ڕوانگەی ئیدارەی بایدن بەرامبەر ھەرێمی كوردستان و عێراق

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر. پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

پێشەكی

یەكێك لە پاڵنەرەكانی سەردانی بایدن بۆ عەرەبستانی سعوودی لە حوزەیرانی 2022، پەیوەندیی ھەبووە بە بەھێزبوونەوەی پێگەی نەیارەكانی، بەتایبەت ڕووسیا، ئێران و چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم مەترسییەیش لە وتارەكەی بایدندا زۆر بەئاشكرا ھەستی پێ دەكرا؛ بەتایبەت بایدن له‌ وتارەكەیدا لە لووتكەی جەددە جەختی لەسەر ئەوە كرده‌وه‌ كە واشنتۆن ڕێگە نادات ھیچ بۆشایییەك دروست ببێت تاكوو دەوڵەتە نەیارەكانی پڕی بكەنەوە. بێ گومان ئەم قسەیه‌ی بایدن خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەك بووە بەوەی كە سیاسەتی ئیدارەكەی بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك پێویست نییە و زۆر گرنگیاین بەو ناوچەیە نەداوە؛ كە ئەمەیش بووه‌تە ھۆی ئەوەی ڕكابەرەكانی سوود لەو لاوازییە ببینن و پێگە و دەسەڵاتیان لە ناوچەكەدا بەھێزتر بكەن. گومانی تێدا نییە دەوڵەتانی ناوچەكە، بەتایبەت ئێران و توركیا، دەیانەوێت زۆرترین سوود لەو لاوازییەی سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكەدا ببینن، بەتایبەتیش لە عێراق و سووریادا. بەھۆی پاشەكشەی سیاسەتی ئەمریكا و پاڵپشتینەكردنی ھاوپەیمانەكانی، ئێران توانی لە كۆتاییدا حكوومەتێك لە بەغدا دروست بكات كە ھاوپەیمانەكانی بەسەریدا زاڵ بن. ئەمە لە كاتێكدایە ھاوپەیمانەكانی ئێران لە ھەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021،  تووشی شكستێكی گەوره‌ ببوون. بێ گومان ئەو ھاوكێشە سیاسییە نوێیە دەرفەتی باشتر بە ئێران دەدات بۆ ئەوەی ھەژموونی خۆی زیاتر بەسەر عێراقدا بسەپێنێت و نەیارەكانی لاواز بكات.

حكوومەتی سوودانی و داواكارییەكانی ئەمریكا

دوای دەستبەكاربوونی محەمەد شیاع سوودانی وەك سەرۆكوەزیران، ئەمریكا زۆر بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی نۆێ دەكات و بەوردی چاودێریی كارەكانی سەرۆكوەزیرانی نوێ دەكات، بۆ ئەوەی بزانێت ئەو حكوومەتە بە چ ئاراستەیەك ھەنگاو دەنێت؛ ئایا سوودانی دەتوانێت ڕێگری لە ھەژموونی ئێران بكات و سەروەری و سیادەی عێراق بپارێزێت یاخود بەتەواوەتی دەكەوێتە ژێر كاریگەریی سیاسەت و ئەجێندای ئێرانەوە؟ ئەمریكا ترسی ئەوەی ھەیە ئەم حكوومەتە بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و ناوچەكە بخاتە مەترسییەوە؛ بەتایبەت حكوومەتی نوێ لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە سەركردایەتی دەكرێت كە پەیوەندییه‌كی زۆر بەھێزیان لەگەڵ ئێران ھەیە.

لە دوای دەستبەكاربوونی سوودانی، باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا پیرۆزباییی لە سوودانی كرد. ھەروەھا ئەنتونی بلینكین وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە 3ی نۆڤەمبەری 2022 لە ڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە، وێڕای پیرۆزباییكردن لە سوودانی، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەمریكا ئامادەیە ھاوكاریی حكوومەتی نوێ بكات ئەگەر پابەند بێت بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندیی ھاوبەشی نێوان ھەردوو لا. سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن كە ئەلینا ڕۆمانۆسكی باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق تاكوو ئێستا 6 جار لەو ماوە كەمەدا لەگەڵ سوودانی كۆ بۆتەوە. لە ھەموو كۆبوونەوەكاندا ئەمریكا جەختی لەسەر ئەوە كردۆته‌وه‌ كە ئامادەیە لەگەڵ عێراق كار بكات، بە مەرجێك بەغدا سیاسەتێكی ھاوسەنگ لەسەر ئاستی ناوچەكە پراكتیزە بكات. ھەروەھا زۆر بەڕاشكاوی بە سوودانییان ڕاگەیاندووە كە مامەڵە لەگەڵ ھیچ بەرپرس و وەزیرێك ناكەن كە سەر به‌ گرووپە میلیشیاكان بێت، بەتایبەت عەسائیب و حزبوڵڵا كە لە لیستی سزادراوانی ئەمریكادان.

ھەروەھا لە 17ی دێسەمبەری 2022  بریت مەگورگ ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سوودانی، جەختی لەسەر پاڵپشتیی ئەمریكا كرده‌وه‌ بۆ پاراستنی سەقامگیری، ئاسایش و سەروەریی عێراق. لە بەرامبەردا، سوودانی بەڵێنی داوە كار بكات بۆ بەرەوەپێشبردنی بەرژەوەندیی ھاوبەشی نێوان ھەردوو لا. ھەروەھا بڕیاری داوە شاندێكی سیاسی ڕەوانەی واشنتۆن بكات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیژیدا كار بكرێت بۆ بەھێزكردنی پەیوەندیی نێوانیان، زیاتر گرنگیدان بە وەبەرھینان لە عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گۆڕینی كەشوھەوا.

لە ھەموو ئەوانەی باس كراون، دەكرێت بڵێین خواست و داواكارییەكانی ئەمریكا لە حكوومەتەكەی سوودانی، خۆی لە چەند خاڵێكدا دەبینێتەوە: یەكەم، ھاندانی حكوومەتی نوێ بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیانی عێراق و دژایەتیكردنی گەندەڵی؛ ھەروەھا ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و دروستكردنی دەرفەتی كار بۆ ھاووڵاتیان. دووەم، ھەوڵدان بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان ھەوڵێر و بەغدا كە زیاتر یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی عێراق. سێیەم، فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی دابینكردنی گاز و كارەبا، بە شێوەیەك تەنیا پشت بە ئێران نەبەستێت. چوارەم، پێكەوەكاركردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی داعش و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش و سەروەریی عێراق. پێنجەم، ھەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی میلیشیا چەكدارەكان و ھێنانی بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق. شەشەم، پراكتیزەكردنی سیاسەتی ھاوسەنگ لەسەر ئاستی ناوچەكە و بەھێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی.

دیارە كە  ئەمریكا نیگەرانی و ترسی لە حكوومەتی سوودانی ھەیە، بەوەی كه‌ بەتەواوەتی بكەوێتە ژێر كاریگەریی سیاسەت و ئەجێندای ئێراندا؛ بەتایبەت ئەو ھێزە شیعانەی پاڵپشتیی حكوومەتەكەی دەكەن، سەر بە ئێرانن و لەوانەیە ئەو ھێزانە ھانی سوودانی بدەن زیاتر عێراق ڕاكێشێتە نێو بەرەی دژەئەمریكا لە ناوچەكەدا. بێ گومان ھەنگاوەكانی داھاتووی سوودانی ئەوە دیاری دەكات كە ئەمریكا  بە چ ئاراستەیەك مامەڵەی لەگەڵ بكات؛ ئایا سیاسەتی ئەمریكا بە ئاراستەی گوشارخستنە سەر سوودانی دەبێت یاخود پاڵپشتیی ھەنگاوەكانی دەكات؟ بەڵام لە ئەگەری نزیكبوونەوە لە ئێران، ئەوا پێ دەچێت ڕووبەڕووی گوشاری توندی ئەمریكا ببێته‌وه‌ و تەنانەت لە خراپترین حاڵەتیشدا لەوانەیە حكوومەتی سوودانی ڕووبەڕووی سەپاندنی گەمارۆی ئابووری ببێته‌وه‌.

مەترسی و نیگەرانییەكانی ئەمریكا لە حكوومەتی سوودانی

بە شێوەیەكی گشتی نیگەرانی و مەترسییەكانی ئەمریكا لە حكوومەتی سوودانی، دەكرێت بەكورتی لەم  خاڵانەدا كورت بكرێنەوە: یەكەم، ئەمریكا ترسێكی زۆری ھەیە كە ئەم حكوومەتە ئەوەندەی تر ببێتە ھۆی لاوازكردنی سیسته‌می دیموكراسی لە عێراقدا؛ بەتایبەت ئەو حكوومەتەی دروست بووە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵكی عێراق نەبووە، بەڵكوو لەژێر گوشار و دەستێوه‌ردانەكانی ئێراندا دروست بووە. ئەمەیش ترسی ئەوەی دروست كردووە كە حكوومەتەكەی سوودانی ھەنگاوی زیاتر بنێت بۆ لەناوبردنی دامەزراوە دیموكراسی و دەستوورییەكان و پەراوێزخستنی پرۆسەی دیموكراسی لە عێراقدا.

دووەم، نیگەرانییەكی تری ئەمریكا ئەوەیە لەوانەیە ئەم حكوومەتە ببێتە ھۆی زیاتر بەھێزكردنی پێگەی ئێران و ھێزە میلیشیاكان لە دامەزراوەكانی حكوومەتدا؛ بەتایبەت كه‌ ئەم حكوومەتە لەلایەن گرووپە میلیشیاكانەوە پاڵپشتی دەكرێت. بۆیە مەترسییەكە ئەوەیە لەوانەیە ئەو حكوومەتە نەك ھەر كار نەكات بۆ ئەوەی گرووپە چەكدارەكان بھێنێتە ژێر دەسەڵاتی حكوومەت، بەڵكوو  حكوومەت و دامەزراوەكان زیاتر بكەونە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەكداره‌كان. بەتایبەت سوودانی لە دوا بڕیاریدا بۆ پاڵپشتیكردنی گرووپە چەكدارەكان، ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ  پەسەندكردنی داواكارییەكی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ دامەزراندنی  كۆمپانیایەكی گشتیی سەر بە PMC بە سەرمایەی 100 ملیار دینار. بێ گومان ئەم بڕیارە، حەشد لە ئەكتەرێكی سیاسی و سەربازییەوە دەكاتە ئەكتەرێكی فەرمیی ئابوورییش لە عێراقدا. ئەمەیش مانای وایە لەمه‌ودوا، گرووپە چەكدارەكان نەك تەنیا لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، بەڵكوو له‌ ڕووی ئابوورییشەوە ھاوشێوەی سوپای قودسی ئێران ڕۆڵێكی گرنگ لە سێكتەری ئابووریدا دەگێڕن و دەتوانن بەفەرمی وەبەھێنان بكەن.

سێیەم، نیگەرانییەكی تری ئەمریكا ئەوەیە، لە كابینەكەی سوودانیدا زۆر وەزارەت له‌لایەن گرووپە میلیشیاكانەوە بەڕێوە دەبردرێن؛ بەتایبەت ئەو كەسانەی كە لەناو لیستی سزادراوه‌كانی ئەمریكادان. بۆ نموونە وەزیری خوێندنی باڵا سەر بە "عەسائیبی ئەهلی ھەق"ە؛ ھەروەھا بەرپرسی فەرمانگەی سەرۆكوەزیران بۆ پەیوەندییە گشتییەكان، دیسان سەر بە گرووپە توندڕەوه‌كانی شیعەیە؛ ھەروەھا ئەحمەد ئەسەدی كە وتەبێژی حەشدی شەعبی بوو، ئێستا وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتییە. ئەمە بەدەر لەوەی كە ئەمریكا ترسی ھەیە  سوودانی نەك ھەر كار بكات بۆ ئەوەی تەیاری سەدر لاواز بكات، بەڵكوو ھەوڵ بدات بۆ ئەوەی ھاوپەیمانە نزیكەكانی و كەسایەتییە میانڕەو و دیموكراتخوازه‌كان لە ھەموو جومگە گرنگەكانی دەسەڵات دوور بخاتەوە. بەتایبەت لە 2 نۆڤەمبەری 2022 سوودانی بڕیاری دا بە گۆڕینی ژمارەیەكی زۆر بەرپرس و كەسایەتی لەناو دامەزراوە گرنگ و ھەستیارەكانی حكوومەتەدا، كە بەشێكیان پەیوەندیی زۆر نزیكیان لەگەڵ ئەمریكا ھەیە. 

چوارەم، دووبارە پێداچوونەوە بە سیاسەتی كازمی، بەتایبەت لەسەر ئاستی ناوچەكە و دەوڵەتانی عەرەبی، یەكێكی ترە لە ترسەكانی ئەمریكا. واشنتۆن بەردەوام ھانی عێراق دەدات كە لەسەر ئاستی ناوچەكە پەیوەندیی ھاوسەنگ لەگەڵ ھەموو دەوڵەتان دروست بكات، بەتایبەت دەوڵەتانی عەرەبی. لە لووتكەی دووەمی بەغدا كە لە 20ی دێسەمبەری 2022 لە ئوردن بەڕێوە چوو، سەرۆكوەزیرانی عێراق دووبارە جەختی لەسەر ئەو پڕه‌نسیپە كرده‌وه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌ كە عێراق بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتی ھاوسەنگكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ھەموو دەوڵەتانی ناوچەكە. بێ گومان ئەم ھەڵوێستەی سوودانی، لەلایەن ئەمریكاوە پێشوازیی لێ دەكرێت، بەڵام ئەم سیاسەتە دەبێت لەسەر ئاستی پراكتێكی ڕەنگ بداتەوە. لە چەند مانگی داھاتوو ئەوە ڕوون دەبێتەوە ئایا عێراق بەڕاستی پێداگرە لەسەر ئەو سیاسەتە و بەردەوام ده‌بێت لەسەر پراكتیزەكردنی سیاسەتی ھاوسەنگ لەگەڵ ئاستی ناوچەكە یاخود زیاتر دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئێران و ئەجێنداكانی. ھەروەھا ئەو مەترسییەیش ھەیە حكوومەتی سوودانی لەژێر گوشاری ئێراندا  داوای كشانەوەی ھێزە ڕاوێژكارەكانی ئەمریكا لە عێراقدا بكات؛ ھەرچەندە ئەمە لەسەر ئەوە دەمێنێته‌وه‌ پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و ئێران بە چ ئاقارێكدا دەڕوات و گفتۆگوكانی تایبەت بە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی چیی بەسەر دێت.

پێنجەم، بەھێزبوونی پێگە و دەسەڵاتی چین لە عێراقدا، دیسان خاڵێكی تری جێگەی مەترسی و نیگەرانیی واشنتۆنە. ئێران دەمێكە مەبەستیەتی عێراق ڕاكێشێتە ناو بەرەی ڕووسیا و چین و لە ئەمریكا دووری بخاتەوە. لە سەردەمی عادل عەبدولمەھدی چەند ڕێككەوتنێكی گرنگ لە نێوان عێراق و چین واژۆ كران. بەڵام لە سەردەمی كازمی عێراق ئەو خواستەی نەبووە كە بە ئاراستەی بەھێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ چین ھەنگاو بنێت. ئێستا بە ھەبوونی حكوومەتێك كە ھاوپەیمانەكانی ئێران بەسەریدا زاڵن، ئەگەری ئەوە ھەیە عێراق زیاتر  لە چین نزیك ببێتەوە. بەتایبەت لە لووتكەی دەوڵەتانی عەرەبی و چینی بۆ ھاریكاری و گەشەپێدان كە لە 9ی دێسه‌مبه‌ری 2022  لە ڕیاز، پایتەختی سعوودیا بەسترا، سەرۆكوەزیارنی عێراق دوای ھاوبەشیی ستراتیژیی لە نێوان عێراق و چین كرد، بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە. ھەورەھا سوودانی خواستی عێراقی دەربڕی بۆ ئەوەی ببێتە ھاوبەشی ستراتیژیی  چینی لە ڕووی ئابووری، وزە، وەبەرھێنان و پڕۆژەكانی ژێرخانی ئابوورییەوە لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگەدا (China Belt And Road Imitative). بێ گومان ھەنگاونانی عێراق بەو ئاراستەیە، ھاودژ دەبێت لەگەڵ سیاسەت و بەرنامەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا و ئەگەری زۆرە لە حاڵەتێكی وەھادا ئەمریكا گوشارەكانی لەسەر بەغدا توندتر بكات.

ئەمریكا  و ھەرێمی كوردستان و ھەڕەشەكانی ئێران

لە دوای پرۆسەی ھەڵبژاردنەكانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021، بەھۆی دروستكردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ تەیاری سەدر و سەروەریی سوننەكان، ئێران و ھاوپەیمانەكانی له‌ ڕێگەی كەناڵە جۆراوجۆرەكانەوە، لەوانەیش سیاسی، ئابووری، سەربازی و دادگه‌كانه‌وه‌ كەوتنە گوشارخستنە سەر ھەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش "پارتی". لە گرنگترین ئەو گوشارانەیش بریتی بووە لە سووتاندنی بارەگاكانی پارتی لە بەغدا، دەركردنی بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی بۆ بەنایاسایی ناساندنی یاسای نەوت و گازی ھەرێم و، مووشەكبارانكردنی ھەرێم بە بیانووی ھەبوونی بنكەكانی ئیسرائیل. بێ گومان گوشاری ئێران و ھاوپەیمانەكانی، كاریگەریی زۆری ھەبووە لەسەر ھەڵوێستی پارتی و سوننەكان بە ئاراستەی دروستكردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی؛ بەتایبەت كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان و بێدەنگیی ئەمریكا بەرامبەر گوشارەكانی ئێران، ھاندەر بوون بۆ ئەوەی پارتی و "ھاوپەیمانیی سەروەریی سوننەكان" بچنە نێو "ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت"ه‌وه‌ كە لەلایەن "چوارچێوەی ھەماھەنگی"یەوە سەركردایەتی كرا و دواتر توانی حكوومەت پێك بھێنێت.

دوای پێكھێننانی حكوومەت چاوەڕێ دەكرا ئێران ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتییش بێت سیاسەتێكی نەرمتر بەرامبەر ھەرێم پراكتیزە بكات؛ بەڵام دوای دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان و ترسی ئێران لە فراوانبوونی بازنەی خۆپیشاندانەكان و ئەگەری ڕووخاندنی دەسەڵاتیان، دیسان كەوتنە بیانووگرتن لە ھەرێم، بەوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستیان لە خۆپیشاندانەكاندا ھەیە. ئێران لە یەكەمین ھەنگاودا، لە ڕێگەی ھێرشی مووشەكی و درۆنەوە بنکە و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لە ھەرێم بۆردوومان كرد. بە ھەمان شێوە، لە 14ی نۆڤەمبەری 2022 دیسان  بە درۆن و مووشەك  ھێرشی كردە سەر ھەرێم. ئەوەی ڕاستی بێت ئەم ھێرشانەی ئێران، بۆ ھەناردەكردنی كێشەكانیان بووە بۆ دەرەوەی وڵات و لابردنی سەرنج لەسەر خۆپیشاندانەكانی ناوخۆی وڵاتەكە.

دیوێكی دیكه‌ی توندكردنی گرژییەكان لەگەڵ ھەرێم، ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ نۆڤەمبەری 2022، كاتێك قائانی سەردانی بەغدا كرد، بە بەرپرسانی عێراقی ڕاگەیاند ئەگەر عێراق سنوورەكانی توند نەكات، ئەوا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو خاكی ھەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن. لە لایەكی تریشەوە، لە كاتی سەردانی سوودانی بۆ ئێران و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، "خامنەیی" داوای لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد سنوورەكانی لەگەڵ ئێران كۆنترۆڵ بكات و ھێزەكانی عێراق لەسەر سنوور جێگیر بكات. بێ گومان ئەگەر ئەمە سەر بگرێت، مەترسییەكی جددی بۆ سەر ھەرێم دروست دەبێت؛ بەتایبەت ھێنانی سوپای عێراق بۆ سەر سنووری ھەرێم، بە گوێرەی دەستوور، پێویستیی بە ڕەزامەندیی كورد ھەیە. ھەروەھا دیاریش نییە ئایا ئێران لە كۆتاییدا مەبەستی ئەوەیە كە سنوورەكان لە ڕووی ئاسایشەوە كۆنترۆڵ بكرێن یاخود مەبەستیەتی لە ڕێگەی سوپای عێراقەوە ھێزە میلیشیاكان لەسەر سنووری ھەرێم جێگیر بكات. ئەگەر ئەمەیش ڕوو بدات مەترسییەكی مەزن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێم دروست دەبێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە بەرامبەر ئەو گوشار و ھەڕەشانەدا ھەڵوێستی ئەمریكا بۆ پاڵپشتیكردنی ھەرێم وەك پێویست نەبووە و زیاتر كاردانەوەكانی ئەمریكا لە چوارچێوەی ئیدانەكردنی ھێرشەكاندا بووە. بۆ نموونە لە بەرامبەر ھێرشەكانی ئێراندا، لە 14ی نۆڤەمبەری 2022  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕێگەی ڕاگەیه‌نراوێكەوە ھێرشە درۆنییەكانی ئێرانی بۆ سەر ھەرێم ئیدانە كرد و جەختی لەسەر ئەوە كرده‌وه‌ كه‌، ئەمریكا پاڵپشتیی ھەرێم و بەغدا دەكات بۆ ئەوەی سەقامگیری و سەروەریی عێراق بپارێزن. داوایشی لە ئێران كرد واز لەو ھێرشانە بهێنێ.

دیارە ئەمریكا لە دیدار و كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و ھەرێم، بەردەوام لە ڕووی سیاسییەوە جەخت لەسەر پاڵپشتیی ھەرێم دەكاته‌وه‌. لە كاتی دیداری نێوان بایدن و كازمی لە حوزەیرانی 2022، بایدن جەختی لەسەر ئەوە كرده‌وه‌، بۆ ئەمریكا گرنگە  لە عێراق و ھەرێمی كوردستان سەقامگیری ھەبێت. ھەروەھا لە 30ی ئاداری 2022 بایدن لە ڕێگەی ناردنی نامەیەك بۆ سەرۆكی ھەرێم دیسان جەختی لەسەر پاڵپشتیی ئەمریكا بۆ عێراق و ھەرێم كردۆتەوە.

لە لایەكی تریشەوە، لە 21ی سێپتەمبەری 2022 لە ھەنگاوێكی گرنگدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا یاداشتنامەیەكی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ كرد بۆ درێژكردنەوەی ئەو لێكتێگەیشتنەی كە لە نێوان ئەمریكا و ھەرێم هه‌بووە لە ساڵی 2016 لە جه‌نگی دژی داعش، بۆ 4 ساڵی تر. لێكتێگەیشتنەكە جەخت لەسەر پاڵپشتیی ئەمریكا دەكاته‌وه‌ بۆ ھەرێم لە جه‌نگی دژی داعش و پێشكەشكردنی مه‌شق و ڕاهێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە. لە ھەمان كاتدا ئەمریكا جەختی كردۆته‌وه‌ لەسەر پاڵپشتیكردنی ھەرێم بۆ یەكخستنه‌وه‌ی ھێزەكانی پێشمەرگە و بەدامەزراوەییكردنیان و دەرھێنانیان له‌ژێر دەستی حزب. بو ئەم مەبەستەیش وەك گوشارێك و ھاندانێك یارمەتییەكانی ئەمریكا تەنیا ئەو ھێزانە دەگرێتەوە كە بەتەواوەتی لەژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی ھەرێمدان.

له‌ خاڵه‌كانی سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە، ئەمریكا لە ڕووی سیاسییەوە بەردەوام جەخت لەسەر پاڵپشتسی ھەرێم دەكاته‌وه‌، بەڵام تاكوو ئێستا لە ڕووی ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەكانی ئێران و گرووپە چەكدارەكان وەك پێویست یارمەتیی ھەرێمی نەداوە؛ بەتایبەت بەرامبەر ئه‌و ھێرشانەی كە لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێ، لەوانەیش ئێران، توركیا و گرووپە چەكدارەكانه‌وه‌ دەكرێنە سەر ھەرێم. لێرەدا لەوانەیە ئەو پرسیارە بكرێت: بۆچی ئەمریكا له‌ بەرامبەر ھەڕەشەكانی ئێران و گرووپە میلیشیاكان لە ڕووی پراكتیكییەوە كاردانەوەی توندی نەبووە یان ھەرێمی كوردستانی نەپاراستووە؟

لە ڕاستیدا ھۆكارەكان زۆرن كە وا دەكات ئەمریكا وەك پێویست یارمەتیی ھەرێم نەدات: یەكەم، یەكێك لە ھۆكارەكان ئەوەیە ئەمریكا نایەوێت لە ناوچەكەدا سەرئێشەی زیاتر بۆ خۆی دروست بكات؛ بەتایبەت كه‌ لەو ھێرشانەدا ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەكراونەتە ئامانج. لێرەدا تاكوو ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەكرێنە ئامانج، چاوەڕێ ناكرێت ئەمریكا لە ڕووی سەربازییەوە كاردانەوەی توندی ھەبێت. ئەمە نەك ھەر تەنیا سەبارەت بە ھەرێمی كوردستان وایە، بەڵكوو سەبارەت ھاوپەیمانەكانی تریش وەك دەوڵەتانی عەرەبییش ڕاستە؛ سەرەڕای ئەو ھێرشانەی كراونە سەر ئەو وڵاتانە، بەڵام  ئەمریكا وەك پێویست یارمەتیی ھاوپەیمانەكانی نەداوە.

دووەم، ئەمریكا ترسی ھەیە ھەر ھەوڵێك بە ئاراستەی وەڵامدانەوەی ئێران یان گرووپە چەكدارەكان، ھانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی بدات زیاتر ھێرش بكەنە سەر ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكەدا. بێ گومان لەم كاتەیشدا كە قەیرانی ئۆكراینا لە ئارادایە و ھەموو فۆكه‌سی ئەمریكا لەسەر ئەو قەیرانەیە، بایدن نایەوێت گرژییەكانی لەگەڵ ئێران توند بكات. بەتایبەت بەرپرسانی ئێران بەئاشكرا ئاماژەیان بەوە كردووە ئەگەر ئەمریكا بەرامبەر ئەو ھێرشانەی دەكرێنە سەر ھەرێم، كاردانەوەی ھەبێت، ئەوكات ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكەنه‌ ئامانج.

سیێەم، ئەمریكا ترسی له‌ تێكچوونی بارودۆخی عێراق ھەیە؛ بەتایبەت ھەر ھەوڵێك بۆ دژایەتیكردنی ئێران یان ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكدارەكان، دەرھاوێشتەی خراپی بۆ سەر پێگە و بنكەكانی ئەمریكا دەبێت لە عێراق و، گوشارەكان لەسەر ئەمریكا زیاتر دەبن. ئەمەیش ئەوەندەی تر ئارامی و سەقامگیریی عێراق  دەخاتە مەترسییەوە. چوارەم، بە گوێرەی ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا و عێراق، ئەركی ھێزەكانی ئەمریكا لە ھێزی شەڕكەرەوە گۆڕاوە بۆ ھێزی ڕاوێژكاری. بۆیە گه‌ر ئەمریكا بیەوێت لە ڕێگەی سەربازییەوە ئاسمانی ھەرێم و عێراق بپارێزێت، دەبێت ئەو كارە لەسەر داخوازی و ڕەزامەندیی عێراق بێت. بەڵام دیارە عێراقیش ئامادە نییە ڕێگە بە ئەمریكا بدات، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و گرووپە چەكدارەكان ھێزی بەرگریی ئاسمانی لە كوردستان و كوردستان جێگیر بكات. ھەرچەندە لە چوارچێوەی جه‌نگی دژەتیرۆر و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی، ئەمریكا دەتوانێت ئەو ھەنگاوە بھاوێژێت، تەنانەت ئەگەر عێراق ڕازییش نەبێت؛ بەتایبەت كاتێك ھێرشەكە لەلایەن ھێزێكه‌وه‌ ئەنجام دەدرێت كە لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە.

پێنجەم، ناكۆكیی نێوان پارتی و یەكێتی، كاریگەریی ھەبووە لەسەر ئەوەی ھاوپەیمانەكان وەك پێوێست یارمەتیی ھەرێم نەدەن. بەرپرسانی ئەمریكا بەردەوام ھانی پارتی و یەكێتی دەدەن بۆ ئەوەی واز لە ناكۆكییەكانیان بھێنن و بەیەكڕیزی لە بەغدا كار بكەن بۆ بەرگریكردن لە مافە دەستوورییەكانی ھەرێم. لە 13ی نیسانی 2022  شاندێكى ئه‌مريكى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى  جۆوى هوود، جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا سەردانی عێراق و ھەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی كورد دانیشتنی ھەبووە. لە سەردانەكەیاندا مەسێجەكەی ئەمریكا بۆ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی  ئەوە بووە كە، دەبێت سیاسەتێكی یەكگرتوویان له‌ ھەمبەر بەغدا ھەبێت. بەبێ بوونی سیاسەتێكی یەكگرتوو و ھاوبەش، ھەرێمێكی بەھێز دروست نابێت و ھەڕه‌شە و مەترسییەكان لەسەر ھەرێم زیاتر دەبن. بۆیە گومانی تێدا نییە ناكۆكیی ناوخۆیی و نەبوونی ھێزێكی یەكگرتوو و دابەشبوونی ھەرێم، كاریگەریی خراپی ھەیە له‌سەر كەمبوونەوەی پاڵپشتیی دەرەكی بۆ ھەرێمی كوردستان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples