پێشەکی:
تورکیا و ئەوروپا مێژوویەکی درێژیان لەگەڵ یەکتردا هەیە، هەر لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریی عوسمانییەوە تا دروستبوونی تورکیای هاوچەرخ. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و دروستبوونی یەکێتیی ئەوروپا و دواتر فراوانبوونی پەیکەر و جوگرافیای سیاسیی ئەم یەکێتییە، تورکیا بۆ بەئەندامبوون لەم یەکێتییە، هەموو هەوڵێکی داوە. لە ساڵی (١٩٨٧)ەوە تورکیا بەفەرمی داواکاریی بەئەندامبوونی پێشکەش کردووە، لە (١٩٩٩)ەوە بەفەرمی، بووە بە کاندید و لە (٢٠٠٥)ەوەیش گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا دەستی پێ کردووە. لە ٢٠١٦دا بە هۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە گفتوگۆکان لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە وەستێنراون. لە ئەگەری بەئەندامبوونی تورکیا لە هەر کات و ساتێکدا، تورکیا کۆمەڵێک قازانج دەکات؛ لە ڕووی سیاسی، جیۆپۆلیتیک، ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەوە کۆمەڵێک سوود دەبینێت، ئەگەر بێت و لە چوارچێوەی ئەو ڕێکخراوە قبووڵ بکرێت و، ببێت بە ئەندامێک لە خێزانی ئەوروپی.
لە ڕووی سیاسییەوە:
تورکیا بەڕواڵەت و بەڕووکەش، خاوەن سیستهمێکی سیاسیی دیموکراتییە و، هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات ئامادەگیی هەیە! بەڵام لە ڕووی کردارەکییەوە، کێشە و کەموکوڕیی زۆری لە پێکهاتە و پەیکەری پڕۆسە دیموکراسییەکەیدا هەیە. هێژموونیی سوپا و ڕۆڵی دامەزراوەی سەربازی و سوپا لە دروستکردنی بڕیار، ناسەربەخۆیی و ناپیشەییبوونی دادگهی دەستووری، وەک بەشێک لە سیستهمی دادوەری، بەربەستی ١٠%ی هەڵبژاردن، کێشەی کورد و ئەرمەن و قوبڕس، دیارترین ئەو کێشانەن کە ماهییەتی دیموکراسیی تورکیا لەکەدار و عەیبدار کردووە. لە تورکیادا تاکوو ئێستا چوار جار سوپا کۆدەتای ئەنجام داوە، حکوومەتی مەدەنی و دەسەڵاتی مەدەنیی هەڵوەشاندۆتەوە، جەنەڕاڵەکان بڕیاری سیاسییان دروست کردووە، دەستووری تورکی تاکوو ئێستا تەنیا نەتەوە و زمانی تورک بەفەرمی دەناسێنێت؛ لە کاتێکدا تورکیا یەکەیەکی سیاسیی فرەناسنامه و فرەئیتنیکە و جیا لە تورک، کورد، ئەرمەن، مەسیحی و عەلەویی تێدا دەژین.
تورکیا لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو قوبڕسی باکووری داگیر کردووە و هەزارەها سەربازی تورکیی لێ جێگیر کردووە. هەموو ئەو کێشە ناوخۆیی و دەرەکییانەی تورکیا، بەربەست و دیواری گەورەن بۆ چوونەناو یەکێتیی ئەوروپا. یەکێتیی ئەوروپا یەکەیەکی سیاسیی مۆدێرنە و بەرهەمی جەنگ و هەڵە سیاسی و سەربازییەکانی هەر دوو جەنگی جیهانییە. یەکێتیی ئەوروپا خاوەن بەها دیموکراسییەکان و ناسنامهی یەکترقبووڵکردن و فرەییی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانە. تورکیا تا ڕیفۆرمی ڕاستەقینە نەکات، تا کێشە گەورەکانی چارەسەر نەکات، ناتوانێت لە دەرگهی یەکێتیی ئەوروپا بدات. بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا ناچار دەکات بیر لە ڕیفۆرمی ڕاستەقینە و ڕژد بکاتەوە، بیر لە چارەسەکردنی کێشەی کورد و دووبارە داڕشتنەوەی ناسنامهی سیاسیەکەی بکاتەوە؛ بەمەیش تورکیا سروشتێکی تر وەردەگرێت. بنەماکانی پێکەوەژیان، دیموکراسی، لیبڕاڵیزم و یەکترقبووڵکردن و دوورخستنەوەی دەسەڵاتی سەربازی لە کایەی سیاسی، دەبێتە ڕەگەزە نوێیەکانی دەوڵەتی تورکی و، تورکیا دەبێتە یەکێک لە مۆدێڵە هەرە جوانەکانی حوکمڕانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، دەکرێت جیهانی عەرەبی و وڵاتانی ناوچەکەیش چاوی لێ بکەن.
لە ڕووی جیۆپۆلیتیکەوە:
کاتێك تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا نزیك دەبێتەوە و دەبێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، جیۆپۆلیتیک و پێگەی جیۆستڕاتیژیی تورکیا، لە ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستدا ڕۆڵی دەبێت، چونکە ھەم تورکیا بۆ یەکێتیی ئەوروپا گرنگە و، ھەم یەکێتیی ئەوروپایش گرنگە و دەبێتە دەروازە و کۆریدەرێکی کاریگەر بۆ تورکیا؛ چونکە فاکتەری جوگرافی- سیاسیی تورکیا ڕەگەزێکی سەرەکییە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە بازاڕ و مەسەلەی وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاری و پرسی کۆچ و پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا بەگشتی.
کاتێک تورکیا بەتەواوی لە یەکێتیی ئەوروپا نزیك دەبێتەوە، یان دەبێتە ئەندام، دەبێت مافە دیموکراسییەکانی پێکهاتە ناوخۆیی و گەلانی ناوچەکە بپارێزێ، نەك پێشێلیان بکات؛ ئەو کات ئەم فاکتەرە، جووڵە بۆ بووژانەوەی جیۆپۆلیتیکی تورکیا و پێگە جیۆستڕاتیژییەکەی دروست دەکات.
سەرەڕای ئەمانە، تورکیا دەتوانێت لە گواستنەوە و کڕینی گازی سروشتیدا، سوود لە جیۆپۆلیتیکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست (قوبڕسی باشوور، سووریا، لوبنان، فەڵەستین، ئیسڕائیل و ئوردن) وەربگرێت، ئەگەر بێت و کێشەی قوبڕس چارەسەر بکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ یۆنان و قوبڕسی باشوور دابڕێژێتەوە.
لە ڕووی ئابوورییەوە:
یەکێک لەو سوود و قازانجانەی کە تورکیا لە ئەگەری بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا بەدەستی دێنێ، ڕزگاربوون و دەرچوونە لەو قەیران و تەنگەژە و نەخۆشییە ئابوورییانەی کە زوو زوو ڕووبەڕووی دەبێتەوە. یەکێک لە پێوەرەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ وەرگرتنی هەر ئەندامێک، پەیوەستە بە کایەی ئابووری و سیستهمی ئابووری و وڵاتی پاڵێوراوهوه؛ دەبێت خاوەن ئابوورییەکی سەقامگیر و بەهێز بێت، کێشەی ڕێژەی بەرزی بێکاری، کێشەی هەڵاوسان، قەرزی زۆر، کورتهێنانی بودجە و دەستوەردان لە بازاڕی نەبێت. دەبێت پەیڕەوی پڕەنسیپەکانی بنەماکانی ئابووریی لیبڕاڵیزم و بازاڕی کراوە بکات و، ناسنامهیهكی لیبڕاڵیزمانەی بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و بازرگانی و تێکەولێکەی ئابووری هەبێت. پێشتر یەکێتیی ئەوروپا چەند داوایەکی ئابووریی لە تورکیا کردووە وەک: چالاککردنی زیاتری بازاڕ، بۆ ئەوەی بتوانێت کێبڕکێی بازاڕی دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا بکات، ڕێژەی هەڵاوسان و بێکاری و کورتهێنانی بودجەی ساڵانە چارەسەر بکات، گەشە و پاڵپشتیی زیاتری کەرتی تایبەت بکات، کەرتی وەبەرهێنان فراوانتر و گەورەتر بکات و زەمینەسازیی زیاتر بۆ وەبەرهێنانی بیانی بۆ سەرمایەگوزاری لە تورکیادا، بڕەخسێنێت.
لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کهلتوورییەوە:
ئەگەر تورکیا وەک ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا وەربگیرێ، دەبێت خۆی لەگەڵ سروشتی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و تایبەتمەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بگونجێنێ و خاڵە جیاوازەکانی لەگەڵ نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم یەکێتییە کەم بکاتەوە. دەبێت خۆی لەگەڵ کۆی ئەو یاسا و تایبەتمەندی و میراتە کۆمەڵایەتییەی یەکێتیی ئەوروپا بسازێنیت و قبووڵیان بکات. کۆمەڵگەی تورکی، بەشێک لەو کێشە کەلتووری و کۆمەڵایەتییانەی کە هەیەتی (مەسەلەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان، ڕێزنەگرتن لە مافە کەسییەکان، قبووڵنەکردنی جیاوازی و فرەکەلتووری لەنێو پێکهاتە جیاوازەکانی تورکیا و تورک بەتایبەتی)، لە پڕۆسەی چوونەنێو یەکێتیی ئەوروپا، پێویستە کاڵیان بکاتەوە و هەوڵی نەمانیان بدات، چونکە ئەم کێشە کەلتووری و کۆمەڵایەتییانەی تورکیا، لەگەڵ پێوەر و بنەماکانی یەکێتیی ئەوروپا وێک نایەنەوە و ناگونجێن.
تورکیا، دەبێت مەسەلەی "تاکگەرایی" وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی بیری لیبڕاڵیزم و ڕێزگرتن لە مافەکانی تاک و ئازادییە کەسییەکان پەرە پێ بدا و، بیکات بە بەشێک لە سەرخان و سیستهمی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی تورکی. چونکە تاک، کۆڵەگەی پێکهێنەری کۆمەڵگە جیاوازەکانی ڕۆژاوا و نەتەوە و گەلە جیاوازەکانی ئەوروپایە و، ماف و ئازادییەکانی تاک ڕێزێکی بێسنوورییان لێ دەگیردرێت، بە پێچەوانەی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان کە خێزان سەنتەری سیستهمی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەیە و، تاک دەبێت لەژێر ڕێنمایی و فەرمانەکانی خێزاندا بجووڵێتەوە و هەڵسوکەوت بکات.
سەرەڕای ئەمانە، تورکیا دەبێت سیستهمی پەروەردە و خوێندنی باڵا و دامەزراوە مەعریفییەکانی دابڕێژێتەوە و ئاستییان بەرز بکاتەوە. ئەمەیش بە سوود و قازانجی تورکیا و کۆمەڵگەی تورکی کۆتاییی دێت، ئەگەر بێت و ئەندامێتییەکەی لە یەکێتیی ئەوروپادا قبووڵ بکرێت.
دەرەنجام:
ڕاستە یەکێتیی ئەوروپا کۆمەڵێک بنەما و ڕێسای بۆ قبووڵکردنی هەر یەکەیەکی سیاسی وەک ئەندام لە یەکێتییەکە و بەتایبەت وڵاتێکی وەک تورکیا، داناوە، ئەوەیش ڕاستە بنەما و پێوەرەکان وردن و بەسەر هەموو کایە و ڕووبەرەکاندا پۆڵێن کراون و دابەش کراون (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووری و...)، ڕەنگە لە هەنگاوی یەکەم و سەرەتای پڕۆسەکەدا پێوەرەکان بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا سەخت بن، کە خاوەن کۆمەڵێک کێشەی میراتی و مێژوویییە لە ناوچەکەدا، بەتایبەت کێشەی ئیتنی (کێشەی کورد). بەڵام دواجار بە دەستبردن بۆ چاکسازی و ڕیفۆرم و خۆتازەکردنەوەی تورکیا و جێبەجێکردنی داواکانی یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا دەچێتە قۆناغ و ئاستێکی تری سیاسی و ئابووری و، دەبێتە زلهێزێکی ناوچەیی و خاوەن بڕیار و پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا دەبێت و، لە پەراوێزەوە بەرەو ناوەند دەچێت و لە ڕووی ستڕاتیژییەوە قازانج و دەسکەوتی گەورە بەدەست دێنێ.