مووسڵ؛ حەوشەی پشتەوەی تورکیا

پێشەکی:
مووسڵ یەکێکە لە پارێزگاکانی عێراق. لە ڕووی دیمۆگرافییەوە لە نەتەوەکانی (کورد، عەرەب و تورکمان) پێک دێت. زۆرینەی عەرەبە و، یەک لەسەر سێی کوردە. لە ڕووی ئایینییەوە زۆرینەیان مسوڵمانی سوننەمەزهەبن، لەگەڵ کەمینەیەکی شیعە و مەسیحی و ئێزیدی. مووسڵ، بە سەنتەر و دڵی سوننەکانی عێراق دادەنرێت و خاوەن پێگەیەکی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلیتیکی گەورەیە بۆ بلۆکی سوننە و دونیای سوننە. مووسڵ لە ڕووی جوگرافییەوە، بەغدای شیعی و هەرێمی کوردستان و سووریا (شام) بەیەکەوە دەبەستێتەوە و، پردی وشکانیی نێوان ئەم سێ جوگرافیایەیه‌ کە هەریەکەیان خاوەن سێ پێگەی جیاوازی سیاسی، ئیتنیکی و مێژوویین لە ناوچەکەدا.

 
باکگراوندی مێژوویی:

مووسڵ بەشێکە لە مێژووی کۆنی ناوچەکە و، چەندین دەسەڵاتی سیاسی و شارستانییەت بەڕێوەی بردووە؛ لە ئاشوورییەکان و فارس تا دەگاتە مەغۆلەکان و، لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریی عوسمانییەکاندا هاوشانی ویلایەتی "بەغدا" و "بەسرە"، ویلایەتێک بووە لە ویلایەتەکانی ئەم ئیمپڕاتۆرییە و ڕۆڵێکی سیاسی و ئابووری و کەلتووریی گەورەی گێڕاوە. دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دابەشکردنی میراتی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی (پیاوە نەخۆشەکە)، سەرەتا ویلایەتی مووسڵ بەر "فەڕەنسا" کەوتووە و، دواتر لەبەر گرنگیی پێگە و ڕۆڵی لە ڕووی ئابووری و دیمۆگرافی و ئیتنیکییەوە بەریتانیا کڕیویەتییەوە و لەگەڵ ویلایەتی بەغدا و بەسڕە، عێراقی لێ دروست کردووە. ویلایەتی مووسڵ بە بڕیاری کۆمەڵەی گەلان خراوەتە سەر ئەو یەکە سیاسییەی کە ئێستا پێی دەوترێت عێراق.

  
چوارچێوەی تیۆری:

خوێندنەوە بۆ بەشداری و ئامادەییی تورکیا لە عێراق و، مووسڵ بەتایبەتی، پێویستیی بە تیۆریزەکردنە. لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەک زانست و کایە بۆ شیکردنەوەی ململانێ و ڕووداوەکان، بۆ تێگەییشتن لە تەواوی وێنەکە و هەموو دیوەکانی بابەتەکە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کەرەستەی تیۆریمان دەکاتەوە؛ یەکێک لەو تیۆرییانە "ڕیاڵیزم"ە. ڕیاڵیزم و ڕیاڵیستەکان بایەخ بە هێز دەدەن؛ هێز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان، هێز بۆ گەییشتن بە بەرژەوەندییەکان. ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان لە دونیای ڕیاڵیزم و ڕیاڵپۆلیتیکدا، حەز بە ئالینگاری و کێبڕکێ دەکەن. تێکەولێکە و خواستی تورکیا بۆ مووسڵ لە عێراقدا، بنەما و ژێرخانێکی ڕیاڵیزمانەی هەیە. مووسڵ کۆمەڵێک بەرژەوەندیی گەورە و ستڕاتیژی و جیۆسیاسیی بۆ تورکیا هەیە و دەرگای گەورەی سیاسی بۆ بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکاتەوە. تورکیایش لەم ڕوانگەوە، ڕەواییی سیاسی بە خۆی دەدات کە لە پڕۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵدا ئامادەییی سەربازی و بەشداریی سیاسیی هەبێت و، تەنانەت بە حەوشەی پشتەوەی تورکیا و، بەشێک لە جوگرافیای خۆی دادەنێت.

  
مووسڵ چ گرنگییەکی بۆ تورکیا و بلۆکی سوننە هەیە؟

تورکیا وەک حەوشەی پشتەوەی خۆی لە مووسڵ دەڕوانێت. لە مێژووی کۆن و نوێدا، ئەو شارە، پێگەیەکی جیۆسیاسی، جیۆستڕاتیژی و جیۆئابووریی بۆ تورکیا هەبووە. تورکیا، وەک بەشێک لە دونیا و بلۆکبەندیی سوننە، مەبەستیەتی جارێکی تر هێزی سوننەی عێراقی ڕێک بخاتەوە و ئاڕاستەیان بکات. جارێکی تر، شوناسی سیاسی و مەزهەبییان بۆ ڕاست بکاتەوە و لە ڕێکخستنی سیاسی و داهاتووی عێراقدا ڕۆڵیان پێ ببەخشێتەوە و، مووسڵ بکات بە ماڵە گەورەکە و سەنتەری هێز و دونیابینیی سوننە لە عێراقدا.

لە سیسته‌می هەرێمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، کۆمەڵێک ئەکتەر ڕکابەری و ململانێ لەسەر مووسڵ وەک جوگرافیایەکی سیاسی و ستڕاتیژی دەکەن؛ تورکیا، قەتەڕ و سعوودیا وەک ئەکتەرێکی گەورە لە لایەک و بەرەیەک، ئێران و دەستەبژێری شیعیی فەرمانڕەوا و حەشدی شەعبی و هێزە شیعەکانی تری عێراق لە لایەکی ترەوە. بەڵام، مووسڵ بۆ جەمسەری سوننە و تورکیا زۆرترین مانا و گرنگیی هەیە و تورکیا لە هەموو ئەکتەرەکانی تر زیاتر لە هەوڵدایە بۆ دەستبردن بۆ ئەو پارێزگایە و لە هەموویان زیاتر کار بۆ پارێزگاریکردن لە مووسڵ دەکات، ئەمەیش لەبەر کۆمەڵێک فاکتەری سەرەکی:

یەکەم: مووسڵ قووڵایییەکی ستڕاتیژیی بێئەندازەی بۆ تورکیا هەیە و، بەڕێوەبردنی مووسڵ، ڕاستەوخۆ بەڕێوەبردنی هەموو سوننەکانی عێراقە و هاوسەنگیی هێزی مەزهەبی و سەنتەری دروستکردنی بڕیارە لە ئێستا و لە داهاتوویشدا لە بەرامبەر شیعەدا. بەشێک لە دانیشتووانی مووسڵ، بەتایبەت دەوروبەری مووسڵ، تورکمانن و تورکیا دەیەوێت چاودێرییان بکات و لە هەر هەڕەشە و مەترسییەکی هێزە شیعییەکان بیانپاریزێت و تەنانەت لە ڕووی سەربازییشه‌وه‌ ڕێکیان بخات و مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان پێ کات و یارمەتیی لۆجستیکییان پێ بدات.

دووەم: سەرباز و سوپای تورکیا لە سنووری ناوچەی باشیک لە خاکی عێراقدا ئامادەییی هەیە و، سەرەڕای هەڕەشە و بارگرژییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراقیدا بۆ کشانەوە و چوونەدەرەوەی ئەم هێزە، تورکیا هێشتا سوورە لەسەر مانەوە و چۆڵنەکردنی ئەم ناوچەیە. ئامادەییی سەربازیی تورکیا لە دەوروبەری مووسڵ و لەناو خاکی عێراقدا، کۆمەڵێک هێما و مانای سیاسی و سەربازیی هەیە. تورکیا مەبەستیەتی لە ڕێگەی میلیتار و سەربازەوە چاودێریی هێزەکانی "پەکەکە" و "یەپەگە" بکات و نەهێڵێت بەغدا بەئاسانی یاری بەو کارتە بکات و بیجووڵێنێت و جۆرێک لە هاوسەنگیی هێز دروست بکات.

سێیەم: خۆرئاوای مووسڵ، کۆڕیدەرێکی گرنگە بۆ ئێران و شیعە بۆ گەییشتن بە دەریای سپیی ناوەڕاست. ئێران زۆر بەڕژدی بیری لەو بژاردەیە کردۆتەوە و، کار بۆ ئەوە دەکات لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی خۆرئاوای مووسڵەوە پڕۆژەی "هیلالی شیعی" پڕاکتیزە بکات و قووڵاییی ستڕاتیژیی خۆی لە کەنداوی عەرەبییەوە تا دەریای سپیی ناوەڕاست بەم کۆڕیدەرەوە دروست بکات. ئەم پڕۆژەیە ئەگەر سەر بگرێت، ئه‌ندازیاری (هه‌نده‌سه‌)ی سیاسی و مەزهەبی و جیۆپۆلیتیکیی سوننە لە ناوچەکە تێک دەشکێنێت و، ئێران بەئاسانی دەتوانێت جیۆپۆلیتیکی شیعە بەسەر سوننەدا زاڵ بکات. تورکیایش بەگرنگییەوە لەو بابەتە دەڕوانێت و، هەوڵ دەدات ئەو ئەڵقەیە لە جیۆپۆلیتیکی شیعە تێک بشکێنێت و بیپچڕێنێت و لە جوگرافیای مووسڵی داببڕێنێت و دووری بخاتەوە.

 
مووسڵ و "هیلالی شیعی"

لە چەند ناوچەیەکی نزیک لە مووسڵ، میلیشیا شیعەکانی عێراق بە نیازی ئەجێندا و پلانێکی سەربازیی لەمێژینەی ئێرانن؛ ئەو میلیشیا شیعانەی کە ماوەی دوو ساڵە بە هاوکاریی ئێران ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە و لە بەرامبەریاندا دەجەنگن. بڕیار وایە سوپای عێراق لە بەشی باشووری مووسڵەوە هێرش بکاتە سەر ئەو پارێزگایە و، میلیشیا شیعەکانیش لە بەشی خۆرئاواوە ڕێ لە داعش بگرن و دەرفەتی ڕاکردنیان بۆ ڕەقە و هەڵاتن بۆ سووریایان لێ بگرن. هەرچەندە هێزە شیعییەکان لە پڕۆسەی ئازادکردنی مووسڵدا، بەفەرمی ڕێگەیان پێ نەدراوە.

ئێران بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی هیلالی شیعی، هەوڵ دەدات ڕێگە و دەرچەی خۆرئاوای مووسڵ بەکار بێنێت. کۆنتڕۆڵکردن و گرتنی ئەم ناوچەیە، بۆ ئێران ڕێڕەوێکی گەورە لە نێوان تاران و دەریای سپیی ناوەڕاستدا دەکاتەوە و، بەمەیش لە هەر دۆخ و هەلومەرجێکدا دەتوانن خەڵکی خۆیان و کەرەستەی سەربازی و وزەی پێ بگوازنەوە.

ئەو دەرچە و ڕێڕەوە جیۆپۆلیتیکییەی کە ئامانج لێی، پاراستنی "هیلالی شیعی"یە، بە بەشە عەرەبییەکەی عێراق، هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستاندا تێ دەپەڕێ و دواتر دەگاتە حەلەب. ئەم خواست و جیهانبینییەی ئێران، نیگەرانی و دڵەڕاوکێی وڵاتانی ناوچەکەی لێ کەوتۆتەوە، بەتایبەت تورکیا، کە زۆر ترسی لە ئەجێندایەک هەیە کە ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەیەکەوە ببەستێتەوە و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا. بەتایبەت ئەگەر سێکوچکەی "تاران، بەغدا و دیمەشق" بەڕژدی کار بۆ ئەم ئەجێندایە بکەن و گۆڕانی دیمۆگرافی بێننە ئاراوە.

کۆریدەرەکە لەو خاڵە سنوورییەوە دەست پێ دەکات کە ئێران ماوەی ١٢ ساڵە بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و ڕاوێژکاری سەربازی بۆ عێراق، بەکاری هێناوە. ڕێرەوەکە بە "بەعقوبە"، ناوەندی پارێزگای دیالەدا تێ دەپەڕێت کە لە ڕووی دیمۆگرافییەوە سوننە و شیعەی تێدا دەژی. سەرەڕای ئەمە، ژمارەیەکی بەرچاو لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە قەزای شەرگات جێگیر کراون، بۆ ئەوەی بەرەو ڕێڕەوی خۆرئاوای مووسڵ جووڵە بکەن، کە لە باشووری خۆرهەڵاتەوە تەنیا ٥٠ میل لە شەنگالەوە دوورە، شەنگال و ناوچەکانی باشووریش بەشێکی ئەم هیلالە شیعییە پێک دەهێنن و قەزای تەلەعفەریش لەم نێوەندەدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. ناوچەکانی نێوان تەلەعفەر و شەنگال، ڕۆڵێکی گرنگیان لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا هەیە. قەزای تەلەعفەر تا ئێستایش لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدایە و، بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە و پەکەکە لە شەنگال ئامادەیییان هەیە و، هەموو ئەمانەیش ترسی گەورەی بۆ تورکیا دروست کردووە.

لە لایەکی ترەوە، ئێران بۆ دروستکردنی ئەم کۆریدەرە و گەییشتن بە حومس، هەوڵی نزیکبوونەوە لە "حەلەب" دەدات، لەوێیشەوە بەرەو باکووری سووریا و ناوچە عەلەوییەکانی سووریا. بەندەری لازقیەیش کۆتا خاڵی ئەم کۆریدەرە دەبێت کە بە درێژاییی جەنگی ناوخۆی سووریا لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی سووریادایە. مووسڵ و خۆرئاوای مووسڵ، بەستەری نێوان تاران و دەریای سپیی ناوەڕاست و پڕۆژەی هیلالی شیعییە، کە بەرژەوەندی و پێگەی تورکیا بچووک دەکاتەوە و، ڕۆڵی جەمسەربەندیی سوننەیش بەگشتی، پاسیڤ دەکات.

دەرەنجام:
مووسڵ، لە سیستمی هەرێمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەروازەیەکی ستڕاتیژیی پڕبایەخە. ئەکتەرە جیاوازەکانی ناوچەکە (جەمسەربەندیی سوننە/تورکیا،  سعوودیا و قەتەڕ) و، جەمسەربەندیی شیعە و هاوبەشەکانی، دەیانەوێت لە ڕێگەی مووسڵەوە هاوسەنگیی هێز دروست بکەن. تورکیا کار بۆ دروستکردنی هەژموونی سیاسی و سەربازیی خۆی دەکات و لە هەموو بکەرەکانی تر زیاتر، خواستی بەستنەوەی مووسڵی بە تورکیاوە هەیە. ئێرانیش هەوڵی پڕاکتیزەکردنی خەونە سیاسی و ستڕاتیژییەکانی خۆی دەدات، بە کۆریدەرێکی نوێ، کە بەشێکە لە جوگرافیای مووسڵ.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples