پێشەکی:
وزە و سامانی سروشتی بەگشتی، بەرهەمێکی تازەی دونیای مۆدێرنیتەیە. تەمەنی وزە کەمە و ئەوەندە کۆن نییە، بەڵام هەستیارە و کەرەستەیەکی گەورەی سیاسی و کاڵایەکی کاریگەرە لە کایەی سیاسەتدا. وزە، لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەوەندەی ڕۆڵی سیاسی دەگێڕێت، ئەوەندە لە کایەی ئابووریدا ڕۆڵی نییە. شۆڕشی پیشەسازی و تێکەولێکەی نێوان ئەکتەرە سیاسییەکانی دونیا بۆ دروستکردنی باڵانسی هێز و پیشەسازیی سەربازی و پڕۆژەی سەربازی، بەهای وزەی بەرز کردەوە و، کردی بە کاڵایەکی بەسیاسیکراو و نرخ بۆدانراو. وزە، ئەمڕۆ ڕۆڵێکی سیاسیی یەکجار گەورە لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی و داڕشتنەوەی ڕەگەزکانی هێز و پەیکەری هێز و سیستهمی سیاسی و مەسەلەی مانەوە و دووبارەدیزاینکردنەوەی شوناسی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دەوڵەت، دەگێڕێت.
سیاسەت و وزە:
سیاسەت و وزە دوو کایەی جیاوازن، بەڵام بە قەبارەیەکی گەورە بەیەکەوەبەستراو و گرێدراون. وزە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە فەلسەفە و بنەماکانی حکومڕانییەوە هەیە، پەیوەندیی بە سیاسەتی گشتی و سیاسەتی دەرەوە و شێوەی ژیانی تاک و کۆمەڵەوە هەیە. وزە لە دونیای ئەمڕۆدا، بەشێکە لە شوناسی حکومڕانی و فەرمانڕەواییکردن، مۆدێڵی فەرمانڕەوایی و شێوازی بەشداریکردن و ئامادەیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، شێوە و جۆری دروستکردنی پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان (دەوڵەت، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تاک).
وزە لە ئێستادا، کەرەستەیەکی بەسیاسیکراوە و، لە پەیوەندیی نێوان وڵاتاندا ڕۆڵی هەیە. ڕۆڵی لە دروستکردنی قەیران و چارەسەرکردنی قەیران، لە دروستکردنی ململانێ، لە یارمەتی و هاوکاری و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە. وزە و گازی سروشتی لە دونیای سیاسیی ئەمڕۆدا، لە بڕیاری سیاسی و دروستکردنی هاوپەیمانێتی و ڕەگەزەکانی هێزدا بەشدارە و، وەک پایەیهکی کاریگەر لە حکومڕانیی جیهانیدا، ئامادەیییەکی قووڵ و ڕەهەندێکی جیۆستراتیژیی هەیە.
مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ڕووسیا
ڕووسیا و تورکیا خاوەن پەیوەندییەکی مێژوویی و قووڵن لەگەڵ یەکتردا. لە کاتی جیاواز و بە فۆڕمی جیاواز و بە ئەکتەری جیاوازەوە ئەو پەیوەندییانە لەسەر ئاستەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری، ئامادەییی هەبووە و، ئهندازیاری (ههندهسه)یهکی سیاسیی گەورە پەیوەندییەکانیانی ئاڕاستە کردووە و بەڕێوە بردووە، هەر لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و تیزارەوە تا جەنگی سارد و سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت و دونیای دوای جەنگی سارد و ڕووسیای ئێستا. پەیوەندییەکان کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە و، بەپێی بەرژەوەندی و دۆخ و ململانێکانی جیهان و ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و سروشتێکی تایبەت و بنەمایەکی تایبەتی وەرگرتووە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠دا و لە سەردەمی پێش حکومڕانیی ئاکپارتی (پارتی داد و گەشەپێدان)، پەیوەندیی ئابووریی نێوان تورکیا و ڕووسیا ساڵانە ٤ ملیار دۆلار بووە و لە ساڵی ٢٠١٣دا گەییشتۆتە ٣٢ ملیار دۆلار. بەمەیش، ڕووسیا بووە بە دووەم وڵاتی هاوبەشی ئابووریی تورکیا.
٢٤ی نۆڤێمبەری ٢٠١٥، فڕۆکەیەکی ڕووسی لە جۆری سیخۆی ٢٤، لە لایەن تورکیاوە لە سنووری نێوان تورکیا-سووریا خرایە خوارەوە، بەمەیش پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا ئاڵۆزیی تێ کەوت و بەرەو خراپی چوو. دۆسیەی سووریای دوای بەهاری عەرەبی، بەردەوام یەکێک بووە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا و، هەر یەکەیان جیهانبینیی جیاواز و بەرنامەی سیاسیی جیاوازی بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بۆ دووبارەداڕشتنەوەی سووریا هەبووە. ئەم دوو جیهانبینییە سیاسییە جیاوازە، ئاست و شێوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەی بەرەو خراپی برد.
لە ئاگۆستی ٢٠١٦دا ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا سەردانی ڕووسیا دەکات و، لە سان پێتێرزبۆرگ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆ دەبێتەوە. سەردانەکە لەسەر ئاستێکی باڵای دیپلۆماسی بەڕێوە چوو و، گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی تا ڕادەیەک خاو کردەوە.
ئەردۆغان و پووتین لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ١٢ خاڵ ڕێک کەوتن کە گرنگترینی، دۆسیەی وزە و گازی سروشتی بوو. بەپێی ڕێککەوتنەکە، ڕووسیا لە ڕێگەی جوگرافیا و خاکی تورکیاوە، پەرە بە پڕۆسەی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا بدات؛ بۆ ئەم مەبەستەیش، هێڵی بۆڕیی تازەی گازی سروشتی، بەناو خاکی تورکیادا بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا و باشووری ئەوڕووپا ڕابکێشێت. جیا لەوەی کۆمیتەیەکی باڵا بۆ گەشەپێدانی کەرتی ئابووری بەگشتی، لە نێوان هەردوو وڵاتدا پێک بهێنرێت، لەگەڵ پێکهێنانی لووتکەی ڕووسیا-تورکیا-ئازەربایجان بۆ هەماهەنگیی زیاتری کەرتی وزە.
"تورکیش ستریم" چییە؟
"تورکیش ستریم"؛ پڕۆژەیەکی گەورەی ئابووری/گازی سروشتییه لە نێوان ڕووسیا و تورکیا بۆ گواستنەوەی بڕێکی زۆری گازی سروشتیی ڕووسیا بە ڕێگەی بۆڕی و لەژێر دەریای ڕەشەوە لە بەندەری ئاناپە/ ڕووسیا بۆ بەندەری کیکۆی/ تورکیا، لەوێیشەوە بۆ باشووری ئەوڕووپا. درێژیی هەر بۆڕییەک (٩٠٠) کیلۆمەترە و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیی سەردەمی تێدا بەکار هێنراوە بۆ بەرگەگرتن و، کواڵێتییەکی بەرزی سەیفتی و ئاسایشیشی هەیە.
پڕۆژەیەکی ستڕاتیژی و جیۆئابووریی گەورەیە بۆ هەردوو وڵات. بڕیار وایە ساڵانە ٦٣ ملیار مەتری سێجا گازی سروشتی بۆ تورکیا و ئەوڕووپا بگوازێتەوە و، بەمەیش دەبێتە گەورەترین بۆڕی و پڕۆژەی گازی سروشتی، کە بە خاک و جوگرافیای تورکیادا تێ دەپەڕێت.
پێشبینی دەکرێت جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ١٤ ملیار دۆلاری ئەمریکیی تێ بچێت کە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی گازپڕۆمی ڕووسی و تۆپراشی تورکی، بە هاوبەشی جێبەجێ دەکرێت. تورکیا، بە هۆی کەمیی ڕێژەی گازی سروشتییەوە لە وڵاتەکەی، ساڵانە ٩٩%ی گازی سروشتی لە دەرەوە هاوردە دەکات و، لەو ڕێژەیەیش ٦٠%ی لە ڕووسیاوە هاوردەی وڵاتەکەی دەکات.
ڕۆڵی وزە و هێڵی تورکیش ستریم لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ڕووسیا
تورکیش ستریم یارمەتیی تورکیا دەدات سەرچاوەکانی دابینکردنی گازی سروشتی، هەمەجۆر و فرەجۆر بکات. بە تەنیا لە دەرچەیەکی دیاریکراو و تایبەتدا گازی سروشتی هاوردە نەکات، بەمەیش دەتوانێت باشتر بەسەر یارییە سیاسی و ئابوورییەکاندا زاڵ ببێت و بەرامبەر ئەکتەرە سیاسییەکان کارتی جیاوازجیاوازی هەبێت و، بەسەر ئەم بەها و بنەمایانەی کە سیستهمی هەرێمیی ناوچەکە نوێنەرایەتی دەکات، زاڵ بێت. بۆ ڕووسیایش ستڕاتیژییهکی نوێ دەبێت. دەتوانێت بە هۆیەوە، ڕێڕەوی هەناردەکردنی گازی سروشتیی بەرهەمهاتووی، لە باکووری ئەورووپاوە بۆ باشووری ئەورووپا لەڕێگەی تورکیاوە بگۆڕێت، ئەمەیش هێـمایەکی سیاسیی گەورە بۆ ڕووسیا، لە پرسی وزە و دروستکردنی فشاری سیاسی، گازی سروشتی و داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان و هاوسەنگیی هێز بەرامبەر ڕۆژاوادا دێنێتە کایەوە.
تورکیا گازی سروشتی بە ڕێژەی ٩٩% لە دەرەوە هاوردە دەکات کە ساڵانە دەکاتە ٦٠ ملیار مەتر سێجا و، لەم ڕێژەیەیش ٦٠% لە ڕووسیایە. تورکیا بەردەوام پێویستیی بە وزەیە. پێویستیی بە بڕێکی زۆری گازی سروشتییە. بەردەوام بە دوای هاوپەیمان و بکەرێکی بە وزە دەوڵەمەند و زەنگیندا دەگەڕێت. تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەیدا، ڕژدە لەسەر ئەوەی دۆستێکی هەبێت خاوەن وزە و سەرچاوەی سروشتی بێت و لە ڕووی جوگرافییشەوە لێیەوە نزیک بێت. ڕووسیایش بە دوای کڕیار و دۆستێکی سیاسی و خاوەن هێژموونیدا دەگەڕێت؛ ئەکتەرێکی خاوەن جیۆپۆلیتیکێکی دەوڵەمەند کە لە بەشێکی ئەوڕووپای نزیک بکاتەوە و دەستی پێ بگات. ڕووسیا هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەورووپا یەکێک لە کڕیارە بەردەوامەکانی بێت. ئەورووپا، جەمسەرێکی مەزنی بڕیاری سیاسیی ئەمڕۆی جیهانە و، ڕووسیایش بە هۆی کارتی وزەوە مەبەستیەتی بەشێک لەو بڕیارانەی ئەورووپا سنووردار و بێڕۆڵ بکات، بەتایبەت کاتێک ئەورووپا وەک هێزێکی ڕکابەر و ململانێکار مامهڵه لەگەڵ ڕووسیادا دەکات. تورکیا دەتوانێت باشووری ئەورووپا و ڕووسیا ڕاستەوخۆ بە یەکتر ببەستێتەوە و، وەک وڵاتێکی ڕێڕەو/ تڕانزێت، تێکەولێکە ئابوورییەکانیان بەئاسانی بە یەکتر بگەیەنێت. لەم نێوەندەدا، تورکیا و ڕووسیا بە هۆی پرسی وزە و هاوسەنگیی هێز و بازاڕ و دروستکردنی گوشارەوە، دەتوانن قۆناغێکی تازە و خولێکی تازە لە پەیوەندییەکانیان بە ڕەگەز و بەرژەوەندیی تازەوە دابڕێژن و، ببن بە هاوپەیمانێکی سیاسی و بلۆکێکی سیاسی لە ناوچەکەدا.
دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و تورکیا بە هۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەكی ڕووسی لە لایەن تورکیاوە لە ناوەڕاستی مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕووسیا دانوستانەکانیان لەگەڵ تورکیا لەسەر ئەو پرۆژەیە هەڵپەسارد، بەڵام دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانیان و تێگەییشتن لە گرنگی و ستڕاتیژیی ئەم پڕۆژەیە لە ئێستا و داهاتوودا و، داشكاندنی نرخی گازی سروشتی لە لایەن ڕووسیاوە بۆ تورکیا، هەردوو وڵات بەردەوامیدانیان بەو پرۆژە ستراتیژییە ڕاگەیاند.
ئەم بۆڕییە نوێیە کە بابەتی سەرەکییە لە نێوان تورکیا و ڕووسیا، سەرەتا بڕیار بوو لە ڕێگەی بولگاریاوە گازی سروشتیی ڕووسیا بۆ ئەورووپا بگوازێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئەورووپییەکان بە هۆی تاکدەسەڵاتیی کۆمپانیای گازپڕۆم لە پڕۆژەکەدا، ئامادە نەبوون ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکەن، ڕووسیا بەڕژدی بیری لە تورکیا دەکردەوە بۆ گەییشتن بە جوگرافیا و بازاڕی ئەورووپا. لە سەردانی کۆتاییی ساڵی ٢٠١٤ی ڤلادیمیر پووتین بۆ تورکیا، ڕووسیا بڕیاری دا ڕێڕەوی ئەو پڕۆژەیە بگۆڕێت و بە خاکی تورکیادا تێ پەڕێت.
دەرەنجام:
تورکیا و ڕووسیا دوو یاریکەری سەرەکیی ناوچەکەن. هەر یەکەیان خاوەن جیهانبینییەکی تایبەتی سیاسی و ئابوورین. مێژووی پەیوەندییەکانیان لە ڕابردوودا کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە. لە ئێستادا چەند بەرژەوەندییەکی هاوبەش بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە و لە یەکیان نزیک دەکاتەوە. ڕووسیا خاوەن وزەیە و بەدوای کڕیاردا دەگەڕێت، تورکیا خاوەن جیۆپۆلیتیک و جوگرافیای سیاسییە و لە ئەورووپا و بازاڕ و دەریاوە نزیکە. ئەم بنەما و بەرژەوەندییانە لە ڕێگەی پڕۆژەی "تورکیش ستریم" (،رێڕەوی تورکی) ئەم دوو وڵاتەی کردووە بە هاوبەش و، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا پەیوەندیی ستڕاتیژی و جیۆئابووری لەگەڵ یەکتردا دروست بکەن و، لە یەک بەرە و بلۆکدا خۆیان نوێنەرایەتی بکەن و قۆناغێکی نوێ بێننە کایەوە.