدارئۆغلو بگرێت و ئامادە بێت ئەو سازشە بۆ توركیا بكات و لەژێر گوشاری ھاوپەیمانەكانی لە سووریا دەربچێت. تەنانەت ھەندێك ڕاپۆرت و سەرچاوەكانی ھەواڵ ئاماژە بەوە دەكەن ئێستا ئەمریكا ھانی ھێزەكانی كوردی دەدات بۆ ئەوەی پێش دەرچوونیان، لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ڕێككەوتن بكەون. كەواتە بە دەرچوونی کلیچدارئۆغلو، ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا خێراتر دەكات، بەھۆی چەند فاكتەرێكەوە: یەكەم، ئەمریكا زیاتر ئامادە دەبێت گوێ لە توركیا بگرێت كە ھاوپەیمانەكانی بەسەریدا زاڵن. دووەم، لە ئەگەری ڕێككەوتنی توركیا و ئەسەد، گوشاری زیاتر لەسەر ئەمریكا دروست دەبێت بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانی خۆیدا بكات. سێیەم، بە كشانەوەی ھێزەكانی توركیا و پشتكردن لە گرووپە ئیسلامییەكان و ئەگەری كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانە لەلایەن ئەسەدەوە، گوشاری زۆرتر دروست دەبێت لەسەر ئەمریكا لە ڕۆژاوا، بۆ ئەوەی لەو وڵاتە بكشێتەوە، سیاسەتی کلیچدارئۆغلو بەو ئاڕاستەیەدا دەبێت، کە پاڵپشتی ڕژیمی ئەسەد دەکات بو ئەوەی تەواوی خاکی سووریا کونتڕۆڵ بکاتەوە و، ئەمەش بە هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ ئێران و ڕووسیا.
ھەرێمی كوردستان لە نێوان سیاسەتی ئەردۆغان و کلیچدارئۆغلو
سەبارەت ھەرێمی كودرستان، بێ گومان به دەرچوونی ھەر كام لە كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری، لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە گۆڕانكاریی گەوره لە سیاسەتی توركیا بەرامبەر ھەرێمی كوردستان ڕوو نادات؛ بەڵام لە ھەندێك ڕووەوەیش بێ گومان گۆڕانكاری ڕوو دەدات. بەگشتی ئەو خاڵانەی گۆڕانكارییان تێدا ڕوو نادات بریتین لەمانەی خوارەوە:
لە لایەكی تریشەوە، بێ گومان لە ھەندێك لایەوە سیاسەتی ئەردۆغان و کلیچدارئۆغلو سەبارت عێراق و ھەرێمی كوردستان جیاواز دەبێت؛ بەتایبەت ھەر لایەنێك دیدگه و تێڕوانینی تایبەت بە خۆی ھەیە سەبارەت سیاسەتی دەرەوەی توركیا و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ دەوڵەت و ئەكتەرە نادەوڵەتییەكان لە ناوچەكەدا. لەم چوارچێوەیەدا، دەكرێت بەكورتی جیاوازییەكانیان لەم خاڵانەدا كورت بكەینەوە: