پێشەکی:
قسەکردن لەسەر کودەتا لە تورکیا، دەمانباتەوە بۆ مێژووی سه‌رباز و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی له توركیا، دەمانباتەوە بۆ دەستەبژێری سەربازی و مەسەلەی پاراستنی سێکیۆلاریزم لەو وڵاتەدا. کودەتا و سەرباز لە تورکیادا ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌كی كۆنی هه‌یه و به‌رده‌وام ئاماده‌ییی له مه‌یدانی سیاسی و کایەی سیاسیی تورکیادا هەبووە. ئه‌مه‌یش، به پله‌ی یه‌كه‌م پەیوەستە بە جیهانبینی و دامەزراوەی سەربازییەوە، کە خۆی به دروستكه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری سیسته‌می سیاسی و فەلسەفەی سیاسیی وڵات و بنەماکانی دادەنێت. بۆیه، له هه‌ر كات و ساتێکدا هه‌ستی به مه‌ترسی له‌سه‌ر سیسته‌م و به‌ها و پایەکانی ده‌وڵه‌ت كردبێت، له ده‌ستێوه‌ردان له پرۆسه‌ی سیاسی و ئه‌نجامدانی كۆده‌تا به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نیدا دوودڵ نه‌بووه. له مێژووی توركیای هاوچه‌رخدا كه دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی جه‌نه‌راڵێكی سوپایه، چوار كوده‌تای سه‌ربازیی سه‌ركه‌وتوو ئەنجام دراوە؛ به جۆرێك هه‌ندێكیان توندوتیژی و خوێنڕشتن و کوشتاری لێ كه‌وتۆته‌وه، له هه‌ندێكی تریان ته‌نیا له ئه‌نجامی گوشاری سه‌ربازیی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و، دووبارە پەیکەری حکوومەت داڕێژراوەتەوە و دەستکاری کراوە.
کودەتا چییە؟
کودەتا زاراوەیەکی سیاسیی-سەربازییە. کودەتا لە فەرهەنگی سیاسی‌دا بە واتای دەسەڵاتگرتنەدەست لە ڕێگەی هێز و سوپاوە دێت، بە شێوازێکی نایاسایی و ناشەرعی و، بەبێ گەڕانەوە بۆ گەل وەک سەرچاوەی دەسەڵات و سەرچاوەی ڕەواییپێدان. کودەتا، پێچەوانەی دیموکراسی، یەکێکە لە ڕێگه و ئامرازە ناشەرعییەکانی گرتنەدەستی دەسەڵات و، هەمیشە گرووپێک لە چەکدار، گرووپێک لە پلەدار و جەنەڕاڵەکانی سوپا لە ڕێگەی کودەتا و هێزەوە دەچنه ناو جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات و دەبن بە کەسی یەکەم لە ناوەندی بڕیار و پڕۆسەی حکومڕانیی ئەو وڵاتەدا. لە دونیای نوێ‌دا، کودەتای بێ سەرباز و سوپایش هەیە، کە بە کودەتای سپی، یان پۆست-مۆدێرن ناودێر دەکرێت.
مێژووی کودەتا سەربازییەکانی تورکیای هاوچەرخ:
لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ لەسەر دەستی کەمال ئەتاتورک لەساڵی ١٩٢٣، چەند جارێک کودەتای سەربازی لەپێناو ڕووخاندنی حکوومەت و گرتنەدەستی دەسەڵات ئەنجام دراوە. بەگشتی، چوار کودەتا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمه‌وه كراون (١٩٦٠، ١٩٧١، ١٩٨٠ و ١٩٩٧). هۆکاری کودەتاکان، زیاتر پەیوەست بووە بە گەشەی ئیسلامی سیاسی و دروستبوونی هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر فەلسەفەی حکومڕانی و سێکیۆلاریزم. ئەمە سەرەڕای بوونی هەوڵ بۆ کودەتا، کە لە کۆتاییدا لە لایەن حکوومەتەوە شکستی پێ هێنراوە، کە دواترین هەوڵ بۆ کودەتا، ١٥ی تەممووزی ٢٠١٦ بوو.
پەیوەندیی نێوان کودەتای سەربازی و سێکیۆلاریزم لە تورکیادا
ناتوانرێت بە هیچ جۆرێک، بەبێ باسکردنی سوپا، باس لە تورکیای مۆدێرن بکرێت. سوپای تورکی، خۆی بە خاوەنی تورکیا دەزانێت. خۆی بە پارێزەری سێکیۆلاریزم و بنەما و ڕەگەزەکانی دەزانێت. هەر لە سەرەتاوە مافی ئەوەی بە خۆی داوە، کە پارێزەری وڵات بێت لە دوژمنە ناوەکی و دەرەکییەکانی. ئەتاتورک وەک ئەفسەرێک و، سوپا وەک بەهێزترین دەزگه، لە ئەنجامدا، بوو بەو هێزەی کە فەرمانڕەواییی وڵاتی دەکرد، بەبێ ئەوەی حکومداری بکات. وەک سامۆئێل هانتینگتۆن دەڵێت: "دەتوانین بڵێین کە سوپای تورکی لە ساڵی ١٩٦١ەوە بەم شێوەیەیە. حوکمکردن بەبێ حکوومەتداری، بەمانای ئەوە دێت کە ئەوانەی حکومداری دەکەن، یان حکوومەت، هیچ توانایەکی بڕیاردان و گۆڕانکاری و گەشەپێدانی نییە. ئەوەی فەرمانڕەوای ڕاستەقینەیە، سوپایە؛ بەڵام سوپا حکومداری ناكات. بەم پێیە، حکوومەت کورت دەبێتەوە بۆ دەزگه‌یەکی جێبەجێکەری فەرمانەکان و خواستەکانی سوپا. حکوومەت لەو دۆخەدا، هەمیشە لەژێر سێبەری قوڕسی سوپادایە؛ سوپا بۆی هەیە ڕێکی خات، بیوەستێنیت یان سەرتاپا هەڵی وەشێنێتەوە.
ئامادەییی سوپا بە هۆی دۆخی مێژوویی لە ناوخۆ و دەرەوەدا هەژموونی خۆی سەپاندووە، لە ناوەوە وەک هێزی دامەزرێنەر و دروستکەری کۆماری تورکی، لە دەرەوە، بوونی سوپا بە ئەندامی ناتۆ و جەنگی سارد و لە ڕۆژانی جەنگی سارددا، بوونی سوپا لە لایەن ڕۆژاوا، بۆ بەهێزهێشتنەوەی تورکیا لە بەرامبەر نەیارە دەرەکی و ناوەکییەکانیدا بەپێویست زانراوە. سوپا، بەم پێیە، بووە خاوەن پێگەیەکی ناوخۆیی و دەرەکیی بەهێز لەو وڵاتەدا.
سوپا لە ڕێگەی دەستوورەوە ڕێگەی پێ دراوە نەک هەر وڵات بپارێزێت، بەڵکوو لە هەمان کاتدا سروشت و ستڕاکچەر و جۆری دەسەڵات و سیسته‌مەکەیش بپاریزێت و بەرگریی لێ بکات. بەپێی بڕگە یەکی دەستووری تورکیا، تورکیا وڵاتێکی کۆمارییە. کۆماری لە دیدی دەستەبژێری سیاسی و سەربازیی تورکەوە، واتە سێکیۆلاریزم، واتە کەمالیزم و پڕەنسیپەکانی.
هۆکارەکانی کودەتای ١٥ی تەممووزی ٢٠١٦ لە تورکیادا
یەکەم: جیاوازی لە دید و بیرکردنەوەی نێوان سوپا و دەسەڵاتی سیاسی
له توركیادا؛ ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نی و سه‌ربازی، لە دوای دروستبوونی تورکیای هاوچەرخەوە، هیچ كات له ڕووى بیركردنه‌وه و بەرنامەی سیاسیى و ئاینییەوە کۆک و تەبا نه‌بوونە. ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازى، به‌رده‌وام به‌رگریى له ده‌سه‌ڵاتێكى سێکیۆلار و دوور لە ئایین كردووه، كه نه‌ته‌وه و ناسیۆنالیزمی تورکی ڕۆڵى سه‌ره‌كیى تێدا ده‌گێڕێت و شوناسێکی پان-تورکیزمی بۆ داتاشیوە. له به‌رامبه‌ردا، ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک‌پارتی)، به‌رده‌وام كارى له سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى سەنگی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واییى ئیمپراتۆرییه‌تى عوسمانى كردووه و، شانازیى به شوناسى ئیسلامىبوونى توركیاوه كردووه و، ئه‌مه‌یشیان له چه‌ندین شوێندا و به‌ئاشكرا ڕاگه‌یاندووه. بۆیه، ئه‌م دوو تێڕوانینه جیاوازه وای كردووه سوپا ترسى له داهاتووى ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌ییی توركیا هه‌بێت، كه له كه‌مال ئه‌تاتوركه‌وه بۆیان به میرات ماوه‌ته‌وه.
دووەم: هەوڵدان بۆ بچووککردنەوەی ڕۆڵ و قەبارەی سوپا
ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له توركیا، به‌رده‌وام ترسى له به‌هێزبوونى سوپا هه‌بووه. بۆیه، زۆربەی کات حكوومه‌ت هه‌وڵى كونترۆڵكردنى سوپاى داوە، به‌ڵام سوپا له سه‌ركێشییه‌كانى به‌رامبه‌ر به حكوومه‌ت به‌رده‌وام بووه. له سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان، حکوومەت پێداگری کردووە بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئیمپڕاتۆرییەت و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی حکوومەت و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی "ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی" و، چه‌ندین جه‌نەراڵ و پله‌داری سەر‌بازى، كه مه‌ترسیى ئه‌نجامدانى كۆده‌تایان لێ كراوه یاخود به دڵى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى كاریان نه‌كردووه، دوور خراونه‌ته‌وه. بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیییان کردە ڕاسپاردە و، هێزی پابەندبوونیان لێ سەندەوە. ئه‌مه‌یش لاى باڵى سه‌ربازى، کاردانەوەی دروست كرد كه به‌رده‌وام له هه‌لێك بگه‌ڕێت بۆ به‌ده‌ستهێنانى شكۆ و باڵاده‌ستیى خۆى، كه له توركیادا سوپا پێى ناسراوه.
سێیەم: هەوڵی ئەردۆغان بۆ قۆرخکردنی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات،
پرسی گۆڕینی سیسته‌می حکومڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و، کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان و زیاترکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار لە لایەن ئەردۆغانەوە، پرسێکی ڕژد بوو و، ئەردۆغان بەردەوام هەوڵی بۆ دەدا. پارتی داد و گەشەپێدان بەرنامەی بۆ گۆڕینی سیسته‌می فەرمانڕەوایی و قۆرخکردنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات هەبوو، لە کاتێکدا هێزە سیاسییەکانی تری تورکیا دژی ئەم هەوڵە و سیسته‌می سەرۆکایەتی بوون و، لەگەڵ سەرۆککۆمارێکی بەهێز و خاوەندەسەڵاتێکی بەرفراوان نەبوون. بەتایبەت، دەستەبژێری سەربازی و بەشێک لە دامەزراوەی سەربازی، دژی ئەم هەوڵەی ئەردۆغان بوون.
هۆکارەکانی شکستی کودەتاکەی ١٥ی تەممووز
١-دابەشبوونی سوپا
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کودەتاکەی ١٥ی تەممووز، دابه‌شبوونی دامه‌رزاوه‌ی سه‌ربازی و نەبوونی ڕێبەر، یان جه‌نه‌راڵ و ئه‌فسه‌ره پله باڵاكانی سوپا بوو بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئەو هێزە بۆ ئەنجامدانی کودەتا دیسپلین و ڕێک بخات. بۆ نموونه، سه‌رۆكی ئه‌ركانی باڵای هێزه چه‌كداره‌كانی توركیا، لە کودەتاکەدا لە دژی حكوومه‌تی هەڵبژێردراوی وڵاتەکەی، هیچ ڕۆڵێکی نەبوو.
٢-ڕۆڵی سۆشیال میدیا، میدیا و شەقامی تورکی
میدیای نیشتیمانی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ڕۆڵی سه‌ره‌كییان له گواستنه‌وه‌ی وێنەکانی ڕووداوه‌كه و ده‌نگی حكوومه‌ت به هاووڵاتیانی توركیا و، هاندانیان بۆ چوونه سه‌ر شه‌قام و ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی سوپا هه‌بوو. هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا، ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمیی حكوومه‌ت له لایه‌ن سوپاوه كۆنترۆڵ كرا و، به‌یاننامه‌ی سه‌ركه‌وتنی كۆده‌تای پێ ڕاگه‌یه‌ندرا، به‌ڵام دواتر به هه‌وڵی خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵك، له ده‌ستی سه‌ربازه‌كان ده‌رهێنرا و، بۆ هانی خه‌ڵكیی دا دژایه‌تیكردنی كۆده‌تاكه و، به كاتێكی كه‌م دوای داواكارییه‌كه‌ی سه‌رۆكی توركیا بۆ پاراستنی دامه‌زراوه‌كانی وڵات و دیموكراسی، به هه‌زاران هاووڵاتیی توركیا هاتنە سەر شه‌قام و شوێنە گشتییەکان بۆ ڕێگرتن له پێشڕه‌ویی سوپا و ڕێگرتن لە سه‌ركه‌وتنی كۆده‌تاكه. به جۆرێك، كه ده‌یان سه‌ربازی توركیا به‌ناچاری خۆیان ڕاده‌ستی خۆپیشانده‌ران و لایه‌نگرانی ئه‌ردۆغان و حكوومه‌تی توركیا كرد.
٣-ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
هەر لە سەرەتای کودەتاکە و ڕژانی سەرباز بۆ سەر دامودەزگه‌کانی حکوومەت، زۆربه‌ی پارته سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاته، به "هه‌ده‌په"یشه‌وه، دژایه‌تیی خۆیان بۆ كۆده‌تا سه‌ربازییه‌كه پیشان دا و، سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغانیان به هۆكاری ده‌ستێوه‌ردانی دامه‌زراوه‌ی سەربازی له پڕۆسه‌ی سیاسی ناو برد. سه‌ره‌ڕای لاوازیی هه‌ڵوێستی به‌شێك له وڵاتانی جیهان، بەتایبەت ئەمریکا و ڕووسیا، كه چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی گەورەیان لێ ده‌كرا، به‌ڵام هیچ وڵاتێكی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، پشتگیریی خۆیان بۆ كۆده‌تاچییه‌كان دەرنەبڕی و بەرگرییان لێ نەکرد.
٤-دەزگه‌ی هەواڵگری و پۆلیسی تورکی
ڕۆڵی هه‌ر یه‌ك له ده‌زگه‌ی هه‌واڵگریی توركیا و پۆلیسی ئه‌و وڵاته، له پێش‌گرتن به پێشڕه‌وییه‌كانی سوپا و دامركاندنه‌وه‌ی كۆده‌تاكه، گرنگ و یه‌كلاییكه‌ره‌وه بوو. به جۆرێك كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سه‌رۆكوه‌زیران ڕای گه‌یاند كه پۆلیسی ناوخۆ ڕێگه نادات كه‌مینه‌یه‌ك له سوپا، كۆده‌تای سه‌ربازی به‌سه‌ر دامه‌زراوه شه‌رعییه‌كانی وڵات‌دا بكات. هه‌روه‌ها، دواتر پۆلیس، ئه‌فسه‌ری به‌رپرسی له جووڵه‌ی سوپا ده‌ستگیر كرد و ناچاری كرد فه‌رمان به سوپا و تانكه‌كان بكات له شه‌قامه‌كان بكشێنه‌وه.
کێ لە پشت کودەتاکەی ١٥ی تەممووزەوە بوو؟
تورکیا وڵاتێکی فرەشوناس و ئاڵۆزە. مێژووی هاوچەرخی تورکیا، بەتایبەت دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، پڕە لە ململانێی (سەرباز، سوپا، سیسته‌م و دەسەڵاتی مەدەنی)، پڕە لە ململانێی جەنەڕاڵ و ئیسلامی سیاسی، جەنەڕاڵ و پرسی سێکیۆلاریزم و پرسی کەمالیزم. ئەوەی لە ١٥ی تەممووز ڕووی دا، مێژووی تورکیا لە سەردەمی نوێ‌دا، دەکاتە دوو قۆناغ: قۆناغی بەر لە کودەتا و قۆناغی دوای کودەتا، قۆناغی دامەزراوەیەکی سەربازیی بەهێز و قۆناغی دامەزراوەیەکی سەربازیی بێهێز و بێڕۆڵ (کە لە داهاتوودا ئەو دامەزراوەیە ڕووبەڕووی دەبێتەوە).
کودەتاکەی ئەم جارە لە هەموو کودەتاکانی تری تورکیا جیاوازتر و لاوازتر بوو (١٩٦٠، ١٩٧١، ١٩٨٠ و ١٩٩٧). کودەتایەک لە ڕووی ڕێکخستن و بەرنامە و کات و شوێن و ڕابەرایەتی و ستراتیژییەوە، بەوپەڕی لاوازییەوە دەرکەوت، كه نەیتوانی ڕەگەزە نەرم و ڕەقەکانی "دەسەڵاتی سیاسی" تێ پەڕێنێت، نەیتوانی خۆی بە پرسی شەقام، هێزی نەیار و دژە-ئاک‌پارتی و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا و دامەزراوەی پۆلیس و هەواڵگرییەوە ببەستێتەوە.
کودەتاکە لە هەوڵی "گرووپێکی ناڕازی" دەچوو، کە ڕەنگە هاوسۆزییان بۆ هێڵی خزمەت "گویلەنییەکان" لەناو دامەزراوەی سوپادا هەبێت، یان سەر بە ڕێکخراوی "ئەرگەنەکۆنەکان" بن. لە گوشارێکی خێرا دەچوو بۆ دووبارەداڕشتنەوەی شوناس، جا شوناسی ئەردۆغان بێت، یان گێڕانەوەی شوناسی سیاسیی سەدەی ڕابردووی تورکیا، یان ئەو شوناسەی کە هەر لە سەرەتاوە "کودەتاچییەکان" بەناوی گێڕانەوەی ئاشتی، دیموکراسی و دەسەڵاتی مەدەنیی بانگەشەیان بۆ دەکرد.
کودەتاکە هیچی نەکرد، جگە لە درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسیی ئاک‌پارتی/ئەردۆغان، ئەپدەیتکردنەوەی شەرعییەتی سیاسیی دەسەڵات و، دەرفەتدان بە ئەردۆغان بۆ وەبەرهێنانی سیاسیی زیاتر، مۆبیلیزەکردنی دەنگدەری تورکی، پاککردنەوەی دامەزراوەی سەربازی و دادوەری لە دژە-ئەردۆغانییەکان، گەشەی ئیسلامی سیاسی، دەستبردن بۆ پرسی داڕشتنەوەی پەیکەری سیسته‌می سیاسی لە تورکیادا. پرسی کێ کەسی یەکەم و سەنتەری دەسەڵاتی سیاسی بێت لەناو سیسته‌مەکەدا؟ بڕیارە گەورەکان، چۆن بگوازرێنەوە و، لە کەسی یەکەمدا کۆ بکرێنەوە؟ چۆن قووڵاییی سیاسی و ستڕاتیژی لەناو سیسته‌م و ڕای گشتی و کەلتووری سیاسی و سیسته‌می هەرێمی، بە "تاکەکەسێک" ببەسترێتەوە؟ تەنانەت کودەتاکە پارچە و گرووپ و باڵە جیاوازەکانی ناو خودی "ئاک‌پارتی"یش دەخاتە بەرەیەک و ڕووبەڕووی یەکگرتوویی و یەکڕایییان دەکاتەوە. کودەتاکە تەنیا دەتوانێت لە قووڵاییی ئابووری و گەشەی ئابووری و شوناسی ئابووری و پرسی لێبڕالیزمی ئیسلامی بدات و، لە تورکیادا بیپووکێنێتەوە.
کودەتاکە نەیتوانی خەڵک و ڕای گشتیی تورکیا مۆبیڵیزە بکات و بیجووڵێنیت. خەڵکی تورکیا مێژوو و ئەزموونێکی تاڵ و پڕئازاری لەگەڵ مەسەلەی سەربازدا هەیە، لەگەڵ توندوتیژی و عەسکەردا هەیە. ڕای گشتیی تورکیا، دەسەڵاتێکی لەسەر مۆدێڵی ئاکپارتیی پێ باشترە لە سەرباز و بەمەش پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان و پایەکانی دەسەڵات کرد. دەزگه‌ی هەواڵگری و پۆلیس ڕووبەڕووی سەرباز بوونه‌وە و، هیچ بەرەیەکی یەکگرتووی سەربازی بۆ شکاندنی دەسەڵاتی مەدەنی دروست نەبوو.
دەرەنجام
تورکیا وڵاتێکی دامەزراوەیی و سێکیۆلارە (سێکیۆلاریزمێکی توندڕەو)، لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا چوار کودەتا ڕوویداوە، چوارجار سوپا و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەو وڵاتە بەبیانوی پاراستنی پڕەنسیپەکانی سێکیۆلاریزم و کەمالیزم کودەتایان بەسەر حکوومەتدا کردووە و حکوومەتیان هەڵوەشاندۆتەوە. سوپا و سەرباز هەرکاتێک هەستییان بە هەڕەشە کردبێت بۆسەر سێکیۆلاریزم دەستیان بۆناو کایەی مەدەنی ئەو وڵاتەبردووە و خۆیان بەسەردا دەسەڵاتی مەدەنیدا سەپاندووە.
كۆده‌تا سه‌ربازییه‌كەى ١٥ ته‌مموز جیاوازى جیهانبینی ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازیی توركیا و ده‌سه‌ڵاتى سیاسى خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ك چۆن دابه‌شبوونى دامه‌زراوه‌كانى توركیاى پیشاندا له ئه‌نجامى هه‌وڵه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى سیاسیى و به‌تایبه‌ت خودى ئه‌ردۆغان بۆگۆڕینى سیسته‌مى سیاسى له توركیا. كۆده‌تاكه‌ى ١٥ی ته‌مموز هه‌رچه‌نده شکستێ هێنا، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارى له‌په‌یوه‌ندى نێوان سوپا و ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى توركیا و پێداچونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سیاسیى به بنەما و ڕەگەزەکانی ده‌هێنێته كایه‌وه، جا چ به‌ڕێگه‌ى ئه‌رێنى بێت وه‌كو هه‌وڵى پێداچونه‌وه به سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن پارتى داد و گه‌شه‌پێدان، یا هه‌وڵى تۆڵه‌كردنه‌وه و هه‌نگاونانى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى بۆ له‌ناوبردنى نه‌یاره‌كان و بەرەنگاربوونەوەیان.