تورکیا و یەکێتیی ئەوڕوپا

جیا لەوەی تورکیا و یەکێتیی ئەوڕوپا، وەک دوو ئەکتەر، لە کۆمەڵێک لایەن و بابەتەوە سوود لە یەکتر وەردەگرن، لە حاڵەتی یەکترقبووڵکردن و ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوڕوپا، کۆمەڵیک زیانیشیان بەردەکەوێ؛ لە ناوخۆی هەر دوو ئەکتەردا هەندێ بۆچوون و دونیابینی هەن، کە پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە بە زیان دەزانن و هەوڵی دژایەتیکردنی دەدەن. جیاوازیی هەڵکەوتەی جوگرافی، جیۆستڕاتیژی، جیۆپۆلیتیکی و فرەییی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵێک پرس و کێشەی سیاسی لە نێوان هەر دوو لادا، وای کردووە کۆمەڵێک خاڵی نەرێنی لە نزیکبوونەوە و ئاوێتەبوونی ئەم دوو هێزەدا هەبێت و، بەم بۆنەیەوەیش کۆمەڵێک لایەن و حزب و هێزی ناوخۆیی، دژی نزیکبوونەوە و به‌ئه‌ندامبوونی تورکیان و، هەر هێزەیش لە ڕوانگە و جیهانبینی و سیسته‌می ئایدیۆلۆژیی خۆیەوە پاساوەکانی دەردەخات.  

زیانەکانی تورکیا

هەرچەند داخوازی و داواکاریی تورکیا بۆ ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەوڕوپا، داخوازییەکی کۆنە و هەر لە سەرەتا و سەردەمی زووەوە هەوڵی بەرەو ڕۆژاواییبوون هەبووە و هەنگاوی بەرچاویش بۆ ئەم پرسە نراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەموو کۆمەڵگەی تورکیا لەگەڵ ئەوە نین وڵاتەکەیان ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوڕوپا، بەتایبەت ئەوانەی لە پڕۆسەکانی خوگونجاندن لەگەڵ نۆڕم و پێوەرەکانی یەکێتیی ئەوڕوپا زیانمەند دەبن و بەشێک لە دەستکەوتەکانیان لەدەست دەچێت. ڕاستە تورکیا قازانجی زۆر دەکات کاتێک دەبێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوڕوپا، بەڵام هەندێک لایەن و هێز، دید و بۆچوون و دونیابینیی تریان بۆ ئەم پرسە هەیە، بەتایبەت بەشێک لە هێزە ئیسلامییەکان، نەژادپەرستەکان و دامەزراوەی سوپا.

تیۆریی گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات و دونیای ئیسلامی

تورکیا لە ڕووی جوگرافییەوە ڕووبەرێکی زۆر کەمی کەوتۆتە ئەوڕوپا، ڕووبەرێکی فراوانی بە ڕۆژهەڵاته‌وه‌ گرێ دراوە. لە ڕووی ئایینییەوە زۆرینەی دانیشتووانی، مسوڵمانی سوننەمەزهەبن و ڕۆژگارێک ئیمپڕاتۆریی عوسمانی لە ڕێگەی ناسنامه‌ی ئایینی (ئیسلام)، فەرمانڕەوای جوگرافیایەکی گەورەی ناوچەکە بووە (بەشێکی ئاسیا، ئەوڕوپا و ئەفریقا). تورکیای هاوچەرخ لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە چوونە نێو پڕۆسەی "بەڕۆژاواییکردنەوە"، هەر لەو کاتەوەیش دەستەبژێری سیاسی هەوڵی داوە،  تورکیا لە ڕۆژاوا و یەکێتیی ئەوڕوپا نزیک بکاتەوە، سەرەڕای جیاوازیی ئایینی و کۆمەڵایەتی و شارستانی. لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەیشدا، هەمیشە گرووپێک هەبووە دژی ئەم بەڕۆژاواییکردن و نزیکبوونەوەیە بووە لە ڕۆژاوا و دونیا و شارستانییەتی ئەوڕوپی. بەشێک لە ڕای گشتیی تورکیا، پێی وا بووە کە تورکیا ناسنامه‌یه‌کی ڕۆژهەڵاتییانەی هەیە و، ناتوانێت لەگەڵ پایە و ڕەگەزەکانی شارستانییەتی ڕۆژاوایی هەڵ بکات و تێکەڵی بێت. ئەم ڕەوتە وای بۆ دەچێت کە تورکیا زۆرینەی مسوڵمانە، ئەوڕوپا زۆرینەی مەسیحی و بێباوەڕ، تورکیا سیسته‌مێکی کۆمەڵایەتسی تایبەت بەڕێوەی دەبات کە زیاتر کۆمەڵگەیەکی موحافیزکاری کۆنزێرڤەتیزمە و هەوڵی پاراستنی بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەدات، ئەوڕوپا سیسته‌مێکی لیبڕاڵ بەڕێوەی دەبات و پارێزگاری لە چەمکەکانی تاکگەرایی و ئازادییە کەسییەکان دەکات. لە ڕووی سیاسییەوەیش دوو بنەمای حکومڕانیی جیاوازییان هەیە و، ناتوانن بەئەسانی یەکتر بخوێننەوە و، لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری تریش تورکیا دەبێت بگەڕێتەوە بۆ جیهانی ئیسلامی و ڕۆژهەڵات. تورکیا دەبێت لەگەڵ ڕێسا و بەهاکانی ڕۆژهەڵات و دونیای ئیسلامیدا تێکەڵ ببێتەوە و مامەڵە بکات و، تورکیا کوڕی ڕۆژهەڵاتە و، دەبێت هەر لەو خێزانەیشدا بمێنێتەوە.

هێزە ڕەگ- ئیسلامییەکانی تورکیا

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، ئیسلامییەکان و هێزە ڕەگ-ئیسلامییەکانی تورکیا، بەگشتی دژی وەرگرتنی تورکیا لە یەکێتیی ئەوڕوپا هەڵوێستیان دەنواند. "نەجمەددین ئەربەکان"، باوکی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا، لە چەندین بۆنە و ڕووداودا هەڵوێستی دژەئەوڕوپایی و نزیکبوونەوەی لە یەکێتیی ئەوڕوپای دووپات کردۆتەوە. لە وتارێکدا ئەربەکان لە ساڵی ١٩٩١ دەربارەی ئەندامێتیی تورکیا گوتی: "پێم وایە وەرگرتنی تورکیا لە کۆمەڵەی ئەوڕوپا، خیانەتە بەرامبەر مێژوو و شارستانییەت و که‌لتوور و سەروەریی وڵاتەکەمان."

ئەربەکان لە بری ئەوڕوپا و یەکێتیی ئەوڕوپا، پێداگریی لەسەر گەڕانەوە و نزیکبوونەوە بۆ جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی ئیسلامی دەکرد. پێداگریی لەوە دەکرد، کە دەبێت دراو، بازاڕی هاوبەشی ئیسلامی، هێزی هاوبەش و سەربازی هاوبەشی ئیسلامی دابمەزرێت و بەرگری لە جیهانی ئیسلامی بکات، لە بری ئەوەی تورکیا بچێتە پاڵ یەکێتیی ئەوڕوپا.

"عەبدوڵڵا گویڵ"، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا، کە لە ساڵانی نەوەدەکان یەکێک بوو لە ئەندامانی باڵی چاکسازیی حزبی ڕەفای ڕەگ-ئیسلام، لە یەکێک لە وتارەکانیدا لە ساڵی ١٩٩٥دا دەڵێت: "یەکێتیی ئەوڕوپا یانەیەکی مەسیحییە و، ئەگەر تورکیا بووە ئەندامی ئەو یەکێتییە، کە یانەی دەوڵەمەندەکانە، سەرمایەدارانی بیانی، وڵاتەکەمان داگیر دەکەن و پیشەسازبی وڵاتەکەمان دەبەن. وڵاتەکەمان دابەش دەکەن، چونکە ئەوڕوپییەکان پاڵپشتبی کوردە جوداخوازەکان دەکەن."

هێزە ئیسلامییەکان، بەگشتی پێیان وا بوو ئەم یەکێتییە زیاتر یانەیەکی مەسیحی-ڕۆژاوایییە و هیچ خاڵێکی جیاوازی لەگەڵ کۆمەڵگە و شارستانییەتی تورکیادا نییە و بەڵکوو دابڕان و جیاوازیی قووڵیان هەیە و، ناکرێت ببین بە بەشێک لەو یانە مەسیحییە.

نەتەوەپەرستەکانی تورکیا

بەشێک لە نەژادپەرست و هێزە ناسیۆنالیستەکانی تورکیا دژی نزیکبوونەوەن لە یەکێتیی ئەوڕوپا. هەندێکیان دژایەتی و نەیاریی خۆیان بەئاشكرا بۆ ئەم بابەتە دەردەبڕن و، هەندێ لایەنی دیکەیش بەشارەوایی و لە ڕێگەی دامودەزگه‌ دەستوورییەکان و بە بیانووی بەرگریکردن و پاراستنی بنەماکانی کەمالیزم و بنەماکانی کۆمار، هەڵوێست دەنوێنن.

نەتەوەپەرستەکان ڕەخنەیان لەو پێوەر و مەرجانە هەیە کە بۆ ئەندامێتی تورکیا دانراون. ئه‌وان وای بۆ دەچن ئەو پێوەر و خاڵانە هەڕەشە لە سەروەری و یەکپارچەییی تورکیا و باڵادەستیی تورک دەکەن و دەبنە هۆی پارچەبوون و دابەشبوونی تورکیا.

بەگوێرەی پێوەرەکانی یەکێتیی ئەوڕوپا، پێویستە تورکیا کرانەوەی زیاتر بەڕووی نەتەوە، ئایین و ئایینزاکانی تردا بکاتەوە. ئەم پڕۆسەیەش لای نەژادپەرست و کەمالییەکان قبووڵ ناکرێت و بە مەترسیی گەورەی دەزانن. وای بۆ دەچن کە داواکانی یەکێتیی ئەوڕوپا لە تورکیا، دەبنە هۆی زیاتربوونی چاڵاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەتایبەت دوای ئەوەی لەسەر داوای یەکێتیی ئەوڕوپا سزای لەسێدارەدانی هەڵگرت و، عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان کە بە لەسێدارەدان سزا درابوو، لە مردن ڕزگاری بوو و سزاکەی بۆ سزای هەتاهەتایی گۆڕدرا؛ جیا لە کردنەوەی ڕادیۆ و تی ڤی بە زمانی کوردی و دەرفەتدان بە زمانی کوردی. هەموو ئەمانە لە ڕوانگەی کەمالیستەکانەوە هەڕەشەی گەورەن لەسەر یەکپارچەییی خاکی تورکیا و، پێچەوانەی یاسا و دەستووری تورکیان. گرووپی ناسیۆنالیست و کەمالییەکان پێیان وایە داخوازییەکانی یەکێتیی ئەوڕوپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قوبڕس و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ یۆنان و پرسی کوشتاری ئەرمەنەکان و بەخشینی مافی موڵکداری بە کەمینە ئایینییەکان، هەڕەشەن لەسەر داهاتوو و ئاییندەی تورکیا.

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)یش، نەیاری وەرگرتنی تورکیایە لە یەکێتیی ئەوڕوپا. ئەم پارتە تێڕوانینێکی تایبەتمەندی بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ جیهانی دەرەوە و پرسە ناوخۆیییەکان هەیە. کار بۆ زیندووکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و گەلانی تورک لە هەرێمی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست دەکات. ئەم پارتە بە ڕێژەیەکی زۆر دژی ئەندامێتیی تورکیایە لە یەکێتیی ئەوڕوپا و، کار بۆ دوورخستنەوەی تورکیا لە جیهانی ڕۆژاوا و ئەوڕوپا دەکات.

دەرەنجام:
ڕاستە تورکیا لەمێژە هەوڵی نزیکبوونەوە و بەئەندامبوون دەدات لە یەکێتیی ئەوڕوپا، ئەوەیش ڕاستە هێز و حزبی سیاسیی دیاریکراو هەیە و پڕۆژەی تایبەتی هەیە بۆ ئەم مەبەستە. بەڵام لایەن و گرووپی تریش هەن دژی ئەم پڕۆسەیەن و بە زیان و تێکشکان بۆ وڵاتەکەیانی دادەنێن، بەتایبەت بەشێک لە هێزە ئیسلامییە پارێزگارەکان و ناسیۆنالیستەکان و دامەزراوەی سەربازی و بەشێک لە ڕای گشتیی خودی تورکیا. بیانووەکانی ئەو بەرەیەی کە دژی ڕۆژاوا و یەکێتیی ئەوروپان زۆرن؛ هەندێکیان ڕەهەندێکی ناوخۆیییان هەیە وەک دابەشبوونی وڵات و هەڕەشە بۆ سەروەری و بچووکبوونەوەی تورکیا. هەندێکیان ڕەهەندێکی دەرەکییان هەیە و دەیبەستنەوە بە پرسی قوبڕس و یۆنان و کوشتاری ئەرمەنەکان، کە ئەم پرسانە زیان بە تورکیا و پێگە سیاسییەکەی دەگەیەنن. بەشێکی تر پێیان وایە بە هۆی جیاوازیی ناسنامه‌ و شارستانییەتەوە، ناکرێت تورکیا ببێتە بەشێک لە خێزانی ئەوڕوپی. لە بری ئەوە، پێیان وایە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ناسنامه‌ ڕۆژهەڵاتییەکەی خۆی و پارێزگاری لە کۆڵەگەکانی ئیسلام بکات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples