تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا؛ زیانەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە ئەندامێتیی تورکیا

دەروازە:
جیا لەوەی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا وەک دوو ئەکتەر لە کۆمەڵێک لایەن و بابەتەوە سوود لە یەکتر وەردەگرن، لە حاڵەتی یەکترقبووڵکردن و ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، کۆمەڵێک زیانیشیان بەردەکەوێ. لە ناوخۆی هەر دوو ئەکتەردا هەندێ  بۆچوون و جیهانبینی هەن کە پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە بە زیان دەزانن و هەوڵی دژایەتیکردنی دەدەن. بە هۆی جیاوازیی هەڵکەوتەی جوگرافی، جیۆستراتیژی، جیۆپۆلیتیکی و فرەییی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵێک پرس و کێشەی سیاسی لە نێوان هەر دوو لادا، وای کردووە کۆمەڵێک خاڵی نەرێنی لە نزیکبوونەوە و ئاوێتەبوونی ئەم دوو هێزەدا هەبێت و، بەم بۆنەیەوەیش کۆمەڵێک لایەن و حزب و هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوخۆییی یەکێتیی ئەوروپا دژی قبووڵکردن و وەرگرتنی تورکیان لە یەکێتییەکە. هەر هێزەیش لە ڕوانگە و جیهانبینی و سیسته‌می ئایدیۆلۆژیی خۆیەوە پاساوەکانی دەردەخات.

زیانەکانی یەکێتیی ئەوروپا

- ترس لە ئیسلام و فراوانبوونی لە ئەوروپا

بەشێکی زۆر لە ئەوروپییەکان، جیاوازیی کەلتوور و ناسنامەی ئایینیی تورکیا بە زیان و مەترسی بۆ یەکێتیی ئەوروپا دەزانن. ئەوان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن  کە یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا لێک جیاوازن و، وەرگرتنی تورکیا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ناسنامەی کەلتووریی و ئایینیی یەکێتیی ئەوروپا. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە، یەکێتیی ئەوروپا بە پڕۆژەیەکی شارستانیی خاوەن کەلتوور و ناسنامەی تایبەتی دادەنێن کە ئایینی مەسیحی و کریستیانیزم، یەکێک لە پایە و ڕەگەزە سەرەکییەکانی ئەو تایبەتمەندییە پێک دێنێت.

ئەڵمانیا و تورکیا

وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەڵمانیا "کڵاوس کینکڵ" دەڵێت: "یەکێتیی ئەوروپا یانەی ئەو دەوڵەمەندانەیە کە لە ڕووی کەلتوورییەوە لەگەڵ یەکتریدا هاوبەشن و، هەر دوو ئایینی مەسیحی و یەهوودی، بەشێکن لەو کەلتوورە هاوبەشە." ناوبراو جەخت لە ناسنامەی ئایینیی یەکێتیی ئەوروپا دەکاته‌وه‌ کە هەر دوو ئایینی مەسیحی و یەهوودی، لە بنیاتنانیدا بەشدار و هاوبەشن. ڕاوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیا "هیلمۆت شمیت" پێی وا بوو یەکێک لەو کێشانەی لە وەرگرتنی لە یەکێتیی ئەوروپادا ڕووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە، کێشەی جیاوازیی کەلتووری و ئایینییە. ناوبراو دەڵێت: "تورکیا دەوڵەتێکی ئیسلامییە، لە ڕووی مێژوویییەوە جیهانی مەسیحی سۆزیان بۆ تورکیا نییە." بە لای شمیت، یەکێتیی ئەوروپا پڕۆژەیەکی شارستانییە و بەرهەمی مۆدێرنیتەی ڕۆژاوایە و جێگەی تورکیای تێدا نابێتەوە. شـمیت پێی وایە ئەڵمانیا پێویستە وەکوو لانکەی مەسیحییەت پارێزگاری لە خۆی بکات و بمێنێتەوە.

ئەڵمانەکان بە شێوەیەکی تایبەت دژی فرەکەلتوورین لە یەکێتیی ئەوروپادا و، پێیان وایە یەکێتیی ئەوروپا پڕۆژەیەکی شارستانییە و کەلتووری تایبەت بە خۆی هەیە کە مەسیحییەت بەشێکی سەرەکییەتی. تەنانەت "ئەنجێڵا مێرکڵ"، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت: "دیموکراسی بەبێ بوونی بەها مەسیحییەکان، ئەستەمە." چونکە  مەسیحییەت ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی هەر بیست و هەشت دەوڵەتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە، بۆیە ئەوروپییەکان لە وەرگرتنی تورکیا دەترسن کە ٩٩%ی دانیشتووانەکەی موسڵمانن. سەرەڕای ئەوەی تورک وەک نەتەوەیەکی خۆپەرست ناسراون، کە بەزەحمەت دەستبەرداری بەشێک لە سەروەریی خۆیان بۆ یەکێتیی ئەوروپا و دەسەڵاتێکی تری بان-نەتەوەیی، دەبن.

بەلجیکا و تورکیا

سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەلجیکا "ویلفرید مارتینز" لە ساڵی ١٩٩٩ دەربارەی پرسی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، پێی وا بوو کە یەکێتیی ئەوروپا خەریکی پڕۆسەی بنیاتنانی شارستانییەتێکە کە تورکیا تێیدا جێگەی نابێتەوە. ئەم لایەنانە پێیان وایە تورکیا لە پێکهاتە و پەیکەری كه‌لتووریی ئەوڕوپی هاوبەش نییە، وەکوو مێژوو، کەلتوور و ئایینی هاوبەش و، تورکیا بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ببێت بە بەشێک لە سیسته‌می کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگیی ئەوڕوپی و، شوێنی خۆی لەناو ئەو یەکێتییەدا بکاتەوە.

 - بەهۆی وەرگرتنی تورکیا و گۆڕانی دیمۆگڕافیای ئەوڕوپاوە بەشێکی زۆری ئەوروپییەکان ترسی ئەوەیان هەیە بە وەرگرتنی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا ناسنامەی مەسیحیی ئەوروپا گۆڕانی بەسەردا بێت و تێک بشکێت. لە لایەکی ترەوە ئەوروپییەکان ترسیان لە وەرگرتنی تورکیا هەیە بەتایبەت لە ڕووی دیمۆگرافییەوە؛ پێشبینییەکان هێما بۆ ئەوە دەکەن کە لە ئاییندەدا تورکیا ئەگەر لە یەکێتیی ئەوروپا وەربگیرێ، دەبێتە گەورەترین دەوڵەتی ئەوروپا لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە. یەکێتیی ئەوروپا لە پلانی ستراتیژیی خۆیدا، تورکیا وەک هەڕەشەیەکی دیمۆگرافی دەبینێ، چونکە ژمارەی دانیشتووانی یەکێتیی ئەوروپا، ڕوو لە دابەزینە و ژمارەی دانیشتووانی تورکیایش لە زیادبوونێکی خێرادایە.

دانیشتووانی ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٧ (٤٧٨٦٣٠) ملیۆنە و، لە ٢٠٠٧ بەرز بۆتەوە بۆ (٤٩٥١٢٩) ملیۆن؛ واتە ڕێژەی گەشە ٤.٣% بووە. لە کاتێکدا تورکیا لە هەمان ماوە، ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی ١٥.٧% بووە. بەپێی دوایین ئامارەکانیش ژمارەی دانیشتووانی تورکیا لە ئێستادا زیاتر لە ٨٠ ملیۆن کەسە.   

- پرسی تیرۆر و داعش  و پۆپۆڵیستەکانی ئەوروپا و دروستبوونی داعش و ئیسلامی توندڕەو و پەلهاوێشتنی بۆ وڵات و شارە جیاجیاکانی ئەوروپا، دیواری نێوان جیهانی ئیسلامی و ڕۆژاوای گەورەتر کرد و جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو شارستانییەتەی قووڵتر کردەوە. ئەمڕۆ تیرۆر و توندڕەویی ئیسلامی لە زۆرینەی شارە گەورەکانی ئەوروپا ئامادەییی هەیە؛ لە پاریسەوە بۆ بەرلین، لە بڕۆکسلەوە بۆ لەندەن. سیسته‌می ئاسایشی ئەوروپا بە هۆی تیرۆری ئیسلامییەوە لەژێر هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەدایە و، داعش لە هەموو لایەکەوە دەیەوێت پەلاماری شارستانییەتی ئەوروپا بدات.

ئەم دیاردەیە، تێڕوانینێکی تری سەبارەت بە جیهانی ئیسلامی بۆ ئەوروپییەکان دروست کردووە! تەنانەت بۆتە هۆی گەشەکردنێکی خێرای هێزە پۆپۆلیستییەکانی ئەوروپا. لەمساڵدا پێشبینی دەکرێت لە هەر یەک لە هەڵبژاردنەکانی (فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و ئیتاڵیا) هێزە پۆپۆلیستییەکان سەر بکەون و بەتەواوی سنووری سیاسی، کەلتووری و کۆمەڵایه‌تیی خۆیان لەگەڵ ئیسلام و ئیسلامیزمدا جیا بکەنەوە و، بەمەیش تورکیا بە هۆی ناسنامه‌ ئیسلامییەکەیەوە بەیەکجاری لە ئەوروپا دوور دەخرێتەوە و دەرفەتی نزیکبوونەوەی لەو یەکێتییە زۆر کەم دەبێتەوە.

دەرەنجام:
ڕاستە تورکیا لەمێژە هەوڵی نزیکبوونەوە و بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا دەدات، ئەوەیش ڕاستە یەکێتیی ئەوروپا کۆمەڵێک پێوەر و بنەمای سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی بۆ تورکیا داناوە و، تورکیا دەبێت جێبەجێیان بکات؛ بەڵام کۆمەڵێک هێز و دەوڵەتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا بەتایبەت (ئەڵمانیا و فەڕەنسا) و بەشێکی ڕای گشتیی ئەوروپا دژی ئەم پڕۆسەیەن و، بە زیان و تێکشکان بۆ یەکێتییەکەیانی دادەنێن، بەتایبەت گەشەکردنی هێزە پۆپۆلیست و ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا.

بیانووی سەرەکیی هێز و دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ ڕەتکردنەوەی تورکیا، سیاسی، کەلتووری و ئایینییە. ئەم هێزانە وای بۆ دەچن قبووڵکردنی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا تووشی کێشەی سیاسیی گەورە و ئاڵۆزیان دەکات، چونکە تورکیا کەوتۆتە ناوچەیەکی نائارام و گەرم، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و قوڕسایی و بارگرانی و قەیرانی زۆر ڕووبەڕووی ئەوروپا دەکاتەوە، بەو پێیەی تورکیا بەشێک لە دراوسێکانی بریتین لە: عیراق، سووریا و ئێران. لە لایەکی ترەوە بە هۆی جیاوازیی ناسنامه‌ی ئایینی و ئیسلامبوونی تورکیا و پرسی تیرۆر و توندڕەویی ئیسلامی، بەشێک لە ڕای گشتی و هێزە ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا دژی تورکیا دەوەستن و، بە مەترسی و تێکشکاندنی بۆ سیسته‌می کۆمەڵایەتی و سیاسیی یەکێتیی ئەوروپا و بنەماکانی مەسیحییەت و کریستیانیزم، دادەنێن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples