نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
پێشەكی
بڕیارە لە 14ی ئایاری 2023دا هەڵبژاردنی گشتی لە توركیا بەڕێوە بچێت كە لەو پرۆسەیەدا سەرۆككۆماری نۆێ و ئەندامانی پەرلەمان دەستنیشان دەكرێن. ئەم ھەڵبژاردنە، ھەڵبژاردنێكی یەكجار گرنگ و سەخت دەبێت بۆ ئاكپارتی و ململانێیەكی زۆر توند ھەیە، بەتایبەت لەسەر پۆستی سەرۆككۆماری. بەپێی زۆربەی ڕاپرسییەكان كە تا ئێستا کراون، ھەردوو لایەنی دەسەڵات، واتە ئاكپارتی و ھاپەیمانەكانی و ئۆپۆزیسیۆن، واتە جەھەپە (CHP) و ھاوپەیمانەكانی، زۆر لێكنزیكن و ململانێیەكی زۆر توند لە نێوانیاندا ھەیە. بەشێكی زۆر لە ڕاپرسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بۆ پۆستی سەرۆككۆماری، كلیچدارئۆغلو بە چەند خاڵێك لە پێش ئەردۆغانەوەیە. بەڵام تا ھەڵبژاردن نزیكتر دەبێتەوە خاڵەكانی نێوانیان كەمتر دەبن. بێ گومان ئەمە یەكەم جارە ئاكپارتی دوای ئەوەی لە ساڵی 2002 دەسەڵاتی وەرگرت، ڕووبەڕووی ململانێیەكی سەختی بەو شێوەیە دەبێتەوە.
لەم ھەڵبژاردنەدا، نزیكەی 32 حزبی سیاسی بەشداری دەكەن و ململانێ لەسەر 600 كورسیی پەرلەمان دەكەن. بەڵام لەوەیش گرنگتر ئەوەیە، لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگدەرانی توركیا كەسێك وهك سەرۆككۆمار ھەڵدەبژێرن، كە دەسهڵاتێكی زۆر گەورەی ھەیە. دیارە دوای ھەمواری دەستووری 2017، سیستهمی سیاسی لە توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆككۆماری گۆڕدراوە و سەرۆككۆمار ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی خەڵكەوە ھەڵدەبژێردرێت.
دیارە، لەم هەڵبژاردنەدا ململانێ لە نێوان دوو بەرە و ھاوپەیمانیی بەھێز و دژبەیەك ھەیە، بەتایبەت سەبارەت پۆستی سەرۆككۆماری. ھاوپەیمانی یان بەرەی یەكەم، بریتییە لە ھاوپەیمانیی میللەت (National Alliance). ئەم ھاوپەیمانییە بە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و مێزی شەشقۆڵی ناسراون و كاندیدەكەیان بۆ سەرۆككۆمار، كەمال كلیچدارئۆغلو، سەرۆكی حزبی جەھەپە (CHP)یە. بە شێویەكی گشتی ئەم بەرەیە لەم حزبانە پێك دێت: حزبی جەھەپە (كەمال كلیچدارئۆغلو)، حزبی باش (مهرال ئاكشهنەر)، حزبی ئاییندە (ئەحمەد داودئۆغلو)، حزبی دیموكراسی (گولتیكین ئایسا)، حزبی دیموكراسی و پەرەسەندن (عەلی بابا جان) و، حزبی سەعادەت (كەرەمدارئۆغلو). ھەروەھا، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ھادەپ كە حزبێكی سەرەكیی كوردەكانە لە توركیا، پاڵپشتیی ئەم بەرەیە دەكات. ھەروەھا ھادەپ كە ئەگەری داخستنی ھەیە بۆ پەرلەمان، بڕیارە لەژێر ناوی حزبێكی نوێ، واتە حزبی چەپی سەوز (YSP) بەشداریی ھەڵبژاردنەكاندا بكات. گومانی تێدا نییە مەبەستی سەرەكیی ئەم ھاوپەیمانێتییە ئەوەیە، شكست بە ئاكپارتی بھێنن و ڕێگە نەدهن دووبارە ئەردۆغان ببێتە سەرۆككۆماری توركیا.
لە بەرامبەردا، ھاوپەیمانییهكی تر ھەیە كە سەر بە دەسەڵاتە و لەلایەن ئاكپارتییەوە سەركردایەتی دەكرێت كە پێی دەگوترێت ھاوپەیمانیی گەل (People Alliance) و، كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار "ئەردۆغان"ە. بە شێوەیەكی سەرەكی، ئەم ھاوپەیمانێتییە لە نێوان AKP و MHP دروست بووە. ھەروەھا حزبی ڕەفاھ، (New welfare party)، حزبی یەكێتیی مەزن (Greatunity party) و، Huda Par كە حزبێكی ئیسلامیی سوننیی كوردییە و ڕكابەری ھادەپ دەكات لە ناوچە كوردییەكان، پاڵپشتیی ئەردۆغان دەكەن بۆ پۆستی سەرۆككۆماری.
ھۆكارەكانی كەمبوونەوەی دەنگەكانی ئاكپارتی و بەھێزبوونی ئۆپۆزیسیۆن
بەپێی زۆربەی ڕاپرسییەكان دەنگەكانی ئاكپاتی و ھاوپەیمانەكانی ڕوولە كەمبوونەوەیە و لە بەرامبەردا دەنگەكانی ھاوپەیمانیی میللەت سەر بە ئۆپۆزیسیۆن، لە بەرزبوونەوەدایە. ھەر ئەمەیش وای كردووە دوای نزیكەی دوو دەیە لە دەسەڵات، ئاكپارتی و ھاوپەیمانەكانی ھەست بە مەترسییهكی ڕاستەقینە بكەن، بهوهی كه ئەگەری ئەوە ھەیە لە ھەڵبژاردنەكاندا بدۆڕێن. لە ڕاستیدا، بەرزبوونەوەی دەنگەكانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ زۆر ھۆكارە دەگەڕێتەوە: یەكەم، ھەوڵەكانی ئاكپارتی بۆ كۆنترۆڵكردنی ھەموو جومگە گرنگەكانی سیستهمی سیاسی لە وڵاتدا؛ كە ھەندێك پێیان وایە توركیا بەرەو سیستەمێكی دیكتاتۆری و تاكڕەوی ھەنگاو دەنێت. دووەم، فاكتەری ئابووری یەكێكی تره لە ھۆكارە ھەرە سەرەكییەكانی كەمبوونەوەی دەنگەكانی ئاكپارتی. بێ گومان وەك چۆن ھاتنەسەركاری ئاكپارتی لە ساڵی 2002 زیاتر پەیوەندیی بە خراپبوونی بارودۆخی ئابووریی توركیاوە ھەبووە، بە ھەمان ئاراستەیش، ئێستایش خراپبوونی بارودۆخی ئابووریی توركیا و بەرزبوونەوی ڕێژەی بێكاری و دابەزێنی نرخی لیرەی توركی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت لەوەی خەڵك بیر لە بەدیلی ئاكپارتی بكەنەوە. سێیەم، بوومەلەرزەی مانگی شوباتی 2023، دیسان ھۆكاریكی دیكەی كەمبوونەوەی دەنگەكانی ئاكپارتییە. بەتایبەت لایەنی ئۆپۆزیسیۆن زۆر بەباشی توانیویانە ئەو كارتە دژی حزبی دەسەڵاتدار بەكار بھێنن. چوارەم، پرسی كۆچبەران، بەتایبەت ئاوارەكانی سووریا، بووهتە ھۆكارێكی دیكەی تووڕەبوونی خەڵك لە سیاسەتەكانی ئاكپارتی و، پێیان وایە ئاوارەكان بوونەتە بارگرانییهكی گەورە بەسەر شانی خەڵكی توركیا و بەرزبوونەی ڕێژەی بێكاری. پێنجەم، خراپبوونی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەوروپا و دووركەوتنەوە لە ئەگەری بوون بە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا، دیسان كاریگەریی كردۆته سەر بۆچوونەكانی دەنگدەرانی توركیا. شەشەم، خراپبوونی بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین و دروستبوونی گوشار لەسەر خەڵك، دامەزروەكانی دەوڵەت و میدیا و ڕۆژنامەنووسان، ھۆكاریكی دیكەی بەھێزبوونی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنە.
ئەجێندا و سیاسەتی بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن
دیارە ھەردوو ھاوپەیمانیی میللەت بە ڕابەرایەتیی جەھەپە و، ھاوپەیمانیی گەل بە ڕابەرایەتیی ئاكپارتی، ئەجێندا و سیاسەتی جیاوازیان ھەیە و ھەوڵ دەدەن لە ڕێگەی خستنەڕووی بەرنامە و پرۆگرامەكانیان بۆ بارودۆخی توركیا لە ھەموو بوارەكاندا و ئاییندەی ئەو وڵاتە، زۆرترین دەنگدەر بۆ لای خۆیان ڕابكێشن. سەبارت ھاوپەیمانیی میللەت كە چەھەپە سەركردایەتیی دەكات، سیاسەت و بەرنامەیان بۆ ھەڵبژداردن، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی دەرەكی، خۆی لە كۆمەڵێك خاڵدا دەبینێتەوە كە گرنگترینیان، دەكرێت لەم خاڵانەدا كورت بكەینەوە: یەكەم، گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە سەرۆكایهتییەوە بۆ پەرلەمانی. واتە ھاوپەیمانیی میللەت ھەوڵ دەدات دووبارە سیستەمی سیاسیی توركیا، بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمانی و كۆتایی بە سیستەمی سەرۆكایەتی بهێنێ. دوەەم، سەربەخۆكردنی بانكی ناوەندی كە پێیان وایە لە سەردەمی ئاكپارتی دەستێوەردانی زۆر لە كاروباری بانكی مەركەزی كراوە و، بووهتە ھۆی ئەوەی ڕێژەی هەڵاوسان زۆر بەزر ببێتەوە و نرخی دراوی توركی دابەزینی مێژوویی بەخۆیەوە ببینێت. سێیەم، بەھێزكردنی كەرتی ئابووری لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفۆرمی گەورە و دانانی كۆمەڵێك پلان و بەرنامەی ئابووری؛ بە شێوەیەك ببێتە ھۆی ئەوەی ئابووریی توركیا دووبارە گەشە بكاتهوه و ڕێژەی هەڵاوسان كەم ببێتهوه و نرخی پارەكە بەرز ببێتەوە. چوارەم، كاركردن بۆ نەھێشتنی بێكاری و ھەژاری و دابینكردنی دەرفەت بۆ ھاووڵاتیان، بهدوور لە دەستێوردانی حزبی. پێنجەم، گەڕاندنەوەی ئاوارە سوورییەكان بۆ وڵاتەكەیان كە بوونەتە بارگرانییەكی گەورە بۆ سەر ئابووریی توركیا. شەشەم، چڕكردنەوەی ھەنگاوەكان بۆ ئەوەی توركیا ببێتە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا و، ئەنجامدانی ڕیفورومی پێویست لەم ڕووەوە. ھەفتەم، جیبەجێكردنی بڕیاری دادگهی ئەوروپی سەبارەت ماڤی مرۆڤ و ئازادكردنی زیندانییە سیاسییەكان. ھەشتەم، لەسەر ئاستی دەرەكی، زیاتر ڕووكردن لە ئەوروپا و ئەمریكا؛ بەڵام لە ھەمان كاتیشدا ھەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی خۆی لە ڕووسیا دوور نەخات.
لە لایەكی تریشەوە، ھاپەیمانیی گەل بە سەرۆكایەتیی ئاكپارتی، سیاسەت و بەرنامەكەیان، خۆی لەوەدا دەبێنیتەوە كە ھەوڵ دەدەن بارودۆخی ئابووریی توركیا باشتر بكەن و داھاتی وڵاتەكەیان زیاتر بكەن. بەتایبەت ئاكپارتی باسی ئەوە دەكات كە 2028 ڕێژەی ھەناردەكردن لە وڵاتەكەیاندا دەگەیهننە 400 ملیار دۆلار. ھەروەھا جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە گرنگیی زیاتر بە كەرتی گەشتوگوزار دەدەن، بە شێوەیەك داھاتی بگاتە 100 ملیار دۆلار. ھەروەھا سەبارەت ئەوانەی تووشی بوومەلەرزە بوون، قەرەبوو دەكرێنەوە و نزیكەی 650,000 خانوویان بۆ دروست دەكرێت. ھەروەھا باسی ئەوە دەكەن تیمێكی بەھێز لە ڕووی ئابوورییهوه دروست دەكەن، بۆ ئەوەی كێشەی ئابووری لەو وڵاتە چارەسەر بكەن. سەبارەت پەیوەندییهكانی دەرەوە، جەخت لەسەر ڕۆڵ و پێگەی توركیا دەكەنهوه لە ناوچەكەدا. ھەروهھا بەھێزكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە، دروستكردنی ھاوپەیمانیی بەھێز كە ئەردۆغان ناوەی لێ ناوە Turkey axis.
ڕوانین و سیاسەتی ئەمریكا له ھەمبەر هەڵبژاردنەكانی توركیا
گومانی تێدا نییە كە بە لای ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپاوه ھەڵبژاردنەكانی توركیا زۆر گرنگن و، خوازیای ئەوەن گۆڕانكاری لە توركیا ڕوو بدات و ئۆپۆزیسیۆن سەر بكەوێت و كۆتایی بە دەسەڵاتی ئاكپارتی بێت. بەتایبەت دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریكا لە سیاسەت و ڕەفتارەكانی ئاكپارتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەكە و نێودەوڵەتی زۆر نیگەران و تووڕەن. لە دوای كودهتای تەممووزی 2016 ناكۆكییەكانیان زیاتر قووڵ بوونەوە و توركیا، دەوڵەتانی ڕوژاوای تۆمەتبار كرد بەوەی دەستیان لەم كودهتایەدا ھەبووە.
ڕاستە، توركیا بایەخی گرنگی بۆ ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا ھەیە؛ لە ڕووی ژمارەی ھێزی سەربازییەوە، دووەمین ھێزە لە ناتۆ. ھەروەھا پێگەیەكی جیۆپۆلیتیكیی گرنگی ھەیە و سەنتەرێكی گرنگی ھەناردەكردنی وزەیە بۆ بازاڕەكانی جیھان و ڕێگەیەكی گرنگە بۆ پەڕینەوەی كۆچبەران بۆ دهوڵهتانی ئەوروپا. ھەر بۆیهیش ھەوڵەكانی ئەمریكا بەو ئاراستەیەیه كە دەسەڵاتێك ھەبێت لە توركیا، زیاتر لە ئەمریكاوه نزیك بێت. ھەر بۆیەیش، گوشارەكانی بۆ سەر ئاكپارتی دەستیان پێ كردووە و، بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ دژایەتیی ئەردۆغان دەكەن. دیارە ئیدارەی بایدن پێیان خۆشە ئەردۆغان لە ھەڵبژاردنەكاندا بدۆڕێت. ئەمەیش بایدن بەئاشكرا ئاماژەی پێ كردووە. لە كاتی كەمپینی ھهڵبژاردندا (2020) بایدن بەڵێنی دابوو، بۆ شكستپێھینانی ئەردۆغان پاڵپشتیی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بكات. بایدن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ New York Time لە دیسەمبەری 2020 باسی ئەوەی كرد كە زۆر نیگەرانە له سیاسەتەكانی ئەردۆغان بەرامبەر كوردەكان، پەیوەندییە سەربازییهكان لەگەڵ ڕووسیا و پرسی مافەكانی مرۆڤ. بایدن بەئاشكرا باسی ئەوەی كرد كە پاڵپشتیی ھێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن دهكەن و ھەوڵ دەدەن شكست بە ئەردۆغان بھێنن بەڵام نەك له ڕێگەی كودهتا، بەڵكوو لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەكانەوە و، ئەردۆغان دەبێت باجی سیاسەتەكانی بدات.
بە ھەمان ئاراستەیش، لە لووتكەی دیموكراسی كە لە ئاداری 2023 بەسترا و نزیكەی 100 دەوڵەت تیایدا ئامادە بوون، ئیدارەی بایدن ئامادە نەبوو توركیا داوەت بكات. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەك بووە بەوەی كە نەك ھەر ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا لە سیاسەتەكانی توركیا نیگەرانن، بەڵكوو چیتر وەك دەوڵەتێكی دیموكراتی سەیری ئەو وڵاتە ناكەن و پێیان وایە توركیا لە بەھا و پڕهنسیپەكانی دیموكراسی دوور كەوتۆتەوە. ئەم ڕاستییەیش، دەكرێت لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرامبەر توركیا ببینن، كە ڕەخنەی زۆر توند لە توركیا دەگرێت سەبارەت پرسەكانی دیموكراسی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ. تەنانەت جۆن بۆلتۆن لە گوتارێكدا لە Wall street Journal داوای كرد بەرامبەر سیاسەتەكانی ئەردۆغان و دژایەتیكردنی ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی، لە ئەندامێتیی ناتۆ دەربكرێت.
ھەروەھا لە ھەنگاوێكی دیكەدا وەك ئاماژەیەك بۆ دژایەتیكردنی ئەردۆغان و پاڵپشتیكردنی ئۆپۆزیسیۆن، لە مانگی ئاداری 2023 باڵوێزخانەی ئەمریكا لە توركیا وێنەیەكی جیفری فلاك، باڵوێزی ئەمریكای بڵاو كردهوه كە لەگەڵ كلیچدارئۆغلو دیداری ھەبووە و پێكەوە باسیان لە بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا دەكرد. ئەمەیش ئەردۆغانی زۆر تووڕە كرد؛ بەوە لێكی دایەوە كە دەستێوەردانە لە كاروباری توركیا و پاڵپشتیكردنی ئۆپۆزیسیۆن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا. ھەروەھا ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە كردهوه، لە ڕۆژی دەنگدان دەرسێكی باش بە باڵوێزی ئەمریكا دەدەن!
گومانی تێدا نییە ھۆكارەكانی نیگەرانیی ئەمریكا لە توركیا زۆرن، كە دەكرێت ئاماژە بە ھەندێك لەو خاڵانە بكەین: یەكەم، یەكێك لەو پرسانەی كە بووە ھۆی توندبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا، بریتی بووە لە كڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S400 لە ڕووسیا. ئەمریكا ئەم ھەنگاوەی توركیا بە ھەڕەشە دەزانێت لەسەر سیستەمی بەرگریی ناتۆ و ھاوپەیمانەكان. ھەر ئەمەیش وای كرد لە سەردەمی ئیدارەی ترامپ بەپێی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنەكانی ئەمریكا، بەپێی پاكێجی سزادان (CAATSA) لە 14ی دێسەمبەری 2020، ئهمریكا سزای بەسەر ھەندێك كەرتی پیشەسازیی سەربازیی توركیادا سەپاند؛ گەرچی سزاكان زۆر ڕەمزی بوون. ھەروەھا بۆ زیاتر گوشارخستنە سەر توركیا، ئەمریكا ڕازی نەبووە فڕۆكەی F35 بداتە توركیا. دووەم، ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپی، نیگەرانن لە چوونی توركیا بەرەو دەسەڵاتێكی تاكحزبی، سنوورداركردنی ماف و ئازادییە گشتییەكان، كاڵبوونەوەی ڕۆڵی یاسا و دادگهكان و بەسیاسیكردنیان. سێیەم، توركیا لەسەر ئاستی دەرەكی وەك ئەكتەرێكی سەربەخۆ و دوور لە كاریگەریی ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی، سیاسەت و ڕەفتاری كردووە و ھەوڵی داوە پشتبەستن بە دەوڵەتە ڕۆژاوایییەكان كەم بكاتهوه؛ بەتایبەت سیاسەتەكانی توركیا لە سووریا، یۆنان، دەریای سپی، قوبرس، ئازەربایجان، لیبیا، یارمەتیدانی گرووپە ئیسلامییەكان، بەتایبەت حەماس و گرووپە چەكدارە ئیسلامییە سوننەكان؛ ھەموو ئەمانە زیاتر بوونەتە ھۆی نیگەرانكردنی ئیدارەی بایدن. چوارەم، ھەوڵەكانی توركیا بۆ ڕێگریدروستكردن بۆ بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، دیسان ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپای تووڕە كردووە؛ بەتایبەت كه توركیا دەیەوێت لە بەرامبەر ڕەزامەندیدەربڕین بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ، كۆمەڵێك مەرج بەسەر سویددا بسەپێنێت. پێنجەم، بەھێزكردنی پەیوهندییەكانی لەگەڵ ڕووسیا و چین و ئێران، دیسان گرژیی خستۆتە نێوان ئەمریكا و توركیا؛ بەتایبەت لە ساڵی 2021 چین گەورەترین سەرچاوەی ھەناردەكردنی كەلوپەلەكان بووە بۆ توركیا. ھەروەھا لە ڕووی وزەوە پەیوەندییەكانی توركیا و ڕووسیا زۆر بەرەوپێش چوونە. لە لایەكی تریشەوە توركیا لە ڕێگەی Halkbank سزاكانی ئەمریكا لهسەر ئێرانی پێشێل كردووە و، بووهتە ھۆكاری لاوازكردنی كاریگەرییەكانی سزاكان بۆ سەر ئێران. بێ گومان ئەمەیش دیسان ئەمریكای تووڕە كردووە.
ھەڵبژاردنەكانی توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر پرسی كورد
سیاسەتی توركیا له ھەمبەر پرسی كورد تا ڕاددەیەك لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە نەگۆڕە و چاوەڕێ ناكرێت بە دەرچوونی ھەر كام لە لایەنەكان گۆڕانكاریی گەورە بەسەر سیاسەتی توركیادا بێت. ئەمەیش بەو مانایە دێت، توركیا بەردەوام دەبێت لەسەر لەقاڵبدانی كورد لە ھەموو پارچەكان و دژایەتیكردنی مافەكانیان. لە ڕاستیدا لە ئەگەری دەرچوونی ئەردۆغان، یان كلیچدار ئۆغلو، ئەو سیاسەتەی كە ئێستا بەرامبەر كورد پراكتیزە دەكرێت بەردەوام بێت.
بەگشتی ئێستا سیاسەتی توركیا بەرامبەر پرسی كورد لە ناوچەكەدا بەو ئاراستەیە كە، كار دەكرێت بۆ لاوازكردنی پێگەكەی. لەم ڕووەوە، سەبارەت سووریا ھەر لایەنێك دەربچێت، كار دەكەن بۆ نەھێشتنی ئەو دیفاكتۆیەی لە ڕۆژاوا دروست بووە. ئەمەیش لە ڕێگەی ھەماھەنگیكردنی لەگەڵ دیمەشق، ڕووسیا و ئێران. بەتایبەت ئێستا توركیا خەریكە دووبارە بە سیاسەتەكانی خۆیدا دەچێتەوە و ھەوڵ دەدات كێشە و گرژییەكان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە كەم بكاتهوه و لەم ڕووەوە، زیاتر كار بكات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ھاوبەشەكان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە بپارێزێ. تەنانەت ئێستایش ھەرچەندە ماوەیەكی كەمی ماوە بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵام ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ڕۆژاوای كوردستان و پەكەكە لە باشوور لە ئارادایە، بۆ ئەوەی ئاكپارتی دەنگەكانی نەتەوەپەرستەكان گهرهنتی بكات.
سەبارەت ھەرێمی كوردستان، دیسان پێم وایە ھەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ھاودەنگ لەسەر ئەوە، لەگەڵ بەغدا و ئێران كار دهكەن بۆ سنوورداكردنی پێگە و دەسەڵاتی ھەرێم. ڕاستە سیاسەتی ئاكپارتی نەرمتر بووە، بەڵام لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە ھیچ گۆڕانێك بەسەر سیاسەتی توركیادا نەھاتووە و بەردەوام ھەوڵی داوە ڕێگری لە دابەشبوونی عێراق و دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی بكات. ھەروەھا، دژی گەڕانەوەی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانه بۆ سەر ھەرێم و، بەردەوام بەو ئاراستەیە سیاسەت دەكات كە ھەرێمێكی لاواز و كۆنترۆڵكراو ھەبێت. ئێستایش ھەر لایەنێك دەربچێت، سیاسەتەكانی توركیا زیاتر مامەڵەكردن دەبێت لەگەڵ بەغدا و، به ناوەند بە سەنتەر دەیبینن. لەبیریشمان نەچێت، پابەندبوونی توركیا بە بڕیاری دادگهی پاریس و ڕاگرنتی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم لەلایەن توركیاوە، ئەگەر بەشێكی پەیوەندیی بەو بڕیارەوە ھەبێت، بەڵام بەشێكی دیكە پەیوەندیی بە گۆڕینی سیاسهتی گشتیی توركیاوە ھەیە كە زیاتر مامەڵەكردنە لەگەڵ بەغدا. ھەروەھا ههر لایەنێك دەربچێت، بەردەوام دەبن لەسەر پرۆژەی كردنەوەی ڕێگەی ئاڤاكۆی لەگەڵ عێراق و ھێڵی ئاسنین كە لە كاتی سەردانی سوودانی بۆ توركیا ڕێككەوتنی لەسەر كراوە.
ئەوەی پەیوەندیی به پرسی كورد لە باكوور و پەكەكەوە ھەیە، دیارە سیاسەتی ئاكپارتی دوای ھاوپەیمانیكردن لەگەڵ مەھەپە گۆڕانكاریی بە سەردا ھاتووه و ھیچ پرۆژەیەكی دیاریكراو نییە بۆ چارەسەری پرسی كورد. بە ھەمان ئاراستەیش، بەرەی ئۆپۆزیسیونیش ھیچ بەڵێینێكیان نەداوە و ھیچ پرۆژەیەكیان نییە بۆ چارەسەری پرسی كورد. ھۆكارەكەیش ئەوەیە، لە لایەك لەبەر ڕای گشتی و دەنگی نەتەوەپەرستەكان، نایانەوێت باسی پرسی كورد بكەن. ھۆكاری دووەمیش ئەوەیە، ھاوپەیمانیی میللەت لە چەندان حزب و ھێز پێك ھاتووە كە زۆربەیان نەتەوەپەرستن و ئامادە نین پرۆژە پێشكهش بكەن بۆ چارەسەری پرسی كورد. لە لایەكی تریشەوە جەھەپە كە میراتگری ئاتاتوركە، چاوەڕێ ناكرێت بەرامبەر پرسی كورد ھیچ نەرمییهك پیشان بدات. تەنانەت ئێستا كە زۆر پێویستیان بە كورد ھەیە، ئامادە نین ھیچ بەڵێنێك بدەن یان پرۆژەیەك پێشكەش بكەن بۆ چارەسەری پرسی كورد؛ بیانووەكەیشیان ئەوەیە كە لەبەر ڕای گشتی ناتوانن باسی پرسی كورد بكهن یان لهگهڵ لایەنە كوردەكان دابنیشن. جا پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەگەر لەبەر ڕای گشتی ئامادە نەبن یان ئەو بوێرییەیان نەبێت باسی پرسی كورد بكەن كە ھێشتا ئۆپۆزیسیۆنن، ئەی چۆن باوەڕ بكەین ئەگەر گەیشتنە دەسەڵات، پرسی كورد چارەسەر دەكەن؟ بۆیە سەبارەت پرسی كورد باوەڕ ناكەم ھەر كام لە بەرە دژەكان دەربچن، گۆڕانكارییەكی گەورە لە سیاسەتی توركیا بەرامبەر كوردەكانی توركیا ڕوو بدات.
سەبارەت پەكەكە دیارە ھەر كام لایەن دەربچێت، سیاسەتی توركیا بەو شێوەیە دەبێت كە ئێستا ھەیە و ھیچ گۆڕانكارییهك لە سیاسەتەكانی توركیا ڕوو نادات؛ بەپێچەوانەیە گوشارەكان زیاتر دەبن. توركیا لەگەڵ ئێران، عێراق و سووریا زیاتر ھەوڵ دەدات بۆ دژایەتیكردنی پەكەكە و نەھێشتنی چالاكییەكانی. بەتایبەت بە دەرچوونی جەھەپە و ھاپەیمانەكانی، ڕۆڵی دامەزراوەی سەربازی زیاتر دەبێت و دووبارە وەك جاران دەگەڕێنەوە ناو سیاسەت. ئەمەیش بەگشتی لە بەرژەوەندیی پرسی كورد نابێت.