عێراق و توركیا لە دەروازەی "ئۆڤاکۆی"یەوە بۆ "ڕێگه‌ی پەرەپێدان"؛ ئەی هەرێمی كوردستان؟

یاسین تەها، خوێندکاری دکتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاکان، هەروەها شارەزا لە کاروباری عێراق

پێشەكی

گەیشتنی ڕاستەوخۆ بە توركیا بەبێ گوزەركردن بە هەرێمی كوردستان و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، ساڵانێكە بووەتە خەونێكی عێراقی. لە كابینەی حەیدەر عەبادی (2014_2018) حكوومەتی عێراق هەوڵی زۆری دا دەروازەیەكی سنووریی تایبەت بە خۆی لەگەڵ توركیادا بكاتەوە (ئۆڤاكۆی)، بەڵام سەری نەگرت؛ لەم ساڵەی دواییشدا پڕۆژەیەكی تری هاوشێوە بەڵام گەورەتر لە چوارچێوەی پەلكێشانی چین بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەمان مەبەست سەری هەڵدا كە ناو نراوە "كەناڵی وشك" یان "ڕێگه‌ی پەرەپێدان" كە درێژییەكەی نزیكەی 1200 كم دەبێت. ئامانج لەم ڕێگه‌یەیش بەستنەوەی كەنداوی عەرەبی و بەسرە و عێراقە بە توركیا و لەوێیشەوە ئەوروپا. ئەم بابەتە لەسەر لەمپەرەكانی بەردەم پڕۆژە نوێیەكە و پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە هەڵوێستە دەكات.

 پڕۆژەی هەڵپەسێردراوی دەروازەی "ئۆڤاکۆی"  

گرنگیدانی زۆر بە كردنەوەی دەروازەیەكی نوێ لەگەڵ عێراق لای گوندی "ئۆڤاکۆی"ی توركیا، بەشێك بوو لە تۆڵەی توركیا لە ڕیفراندۆمی 2017. لە پاش كۆتاییهاتنی ئەم پرۆسەیە، تورکیا بیری لە چەندان ڕێگەی جۆراوجۆر كردەوە بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان، كە یەكێك لەوانە بەرتەسککردنەوەی بازرگانیی نەوت و داخستنی ئاسمان بوو بەڕووی هەرێم، لەگەڵ بانگەشەكردن بۆ كردنەوەی دەروازەیەکی نوێی سنووری بۆ ناو عێراق کە ڕێگە بە تورکیا بدات باکووری عێراق و حكوومەتی هەرێم بەدەر بکات و پەراوێزیان بخات([1]).

بە گوێرەی نەخشەكان ئەم دەروازە گریمانكراوە، 12 كم لە شاری "سلۆپی"ی توركیاوە دوورە و 51 كم لە ئیبراهیم خەلیل. ئەو سێگۆشە سنوورییەیشی كە دەروازەكە لەخۆ دەگرێت، نزیكترین خاڵی بەیەكگەیشتنی سنوورەكانی توركیایە (شڕناخ) لەگەڵ سنووری پارێزگای نەینەوا كە بەشێكە لە عێراقی فیدراڵ و، بەهۆی ڕووبەری گەیەنەری هەردوو لا، بە سنووری پارێزگای دهۆكدا گوزەر دەكات. دەوڵەتی توركیا لە 2017 داوای لە عێراق كرد هێزە فیدراڵییەكان لەو ناوبڕە كوردییە بڵاو بكاتەوە، چونكە گەیشتن بە ڕەبیعە لە لای توركیاوە، دوورییەكەی 100 كم دەبێت و ئەمەیش تێچوون و ئەركی پاراستنی زیاتر و قورستر دەكات([2]). هێزە عێراقییەكان لە ئۆكتۆبەری 2017 و لە سەردەمی حەیدەر عەبادیی سەرۆكوەزیراندا هێرشێكی خوێناوییان كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی سحێلا و مەحموودیە، بەڵام بەبێ بەدیهاتنی ئامانجەكە و پاش بەرەنگاربوونەوەیەكی چەكداریی توند لە نێوان پێشمەرگەی هەرێم و "ڕۆژ" لە لایەك و هێزە عێراقییەكان لە لایەكی تر، شەڕەكە كۆتایی هات([3]).

 هاندەری عێراق بۆ گەیشتن بەم ڕێڕەوە جگە لە كەنارخستنی هەرێمی كوردستان و تۆڵەكردنەوەی ڕیفراندۆم، هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابووری بوو لە ڕێگه‌ی زیادكردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ دراوسێكان، بەڵام لە دیوی توركیاوە گەورەتر لە ئابووری تەماشای پڕۆژەكە دەكرا و، بە گوێرەی توێژینەوە توركییەكان سوودەكانی زۆر زیاترن، لەوانەیش: دروستکردنی بەدیلێک بۆ دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل (خابوور)، کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوەی شمەك، بەهێزکردنی دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندیی عێراق لە ناوچەکەدا، كە ئەمەیش لە بەرژەوەندیی توركیایە كە ساڵانێكە گیرۆدەی كێشەی كوردە لە ناوخۆی وڵاتەكەی([4]).

ئەگەر ئەم دەروازەیە سەری بگرتایە، ئەوا کۆمپانیا تورکییەکان دەیانتوانی بگەنە ناوەڕاست و باشووری عێراق. جگە لەوەیش توركەكان بیریان لەوە دەكردەوە ئەگەر کونسوڵخانە لە مووسڵ بکرێتەوە و ناوچەیەکی بازرگانیی سەلامەت دابمەزرێت، چالاکییە بازرگانییەکانی تورکیا لە ناوچەکە زیاتر دەبن و دەرفەتێکی نوێ لەدایک دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێشاوی پەلكێشانی شیعە؛ لە چوارچێوە سیاسییەكەیشدا، دەبووە كارتێكی گوشار بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی کوردستان. بەم شێوەیە تورکیا لە ڕووی ئاسایش و ئابوورییەوە قازانجی دەكرد([5]). بەڵام سەرباری پەرۆشی عێراق بۆ ئەم پڕۆژەیە، هۆكارێك كە بووە مایەی نیگەرانی و سەرچاوەی دڵەخورتێ بۆ هێزە شیعە حوكمڕانەكان، خەونە فراوانخوازییەكانی توركیایە؛ چونكە عێراق له‌وه‌ ده‌ترسێ توركیا پەرەپێدان و كارتی جموجۆڵی بازرگانی بقۆزێتەوە بۆ بووژاندنەوەی پڕۆژە عوسمانییەكەی لە ناوچە توركماننشینەكانی تەلەعفەر كە لەسەر ڕێگه‌ی دەروازەكەیە؛ هەروەها بە پاساوی پاراستنی كاروانە بازرگانییەكانیش هێزی ئەمنی و سەربازیی زیاتر بهێنێتە ناو خاكی عێراقەوە؛ بەتایبەت كە بنكە سەربازییەكانی تری دوور نین لە ناوچەكە و، ئەوكاتیش جه‌نگی پەكەكە و توركیا لە هەرێمی كوردستانەوە دەگوازرایەوە بۆ ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا و سەرئێشەیەكی تری ئەمنی بۆ عێراق دروست دەبوو([6]).

پڕۆژە نوێیەكەی "ڕێگه‌ی پەرەپێدان" و "كەناڵی وشك" 

لە سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بۆ توركیا (21 ماسی 2023)، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی هەردوو لاوە ڕای گەیاند: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەبارەت بە بەستنەوەی تورکیا بە کەنداو لە ڕێگەی عێراقەوە موژدەی نوێ دەدەن. بە قسەی ئەردۆغان ئەم پڕۆژەی بەستنەوەیە "هه‌ستیارترین هه‌نگاوە" كە گەیاندنی وشكانی و ئاسنین لەخۆ دەگرێت و به‌سره‌ به‌ توركیاوه‌ ده‌به‌ستێته‌وه([7]).

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان كە زیاتر مۆركی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەسەریدا زاڵە، لە دیوە عێراقییەكەیشییەوە هەر هەمان شتە و پڕۆژەكە بە یەكێك لە دەسکەوتە گرنگەکانی عێراق و تورکیا لە سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی لێك دراوەتەوە و، لە وێناكردنە عێراقییەكاندا ڕێگه‌كە (پەرەپێدان _ كەناڵی وشك)، بەهاكەی یەكسانە بە زێڕ بە درێژاییی سەدان كیلۆمەتر؛ چونكە مەودای نێوان وڵاتان لە بواری گواستنەوە و وزەدا نزیك دەكاتەوە([8]).

بەر لەوەیش كه‌ سوودانی گەشتی توركیا بكات (21 مارسی 2023) لە وتارێكدا باسی لەوە كردبوو كە "ڕێگه‌ی پەرەپێدان" لە ڕێگه‌یەکی خێرا و هێڵی شەمەندەفەر پێک دێت و بە دیوانییە و نەجەف و کەربەلا و بەغدا و مووسڵدا تێ دەپەڕێت و تا سنووری تورکیا درێژ دەبێتەوە؛ پاشان لە ڕێگەی ئەستەنبوڵەوە ڕێگە بۆ بەندەری مێرسین و ئەوروپا دەكاتەوە. سوودانی گرنگیی پڕۆژەكەیشی بەوە دیاری كردووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان عێراق و توركیا گەیشتووەتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار، کە زیاتر بریتین لە بەرهەمە کیمیایییەکان، تۆو، دانەوێڵە، مۆبیلیات و دەرمان و پێداویستیی پزیشکی؛ لە بەرامبەریشدا هەناردەی عێراق بۆ تورکیا لە نەوتدا چڕ بووەتەوە([9]).

گرنگیی پڕۆژە نوێیەكە بۆ عێراق و توركیا

لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە شاری بەسرە کۆنفڕانسی "بەندەری فاوی گەورە و کەناڵی وشک" بەڕێوە چوو. فەرحان ئەلفەرتووسی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق، ڕێڕەوە پێشنیاركراوەكەی بە "ڕێگه‌ی ئاوریشمی" عێراق ناو برد و بە گرنگترین پڕۆژەی ئابووری و ستراتیژیی ناوچەکەی دایە قەڵەم. فەرتووسی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دوو پڕۆژەیە نەخشەی ئابووریی جیهانی دەگۆڕن. بەمەیش کاتەکانی ترانزێت بۆ ئەو کەشتییانە كەم دەكاتەوە كە لە ڕێڕەوی ئاوی ڕۆژاوای ئاسیا و دەریای سوورەوە گەشت دەکەن بە تێكڕای ٢٠ بۆ ٢٥ ڕۆژ؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی تێچوون بە قەبارەی ملیۆنان دۆلار([10]).

عێراق خوازیارە لەم ڕێگه‌یەوە ببێتە ناوەندێكی گواستنەوە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا. پاش ئەوەی بەندەری گەورەی فاو لە شاری بەسرە تەواو دەبێت، پەیوەست دەكرێتەوە به‌ بەندەرەكانی توركیاوە؛ ئەمەیش بە لای هەندێ شرۆڤەكاری عێراقییەوە هیچی كەمتر نییە لە سامانی نەوت. ئەردۆغان لە نێوه‌ندی بانگەشەكردن بۆ پڕۆژەكە جەختی لەوە كردووەتەوە "ملیۆنان کەس لە ناوچە بەرفراوانەکان لە ئەوروپاوە تا کەنداو، سوودمەند دەبن لەو بەها زیادەیەی کە لەگەڵ دروستکردنی ئەم ڕێگه‌یەدا سەر هەڵدەدات. هەروەها  ئاماژەی بەوەیش كردووە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی هاوکارییە ناوچەیییەکان، پەرەپێدانی بازرگانی و بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆیییەکان و گوتی، "ڕێگه‌ی گەشەپێدان، ڕێگه‌ی ئاوریشمی نوێیە بۆ ناوچەكەمان"([11]).

بە گوێرەی ئەو خەمڵاندنانەی هەن، لە حاڵەتی تەواوبوونی پڕۆژەكەدا ئەو کەشتییانەی كە لە بەندەری شەنگەهای چینەوە بار کراون بۆ بەندەری ڕۆتەردام و نزیکەی ٣٣ ڕۆژیان پێویستە، بە گۆڕینی ڕێگه‌كە تەنیا ١٥ ڕۆژیان پێویسته‌؛ بە مەرجێك لە شەنگەهایەوە بچنە بەندەری گوادار لە پاکستان، پاشان بۆ بەندەری گەورەی فاو، لەوێیشەوە لە ڕێگەی کەناڵی وشکەوە بۆ بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست لە سووریا و تورکیا تا دەگەنە بەندەری ڕۆتەردام لە باشووری هۆڵەندا. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە گواستنەوە لە ڕێگەی عێراقەوە، کەمبوونەوەی بەرچاو لە تێچووی گواستنەوەی کاڵاکان تا زیاتر لە نیوە دابین دەکات"([12]).

بنەماكانی ئەم پڕۆژەیە كاتێك گەڵاڵە بوون كە چین لە 2013 ڕێڕەوی ئابووریی چین و پاکستان (CPEC)ی ڕاگەیاند وەك بەشێک لە دەستپێشخەریی "پشتێنە و ڕێگه‌وبان" کە بەهاكەی چەندەها تریلیۆن دۆلارە و پارێزگای شینجیانگ لە باکووری ڕۆژاوای چین، بە بەندەری گواداری پاکستان لەسەر زەریای هیندی دەبەستێتەوە. ئەم بەندەرەیش تەنیا 400 کم لە گەرووی هورمزەوە دوورە كە لە بەشی باشووری سنوورە ئاوییەكانی عێراقە([13]).

هەنگاوەكانی پڕۆژەكە و نەخەشە عێراقییەكەی

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوە فەرمییەكان، توركیا وەزیرەكانی خۆی ڕاسپاردووە كار لەسەر پڕۆژەكە بكەن([14]). لە دیوی عێراقیشەوە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسنی عێراق، دەستپێکردنی دانوستانەکانی لەگەڵ کۆمپانیای "یابی مەرکەزی"ی تورکیی ڕاگەیاندووە، بە ئامانجی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی ئاسنین لە فاوەوە تا تورکیا لە ڕێگەی "کەناڵی وشک_ ڕێگه‌ی پەرەپێدان". كۆمپانیا توركییەكەیش خواستی خۆی خستووه‌تە ڕوو بۆ لێکۆڵینەوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە بازرگانییەکانی هێڵی ئاسنی عێراق و درێژەدان بەو کۆبوونەوانە([15]).

بە گوێرەی پلانەكانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش، وردەکارییەکانی پڕۆژەكە بریتییە لە ڕێگه‌ی زەمینی و  هێڵی ئاسنی خێرا بۆ گەشتیاران و کاڵاکان لە بەندەری گەورەی فاوەوە بۆ تورکیا؛ لەوێش بە تۆڕی ڕێگه‌ی ئەوروپییەوە بەستراوەتەوە. لە قۆناغی یەكەمیشدا توانای دەگاتە 3.5 ملیۆن کۆنتێنەر و 22 ملیۆن تۆن کەلوپەل؛ لە قۆناغی دووەمدا بەرز دەبێتەوە بۆ 7.5 ملیۆن کۆنتێنەر و 33 ملیۆن تۆن کاڵا. لەبارەی هێڵی ئاسنەكەیش شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگری خێرای دەبێت بە خێراییی 300 کم لە کاتژمێرێکدا، بە توانای 13.8 ملیۆن سەرنشینی ساڵانە. هەروەها شەمەندەفەری دووەمیش تایبەت دەبێت بە بار و گواستنەوەی شمەك بە خێراییی 130_140 كم لە یەك كاتژمێر و، بە نزیکەی 9 پارێزگادا تێ دەپەڕێت و كۆی درێژیی ڕێگه‌كەیش دەگاتە 1190 كم([16]).  ئەو پارێزگایانەیشی پێیدا دەڕوات، لە بەندەری فاوەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە شاری بەسرە تا ناسریە، پاشان سەماوە و نەجەف بەرەو ڕۆژاوای شاری کەربەلا، پاشان دەچێتە ناوچەی ئەبوغرێب لە بەغدا، پاشان لە ڕووی باکوورەوە بۆ سامەڕا، پاشان بۆ تکریت، پاشان بێجی بۆ مووسڵ، پاشان ڕۆژاوای نەینەوا تا سنووری سووریا لە شاری ڕەبیعە، پاشان لە سنووری عێراق و تورکیا کۆتایی دێت([17]). ئەوەیشی جێگەی سەرنجە هیچ لەم ڕێگه‌یانە هەرێمی كوردستانی تێدا نییە!

لەمپەرەكانی بەردەم "ڕێگه‌ی پەرەپێدان" و ئەگەرەكانی سەركەوتن 

لە کاتێکدا کەناڵی وشک و بەندەری گەورەی فاو دەرفەت بۆ عێراق دەڕەخسێنن کە پێگەی جیۆپۆلیتیکیی خۆی بەرز بکاتەوە، بەڵام تەحەددای ناوخۆیی وەک خراپ بەڕێوەبردن و دابەشبوونە سیاسییەكان و تەحەددا دەرەکییەكانی وەک کێبڕکێی وەبەرهێنان لە نێوان چین و ئەمریکا، ئاستەنگن لە بەردەم سەركەوتن([18]). لەسەر ئاستە ناوخۆیییەكەیش بە گوێرەی ئەو توێژینەوانەی كراون([19]) سەرکەوتنی پڕۆژەکە پەیوەستە بە کۆمەڵێک هۆکاری جیۆپۆلیتیکییەوە. ڕاستە دەرفەت هەیە بۆ ئێران کە لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینێکەوە کە لە بەسرە تا سنوورەکانی درێژ دەبێتەوە، سوود لەم پڕۆژەیە وەربگرێت، بەڵام ڕەنگە ئێران وەک زلهێزێکی ناوچەیی، هەست بکات کە لە ڕێگەی ڕێڕەوە نوێیەكەیەوە گۆشەگیر دەبێت. ئەگەریش سەرکردەکانی ئێران هەست بکەن کە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە مەترسیدایە، دەتوانن لە ڕێگەی نفووزی ئێران لە عێراق و کەنداو هەوڵی تێکدانی پڕۆژەکە بدەن. هەر لەم نێوه‌یشدا هەندێك پەرلەمانتاری شیعە نیگەرانی و دڵەخورتێی ئەوەیان هەیە توركیا زیاتر كەڵك لە پڕۆژەكە وەربگرێت و، باس لەوە دەكەن "کەناڵی وشک سوودێکی کەم بە عێراق دەگەیەنێت"، كە بەپێی پێشبینیی ئەوان ڕێژەكەی 25% زیاتر نابێت([20]). بەهۆی ئەوەیشی پێشبینی دەکرێت فاو پێش "بەندەری جەبەل عەلی"ی دوبەی بکەوێت- کە لە ئێستادا گەورەترین بەندەری کۆنتێنەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا-، ئه‌گه‌ری ڕێگریی ئیماراتییەكان دوور نییە.

لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەو ناسەقامگیرییە سیاسی و تەناهییەی لە عێراق هەیە، ڕەنگە پڕۆژەکە بخاتە مەترسییەوە. هەرچەندیشە ئێستا دۆخی ئەمنی، ئۆقرەییی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا داعش چالاكیی هەیە، پەكەكە لە ناوەچەكەدا هەن كە نەیاری توركیان؛ جگە لەم گرووپانە، ڕەنگە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بەربەست بخەنە بەردەم دروستکردنی ئەو ڕێگه‌یە بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتن بە تورکیا، بەتایبەت كە کێبڕکێی نێوان ئێران و تورکیا لە باکووری عێراق لە مووسڵ، تا دێت بەرەو هەڵکشان دەچێت.  

پەیوەندیی پڕۆژەكە بە كوردستانەوە

لەو نەخشە فەرمییانەی كە ڕاگەیەنراون، هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی ڕێگه‌ی "کەناڵی وشک"ه‌ كە ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی عێراق بۆ ئەوروپا؛ بەڵام بە گوێرەی دەرەنجامەكانی کۆنفڕانسی بەندەری فاوی گەورە کە لە کۆتاییی ساڵی ڕابردوودا لە بەسرە بەڕێوە چوو، "دەرفەتی پەیوەندیکردن لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە واقعیترە وەک لە ڕێگەی سووریا"، بەتایبەت كە لەو وڵاتە زیاتر لە گرووپێكی باڵادەست لە باكووریدا هەن و بە دۆخێكی نائارامدا گوزەر دەكات. لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ ئەوەی ئەوروپا سوود لە سەرچاوە وزەی عێراق وەربگرێت، سەرەتا دەبێت کێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان حكوومەتی ناوەندی لە بەغدا و حكوومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن و لەم نێوه‌نده‌یشدا لێکنزیکبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە لە کوردستان بەرهەمهێنانی وزە زیاد بکات؛ چونكە ھەرێمی کوردستان یەدەگی سەلمێنراوی غازی زیاتر لە ٢٥ ترلیۆن پێ سێجایە. ئەمەیش یەکسانە بە ٢٠%ی کۆی یەدەگی سەلمێنراوی غاز لە عێراق؛ كەچی عێراق کە لە ئێستادا لە نێوان 30 بۆ 40%ی پێویستیی غازی خۆی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات([21])، بە گوێرەی لێدوانەكانی سوودانی ساڵانە زیاتر لە 7 ملیار دۆلار لە پای غاز دەداتە ئێران.

كۆبەند

گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانی ناوچەكە تیژ و خێرا و گەورەن، بەتایبەت پاش پەلكێشانی چین وەك زەبەلاحێكی ئابووریی گەورە بەرەو ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. عێراق بەهۆی پێگە جوگرافییەكەیەوە یەكێكە لەو وڵاتانەی لە هەوڵدایە لە ڕێگه‌ی كەناڵی وشكەوە ڕۆڵێكی گەورە لە كورتكردنەوەی ڕێگه‌ی بازرگانیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بگێڕێت لە ڕێگه‌ی پەیوەستكردنی بەندەری فاو و لەوێیشەوە بۆ توركیا و دوایی بۆ ئەوروپا. ئەم پڕۆژەیە كە خاڵی سەركەوتنی زۆرە و لەمپەری زۆریشی لە بەردەمە، بە هەر هۆكارێكیش بووە پڕۆژەكە لە دیزاینە بەرایییەكانیدا هەرێمی كوردستانی هەڵاواردە كردووە و بۆ ئەوەی بە هەرێمدا گوزەر نەكات بە سووریادا دەڕوات. بەهۆی گرنگیی ڕێگه‌كە و بەهۆی ئەوەی سەدەی داهاتوو پێگەی نەوت ڕوو لە لاوازییە و سەردەم سەردەمی غاز و ڕێگه بازرگانییەكانە، پێویستە هەرێمی كوردستان لەسەر هەموو ئاستەكان كار بكات بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لەم پڕۆژە گەورەیە؛ بەو پێیەی تێپەڕین بە خاكی هەرێمدا ئاسانتر و ڕەخساوترە بە بەراورد بەوەی ڕێگه‌كە لە سووریاوە بچێتە ناو توركیا. ئەركی دەسەڵاتدارانی هەرێمە دەرفەتی نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا بقۆزنەوە بۆ دڵنیاییدان بە عێراق و توركیا و، بە هەر جۆرێك بووە نەهێڵن هەرێم لەو دەرفەتە بێبەش ببێت؛ ئەگەرنا وەك گیرفانێكی فەرامۆشكراوی لێ دێت لە عێراق، بەتایبەت پاش ئەوەی بە بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی و دادگه‌ی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، كارتی فرۆشتنی نەوتی بەسەربەخۆ لەدەست دا.

 

 

([1])  https://bit.ly/2RQjL03

([2])  https://bit.ly/3zwTwQj

([3])  https://bit.ly/40QkFKk

([4]) https://bit.ly/415hKx1

([5]) https://bit.ly/415hKx1

([6])  https://bit.ly/3zwTwQj

([7])  https://bit.ly/3GiQ93w

([8])  https://bit.ly/3ZF2KVj

([9])  https://bit.ly/40IeJCW

([10])  https://bit.ly/3zhNVx5

([11])  https://bit.ly/439YtvU

([12])  https://bit.ly/43a1QTA

([13])  https://bit.ly/3zhNVx5

([14])  https://bit.ly/3GiQ93w

([15]) https://bit.ly/3nR4D4g

([16])  https://bit.ly/3K8OP4h

([17])  https://bit.ly/40ZM2B6

([18])  https://bit.ly/3zhNVx5

([19])  https://bit.ly/3zhNVx5

([20])  https://bit.ly/3zzBwVG

([21])  https://bit.ly/3zhNVx5

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples