تورکیا و یەکگرتنەوەی قوبڕس

پێشەکی:
قوبڕس دوورگەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست و دەکەوێتە باشووری تورکیاوە: لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ هەر یەک لە سووریا و لوبنان دراوسێیە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتیش لەگەڵ فەڵەستین و ئیسڕائیل، لە باشوور لەگەڵ میسڕ و لە باشووری ڕۆژاوایش لەگەڵ یۆنان. لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دابەشکردنی میراتی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی (پیاوە نەخۆشەکە)، قوبڕس بە بریتانیاوه‌ دەلکێنرێت؛ دواتر لە ساڵی ١٩٦٠ سەربەخۆیی لە شانشینی یەکگرتووی بریتانیا وەردەگرێت و دەبێتە وڵاتێکی سەربەخۆ. پایتەختەکەی "نیکۆسیا"یە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە و ڕووبەری دوورگەکەیش ٩٢٥١ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.

باکگڕاوندی مێژوویی و دابەشبوونی قوبڕس

لە ساڵی ١٩٥٥، قوبڕسییە یۆنانییەکان لە دژی دەسەڵات و فەرمانڕەواییی بریتانیا لە قوبڕس، دەستیان بە جەنگێکی پارتیزانی کرد. دوای سەربەخۆبوون لە ١٩٦٤، "قەشە ماکاریۆس"، بوو بە سەرۆکی قوبڕس و دەستی کرد بە گۆڕینی دەستوور و کەمکردنەوەی خۆبەڕێوەبەریی تورکەکان و گوشاری خستە سەر دانیشتووانە تورکەکان لەم دوورگەیەدا؛ ئەمەیش بووە هۆی بەدەنگەوەهاتنی "عیسمەت ئینۆنۆ" (سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا) و، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کرد، دواتر بە نێوەندگیریی ناتۆ و ئەمریکا کێشەکە دامرکایەوە. لە ساڵی ١٩٦٧ جارێکی تر کێشەکە سەری هەڵدایەوە؛ کاتێ ئەنجومەنی ئەفسەران لە دەسەڵاتی نوێی یۆنان کەوتە هاندانی یۆنانییەکانی قوبڕس بۆ ورووژاندنی پرسی یەکێتیی دوورگەکە و بوون بە بەشێک لە یۆناندا.

لە ١٩٧٤، دوای ئەنجامدانی کۆدەتا دژی ماکاریۆس لە لایەن گاردی نیشتیمانیی قوبڕسەوە و ڕاگەیاندنی یەکێتی لەگەڵ یۆناندا، حکوومەتی "بوڵند ئەجەوید" بۆ پاراستنی سەربەخۆییی دوورگەکە و دەستووری ساڵی ١٩٦٠ داوای دەستوەردانی سەربازیی کرد؛ ئەوە بوو لە ٨/٨/١٩٧٤، فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی ناوچە یۆنانییەکانی قوبڕسیان کرد. تورکیا دەیویست هێرشی وشکانی بکات، بەڵام سۆڤیەت هاتە ناو کێشەکە و دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو. پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەمریکا تێک چوو، چونکە ئەمریکا جەنگی نێوان دوو ئەندامی ناتۆی بەڕەوا نەدەبینی و، بە مەترسی بۆ ئاسایشی باشووری ئەوروپا دەزانی.

ئەمریکا لە ٥ی شوباتی ١٩٧٥، ئابڵووقەی چەکی بەسەر تورکیادا سەپاند و، تورکیایش بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە تورکیا داخست. دواتر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا ئاسایی بوونەوە؛ یەکێتیی سۆڤیەتیش لە کێشەی قوبڕس پشتگیریی تورکیا کرد. لە دوای ١٩٧٤ەوە، قوبڕس دابەش بوو بۆ دوو وڵات (قوبڕسی تورکی/باکووری قوبڕس)، (قوبڕسی یۆنانی/باشووری قوبڕس).

تایبەتمەندیی هەر دوو قوبڕسەکە

دوای دابەشبوونی قوبڕس بۆ قوبڕسی تورکی و یۆنانی، یان قوبڕسی باکوور و باشوور، هەر یەک لەم دوو وڵاتە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و ئابووری و ستڕاتیژییان هەیە. قوبڕسی تورکی، تەنیا لە لایەن تورکیاوە دانی پێدا نراوە و زمانی فەرمیی تورکییە و زۆرینەیان موسڵمانن و لە ڕووی جوگرافییشەوە هیچ سنوورێکی وشکانیی لەگەڵ تورکیادا نییە. زۆرینەی دانیشتووانیشی تورکن و لە ڕووی ئابوورییەوە زیاتر پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن و لیرەی تورکیش وەک دراوی فەرمی بەکار دێنن.

قوبڕسی یۆنانی لە ڕووی ڕووبەرەوە لە قوبڕسی تورکی، یان قوبڕسی باکوور گەورەترە؛ ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و، لە ڕووی ئابوورییەوە زیاتر پشت بە پیشەسازی، بازرگانی و سامانی سروشتی دەبەستێت و دراوی یۆڕۆ بەکار دێنێت و زۆرینەیشیان مەسیحین و زمانی یۆنانی، زمانی فەرمییە.  

یۆنان و تورکیا و ململانێ لەسەر قوبڕس

یۆنان و تورکیا وەک دوو ئەکتەری خاوەن هێژموونی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستدا، ململانێ لەسەر قوبڕس دەکەن و هەر یەکەیان دەیەوێت هێژموونیی خۆی بەسەر ئەوی تردا بسەپێنێ و لە ڕۆڵی یەکتر کەم بکەنەوە؛ ئەم ململانێیە ڕیشەیەکی مێژووییی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانیی دووەم. تورکیا زیاتر لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە چاوی لە قوبڕسە و، لە ڕووی جیۆستڕاتیژییەوە بە درێژکراوەی خۆی دادەنێت و ئامادەیییەکی تەواویشی لە باکووری قوبڕسدا هەیە. یۆنانیش بە هەمان شێوە، ئامادەیی و هێژموونێکی زۆری لە قوبڕسی باشووردا دروست کردووە و بایەخێکی زۆری پێ دەدات و، لە ڕووی ستڕاتیژییەوەیش بە درێژکراوەی وڵاتەکەی دادەنێت.  

پرسی ئاسایش و داهات و سامانە سروشتییەکان

ئاسایش و داهات، بە لای تورکیا و یۆنانەوە لە یەکگرتنەوە و بەڕێوەبردنی قوبڕسی داهاتوودا، دوو پرسی سەرەکی و گرنگن. تورکیا لە ڕابردوودا بۆ دروستکردنی سیسته‌می بەرگری لە بەرامبەر قوبڕسی یۆنانیدا، نزیکەی ٤٠ هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە قوبڕسی تورکیدا جێگیر کردووە. تورکیا نایەوێت قوبڕسی باکوور لە ڕووی سەربازییەوە بێهێز بێت و بکەوێتە ژێر هێژموونی و کاریگەریی قوبڕسی یۆنانییەوە. لە بەرامبەر ئەوەیشدا، قوبڕسی یۆنان خاوەن سامانێکی سروشتیی زۆرە و، داهاتی لە قوبڕسی تورکی زیاترە. ئەم خاڵە لاوازەی قوبڕسی باکوور، وای لە تورکیا کردووە جۆرێک لە باڵانسی هێز لە بەرامبەر یۆناندا دروست بکات و دەرفەتی خۆسەپاندن بۆ یۆنان نەهێڵێتەوە.

پرسی یەکگرتنەوە

پرسی گفتوگۆی یەکگرتنەوەی نێوان هەر دوو قوبڕس، دەگەڕێتەوە بۆ "پلانی ئەنان" لە ساڵی ٢٠٠٢، کە سکرتێری گشتیی ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکان "کۆفی ئەنان" ئامادەی کردبوو بە ناوی "بنەمایەک بۆ ڕێککەوتن و یەکگرتنەوە و چارەسەری کێشەی قوبڕس". پوختەی پلانەکە بریتی بوو لە دروستکردنی یەک کەسایەتیی یاسایی بۆ قوبڕس و بەشداریکردنی لە شانۆی نێودەوڵەتی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا. پلانەکەی ئەنان لە ٢٠٠٤ خرایە ڕیفراندۆمەوە و قوبڕسی یۆنانی ڕەتی کردەوە و قوبڕسی تورکیش قبووڵی کرد، بەڵام پڕۆسەی یەکگرتنەکە بە هۆی ڕەتکردنەوەی لە ڕاپرسی لە لایەن هاووڵاتیانی قوبڕسی یۆنانییەوە شکستی خوارد.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ەوە گفتوگۆکان جارێکی تر لە "جنێڤ"، بە مەبەستی پڕۆسەی یەکگرتنەوەکە لە نێوان سەرۆکی هەر دوو قوبڕسەکە (مستەفا ئاکنجی و نیکۆس ئەناستاسیەدێس) بە ناوبژیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستی پێ کردەوە. لە ١ی شوباتی ٢٠١٧دا جارێکی تر سەرۆکی هەر دوو قوبڕس چاویان بە یەکتر کەوت و لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتن (بەتایبەت لە مانگی شوباتی ٢٠١٧ەوە کۆبوونەوەی هەفتانە لە نێوانیان ئەنجام بدرێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە و بەردەوامبوونی پڕۆسەکە و، هەر دوو سەرکردەکە داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ هاوکاریی ڕاوێژکاری و بەردەوامیدان بە پڕۆسەکە.)

پاڵنەرەکانی یەکگرتنەوە

کۆمەڵێک هۆکار و فاکتەر بۆ یەکگرتنەوەی هەر دوو قوبڕسەکە هەن؛ قوبڕسی باشوور، یان قوبڕسی یۆنانی نایەوێت تورکیا لەوە زیاتر هێژموونیی سەربازیی خۆی لە قوبڕسی تورکیا و باشووری دەریای سپیی ناوەڕاستدا بسەپێنێت و، دەیەوێت ڕۆڵی تورکیا سنووردار بکات. قوبڕسی تورکیا بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی مستەفا ئاکنجی وەک سەرۆکی وڵات، خواستی یەکگرتنەوەی زیاتر بووە و، دەخوازێ لەژێر هێژموونی و دەسەڵاتی تورکیا ڕزگاری بێت و لەژێر قەیرانی ئابووری و لاوازیی سیسته‌می حوکمڕانی و دابڕانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە دەرەوە؛ قوبڕسی تورکیا دەیەوێت بە یەکگرتنەوە لەگەڵ قوبڕسی یۆنان، جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەشداریی سیاسەتی نێودەوڵەتی بکات بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا. سەرەڕای ئەمانەیش، قوبڕسی تورکی هەست دەکات لە ڕێگەی یەکگرتنەوەکەوه‌ ئاسایش و سیسته‌می بەرگریی باشتر و بەهێزتر دەبێت و لە ڕووی ئابوورییەوەیش قوبڕسی یۆنانی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و، بەمەیش لە قەیران و لاوازیی ئابووری ڕزگاری دەبێت و بە ڕووی جیهاندا دەکرێتەوە و، دەبێتە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی تر.  

دەرەنجام:
ململانێی نێوان تورکیا و یۆنان لەسەر قوبڕس، دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٧٤ەوە و لە دوای داگیرکردنی قوبڕسی باکوور لە لایەن تورکیاوە بەزەبری هێزی سەربازی، ململانێکان گەیشتنە لووتکە؛ هەرچەند قوبڕسی باکوور جگە لە تورکیا تا ئێستا هیچ وڵات و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی دانی پێدا نەناوە و، بەتەواوی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابڕاوە.

دوای زیاتر لە چوار دەیە لە ململانێ و ناکۆکی لە نێوان هەر دوو قوبڕسەکەدا، ئێستا بەنیازی یەکگرتنەوە دەستیان بە گفتوگۆ کردووە؛ بەتایبەت قوبڕسی تورکی و سەرۆکەکەی (مستەفا ئاکنجی)، خواستێکی گەورەیان هەیە بۆ سەرخستن و سەرکەوتنی پڕۆسەکە و ڕزگاربوون لە هێژموونی و دەسەڵاتی تورکیا. نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا هاوکاری پڕۆسەکەن و، بڕیار وایە لەمساڵدا بۆ یەکگرتنەوەی قوبڕس بە شێوەیەکی کردارەکی، درێژە بە کۆبوونەوەکان بدەن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples