دەروازە:
تورکیا وەک وڵاتێکی هاوچەرخ و مۆدێرن، لە سەرەتای دروستبوون و بنیاتنانییەوە چەندین فۆڕم و مۆدێڵی سیستهمی سیاسیی پەیڕەو کردووە. لە سەرەتادا و لە سەردەمی حکومڕانیی "مستەفا کەمال ئەتاتورک"، زیاتر سیستهمی حکوومەتی بەکۆمەڵی تاقی کردۆتەوە؛ هەرچەندە سیستهمی حزبایهتیی "تاکحزبی" بووە. دواتر دوای جەنگی جیهانیی دووەم و گۆڕان لە سیستهمی حزبایهتی، لە تاکحزبییەوە بۆ "فرهحزبی"، سیستهمە سیاسییەکەی بەرەو پەرلەمانی چووە و، تا ئێستایش تورکیا بە سیستهمی پەرلەمانی بەڕێوە براوە؛ بەڵام لەمەودوا ئەردۆغان و ئاکەپە (حزبی داد و گەشەپێدان) کار بۆ ئەوە دەکەن سیستهمەکە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی ببەن. بۆ ئەم پڕۆسەیەیش هەنگاوی یەکەم کە بریتییە لە بەیاساییکردنی پڕۆسەی گۆڕینەکە و پەسەندکردنی یاساکەی لە پەرلەمانی تورکیا (ئەنجومەنی گەورەی تورکیا)، تەواو بووە و بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا هەنگاوی دووەمی بۆ بنرێت و بخرێتە پڕۆسەی ڕیفراندۆمەوە.
چوارچێوەی تیۆری:
سیستهمی سیاسی، کۆمەڵە بنەما و ڕەگەزێکی یاسایی، دەستووری و سیاسین بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە و کایە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی. هەر یەکەیەکی سیاسی/دەوڵەت، لە ڕێگەی دەستوور و پەیمانە کۆمەڵایەتییەکەیەوە ڕێک دەخرێت. شێوازی حکومڕانی و شێوەی دەوڵەت و پڕەنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵات و شێوازی پەیوەندییەکانیان دیاری دەکات. پێکهاتە و پەیکەری پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکات. پێکهاتە و پەیکەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن (سەرۆککۆمار و ئەنجومەنی وەزیران) بەپێی جۆری سیستهمەکە دیاری دەکات. پێکهاتەی دەسەڵاتی دادوەری ڕێک دەخات و دیاری دەکات. ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان و ماف و ئەرکی هاووڵاتی و، بە شێوەیەکی گشتی ئازادییەکانی ڕادەربڕین، قسەکردن و ڕۆژنامەوانی دادەڕێژێت و ڕێکیان دەخات.
ئەردۆغان و سیستهمی سەرۆکایەتی:
ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا، دەیەوێت لە ڕێگەی گۆڕینی سیستهمی سیاسیی وڵاتەکەیەوە، زۆرینەی دەسەڵاتەکان لای خۆی گڵ بداتەوە و هێژموونییهکی گەورە بەسەر زۆرینەی دامەزراوە و ناوەندەکانی بڕیار لە تورکیادا دروست بکات و، هیچ دەزگهیەکی چاودێریش نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات. بە شێوەیەکی کردارەکی، پڕەنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان نەهێڵێت و دەسەڵاتی یاسادانان/ پەرلەمانێکی بێهێز، دەسەڵاتێکی دادوەریی بێهێز و سەرۆککۆمارێکی زۆر بەهێز دابڕێژێت و دروست بکات.
دوای کۆمەڵێک کۆبوونەوە و دوو خول دەنگدان لە پەرلەمانی تورکیادا بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری دەستوور و گۆڕینی سیستهمی سیاسی لە پەڕلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، دواجار پڕۆژەکە ٣٣٩ دەنگی "بەڵێ"ی لە بەرامبەر ١٤٩دەنگی "(نەخێر"دا بەدەست هێنا. سەرۆکایەتیی پەڕلەمانی تورکیایش بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی سەرۆککۆمار، پڕۆژەیاساکەی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کرد.
سەرۆککۆمار دەتوانێت تانە لە ناوەڕۆک و ماددەکانی یاساکە بدات و بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان، ئەگەر لاریشی نەبوو، واژووی لەسەر دەکات و لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا دەیگەڕێنێتەوە بۆ پەڕلەمان و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەبێتەوە و، یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ماددەی ١٧٥ لە دەستووری تورکیادا، هەموارکردنەوە و دەستکاریکردنی دەستوور ٣٣٠ دەنگی پێویستە و، دەبێت لە ماوەی ٦٠ ڕۆژیش گۆڕانکارییەکە بخرێتە ڕاپرسییەوە و ٥١%ی دەنگەکانی ڕاپرسیش بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەمەیش، دەبێت ڕاپرسی بۆ گۆڕینی سیستهمی سیاسی لە تورکیا، مانگی ئەپریل/نیسانی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە:
پڕۆژەیاساکە بۆ گۆڕینی سیستهمی سیاسی لە تورکیادا، لە (١٨)ماددە پێک دێت و گرنگترین خاڵ و تەوەرەکانی بریتین لە:
پێکهاتە و پەیکەر و ئەرکی پەرلەمان:
- ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە ٥٥٠ پەرلەمانتارەوە، دەبێت بە ٦٠٠ پەرلەمانتار.
- تەمەنی خۆپاڵاوتن (خۆکاندیدکردن) لە ٢٥ ساڵییەوە، دەکرێت بە ١٨ ساڵ.
- هەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی و سەرۆککۆمار، هەر ٥ ساڵ جارێک و لە هەمان ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت.
- پەرلەمان دەتوانێت دۆسیەی لێکۆڵێنەوە لەسەر سەرۆککۆمار، جێگرەکانی سەرۆککۆمار و وەزیرەکان بکاتەوە.
- پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی پەرلەمانتاران، دەتوانێت بڕیاری دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بدات.
- بەرواری ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، هەر یەک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەیەکەوە ئەنجام دەدرێن.
پێکهاتە و پەیکەر و ئەرکی سەرۆککۆمار:
- سەرۆککۆمار لە هەمان کاتیشدا دەتوانێت سەرۆکی حزبهکەی بێت؛ پێشتر سەرۆککۆمار، دەبوو هێمای یەکپارچەیی و نیشتمانبوونی وڵاتەکەی بوایە و، دەبوو سەرۆکی هیچ حزبێكی سیاسی نەبوایە.
- سەرۆککۆمار دەتوانێت باری نائاسایی (باری تەنگەتاو) ڕابگەیەنێت.
- سەرۆککۆمار تەنیا دەتوانێت بۆ دوو خول سەرۆککۆمار بێت، هەر خولێکیش ٥ ساڵ دەبێت.
- ئەو هێز و لایەنەی کە پاڵێوراو بۆ سەرۆککۆمار دەپاڵێوێت، دەبێت بە لایەنی کەمەوە ٥%ی کۆی دەنگەکانی وڵات بەدەست بهێنێت، یان ١٠٠ هەزار دەنگدەر دەنگی پێ بدەن.
- ئەو پاڵێوراوەی کە لە هەڵبژاردندا لە ٥٠%ی دەنگەکان زیاتر بێنێت، بە سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت.
- سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەوڵەتە و دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن دەگرێتە ئەستۆ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیشە.
- سەرۆککۆمار جێگرانی سەرۆککۆمار و وەزیرەکان دادەمەزرێنێت و کۆتاییی بە ئەرکەکانیشیان دێنێت.
- بودجەی ساڵانەی وڵات لە لایەن سەرۆککۆمارەوە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت.
- ئەنجومەنی وەزیران هەڵدەوەشێتەوە و، ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەژێر دەستوور و یاساکان لە لایەن سەرۆککۆمارەوە بەڕێوە دەبردرێت.
- سەرۆککۆمار دەتوانێت بۆ گۆڕانکاریی یاسایی لە دەستوور، پڕۆژە پێشکەشی گەل بکات بۆ دەنگدان و ڕاپرسی لەسەری.
- جێگرانی سەرۆککۆمار و وەزیرەکان، لە نێوان ئەو کەسانەی کە توانیویانە ببنە پەرلەمانتار، لە لایەن سەرۆککۆمارەوە دیاری دەکرێن و دەست لە کاری پەرلەمانتاریش دەکێشنەوە.
دەسەڵاتی دادوەری:
- فەرمانگەی باڵای داواکارانی گشتی و دادوەران، دەبێت بە فەرمانگەی داواکارانی گشتی و دادوەران.
- جگە لە دادگه بەرزەفتەکان/دیسپلین، دادگهی سەربازی دروست ناکرێت.
- دادگهی باڵای تێهەڵچوونەوەی سەربازی، دادگهی فەرمانگەی باڵای سەربازی و دادگه سەربازییەکان هەڵدەوەشێتەوە.
بۆچوونی شەقامی تورکی لەبارەی گۆڕینی سیستهمەکەوە:
ڕای گشتی و شەقامی تورکی لەبارەی گۆڕینی دەستوور و گۆڕینی سیستهمی سیاسیی وڵاتەکەیان، بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون: بەرەیەکیان پاڵپشتی و پشتگیریی گۆڕانکارییەکە دەکەن، بەتایبەت نەتەوەپەرستەکان و ئیسلامییە کۆنزێرڤەتیستەکان. ئەم بەرەیە پێی وایە گۆڕانکاری لە سیستهم و سەرۆکێکی بەهێز بۆ وڵاتەکەیان پێویستە و، تورکیا بەهێزتر و گەورەتر دەکات.
بەرەی دووەم، ئەو بەرەیەی کە دژایەتیی گۆڕانکارییەکە دەکات، بەشێکی چەپەکان و کوردەکانن، بەشێکی عەلەوی و بزووتنەوەی خزمەت/گویلەنییەکان و کەمینەکانی تری تورکیان. ئەم بەرەیە، پێیان وایە بە هۆی گۆڕینی سیستهمی سیاسی و دەستوورەوە، ئەردۆغان دەبێتە خاوەنی هەموو دەسەڵاتێک و، هیچ دەزگه و کەسێک ناتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات. لەم دۆخەیشدا پرسی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین، سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری و بێلایەنبوونی سوپا و سەرباز، مافی کەمینەکان و ئازادیی ڕۆژنامەوانی، دەکەوێتە بەردەم مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورەوە و، تورکیا چەندین قۆناغ دەباتە دواوە.
بۆچوونی هێز و لایەنە کوردییەکان:
کوردەکان، بەتایبەت "هەدەپ" (حزبی ئاشتی و دیموکراسیی گەلان)، دژی ئەم گۆڕانکارییەن و بە مەترسییەکی هەرە گەورەی بۆ سەر تورکیا دادەنێن؛ بەتایبەت كه ئێستا بەشێک لە پەرلەمانتارانی هەدەپ دەستگیر کراون و لە زیندانن. هێزە کوردییەکان لەو بڕوایەدان بە فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار و گۆڕانکاری لە پەیکەر و پێکهاتەی دەسەڵاتەکان (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری) و گواستنەوەی زۆرینەی دەسەڵاتەکان بۆ سەرۆککۆمار (سیاسی و سەربازی)، هێندەی تر پرسی کورد و چارەسەری ئاشتییانەی پرسەکە و مەسەلەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لەو وڵاتە دەباتەوە دواوە و، سنوورەکانی ئازادی و ڕادەربڕین هێندەی تر تەسکتر دەکاتەوە.
دەرەنجام:
تورکیای هاوچەرخ لە دوای دروستبوونییەوە چەندین مۆدێڵ و سیستهمی سیاسیی جیاوازی تاقی کردۆتەوە. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، گۆڕانێک لە سیستهمی سیاسی و حزبایهتیی تورکیادا ڕوو دەدات؛ لە سیستهمی تاکحزبییەوە هەنگاو بۆ سیستهمی فرەحزبی و پەرلەمانی دەنێت.
ئێستاكه حزبی داد و گەشەپێدان و ئەردۆغان، پڕۆژەیەکیان هەیە بۆ گۆڕینی سیستهمی پەرلەمانی بۆ سیستهمی سەرۆکایەتی. بەپێی پڕۆژەیاسایەک کە (١٨) ماددە لەخۆ دەگرێت و لە پەرلەمانی تورکیادا پەسەند کراوە و، بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا بچێتە قۆناغی ڕاپرسییەوە و دواتر جێبەجێ بکرێت. یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی یاساکە گواستنەوەی زۆرینەی دەسەڵاتەکانە بۆ سەرۆککۆمار و مانەوەی ئەردۆغانە لە لووتکەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیدا تا ساڵی ٢٠٢٩. ئەمەیش ترسی بۆ زۆربەی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دروست کردووە و، بەتایبەت ترس لە دروستبوونی دەسەڵاتێکی تاکڕەو و پاشەکشەی تورکیا لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی سیاسی.
بەشێکی هێزە ناوخۆیی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و یەکێتیی ئەوڕوپا، ترسیان لە داهاتووی تورکیا هەیە و هۆشداری لەمەڕ تێکچوونی دۆخی ناوەکی و پێکدادانی زیاتری هێزە ناوخۆیییەکانی تورکیا و گڕژی و ئاڵۆزیی زیاتر لەو وڵاتەدا دەدەن.