ڕووسیا و تورکیا و ڕێکخراوی شانگهای

پێشەکی:

تورکیا دوای بێئومێدبوون و دوای وەستاندنی گفتوگۆکانی بۆ بەئەندامبوونی تورکیا لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە، هەوڵی چوونەناو بلۆکێکی تری سیاسیی جیهانی و جەمسەرێکی تری سیاسیی جیهانی دەدات. تورکیا خەریکی داڕشتنەوەی باڵانسی هێزە، بە نزیکبوونەوە لە ڕووسیا و چین، بە نزیکبوونەوە و ئەندامبوون لە "ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای" و، مەبەستیەتی کۆڵان و دەرگه‌یەکی نوێ دروست بکات و، پێگە و ناسنامه‌یه‌كی سیاسیی تازەیش بۆ تورکیا بنیات بنێتەوە.

ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای چییە؟

ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و ڕێکخستنێکی سیاسی، ئابووری و ئەمنییە. لە ساڵی ٢٠٠١ دامەزراوە و لە ٦ ئەندام پێک دێت: ڕووسیا، چین، کازاخستان، قرقیزستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان.  هه‌روه‌ها کۆمەڵێک ئەندامی چاودێر و هاوبەشی گفتوگۆیش لەخۆ دەگرێت. جوگرافیای کارکردنی، ئوڕاسیایە. هەر یەک لە (هندۆستان، پاکستان و ئێران)یش لە گفتۆگۆدان بۆ بەئەندامبوون. ئەم ڕێکخراوە، گرنگییەکی زۆر بە مەسەلەی سەربازی دەدات و، هەوڵ دەدات چوارچێوە و بلۆکێکی هاوشێوەی "ناتۆ" لە بەرامبەر جیهانی ڕۆژاوا و ستڕاتیژییەکانیدا دروست بکات. هەر یەک لە ڕووسیا و چین وەک دوو ئەکتەری زیندووی دونیای ئەمڕۆ و وەک دوو ئەندامی هەمیشەییی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەندامی سەرەکیی "ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای"ن و، ڕەسمی بەشێک لە سیاسەت و ستڕاتیژییەتەکانی خۆیانی تێدا دەکەن.

بۆچی تورکیا دەیەوێت بەرەو شانگهای هەنگاو بنێت؟

تورکیا بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکییەوە، دەیەوێت بچێتە ناو بلۆکێکی تازەی سیاسی-ئەمنی بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ڕۆژاوا بەگشتی و، یەکێتیی ئەوروپا بەتایبەتی. یەکێتیی ئەوروپا ئەمڕۆ زۆر بەڕژدی ڕەخنە لە سیاسەت و کردە سیاسییەکانی تورکیا دەگرێت و لۆمەی دەکات، بەتایبەت لەسەر پرسی مافی مرۆڤ، پرسی کۆچبەران، مەسەلەی دیموکراسی و بنەماکانی حوکمڕانی و مەسەلەی سووریا. تورکیا ئەمڕۆ پێویستیی بە گازی سروشتییە، بە دوای کڕیار و هاوبەشی ئابووریدا دەگەڕێت. ڕووسیا دەتوانێت بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی گازی سروشتیی تورکیا دابین بکات. ڕووسیا لە ڕێگەی پڕۆژەی "تورکیش ستریم"ەوە، قۆناغێکی تازە لە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا دیزاین دەکات و، لە ڕێگەی تورکیاوە گازی سروشتی بۆ باشووری ئەوروپا دابین دەکات. "چین" دەتوانێت ببێت بە هاوبەشێکی بازرگانیی گەورە بۆ تورکیا و، قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و چین لە ساڵی ٢٠١٤دا، (٢٨) ملیار دۆلار بووە.

ڕووسیا و تورکیا و سووریا

"ڕووسیا و تورکیا" لەسەر مەسەلەی سووریا، خەریکی ئاگربەستن. ئەم دوو ئەکتەرە، خاوەن دوو کێڵگەی جیاوازی سیاسی و، خاوەن دوو دونیابینیی تایبەتن. هەر یەکەیان، دوو هێزی جیاواز لە ڕووی (ستڕاتیژ، ئایدیۆلۆژی و کارنامەی سیاسی)یەوە، لە سووریا بەڕێوە دەبەن و دەجووڵێنن.

تورکیا کار بۆ ڕووخاندنی "دەسەڵاتی عەلەویی ئەسەد" دەکات! ڕووسیا کار بۆ مانەوەی "دەسەڵاتی عەلەویی ئەسەد" دەکات. تورکیا پشتگیری و سەپۆرتی سوپای ئازادی سووریا دەکات و، بەشار ئەسەد بە مرۆڤکوژ و وەحشێکی دڕندەی هاوشێوەی "لێڤیاتان"، ئەوەی کە "تۆماس هۆبز" لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی و مەسەلەی دروستکردنی کۆمەڵگەی سیاسی ئاماژەی بۆ دەکات، وێنا دەکات. ڕووسیا یارمەتی و پاڵپشتیی سوپا شیعەکەی ئەسەد دەکات.

لە دەرەوەی هەموو ئەو جیاوازی و خاڵە ناکۆکانە، تورکیا و ڕووسیا وەک دوو ئەکتەری هەرێمی و سەر بە دوو خێزان و بەرەی جیاوازی دونیای سیاسی، ئەمڕۆ خەریکن ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست لە سووریادا دەکەن. ڕووسیا بە هۆی بەڕێوەبردنی ململانێکانی لە دەرەوەی جوگرافیا و جیۆپۆڵیتیکی خۆی، هەست بە کفتبوون و ماندووبوون دەکات، بەتایبەت بەهۆی مەسەلەی "ئۆکڕاین"ەوە. ڕووسیا یەکەم جارە لە دوای جەنگی ساردەوە، وا بەڕژدی و بەگەورەیی، پێ دەنێتە نێو جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست/سووریاوە و، لە دەرەوەی کێڵگەی سیاسیی خۆی ململانێ لەگەڵ ڕکابەرەکەی (ئەمریکا) بەڕێوە دەبات! ڕووسیا، ترسی لە گەمەی بازاڕ و لیبڕاڵیزمی ئابووری هەیە. هێشتا لە تیمە تازەکەی ترامپ و بنەما سیاسی و ستڕاتیژییەکانی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا، دڵنیا نییە. تڕامپ خۆی بوونەوەرێکی سیاسی نییە، تا کۆدەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە ئێستاوە نمایش بکات. تێگەیشتن و خوێندنەوە بۆ دونیای تڕامپ هێشتا زووە و، ڕووسیا نایەوێ لە دروستکردنی بڕیاردا پەلە بکات.

تورکیا تا ڕادەیەکی زۆر، نزیکبوونەوە لە ڕووسیا وەک فشار و تەکتیک بەرامبەر یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا بەکار دێنێت. ڕاستە ڕووسیا و تورکیا تێکەولێکەی ئابووری و گەشتیارییان لە نێواندا هەیە؛ ئەوەیش ڕاستە لەسەر مەسەلەی سووریا ئاگربەستی کاتی دەکەن؛ بەڵام دەکرێت لە دروستکردنی بەرە و بلۆکێکی کۆنکریتیدا سەرکەوتوو نەبن، ئەگەر بێت و ناوەندێک، یان ڕێکخستنێکی وەک "ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای" بەیەکەوەیان نەبەستێتەوە و لەسەر یەک بنەما و ڕێبازی سیاسیی نێودەوڵەتی کار بۆ یەکتر نەکەن و بەیەکەوە بڕیاری سیاسیی دروست نەکەن. 

 

دەرەنجام:
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕای گەیاندووە کە چیتر یەکێتیی ئەوروپا بۆ تورکیا گرنگ نییە و، تورکیا دەیەوێت پەیوەندی بە "ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای"یەوە بکات. ئەم ڕێکخراوە، فەلسەفە و جیهانبینیی سیاسی و ئابووریی لە یەکێتیی ئەوروپا جیاوازە و، بە میتۆدێکی نائەوڕوپی کار دەکات. بەشێک لە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە، وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستن. تورکیا، بە نزیکبوونەوەی لە ڕووسیا، چین و ڕێکخراوی شانگهای، دەچێتە ناو چوارچێوەیەکی نوێی سیاسی و، ڕۆڵێکی تازەی سیاسی لە ناوچەکەدا دەگێڕێت و، باشتر هێژموونیی خۆی لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستدا دروست دەکات و، بەیەکجاری لە یەکێتیی ئەوروپا و دونیای ئەوڕوپی دوور دەکەوێتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples