كاریگەریی بەردەوامی سەرۆكایەتیی ئەردۆغان لەسەر پرسە عێراقییەكان

یاسین تەها، خوێندکاری دکتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاکان، هەروەها شارەزا لە کاروباری عێراق

مانەوەی ئەردۆغان لە سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا پاش 20 ساڵ لە وەرگرتنی جڵەوی دەسەڵات و بۆ خولی سێیەمی سەرۆكایەتی، یەكێك لەو پێشهاتانەیە كە بۆ عێراقی دراوسێی ئەم وڵاتە گرنگ و لێكەوتەی جۆراوجۆری هەیە؛ چ لە بواری سیاسی و ئەمنی، چ لە بواری سیاسەتەكانی وزە و بازرگانی و ئاو كە پرسی هەنووكەیین لە عێراق. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات لە دیوە عێراقییەكەیەوە لێكەوتەكانی بەردەوامی ئەردۆغان لە سەرۆكایەتیی توركیا لێك بداتەوە.

هێڵە گشتییەكانی خولی نوێی ئەردۆغان

لەبەر ڕۆشناییی تەمەنی 20 ساڵەی حوكمڕانیی ئەردۆغان، تا ڕاددەیەكی زۆر هێڵە گشتییەكانی سیاسەتەكانی دەربارەی عێراق و ناوچەكە و وڵاتانی تری پەیوەندیدار، زانراوە. لە ئاهەنگی دەستبەكاربوونەكەیشیدا (3ی حوزەیرانی 2023) جەختی لەوە كردەوە لەمەولا ئاراستەی توركیا بەیەكەوە ڕوو لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواش دەبێت لە یەك كاتدا([1]). بەپێی لێكدانەوە توركییەكانیش ئەمە بە مانای ئەوە نایەت توركیای ئەردۆغان بەخێرایی دەستبەرداری ئاراستە ڕۆژهەڵاتییە ناسراوەكەی ببێت و هەنگاوی زیاتر لە ئەمریكا و ناتۆ بچێتە پێش، بەڵكوو بەهۆی سەرهەڵدانی جەمسەرگیرییەكانی ئەمریكا و چین و ڕووسیاشەوە قۆناغێک دەست پێ دەکات کە وڵاتانی ناوچەکە بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەكان، زیاتر لەگەڵ یەکتر هەماهەنگی دەكەن؛ هەر ئەمەیش هاندەری تورکیایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی میسر و کەنداو، بەتایبەت عەرەبستانی سعوودی([2]). هەندێک لە چاودێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەردۆغان چاوی لەسەر ئەزموونی ئابووریی "چین"ە؛ بەرهەمهێنانی زۆر، زیادبوونی هەناردەکردن، دراوی هەرزان، هەروەها چاوێكی تری لەسەر ئەزموونی هەواڵگریی بریتانیایە كە سیاسەت و دیپلۆماسی و هەواڵگری تێكەڵ دەكات بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە([3]).

لە ماوەی 20 ساڵی حوكمڕانییەكەیدا، ئەردۆغان كاری لەسەر شۆی (نمایش)ی سەربازی كردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی؛ ئەوەیش چ لە ڕێگەی لەشكركێشی بێت بۆ ناو خاكی ڕۆژاوای كوردستان لە سووریا یان لە خاكی هەرێمی كوردستان؛ هەروەها كۆمەككردنی حكوومەتی "الوفاق" لە لیبیا، لەگەڵ پەلكێشانی نفووز بەرەو ئەفریقا. بەڵام زبرە ئابوورییەكان ناچاریان كرد لەگەڵ سعوودیا و ئیمارات پەنا بۆ ئاشتەوایی ببات بەبێ ئەوەی سوپا و باڵە سەربازییەكانی لە هیچ كوێ پاشەكشە پێ بكات([4])؛ نیمچە كۆدەنگییەكیش هەیە كە ئاڵنگاریی گەورەی ویلایەتە نوێیەكەی ئەردۆغان، بریتی دەبێت لە دۆسیەی ئابووری و بەهای لیرە و هەڵاوسانی نرخەكان و ئاوەدانكردنەوەی وێرانكارییەكانی بوومەلەرزە([5]). لەسەر ئاستە عێراقییەكەیشی، مامەڵەكردنی تورکیا و عێراق لەگەڵ یەكتر سەرباری لەمپەرەكان، ناچاری دەبێت، چونکە جگە لە سنوور و دۆسیە هاوبەشەكانی ئاسایش و سامانی ئاو، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەرفەتێکی وای ڕەخساندووە كە پشتبەستنیان بە یەکتر زیاد بکەن. لەم بەینەیشدا پابەندبوونی ئەنقەرە بە سزاکانی پەیوەست بە نەوتەوە، عێراق دەكاتە جێگرەوەی نزیك و دەروازەیەکی گەورەی قەرەبووكردنەوە؛ بۆ عێراقیش توركیا تاقە دەرچەی وشكانییە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و سەرچاوەیەكی گەورەی دابینكردنی كەرەستە و پێداویستییەكانی بازاڕی عێراقە.

دیدی عێراقییەكان بۆ ئەردۆغان

بەپێی ئەوەی سیاسەت و تێڕوانینی ئێستای دەوڵەتی عێراق گیرۆدەی نەبوونی سەنتەر و دابەشبوونەكانی پەیوەستە بە شوناسە فرەجۆرەكان، ناكرێت باس لە دیدێكی عێراقی ستراتیژی و گشتگیر بكرێت دەربارەی دۆسیەكانی دەرەوە، لەوانەش توركیای ئەردۆغان. لە عێراق جگە لە توركمانی سوننە و باڵی "بەرەی توركمانی"، لەناو عەرەبی سووننەیشدا جەمسەرەكانی حەلبووسی و خەمیس خەنجەر، پەیوەندیی بەهێز و دۆستایەتیی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەردۆغان، جیاواز لە توركمانی شیعە یان ئەو عەرەبە سوننانەی لە باڵە ئێرانییەكانەوە نزیكن یان ناوچەیی و لۆكاڵن. سەرباری ئەمەیش، خوێندنەوەیەك هەیە كە هەندێك لە سیاسەتوانانی عێراق مانەوەی ئەردۆغانیان پێ باشتر بووە لە گۆڕینی بە كلیچدار ئۆغڵۆ، لەسەر بنەمای ئەوەی ناسراو و تاقیكراوە، باشتر لەوەی كە دێ و نەناسراوە([6]). بەڵام لە ناوەندی شیعیدا- كە ئێستا چەقی بڕیاری عێراقن- بە شێوازێكی ساردوسڕ كارلێك لەگەڵ دەرچوونەوەی ئەردۆغان كراوە، بەو پێیەی لە خەیاڵدانی شیعەدا ناوبراو گوزارشت لە دیاردەی "عوسمانیی نوێ" دەكات؛ هەروەها سیمبولێكی ئیسلامییە سوننەكان و هۆكارێكی بەهێزكردنی جەمسەری توركیایە لە بەرامبەر جەمسەری ئێران. ڕەنگە هەر بەم هۆیەیشەوە بێت هیچ بەرپرسێكی باڵای شیعەی عێراق نەیانویست بچنە ژێر باری تەریقبوونەوە (ئیحراجی)ی بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئەردۆغان بۆ خولی سێیەم؛ بۆ ئەو مەبەستەیش "فوئاد حسێن"ی كورد و وەزیری دەرەوەیان ڕاسپارد بۆ بەشداریكردن لەو بۆنەیە، لە كاتێكدا لەناو 78 سەرۆكشاندی بەشدار، 21 سەرۆكدەوڵەت و 13 سەرۆكوەزیران و 12 سەرۆكپەرلەمان هەبوون([7])، كەچی زۆر لەوانەیش وەك عێراق دراوسێی توركیا نین و دۆسیەی هاوبەش و تێكچڕژاویان لەگەڵیدا نییە. ئەم ڕوانینە پڕ لە سڵەمینەوەیەش لە عێراقەوە بۆ ئەردۆغان لە ئێرانیش تاڕادەی زۆربەهەمان شێوەیە، لە "تاران"یش بۆچوونەكان لەسەر ئەوە بوون ڕاستە ئەردۆغان هەماهەنگیی هەیە لەگەڵ ئێران و لە دۆسیەی گەمارۆكان بە شێوازی جیاواز لە خۆدزینەوە لە گەمارۆكان یارمەتیی ئێران دەدات، بەڵام لە دوورمەودادا مەترسییەكی ستراتیژییە و ئەگەر لە هەڵبژاردن بكەوتایە، ئەوە مەترسیی ئاییندەیی و دوورمەودا كەمتر دەبوو لەسەر ئێران([8]).

دۆسیە هاوبەشەكانی عێراق لەگەڵ توركیای ئەردۆغان 

بۆچوونێك هەیە كە لە كابینەی نوێی ئەردۆغاندا دوو بەرپرسی كابینەكە، لە دۆسیەكانی پەیوەست بە عێراق ڕۆڵی سەرەكی دەبینن: "ئیبراهیم كاڵن"، سەرۆكی نوێی دەزگەی هەواڵگری و "هاكان فیدان"، وەزیری دەرەوە، كە پێشتر سەرۆكی "میت" بووە؛ هەردوو كەسایەتییەكەیش پەیوەندی و ئاگادارییان لە ناوخۆی عێراقدا هەیە([9]). پاشخانی فیدان لە كاركردنی لە سەرۆكایەتیی "میت"دا بووە؛ هەروەها بە "پیاوی سێبەر" و "سندووقی ڕەشی ئەردۆغان" و كەسی متمانەپێكراوی سەرۆككۆماری توركیا ئاماژەی بۆ دەكرێت. لە ماوەی 13 ساڵیشدا لە زۆر دۆسیەدا كاری كردووە كە پلاندانان و جێبەجێكردنیشی لەخۆ گرتووە لە یەك كاتدا([10]). هەرچی "ئیبراهیم كاڵن"یشـە بە یەکێک لە دەستەبژێرە سیاسییەكانی حزبی داد و گەشەپێدان دادەنرێت و یەکێک لە ڕاوێژکارە دیارەکانی ئەردۆغانە لە داڕشتنی سیاسەتەکانی دەرەوەی تورکیا، بەتایبەت لە هەردوو دۆسیەی ئەمریكا و ئەوروپا؛ سەرپەرشتیی دۆسیەی سووریاشی كردووە لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمریکا، جەیمس جێفری و پشتیوانیی ئەمریکا و ڕۆژاوای بۆ توركیا لە دۆسیەی داعشدا مسۆگەر كردووە. سەرەڕای ئەوەیشی سیاسەتمەدارە، پسپۆڕیی هەیە لە فەلسەفە و مێژوودا و ئەکادیمیستە([11]). گرنگترین ئەو دۆسیانەیشی لە كابینەی نوێی ئەردۆغان لە نێوان توركیا و عێراقدا كراوەن و كاریگەر دەبن بە سەركەوتنەوەی ئەردۆغان، دەكرێت پۆلێن بكرێن بۆ ئەمانەی خوارەوە:

بنكە سەربازییەكان

بەپێی زانیارییە بەردەستەكان، توركیا 11 بنكەی سەربازیی سەرەكی و 19 سەربازگەی بنەڕەتیی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە بەشی باكووری عێراقە. هەندێك ڕاپۆرتی تر ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئێستادا نزیکەی 19 بنکەی تورکیا لە عێراق هەن کە 15 بنکەیان سەربازین و چوارەکەی تریش بنکەی هەواڵگرین. لە سەرجەم ئەمانەیشدا نزیکەی سێ هەزار  سەربازی توركی هەن كە لە 100 كم لە قووڵاییی خاكی عێراقدا هاتوچۆ دەكەن. جگە لە سەربازەكانیش ژمارەیەكی زۆر دەزگەی هەواڵگرییان لەگەڵدایە (میت)([12]). ئەم پەلكێشانەی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق بەزۆری لە سەردەمی ئەردۆغاندا قووڵ بووەتەوە و پەلی هاوێشتووە. بە بۆچوونی لایەنە شیعەكانیش، سەرباری ئەوەی ئەم هێزە زەبەلاحە لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی PKK كار دەكەن، بەڵام ئەركی تری ئەوان كەڵكوەرگرتنە لەو هێزە عێراقی و توركمانییانەی نزیكن لە توركیا([13])؛ هەروەها پێیان وایە ئەم هێزانە بەشێكن لەو سێبەرەی، توركیا لە عێراق بۆ خۆی دروست كردووە.

ئەردۆغان كەڵكی زۆری لە جەنگی داعش وەرگرت (2014_2018) و، بەم هۆیەوە ئەنقەرە بەشداریی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا کرد. لێرەیشدا هێزەکانی تورکیاش ئەرکی مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگە و مەشقپێکردنی هێزەکانی "حەشدی نیشتمانی"یان پێ سپێردرا کە لەلایەن پارێزگاری پێشووی مووسڵ، "ئەسیل نوجێفی"یەوە سەرپەرشتی دەکران ([14]). بەم جۆرەیش حكوومەتی ئەردۆغان جۆرێك لە باڵانسی چنگ كەوت بەرامبەر هەڵكشانی میلیشیا و گرووپ و دەستە شیعەكان بەرەو مووسڵ و تەلەعفەر لەسەر سنووری توركیا؛ بەم هۆیەیشەوە، هاتنی توركیا لە جەنگی داعش و بڵاوبوونەوەی پێشووتری لە سنوورەكان لە جەنگی پارتی كرێكارانەوە، گۆڕا بۆ بەڕێوەبردنی ململانێی ژێرپەردە لەگەڵ ئێران و، لە ئیستادا توركیای ئەردۆغان ئەم ئامادەبوونە سەربازییە وەک بەربەستێک دەبینێت کە ڕێگری دەكات لە كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی لەلایەن هێزە پڕۆئێرانییەكان.

 هەرچەندە زۆرینەی شیعی لە پەرلەمانی عێراق پاش كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس (كانوونی دووەمی 2020) بڕیارێكیان لە پەرلەمانی عێراق دەركرد بۆ كردنەدەرەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان([15])، بەڵام هیچ كات ئەردۆغان و حكوومەتەكەی خۆیان لەمە تێ نەگەیاندووە و بەپێچەوانەوە لەم ساڵانەی دواییدا قەبارەی پەلكێشانی توركیا لە ڕووی سەربازییەوە بۆ ناو خاكی عێراق لە جاران زیاتر بووە؛ چونكە بە بۆچوونی توركیا بڵاوبوونەوەی سەربازی لە عێراق نەک هەر سەری ڕمێکی پێشکەوتوو پێک دەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشە سەربازی و ئەمنییانەی لەوێوە دێن، بەڵکو ڕۆڵی هەیە لە بەدیهێنانی هاوسەنگیی جیۆ-ئەمنی و جیۆ-سیاسی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق؛ هەروەها گەرەنتیی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەنقەرەش دەكات([16])، بەتایبەت كە دیدگەی ئەردۆغان، دیدگەیەكی سوننەگەرایی و درێژكراوەی پرۆژەی عوسمانییە. لە دەمی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی توركیاشدا ئۆپۆزیسیۆنی توركی زۆر جار باسیان لەوە كردووە، بڵاوبوونەوەی سەربازیی توركیا لە عێراق هیچ سەركەوتوو نەبووە لە بەدیهێنانی ئامانجی سەركوتكردن و كێوماڵكردنی PKK، بەڵكوو زیاتر هۆكارێك بوون بۆ خزمەتكردنی ئەجێندا تایبەتەكانی ئەردۆغان([17]).

پلانە ئەمنییەكان

ئەردۆغان لە مەراسیمی سوێندخواردندا جەختی لە بەردەوامیی كێوماڵ و "قەڵاچۆكردنی مەترسییە ئەمنییەكان" كردەوە تا بەدیهاتنی ئامانجەكانی([18]). ئەمەیش بە جۆرێك لە جۆرەكان بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەكانە بۆ هەرێم و بەشە باكوورییەكەی عێراق، كە لە پاش گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن لە شنگال و پاش گەڕی دووەمیش لە "چیای ئاسۆس"ی شارباژێڕی سلێمانی بەكردەوە ڕووی دا. ئەم هێرش و هەڵمەتانەیش جگە لە تەریقكردنەوە و ڕیسواكردنی سەروەریی عێراق، لە هاوینی پاردا هەشت قوربانیی خەڵكی ناوەڕاست و باشوور و 26 برینداری لە ڕیزی گەشتیارانی مەدەنیی لێ كەوتەوە و تا ئێستایش توركیا نەچووە ژێر باری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ڕووداوەكە([19]). هەروەها بەردەوامیش قوربانیی مەدەنی و زیانی ماددی لە ناوچە گوندنشینە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لێ دەكەوێتەوە كە بەرپرسیارێتیی دەستووریی پاراستنی سەروەریی خاكەكەی لە ڕووی تیۆرییەوە لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقە و جگە لەوەی مایەی ڕیسوایی و تەریقبوونەوەیە، دەرگە دەكاتەوە بۆ گرووپە شیعەكان بانگەواز بۆ "بەرەنگاربوونەوەی داگیركاریی توركی" بكەن لە بەشی "باكووری عێراق".

بە سەرنجدانیش لە كابینەی نوێی ئەردۆغان، بەرنامەی کار و پێشینەی وەزیری نوێی بەرگریی توركیا "یەشار گولەر" كە جێگرەوەی "خلوسی ئاكار"ە، هەر هەڵگری ئاماژەی بەردەوامی هێرشەكانی توركیایە بۆ سەر هەرێم، چونكە وەزیری بەرگریی نوێ، سەرۆكئەركانی سوپا بووە لەبەردەستی خلوسی ئاكار؛ هەروەها وەزیری بەرگریی نوێ، لەبەر چالاكییەكانی چەندان جار خەڵات كراوە و، هەندێك بۆچوونیش لەسەر ئەوەن ئەم وەزیرە هەمان ستراتیژیی پێشوو لە لیبیا و سووریا و عێراق و ئازەربایجان پیادە دەكات لەگەڵ پەرەپێدانی پیشەسازیی جەنگی و فۆكەسی زیاتر لەسەر سنووری باشووری توركیا لە بەری عێراق و سووریاوە([20]).

دۆسیەی ئاو

 لە سەردەمی ئەردۆغان بەكارهێنانی سەرچاوەكانی ئاوی دیجلە و فورات وەك كارتێك بەرامبەر عێراق، قۆناغی زۆری بڕیوە، بەتایبەت پاش ئەوەی توركیا سەركەوتوو بوو لە دروستكردنی ژمارەیەكی زۆر بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاوی دیجلە، لە كاتێكدا وشكەساڵی و كەمیی باران باڵی بەسەر كەشی ناوچەكەدا كێشاوە. بەپێی زانیارییە بەردەستەكانیش لە ئێستادا بەردانەوەی ڕووبارەكانی دیجلە و فورات بۆ عێراق لە ئاستی تەنیا 30%ی شایستەیی و مافە سروشتییەكانی وڵاتەكەیە (313م سێجا لە دیجلە و 175 م سێجا لە فورات لە چركەیەكدا) .([21])لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا سەرجەم هەوڵەكانی عێراق لەگەڵ حكوومەتی ئەردۆغان بێئەنجام بووە بۆ واژۆكردنی ڕێككەوتننامەیەك لەبارەی دابەشكردنی ئاو لە نێوان هەردوو وڵات، چونكە توركیا بەباشی لە گرنگیی كارتی ئاو دەگات بۆ بەكارهێنانی بەرامبەر عێراق و، بەپێی سەرچاوە توركییەكانیش كۆدەنگی هەیە لە ناوخۆی وڵاتەكە بۆ دەستگرتن بە كارتی ئاوەوە وەك هۆكارێكی كاریگەری گوشار. هەر لەم نێوەیشدا لە بەهاری ئەمساڵ كە "محەمەد شیاع سوودانی" سەردانی توركیای كرد، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، تەنیا لەسەر ئەوە ڕازی بوو بە شێوەیەكی سنووردار و بۆ ماوەی یەك مانگ بەردانەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە لە تورکیاوە زیاد بکات تا "یارمەتیی عێراقی دراوسێ بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی"([22]). ئەم بڕە ئاوە كاتی و سنووردارەیش، زۆر كەمترە لە پێداویستییەكانی عێراق و چاوەڕوانییەكانی لە توركیای دراوسێ. هەندێ زانیاریش باس لەوە دەكەن، بەردانەوەی ئاوی ئەو مانگەیش لەلایەن ئەردۆغانەوە، بە مەرجی هاوكاریكردنی ئەنقەرە بووە لەلایەن عێراقەوە لە جەنگی پارتی كرێكاران (pkk)([23]).

ڕێگەی پەرەپێدان

حكوومەتی عێراق لەناو كۆنگرەیەكدا کە بەرپرسانی وڵاتانی دراوسێی لە بەغدا ئامادەی بوون (27ی ئایاری 2023)، پڕۆژەیەکی ڕێگەوبان و هێڵی ئاسنی ئاشکرا کرد کە بڕیارە کەنداو بە سنووری تورکیا ببەستێتەوە. ئەم پرۆژەیە كە خەونێكی دێرینی عێراقییە، بەشێكە لە هەوڵەكانی كەڵكوەرگرتن لە پێگەی جیۆستراتیژیی عێراق و هەمەجۆركردنی سەرچاوەی ئابووری و بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەر. حکوومەتی عێراق تێچووی پرۆژەكەی بە نزیکەی 17 ملیار دۆلار خەمڵاندووە كە درێژییەکەی 1200 کم دەكات لە ناوخۆی عێراقدا([24]). ئەم پرۆژەیە ڕوبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری بووەتەوە كە ناوخۆیی و دەرەكین؛ ناوخۆیییەكان دیارترینیان گومانە لە توانای جێگرتنەوە و ڕکابەریکردنی ڕێگە تەقلیدییەکانی ئێستای ڕێڕەوی بازرگانیی نێودەوڵەتی (سوێس بە نموونە)، هەروەها مەترسییەكانی جێبەجێکردنی لە دۆخی گەندەڵیی سیاسی و داراییی بەربڵاو لە عێراق و لاوازی دەزگەکانی دەوڵەت بۆ سپۆنسەرکردن و سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەیەکی بەم قەبارەیە([25]). لەسەر ئاستی دەرەكییش هیچ دەوڵەتێك جگە لە توركیا دەستگیرۆییی عێراقی ڕانەگەیاندووە. بۆ ئەوەی گفت و بەڵێنەكانی توركیاش ببنە كردار، لە ساڵانی داهاتوودا هەنگاوی زۆر، پێویستن، چونكە ئەگەر هات و لەناو خاكی توركیادا تۆڕێك هیڵی شەمەندەفەری تەواوكەر و جاددە دروست نەكرێن، ئەوە پرۆژە عێراقییەكە ئەو گرنگییەی نابێت كە باس دەكرێت و لە كۆتاییدا لە ناوخۆی وڵاتدا قەتیس دەبێت. بەڵام سەرباری گفتەكانی ئەردۆغان لە دەمی هەڵمەتی هەڵبژادرن بۆ سەرخستنی پرۆژەكە، ترس و دڵەخورتێی توركیا ڕوونە لە پەلكێشانی شیعەكان بۆ سنوورەكەی؛ لە بەرامبەریشدا هێزە شیعە حوكمڕانەكان هەمان ترسیان لە خەونە فراوانخوازییەكانی توركیا هەیە و بەگومانن ئەردۆغان لەم ڕێگەیەوە كارتی جموجۆڵی بازرگانی بقۆزێتەوە بۆ بووژاندنەوەی پڕۆژە فراوانخوازییەكەی لە ناوچەكانی ویلایەتی مووسڵی جاران كە لەسەر ڕێگه‌ی دەروازەكەیە؛ هەروەها بە پاساوی پاراستنی كاروانە بازرگانییەكانیش هێزی ئەمنی و سەربازیی زیاتر بهێنێتە ناو خاكی عێراقەوە([26]). بەشێك لەم ترس و دڵەڕاوكێیەیش هۆكارن بۆ ئەوەی هەندێك هێزی شیعەی بەشدار لە حكوومەتی سوودانی بەتوندی دژی پرۆژەكە بوەستنەوە و باس لەوە بكەن پارە بەفیڕۆدانە و پەرەپێدانی لێ شین نابێت ([27]).

دۆسیەی نەوت

نوێترین كێشەی هەڵپەسێردراوی نێوان توركیا و عێراق دۆسیەی نەوتە و، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و تاوانباركردنی توركیا بە فرۆشتنی ئەو نەوتە بەبێ ئاگاداریی عێراق و دانانی بڕی 1.4 ملیار دۆلار پێبژاردنی لە ئەستۆی توركیا([28]). لە كاتى ڕاگەیاندنی بڕیارەكەیشەوە (25ی مارسی 2023) ئەردۆغان و دەسەڵاتدارانی وزەی توركیا بە ڕق و گیانی تۆڵەكردنەوەوە مامەڵە لەگەڵ هەناردەكردنەوەی نەوتی عێراق دەكەن لە ڕێگەی پەكخستنی گەیشتنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم و كەركووك بۆ بازاڕەكانی جیهان كە دەكاتە 0.5% بەرهەمی جیهانی. بەم هۆیەیشەوە لە 25ی مارسی 2003 بەدواوە هەناردەكردنی نەوت ڕاگیراوە، لە كاتێكدا بەپێی هەموو خەمڵاندنە فەرمییەكانی عێراق، دەبوو ئەوپەڕی لە نیوەی یەكەمی ئایاری 2023 هەناردە دەستی پێ بكردایەتەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی بەغدا و هەولێر و كۆمپانیاكان لەسەر میكانیزمی نوێ ڕێك كەوتن([29]). بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوە دەكەن ئەردۆغان بەبێ وەرگرتنی دڵنیایی لەبارەی چارەنووسی بەشی دووەمی سكاڵاكە لە بەردەستی دەستەی ناوبژیوانیی پاریس، نەوت هەرنادە ناكاتەوە. دۆسیەكەیش پەیوەندیی بە دۆخی پاش 2018 هەیە و چەند سەرچاوەیەك پێشتر باسیان لەوە كردووە تورکیا دەیەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات پێش ئەوەی لە ڕێگەی بۆڕییەکانەوە هەناردە بکاتەوە([30]). ئەمەیش بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو بەجێ هێڵراوە.

پەیوەندیی توركیا و هەرێم

هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی سیاسی و ئابووری و جوگرافیی تێكچڕژاوی هەیە لەگەڵ توركیا. لە ساڵی ڕابردوویشدا (2022) بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەردوو لا، گەیشتۆتە 12 ملیار دۆلار كە لە نیوە زیاتری كۆی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانە لەگەڵ عێراق([31]). ئەم پەرەسەندنە بازرگانییەیش بەشی زۆری هی دوو دەیەی حوكمڕانیی ئەردۆغانە و پەیوەندیی هەردوو لاش زیاتر بنەڕەتێكی ئابوورییانەی هەیە بەر لە كایەكانی تر. لەم بەینەیشدا توركیای ئەردۆغان بەسەربەخۆ نەوتی بۆ هەرێمی كوردستان فرۆشتووە و، هەردوو لاش لە پرۆسەكە سوودمەند بوون، بەڵام لە ڕووی ئەمنییەوە پەیوەندیی هەرێم و توركیا لەژێر كاریگەریی هەڵكشان و داكشانی گرژییەكانی پارتی كرێكاران و ئەنقەرەدا دەمێنێتەوە. ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەیش سێبەر و لێكەوتەی لەسەر ئاستە سیاسی و ئابوورییەكەیش دەبێت، وەك لە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی "فڕۆكەخانەی سلێمانی"دا دەركەوت بە پاساوی هاوكاریكردنی PKK كە ئێستا بووەتە هۆی ڕاگرتنی 105 گەشتی مانگانەی فڕۆكەخانەكە؛ ئەمەیش دەكاتە 35_40%ی كۆی گەشت و چالاكییەكانی فڕۆكەخانەكە([32]). دۆسیەی فڕۆكەخانەكەیش نموونەیەكە لە هەژموونی دۆسیەی ئەمنی بەسەر پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی توركیا و هەرێمی كوردستان و، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە بە جۆر و شێوازی تر.

پوختە و ڕاسپاردە

سەرباری ئەوەی دەسەڵاتدارێتیی شیعەی عێراق كەیفخۆش نییە بە كەسایەتیی ئەردۆغان، بەڵام سنوور و بەرژەوەندی و پێداویستی، ناچاری دەكات مامەڵەی لەگەڵدا بكات بەبێ ئەوەی بە نموونەیەكی پەسەندكراوی بزانێت؛ لە بەرامبەریشدا توركیا، عێراق وەك دەرفەت و بازاڕ دەبینێت و ئامادەییی سەربازییش لە خاكەكەی، وەك هۆكارێك دەبینێت بۆ هاوسەنگكردنی باڵانس لەگەڵ ئێران و باڵەكانی. بە گوێرەی ئاماژەكان لە كابینەی نوێی ئەردۆغاندا هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوە لە دۆسیەكانی عێراق ڕۆڵی گەورە دەبینن و، جگە لە دۆسیە گەرمەكانی ئاسایش و بڵاوبوونەوەی سەربازی، دۆسیەی سامانی ئاو و "ڕێگەی پەرەپێدان" و دۆسیەی هەناردەكردنی نەوت لە پەیوەندییەكانی هەردوو لادا ئامادەییی گەورەیان دەبێت.

لەسەر ئاستی عێراق، بۆ هەرێمی كوردستان تەنیا دەرفەت لە پەیوەندییەكانی بەغدا و ئەنقەرە، دژایەتییەكانی هێزە شیعە حوكمڕانەكان و دەسەڵاتدارێتیی ئەردۆغانە؛ بەو پێیەی شیعەكان ئەردۆغان بە مەترسی دەبینن و ئەویش پەلكێشانی باڵە ئێرانییەكان بە هەمان شێوە. ئەمەیش دەكرێت هاندەری توركیا بێت كە هەرێم لە نەخشەی عێراق نەسڕێتەوە و لە "ڕێگەی پەرەپێدان"یش، كوردستان نەگۆڕێتەوە بۆ تەلەعفەر و دەروازەی نوێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێراق لە پارێزگای نەینەوا و كاركردنیش لەسەر ئەم دژیەكییە، وریایی و پلانی وردی پێویستە.

 

 

 

([1])https://2u.pw/Pb9wQ2

([2])https://2u.pw/3vsqZC

([3])https://2u.pw/BuZFTvH

([4])https://2u.pw/AGMJ94

([5])https://cutt.us/8Ynnc

([6])https://2u.pw/AGMJ94

([7])https://2u.pw/KzGoim

([8])https://2u.pw/GTgiTj

([9])https://2u.pw/0PS40I

([10])https://2u.pw/BuZFTvH

([11])https://2u.pw/fAvRBkc

([12])https://bit.ly/2MfPm9E

([13])https://cutt.us/xmaGW

([14])https://cutt.us/oQveI

([15])https://cutt.us/ZQF4v

([16])https://cutt.us/uLr47

([17])https://cutt.us/VA6kt

([18])https://2u.pw/R2ioUP

([19])https://2u.pw/npLvm4

([20])https://2u.pw/vEGq0M

([21])https://2u.pw/rnFxQV

([22])https://cutt.us/MX5Pp

([23])https://cutt.us/LChS1

([24])https://cutt.us/nZspJ

([25])https://cutt.us/rlJk5

([26])https://bit.ly/3zwTwQj

([27])https://cutt.us/T0Gky

([28])https://cutt.us/W8YU1

([29])https://cutt.us/dJ8JN

([30])https://cutt.us/MTY6c

([31])https://cutt.us/GwQvK

([32])https://cutt.us/F9rdX

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples