ڕۆژی ٦ی ئازاری ٢٠١٧، حکوومەتی ئەڵمانیا ڕێگریی لە وەزیری دادی تورکیا کرد و، ڕێگەی نەدا کەمپەین بۆ دەنگی "بەڵێ" بۆ ڕاپرسی و گۆڕینی سیستهمی سیاسیی وڵاتەکەی ئەنجام بدات. لە بەرامبەر ئەوەیشدا سەرۆککۆماری تورکیا، ئەڵمانیای بە نازیزم و زیندووکردنەوەی نازیزم تۆمەتبار کرد. بەمەیش ئەڵمانیا جارێکی تر ڕێگریی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی جەماوەری لە وڵاتەکەیدا.
پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا، بە دۆخێکی سەخت و قەیراناویدا تێ دەپەڕێت. لە دوای ئەڵمانیاوە هەر یەک لە وڵاتانی (نەمسا، سویسڕا، هۆڵەندا، دانیمارک و سوید) ڕێگرییان لە گەشتی بەرپرسانی تورکیا کردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن؛ بە بیانووی ئەوەی کە تورکیا بەرەو دیکتاتۆرییەت و تاکڕەوی دەڕوات و لە پڕەنسیپەکانی دیموکراسیی ڕۆژاوا دوور دەکەوێتەوە. تورکیایش هەڕەشەی پچڕاندنی پەیوەندییە هەواڵگری، سەربازی و ئابوورییەکان لەگەڵ هەر یەک لە هۆڵەندا و ئەڵمانیادا دەکات.
هۆڵەندا بە هۆی ئەم هەڵوێستەیەوە، دەیەوێت سەرنجی دەنگی هێزە میانڕەوەکان بۆ خۆی ڕابکێشێت و لە هەڵبژاردنەکانی ئەم مانگەیدا دەرفەت بە ڕاستڕەو و پۆپۆلیستەکانی وڵاتەکەی نەدات تا لە هەڵبژاردنەکاندا سەر بکەون و دەنگی زۆر بەدەست بێنن.
بۆچوونێک هەیە پێی وایە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەوروپا بەگشتی و ئەڵمانیایش بەتایبەتی، دەمانباتەوە بۆ تێزە بەناوبانگەکەی "سامۆئێل هەنگتینگتۆن" (پێکدادانی شارستانییەتەکان) کە ململانێی ئیتنیکی، ئایینی و کەلتووری دەبێتە ململانێیەکی سەرەکیی نێوان ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. دەوڵەتە ناوەندەکانی وەک ئەمریکا، کە نوێنەرایەتیی ڕۆژاوا دەکات، ڕووسیا نوێنەرایەتیی ئەرسۆدۆکس، چین نوێنهرایهتیی سێنیک/ سیخییەکان دەکات و، هیند نوێنهرایهتیی بوزی دەکات، لە کاتێکدا ئیسلام هیچ ناوەندێکی نییە و ناسنامهکەی ون دەبێت و لەگەڵ ناوەندکانی تر ڕووبەڕوو دەبێتەوە و دەچێتە دۆخی ململانێوە. ئیمپڕاتۆریی عوسمانی، هەتا بەر لە جەنگی جیهانیی دووەم، نوێنەرایەتیی جیهانی ئیسلامی دەکرد، بەڵام دواتر ناسنامە ئایینییەکەی خۆی و ناوەندبوونی خۆی لە جیهانی ئیسلامی لەدەست دەدات و، دەبێت بە دەوڵەتێکی تورکی ناسیۆنالیست و، بێ ناوەند دەمێنێتەوە.
ئەڵمان و تورک، چی بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە؟ چی لە یەکتری نزیک کردوونەتەوە؟ با بگەڕێینەوە بۆ خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە. ئەڵمان و تورک هەردووکیان ڕۆژگارێک ئیمپڕاتۆر بوونە؛ ئیمپڕاتۆر واتە خاوەن ئۆردەر و ڕێکخستنێکی تایبەت، واتە جوگرافیا و قەڵەمڕەوی خۆت و نەتەوەکانی تر. ئەڵمان و تورک دوو نەتەوە بوونە و، خەریکی سڕینەوەی ئەوانی تر بوونە؛ ئەرمەن و جوولەکەیان جینۆساید کردووە. دەکرێت بڵێین خوێندنەوەی ئەوان بۆ مەسەلەی ناسیۆنالیزم، خوێندنەوەیەکی ڕەق، توند و ڕادیکاڵ بووە. ڕۆژگارێک ئەوان وا لە ناسیۆنالیزم و نەتەوەسازی گەیشتوونە، کە پڕۆسەیەکە دەبێت نەتەوە و مەزهەب و کەلتوورەکانی تری تێدا بسڕییەوە و بیانتوێنییەوە.
لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، ئەڵمانیا پیاو/نێری کەم دەبێتەوە، دەستی کاری نامێنێت، کۆمەڵگەیەکی دۆڕاو لە جەنگ، وێران و پڕکێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی. ئەڵمانیا بێ ناسنامه و بێ ڕۆڵ دەمێنێتەوە. تورک بۆ کار و پارە و داهات، تێکەڵی کۆمەڵگەی ئەڵمانی دەبێت و لۆبی و کۆمیونیتیی تورک لە ئەڵمانیا گەورە دەبێت و، گەشە دەکات و ئابووریی دونیای تورکی و ئەڵمانی لێك نزیک دەکاتەوە. دەکرێت لێرە سوود لە چەمکی بایۆ-پۆڵەتیکسی فۆکۆ وەربگرین: "سیاسەت وەک بەرهەمهێنانی ژیان". تورک ناچارە بۆ نان بچێت بۆ ئەڵمانیا و، ئەڵمانیش ژیان بۆ دونیای تورکی بەرهەم دێنێتەوە.
ئێستا نزیکەی (٥) ملیۆن تورک لە ئەڵمانیا دەژین. زیاتر لە دوو نەوەی تورک لە ئەڵمانیا و ناوچە جیاوازەکانی ئەڵمانیا پەروەردە بووە و ئامادەییی هەیە. لۆبی بۆ دونیای تورکی و تورک دەکەن. زۆر جار پێکدادان و بەریەککەوتن لەگەڵ هێزە سیاسی و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی ئەڵمانیا و تەنانەت لەگەڵ کوردیشدا دروست دەکەن. ئەڵمانیا دڵی ئەوروپایە؛ دڵ بەو ڕاڤە بایۆلۆژییەی کە وەک یەکەیەک هەموو بەشەکانی تر و ئۆرگانەکانی تری جەستە بخاتە جووڵە و بیانوەستێنێت. تێکچوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەڵمانیا، تێکچوونی پەیوەندییە لەگەڵ دڵی ئەوروپا.
دەکرێت ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە بۆ پێکدادانی ئایینی، کەلتووری و ناسیۆنالیزم بگەڕێنینەوە. بۆ بەریەککەوتنی نێوان دوو هێز بگەڕێنینەوە، کە یەکێکیان لەسەر بنەمای ئیسلامی کۆنزێرڤەتیزم بنیات نراوە و، ئەوی تریشیان لەسەر بنەمای دیموکراسی و کریستیانیزم.
لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا لە دۆخێکی زۆر خراپدایە؛ ئەڵمانیا بەتایبەت حزبە دیموکرات- مەسیحی و سۆسیال دیموکراتەکان دژی گۆڕینی سیستهمی سیاسیی تورکیا و دەسەڵاتی تاکڕەوین لە تورکیادا. ئەڵمانیا بەگشتی، تورکیایەکی دەوێت گەشە بە دیموکراسی بدات و مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە تاکەکەسییەکان و ئازادیی ڕۆژنامەوانی بباتەوە پێشەوە. تورکیایەک دەسەڵاتەکانی لێک جیا کرابێتەوە و، دەسەڵاتی دادوەری، سەربەخۆ و پیشەیی بێت. سیستهمی سیاسی، سیستهمێک بێت لەسەر مۆدێڵی ئەوروپای ڕۆژاوایی بنیات نرابێت و، جێگە و شوێن بۆ هەموو پێکهاتە و نەتەوە جیاواز و ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان بکاتەوە.
ئەردۆغان حەز بەو پێوەر و مۆدێڵە ڕۆژاوایییە ناکات و، دەیەوێت زۆرینەی دەسەڵاتەکان لای سەرۆککۆمار کۆ بکاتەوە و خۆیشی تا ١٠ ساڵی تر بە لایەنی کەمەوە لە دەسەڵات بمێنێتەوە. ئەڵمانیا ڕێگری لە بانگەشەی تورکەکانی ئەڵمانیا دەکات بۆ ڕاپرسی و گۆڕینی سیستهم. ئەم ڕێگرییە، مانای وایە ئەڵمانیا لە دوای گۆڕینی سیستهمەوە ترسی لە تورکیا و ئەردۆغان هەیە؛ ترس لەوەی بە هۆی فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماری تورکیاوە دیوارێکی گەورە بخرێتە نێوان ئەم دوو وڵاتەوە: دیواری کەلتووری، سیاسی، ئابووری و جیۆپۆلیتیکی.
دیوارێک کە تورکیا بۆ ماوەیەکی درێژ و مێژوویەکی درێژ، لە وڵاتانی ئەوڕوپی و ئەڵمانیا داببڕێت و، زیان بە ئابووری و دیپلۆماسییەت و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بگەیەنێت و وەرگرتنی تورکیایش لە یەکێتیی ئەوروپا ئێجگار قوڕس و ئاڵۆز بکات. هەرچەند ئەردۆغان ئەم ململانێیە لەگەڵ ئەوروپا، دەکات بە کەرەستە و سەرمایە بۆ جووڵاندنی ڕای گشتیی تورک و تورکەکانی دەرەوە و بزواندنی کۆمەڵایەتی، تا لە ڕاپرسییەکەی ١٦ی نیساندا دەنگی زۆرینە بەدەست بێنێت و خەونەکەی خۆی پێ بێنێتە دی.
ئەوروپا و ئەڵمانیا ترسیان لەوە هەیە کە تورکیا بەتەواوی بگەڕێتەوە بۆ باوەشی ڕۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامی و، ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ هەناردەی ئەوروپا بکات و مەسەلەی ترس لە ئیسلام دوو هێندەی تر گەورە و فراوان بکات.