تورکیا، یەکێتیی ئەوروپا و بەربەستەکان

پێشەکی:
پڕۆسەی "بەڕۆژاواییکردن" لە تورکیادا، لە دوای دامەزراندنی تورکیای هاوچەرخەوە، لە ڕێگەی هەوڵ و گۆڕانکارییە ڕادیکاڵ و ڕیشەیییەکانی کەمال ئەتاتورکەوە، دەستی پێ کردووە. مەبەست لە پڕۆسەکە، نزیکبوونەوە و، بوون بە بەشێک بووە لە جوگرافیا و شارستانییەت و دنیای ڕۆژاوا و ئەوروپا. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، ئەوروپا بیر لە خۆڕێکخستن و خۆدیسپلینکردنێکی تازەی سیاسی-ئابووری دەکاتەوە. بیر لە سیسته‌مێکی تازەی بەرگری و هاوکاری دەکاتەوە. دواجار "یەکێتیی ئەوروپا"ی لێ لەدایک دەبێت. یەکێتییەک، سنوورە دەستکردەکانی نێوان گەل و نەتەوە جیاجیاکانی ئەوروپا کاڵ دەکاتەوە، لە ڕێگەی کۆمەڵێک پڕەنسیپ و بنەمای سیاسی و ئابووریی تازەوە ناسنامه‌یه‌کی مۆدێرن بۆ ئەوروپییەکان دادەڕێژێتەوە، چوارچێوەیەکی تری ژیانی سیاسی بۆ ئەوروپییەکان دروست دەکات، وەک ئەکتەرێکی بەهێزی ئەوروپی خۆی نمایش دەکات. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، تورکیا هەوڵی چوونەنێو ئەو یەکێتییە سیاسی-ئابوورییە دەدات و، داواکاریی بۆ بەئەندامبوون بەرز کردۆتەوە. دانوستان و گفتۆگۆکان بۆ بەئەندامبوون، بە چەندین قۆناغ و ئاستی جیاجیادا تێ پەڕیوە. بە هۆی کۆمەڵێک بەربەست و پێوەر و بنەمای یەکێتیی ئەوروپاوە، تورکیا تا ئێستا نەیتوانیوە ببێت بە بەشێک لە یەکێتییەکە و، وەک ئەندامێکی تازە قبووڵ بکرێت.

چوارچێوەی تیۆری:

لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کۆمەڵێک ئەکتەر هەن: "ئەکتەری دەوڵەتی"، "ئەکتەری نا-دەوڵەتی"، وەک: ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوە هەرێمییەکان، کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و هەرێمە بەنێودەوڵەتیکراوەکان." هەموو ئەم ئەکتەرانە لەنێو خێزانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بە کۆمەڵێک فۆرم و شێوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتردا لە فۆڕمی هاوکاری، هەماهەنگی، ململانێ و جەنگدا، دروست دەکەن و ڕێک دەخەن. لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و ڕووخانی دیواری بەرلین و دروستبوونی سیسته‌می "تاک-جەمسەری" بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و، داڕشتنی ڕێکخستنی نوێی جیهانی، ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زیاتر و گەورەتر بوو وەک ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتی، ئەکتەرە دەوڵەتییەکانیش بە هۆی پرسی ئاسایشی بەکۆمەڵ و هاوکارییەوە، دەبوون بە بەشێک لەو ناسنامه‌ و ڕێکخستنە نوێیە و، پێگە و جێگەی سیاسیی خۆیان جارێکی تر دادەڕشتەوە. دەکرێت پرسی یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا، لەم چوارچێوە تیۆرییە خوێندنەوەی بۆ بکرێت و، لە ڕەهەندی ئاسایش، هاوکاری، سیسته‌می سیاسی، جیۆستڕاتیژی، جیۆپۆلیتیک، سیسته‌می بانکی، پرسی وزە، کۆچ و بازاڕ لێکدانەوەی بۆ بکرێت. لەم دنیابینییەوه‌ کە هەردوو ئەکتەر (تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا) پێویستییان بە یەکترە و، دەتوانن بەیەکەوە ڕۆڵێکی باشتر بگێڕن.   

یەکێتیی ئەوروپا، وەک ڕێکخستنێکی سیاسی-ئابووری:

یەکێتیی ئەوروپا ڕێکخستنێکی سیاسی-ئابوورییە و بەرهەمی مێژوویەکی دوورودرێژی گەل و نەتەوە جیاوازەکانی ئەوروپایە. ئەم یەکێتییە، لە دنیای ئەمڕۆدا یەکێکە لە ئەکتەرە کاریگەر و خاوەن بڕیارەکان لە جیهاندا و، ڕۆڵێکی گەورە لە دروستکردنی بڕیاری جیهانی و سیاسەتی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەگێڕێت. یەکێتیی ئەوروپا، خاوەن چەندین دامەزراوەی بان-نەتەوەیییە وەک: پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجوومەنی ئەوروپی، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا، کۆمیسیۆنی ئەوروپا، دادگه‌ی دادی ئەوروپا و بانکی ناوەندیی ئەوروپا. هەموو ئەم دەزگه‌ و ناوەندانە، ڕۆڵێکی کاریگەر لە پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، دەگێڕن.

بۆچی تورکیا دەیەوێت ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا؟

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەوروپا، مێژوویەکی دێرینی هەیە. عوسمانییەکان بۆ فراوانکردنی جوگرافیای دەسەڵات و قەڵەمڕەو و حکومڕانیی خۆیان، تا لە توانایاندا بوو شاڵاویان بەرەو ڕۆژاوا برد. بەو پێیەی مەبەستیان بوو باڵادەستیی ئیسلام و شارستانییه‌تی ئیسلام، بگەیەننە ناوچە جیاوازەکانی ئەوروپا. بە هۆی هەڵسوکەوتی شەڕانگێزانەی عوسمانییەکان و، هەوڵەکانیان بۆ داگیرکردنی وڵاتانی ئەوروپا، تا سەردەمێکی درێژ، زۆربەی ئەوروپییەکان بە چاوی دوژمنکارییەوە سەیری عوسمانییەکانیان دەکرد و، پێیان وا بوو عوسمانییەکان دوژمنێکی گەورەی مەسیحییەت و شارستانییه‌تی ڕۆژاوان و، بەر لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دەگرن. لە دوای "جەنگی سارد" و لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەهۆی دووبارە داڕشتنەوەی سیسته‌می سیاسیی جیهانی و لەدایکبوونی "سیسته‌می تاکجەمسەری" و ڕاگەیاندنی "ڕێکخستنی نوێی جیهانی" و سەرکەوتنی لیبڕاڵیزم و ئابووری کراوە، تورکیا زۆر بەڕژدی هەوڵی داوە بەشدارییەکی کارای لە دنیای ڕۆژاوا و ئەو سیسته‌مە نوێیە و یەکێتیی ئەوروپادا هەبێت.

لە لووتکەی "هێڵسنکی"، کە لە نێوان ١٠-١٢ی دیسێمبەری ١٩٩٩ بەسترا، ڕێبەرانی ئەوروپا پلەی پاڵێوراویان بە تورکیا بەخشی؛ بەو هیوایەی تورکیا بتوانێت پێوەر و بنەما سەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا ڕەچاو بکات، تا لە ئاییندەدا بۆ وەرگرتنی پلەی ئەندامێتیی تەواو، دەست بە دانوستانەکان بکرێت.

دانوستانە فەرمییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا لە ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥ دەستی پێ کرد. گفتوگۆکان (٣٥) بواری جیاوازی وەک سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، مافی مرۆڤ، مافی کەمینەکان و ئازادییە گشتییەکان و... لەخۆ گرتبوو. ماوەی گفتوگۆکان ڕاگەیه‌ندرا، کە بە لایەنی کەمەوە ١٠ ساڵ دەخایەنێت، واتە تا ٢٠١٥ درێژەی دەبێت.

١١ی دیسێـمبەری ٢٠٠٦، وەزیرانی دەرەوەی هەر ٢٥ وڵاتە ئەندامەکەی ئەوسای یەکێتیی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیان لە بڕۆکسل، بڕیاریان دا، بە هۆی سستیی بەڕێوەچوونی ڕیفۆرمەکانی تورکیا، دانوستانەکانیان لەگەڵ تورکیا هەڵپەسێرن. هەڵپەساردنەکەیش بەتایبەتی ئەم هەشت بوارەی گرتەوە: پەیوەندییەکانی دەرەوە، یەکێتیی گومرگی، مافی دامەزراوەکان و ئازادیی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، ئازادیی هاتووچۆی خۆراک، خزمەتگوزاریی دارایی، کشتوکاڵ و پەرەپێدانی لادێ، سیاسەتی گواستنەوە و سامانی ماسی.

لە ئێستادا جارێکی تر یەکێتیی ئەوروپا لە ڕێگەی پەرلەمانی ئەوروپاوە، بە هۆی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانه‌وه‌، دەیەوێت دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا لەسەر پرسی بەئەندامبوونی، بوەستێنێت. "ئەردۆغان"یش دەڵێت: "بڕیارەکانی یەکێتیی ئەوروپا، هیچ بەهایەکی نییە".

یەکێتیی ئەوروپا، چیی لە تورکیا دەوێت؟

یەکێتیی ئەوروپا قەوارەیەکە، هەڵگری کۆمەڵێک نۆرم و پێوەری بەرزە، وەک: پرسی ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ، ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان، پرسی دیموکراسی، فرەییی سیاسی و پلوڕاڵیزم، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، پرسی کەمینەکان و، چەندین نۆرم و بنەمای تر، کە لە دنیای نوێدا لاسایییان دەکرێتەوە و چاویان لێ دەکرێت.
لە پێشەکیی جاڕنامەی مافە بنەڕەتییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠٠دا هاتووە كه‌ "دەوڵەتانی ئەوروپا بەیەکەوە کار دەکەن بۆ دامەزراندنی یەکێتییەک لە نێوان خۆیان، کە ئاییندەیەکی ئارام لەسەر بنەمای هاوبەش بێنێتە کایەوە".

بەگوێرەی پێوەرە سیاسییەکانی کۆپنهاگن، ١٩٩٣، هەر دەوڵەتێک، گەر بیەوێت ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، دەبێت دەزگه‌ یاسایییەکانی لەسەر بنەمای دیموکراسی، سەروەریی یاسا، مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتن و پارێزگاریکردن لە کەمایەتییەکان، بنیات بنێت.

لە ماددە (٢)ی ڕەشنووسی دەستووری یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە "یەکێتیی ئەوروپا لەسەر بەهای رێزگرتنی کەرامەتی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی و باڵادەستیی یاسا و ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، دەوڵەتانی ئەندام بەو بەهایانە ئاشنان کە کۆمەڵگەکانیان فرەکەلتوور و لێبووردە و دادگەر و هاوکار و دژەجیاکارین".
لە کۆبوونەوەی "کۆپنهاگن"ی ئەنجوومەنی ئەوروپا، ١٩٩٣، پێوەرەکانی کۆپنهاگن ڕاگەیه‌نران، کە لە سێ بوار و چاپتەردا مەرجەکانی ئەندامێتیی دیاری کردووە، ئەوانیش بریتین لە:

پێوەری یەکەم: بنەمایەکی سیاسیی هەیە و، هەڵوەستە لەسەر سەقامگیریی دامەزراوەکانی دەوڵەتی پاڵێوراو کراوە، کە پێویستە تا ئاستێکی گونجاو و لەبار سەقامگیریی هەبێت، بە جۆرێک بتوانرێت دیموکراسی وەک سیسته‌می فەرمانڕەواییی وڵات بپارێزێ و، یاسا سەروەر بێت. مافەکانی مرۆڤ بەگوێرەی ئەو تێگەیشتنەی کە جاڕنامە و دۆکیۆمێنتە نێودەوڵەتییەکان خستوویانەتە ڕوو، ڕێزیان لێ بگیردرێت. کەمایەتییەکان (نەتەوەیی، ئایینی یا مەزهەبی) بێت، دەبێت مافەکانیان پارێزراو بێت و، ڕێز لە بوون و تایبەتمەندییان بگیرێ و، بەرگری لە مانەوە و ژیانکردنیان بکرێت.

پێوەری دووەم: بنەمایەکی ئابووریی هەیە و پەیوستە بە پرسی بازاڕی ئازاد و، داوا دەکرێت دەستوەردانی دەوڵەت و کەرتی گشتی لە کاروباری بازاڕ کەم بکرێتەوە و نەهێڵدرێت و، نرخ و بازرگانیی دەرەکی ئازاد بکرێ. پرسی ئابووری و بازرگانی، بەرەو "تایبەتیبوون" بچێ و، دەست و ڕۆڵی دەوڵەت لە کەرتە جیاجیاکانی ئابووریدا کەم بکرێتەوە. سەرەڕای بوونی ئابوورییەکی سەقامگیر و بەهێز و دوور لە کێشەی هەڵاوسانی زۆر و کەڵەکەبوونی قەرزی دەرەکی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری.

پێوەری سێیەم: خۆگونجاندنە لەگەڵ هەموو ئەو یاسا و پەیماننامە و دۆکیۆمێنت و ڕێسایانەی کە لە ئەوروپا، بوونەتە نەریت و پەیڕەو دەکرێن و وەکوو بەشێکی جیانەکراوە لە فەرهەنگ و کەلتووری کۆمەڵگەی ئەوروپی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. ئەم دۆکیۆمێنتانە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێکخستنی ژیانی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی ئەوروپیدا دەگێڕن و، بە کۆڵەگەیەکی بنەڕەتی دادەنرێت.

ئەگەر سەیری سیسته‌می سیاسیی ئەو دەوڵەتانە بکەین کە لە یەکێتیی ئەوروپا ئەندامن، یان لە دامەزراندنیدا بەشدارن، دەبینین کە دەوڵەتی دیموکراسین و، پەیڕەوی له‌ سیسته‌م و ڕێبازی لیبڕاڵیزمی سیاسی دەکەن.

 
بەربەستەکانی وەرگرتنی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا

یەکەم: پرسی دیموکراسی و کەموکوڕییەکانی لە تورکیا

ڕاستە سیسته‌می سیاسی لە تورکیا بە بەڕووخسار و بەڕووکەش دیموکراسییە، هەڵبژاردن و پڕۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، ئامادەییی هەیە. بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە کۆمەڵێک کەموکوڕی و بۆشایی لە دیموکراسیی تورکیادا هەیە کە لە وڵاتانی ئەوروپادا نین و قبووڵ ناکرێن. یەکێک لە کەموکوڕییەکانی دیموکراسیی تورکی، پەیوەستە بە ئازادیی بیر و ڕا و ڕادەربڕین. ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی قسەکردن، یەکێکە لە پایە هەرە گرنگەکانی نێو دنیای دیموکراسیی ڕاستەقینە. دیموکراسی، بەبێ ئازادیی ڕادەربڕین و بیر و ڕا، هیچ هێما و واتایەک ناگەیەنێت. لە تورکیا، یاسای سزا لە ڕێی چەند ماددەیەکەوە، کۆمەڵێک کۆتوبەندی لە بەردەم ئازادیی ڕادەربڕین و مەسەلەی قسەکردندا داناوە. سەرەڕای ئەوەیش دەستووری تورکیا، ڕەخنەگرتن و تانەدان لە بنەماکانی کەمالیزم و بیروباوەڕی کەمالیزم، خستۆتە چوارچێوەی پرسە قەدەغەکانەوە. لەژێر پاڵەپەستۆی یەکێتیی ئەوروپا و ڕێکخراو و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە ئازادیی بیر و ڕا و ڕادەربڕین، لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێک گۆڕانکاری کران، بەڵام وەک پێویست نییە و، هێشتا ئایدیۆلۆژیی کەمالیزم، ڕێگرە لە ئازادیی ڕادەربڕین.

بەگوێرەی یاسا و هەڵسوکەوتی سیاسیی تورکیا، تا ئێستایش چوار پرس لە چوارچێوەی قەدەغەیییه‌وه‌ نەهاتوونەتە دەرەوە و، دەستبۆبردن و باسکردن و ڕەخنەگرتنیان، خاوەنەکەی دووچاری لێپرسینەوە دەکات. ئەوانیش ئه‌م پرسانه‌ن: کۆمەڵکوژیی ئەرمەنه‌کان، دۆزی کورد، ڕۆڵی سوپا لە سیاسەت و ڕۆڵی مستەفا کەمال ئەتاتورک لە بنیاتنانی تورکیای هاوچەرخدا. هەر یەک لەو بابەتانە، ئەگەر لە دەرەوەی ویست و تێگەیشتنی دەسەڵات قسەیان لەسەر بکرێت، بەگوێرەی دەقی ٣٠١ی یاسای سزای تورکی، دەخرێتە بەردەم لێپرسینەوە و، هەڵسوکەوتەکە بە لەکەدارکردنی نەتەوەی تورک هەژمار دەکرێ. بەگشتیش قوربانیانی ڕادەربڕین، کاراکتەری نووسەر و ڕۆژنامەوان و چالاکوانانن. ئیسماعیل بێشکچی و لەیلا زانا و ئۆڕهان پاموک و جەنگیز چاندار و... چەندین جار لەسەر لێدوانێک یان وتار و دیمانەیەک، تووشی دادگه‌ییکردن و بەندکردن و تەنانەت کوشتنیش هاتوون.

زۆربەی ڕاپۆرتەکانی یەکێتیی ئەوروپا، کە ساڵانە دەربارەی تورکیا دەردەچن، چەندین بڕگەیان بۆ پرسی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین و پەیوەندیی نێوان دامەزراوەی مەدەنی و سوپا تەرخان کردووە و، زۆر بەوردی چاودێریی ئەم پرسانە دەکەن. بۆیە پێویستە تورکیا بۆ نزیکبوونەوە لە یەکێتیی ئەوروپا، ڕیفۆرمی ڕاستەقینە لەو بابەت و پرسە گرنگانە بکات، چونکە یەکێتیی ئەوروپا تورکیایەکی قبووڵ نییە سوپا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەناو دامەزراوەی حکومڕانیی مەدەنیی تورکیادا ڕەفتار بکات، ئازادیی ڕادەربڕین سنوردار بێت و دیموکراسییەکەی پڕ کێشە و گیروگرفت بێت.


دووەم: پرسی مافی مرۆڤ و مافی کەمینەکان:

بەگوێرەی پەیماننامەی لۆزان، ١٩٢٣، دەوڵەتی تورکیا وەکوو دەوڵەتێکی تاکنەتەوە بنیات نراوە و، تەنیا تورک وەک نەتەوە دانی پێ دانراوە، ناوی خودی وڵاتەکەیش ناوێکی ڕەگەزییە و، پڕە لە ڕەگەزپەرستی و تۆرانیزم و تایبەتە بە تورک. ئەوانەی پەیماننامەی لۆزان، وەکوو کەمینە پێناسەیان دەکات، تەنیا کەمینەی ئایینین (جووله‌كه‌ و مەسیحییەکانی تورکیا). ئەم دنیابینییە و کردە سیاسییە، بووە هۆی سنووردارکردنی چەمکی هاووڵاتی و مافی هاووڵاتیبوون لە تورکیا و، کورتکردنەوەی تورکیا بۆ نەتەوەی تورک و فەرامۆشکردنی تەواوی نەتەوەکانی تر؛ لە سەرووی هەموویانەوە نەتەوەی کورد، کە دووەم نەتەوەی پێکهێنەری تورکیایە و، بەگوێرەی دوایین خەمڵاندنەکان ژمارەی کورد لە تورکیا زیاتر لە ٢٠%ی دانیشتووانە و نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس دەبێت. لە لۆزانەوە حکوومەتەکانی تورکیا، هەوڵی سڕینەوەی کورد دەدەن و، کوردیش بە جۆرەها شێواز، داکۆکی لە مانەوەی تایبەتمەندییە نەتەوەیییه‌کانی خۆی کردووە، جا چ بە شێوازی خەباتی چەکداری، چ لە ڕێگەی هەوڵە مەدەنی و خەباتە نوێیەکانی دنیای ئەمڕۆ.

لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابردوو، کاردانەوەی کورد، زنجیرەیەک سەرهەڵدان و بزووتنەوە و شۆڕش بوو، کە بێبەزەیییانە هەموویان سەرکوت کران. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمیشەوە، کورد، لە بواری ڕۆشنبیری و لە چوارچێوەی هێزە چەپەکانی تورکیادا ڕووبەڕووی دەسەڵات بۆتەوە و، لە نیوەی شەستەکان و حەفتاکاندا کۆمەڵێ گڕووپ و ڕێکخراوی کوردی بۆ خەبات و بەرخۆدان لە پێناو مافەکانی کورددا دامەزران. دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ١٩٧٨دا، دەستکردنی بە خەباتی چەکداری لە ١٩٨٤ لە دژی حکوومەتەکانی تورکیا، دەرەنجامی سیاسەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی کورد و ناسنامەی کورد و پشتگوێخستنی ناوچە کوردییەکان بوو. بەمەیش تورکیا زیانێکی گەورەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و مەعنەویی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بە خۆی گەیاندووە و، لە پێوەر و بنەما سەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا دووری خستۆتەوە، بە جۆرێک ئێستا چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا، مەرجێکی سەرەکی و کلیلیی تورکیایە بۆ بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپادا.

لە لایەکی ترەوە، جوولەکە و مەسیحییەکان (یۆنانی و ئەرمەنەکان)ی تورکیا، بەگوێرەی پەیماننامەی لۆزان، پێویستە ڕێز لە تایبەتمەندی و جیاوازی و خواستەکانیان بگیردرێت. تا ئێستا لە هەندێ باردا ڕەچاوی داواکانیان ناکرێ و چەندین کێشە و گرفتی سیاسییان هەیە، بەرچاوترین کێشە، کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت یەکێتیی ئەوروپایش داکۆکیی لێ دەکەن، کێشەی مافی موڵکداری و خاوەندارێتییە بۆ کەسانی نامسوڵمان لە تورکیا. سەرەڕای ئەوەی کە وەک پێویست دەرفەتی بەشداریی سیاسییان پێ نەدراوە و، لەگەڵ تورکە مسوڵمانەکان، جیاکاری و جیاوازییان لە نێواندا دەکرێت.

بەم جۆرە، جگە لە نەتەوەی تورک، نەتەوەکانی دیکە و ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان لە تورکیا، زۆرینەیان کێشەی ناسنامه‌ و بوونیان هەیە و، وەکوو خۆیان ناناسرێن و دانیان پێ دانانرێن. هەندێکی تریشیان کێشەی ناساندن و زەمینەسازییان بۆ پیادەکردنی مافەکانیان هەیە. لە هەردوو باردا، یەکێتیی ئەوروپا داوای چارەسەری ڕژد لە تورکیا دەکات و، پشتگوێخستنی ئەم کێشە و داخوازییانە، ڕێگەی تورکیا بۆ یەکێتیی ئەوروپا سەختتر و درێژتر دەکات.

لە ئێستادا حزبی فەرمانڕەوا (پارتی داد و گەشەپێدان)، هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی بۆ سەر ئەندامانی "پارتی ئاشتی و دیموکراسیی گەلان/هەدەپ" دەست پێ کردووە و هاوسەرۆکانی ئەو پارتەی لەگەڵ دەیان پەرلەمانتاری ئەو پارتە، دەستگیر کردووە، ئەمەیش یەکێتیی ئەوروپای نیگەران و تووڕە کردووە و، تەنانەت پەڕلەمانی ئەوروپا بەنیازە، گفتوگۆکانی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا بوەستێنێت.  هاوکات سەرۆککۆماری تورکیا، لە لێدوانێکیدا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا گرت و، بێباکیی خۆی لە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە یەکێتیی ئەوروپا ڕاگەیاند.

سێیەم: پێگەی جوگرافی و جیۆپۆلیتیک و دیمۆگرافیای تورکیا

بەشێک لەوانەی دژی وەرگرتنی تورکیان لە یەکێتیی ئەوروپا، پێگەی جوگرافیی ئەو وڵاتە دەکەنە بیانوو، کە دەکەوێتە ناوچەیەکی پڕ کێشە و گرفت لە جیهان، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و، سنوورەکانی لەگەڵ سووریا و عێراق و ئێران و بەڵقان و قەوقازە. ئەو ناوچانەیش پێ ناچێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەقامگیر و بێکێشە بن، بەتایبەت لە دوای بەهاری عەرەبی و دروستبوونی داعش لە ناوچەکە و پەلهاوێشتنی بۆ ناو سووریا و عێراق، کێشە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکان و کێشەی سنووریی تۆختر کردۆتەوە.

لەبەر ئەوە، یەکێتیی ئەوروپا ناچار نییە خۆی بکاتە دراوسێی ئەو ناوچە و جوگرافیا ناسەقامگیرە، کە پێشبینی دەکرێ گەرمترین کێشەکانی دنیا لە ئێستا و ئاییندەدا لەو ناوچە و جوگرافیا سیاسییەدا بێت. نیکۆڵا سارکۆزی، سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا، بەردەوام ڕەخنەی لە جوگرافیای تورکیا دەگرت، بەوەی کە هیچ سەروکارێکی لەگەڵ جوگرافیای ئەوروپادا نییە  و، بە بەشێک لە ئەوروپای نازانێت و، بەئاشكرایش دەڵێ: "من نابمە ئەو کەسەی کە بە قوتابییەکانی ئەوروپا بڵێم، سنوورەکەتان لەگەڵ سووریایە."
زۆریی ژمارەی دانیشتووانی تورکیا و زیادبوونی خێرای قەبارەی گەشەی دانیشتووانی، بەربەستێکی ترە لە بەردەم تورکیا بۆ وەرگرتنی لە یەکێتیی ئەوروپا، کە حەڤدەیەمین وڵاتی جیهانە لە ڕووی زۆریی ژمارەی دانیشتووانەوە، زۆرینەی دانیشتووانەکەیشی مسوڵمان و گەنجن.

چوارەم: كێشە دەرەکییەکانی تورکیا

تورکیا کۆمەڵێک کێشەی تریشی هەیە، کە لە لای یەکێتیی ئەوروپا جێی تێڕامانن و، لە چوارچێوەی مەرجەکانی ئەندامێتی هەژمار دەکرێن. کێشەکانیش بە شێوەیەکی گشتی ڕەهەندێکی دەرەکییان هەیە، وەکوو پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیتیحاد و تەرەقی لە دەوڵەتی عوسمانی و پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەرمینیا. کێشەکانی تورکیا لەگەڵ هەریەک لە یۆنان و قوبڕس. کوشتاری ئەرمەنەکان لە ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و دانپێدانانی وەکوو پڕۆسەی جینۆساید و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئەم پڕۆسەیە، یەکێکە لەو خاڵانەی لۆبیی ئەرمەنی و چەند دەوڵەتێکی یەکێتیی ئەوروپا، دەیانەوێت وەک مەرجی پێش وەرگرتنی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، بیچەسپێنن، بەتایبەت ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی ئەو ڕێکخراو و کەسایەتی و ناوەند و دەوڵەتانەی پڕۆسەکە وەک جینۆساید دەناسێنن، لە زیادبووندایە. پەرلەمانی چەندین دەوڵەتی دنیا و، ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا پڕۆسەکەیان وەک جینۆساید ناساندووە. بۆ نموونە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی فەڕەنسا (١٩٩٨) و، ئەنجوومەنی نوێنەرانی قوبرس لە ١٩٨٢ و، ئەنجوومەنی نوێنەرانی هۆڵەندا لە ٢٠٠٤ و چەندین وڵاتی تریش.

پێنجەم: کێشە ئابوورییەکان

تورکیا ئابوورییەکی سەقامگیری نییە و چەندین کێشەی ئابووریی گەورەی وەکوو قەرز، هەڵاوسان، نزمیی داهاتی تاکەکەس و بێکاریی هەیە. بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی تورکیا، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣-٢٠٠٢ ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا ٧٠% بوو، لە دوای ٢٠٠٢ بە هۆی بەرنامە و پڕۆژە ئابوورییەکانی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا، گۆڕانی گەورە لە ڕێژەی هەڵاوسان ڕووی داوە. لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕێژەی هەڵاوسان بۆ ١٨% و، لە ٢٠٠٤ بۆ ٩% و، لە ٢٠٠٥ بۆ ٧% و، لە ٢٠٠٦ بۆ ٩% و، لە ٢٠٠٧ بۆ ٨% و، ٢٠١٤ بۆ ٩% و، لە ٢٠١٥ بۆ ٨% و، لە ٢٠١٦ بۆ ٩،٥% دابەزیوە. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا جووڵە و گەشەیەک لە ئابووریی تورکیادا هاتۆتە کایەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی باوەڕ بە دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا بێنێ کە وەرگرتنی تورکیا کێشەی ئابووری بۆ یەکێتییەکە دروست ناکات.
سەرەڕای ئەمانەیش، ئابووریی تورکیا بە شێوەیەکی گشتی ئابوورییەکی کشتوکاڵییە. بەگوێرەی داتاکان، ٣٥% دانیشتووانی تورکیا لە کەرتی کشتوکاڵ و، ٢٨% لە کەرتی پیشەسازی و، ٤١% لە کەرتی خزمەتگوزاری، کار دەکەن. لە بەرامبەردا، زۆربەی ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا ڕێژەیەکی کەمی هاووڵاتیانیان لە کەرتی کشتوکاڵ کار دەکەن و، زیاتر پشت بە کەرتی پیشەسازیی قوڕس و گەورە دەبەستن.

شەشەم: کێشە ئایینی و ڕۆشنبیرییەکان

ڕێژەی ٩٧%ی دانیشتووانی تورکیا، پەیڕەوی له‌ ئایینی ئیسلام دەکەن. پەیوەستبوون و پەیڕەویکردنی نەریت و نۆڕم و بەهاکانی ئیسلام، بۆ زۆربەی تورکەکان جێی بایەخە و، نەریتەکانی ئیسلامی بە بەشێکی گرنگ لە پێکهاتەی کەلتووری و مێژووییی خۆیان دەزانن. ناسنامە و شوناسی موسڵمانێتیی دانیشتووانی تورکیا، یەکێکە لەو پاساوانەی بەشێک لە ئەوروپییەکان لە دژی ئەندامێتیی تورکیا بەکاری دێنن. ئەوروپییەکان ئەوە ناشارنەوە کە، ترسیان لە زیادبوونی ژمارەی مسوڵمانان هەیە، بەتایبەت دوای دروستبوونی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) و، کردەوە تیرۆرستییەکەی بۆ سەر ڕۆژنامەی "چارلی ئیبدۆ" لە فەڕەنسا لە ٢٠١٤ و، کردە تیرۆریستییەکانی ئەڵمانیا و بەلجیکا و تێکچوونی سیسته‌می ئاسایشیی ئەوروپا بەگشتی.

کۆمەڵگەی تورکی، بەشێک لەو کێشە کەلتووری و کۆمەڵایەتییانەی کە هەیەتی (توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان، ڕێزنەگرتن لە مافە کەسییەکان، قبووڵنەکردنی جیاوازی و فرەکەلتووری و نەبوونی تۆلیرانس لە نێوان پێکهاتەکانی تورکیا و، تورک بەتایبەت)، لە پڕۆسەی چوونەناو یەکێتیی ئەوروپا، پێویستە کاڵیان بکاتەوە و بە تێپەڕبوونی کات هەوڵی نەمانیان بدات؛ چونکە ئەمانە لەگەڵ ئەو پێوەرانە وێک نایەنەوە کە یەکێتیی ئەوروپا وەکوو مەرجی ئەندامێتی، دایناون.

هەندێ توێژەر، جیاوازیی نێوان ئاستی ڕۆشنبیریی نێوان گەلی تورکیا و ئەوروپا بە زیانێکی تر دەزانن و، هەندێ ژمارە وەکوو نموونە دێننەوە. بۆ نموونە حەزی تاکی تورک بە دۆستایەتیی کتێب لەگەڵ تاکێکی ئەوروپا و، ئەو بڕە پارەیەی ساڵانە لە قوتابیسەک لە تورکیا و ئەوروپا خەرج دەکرێ، چەند جیاوازن؟ لە سەرژمێرییەک دەرکەوتووە کە ساڵانە هەر هاووڵاتییەکی تورکی، بڕی کەمتر لە ٢$ (دوو دۆلار) بۆ کڕینی کتێب تەرخان دەکات، لە کاتێکدا لە ئەوروپا ساڵانە هەر تاکێک نزیکەی ٥٠٠$ (پێنج سه‌د دۆلار) بۆ هەمان مەبەست تەرخان دەکات. ساڵانە لە تورکیا نزیکەی ٤٥٠$ (چوار سه‌د و په‌نجا دۆلار) لە قوتابییەک خەرج دەکرێت، کەچی لە ئەوروپا ٤٥٠٠$ (چوار هه‌زار و پێنج سه‌د دۆلار) لە قوتابییەک خەرج دەکرێت.

  
دەرەنجام:
تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا، پەیوەندییەکی فراوان و قووڵ و مێژوویییان لەگەڵ یەکتردا هەیە. لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕووخانی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و دروستبوونی تورکیای هاوچەرخ، هەوڵی گەورە و ڕژد دراون بۆ بەڕۆژاواییکردنی تورکیا و نزیککردنەوەی لە شارستانییەت و بەها و کەلتووری ڕۆژاوایی، لە لایەن کەمال ئەتاتورکەوە. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و دروستبوونی یەکێتیی ئەوروپا و فراوانبوونی ئەو یەکێتییە لە دوای جەنگی ساردەوە، تورکیا هەموو هەوڵێکی خستۆتە گەڕ بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام تا ئێستا لێکتێگەیشتنێکی ڕوون و ستڕاتیژی لە نێوانیان نییە، بە هۆی ئەو پێوەر و بنەمایانەی کە یەکێتیی ئەوروپا دایناون لە لایەکەوە و، لە لایەکی ترەوە بە هۆی ئەو کێشە و گرفتە سیاسییانەی کە تورکیا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە هەیەتی، لە سەرووی هەموویانەوە کێشەی کورد و مەسەلەی مافی مرۆڤ و ناسنامه‌ی ڕۆژهەڵاتیبوون و ئیسلامیبوون. لە ئێستادا پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا لە خراپترین دۆخ و نزمترین ئاستدایە، بە هۆی گۆڕانکاری و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و بەرتەسککردنەوەی پرسی ئازادی و دەستگیرکردنی گڕووپ و ئیتنیکە جیاوازەکانی تورکیا، لە سەرووی هەموویانەوە پەرلەمانتارە کوردەکان و گویلەنییەکان. بەمەیش پەرلەمانی ئەوروپا، خەریکی تاووتوێکردنی وەستاندنی گفتوگۆ و دانوستانەکانە، لەسەر پرسی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples