پێشەکی
ژیۆپۆلیتیک چییە؟
هەموو وشە و چەمکێک مێژوو و جوگرافیای خۆی هەیە، ئارکیۆلۆژی و مێژوویەکی تایبەت بەخۆی هەیە، چەمکی "ژیۆپۆلیتیک"یش لەوانە بەدەر نییە و سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٩٩ و، بۆ یەکەم جار لە لایەن زانای سیاسی و مێژوونوسی سویدی "رودولف کجیلین" داهێنراوە و بەکار هێنراوە. ژیۆپۆلیتیک لە سەدەی بیستەم لەدایک دەبێت و گوزارشت و نمایندەی ڕووداوەکانی جەنگ و ململانێکانی ئەو کات و سەردەمەیە.
ژیۆپۆلیتیک زانستێکە لەو زانستە گرینگانەی کە گوزارشت لە سروشتی کێشە و گرفت و بابەتە سیاسییەکان دەکات. ژیۆپۆلیتیک زیاتر ئەو زانستەیە کە لە ڕووداوە سیاسییەکان دەکۆڵێتەوە و، پابەندە بە زەوی و خاکەوە. ئەم زانستە لەگەڵ چەندین بوار و لقی تری زانستە مرۆڤایەتییەکان تێکهەڵکێشە و سوود لە بنەماکانی یەکتر وەردەگرن.
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، ژیۆپۆلیتیک بریتییە لەو زانستەی کە لە پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا بەپێی بارودۆخ و پێکهاتەی جوگرافیی دەوڵەت وەک (یەکەیەکی سیاسی) دەکۆڵێتەوە. بە واتایەکی تر، ئەم زانستە، زانستی لێکۆڵینەوەی جوگرافییانەی دەوڵەتە لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە.
لقەکانی ژیۆپۆلیتیک
بە هۆی فراوانبوونی کێشەکان و گۆڕانی سروشتی ململانێکانی نێوان ئەکتەرە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان (ئەکتەرە دەوڵەتی و نا-دەوڵەتییەکان)، زانستی ژیۆپۆلیتیک چەندین لق و بواری جیاجیای لێ بۆتەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
١-ژیۆئیکۆنۆمی
ژیۆئیکۆنۆمی یان ئابووری، گرنگی بە پرسە ئابوورییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر دروستکردنی بڕیار دەدات و، بووەتە بەشێک لە فۆرمەڵەکردنی "جەنگی نەرم". لە ئێستادا کۆمپانیا گەورە و فرەڕەگەزەکان، بوونەتە بەشێکی گەورە لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیی نێودەوڵەتی و، باز بەسەر سنوورە نەتەوەیییە کلاسیک و جیاوازەکاندا دەدەن.
٢-ژیۆکەلتوور
کەلتوور، وەک هێزێکی نەرم و کاریگەر، بە هۆی پڕۆسەی بەجیهانیبوون و بچووکبوونەوەی جیهان، لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. کەلتوور ڕۆڵی هەیە لە دروستکردن و چڕکردنەوەی پڕۆسەی ناسیۆنالیزم و نەتەوەگەرایی، تەنانەت لە دەرەوەی جوگرافیا و ژینگەی سیاسیی خۆی.
٣-هایدرۆپۆلیتیک
بریتییە لە کاریگەریی سامان و سەرچاوەی ئاو لەسەر سیاسەت و پەیوەندیی نێوان وڵاتان، گۆڕانکاری ئاووهەوا، کەمبوونەوەی ئاو لە جیهان بەگشتی و، کێشەی وڵاتانی هاوبەش لە ئاو وەک (تورکیا، سوریا و عێراق) کە بابەتێکی گرنگی دنیای سیاسیی ئەمڕۆیە و ڕۆڵی هەیە لە سروشتی پەیوەندیی نێوان وڵاتان؛ بەمەیش بووهتە بابەتێکی ستراتیژی و، لە ژیۆپۆلیتیکدا گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت.
٤-ئیتنۆپۆلیتیک
ئەم لقە، بریتییە لە جوگرافیای نەتەوە، یان کۆکردنەوەی پرسهکانی پەیوەست بە نەتەوە و ژیۆپۆلیتیکەوە. ئەم لقە، لە کاریگەریی دیاردە و هۆکارە جوگرافییەکان لەسەر پێگەی نەتەوە دەکۆڵێتەوە؛ بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە فرەنەتەوە، ئایین و مەزهەبن، بۆ نموونە عێراق.
تورکیا و پێگە و هەڵکەوتەی جوگرافی و ژیۆستراتیژی
تورکیا بەفەرمی، بە "کۆماری تورکیا" ناسراوە. دەوڵەتێکە، بەشە گەورەکەی دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای ئاسیا، بەشە بچووکەکەی تری دەکەوێتە خۆرهەڵاتی ئەوڕوپا، گەرووی بۆسفۆر و دەردەنیل و دەریای مەڕمەڕە، کە دەریای ڕەش بە دەریای ئیجەوە دەبەستێت و، ئاسیا بە ئەوروپا گرێ دەدات. ئەمەیش پێگە و هەڵکەوتەیەکی ژیۆستراتیژیی لە ناوچەکەدا پێ بەخشیوە و، بەتایبەت وڵاتانی دەوروبەری دەریای ڕەش (جۆرجیا، ڕووسیا، بولگاریا و ڕۆمانیا).
لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ هەریەک لە ئێران و وڵاتانی قەوقاز (جۆرجیا، ئەرمەنستان و ئازەربایجان) هاوسنوورە، لە باشوورەوە لەگەڵ عێراق، سووریا و دەریای سپیی ناوەڕاست هاوسنوورە، لەگەڵ قوبرس، دەریای ئیجە، یۆنان و بوڵگاریا لە خۆرئاواوە، دەریای ڕەشیش لە باکوور، سنووری دەریاییی هەیە. ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاریی ئابووریی دەریای ڕەشە. پایتەختەکەی "ئەنقەرە"یە و، گەورەترین شاری "ئەستەنبۆڵ"ه. زمانه فهرمییهكهی تورکییە و، دراوی، لیرەی تورکییە و ژمارەی دانیشتووانی بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٩ (٧٢٥٦١٣١٢) کەسە. "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" سەرۆککۆماری وڵاتە، "بیناڵی یەڵدرم" سەرۆکوەزیران و "ئیسماعیل کەهرەمان" سەرۆکی پەرلەمانە. تورکیا، تا ساڵی ١٩٢٣، ناوەندی دەوڵەتی عوسمانی بووە و، ڕۆژی کۆماری، ٢٩ تشرینی یەکەمی (١٩٢٣)یه.
قووڵاییی ستراتیژی: پێگەی تورکیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا
ئەحمەد داوودئۆغلۆ، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیا، لە کتێبەکەیدا به ناوی "قووڵاییی ستراتیژی: پێگەی تورکیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی"دا، باس لە تیۆریی قووڵاییی ستراتیژی دەکات، باس لە ڕەگەزە نەگۆڕەکانی قووڵاییی ستراتیژی (مێژوو و جوگرافیا) و ڕەگەزە گۆڕاوەکان (ئابووری، سەربازی، دیپلۆماسی، کەلتووری و سیاسی) دەکات. ئهو لهو كتێبهدا باس لە سێ کایەی جیاواز دەکات، کە قووڵاییی ستراتیژیی پێ دروست دەکرێت (ژیۆسیاسی، ژیۆڕۆشنبیری و ژیۆئابووری). هەر یەک لەم کایە سەرەکییانە، دەتوانن تورکیا لە وڵاتێکی تاکلایەن و "پەراوێز"ەوە، بۆ وڵاتێکی "ناوەند"ی نێودەوڵەتی بگوازنەوە، بە شێوەیەک لە ڕێگەیانەوە، جارێکی تر دەتوانێت لە سەرجەم بوارەکاندا هێز و توانا پەنگخواردووەکانی خۆی دابەش بکاتەوە و سوودیان لێ وەربگرێت.
ئەحمەد داوودئۆغلۆ، لە میانی یەکەم دەستبەکاربوونی لە پۆستی وەزیری دەرەوە لە ساڵی ٢٠٠٩دا و لە یەکەم وتاری خۆیدا، پوختەیەکی تیۆرییەکەی لەوەدا کورت کردەوە: "ئێستا، تورکیا خاوەنی ڕوانینێکی بەهێزی سیاسەتی دەرەوەیە کە بە ئاڕاستەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکان، ناوچەی قەوقاز و چەند ناوچەیەکی تری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەنگاو دەنێت، بەڕژدی کار بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی گەورەی هەرێمایەتی دەکات و، لەمەودوایش تورکیا نابێتە وڵاتێکی بەکاربراو و کارتێکراو، بەڵکو دەبێتە کارتێکەر.
ئەحمەد داوودئۆغلۆ، پێی وایە تورکیا وڵاتێکی ناوەندییە. بەڵگەیش بۆ ئەمە، پێگە جوگرافییەکەیەتی کە بە "ئافرۆ-ئاسیا" ناسراوە، واتە کەوتۆتە نێوان هەر سێ کیشوەری (ئەفریقا، ئەوڕوپا و ئاسیا) و وڵاتێکی ئاسیایی و ئەوڕوپییە. بە هۆی هەر دوو دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەشیشەوە ڕاستەوخۆ بە ئەفریقا، بەڵکان، قەوقاز و خۆرهەڵاتەوە گرێ دراوە. ئەو ڕەهەندە جوگرافییە، وا لەو وڵاتە دەکات کاریگەریی بەسەر ناوچەکە هەبێت.
ئەگەر سەرنج لە مێژوو بدەین، دەبینین تورکیا دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەو شوێنەی مێژووی شارستانیەتەکانی ناوچەکەی لێ بووە. بۆ نموونە، کاتێک سەرنج لە شارستانیهتی نێوان دوو ڕووبارەکەی دۆڵی ڕافیدەین، شارستانیهتی میسڕی، یۆنانی، ئیسلامی، ڕۆمانی و عوسمانی دەدەین، بۆمان دەردەکەوێت کە تورکیا وڵاتێکی تاکلایەن و تاکڕەهەند نییە، بەڵکوو دەوڵەتێکە کاریگەریی هەموو ئەو شارستانیهتانەی بەسەرەوە هەیە و، لە بەرامبەریشدا، ئەویش بە هەمان شێوە کاریگەریی بەسەریانەوە هەیە. بەمەیش دەبێتە وڵاتێکی ناوەندی، لە هەردوو بواری مێژوویی و جوگرافی. داوودئۆغلۆ دەڵێ: "ئەگەر سەیری هێڵەکانی گواستنەوەی وزە و نەخشەی وزە بکەیت و تورکیا لەو هێڵ و نەخشانە دەربێنی، دەبینیت گواستنەوە و ڕەوانەکردنی وزە، ڕێگەی خۆی ون دەکات، چونکە هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی لە ڕێگەی بەندەرەکانی (تەبلیس، جەیهان و یەمورتاڵک و...) تێ دەپەڕن.
سیناریۆی تورکیا وەک وڵاتێکی خاوەن ئابووریی بەهێز
ئابووری، بنەمای بەهێزی تورکیایە، بە جۆرێک، كه سیاسەت دەبێت لە خزمەتی ئابووریدا بێت. بوونی ئابووری بە ئامرازی بەهێزی تورکیا، یان بە تاکە ئامرازی، قۆناغێکی نوێیە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا. تورکیای هاوچەرخ، کە لەسەر دەستی "کەمال ئەتاتورک" بنیات نرا، وڵاتێک بوو زیاتر بە هۆی هێز، شوناس و دەزگاوە، لە هەوڵی پتەوکردنی بنەما دەوڵەتی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خۆیدا بوو. ئەمەیش دەرەنجامی ئەوە بوو، کە تورکیا وەک وڵاتێک، بریتییە لە جێگەی ژیان و شوێنی ژیانکردنی بڕێکی زۆر لە خەڵکی جیاواز، گرووپی ئیتنیکی و مەزهەبیی جیاواز. سەرباری گۆڕانکارییەکانی تورکیا لە بە گەورەبوون و ئاڵۆزبوون و کۆچ لە لادێوە بۆ شار تا ساڵی ٢٠٠١ بەدەست دۆخێکی ئابووریی سەختەوە دەیناڵاند و تورکیای کردبووە وڵاتێکی لاواز. ئابووریی تورکیا لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی کردووە و، ئەمەیش تورکیای گەیاندە نێو وڵاتە زلهێزەکانی تورکیا، ئەگەرچی دوای کۆدەتاکەی ناوەڕاستی تەمووزی ساڵی ٢٠١٦، جۆرێک لە داکشانی بەخۆیەوە بینیوە.
سیناریۆی تورکیا وەک وڵاتێکی سەرمایەداریی خاوەن پێگەی بەهێز لە جیهاندا
ئامانجی تورکیا ئەوەیە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، کە یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیایە، ببێتە وڵاتێکی سەرمایەداریی بەهێز لەنێو دەوڵەتانی گەورەی جیهان و، ئەمە ئامانجی گەورەی تورکەکانە. لەگەڵ ئەمەیشدا، بوونی تورکیا بە وڵاتێکی گەورەی سەرمایەداری جیهانی، ئەستەمە. چونکە تورکیا بۆ ئەوەی بگاتە ئەم ئاستە، پێویستیی بەوەیە بچێتە خانەی وڵاتانی پاش-پیشەسازی (پۆست-ئیندەستریەڵ). بەڵام وەک لێکۆڵێنەوەکان دەری دەخەن، ئاستی خوێندن، جۆری خوێندن لە تورکیادا بەو جۆرە نییە کە دەستی کاری تورکی بگەیەنێتە ئەم ئاستە. زانکۆ تورکییەکان- هەندێکیان نەبێت- بەگشتی لە ئاستێکی خراپدان. نەبوونی زانکۆی باش، یان نەبوونی دەستی کاری باش، بەم پێیە ڕاستەوخۆ واتە نەبوونی تەکنیککار، داهێنەر و ئەنترێپرینەر (Entrepreneur) (کەسانێک کە خاوەن ئەقڵی بازرگانی، یان داهێنەرانەن کە لە ئەنجامدا داهاتی گەورە و زۆر دروست دەکات، وەک دامەزرێنەری فەیسبووک "مارک زووکەربێرگ"). تورکیا، هێشتا نەگەییشتۆتە ئەو چوارچێوەیە و ناتوانێت قۆناغی پیشەسازی تێ پەڕێنێت و بچێتە ناو قۆناغی پاش-پیشەسازییهوه و، دەرەنجام ببێت بە وڵاتێکی سەرمایەداری خاوەن پێگە لە جیهاندا.
"ئاو"، وەک کەرەستەیەکی گەورەی ژیۆپۆلیتیکی تورکیا
ئاو، کەرەستەیەکی ئیکۆ-سیاسییە. لە دونیای نوێدا ئاو، سامانێکە وەک "سامانی سروشتی"، دەخرێتە خزمەتی سیاسەت و، ژیۆ-ئابووری و ژیۆ-ستراتیژیی پێ دروست دەکرێت. ئاو بەشێکە لە ژیۆ-پۆلیتیکی نوێ. بەشێکی گەورە دەبێت لە دروستکردنی هەژموونی سیاسی و ئابووری، بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە سامانی ئاو دەوڵەمەندن، لە ئاو و دەریاوە نزیکن و خاوەن سەرچاوەی ئاوی گەورەن.
لە چەند ساڵی داهاتوودا "ئاو"، زیاتر لە "نەوت" قسەوباسی لەسەر دەکرێت، ئاو، ڕێککەوتنی سیاسی، ئابووری و پەیوەندیی سیاسیی پێ دروست دەکرێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاو هاوشانی نەوت و گازی سروشتی، دەبێتە ڕەگەزێکی گەورەی دروستکردنی ژیۆ-پۆلیتیک و جوگرافیای سیاسی تێ دەپەڕێنیت.
تورکیا، یەکێکە لەو ئەکتەرە گرنگ و سیاسییانەی لە هەموو ئەکتەرەکانی تر زیاتر دەست بۆ ئاو و، بۆ بەسیاسیکردنی ئاو دەبات. ئاو دەتوانیت قووڵاییی ستراتیژی بۆ تورکیا فراوانتر و قووڵتر بکات، "ئاک پارتی" لە بەرنامەیدایە تا ساڵی (٢٠٢٣)، بەرمیلێک ئاو، بە نرخی بەرمیلێک نەوت بە وڵاتانی ناوچەکە بفرۆشێت و، بەتەواوی بیکات بە کەرەستەیەکی گەورەی ئابووری و، بیخاتە ناو تێکەولێکەی ئابووریی سیاسییەوە. تورکیا مەبەستییەتی (ئاو) بکات بە بەشێک لە "لیبڕاڵیزمی ئیسلامی" بە مەسەلەی بازاڕ و سەرچاوەی داهات و گەشەی ئابووری و بازرگانیی دەرەکی و "خۆبەناوەندکردنCore-" ببەستێتەوە، لە ڕێگەی ئاوەوە خۆی بکات بە چەق و ناوەند لە سیستمی هەرێمیی ناوچەکەدا و ئاو هێزی بڕیاردانی سیاسی زیاتر و گەورەتری پێ ببەخشێت.
بیرکردنەوە لە ئاو و تێکەڵکردنی لەگەڵ ئابووریی سیاسیدا لە لایەن دەستەبژێری سیاسی تورکییەوە، بۆ سەدەی ڕابردوو دەگەرێتەوە. کەمال ئەتاتورک، لە ڕێگەی پڕۆژەی "گاپ/باشووری خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵ"ەوە، خەونی گەورەی بە بهسیاسیکردنی ئاوەوە بینی. تورکیا لە یادی سەد ساڵەی تورکیای هاوچەرخدا، بەڕژدی کار بۆ ئەو خەونە و کار بۆ دروستکردنی نەخشەیەکی نوێی ژیۆپۆلیتیک لە ڕێگەی ئاوەوە دەکات.
ئاو بەشێکە لە "سمارت پاوەر". هەم ڕەگەزێکی نەرمی هەیە، هەمیش ڕەگەزێکی ڕەق، هەم هێزی نەرمە، هەمیش هێزی ڕەق. تورکیا، ئاو زیاتر بۆ بەستنەوەی هەرێمەکانی دەوروبەری بە خۆیەوە وەک ناوەندێک، بەکار دێنیت. هەوڵ دەدات بە ڕێگەی ئاو و لە ڕێگەی ئەنادۆڵەوە، بەشێکی نیشتمانی عەرەبی بە خۆیەوە ببەستێتەوە. حەوشەی پشتەوەی تورکیا لە ڕێگەی سامانی ئاوەوە دروست بکات، مێژووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە کەرەستەی نوێ و ڕێگای سیاسی-ئابووریی نوێوە دووبارە بکاتەوە. دەیەوێت لە ڕێگەی "سمارت پاوەر"ەوە دەست بۆ وڵاتانی قەوقاز و وڵاتانی سەر دەریای سپیی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست ببات و، بیانکات بە بەشێک لە بیرکردنەوە و بەرنامەی سیاسیی خۆی.
دەرەنجام:
کۆماری تورکیا، پێگەیەکی ژیۆستراتیژی و ژیۆسیاسیی گەورەی هەیە و هەر سێ کیشوەری ئاسیا، ئەوڕوپا و ئەفریقا بەیەکتر دەبەستێتەوە، بە کۆمەڵێک دەریاوە دەورە دراوە و خاوەن کۆمەڵێک سەرچاوەی ئاوی گەورەیە. تورکیا لە ڕووی ژیۆپۆلیتیکەوە خاوەن کەرەستەیەکی زۆرە، کەلتوورێکی دەوڵەمەند و ئابوورییەکی سەربەخۆی هەیە و، زیاتر وەک وڵاتێکی ترانزێت لە بواری گواستنەوەی وزە بۆ باشووری ئەوڕوپاوە دەناسرێت و ئەندامی ناتۆ (ڕێکخراوی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی)یە. تورکیا بەردەوام هەوڵی داوە، کارتی ژیۆپۆلیتیکیی خۆی بە هەموو کەرەستەکانییەوە لە ناوچەکدا بەکار بێنێت و هەژموونی سیاسیی خۆی پێ دروست بکات و، ببێ بە خاوەن بڕیاری سیاسی و سەنتەری بڕیار لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرچاوەکان:
١- جیۆپۆلیتیک، د.کلاوس دۆدز، وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە، د.ئیبراهیم عەلی موراد.
٢- ژیۆپۆلیتیک، پێناسە و ناوەرۆک، د.سەفین جلال فتح اللە.
٣- تورکیا و هەرێمی کوردستان: چ جۆرە پەیوەندییەک؟ د.سەردار عەزیز.
بە زمانی ئینگلیزی
Strategic depth, Ahmet Davutoğlu