کۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایش و تەناهی، لە ١٧ بۆ ١٩ فێبریوەری ٢٠١٧ لە ئەڵمانیا ئەنجام درا. نزیکەی ٥٠٠ کەسایەتیی سیاسی لە سەرۆکی دەوڵەت، سەرۆکی حکوومەت، وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و دیپلۆماتە گەورەکانی دونیا بەشدارییان تێدا کرد. ڕاپۆرتی کۆنفڕانسەکە سێ چەمکی سەرەکیی لەخۆ گرت: دوای ڕاستی، دوای ڕۆژاوا و دوای سیستهم و ڕێکخستنی سیاسی. ئەم ڕاپۆرتە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە گۆڕانکاریی سیاسی بەڕێوەن: گۆڕانکاری لە مۆدێڵی سیاسەتکردن لە ڕۆژاوا، قەیرانی ڕێکخستن و سیستهمی سیاسیی نێودەوڵەتی و لیبڕاڵ دیموکراسی، قەیرانی ئاسایشیی ئەوروپا و سیاسەتی تەناهی و بەرگری، مەترسیی هێزی ڕادیکاڵی ئیسلامی و توندئاژۆ، بڵاوبوونەوەی زانیارییەکانی پشتپەردە و زانیاریی هەڵە و دزەپێکردنی بۆ نێو ناوەندە میدیایییەکانی دونیا، قەیرانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی سووریا.
بەشێکی کۆنفڕانسەکە تەرخان بوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مۆدێلی لیبڕال-دیموکراسی، دەرەنجامەکانی و کەلێن و کەموکوڕییەکانی. هەندێک لە بەشداربووان پێیان وابوو ئەم مۆدێڵە بۆ بەڕێوەبردنی دونیا، شکستی هێناوە؛ چیتر لیبڕاڵ-دیموکراسی ناتوانێت جیهان بەڕێوە ببات، پایەکانی سیستهمی نێودەوڵەتی ڕابگرێت، ئاسایش و ئارامیمان بۆ بێنێت و قەیرانەکانی ئەمڕۆی جیهان دەرەنجامی لیبڕالیزمی دیموکراسی و ڕەگەزەکانیهتی.
لە گۆشەیەکی تری ڕاپۆرتی کۆنفڕانسەکەدا باسی ئەکتەرەکان دەکرێت؛ باسی هەر یەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا دەکرێت: هاتنی ترامپ و ئەمریکایەکی نوێ، پلانی نوێ بۆ ئاسایش (لەناوبردنی خێراتری داعش لە لایەن ترامپەوە)، پلانی "زیڕۆ-گەیم" (یاریی سفڕ) وەک بنەمایەکی تازە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا وەک ئەکتەرێکی تری ئەمڕۆی جیهان، هاتنەدەرەوەی بریتانیا و، یەکێتیی ئەوروپا دوای بریتانیا، بەهێزکردنی زیاتری ناتۆ و سیستهمی ئاسایش و بەرگریی ئەوروپا، تورکیا و هەوڵی کودەتا بۆ لابردنی ئەردۆغان، ململانێ ناوخۆیییەکانی تورکیا و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و دوورخستنەوەی سەدان هەزار فەرمانبەر لەسەر کارەکانیان، پێکدادانی پەکەکە و سوپای تورکیا، پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و تورکیا و ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات بۆ دوورخستنەوەی کورد لە سووریادا، لابردنی ئەسەد و دابەشکردنەوەی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هێژموونیی شیعی-ئێرانی و چەندین پرسی تر. خاڵی گرنگ، پرسی ئاسایشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: ترس لە هێژموونیی زیاتری ڕووسیا-ئێران و چۆنیەتیی سنووردارکردنی، ڕۆڵی تورکیا، سعوودیا، ئیسڕائیل، قەتەر و پاکستان لە دروستکردنی سیستهمێکی نوێی بەرگری بۆ بچووککردنەوەی ئێران، ڕۆڵی ئیدارەی ترامپ لە دروستکردنی بەرەیەکی نوێی سوننی و پێشگرتن لە پێشڕەوی و گەورەبوونی زیاتری ڕۆڵی ئێران لە سووریا و لوبنان و یەمەندا. پێ دەچێت ئەم پڕۆژە نوێیه (ناتۆی عەرەبی/سوننی)، سعوودیا و پاشای سعوودیا (سەلمان بن عەبدولعەزیز)ی خێرا جووڵاندبێت بۆ ئەوەی بەخێرایی سەردانی هەر یەک لە مالیزیا و ئیندۆنیسیا بکات بۆ ڕاکێشانی بۆ نێو ئەم بلۆکە و، سوودوەرگرتن لە توانا سەربازی و تەکنەلۆژییەکانیان.
لە دوای جەنگی سارد و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا، ڕۆڵی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشەی کردووە و فراوان بووە! ئێران ئەمڕۆ ڕۆڵی سیاسی و سەربازیی لە عێراق، لوبنان، سووریا، یەمەن و بەشێکی فەڵەستیندا هەیە. ئێران هەندەسەیەکی فراوان و تۆڕێكی پانوپۆڕی هێژموونیی سیاسی، لە پاکستانەوە تا مەغریبی عەرەبی و بەشێکی ئەفریقا، بۆ خۆی دروست کردووە. ئەم فراوانخوازییەی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ئاسیای ناوەڕاست و تا ڕاددەیەک قەوقازیش، ترسی بۆ ئەمریکا و وڵاتانی سوننیی دەوروبەر، بەتایبەت تورکیا و سعوودیا دروست کردووە.
ئەم پڕۆژەیە لەژێر ناوی "ناتۆی عەرەبی" دەبێت. پڕۆژەیەک كه دەیەوێت جوگرافیایەکی ئارام و بێمەترسی و پارێزراو بۆ وڵاتانی سوننەی عەرەبی و ناعەرەبی دروست بکات و بەربەست بۆ هێژموون و مەترسییەکانی ئێران و شیعە دابنێت. ئەم پڕۆژەیە وا بڕیارە تورکیا و قەتەڕ ڕابەرایەتیی بکەن؛ ئەمریکا ڕۆڵی تێدا دەبینێت و ئیسڕائیلیش هاوکاری و پاڵپشتیی لۆجیستی دەکات. سعوودیا بەم بلۆکە ئەمنییە تازەیە ڕازییە، بەڵام مەرجی ئەوەی هەیە کە ئیسڕائیل پڕۆسەی نیشتەجێکردن لە کەناری ڕۆژاوا ڕابگرێت. ناتۆی عەرەبی، ئەگەر دروست بێت، تورکیا لە بەرەی ڕووسیا دەخاتە دەرەوە و ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئێرانی دەکاتەوە. تورکیا چۆن دەتوانێت لە دوو ناتۆدا ئەندام بێت و، خۆی بە ڕووسیایشدا شۆڕ بکاتەوە و، خۆی بە هاوبەشی ئێرانیش بزانێت؟
ناتۆ بۆ ڕووسیا ئەو دیوارە بوو کە سۆڤیەتی پێ لە جووڵە خرا؛ ناتۆی عەرەبی، ئەم جارە ئێران پەک دەخا و جووڵە سیاسی، سەربازی و مەزهەبییەکانی لێ دەسێنێتەوە. تورکیایش جارێکی تر دەباتەوە ناو دونیای ڕۆژاوا و بەرەی ئەمریکا و، دۆسیەی سووریایش ئاڵۆزتر و پڕکێشەتر دەکات؛ هاوسەنگیی هێز و ڕەگەزەکانی هێز، دووبارە لە نێوان ڕووسیا و تورکیا و ئێران دادەڕێژێنەوە.
سعوودیایش دەیەوێت بۆ ڕێگریکردن لەم پێشڕەوییەی ئێران ڕۆڵ بگێڕێت؛ هاوبەش و هاوکاری سوننی کۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی ئاسایشی وڵاتانی سوننیی پێ بپارێزێت. لە هەفتەی ڕابردوودا پاشای سعوودیا سەردانی هەر یەک لە مالیزیا و ئیندۆنیسیا دەکات؛ دوو وڵاتی کاریگەر و بەهێز، خاوەن توانایەکی سەربازی و تەکنەلۆژیی گەورە. سعوودیا دەیەوێت ئەم دوو وڵاتە بخاتە نێو جەمسەری سوننەوە و، بۆ هاوسەنگکردنەوەی هێز لە بەرامبەر ئێراندا سوود لە تواناکانیان وەربگرێت. بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیا لەگەڵ هەر یەک لە مالیزیا و ئیندۆنیسیا، دەتوانێت گوشار بۆ سەر ئێران دروست بکات و دوو دەوڵەتی تری ئیسلامیش بخاتە نێو بلۆکی سوننەوە.
تورکیا لە کۆبوونەوەی لووتکەی ڕێکخراوی هەماهەنگیی ئابووری، کە ئێران و تورکیا و پاکستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەند تێیدا ئەندامن، هەوڵی ئەوە دەدات پاکستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەند (قهزاقستان، ئۆزبهکستان، قرقیزستان و تاجیکستان) ڕابکێشێتە نێو جەمسەرەکە و، باشتر خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکە ئامادە بکەن. هەموو ئەو هەوڵانە، دەتوانێت چوارچێوەیەک بۆ پاوانخوازییەکانی ئێران دابنێت. دیارە یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەستانەوەی سوننە و ڕێکخراوبوون و بەهێزبوونی سوننەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، لە ڕێگەی سوننەکانەوە بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوتر دەبێت و، ئەوەندەیش خۆیان بە ئێرانەوە ماندوو ناکەن و ناڕاستەوخۆ ململانێکە بەڕێوە دەبەن: ئێران ناچار دەکەن نەرمی لە سیاسەتەکانی خۆیدا بنوێنێت و، هیچ کارتێکی بەهێزی بەرامبەر ڕۆژاوا، یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا پێ نەمێنێت. ڕۆژاوا دەیەوێت ڕاگرتنی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست سوننەکانەوە بێت، نەک ئێران و هاوبەشەکانی.