لە دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، تورکیا نەیتوانی وەک هاوبەش و پاڵپشتی سەرەکیی ئەمریکا بمێنێتەوە. هەر دوو لا بەرنامەی سیاسیی تایبەت و ئامانجداریان لە سووریا هەبوو. ئەمریکا خواستی سڕینەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هاوکاریی پەیەدەی هەبوو. تورکیا خواستی پەروەردەکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە سووریا و بچووککردنەوەی پەیەدەی هەبوو. لەولاوە ئێرانیش پڕۆژەی خۆی هەبوو لە سووریا! ئەو پڕۆژەیەی کە بە دڵی هیلالی شیعی و قووڵاییی ستراتیژییەتی ئێرانیزم و شیعیزم لە سووریادا دادەنرێت.
سووریا بۆ تورکیا ترسێکی گەورەیە؛ ترس لە هەستانەوەی کورد لە سووریا و تێکەڵبوونی بە ڕۆژاوا و، بوون بە هاوبەشی ئەمریکا؛ لە هەمان کاتیشدا ترس لە فراوانبوونی زیاتری ئێران لە سووریا، یان بەئێرانیکردنی سووریا و بەستنەوەی بە جیۆپۆلیتیک و دونیای شیعیزم. تورکیا خەریک بوو بەتەواوی پەراوێز بخرێت. دەبوو لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیادا، لە نێوان دوو ناوەندی سیاسیی گەورەی ئێستای جیهان، یەکێکیان هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی هەڵسێتەوە و لە دۆخی پەراوێزبوون بێتە دەرەوە و لە جوگرافیای سیاسیی داهاتووی سووریادا شوێن و جێگەی خۆی بکاتەوە.
تورکیا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بە "پۆلیسی ئەمریکا" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسرابوو. لە جەنگی سارددا، تورکیا دیوارێکی گەورەی لە بەردەم کۆمۆنیزم و پەڕینەوەی بۆ ڕۆژاوا دروست کرد. لە دوای دروستبوونی داعش و کەیسی سووریا و جیاوازییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا، تورکیا نەیتوانی چیتر ڕۆڵی پۆلیس بۆ ئەمریکا بگێڕێت، یان نایەوێت چیتر ئەو ئێشکگرییە بۆ ئەمریکا بگرێت. لە لایەکی ترەوە تورکیا فڕۆکەیەکی ڕووسی دەخاتە خوارەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیایشدا تێک دەچێت و، تورکیا بهبێ بەرە و بلۆک دەمێنێتەوە. دەوڵەتێکی وەک تورکیا، کە پێگەیەکی جیۆستراتیژیی مەزنی هەیە، بەڵام لەگەڵ دوو زلهێز کێشەی هەیە. دوو زلهێزیش لەسەر داڕشتنەوە و ڕێکخستنەوەی سووریا کێشەیان هەیە و لە ململانێدان و جهنگی لەبری/بەوەکالەتی خۆیانی تێدا دەکەن. تورکیا چۆن بتوانێت وەک هێزێکی هەرێمی بمێنێتەوە و پێگەی خۆی لە سووریادا بپارێزێت بەبێ پاڵپشتی ئەمریکا و ڕووسیا، یان تورکیا بەبێ ئەم دوو هێزە چیی پێ دەکرێت و چۆن دەتوانێت سیاسەت و ستراتیژییەتەکانی خۆی دابڕێژێتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی سەخت بوو بۆ تورکیا.
تورکیا ئێستا لە ئەمریکای کۆنە هاوپەیمانەکەی تووڕەیە و خۆی بەپاڵ ڕووسیادا داوە. ئەم ستراتیژە، پێ ناچێت تەمەنی زۆر درێژ بێت. ڕووسیا و ئێران نزیکبوونەوە لە تورکیا بە ستراتیژ نابینن، بە تەکتیک و پشوویەکی کاتی وەردەگرن. نزیکبوونەوەی تورکیایش لە بەرەی ڕووسیا، کار نییە، کاردانەوەیە. تورکیا دواجار کوڕی ئەمریکایە و لەبەرەی ئەمریکایە، بەڵام دەبێت ئەمریکییەک هەبێت کارتی کوردی لە سووریا بۆ بسووتێنێت و گرێنتیی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی پێ بدات؛ چونکە زەحمەتە ڕووسیا ئەو کارەی بۆ بکات.
ڕووسیا لە دوای جەنگی ساردەوە، یەکەم جارە هەستێتەوە. هەستانەوە بەو مانایەی کە لە دەرەوەی جوگرافیای خۆی بەشداری و دەستوەردان بکات. ڕووسیا ماوەیەکی زۆر، بە خۆڕێکخستنەوە و خۆتوندکردنەوەی ناوخۆیییهوه خەریک بوو. مەسەلەی سووریا و ئۆکڕاین دەرفەتێکی بە ڕووسیا دا بۆ هاوسەنگکردنەوەی هێز لە بەرامبەر ئەمریکادا. لە ئۆکڕاین سەرکەوتنی بەدەست هێنا و هەرێمی "کڕیم"ی بۆ خۆی دابڕی. لە سووریا باش هاتووە، بەڵام ماندووە و ناتوانێت بەرەی تر لە دژی نەیارەکانی بکاتەوە. سووریا بۆ ڕووسیا وەک کۆمارێکی جارانی یەکێتیی سۆڤیەت وایە، وەک ئەفغانستانی ساڵانی هەشتا وایە. دۆڕاندنی سووریا بۆ ڕووسیا، دۆڕاندنی پێگە و شوێنیەتی لە سیستهمی نێودەوڵەتیدا؛ جارێکی تر پاشەکشەیە بۆ ڕووسیا و دوورخستنەوەیەتی لە ناوەندە سیاسییەکانی دونیادا.
ڕووسیا دەخوازێت سوود لە پێگە و جێگەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت؛ ئەو پێگەیەی کە ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی هیلالی شیعییەوە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست بە کەنداوی فارس ببەستێتەوە. لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەوەوە پڕۆسەی حکومڕانیی وڵاتانی ناو پڕۆژەکە، بەتایبەت (عێراق، سووریا و لوبنان) بەمەزهەبی بکات و ئێران خۆی بەڕێوەیان ببات و ستراتیژییان بۆ دابڕێژێت، سوود لە پێگەی سەربازی و سامانە سروشتییەکانیان وەربگرێت، ململانێی لەگەڵ نەیارەکانی، بەتایبەت سعوودیا، پێ بەڕێوە ببات.
ئێرانیش بۆ ڕووسیا پۆلیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و کەنداوە و، پاسەوانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و هەستانەوەی ڕووسیا دەکات. بەتایبەت ئەو کاتەی کە ئێران دەبێتە ڕاگری سووریا و، ناهێڵێت پایەکانی ڕژێمەکەی ئەسەد بڕووخێت و پڕۆژەی شیعیزمی ئێرانی هەرەس بهێنێت.
تورکیا لە ڕووسیا نزیک دەبێتەوە، بەڵام جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئێراندا هەیە. تورکیا و ئێران هەردووکیان خۆیان بە ڕاگر و بەڕێوەبەری سیستهمی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێن. هەردووکیان پرسی ئاسایش و وزەیان بەلاوە گرنگە، بەڵام ترسێکی گەورەیشیان لە یەکتری هەیە. ترس لە هێژموونیی یەکتر، ترس لە فراوانخوازی لەناو خاکی یەکتردا، ترس لە بەکارهێنانی کارتی کورد لە دژی یەکتردا. ئێران، تورکیا لە پاڵ بەرەی ڕووسیادا بە میوان دادەنێت و، وەک کەسێکی لێقەوماو و بێلانە، کە هیچ شوێنێکی نەبێت بۆی بچێت لێی دەڕوانێت، نەک وەک خاوەن ماڵ و بڕیار. ئەم دیدەی ئێران، تورکیا زیاد لە قەبارەی خۆی بچووک دەکاتەوە، چونکە تورکیا لە دوای ٢٠٠٣ەوە خەون بە زیندووکردنەوەی ئیمپڕاتۆریی نوێی عوسمانی و سەردەمێکی تازە دەبینێت، تا جێگەی ئێران و بەرنامەکەی پێ لەق بکات.
لە ئێستادا پڕۆژەیەکی تر هەیە لەژێر ناوی "ناتۆی عەرەبی"؛ پڕۆژەیەک دەیەوێت جوگرافیایەکی ئارام و بێمەترسی و پارێزراو بۆ وڵاتانی سوننەی عەرەبی دروست بکات و بەربەست بۆ هێژموونی و مەترسییەکانی ئێران و شیعە دابنێت. ئەم پڕۆژەیە وا بڕیارە تورکیا و قەتەڕ ڕابەرایەتی بکەن، ئەمریکا ڕۆڵی تێدا دەبینێت و ئیسڕائیلیش هاوکاری و پاڵپشتیی لۆجیستی دەکات. سعوودیا بەم بلۆکە ئەمنییە تازەیە ڕازییە، بەڵام مەرجی ئەوەی هەیە کە ئیسڕائیل پڕۆسەی نیشتەجێکردن لە کەناری ڕۆژاوا ڕابگرێت. ناتۆی عەرەبی، ئەگەر دروست بێت، تورکیا لە بەرەی ڕووسیا دەخاتە دەرەوە و ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئێرانی دەکاتەوە. تورکیا چۆن دەتوانێت لە دوو ناتۆدا ئەندام بێت و خۆی بە ڕووسیایشدا شۆڕ بکاتەوە و خۆی بە هاوبەشی ئێرانیش بزانێت؟ ناتۆ بۆ ڕووسیا ئەو دیوارە بوو کە سۆڤیەتی پێ لە جووڵە خرا؛ ناتۆی عەرەبی، ئەم جارە ئێران پەک دەخا و جووڵە سیاسی، سەربازی و مەزهەبییەکانی لێ دەسێنێتەوە. تورکیایش جارێکی تر دەباتەوە ناو دونیای ڕۆژاوا و بەرەی ئەمریکا و، دۆسیەی سووریایش ئاڵۆزتر و پڕکێشەتر دەکات؛ هاوسەنگیی هێز و ڕەگەزەکانی هێز، دووبارە لە نێوان ڕووسیا و تورکیا و ئێران دادەڕێژێنەوە.