پێشەکی:
یەکێتیی ئەوڕوپا ڕێکخستن و کیانێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە و، بەرهەمی ململانێکان و جەنگی جیهانیی دووهمه. خاوەن پەیکەرێکی سیاسی-یاساییی تایبەت بە خۆیەتی و لەسەر کۆمەڵێک بنەمای تازەی حوکمڕانیی مۆدێرن داڕێژراوە. خاوەن کۆمەڵێک ناسنامهی سیاسییە (دامەزراوە، دەسەڵاتی بان-نەتەوەیی و یاسا) و، کۆمەڵێک ئەندامی هەیە کە بە شێوەیەکی ئۆرگانی لەناو سیستهمەکەدا مامهڵه لەگەڵ یەکتر دەکەن. یەکێتیی ئەوڕوپا بە مێژووییەکی زیاتر لە ٥٠ ساڵەدا تێ پەڕیوە و، لە (٦) ئەندامی دامەزرێنەرەوە، فراوان بووەتهوه بۆ (٢٨) ئەندام. پەیکەری دامەزراوەکە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ڕێککەوتن و کۆنفڕانس گەشەی کردووە و، دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری و چەند دەزگهیەکی تری بۆ دروست کراوە.
کورتەمێژووەی فراوانبوونی یەکێتیی ئەوڕوپا:
لە مێژووی ئەو یەکێتییەدا بەپێی دۆخە سیاسی و گۆڕانە سیاسییەکان، چەندین یەکەی سیاسی/دەوڵەت داوای ئەندامێتیی کردووە و بووە بە ئەندام. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو (بریتانیا، ئێرلەندا و دانیماڕک) بوونە ئەندام. لە هەشتاکان (یۆنان، ئیسپانیا و پۆرتوگال) و، لە دوای جەنگی سارد و ڕووخانی سیستهمی ئیشتراکی/بلۆکی ئیشتراکی و دروستبوونی سیستهمی تاکجەمسەری (ڕێکخستنی نوێی جیهانی) و سەرکەوتنی سەرمایەداری و لیبڕاڵ دیموکراسی، کۆمەڵێک وڵاتی تر بوونە ئەندام (نەمسا، سوید و فینلەندا، دواتر لاتیڤیا، لیتوانیا، ئەستۆنیا، کۆماری چیک، هەنگاریا، ماڵتا، پۆڵەندا، سلۆڤاکیا و سلۆڤینیا) وەک بەشێک لە وڵاتانی ئەوڕوپای ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوڕوپا، هاتنە نێو یەکێتییەکەوه. لە ٢٠٠٧ بوڵگاریا و ڕۆمانیا و، دوایین وڵاتیش کڕواتیا بوو لە ٢٠١٣ کە پەیوەندیی بە یەکێتیی ئەوڕوپاوە کرد. تورکیا دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە پێشکەشکردنی داوا بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوڕوپا، هێشتا نەیتوانیوە باوەڕ بەو یەکێتییە بێنێت بۆ قبووڵکردنی؛ سەرەڕای ئەوەی یەکێتیی ئەوڕوپا کۆمەڵێک قازانج و سوود لە پێگە و ڕۆڵی تورکیا وەک ئەندام لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەوڕوپا، بەدەست دێنیت.
قازانجەکانی یەکێتیی ئەوڕوپا لە ئەندامێتیی تورکیا
لە ڕووی جیۆسیاسی و جیۆپۆلیتیکەوە:
یەکێتیی ئەوڕوپا دەتوانێت سوود لە پێگەی سیاسی و جیۆپۆلیتیکی تورکیا وەربگرێت. تورکیا خاوەن ڕەگەزێکی گرنگی جیۆستڕاتیژییە لە ناوچەکە و، دەتوانێت بەئاسانی یارییە سیاسییەکان بەڕێوە ببات، لە هەر دوو کۆریدەری ستڕاتیژی (ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی)یەوە نزیکە، ڕێڕەوێکی گەورەی گواستنەوەی وزەی ناوچەکەیە بۆ ئەوڕوپا، بەتایبەت گواستنەوەی وزەی (ڕووسیا، ئێران، بەشێکی ئاسیای ناوەڕاست، هەرێمی قەوقاز، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی) بۆ وڵاتە جیاوازەکانی ئەوڕوپا. لە ڕووی جیۆستڕاتیژییەوە هەر سێ کیشوەری (ئاسیا، ئەفریقا و ئەوڕوپا) بەیەکەوە دەبستێتەوە و گرێ دەدات و، بەسەر کۆمەڵێک دەریا و سنووری ئاوییەوە دەڕوانێت؛ لە باکوور دەریای ڕەش و، لە ڕۆژاوای دەریای ئیجە و، لە باشوور و ڕۆژاوا دەریای سپیی ناوەڕاست.
تورکیا دەوڵەتێکە بە خاڵی بەیەکگەیاندنی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات دادەنرێت. ئەو پێگە و ڕۆڵەی تورکیا، بۆ یەکێتیی ئەوڕوپا جێی بایەخە بۆ فراوانکردنی هێژموونی و پەلهاوێشتنی لە ناوچەکەدا؛ بەتایبەت گەیشتنی یەکێتیی ئەوڕوپا لە ڕێگەی تورکیاوە بە کەنداوی عەرەبی و دەریای قەزوین کە دەوڵەمەندترین ناوچەی وزەیە لە جیهان. لە پرسی کۆچ و پەنابەراندا یەکێتیی ئەوڕوپا دەتوانێت سوود لە تورکیا وەربگرێت و گوشاری کۆچکردن لەسەر خۆی کەم بکاتەوە.
سەرەڕای ئەمە، یەکێتیی ئەوڕوپا دەتوانێت بە هۆی تورکیاوە پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست بەهێز و قایم بکات؛ بەتایبەت تورکیا کاریگەریی بەسەر کۆمەڵێک پرس و دۆسیەی گرنگی وەک دۆخی عێراق، سووریا، لوبنان و کێشەی "عەرەب-ئیسڕائیل"ەوە هەیە. تورکیا لە ئێستادا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەر یەک لە (ڕووسیا، ئێران و چین) باشە و ئەوڕوپا دەتوانێت سوود لەو پەیوەندییانە وەربگرێت. تورکیا خاوەن سیستهمێکی سێکیۆلارە و، ئیسلامی ڕادیکاڵ ئامادەگییەکی ئەوتۆی لە تورکیادا نییە. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، تورکیا دەتوانێت خاڵی بەیەکگەیاندنی شارستانییەتی ڕۆژاوا/ئەوڕوپا و شارستانییەتی ئیسلامی بێت و، لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان ئەم دوو شارستانییەت و جیهانبینییە بدۆزێتەوە و خاڵە جیاواز و دژبەیەکەکان کاڵ و کەم بکاتەوە و، بنەماکانی پێکەوەژیان، فرەییی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پرسی دیموکراسی قووڵتر بکاتەوە.
لە ڕووی ئابوورییەوە:
بەشێک لەوانەی کە پاڵپشتی لە بەئەندامبوونی تورکیا دەکەن، پێیان وایە وەرگرتنی تورکیا سوودی ئابوورییشی بۆ یەکێتیی ئەوڕوپا دەبێت. سەرەتا باس لەوە دەکرێ کە بە وەرگرتنی تورکیا، بازاڕێکی گەورە و دەرگهیەکی گەورەی ئابووری لە بەردەم سەرمایە و مەسەلەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری و کاڵاکانی ئەوڕوپا دەکرێتەوە. پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا ژمارەی دانیشتووانی تورکیا ٩٠ ملیۆن کەس تێ پەڕێنیت. ئەو ژمارە زۆرەیش، دەتوانێت بازاڕێک لە تورکیا دروست بکات و بەهایەکی گەورەی هەبێت و، ئەو کاتیش سەرمایەگوزارانی ئەوڕوپا دەتوانن سەرمایەکانیان تێدا بخەنە گەڕ و، هەم کاڵاکانیشیان لە بازاڕەکەدا ساغ بکەنەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئەوڕوپا خاوەن ئابوورییەکی بەهێز و دەوڵەمەندە، دەوڵەتانی لە کۆمەڵێک بواردا کارا و بەهێزن، بۆ نموونە لە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و فڕۆکە و کەشتی و کەرەستەی ئەلیکترۆنی و تەکنیکی؛ بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئەوڕوپا یانەی ئەو نەتەوانەیە کە لە قۆناغی پیربووندان و ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و هێزی کار و دەستی کار دەبنەوە، بە هۆی زیاتربوونی خەڵکی بەتەمەن و بەکاربەر، بەروارد به مرۆڤی گەنج و هێزی تازە و بەرهەمهێنەر.
پێشبینییەکان بۆ ساڵی ٢٠٥٠، دەری دەخەن کە چەند دەوڵەتێکی یەکێتیی ئەوڕوپا ژمارەی دانیشتووانی کەم دەکات، بۆ نموونە (ئەڵمانیا، پۆڵەندا)؛ لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی تورکیا بۆ ١٠٠ ملیۆن کەس بەرز ببێتەوە. جیا لەمانە، ئەوڕوپا ڕووبەڕووی کێشەی گەرەنتی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش دەبێتەوە، چونکە پێویستیی بەوە دەبێت زیاتر ژیانی خەڵکی بەکاربەر گەرەنتی بکات و بەخێو بکات کە گەیشتوونەتە تەمەنێک بەرهەمیان نییە و توانا و وزەیان نییە. لە بەرامبەردا لە تورکیا، مرۆڤی بەرهەمهێنەر زیاترە لە بەکاربەر؛ بەمەیش تورکیا دەتوانێت جووڵە و هێزی کار بگەڕێنێتەوە بۆ نێو یەکێتیی ئەوڕوپا و، دەستی کار بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوڕوپا دابین بکات.
لە ڕووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە:
یەکێتیی ئەوڕوپا و سروشتی کۆمەڵگەکانی، بە شێوەیەکی گشتی فرەپێکهاتە، فرەکۆمەڵایەتی، فرەئایین و فرەمەزهەبە. ئەوانەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلام دەکەن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندان؛ جا چ کۆچبەر بن و بە دوای ئاسوودەیی و ژیانێکی ئارامدا لە ئەوڕوپادا بگەڕێن، چ هاونیشتیمانیی ئەوێ بن.
ئەو گرووپە زۆر و بەردەوامەی مسوڵمانان بۆ ئەوڕوپا، پێویستیی بەوە هەیە کە دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوڕوپا بیر لە ڕێگه و ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستن و گونجاندنیان لەگەڵ کۆمەڵگە و سیستهمی کۆمەڵایەتیی ئەوڕوپا، بکەنەوە. پشتیوانانی وەرگرتنی تورکیا لە یەکێتیی ئەوڕوپا، پێیان وایە دەوڵەتانی ئەوڕوپا دەتوانن لە ڕێی وەرگرتنی تورکیاوە تۆمەتی جیاکاری و رەیسیزم لە سیاسەتی گشتی و نێودەوڵەتی لە دژی دەوڵەتانی ئیسلامی لەسەر خۆیان لا بەرن، کە کاریگەریی خراپی لەسەر تێڕوانینی جیهانی ئیسلامی بەرامبەر بە ئەوڕوپا هەبووە. ئەم گرووپە پێیان وایە، وەرگرتنی تورکیا دەبێتە هۆی هێورکردنەوەی ئەو تووڕەیی و دابڕانەی کە لە جیهانی ئیسلامیدا بەرامبەر بە ڕۆژاوادا ئامادەییی هەیە. لە هەمان کاتدا، دەبێتە هاندەرێک بۆ دەوڵەتانی دیکەی ئیسلامی بۆ ئەوەی چاو لە تورکیا بکەن و لاساییی بکەنەوە و سیستهمە سیاسییەکانیان، دامەزراوە و دەزگه سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیان لەسەر هەمان میتۆد و ڕێچکە دابمەزرێنن و بنیات بنێن.
دەرەنجام:
تورکیا و یەکێتیی ئەوڕوپا، لە پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکتر هەر یەکەیان سوود و قازانجی خۆی بەدەست دێنیت. ئەگەر تورکیا لە کاتی بەئەندامبوونی لەو یەکێتییەدا سوودی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی دەست کەوێت، یەکێتیی ئەوڕوپایش لە کۆمەڵێک لایەنەوە قازانج دەکات؛ لە سەرووی هەموویانەوە، پێگەی جیۆستڕاتیژیی تورکیا و گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک گەرمترین ناوچەی جیهان و دەوڵەمەندترین ناوچە بە وزە و سامانی سروشتی لە جیهاندا. جگە لەمانەیش لە ڕووی ئابوورییەوە، یەکێتیی ئەوڕوپا بازاڕ و دەستی کار و کەرەستەی خاوی، ئاسانتر دەست دەکەوێت و، لە ڕووی جیۆپۆلیتیکەوەیش زاڵتر دەبێت و هێژموونیی زیاتر دەبێت و، بەئاسانی دەتوانێت گەمە سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ ئەکتەرەکانی تردا بکات. باشتریش دەتوانێت پرسی کۆچ و پەنابەران کۆنتڕۆڵ بکات.