سێکیۆلاریزم و سوپا لە تورکیادا

پێشەکی:
تورکیای هاوچەرخ، دەوڵەتێکی سێکیۆلارە (لائیکی کەمالی). یەکەیەکی سیاسییە کە ئایین، هیچ ڕۆڵێکی سیاسیی تێدا نابینێت. سەرەتاکانی سێکیۆلاریزم لە تورکیادا، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی تورکیای هاوچەرخ لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە. کەمال ئەتاتورک، ئەندازیاری مۆدێلی سێکیۆلاریزمی لائیکییە لە وڵاتەکەیدا کە ڕەهەندێکی سەربازیی لەخۆ گرتووە و پەیوەندییەکی تەواوی لەگەڵ کایەی سوپا و سەربازەوە هەیە؛ بە جۆرێک سوپا و دامەزراوەی سەربازی، بەردەوام خۆی بە پارێزەری پلە یەکی سێکیۆلاریزم دادەنێت و، لە مەترسیی داڕمان و هەڕەشە دەیپارێزێت. زۆرینەی دانیشتووانی تورکیا مسوڵمان و سوننەمەزهەبن. تورکیا، وەک وڵاتێکی ناعەرەبی و وڵاتێکی زۆرینە موسڵمان، لە مامه‌ڵه‌كردن لەگەڵ پرس و پێگە و شوێنی ئایین لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی سیاسی بۆتەوە، بەتایبەت کاتێک حزبە سیاسییە ڕەگ-ئیسلامییەکان دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و، دووبارە هەوڵی بەئیسلامکردنی کایەی سیاسیی تورکیایان داوە. 

مێژووی سێکیۆلاریزم لە تورکیادا:

تورکیا لە دواهەمین سەردەمی عوسمانی و سەرەتای کۆماریدا، ململانێیەکی توندی ڕۆشنبیریی بەخۆیەوە بینی، تەوەری ئەم ململانێیەیش بریتی بوو لە: ڕێگه‌کانی بووژانەوە، ڕیفۆرم و چۆنیەتیی بەیەکەوەگونجانی نێوان ڕۆشنبیری خۆماڵی/ئیسلامی و ڕۆشنبیری بێگانە/خۆراوایی. هەوڵە چڕەکانی بەخۆراواییکردنی تورکیا، کە ماوەی سەدە و نیوێکی خایاند، بووە هۆی دروستبوون و سەرهەڵدانی ململانێیەکی توندی ڕۆشنبیریی نێوان هەردوو ئاڕاستەی موحافیزکار و ئاڕاستەی نوێخوازەکان. بەڵام، دواجار توانرا نوێبوونەوە لە هزر، فیقهـ و بەهاکانی ئەو ڕێباز و یاسایانەدا بکرێت، کە زیندووێتی و بەهێزی بە ژیانی شارستانییەتیی ئیسلامی دەدەن. هەورەها گرووپێک لەناو قوتابخانەی تازەگەریدا، بۆچوونی وا بوو کە کاریگەربوون بە ڕۆشنبیریی خۆراوا، باشترین بەربەستێکە بۆ بەرگەگرتن لە توانەوەی ڕۆشنبیری و دروستبوونی تەنگژەی ناسنامە و پڕۆسەی بەخۆراواییبوون.
پیاوانی تەنزیمات، بە چاویلکەی خۆراوا سەیری بارودۆخی دەوڵەتی عوسمانییان دەکرد، بە هەمان تێڕوانین و دونیابینیش چارەسەرییان بۆ نەخۆشییەکانی دادەنا. سەدری ئەعزەم ڕەشید پاشا، "یاسای نوێ"ی فێربوونی دەرکرد؛ بە هۆیەوە ئەرکی فێربوون کەوتە ئەستۆی دەوڵەت. بەپێی یاساکە ڕۆڵی زانایان، قوتابخانەکان و ئه‌وقافەکان، لە بواری فێرکردن سنووردار کرا. ئەوە بوو دەوڵەت پڕۆسەی نوێی فێربوونی خستە ئەستۆی خۆی و ناوی نا "مکتب". هەورەها ناوی "مدرسە"ی دایە پاڵ قوتابخانە کلاسیکییەکان، کە وانەی ئایینییان تێدا دەخوێندرا. ئەم دوو کردەیە، بە هەنگاوی یەکەمی پڕۆسەی سێکیۆلاریزەکردن دادەنرێت. دیسان لە ئیستەنبۆڵ، کۆمەڵێک یاسای دیکەی تایبەت بە بواری دادوەریی دەرکرد، لە ناویشیاندا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە قۆرخکردنی لە لایەن زانایانی ئەم بوارە، پڕۆسەی فێربوون کەوتەدەستی لایەنێکی شارەزا. هەروەها دادگه‌یەکی بازرگانی دروست بوو، کە پشتی بە یاساکا بازرگانییه‌كانی خۆراوا دەبەست. هەر لەو ماوەیەدا، چەند دادگه‌یەکی دیکەی تێکەڵ لە هەر دوو یاسای ئیسلامی و یاسای دانراو پەیدا بوون، كه‌ لە لێکۆڵینەوە و تەماشاکردنی پرسەکاندا، ڕەچاوی سیسته‌می دادگه‌کانی وڵاتانی ئەوڕوپییان دەکرد. بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا، هێشتا پرسەکانی تایبەت بە باری کەسی، ڕاستەوخۆ سەر بە دادگه‌ی شەرعی بوون.

بەگشتی، دەتوانین بڵێین "پیاوانی تەنزیمات" سەرەتاکانی مەسەلەی سێکیۆلاریزمیان داڕشت، کە زۆربەیان دەرچووی قوتابخانە مۆدێرنەکان و هەڵگری بیر و فەلسەفەی سێکیۆلاریزم بوون و، لە هەمان کاتدا فەرمانبەری دەوڵەتیش بوون.

کەمال ئەتاتورک و پڕۆسەی سێکیۆلاریزم:

دیاردەی سێکیۆلاریزم لەناو ئیمپڕاتۆریی عوسمانییدا، بووە هۆی دروستبوونی کەمال ئەتاتورک لە دوای جەنگی ئازادیی تورکیا بۆ ڕابەرایەتیکردنی دامەزراندنی سێکیۆلاریزمی لائیکی، وەکوو بنەمایەکی جێگیر و چەسپاو، کە تا ئێستایش بە جۆرێک لە جۆرەکان بە پتەوی و بە‌هێزی ماوەتەوە.
سەرەتا، هیچ نیشانە و هێمایەکی دژەئایینی لە ئەتاتورک دەرنەکەوت، بەڵکوو بە گوێرەی بڕگەکانی هەر دوو پەیماننامەی ئەرزڕۆم و سیواس لە ١٩١٨، کە بە چاودێریی خودی ئەتاتورک بۆ ڕێکخستنی خەباتی بەرگری دژ بە هاوپەیمانان مۆر کرا، جەنگی سەربەخۆیی، سەرەتا لای ئەتاتورک لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتی عوسمانی و شەریعەت بووە. بۆ ئەم مەبەستەیش لە مییانەی جەنگی ئازادی و لە وتاری ڕۆژانی هەینیدا، ئەتاتورک خۆی وەک کەسێکی تەواو ئایینی دەردەخست. کاتێک سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی گەورەی نیشتیمانیی دەکرد، دوو یاریدەدەری لە شێخەکانی ڕێبازی سۆفیگەری بۆ خۆی دامەزراندبوو. بەڵام نیاز و مەبەستە شاراوەکانی ئەتاتورک درێژەی نەکێشا، بەڵکوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆمار لە ٢٨ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٣ و هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە هەمان ساڵدا و، دواتریش هەڵوەشاندنەوەی دادگه‌کانی شەرعی، ئەتاتورک، لە دژی کۆمەڵگەی تورکیای خاوەن نەریتی ئایینی ئیسلام و ڕوخسارە ئایینییەکانی و دژایەتیکردنی پیادەکردنی ئایین لە لایەن کۆمه‌ڵگە و سەرکوتکردنی سیمبۆلە دیارەکانی، دەستی بە هەڵمەتێک کرد.

لە ١٩٢٥، پڕۆسەی بەخۆراواییکردنی ڕۆشنبیری و شارستانییەتی تورکیا و پتەوکردن و پیرۆزکردنی ڕۆڵی سوپا وەک پاسەوان و پارێزەری ڕاستەقینەی سیسته‌می نوێ، دەستی پێ کرد. بۆ بەرزڕاگرتنی بەها، ڕەگەز و بنەماکانی سیسته‌می سێکیۆلاریزم، ئەتاتورک چەند فەرمانێکی دەرکرد، لەوانە:

١- داخستنی تەکیە و خانەقاکانی ڕێبازی سۆفیگەری لە تورکیا.

٢- هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە ڕێبازێکی سۆفیگەری، ئەوەی پێی دەگوترێت پابەندبوون بە فەرمانەکانی شێخ، هەڵوەشاندنەوەی نازناوەکانی وەک (دەروێش، مورید، گەورە، بەڕێز، ئەمیر و خەلیفە).
٣- قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هەموو جۆرە جلوبەرگێک کە نیشانەی سۆفیگەریی پێوە دیار بێت.

٤- داخستنی سەرجەمی زیارەتگە و گلکۆی سوڵتانەکانی عوسمانی و پیاوچاک و شێخەکان.

هەر لە درێژەی پڕۆسەکەدا و لە ساڵی ١٩٢٦دا، یاسای باری کەسیی سویسڕی، شوێنی یاسای باری کەسیی ئیسلامیی گرتەوە. لە کۆتایییەکانی ١٩٢٦، ئەتاتورک باڵاپۆش و پۆشاکی ئیسلامیی ئافرەتانی قەدەغە کرد. دواجاریش بەر لە مردنی و لە ساڵی ١٩٣٨، ئەو ماددە دەستوورییەی هەڵوەشاندەوە، کە ئیسلام وەکوو ئایینی دەوڵەت دەناسێنێ.

پەیوەندیی نێوان سوپا و سێکیۆلاریزم:

سێکیۆلاریزمی تورکی، سێکیۆلاریزمێکی سەربازییە و، بەزەبری هێز درێژەی پێ دراوە. بەمەیش، بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنی خۆی، پێویستیی بە چەندین دامەزراوە هەیە. دامەزراوەی سەربازی، لە سەرووی هەموو دامەزراوەکانەوە دێت کە پارێزگاری لە سێکیۆلاریزم دەکات، بە شێوەیەک چەندین جار بە تۆمەت و بیانووی جۆراوجۆرەوە، کۆدەتای بەسەر حکوومەتەکاندا کردووە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٦٠، بە تۆمەتی خیانەتی گەورە لە نیشتمان و هاووڵاتیان و گێڕانەوەی کۆدە ئایینییەکان بۆ ناو کایەی سیاسی، سوپا، کۆدەتای بەسەر عەدنان مەندەرسدا ئەنجام دا و، دواتریش بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە یاساکانی سێکیۆلاریزم و ڕێگەدان بە پیادەکردنی هەندێک ڕوخساری ئایینداری لە تورکیا، ڕووبەڕووی دادگه‌ کرایەوە و، دواتریش لەسەر هەمان تۆمەت لەسێدارە درا.

لە ساڵی ١٩٨٠دا خۆپیشاندانی ملیۆنی لە لایەن "پارتی ئاشتیی نیشتیمانی"، کە خاوەن باکگڕاوندێکی ئیسلامییە، لە دژی ڕاگەیاندنی قودس وەک پایتەختی ئیسڕائیل لە لایەن ئیسڕائیلەوە، لە شاری "کۆنیا" ڕێک خرا. سوپا و جەنەڕاڵەکان بە پاساو و بیانووی پاراستنی بنەماکانی سێکیۆلاریزم، کۆدەتایان کرد و حکوومەتییان هەڵوەشاندەوە. هەروەها لە ساڵی ١٩٩٧، سوپا دووبارە هۆکاری سەرەکیی ڕووخانی حکوومەت بوو، بە بیانووی بڵاوکردنەوەی کۆنەپەرستی لە وڵات و زیادبوونی ژمارەی قوتابخانە ئایینی و ناوەندەکانی لەبەرکردنی قورئان، کە سوپا بە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر سیسته‌می سێکیۆلاریزم لە تورکیادا دادەنان.

ڕۆڵی پارتی داد و گەشەپێدان بەرامبەر مەسەلەی سێکیۆلاریزم:

سیسته‌می فکری و ئایدیۆلۆژیی ئاکپارتی (پارتی داد و گەشەپێدان)، بریتییە لە دیموکراسیی موحافیزەکار و کارکردن لەسەر بنەمای بیرۆکەی گونجان و تێکەڵابوونی شوناسە جیاوازەکان، هاوسێیەتی و خۆبەدوورگرتن لە هەر جۆرە ململانێ و دووبەرەکییەک. ئاکپارتی، وا خۆی دەردەخات کە هیچ کاتێک ئایین وەک میکانیزم بۆ ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەکار نەهێنێت. نەوەی میانڕەوی بزاڤی ئیسلامیی تورکی، کە ئەردۆغان و عەبدوڵڵا گوڵ و کەسانی تر نوێنەرایەتیی دەکەن، جۆرە گونجان و تێگەییشتنێکی دیکە سەبارەت بە پرسی ئایین، سێکیۆلاریزم و پێگە و شوێنی ئایین لە کایەی سیاسەت و فەرمانڕەواییدا دەخەنە ڕوو، کە ڕێز لە بیر و باوەڕ و ئایدیۆلۆژییه‌کانی تر بگرێت.

ئاکپارتی بانگەشەی تێپەڕاندنی شێوازی مامەڵەی ڕەوتە کلاسیکییەکانی ژیانی سیاسیی تورکیا، بە تەواوی هێزە ئیسلامی، نەتەوەیی و سێکیۆلارە ئەتاتورکییەکانەوە، دەکات. پارتی داد و گەشەپێدان، ڕاستە لە منداڵدانی پارتێکی تری ئیسلامی (پارتی فەزیڵە) لەدایک بووە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٠، ئەردۆغان و باڵی لیبڕاڵ، لە نەجمەددین ئەربەکان (باوکی ئیسلامی سیاسی) جیا بوونەوە، بەڵام هێڵە گشتییەکانی ئایدیۆلۆژیی پارتەکە و فەلسەفەی سیاسیی پارتەکەیان لەسەر بنەمای لیبڕاڵیزمی ئابووری، بازاڕ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گەشەپێدان و ڕێبازی خۆبەدوورگرتن لە بەرەنگاربوونەوەی بنەماکانی سێکیۆلاریزمی تورکی و هەوڵدان بۆ خوگونجاندن لەگەڵی و نزیکبوونەوە لە کۆمەڵگەی ئەوڕوپا و یەکێتیی ئەوڕوپا، داڕشت. خۆگونجاندنی پارتی داد و گەشەپێدان لەگەڵ پرسی سێکیۆلاریزم و ڕێزگرتن لە بنەماکانی و دووبارەنەکردنەوەی ئەزموونی هێزە ئیسلامییەکانی تری پێش خۆی، تەمەنی حوکمڕانیی ئەو پارتەی درێژ کردەوە و دەرفەتی مانەوەی زیاتری پێ دا.

ئیسلامی سیاسیی تورکی و یەکێتیی ئەوڕوپا:

تورکیا، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە داواکاریی بۆ یەکێتیی ئەوڕوپا بەرز کردۆتەوە بۆ بوون بە ئەندام. کۆمەڵێک بەربەست و کۆسپ ئامادەییی هەیە. یەکێک لەو بەربەستانە مەسەلەی شوناسە؛ شوناسی ئایینی و پێگە و، شوێنی ئایین لە دەوڵەت و سیسته‌می حوکمڕانی و ستڕاکچەر و ژێرخانی سیاسیدا. تورکیا، زۆرینەی دانیشتووانەکەی مسوڵمان و سوننەمەزهەبن و، میراتگری دوایین ئیمپڕاتۆر و سیسته‌می خەلافەتی ئیسلامییە لە ناوچەکەدا.

یەکێتیی ئەوڕوپا کیانێکی سیاسی-ئابوورییە و خاوەن فەلسەفەی لیبڕاڵیزم و تاکگەرایی و سێکیۆلاریزم و، دەزگه‌ و دامەزراوەی شارستانی و مۆدێرنە. یەکێتیی ئەوڕوپا، خاوەن ڕێنیسانس/بووژانەوە، شۆڕشی فەڕەنسی و ڕۆشنگەری و چەندین سەدە خەبات و قوربانییە بۆ گەییشتن بە بەها بەرزەکانی مۆدێرنیتە و سێکیۆلاریزم و دوورخستنەوەی ئایین لە کایەی سیاسەت  و بەمەدەنیکردنی کایەکانی کۆمەڵگە و بەدامەزراوەییکردنی. وڵاتانی ئەوڕوپا خاوەن مۆدێڵی سێکیۆلاریزمی شارستانیی بێسوپا و سەربازن و، ئەم جیهانبینییەیش هەڵقووڵاوی ئەزموونی مێژووییی کۆمەڵگەی ئەوڕوپییە.

بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی ئەوڕوپا، دژی کۆمەڵگەیەکی زۆرینە موسڵمانی وەک تورکیان بۆ ئه‌ندامبوون لە یەکێتییەکەیان، تەنانەت ئەگەر پارتێکی سێکیۆلاریش لە تورکیادا دەسەڵاتدار بێت. بەشێک لە کۆمەڵگەی ئەوڕوپی و ئەندامانی یەکێتیی ئەوڕوپا، فۆبیای ئیسلام و ترس لە ئیسلامیان هەیە و، هیچ خاڵێکی هاوبەش لە نێوان بەها ئیسلامییەکان و بەهاکانی مۆدێرنیتە و سێکیۆلاریزمی ئەوڕوپیدا نابینن.

فەڕەنسا و ئەڵمانیا، دوو لەو ئەکتەرە ئەوڕوپییانەن کە پێیان وایە ئەکتەرێکی زۆرینە موسڵمان، بە هۆی جیاوازیی مێژوویی، گۆڕانی کۆمەڵایەتی، سروشتی کەلتووری سیاسیی، پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتی و سیسته‌می سیاسی و یەکەکانی ناو سیسته‌می سیاسی، کێشە و گرفتی سۆسیۆلۆژی و سیاسیی گەورە بۆ ئەوڕوپا دروست دەکات.

بەگشتی، ڕای گشتیی ئەوڕوپی و هێزە سیاسییەکانی ئەوڕوپا وای بۆ دەچن، کە تورکیا و ئەوڕوپا خاوەن دوو شارستانییەتی جیاوازن و هەر یەکەیان دونیابینی و فەلسەفەی بەڕێوەبردنی سیاسیی تایبەت بە خۆی هەیە و دوو یەکەی زۆر جیاواز و لەیەکتردابڕاون و ناتوانن لەگەڵ یەکتر هەڵ بکەن، بەڵکوو ڕووبەڕووی یەکتریش دەبنەوە.

 

دەرەنجام: 
مێژووی سێکیۆلاریزم لە تورکیادا مێژووییەکی کورتە و لەگەڵ لەدایکبوونی دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ، پایەکانی داڕێژرا. سێکیۆلاریزمی تورکیا تا ڕادەیەکی زۆر لەژێر مۆدێلی سێکیۆلاریزمی فەڕەنسی پیادە کرا و، تەنیا شارە گەورەکانی گرتەوە و شوێنە دوورەدەست و گوندەکانی نەگرتەوە. لە لایەکی ترەوە سێکیۆلاریزمەکە بە هۆی دامەزراوەی سەربازی و هێز، وەک بەشێک لە پڕۆسەی بەخۆراواییکردن، هێنرایە نێو کۆمەڵگەی تورکی و جێبەجێ کرا؛ ئەمەیش، بووە هۆی ململانێی نێوان سوپا و ئەو هێز و لایەنانەی کە خەونیان بە دووبارەگەڕانەوەی کۆدە ئایینییه‌كان و شارستانییەتی ئیسلامییەوە دەبینی. ئەم ململانێیە لە مێژووی تورکیادا، کۆدەتای سەربازیی لێ کەوتۆتەوە و بۆتە هۆی زاڵبوونی دامەزراوەی سەربازی بەسەر کایەی مەدەنیدا؛ چونکە سەرباز پارێزەری سێکیۆلاریزمە. لە لایەکی ترەوە، ئەم پرسە تورکیای لە کۆمەڵگەی ئەوڕوپی دابڕاندووە و بۆتە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم تورکیا، بۆ چوونە ناو دونیای ئەوڕوپی و یەکێتیی ئەوڕوپا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples