ئایا ترامپ و ئەردۆغان سەردەمێکی نوێ دروست دەکەن؟

دەروازە:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری تورکیای هاوچەرخ، دوو ئەکتەری کاریگەر و بەهێزی دونیای ئەمڕۆن. ئەمریکا زلهێزێکی جیهانییە و سیسته‌می نێودەوڵەتی بە مۆدێڵی تاکجەمسەری بەڕێوە دەبات و خاوەن سوپایەکی گەورە و تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو و ئابوورییەکی بەهێزە. تورکیایش هێزێکی ناوچەییی گرنگە و بە سوودوەرگرتن لە پێگە جیۆ- ستڕاتیژی، جیۆ-سیاسی و جیۆ-ئابوورییەکەی ڕۆڵێکی گەورەی هەرێمی دەگێڕێت. ئەم دوو یەکە سیاسییە (ئەمریکا و تورکیا) لە ڕابردوودا پەیوەندییەکی پتەو و بەهێزیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە و هاوپەیمانی یەکتر بوونە و بەرژەوەندییەکانی یەکتریان پاراستووە. سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەپێی گۆڕانی ئیدارە و دۆخی ناوخۆ و دونیابینیی حزبە سیاسییەکان و ڕووداوەکان، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە ئێستادا بە هۆی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترامپ، وەک سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا، چاوەڕوان دەکرێت سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەست پێ بکات بەتایبەت دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترامپ و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و سەردانی سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکا/ سیا "مایک پۆمپیۆ" بۆ تورکیا.

مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا

مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری تورکیای هاوچەرخ، دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانیی دووەم؛ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە ئەمریکا هەستی بە مەترسیی شەپۆل و فراوانبوونی کۆمۆنیزم بۆ سەر ڕۆژاوای ئەوروپا و بلۆکی ڕۆژاوا دەکرد. خاڵی سەرەتای نزیکبوونەوەی تورکیا لە ئەمریکا، بەشداریی تورکیا بوو لە جەنگی کۆریا و، دواتر قبووڵکردنی تورکیا بوو لە ڕێکخراوی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و وەرگرتنی یارمەتیی ئابووری و دارایی لە لایەن ئەمریکاوە بۆ تورکیا. ئەمریکا توانیی تورکیا وەک پاسەوان و پۆلیسی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکار بێنێت و، بیکات بە بەربەستێک بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی بلۆکی کۆمۆنیزم.

لە ماوەی ڕابردوودا، ڕاستە ئەمریکا و تورکیا هاوپەیمانی یەکتر بوونە، بەڵام کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەز لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە پەیوەندییەکانیان ڕووی  داوە؛ بەتایبەت دوای داگیرکردنی باکووری قوبڕس لە لایەن تورکیاوە لە ساڵی ١٩٧٤. لە پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق لە ٢٠٠٣دا جارێکی تر تورکیا ڕێگەی بە سوپای هاوپەیمانان و ئەمریکا نەدا بە ڕێگەی تورکیاوە بچێتە ناو خاکی عێراقەوە و، لە کودەتاکەی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٦دا ئەمریکا هەڵوێستێکی درەنگوەختەی هەبوو و، تورکیایش ڕێبەری بزووتنەوەی خزمەت، "فەتحولا گویلەن"ی بە کودەتاکە تاوانبار کرد کە دانیشتووی ئەمریکایە و داوای ڕادەستکردنەوەی لە ئەمریکا کرد. سەرەڕای ئەمانەیش قەیرانی سووریا و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، دوو پرسی سەرەکی و گەورەن کە ناکۆکی و پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەی لاواز و ئاڵۆز کردووە.

بۆچی سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکا سەردانی تورکیا دەکات؟

کۆشپی سپی لە وارگەی فەرمیی خۆی بڵاوی کردۆتەوە کە ڕۆژی سێشەممە (٧/٢/٢٠١٧) دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەموو پشتیوانییەکی خۆی بۆ تورکیا، وەک هاوبەشێکی گرنگی ناتۆ، دەربڕیوە. هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دۆناڵد ترامپ ئاماژەی بە سەردانی سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکا/سیا بۆ تورکیا کردووە. دواتر ڕۆژی چوارشەممە مایک پێنس، جێگری سەرۆک دۆناڵد ترامپ، لە پەیوندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆ لەگەڵ مەولوود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیادا دەکات. ڕۆژی پێنجشەممە (٩/٢/٢٠١٧) سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکا/سیا سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ هەر یەک لە هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی تورکیا/میت و، سەرۆککۆماری تورکیا کۆ دەبێتەوە. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بەپێی سەرچاوە و وارگە تورکییەکان، بریتی بووە لە: مەسەلەی پەیەدە، پرسی سووریا، بزووتنەوەی خزمەت/گویلەنییەکان، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بەشداریی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی ڕەققە.

پەیەدە
لە دوای ڕاپەڕینی سووریا و تێکچوونی دۆخی سووریا و بوونی سووریا بە گۆڕەپانی ململانێی هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان و دروستبوونی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش، پەیەدە (پارتی یەکێتیی دیموکراتی سووریا) ڕۆڵێکی سەرەکیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش گێڕاوە و سەرنجی هێزە نێودەوڵەتییەکانیشی بۆ خۆی ڕاکێشاوە؛ بەتایبەت ئەمریکا و ڕووسیا بۆ یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنیان.

تورکیا لەو یارمەتی و پاڵپشتییەی ڕۆژاوا و ئەمریکا بۆ پەیەدە، وەک هێزێکی کوردی، نیگەرانە و یەکێک لە هۆکارەکانی تێکچوونی پەیوەندییەکانیشی بووە لەگەڵ ئەمریکادا. تورکیا پەیەدە بە درێژکراوەی پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان)  دادەنێت و بە مەترسییەکی گەورەیشیان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا و سەروەریی خاکی تورکیا دەزانێت. تورکیا نیگەرانە لەوەی کە ئەمریکا پەیەدە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دانانێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و پاڵپشتیی دەکات، لە کاتێکدا پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنێت!

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەرپرسی دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکا/سیا، داوای کردووە کە ئەمریکا یارمەتی و پشتگیرییەکانی بۆ پەیەدە ڕابگرێت و مامەڵەی لەگەڵدا نەکات. تورکیا ئیدارە و سەردەمی دۆناڵد ترامپ بە سەردەمێکی جیاواز و ئیدارەیەکی جیاواز لە باراک ئۆباما دادەنێت و، هەوڵ دەدات بە پچڕانی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و پەیەدە، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بکاتەوە و ببنەوە بە دوو هاوبەشی سەرەکیی یەکتر. سەرەڕای ئەمانە، تورکیا کار بۆ ئەوە دەکات کە ڕۆڵ و بەشدارییەکی سەرەکیی لە ئۆپەراسیۆنی ڕەققەدا هەبێت و بەربەست بۆ هێزە نەیارەکانی دروست بکات و، نەهێڵێت ڕەققە وەک ناوچەیەکی ستڕاتیژی بکەوێتە دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە کورد بەشێکی گەورەی ئەم هێزە پێک دێنێت؛ بۆ ئەم مەبەستەیش دەیەوێت ڕەزامەندیی ئەمریکا و دۆناڵد ترامپ بەدەست بهێنێت.  

پرسی سووریا و ناوچەی ئارام

سووریا، ئەمڕۆ یەکێکە لە ئاڵۆزترین و پڕکێشەترین دەوڵەتی دونیا. قەیرانێکی سیاسیی گەورەی هەیە و دوو جەمسەری گەورەی دونیایش (ئەمریکا و ڕووسیا) باڵانسی هێزی خۆیان لە سووریادا هاوسەنگ دەکەن و هێژموونیی سیاسی بۆ خۆیان دروست دەکەن. سووریا سنوورێکی فراوانی لەگەڵ تورکیادا هەیە. هەر گۆڕانکارییەک لە سووریادا کاریگەریی ڕاستەوخۆی بەسەر تورکیادا دەبێت. بەتایبەت لە ڕووی پێکهاتەی ئیتنی و ئاینییەوە سووریا و تورکیا خاڵی هاوبەشیان هەیە و، تورکیایش ترسی لەو دەرەنجام و کاریگەرییانە هەیە و تا ئێستا ستڕاتیژییەتێکی ڕوونی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە جیاواز و ئەکتەرە جیاوازەکانی سووریادا نییە! بەڵام بەگشتی تورکیا خوازیارە سیسته‌مێک لە سووریا دروست بێت کە کورد ڕۆڵی تێدا  نەبێت؛ هێزێک ڕۆڵی تێدا هەبێت کە لە ستڕاتیژییەت و کارنامەی سیاسیی تورکیاوە نزیک بێت و بەرژوەندییەکانی بپارێزێت. بۆ ئەم مەبەستەیش تورکیا هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا پەروەردە  دەکات و پاڵپشتییان دەکات. بەرنامە بۆ دروستبوونی ناوچەیەکی ئارام لە سووریا دادەڕێژێت؛ ناوچەیەک کە تورکیا بتوانێت هێژموونیی خۆی تێدا دروست بکات. ئەردۆغان هەوڵ دەدات لە  ڕێگەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا و "دۆناڵد ترامپ"ەوە، ئەو بەرنامەیەی باشتر پێش بخات.  

پرسی داعش و گویلەنییەکان

داعش و بزووتنەوەی خزمەت/ گویلەنییەکان، دوو پرسی جەوهەرین لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا- ئەمریکا. پێگەی جیۆپۆلیتیکی تورکیا ڕۆڵێکی کارا لە لاوازکردنی داعش و سەرچاوە دارایییەکانی دەگێڕێت. تورکیا لە سەرەتای دروستبوونی داعش و هاتنی بۆ عێراق و مووسڵ، لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەدا زۆر ڕژد و کاریگەر نەبوو و، لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیش بەشداریی نەکرد؛ ئەمەیش پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکای بەرەو خراپی برد. لە ئێستادا تورکیا بەنیازە لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەکارهێنانی پێگە جیۆپۆلیتیکییەکەی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا ئاسایی بکاتەوە، بەو مەرجەی ئەمریکا گرنگی بە پەیەدە و هێزەکانی تر لە سووریادا، نەدا. تورکیا لە ئیدارەی ئۆبامادا نەیتوانی ئەو بژاردە سیاسییەی سەر بخات. ئێستا مەبەستیەتی لە  ڕێگەی دۆناڵد ترامپەوە ئەو بژاردەیە بەرەو پێشەوە ببات و پەیوەندییەکانی پێ ڕاست بکاتەوە و، لە سەردانەکەی مایک پۆمپیۆ، سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکا/سیا بۆ تورکیا لەگەڵ ئەردۆغاندا باسی لێوە کراوە.

گویلەنییەکان، پرسێکی تری نێوان ئەمریکا و تورکیایە. لە دوای کودەتاکەی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٦ی تورکیا، ئەردۆغان "فەتحوڵڵا گویلەن"ی ڕێبەری بزووتنەوەی خزمەت، کە دانیشتووی ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمریکایە، بە هەوڵی کودەتا و ڕووخانی دەسەڵاتەکەی خۆی تۆمەتبار کرد؛ بۆ ئەم مەبەستەیش تورکیا داوای ڕادەستکردنەوەی گویلەن و داخستنی قوتابخانەکانی بزووتنەوەی خزمەتی کرد لە ئەمریکادا و، کۆمەڵێک بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتیشی بۆ ئەمریکا نارد بۆ تاوانبارکردنی گویلەن و بزووتنەوەکەی بە تێوەگلان لە کودەتاکەدا. ئەمریکا تا ئێستا گویلەنی ڕادەستی تورکیا نەکردۆتەوە و حکوومەتی تورکیایش بەردەوام داوای ڕادەستکردنەوەی دەکات و، بە مەترسیی بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێت. لە کۆبوونەوەکەی نێوان مایک پۆمپیۆ و ئەردۆغاندا ئەو پرسەیش باسی لێوە کراوە و، پێ دەچێت تورکیا سوور بێت لەسەر ڕادەستکردنەوەی گویلەن و، ئیدارە و سیاسەت و دونیابینییە جیاوازەکانی ترامپ بە دەرفەت بزانێت بۆ باوەڕهێنان بە ئەمریکا کە گویلەنی ڕادەست بکاتەوە و بیکات بە مەرجێکی سەرەکیش لە پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دروستکردنی سەردەمێکی نوێ لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا.

دەرەنجام:
هاتنی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی، خوێندنەوەیەکی جیاوازی بۆ دەکرێت؛ جیاواز بەو مانایەی کە دۆناڵد ترامپ سیاسەتێکی تر و دونیایەکی تر لەگەڵ خۆیدا دێنێت و سەردەمێکی نوێ لە مامەڵەکردن و بەڕێوەبردنی کێشەکان و پەیوەندییەکان دروست دەکات. تورکیا لەو گۆشەنیگایەوە لە ئەمریکای سەردەمی ترامپ دەڕوانێت؛ سەردەمێک کە تورکیا بەئاسانی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکادا ئاسایی و ڕاست بکاتەوە.

تورکیا لە سەردەمی ئۆبامادا (بەتایبەت خولی دووەم) نەیتوانی پشتیوانییەکی گەورەی ئەمریکا بەدەست بێنێت، بەتایبەت لەسەر مەسەلەی سووریا و پەیەدە. بەڵام لە ئێستادا هەوڵی ئەوە دەدات سوود لە ئیدارەی ترامپ و سیاسەتە جیاوازەکانی ببینێت؛ بەتایبەت دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان ترامپ و ئەردۆغان و سەردانی سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکا بۆ تورکیا وگفتوگۆکردن لەبارەی پرسەکانی داعش، پەیەدە، گویلەنییەکان و ئۆپەراسیۆنی ڕەققە، پێشبینی دەکرێت پەیوەندییەکی هاوبەش و پتەوتر لە نێوانیاندا دروست بکرێت. بەشداریکردنی دەزگه‌ی هەواڵگری، وەک کەناڵێکی دروستکردنی بڕیار لە سیاسەتی دەرەکی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا، تا ڕاددەیەک باشتربوونی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە و ڕێککەوتنیان لەسەر چەند پرسێک یەکلا دەکاتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples