پێشەکی:
سەرۆکوەزیرانی تورکیا "بیناڵی یەڵدرم"، ٧/١/٢٠١٧ سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەر یەک لە (سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق) کۆ بووهوە. پرسەکانی (سەروەری و یەکپارچەیی، ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و شنگال) باسیان لێوە کرا. دواتر سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ڕووی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد و چاوی بە "سەرۆکی هەرێم" و "سەرۆکی حکوومەت" کەوت و سەردانی یەکێک لە بەرەکانی جەنگ و پێشمەرگەیشی کرد و، ههروهها مەسەلەی ئابووری و هاوکاریی ئابووری و ئاسایش لە نێوان هەر دوو لادا باسی لێوە کرا. سەردانەکەی بیناڵی یەڵدرم لە دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەر یەک لە حكوومەتی بەغدا و ئانکارا لەسەر مووسڵ و ئامادەییی سوپای تورکیا لە "باشێک" ڕووپەڕێکی نوێ دەکاتەوە و، قۆناغێکی تازە دەبێت لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەدا.
مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان:
عێراق و تورکیا وەک دوو یەکەی سیاسیی هاوچەرخ، مێژووی پەیوەندییەکانیان دەگەڕێتەوە دوای دروستبوونیان و، ئەگەرچی پەیوەندییەکان بەردەوام کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە! بەتایبەت لە کاتی جەنگی سارد و جەنگی یەکەمی کەنداو و جەنگی دووەمی کەنداو. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ و زیاتربوونی هێژموونیی ئیران-شیعیزم لە عێراق، دووبارە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو ئەکتەرە هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینی و، لە دوایین جاریشدا بە هۆی بوونی "پەکەکە" لە شنگال و هاتنی سوپای تورکیا بۆ باشێک، جارێکی تر پەیوەندییەکانیان ئاڵۆز و خراپ بوو.
لە دوای ڕاپەڕین و دروستبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تورکیا بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی سەرۆککۆماری ئەوکات "تورکت ئۆزاڵ"، توانیی پەیوەندی لەگەڵ هەرێم دروست بکات و لە ڕێگەی دەستەبژێری سیاسیی باشووری کوردستانەوە هەوڵی چارەسەری مەسەلەی کورد بدات لە تورکیادا و، لە جهنگی ناوخۆی باشووری کوردستانیش، هەوڵی دا ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوەیش، تورکیا لە ڕێگەی کۆمەڵێک کۆمپانیاوە پەیوەندیی لەگەڵ هەرێم دروست کرد و لە دوای ٢٠٠٨، تورکیا پەیوەندییە سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێم دامەزراند و زیاتر گەشەی پێ دا و، لە ٢٠١١یش بۆ یەکەم جار تورکیا کۆنسوڵگەریی خۆی لە هەرێم کردەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەدامەزراوەیی و بەفەرمی کرد و، ئەردۆغانیش وەک یەکەم سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و پرسی ئاسایش
ئاسایش یەکێکە لەو پرسە ستڕاتیژییانەی کە تورکیا بەردەوام لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا گرنگیی پێ دەدا. ئاسایشی هەرێمی، لە ڕوانگەی تورکیاوە پەیوەستە بە ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی نەتەوەییی تورکیاوە. لە دوای دروستبوونی داعش و تێکچوونی دۆخی سووریا و دابەشبوونی سووریا بۆ کۆمەڵێک هێز و ئەکتەر لە ڕووی جیۆپۆلیتیک و جیۆستڕاتیژییەوە و، تێکچوونی ئاسایشی هەرێمی (ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست) و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و، خراپبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژاوا (ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا)؛ تورکیا ڕووبەڕووی کێشەی ئاسایش بۆتەوە. تێکچوونی باڵانسی هێز لە ناوچەکە و بە"ئەنارکیزم"بوونی سیستهم (نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی سەروودەوڵەتی)، مەترسیی بۆ تورکیا دروست کردووە. تورکیا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق ئاسایی بکاتەوە، لەو ڕوانگەیەی عێراق دەتوانێت هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی تورکیا کەم بکاتەوە و، تورکیایش لە ڕێگەی عێراقەوە، دەتوانێت جۆرێک لە هاوسەنگیی هێز دروست بکات و ڕۆڵ و پێگەی سیاسی بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە.
هەڕەشەکانی ئاسایش لە ڕوانگەی تورکیاوە
- پەکەکە
هاتنی پەکەکە بۆ شنگال و ئامادەیی و هێژموونیی پەکەکە لە جوگرافیای مووسڵ و هاوکاریکردنیان لە لایەن حکوومەتی عێراقییەوە، تورکیا بە یەکێک لە هەڕەشە و مەترسییە هەرە گەورەکانی دادەنێت. مووسڵ بۆ تورکیا پێگەیەکی جیۆستڕاتیژیی گرنگ و مانایەکی سیاسیی گرنگی هەیە! مووسڵ پارێزگایەکی سوننەنشینە و، بەشێک لە دانیشتووانی تورکمانن. شنگال بەشێکە لە مووسڵ و لە ڕووی ستڕاتیژییەوە هەر سێ دەوڵەتی (عێراق، تورکیا و سووریا) بە یەکترەوە دەبەستێت؛ پەکەکە بە ڕۆژاوای کوردستانەوە دەگەیەنێت و، تورکیایش بە هەڕەشەی دەزانێت. گەشەکردنی پەکەکە لەو ناوچەیە بە کۆمەڵێک هێز و یارمەتیی حکوومەتی عێراقییەوە و ئامادەییی هێزە شیعییەکان لە ناوچەکە، هێژموونیی سوننە و تورکیا لە مووسڵ و شنگال سنووردار دەکەن و، ڕۆڵی هەرێمایەتیی تورکیا بێهێز و پاسیڤ دەکەن. تورکیایش دەیەوێت لە ڕێگەی بەغداوە هێژموونیی پەکەکە لە شنگال کاڵ بکاتەوە و، کار بۆ بچووککردنەوە و دەرکردنیان دەکات.
- داعش
داعش لە ئێستادا، زیاتر لە هەموو ئەکتەرەکانی تر هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا. لە ماوەی ڕابردوودا داعش لە ڕێگەی زنجیرەیەک تەقینەوە و کردەی تیرۆریستی و کوشتنی باڵیۆزی "ڕووسیا" لە ئانکارا، ئاسایشی ئەو وڵاتەی گەڕاندەوە خاڵی سفر. ئانکارا و ئیستانبۆڵ، ڕۆژانە لە لایەن داعش و تۆڕەکانییەوە ڕووبەڕووی تەقینەوە و تیرۆر دەبنەوە. داعش هێشتا لە بەشێکی عێراق و سووریا ئامادەییی هەیە و، بەردەوامیش هەڕەشەی تیرۆر و تێکدانی دۆخی ئەمنی و ئاسایش لە تورکیا دەکات. تورکیا لەم ڕوانگەیەوە ڕاستکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و کۆتاییهێنان بە داعش و ئازادکردنی مووسڵ و گەڕاندنەوەی بۆ سوننەکان، بە ستڕاتیژ دەزانێت و، بە گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ وڵاتەکەی دادەنێت.
- گویلەنییەکان
لە دوای هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی ١٥ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو و تۆمەتبارکردنی "ڕێکخراوی فەتۆ/گویلەنییەکان" بە هەوڵدان بۆ کودەتا بەسەر ئەردۆغان و "ئاکپارتی"دا، ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە و دامەزراوە و دەزگه پەروەردەیی و میدیایییەکانیان ڕووبەڕووی گرتن و زیندانی و داخستن بوونەوە. تورکیا، گویلەنییەکان بە یەکێک لە هەڕەشە گەورەکان بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنێت و تەنانەت داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی "فوتحولا گویلەن"، ڕابەری ئەم بزووتنەوەیە و، داوای لە چەندین وڵاتی دراوسێیش کردووە بۆ داخستنی دامەزراوە پەروەردەیییەکانیان. هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ئەکتەرانەی کە، تورکیا داوای کردووە قوتابخانەکانی سەر بە گویلەنیەکانی لێ دابخرێت. بیناڵی یەڵدرم لەو سەردانەیدا جارێکی تر ئەم پرسەی دووپات کردەوە؛ بەو پێیەی کە قوتابخانەکانیان زیاتر لە هەرێمی کوردستان ئامادەیییان هەیە، نەک لە ناوچەکانی تری عێراق.
سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و (وزە، بازاڕ و ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و شنگال)
پرسی وزە و بازاڕ، شان بە شانی ئاسایش، پرسێکە سیاسەتی دەرەوەی تورکیای لەسەر داڕێژراوە. تورکیا ساڵانە پێویستییەکی زۆری بە وزە، بەتایبەت گازی سروشتییە. عێراق و هەرێمی کوردستان دوو سەرچاوەی دەوڵەمەندن بە وزە و خاوەن ڕێژەیەکی زۆری یەدەگی وزەن و، لە ڕووی گواستنەوەیش بۆ تورکیا ئاسانترە و، لە سەردانەکەی بیناڵی یەڵدرمیشدا بۆ بەغدا، عەبادی ئاماژەی بەوە کرد کە بۆڕییەکی نەوت لە نێوان عێراق و تورکیا دادەمەزرێنن. جیا لەمەیش عێراق و هەرێمی کوردستان دوو بازاڕی پڕبایەخ و گەورەن بۆ تورکیا و، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی نێوان هەر یەک لە عێراق و تورکیا و هەرێمی کوردستان و تورکیا چەندین ملیار دۆلاربووە.
لەگەڵ ئەوەی گەشەی ئابووریی تورکیا لە ساڵانی نێوان ٢٠١٠ تا ٢٠١٥ بە ڕێژەی (٢،٩% و ٤%) گەشەی کردووە. بەڵام لە ساڵانی دواتردا ئەم ڕێژەیە بە هۆی قەیران و تەنگژە و کێشە ناوخۆیییەکانی تورکیا دابەزیوە؛ بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٦، بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوودا دابەزیوە. قەبارەی هەناردەکردن لە ١٢٠ ملیار دۆلار بۆ ١١٧ ملیار دۆلار دابەزیوە و، قەبارەی هاوردە لە ١٧٣ ملیار دۆلار بۆ ١٦٣ ملیار دۆلار دابەزیوە. کەرتی گەشتیاری، بە هۆی کردە تیرۆریستییەکانی داعش و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا لاواز بووە و تووشی داڕمان بووە. بەهای لیرەی تورکی دابەزیوە. کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و خانووبەرەی لاواز بووە. لەم ڕوانگەیەوە هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانن لە بووژاندنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی تورکیادا ڕۆڵ ببینن.
لە لایەکی ترەوە، تورکیا چاوی بڕیوەتە قۆناغی پۆست-داعش، یان دوای داعش لە مووسڵ بۆ ڕۆڵگێڕان لە پرسی ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و شنگال و پرسی وەبەرهێنان و ناردنی کۆمپانیا تورکییەکان و دروستکردنی هەڵی کار و گلدانەی سەرمایە و ڕاستکردنەوەی باری ئابووریی تورکیا. تورکیا خاوەن هەزاران کۆمپانیای گەورەیە لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات و کەرتی گەیاندن و پرد و ڕێگهوبان و هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێت.
مووسڵ لە دوای ئازادکردنی، پێ دەچێت بە مەبەستی دووبارە نۆژەنکردنەوە و گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی پێشووتری، یارمەتی و هاوکارییەکی زۆری لە لایەن ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ تەرخان بکرێت. تورکیایش دەیەوێت سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و بەشێک لە باری ئابووریی وڵاتەکەی پێ ڕاست بکاتەوە؛ هەروەک بیناڵی یەڵدرم لە سەردانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەو خاڵە کرد.
دەرەنجام:
بیناڵی یەڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، سەردانی هەر یەک لە بەغدا و هەرێمی کوردستانی کرد. ئەم سەردانە دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و تورکیا دێت لەسەر کۆمەڵێک پرس، بەتایبەت: سوپای تورکیا لە باشێک و بوونی پەکەکە لە شنگال. لە سەردانەکەدا پرسەکانی "ئاسایشی ناوچەکە" و "ئابووری"، بەچڕی باسیان لێوە کرا و بەغدا و ئانکارا لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕێک کەوتن، لەوانە: یەکپارچەیی و سەروەریی عێراق، کشانەوەی سوپای تورکیا لە باشێک، کشانەوەی پەکەکە لە شنگال، دامەزراندنی بۆڕیی نەوت لە نێوان عێراق و تورکیا و گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان. تورکیا مەبەستی سەردانەکەی، زیاتر بۆ دروستکردنی باڵانسی هێز و پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی بوو. هەر لە درێژەی سەردانەکەیدا لە هەرێمی کوردستان، مەسەلەی کشانەوەی پەکەکە لە شنگال و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و داخستنی قوتابخانەکانی سەر بە گویلەن و یارمەتیی دارایی و ئابووریی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان، باسیان لێوە کرا. تورکیا شان بە شانی بەغدا، دەیەوێت پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووریی پتەوی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت و، لەو ڕوانگەیەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت یاریکەرێکی گرنگ بێت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و تورکیا و، ههروهها ڕۆڵێکی گەورەیش لە مەسەلەی بازاڕ و بازرگانی لەگەڵ تورکیادا بگێڕێت.