دەرفەت و لەمپەرەكانی چارەسەركردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر لە کابینەی "سوودانی"دا

یاسین تەها، خوێندکاری دکتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاکان، هەروەها شارەزا لە کاروباری عێراق

كێشەكانی هەولێر و بەغدا یەكێك لە دۆسیە كەڵەكەبووە بەمیرات بەجێماوەكانە بۆ كابینەی حەوتەمی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی. مێژووی نزیكی هەندێك لەم كێشانە بۆ كابینەی یەكەم (2004) و بەشی زۆریشیان بۆ ڕاڤە جیاوازەكانی دەستووری 2005 دەگەڕێتەوە. ئەم بابەتە لەسەر ئاسۆكانی چارەسەركردنی كێشەكان و دیدگه‌ی سوودانی و ئەگەرەكانی پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی، هەڵوێستە دەكات.

دیدی حكوومەتی سوودانی بۆ كێشەكان

بە بۆچوونی سەرۆكوەزیرانی نوێ، ئه‌گه‌ر بەغدا و هەولێر لەسەر مەرجەعییەتی ده‌ستوور ڕێك بكه‌ون، "ته‌واوی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌رییان هه‌یه‌" ([1])؛ هەروەها باسی لەوەیش كردووە، "خواستێكی ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ هه‌ردوو لا"، بەم هۆیەیشەوە گه‌شبینە بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان([2]). یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی حكوومەتی سوودانییش دانانی نەخشەی كاتییە بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لە ئەگەر و پێشهاتەكان، لەناو ئەوانەیشدا پرسە پەیوەندیدارەكان بە هەرێمی كوردستان. هەروەها به‌رنامه‌ی كاری حكوومەتەكە كات و وادەی زۆری تێدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام هەمیشە لە دنیای سیاسەتدا وەها باوە كە "شەیتان لە وردەكاریدایە." بەشی زۆری ناكۆكییەكانیش لە ڕاڤە دژیەك و جیاوازەكان بۆ دەستوورەوە سەرچاوە دەگرن، بەتایبەت پاش ئەوەی لە ناوەڕاستی شوباتی 2021 دادگه‌ی فیدراڵی لە پێگەیەكی باڵا و بە شێوەیەكی بنجبڕ لێكدانەوەی حكوومەتی فیدراڵیی لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، پێچەوانەی لێكدانەوەی هەرێم پەسەند كرد ([3])؛ ئەم دۆسیەیەیش جومگەیەكی هەرە سەرەكیی ناكۆكییەكانی هەردوو لایە لە ساڵی 2007 بەدواوە.

جیاواز لە كابینەكانی پێشوو، لە حكوومەتی سوودانیدا نەخشەڕێگەیەك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی ئاڵۆزی نەوت پەسەند كراوە. ئەم نەخشەیە لەچاو كابینەكانی پێشوو، لە ڕووی چوارچێوە و ڕواڵەتەوە ئاسانكاریی زیاتری تێدایە، بە مەرجێك لە هەردوو لا ویستی ڕێكکەوتن هەبێت و گرفت و قەیرانی گەورە نەیەنە پێشەوە؛ هاوشێوەی خۆپیشاندانەكانی سەردەمی عادل عەبدولمەهدی (2019_2020). 

ئەگەرەكانی ڕێككەوتن لەسەر گرێی ئاڵۆزی نەوت

به‌رنامه‌ی كاری كابینەكەی سوودانی بە پلەی یەكەم تیشكی خستووەتە سەر چارەسەركردنی دۆسیەی نەوت و گاز، ئەمەیش هەم لەبەر گرنگیی دۆسیەكە هەم لەبەر ئەوەی یەكەم پرسی ئاڵۆزە یەخەی یاسای بوودجەی 2023 دەگرێت، كە ئێستا لە ئامادەكردندایە. لەم بارەیشەوە، جەخت لە چەند بنەمایەك كراوەتەوە لەوانەیش: دیاریكردنی شەش مانگ بۆ دەركردنی یاسای نەوت و گاز، كردنەوەی دەرگه‌ی دانوستان لەبارەی دۆسیەكە، دروستكردنی لیژنەی هاوبەش لە نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی دۆسیەی نەوت، پێداچوونەوەی بابەتەكانی ڕابردوو لەبەر ڕۆشناییی دەستوور، دۆزینەوەی چارەسەری واقعی لە پرۆژەیاسای نەوت و گازدا كە قابیلی جێبەجێكردن بن؛ لەمانەیش گرنگتر، دووركەوتنەوەیە لە هەر ڕێوشوێنێك كە ببێتە هۆی بارگرژی، هەروەها پەیڕەوكردنی دانبەخۆداگرتن لەو ڕێوشوێنانەی كە پەیوەندییان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو كۆمپانیا نەوتییانەوە هەیە كە لەگەڵیدا كار دەكەن تا ئەو كاتەی یاسای نەوت و گاز لە ماوەی شەش مانگدا لە ڕێكه‌وتی پێكهێنانی حكوومەتەوە دەردەكرێت([4]).

ئەم دابەشكارییەیش بۆ كێشەی ئاڵۆزی نەوت، دوو ڕەهەند و لێكەوتەی هەیە: لە لایەك بە مانای هەڵپەساردنی بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵییە لەبارەی نەوتی هەرێم بە شێوەیەكی كردەیی لە ڕێگەی دەستهەڵگرتن لە گوشاری سەر كۆمپانیا نەوتییەكان؛ ئەمەیش كاریگەریی دەبێت لەسەر خاوكردنەوەی گرژییەكان بە شێوەیەكی كاتی؛ لە لایەکی تر، چاوپۆشییەكە كاتی و سنووردارە و ئەگەر ڕێكکەوتن لە نێوان هەردوو لا نەیەتە كایەوە، ئەوە بە واتای بێبەشبوونی هەرێمە لە بەشە بوودجە بۆ ساڵی 2023 بە هەمان شێوەی كۆتایییەكانی سەردەمی عادل عەبدولمەهدی (2020) و مستەفا كازمی (2022). ئەگەر لەو شەش مانگەیشدا ڕێکكەوتن نەیەتە كایەوە، هەم سوودانی لە بەردەم دادگه‌ی فیدراڵیدا ئیحراج و شه‌رمه‌زار دەبێت و، هەم هەرێمیش دەگەڕێتەوە بۆ حاڵەتی دڕدۆنگی لەگەڵ بەغدا.

دانوستانەكانی نەوت لە ڕووی یاسایی و هونەری و ئابورییەوە ئاڵۆزن، چونكە ڕاڤەی دژبەیەكی دەستووریی تێدایە، جگە لەوەیش لە ماوەی 15 ساڵدا دۆخێك لەسەر زەوی دروست بووە لە دەرهێنان و بەرهەمهێنان و فرۆشتن، كە دەستكاریكردنی ئاڵۆز و پڕلێكەوتەیە. هەروەها لە ڕووی سیاسییشەوە هەر ئاڵۆز و سەختن، چونكە بۆچوونێكی زاڵ هەیە پێی وایە، بەبێ كۆنترۆڵكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم مانایەك بۆ سەروەری و یەكێتیی خاكی عێراق نامێنێتەوە. ئەم بۆچوونە كە لە عێراق لایەنگری زۆرە، پێی وایە ڕێگەدان بە دوو بەڕێوەبردنی نەوت بە واتای دووجەمسەریی ئابووری و دوودەوڵەتی دێت([5]). هەروەها ئەوەیش نیمچە یەكلایییە كە پێكهاتن لەسەر نەوت یەكدەنگیی هەموو ماڵی شیعەی پێویستە. لە به‌رنامه‌ی كاری حكوومەتیشدا ئەوە هاتووە كە پشتیوانیی لایەنە سیاسییەكانی دەوێت. لە ئێستایشدا كە سەدرییەكان لە دەرەوەی پەرلەمانن، وا دەكات لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگی لە هەموو كات زیاتر به‌وریایییه‌وه‌ لە دۆسیەی نەوتدا مامەڵە بكەن بۆ ئەوەی بیانووی گەورە نه‌ده‌نه‌ بەدەست.

ئەزموونەكانی چوار خولی پێشوو، هاندەر نین بۆ گەشبینی لەبارەی دەركردنی یاسای نەوت و گاز لە ماوەی شەش مانگ، هەندێك لێكدانەوەیش بەو ئاراستەیەن یاساكە ڕووناكی نەبینێت؛ بەڵام لەنێوان ڕەش و سپیدا ئاراستەیەكی سێیەم هەیە لەناو پەرلەمان، پێی وایە یاساكە بۆ چەند تەوەرەیەك دابەش بكرێت و هەر تەوەرەیەك بكرێتە پرۆژەیاسایەكی سەربەخۆ بۆ ئەوەی ئەوانەی كێشەیان لەسەر نییە تێ پەڕێنرێت و ئەوەی مایەی ناكۆكی و ناجۆرین بمێننەوە بۆ گفتوگۆ([6]). ئەمەیش بە واتای چارەسەری مامناوەند دێت.

كێشە یاسایییە فیدراڵییەكان

جگە لە یاسای نەوت و گاز كە ڕەهەندێكی ئابووری و تا ڕاددەیەكی زۆریش نێودەوڵەتیی هەیە، حكوومەتی سوودانی خۆی پابەند كردووە بە دەركردنی دوو یاسای گرنگەوە: یەكەم، دەركردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵییە لە ماوەی شەش مانگ؛ دووەمیش دەركردنی یاسای دادگه‌ی فیدڕاڵییە دیسان هەر لە هەمان ماوە([7]).

یاساكانی ئەنجومەنی فیدراڵی و دادگه‌ی فیدراڵی، گرنگیی تایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە؛ یەكەمیان باڵانسی زیاتری بۆ دەگێڕێتەوە لە دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراق، چونكە ئەنجومەنی فیدراڵی ژووری دووەمی پەرلەمانە و نوێنەرایەتییەكەی بۆ پارێزگاكان و پێكهاتەكانە زیاتر. بەڵام ئەم یاسایە جگە لەو لایەنەی پەیوەندیی بە كورده‌وه‌ هەیە، كێشەی زۆری لەسەرە هەم لە ڕووی ژمارەی ئەندامەكانی، هەم لە ڕووی سنووری دەسەڵاتەكانی و لەمەیش ئاڵۆزتر شوناس (ناسنامه‌)ی سەرۆكەكەی، چونكە بە گوێرەی دابەشكاریی ئێستای پۆستە سیادییەكان، سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ كورد و، وەزیران بۆ شیعە و، پەرلەمان بۆ سوننەكانە. شتێكی بەڵگەنەویستیشە لەسەر زیادكردنی ئەم پۆستە سیادییە، كە بە سەرۆكی دادوه‌رییه‌وه‌ دەكاتە پێنجەم، دەبێتە جێگەی مشتومڕ؛ ئەمەیش چانسی دەرچوواندنی بڕێك لاواز دەكات.

لەبارەی یاسای دادگه‌ی فیدراڵییشەوە كە ئەگەری هەیە میكانیزمی بڕیاردانی لە زۆرینەوە (50+1) بگۆڕێت بۆ 2/3ی دادوەرەكانی بۆ نموونە، ئەمەیش هەر ناكۆكیی زۆری لەپێشە كە لە دەرەوەی كێشە كوردییەكانەوەیە. لە بنەڕەتیشدا تێپەڕاندنی یاساكە پێویستی بە دەنگی زۆرینەی 2/3ی پەرلەمان هەیە كە یەكسانە یە 220 پەرلەمانتار لە كۆی 329؛ هەروەها دواكەوتنیشی لە پاش2005 تا ئێستا هەر بەهۆی لیستێك خاڵی ناكۆكییەوە بووە كە ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ چۆنێتیی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە بڕیاردان لە دادگه‌كە؛ هەروەها دیاریكردنی ڕۆڵ و پێگەی "شەرعزان" لە دادگه‌كە كە بڕیارە ببنە ئەندام، ئاخۆ چاودێر دەبن یان دەنگدەر و، كۆمەڵێك وردە ناكۆكیی تر كە لە ئازاری 2021 نەیانهێشت یاساكە بگاتە ئەنجام([8]). سەرجەم ئەو ناكۆكییانەیش تا ئێستا هەر بەچارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە شوناسی دەوڵەتەوە هەیە لە نێوان عەلمانییەت و باڵادەستیی شەرعزانە ئیسلامییەكان لە دادگه‌كە. بەم هۆیەیشەوە ئەویش ئەگەری دەرچوواندن و چەقبەستنی نیو بە نیوە.

بڕگە ئەرێنییەكانی پەیوەست بە كورد و هەرێم

لە كابینەی سوودانیدا هەندێك ئۆفەری ئەرێنی بۆ كورد و بۆ هەرێم هەن، بەتایبەت لەبارەی ناوچە جێناكۆكه‌كان كە ماددەی 140ی دەستوور دەیانگرێتەوە([9])  لە چەشنی:

ـ لە هەمواركردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان (ژمارە 2ی 2016)، بڕیارە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەكانیش بگرێتەوە لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان. ئەمەیش ئیمتیاز و دەسكەوت دەبێت بۆ ئەو توێژانەی ساڵانێكە لە داهاتە فیدراڵییەكان بێبەشن و بەهۆی قەیرانی مووچەوە لە كوردستان كێشەیان هەیە.

ـ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە هەمان ئەو ڕێكه‌وته‌دا بكرێت كە لە سەرجەم پارێزگاكانی دیكەدا دەكرێت بەپێی یاسای بەركار. ئەمەیش دەرفەتی گۆڕینی پارێزگاری به‌وەكالەتی ئێستا دەڕەخسێنێت كە خۆی پێ یاسایی و هەڵبژێردراوە و([10]) لە ڕێكکەوتنە سیاسییەكانی پێكهێنانی حكوومەتدا قوتاری بوو، چونكە لەسەر پشكی  خەمیس خەنجەری سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان ئەژمارە.

ـ ماف دەدات بە حزبە كوردستانییەكان، چالاكی و كردە سیاسییە دەستوورییەكانیان لە ناوچە جێناكۆكه‌كان (نەینەوا، كەركووك، دیالە و سەڵاحەددین) ئەنجام بدەن، لەگەڵ گێڕانەوەی بارەگای حزبەكان بۆیان كە ئێستا بەدەست سوپا، یان هێزە ئەمنییەكانی یان لایەنەكانی ترەوەن. ئەم بڕگەیەیش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی داهاتوو گرنگە لەگەڵ هەنگاونان بەرەو ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كورد لەو ناوچانە كە لە پاش لێكەوتەكانی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دووچاری كێشە و گوشاری زۆر هاتووە.

ـ گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییی ئەمنی لە هێڵەكانی بەرگریی نێوان هێزە فیدراڵییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە. لەم بوارەیشدا ئێستا بەكردەیی هەندێك هەنگاوی یارمەتیدەر هەن وەك جێگیركردنی بوودجە بۆ لیوای 20 لە ناوچە کوردستانییەکان لە بوودجەی وەزارەتی بەرگری، کە بڕیارە دوای گفتوگۆی هەرێم و بەغدا لەسەر پشکی هەرێم لە بوودجە، ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت([11]). 

ـ  تەرخانكردن و خەرجكردنی شایستەكانی ئەوانەی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە و دووبارە پێكهێنانەوەی لیژنەی باڵا لە ماوەی مانگێكی دوای پێكهێنانی حكوومەت. بە گوێرەی ئەم بڕگەیەیش، یەکەم ھەنگاو کاراکردنەوەی لیژنەکانی تایبەت بە ماددەی 140 دەبێت؛ سەرەتا لە بەغداوە، دواتر لە ھەموو پارێزگاکانی پەیوەندیدار، ئەو لیژنانە کارا دەکرێنەوە([12]). ئەم خاڵەیش ئەگەرچی نابێتە هۆی جێبەجێكردنی ماددەكە بەڵام پیشاندانی نیازپاكییە لە ئاست جێبەجێكردنی، بەتایبەت كە پێشتر لایەنە توركمانی و عەرەبییەكانی كەركووك بانگەشەی ئەوەیان دەكرد ماددەكە كۆتایی هاتووە، سەرباری دەرچوونی بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی بۆ چەسپاندنی لە 2019([13]).

ـ گفتدان بە گواستنەوەی ئەو قوتابخانانەی كە خوێندنەكەیان كوردییە و دەكەونە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی. ئەمەیش چەند سوودێكی هەیە: لە لایەك بارگرانی لەسەر بوودجەی كوردستان كەم دەكاتەوە، لە لاكەی تر جیاوازیی مووچە و دەرماڵەی ئەو قوتابخانانە بەراورد بە هاوتا عەرەبی و توركمانییەكانیان یەكسان دەكات؛ هەروەها قورساییی "خوێندنی كوردی"یش لە ئاستی دەوڵەتی فیدراڵدا زیاتر دەكات.

ـ لە بڕگەی 22ی به‌رنامه‌ی كار‌دا ئاماژە بە پێكهێنانی فەوجی فریاكەوتنی پۆلیس لە ڕۆڵەكانی كەركووك كراوە، بۆ ئەوەی ئەوان ئەركی ئیدارەدانی دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگاكە لە ئەستۆ بگرن. ئەمەیش دیاردەی بەسەربازگەكردنی شارەكە سووك دەكات و لە ڕێگه‌ی پۆلیسەوە دەرفەتی بەشداریكردنی كورد لە دۆسیەی ئەمنیدا دەڕەخسێنێت. ئەم خاڵە كە لە سەرجەم پارێزگاكانی تردا بڕیارە جێبەجێ بكرێت، لە ئیستادا خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە؛ چونكە لە 2ی تشرینی دووەمی 2022 دا سەرۆكوەزیران بڕیاری داوە بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ئاڵوگۆڕی ڕۆڵی سوپا و پۆلیس لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق([14]).

ـ  لە بڕگەی 20ی به‌رنامه‌ی كاری كابینەكەیشدا جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێم كراوەتەوە، لەبارەی ئەو دۆسیە و بڕیارانە كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە. ئەمەیش لە ڕووی تیۆرییەوە دووركەوتنەوەیە لە سەپاندنی بڕیار بە شێوەی تاكلایەنە (سێنترالیزم) وەك لە سەردەمی حەیدەر عەبادی و پاش "ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی" لە 2017 پەیڕەو دەكرا.

ئەگەر و دەرفەتەكانی چارەسەركردنی كێشەكان

لە ئەركی سەرخستنی كابینەكەی و چارەسەركردنی كێشەكانی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ، هەندێك خاڵی ئەرێنی لە سوودانیدا هەن كە دەشێت یارمەتیدەر بن.

ـ كەسایەتیی سوودانی، زیاتر كردارییە و لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە جموجۆڵی جددیی پێوە دیارە([15]). ئەمەیش هیوای ئەوە ده‌به‌خشێت كە هەوڵ بدات سەردەمێكی جیاواز لەوانەی پێش خۆی بەرپا بكات، بەتایبەت كە زۆر دەگوترێت "ئەم حكوومەتە دوا دەرفەتە."

ـ  لەسەر ئاستی دەرەوە، پێشوازیی جۆراوجۆر لە کابینەی سوودانی کراوە، بەڵام پشتیوانییە دەرەکییەکانی كراوە و بێسنوور نین، وەک سەردەمی جه‌نگی داعشی حوکمڕانیی عەبادی (2014_2018) و مستەفا کازمی بەتایبەتتر (2020_2022). ئەمەیش وا دەكات سوودانی پێویستی زۆری بە پاڵپشتیی دەرەكی هەبێت. كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتییش گوشارەكانیان بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدایە. ئەمەیش بەڕوونی لە ڕاپۆرتەكانی "پلاسخارت"دا دیارە كە گوزارشتە لە ئیرادەی كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی. ئەمە خاڵەیش زیاتر هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی سوودانی لە چارەسەركردنی كێشەكاندا جددی بێت.

ـ كابینەی ئێستا كابینەی پشكپشكێنەیە بە پلەی یەكەم؛ متمانەوەرگرتنیشی بە سەركەوتنی پشكپشكێنە دراوەتە قەڵەم بەراورد بە "حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی"ی موقتەدا سەدر"([16]). لەم سیسته‌مەیشدا دابەشكردنی پۆست و ئیمتیازاتەكان بە گوێرەی قەبارە و كاریگەریی پێكهاتەكان دەبن، هەروەها بۆ ڕازیكردنی پێكهاتەكانیش، دەبێت هەندێك بەرەوپێشچووون ڕوو بدات.

ـ كشانەوه‌ی سەدر بنكەی جەماوەریی حكوومەتی سوودانیی لەق كردووە چونكە لە بنەڕەتدا ڕێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لە عێراقدا لە دەوروبەری 40%دایە بە گوێرەی ئاماری فەرمی. پاش كشانەوەی سەدرییەكانیش كە نوێنەرایەتیی 885 هەزار دەنگیان دەكرد و دەوروبەری 22%ی پەرلەمانیان پێك دەهێنا (73 كورسی)، ئەوەندەی تر بنكەی جاوەریی حكوومەتی سوودانی لاواز بووە و پێویستی بە پاڵپشتیی لایەنەكان هەیە بۆ بەهێزكردنی حكوومەتەكەی و بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ ناڕەزایی.

لەمپەرەكانی بەردەم چارەسەر

سەرباری لایەنە بەهێزەكان، هەندێك گرفت و لەمپەر هەن لە بەردەم ئەوەی سوودانی بەتەواوەتی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكاتەوە لەوانەیش:

ـ  سوودانی خاوەن یەك كورسی بوو لە هەڵبژاردنی 2021. ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت حكوومەتەكەی، هی لایەنە پێكهێنەرەكانییەتی و خۆی بەتەنیا قورسە بتوانێت بڕیار بدات. لە هەڵبژاردنی تیمی ئۆفیسەكەی و ڕاوێژكارەكانیشیدا ئەمە بەڕوونی دیارە كە بەشی هەرە زۆریان، لە كەسایەتییە دیارەكانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگیی شیعەن.

ـ  لە عێراقدا، پاش جێبەجێنەكردنی ماددە دەستوورییەكان، هیچ گەرەنتییەک نییە به‌رنامه‌ی كاری وەزاری وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

ـ بەتیۆری حكوومەت خۆی پابەند کردووە بەوەی کە لە پاش ساڵێک بچێتە هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەمەیش لە حاڵەتێكدا ئەگەر هات و سەدرییەكان زۆریان بۆ هێنا؛ ئەمەیش وا دەكات دەرفەتی ئەوەی نەبێت بچێتە وردەكاریی كێشەكانەوە. بەڵام سەرۆككۆمار باسی لەوە كردووە نیازیان نییە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بچن([17]).

ـ لە سەروبەندی دەستبەکاربوونی حکوومەتی سوودانیدا، سەدرییەکان لە دۆخی بێدەنگیی سیاسی و بایکۆت و خۆخواردنەوەدان و ئەگەر هەیە هەر كات دۆخەكە بشێوێننەوە. لە پەنا ئەوانیشدا جموجۆڵێکی هەستپێکراوی گرووپ و حزبە نوێیەکان لە ئارادایە کە ڕێوشوێنەکانی هاتنەسەرکاری سوودانی بە گوێرەی نەریتی پشکبپشکێنە ڕەت دەکەنەوە. ئەمەیش وەك بۆمبێكی تەوقیتكراوە لە بەردەم حكوومەتدا. حکوومەتی پشکپشکێنە دەتوانێت لە ڕێگەی ڕازیکردنی لایەنە بەشدارەکانییەوە، ڕێژەیەکی زۆری جەماوەری ئەو لایەنانەی کە سوودمەندن لە حکوومەت هێور بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت و پێی ناکرێت هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگه‌ ڕازی بکات.

ـ  لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هه‌ماهەنگی، سەرباری نزیکییان لە ئایدیۆلۆژیا و دروشم و ئامانج، لە بەرژەوەندی و دابەشکردنی دەستکەوتەکاندا بەریەککەوتن و ناجۆریی زۆریان هەیە. ناكۆكییە ناوخۆیییەكانیش ڕێگر دەبێت لە خۆتەرخانكردن و یەكلابوونەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

كارتەكانی لایەنی كوردی و پێشنیارەكان

ـ پێكهاتەی كوردی بە ناكۆكی و بەریەككەوتن چووە ناو حكوومەتی سوودانی. هەر بەهۆی ئەم ناكۆكییەیشەوە حكوومەتی سوودانی تەواو نەكرا و وەزارەتەكانی ژینگە و ئاوەدانكردنەوە بەبێ وەزیر مانەوە. ئەمەیش لە ناوەندی سیاسیدا هه‌ندێك دەنگدانەوەی هەبوو ([18]). خۆتەرخانكردن بۆ چارەسەری كێشەكان ئەوە دەخوازێت ناكۆكییەكانی هەرێم لە نوێنەرایەتیی بەغدادا ڕەنگدانەوەی گەورەیان نەبێت.

ـ بەهۆی ئەو بۆشایییە گەورەیه‌ی سەدر بەجێی هێشتووە، لایەنە كوردییەكان و پێكهاتەی كوردی دەرفەتی ڕۆڵبینینی زۆریان هەیە. بەهۆی ئەوەیشی ئەم حكوومەتە زیاتر خۆی بە تێپەڕاندنی یاساكانه‌وه‌ پابەند كردووە، هەندێك لەوانەیش پێویستیان بە 2/3 هەیە وەك یاسای دادگه‌ی فیدراڵی، ئەوانی تریش سازانی نیشتمانیی پێویستە لە چەشنی یاسای نەوت، ئەمەیش لایەنە شیعەكان ئاتاجی دەنگە كوردییەكان دەكاتەوە.

ـ  ئەم حكوومەتە هی چوارچێوەی شیعەیە و دەوروبەری 12 وەزارەتیان تێیدا هەیە. دانوستان و ڕێككەوتن لەگەڵ پایەكانی حكوومەت، ڕێككەوتن لە سەردەمی كازمی ئاسانتر دەكات كە قووڵاییی حزبی و سیاسیی نەبوو؛ بەهۆی ئەوەیشەوە زۆر بڕیاری گەورەی پێ نەدەدرا.

ـ بەو پێیەی حكوومەتی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ نەرێتی پشکپشکێنەی جاران، بەبێ ئامادەكردنی وەرەقەی هاوبەشی كوردی كە لە خولەكانی پێشووتردا باو بوو، دەرفەتی بەرەوپێشچوونی گەورە نابێت؛ چونكە مامەڵەكردن لەگەڵ پێكهاتە، كاریگەریی زیاترە تا مامەڵەكردن لەگەڵ دوو لایەنی سیاسیی بەشدار.

ـ وەرەقەی كوردی پێویستە واقعبین و گونجاو بێت لەگەڵ هاوكێشەی سیاسیی ئێستای عێراق و، نەرمیی تێدا بێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بژاردە جۆربەجۆرەكان، چونكە لە ئەزموونەكانی پێشوودا زۆر جار كار لەسەر "یان هەموو شت یان هیچ" كراوە. ئەمەیش وای كرد زۆر دۆسیە كە قابیلی چارەسەر بوون، كەڵەكە ببن بۆ ئێستا.

 

 ([1])  https://bit.ly/3UyatCX  

 ([2])  https://bit.ly/3O7N7Bw

https://www.bbc.com/arabic/middleeast-60391455 ([3])  

 ([4]) https://www.ina.iq/168772--.html

([5])  https://bit.ly/3hDdiE6

 ([6])  https://www.nasnews.com/view.php?cat=96400

 ([7])   https://www.ina.iq/168772--.html

https://bit.ly/3fYAhJx ([8])      

([9])   https://kirkuknow.com/ar/news/68987

https://bit.ly/3txGqPH  ([10])    

https://bit.ly/3VdCa43 ([11])     

 ([12])  https://bit.ly/3E0Azas

https://kirkuknow.com/ar/news/59849 ([13])  ؛ https://bit.ly/3GdLX5N

 ([14]) https://www.nasnews.com/view.php?cat=96907

 ([15]) https://www.youtube.com/watch?v=s1jmuugxE0o

 ([16]) https://bit.ly/3txlAjM

 ([17] https://bit.ly/3Oae3kq

 ([18] https://www.youtube.com/watch?v=xk5Ns2186Mk

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples