یاسین تەها، خوێندکاری دکتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاکان، هەروەها شارەزا لە کاروباری عێراق
پێشەكی
ساڵی پار (2022) دادگهی فیدراڵی، پێنج جار بڕیاری ڕەتكردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی دژی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان دەركرد؛ بەناوبانگترین ئەو بڕیارانەیش: له (15ی شوباتی 2022) بەنادەستووری لەقەڵەمدانی سەرلەبەری یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بوو (ژمارە 22ی ساڵی 2007) بە یەك پاكێج و بەبێ چوونەناو وردەكارییەوە. لە ساڵی نوێیشدا له (26ی كانوونی دووەمی 2023)، دادگهكە بڕیارەكانی حكوومەتی مستەفا كازمی (2020_2022)ی بۆ ڕەوانەكردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان بەنادەستووری لەقەڵەم دا؛ ئەمەیش بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیك ڕەوانەكردنی بڕی 400 ملیار دیناری بڕیارلێدراوی بۆ هەرێم ڕاگرت. بەهۆی ئەوەیشی ناكۆكییەكانی پەیوەست بە نەوت و بوودجە لە ئێستادا تەوەری سەرەكیی گفتوگۆ و پەیوەندییەكانی هەردوو حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵین لەسەر نەوت، ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات لەبارەی لێكەوتەی ئەو بڕیارانەوە لەسەر ئەم سێكتەرە هەڵوێستە بكات، بەتایبەت دۆسیەی نەوت، كە هێندە گرنگە محەمەد سوودانی، سەرۆكوەزیران دەڵێت: "وا دەرکەوت کە تەنیا پرسی نەوت، کێشەکانی هەرێم لەگەڵ ناوەند چارەسەر دەکات([1])."
بۆچوونی زاڵ لە ناوەندی سیاسی و میدیاییی عێراقیدا وایە كە بڕیارەكانی دادگهی فیدراڵی دژی دۆسیەی نەوت، ڕاستیی هەڵوێستی حكوومەتی فیدراڵ دەسەلمێنێت و وەك سەركەوتن تەماشای دەكرێت و، پێیان وایە پێویستە حكوومەتی هەرێم جێبەجێی بكات ([2]). ئەم هیواهەڵچنینە لەسەر دادگهی فیدراڵی لە بەغدا لە ناوخۆی عێراقدا لە كاتێكدایە كە، سكاڵای حكوومەتی بەغدا لە "دادگهی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی"ی پاریس لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە؛ ئاماژە و خواستە ئاشكراكراوەكانیش ئەوە دەردەخەن خواستێكی عێراقی هەیە، ئەم بڕیارەی دادگهی فیدراڵی هاندەر بێت بۆ ئەوەی لە پاریسیش كەیسی سكاڵا لەسەر فرۆشتنی نەوت لە هەرێمەوە بەسەربەخۆ، لە بەرژەوەندیی بەغدا بێت. لە بەرامبەر ئەم بۆچوونە عێراقییە، لێكدانەوەی تر هەن پێیان وایە ناكۆكییە نەوتییەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی ڕابردوودا بە زیانی هەردوو لا كۆتایی هاتووە؛ بەو پێیەی "هەوڵی قۆڵبادان لەلایەن بەغداوە و، تاکتیکی خۆدزینەوە و كاتكوشتنیش لەلایەن هەولێرەوە، لەسەر حیسابی پیشەسازیی وڵاتەكە و پەرەپێدانی نەوتە وەك سەرچاوەی داهاتی سەرەكی لە وڵات([3]). بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی ئەمریكا، "جێنیڤەر جافیتۆ"یش باسی لەوە كردووە ناكۆكییە نەوتییەكان، "تەنیا زیان بە پێگەی هەرێم ناگەیەنن لەناو عێراقێکی فیدراڵی یەکگرتوودا، بەڵکوو زیان بە هەموو لایەنەکانی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەیش بە قەبارەیەکی گەورەتر دەگەیەن"([4]).
بۆچوونی زاڵی بەرەی حكوومەتی فیدراڵی چاوی لەوەیە و بەنیازە حوكمی دادگهكەی پاریس لە بەرژەوەندیی بەغدا یەكلایی ببێتەوە و، پێی وایە توركیا كە ڕێگەی داوە نەوتی هەرێم بەسەربەخۆ بفرۆشرێت، پێشێلكارییە. ئەم كەیسەیش لە ساڵی 2013 و له سەردەمی حكوومەتی دووەمی نووری مالیکییەوە درێژەی هەیە. لە تەممووزی پاریشەوە هەموو لایەنەكانی كێشەكە دوا بەرگرینامەی خۆیان پێشكەش بە دادگه كردووە و تەنیا ئەوە ماوە دادگهكە دوا بڕیاری لەبارەوە دەربكات([5]). هەندێ ههواڵی دزەپێكراویش باس لەوە دەكەن دادگهكە بڕیاری ئەوەیە "پێویستە هەرێم نەوتەكەی ڕادەستی بەغدا بكات"؛ بەڵام هێشتا ڕای نەگەیاندووە([6]). بە گوێرەی سكاڵاكەیش عێراق داوا دەکات تورکیا نزیکەی 26 ملیار دۆلار وەك قەرەبوو بداتە عێراق؛ بەو پێیەی حكوومەتی تورکیا بەبێ ڕەزامەندیی فەرمیی حكوومەتی عێراق، ڕێگەی داوە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی "بەندەری جەیهان"ەوە هەناردە بکرێت و بفرۆشرێت([7]). بەڵام شتێكی ڕوونە، دەرچوونی بڕیارێكی وەها جگە لەوەی پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر ئاڵۆزتر دەكات، پەیوەندییەكانی عێراق و توركیاش دەخاتە بەردەم ڕیسك و كێشە و گرێوگۆڵی زۆرەوە؛ بەتایبەت كە قەبارەی بازرگانی لە نێوان توركیا و عێراق ساڵانە لە دەوروبەری 20 ملیار دۆلاردایە؛ لە ئێستایشدا لایەنی توركی، پلانی ئەوەی هەیە ئەو بازرگانییە بەرز بكاتەوە بۆ 50 ملیار دۆلار([8]).
توركیا دەروازەی عێراقە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا؛ دووهێندەی قەبارەی هەناردەی ئێرانیش بەرهەم ڕەوانەی بازاڕەكانی عێراق دەكات؛ جگە لەوەیش ئەندامی ناتۆیە و لە قووڵاییی خاكی عێراقدایە بە سەربازگە و هێزی سوپایی و قسەی بەسەر سوننەكان و توركمانەكانیش دەڕوات([9]). ئەگەر بێت و لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم ئیدانە بكرێت و بخرێتە ژێرباری ملیارەها دۆلار قەرەبووەوە، بێ گومان ئەو كاتە لەگەڵ عێراق دەچێتە قەیران و ئاڵۆزییەوە؛ لە كاتێكدا هەردوو دەوڵەت لە دۆخێكدا نین ململانێ و كێشمەكێشی گەورە بكەن، بەتایبەت كە بەم دوایییانە وەزارەتی وزەی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر ئاییندەی ئومێدبەخشی کەرتی غاز لە هەرێمی کوردستان بڵاو كردەوە([10]). دەروازەی هەناردەكردنی ئەو غازەیش لە داهاتوودا- ئەگەر هەلومەرج ڕەخسا-، هەر دەبێت لە توركیاوە هەناردە بكرێ ئەگەر بە ڕێككەوتنیش بێت لەگەڵ حكوومەتی بەغدا.
محەمەد سوودانی، سەرۆكوەزیران، لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەوانیدا (٩ی شوباتی ٢٠٢٣) ڕای گەیاند، "بە نەخشەڕێگهیەک دەستمان پێ کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر كە لە پارەداركردنی بوودجەكانی پێشوودا خۆی دەبینییەوە، بەڵام بەر دیواری بڕیاری دادگهی فیدراڵی كەوتین!"([11]) ئەم لێدوانە كە دەكرێت وەها بخوێنرێتەوە كه: بێزاریی سوودانی دەربخات لە بڕیارەكە، لە بەرامبەریدا گەشبینی و دەستخۆشی لە دادگهكەیش لەناو "چوارچێوەی ههماههنگی"، ڕای باوی ناو ئەم بەرە شیعەیە كە بنكەی سیاسیی سوودانین، بەو ئاراستەیە كە "بڕیاری دادگه دەبێت وەك خۆی جێبەجێ بكرێت چونكە بڕیاری دادگه خاتری كەس ناگرێت، بەڵكە لهسهر بنهمای یاسا و دەستوور دەردەچێت"؛ جگە لەوەیش باوەڕی زاڵی ناو شیعەكان ئەوەیە كە، كورد دەبێت ملكەچی دەوڵەتی عێراق بن([12]). ئەو پەرلەمانتارەیشی كە جووڵێنەری سكاڵاكە بووە (مصطفی سند)، هەر لە بازنەی چوارچێوەی ههماهەنگییە و یەكێك بووە لە دهموچاوه دیارییەكانیان.
ئەم ناجۆرییەی لێدوانی سوودانی و بۆچوونی ناو چوارچێوەی شیعی، دەشێت بەشێك بێت له ڕۆڵ دابەشكردن؛ دەشێت ڕەنگدانەوەی ناكۆكییەكانی ناو چوارچێوەی شیعەیش بێت، بەتایبەت كە لە پاش دەرچوونی بڕیارەكە تەنیا قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب، بەئاشكرا پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕی و داوای پشتیوانیی بڕیاری دادگهی فیدراڵی كرد([13])؛ پێشتریش بڕیاری دادگهكەی بۆ بەنادەستووری دانانی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی بە "گرنگترین بڕیار" لە قەڵەم دابوو([14])؛ بەڵام سەركردەكانی تری بەرە شیعە، بەبێدەنگی لێدوانەكەی "بارزانی"، "سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان"یان بەڕێ كرد كە دادگهكەی بە "جێگرەوەی دادگهی سەورە"ی بەعس دابووە قەڵەم([15]). جگە لەمەیش بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دزەیان كردووە، چوارچێوە شیعییەكە لە ئێستادا بەسەر دوو جەمسەردا دابەش بوون كە یەكێكیان دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی و ئەویتر عەسائیبی قەیس خەزعەلییە و هەردوو لا لەسەر دەسكەوتەكانی حكوومەت و ڕێبەرایەتی و كاریگەری لەناو كابینەكەی سوودانیدا لە ناكۆكیدان([16]). لە دەرەوەی ئەم وردەكارییانەیش بە شێوەیەكی گشتی وا دەردەكەوێت سوودانی لە دۆخێكی باشتردا بێت لە حكوومەتی هەرێم لە مامەڵەكردن لەگەڵ بڕیارەكەی دادگه، چونكە جگە لەوەی پاڵپشتییەكی شیعیی هەیە، كەڵك لە ناكۆكییەكانی ناوخۆی كوردستانیش وەردەگرێت (پارتی و یەكێتی) و، دادگهكە چەكێكی پێ داوە گوشاری پێ بكات لە هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەسەری بكەوێت([17])؛ ئەمەیش لە كاتێكدا كە خۆی توانای جێبەجێكردنی گفتەكانی نییە كە بە هەرێمی داوە و، بڕیاربەدەست بنكە شیعەكەی پشتیوانییەتی.
لە دەرەوەی حكوومەتیش دیوانی چاودێریی داراییی عێراق- كە دەزگهیەكی چاودێرییە-، لای خۆیەوە گرتنەبەری ژمارەیەک ڕێکاری ڕاگەیاندووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگهی فیدراڵی. ئەم دەستەیە كە ئیشی ئامادەكردنی ڕاپۆرتە و هیچ میكانیزمێكی جێبەجێكاری لەبەردەست نییە، چەند داوایەكی لە هەرێمی كوردستان كردووە لەوانەیش([18]): "پێویستە هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات؛ پێویستە حكوومەتی هەرێم پابەند بێت بە بڕیارەکانی دادگهی فیدراڵی؛ پێویستە وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێریی دارایی پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمدا بکەن". لە كۆتاییی نووسراوەكەیشیدا باسی لەوە كردووە، "پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراقدا دیاری دەکرێت؛ هەروەها مافی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێم پارێزراو دەبێت و بەشە بوودجەکەیش بەبێ دواکەوتن ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت"؛ بەبێ ئەوەی بچێتە وردەكاریی چۆنێتیی ئەو دیاریكردنەوە. ئەوەی جێگەی هەڵوێستەیە، دیوانی چاودێری، نووسراوەكەی ئاراستەی دادگهی فیدراڵی كردووە وەك هەنگاوی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگه، دادگهیش لە ماڵپەڕی خۆی بڵاوی كردووەتەوە و كەیفی پێ هاتووە! لە كاتێكدا ئەمە نامۆیە بە پێشینەی كاری دادگه كە لە ڕووی میدیایییەوە سۆراغی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی بكات؛ هەروەها شتێكی نامۆیشە، دیوانی چاودێریی دارایی هەوڵ بدات ڕۆڵی دەزگهیەكی جێبەجێكار ببینێت!
لەسەر ئاستی پەرلەمانیش لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لە هەندێك پێشنیاز دەكەن كە لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە لە ئارادان وەك: دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە ڕاستەوخۆ پەیوەست بێت بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە سەرجەم کارەکانی دەرهێنان و بەرهەمهێنان؛ هەروەها پێشنیازەکان ئەوەیش لەخۆ دەگرن كە کۆمپانیایەکی دیکەی وزە دابمەزرێت کە پەیوەندیی بە وەبەرهێنانی غازەوە هەیە، لەگەڵ كۆمپانیایەكی سێیەم بۆ پاڵاوگە حکوومییەکان([19]). بەم پێیەیش، دەكرێت یاسای نەوت و گاز ببێتە چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ناکۆکی لەسەر سامانی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر؛ تەنانەت هەموو دۆسیەكانی وزە لە سەرتاسەری عێراق ڕێک بخات. بەڵام ئەم یاسایە هەماهەنگیی زۆری پێویستە، چونكە ئەركێكە له پاش 2005 تا ئێستا كەڵەكە بووە و بەهۆی ناكۆكییەوە نەكراوە؛ هەروەها بەرژەوەندیی دژیەكی تێدایە و بەسەر واقعێكی وزەیشدا دەردەكرێت كە چەند ساڵە لەناو عێراقدا پیادە دەكرێت، كە لە ڕووی تیۆرییەوە یەك دەوڵەتە و، دوو ئابووریی جیاواز و دوو سیستهمی بەڕێوەبردنی وزەی هەیە و چارەسەركردن و گونجاندنی ئەم هەموو دژیەكییەیش كاریكی هەروا ئاسان نییە.
گوشارە قەزایییەكانی دادگه لەسەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لە كاتێكدایە كە، حكوومەت لە بنەڕەتەوە لەگەڵ كۆمەڵێك كێشە ڕووبەڕوو بووەتەوە؛ بە گوێرەی ڕاپۆرتە ئەمریكییەكان، ئەدای 100 ڕۆژی یەكەمی حكوومەت "متمانەپێكەر نەبووە". به نیسبهت هەرێمی كوردستانیشەوە، حكوومەتی سوودانی لە دەمی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێم لە بری ئیدانەكردن و ڕێگریكردن، سوپاسی ئێرانی كردووە كە باسی كۆنترۆڵی سنوورەكانی كردووە([20]). هەر بە گوێرەی هەندێك هەڵسەنگاندنی تری ئەمریكی، هەرچەندە هێشتا زووە سوودانی وەك "خزمەتكاری ئێران" تەماشا بكرێت، بەڵام ئەو ڕێگهیەکی ئاشنای حكوومەتەکانی عێراق پەیڕەو دەکات؛ کەمترین شتیش دەکات کە پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن؛ لە هەمان کاتدا داواکاری و هەڵپەی لایەنەكانی دۆستی ئێرانیش جێبەجێ دەكات([21]). لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەگەرچی لایەنە پشتیوانەكانی بێدەنگیی لێ دەكەن و چاوەڕێی هەنگاوەكانی داهاتوون، بەڵام هەست دەكرێت سەرەتای حكوومەتەكەی زیاتر تیۆریزەكردن و گفتدانە، بەتایبەت كە "سەرکەوتوو نەبووە لە پێکهێنانی تیمێکی حکوومی بۆ بەڕێوەبردنی فایلە مەترسیدار و هەستیارەكان لە دەرەوەی بازنەی حزبە دەسەڵاتدارەکان"([22]).
بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنەكان "السوداني ميتر"([23])، ئەوە دەردەخەن لە ماوەی 100 ڕۆژی یەكەمی كاركرنیدا، حكوومەتی سوودانی تەنیا ١٠٪ گفت و بەڵێن و بەرنامەی کاری خۆی جێبەجێ كردووە؛ ئەمەیش زیادبوونێکی زۆر کەمە لەچاو حكوومەتی کازمی كە گەیشتە 7%. لەم هەڵسەنگاندنەدا ئەوەی دەربارەی پەیوەندییەكانی بەغدا و هەرێمی كوردستانە، ئەم ڕاستییانە خراونەتە ڕوو:
ـ جێبەجێكردنی ڕێککەوتنی شەنگاڵ لە چوارچێوەی بەرنامەی حكوومەتدایە، بەڵام جێبەجێ نەکرا و، هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی لەسەر زەوی (لهسهر ئهرزی واقع) نەنراوە.
ـ چۆڵكردنی بارەگا كوردییەكانی كەركووك و گێڕانەوەی مافی چالاكیی سیاسی بۆ هێزە كوردییەكان لە نەینەوا و كەركووك و دیالە و سەڵاحەددین، وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە.
ـ تەرخانكردنی بوودجە و خەرجكردنی پارەی ئەو کەسانەی کە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای 140 دەیگرێتەوە، تا ئێستا لەلایەن سوودانییەوە جێبەجێ نەکراوە.
ـ پرۆژەیاسای نەوت و گاز، کە سوودانی تا ئێستا نەیتوانیوە پێشکەشی بکات؛ لە كاتێكدا وادەكەی شەش مانگە.
ـ ڕێککەوتن لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای بوودجە بۆ ساڵی 2023، هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
ـ پرۆژەیاسای "ئەنجومەنی فیدراڵی" تا ئێستا حكوومەت نەیتوانیوە پێشکەشی پەرلەمانی بکات و، وادەكەی شەش مانگە.
ـ پرۆژەیاسای دادگهی فیدراڵی، كە سەرچاوەیەكی سەرەكیی كێشەكانە، تا ئێستا حكوومەت پێشكەشی پەرلەمانی نەكردووە.
بڕیاری ڕاگرتنی ڕەوانەكردنی بەشە بوودجە لەژێر كاریگەریی بڕیاری دادگهی فیدراڵی، دوو لێكەوتەی ڕاستەوخۆی هەبوو: یەكەمیان دابینكردنی پاڵپشتیی یاساییی زیاتر بوو بۆ بڕیاری دادگه لەبارەی دۆسیەی نەوت، پاش ئەوەی لێدوانە فەرمییەكان و دزەپێكردنەكان جەختیان لەوە دەكردەوە حكوومەتی عێراق لانی كەم جێبەجێكردنی بڕیارەكە هەڵدەپەسێرێت([24])؛ دووەمیش دروستكردنی پرسیار و گومانی زۆر بوو لەسەر چارەنووسی "هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت" كە چوارچێوەیەكی سیاسیی بەرفراوانی كۆكردنەوەی لایەنەكانی پشتیوانی حكوومەتی سوودانییە لە هەر سێ پێكهاتەی شیعە و سوننە و كورد، بەبێ موقتەدا سەدر و هێزە ئۆپۆزیسیۆن و مەدەنییە نوێ و تازە دەركەوتووەكان. لەبارەی چارەنووسی ئەم هاوپەیمانییەیشەوە، سیناریۆ دەستاودەستپێكراوەكان باسیان لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوە یان دروستبوونی كەلێن و درز لە هاوپەیمانییەكە كرد([25])، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا یاسای بوودجە دەرنەچووە و هیوایەك هەر ماوە بۆ گەیشتنە چارەسەرێك لەبارەی بەشە بوودجەی هەرێم، ئەگەری كشانەوەی "پارتی دیموكرات" یان "یەكێتیی نیشتمانی" لە هاوپەیمانییەكە لاوازە، چونكە بوودجە چارەنووسساز و هەستیارە و، بەدوورەپەرێزی ناتوانرێت كاری تێدا بكرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا بوودجە تاقیكردنەوەیەكی قورس و ئەزموونێكی سەختە و ئەگەر لێكگەیشتنی تێدا نەیەتە دی، ئەوە كۆی پەیوەندیی هەرێم و بەغدا دەكەوێته بەردەم ئاڵۆزی و تەنگژەی گەورەوه؛ چونكە بڕیاری دادگه دەرگهكانی تری چارەسەری كێشەی دارایی و نەوتی لە نێوان بەغدا و هەولێر بەتەواوی بەرتەسك كردووە، ئەگەر بەیەكجاری كڵۆمی نەدابێت. سەرباری ئەمەیش، بەگشتی بۆچوونەكان لەسەر ئەوەن پارتی دیموكراتی كوردستان، كە پەرچەكرداری زۆر توندە لەسەر بڕیاری دادگهی فیدراڵی، لە قۆناغی ئێستادا لە پرۆسەكە ناكشێتەوە، بەڵكە چاوەڕوانی سەرەنجامی دانوستانەكانی پەیوەست بە بوودجە دەكات([26])؛ بە تایبەت كە جگە لەوەیش، نوێنەرانی هاوپەیمانیی هاوپەیمانییە شیعەكە ناوبەناو جەخت لەوە دەكەنەوە، "چوارچێوەی هەماهەنگی، پابەندە بە هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە کاتی پێکهێنانی حكوومەت و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت واژووی كردووە". لەگەڵ ئەوەیشدا جەخت لەوە دەكەنەوە "چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوەیە؛ لە هەمان کاتدا پابەندبوون بە چوارچێوە دەستوورییەکان"([27]). پێشتریش سوودانی ئەوەی ڕاگەیاندبوو كە سەرقاڵی دۆزینەوەی دەرچەی ترە پاش بڕیارەكەی دادگهی فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی بەشە بوودجە و پشكی هەرێمی كوردستان. هەروەها جەختی لەوە كردبووهوه ئەوان لە سهروبهندی پێشکەشکردنی بوودجەدان؛ لەگەڵ هەرێمیش گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی نەوت و تەرخانکردنی پشكی هەرێم لە یاسای بوودجەدا. لە دوای پەسەندکردنی بوودجەیش، دەچنە سەر دانانی یاسای نەوت و گاز؛ ئەمەیشی بە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکان لە دوای نووسینی دەستوورەوە لە دوای 2003 دابووە قەڵەم([28]).
بەهۆی ئەوەی ناتوانرێت پشت بە گفت و بەڵێنی لایەنە شیعەكان ببەسرێ و دۆخی سیاسیی عێراق جێگیر نییە، چاوەڕوانییەكان و هیواكان بەو ئاراستەیەن نوێنەرایەتییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا بێنە سەر هێڵی هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا؛ چونكە وا دیارە هەوڵەكانی چارەسەر، نزیكن لە گەیشتن بە بنبەست، پاش ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ڕای گەیاند: ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان و شاندی هەرێم بووە، ئەنجامی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن([29]). لە لایەكی تریشەوە ئەم پرسە جێگەی بایەخپێدانی واشنتۆنە، بە بەڵگەی ئەوەی پاش سەردانەکەی شاندێکی عێراقی بۆ ئەمریکا بە سەرکردایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانیشە؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازیی لەو گفتوگۆیانە ڕاگەیاند کە لە نێوان هەولێر و بەغدا دەربارەی بوودجەی 2023 و یاسای نەوت و گاز بەردەوامن([30]). بەر لەوەیش لە نێوهندی سەردانی شاندی ئەمریكا بۆ هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەكگۆرگ، ئامۆس هۆشستين، ڕێکخەری تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە، بەشدار و ئەندامی شاند بوو. بە گوێرەی ڕاپۆرتە ئەمریكییەكانیش هاتنی ئەم بەرپرسەی وزە، پەیوەندیی بە هەوڵەکانی ئەمریکاوە هەیە بۆ هاندانی عێراق بۆ پێشخستنی پڕۆژەی گواستنەوەی غازی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوروپا([31])؛ چونكە قەیرانی وزە دوای جهنگی ڕووسیا لە ئۆکراینا هاتە ئاراوە و كێشەیەكی گەورەی جیهانییە. هەروەها جێنیفەر جافیتۆ، كە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكایە باسی لەوە كردووە، پێویستە هەرێم و بەغدا بگەن بە ڕێککەوتن سەبارەت بە یاسای نەوت و گاز". باسی لەوەیش كردووە، "ئێران هەمیشە ناكۆكییهكانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەكان دەقۆزێتەوە؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ دەدات جیاوازییەکان قووڵتر بکاتەوە و ڕێگری لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن دەكات سەبارەت بە کێشەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان، نەوت و گاز و بوودجە"([32]).
ئێستا كە عێراق گیرۆدەی قەیرانی دۆلارە، هەروەها لۆبیی چوارچێوەی ههماهەنگی لە ئەمریكا لاوازە، دەرفەت هەیە كەڵك لە پەرۆشیی ئەمریكا و وڵاتانی تری ئەوروپا وەربگیرێت بۆ هەوڵی چارەسەركردنی یاسای نەوت و گاز لە عێراق، بەتایبەت كە بە گوێرەی زانیارییەكان محەمەد شیاع سوودانی لە ڕێگەی پاریس و بەرلینەوە هەوڵی ئەوەی دابوو كاریگەریی لەسەر ئەمریكا دروست بكات بۆ پرسی دۆلار بەهۆی ئەوەی كەناڵی ڕاستەوخۆی بەهێزی نییە لەگەڵ ئەمریكییەكان([33]). باوەڕیش وەهایە، هەر بۆ ئەم مەبەستە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش سەردانی پاریسی كردبێت، بەتایبەت پاش زیادبوونی بێهیوایییەكان لە بەغدا([34]).
بڕیارەكانی دادگهی فیدراڵی دژی یاسای نەوت و غازی هەرێم و ڕاگرتنی هەناردەكردنی بوودجە، ئاسۆكانی دانوستان و گفتوگۆی لە بەردەم چارەسەركردنی كێشەكان بەرتەسكتر كردووە؛ پەیوەندییەكانی هەردوو لایشی بردووەتە قۆناغێكی زۆر هەستیار و لێواری هەرەس و داڕمان. لە مامەڵەكردن لەگەڵ بڕیارەكە هەست بە جۆرێك لە ڕۆڵ دابەشكردن دهكرێت لە لایەنەكانی چوارچێوەی ههماهەنگییەوە؛ هەندێكیان ستایشی بڕیارەكە دەكەن، هەندێكی تر بێدەنگییان لێ كردووە، حكوومەت و سەرۆكەكەی پێی وایە بەر دیواری لەمپەری دادگه كەوتوون، بەڵام وەزارەتی دارایی سوورە لەسەر جێبەجێكردنی وەك خۆی و، لەولایشەوە دیوانی چاودێریی دارایی هاتووەتە سەر هێڵ و وەك دەزگهیەكی جێبەجێكار مامەڵەی لەگەڵدا دەكات؛ ئەمە لە كاتێكدا لایەنە كوردییەكان لە بەغدا بەپەرتەوازەییی زۆرەوە كار دەكەن و هیچ دیدگه و پلان و هەوڵێكی هاوبەشیان نییە بۆ چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوەی لێكەوتەی بڕیارەكە و چارەسەركردنی. ئەمەیش بڕێكی زۆر گوشارەكانی سەر سوودانی سووك دەكات و دەرفەتی زیاتری پێ دەدات.
لە ئێستایشدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە، دوو بژاردە بەردەستتن و هەردووکیشیان پێداویستی قۆناغەکەن:
ـ چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دەركردنی یاسای دادگهی فیدراڵی و نەوت و گاز بە هەر نرخ و جۆرێك بێت، چونكە دەرچەی تر بۆ چارەسەر داخراون. یاسای دادگهی فیدراڵی، كاریگەریی هەیە لەسەر لاوازكردنی شەرعییەتی ئەم دادگهیە؛ هیوای ئەوەیشی لێ دەكرێت دادگهیەكی "پێگەیشتوو"ی تر بەرهەم بهێنێت؛ یاسای نەوت و گازەكەیش تەنیا بژاردەی دەرچوونە لە قەیرانەكە.
ـ كەڵكوەرگرتن لە لاوازیی حكوومەتی سوودانی لە دۆسیەكانی دەرەوە و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژاوا بۆ دروستكردنی لۆبییەك، كە گوشار بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەرەنگاربوونەوەی گوشارە ئێرانییەكانی دژ بە گەیشتن بە چارەسەرێكی درێژخایەن.
ـ وهگهڕخستنی هەوڵهكان لەگەڵ لایەنی ئێرانی كە لەمپەری بەردەم ڕێككەوتنن، تا لە ڕێگەی ئەوانەوە كار لەسەر ئەو لایەنە شیعانە بكرێت كە دژی ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا چالاكن.
([1]) https://bit.ly/3lEhLbL
([2]) https://al-akhbar.com/Iraq/353796
([3]) https://bit.ly/3IrsHm3
([4]) https://almadapaper.net/view.php?cat=282915
([5]) https://oil.gov.iq/?page=1111
([6]) https://bit.ly/3HUXaY8
([7]) https://bit.ly/3HUXaY8
([8]) https://bit.ly/3k0bxCt
([9]) https://bit.ly/3lLDK0y
([10]) https://bit.ly/3Ea0TAa
([11]) https://www.nasnews.com/view.php?cat=101745
([12]) https://al-akhbar.com/Iraq/353796
([13]) https://www.nasnews.com/view.php?cat=100942
([14]) https://www.nasnews.com/view.php?cat=79971
([15]) https://bit.ly/3E6AIdC
([16]) https://almadapaper.net/view.php?cat=282683
([17]) https://bit.ly/3IAcTxh
([18]) https://www.iraqfsc.iq/news.4918/
([19]) https://bit.ly/3I4o0x4
([20]) https://bit.ly/3jXBp22
([21]) https://bit.ly/40YRzIY
([22]) https://arbne.ws/3lEDC2O
([23]) https://bit.ly/3Sba5tF
([24]) https://www.rudawarabia.net/arabic/kurdistan/180120231
([25]) https://www.bayancenter.org/2023/01/9290/
([26]) https://bit.ly/3RZ6cbb
([27]) https://almadapaper.net/view.php?cat=283725
([28]) https://bit.ly/3k5eC4j
([29]) https://bit.ly/3Iq01JY
([30]) https://bit.ly/3Xyep7l
([31]) https://bit.ly/3xqBvCh
([32]) https://almadapaper.net/view.php?cat=282915
([33]) https://bit.ly/3EdlbIZ